رەبان یەعقوب باباویی: جگە لە هەرێمی كوردستان بستێك لە خاكی عێراق نەماوە كە مەسیحییەكان بەئارامی تێیدا بژین

رەبان یەعقوب باباویی: جگە لە هەرێمی كوردستان بستێك لە خاكی عێراق نەماوە كە مەسیحییەكان بەئارامی تێیدا بژین
ئاشكرایە كە جگە لە هەرێمی كوردستان مەسیحییەكان پەناگەیەكی ئارامیان لە عێراقدا بۆ نەماوەتەوە بۆ ئەوەی لە سایەی سەقامگیری ژیان بەرنەسەر، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەوان هێشتا ئومێدیان زۆرە لە دەشتی نەینەوا نەوایەكی ئارام و سەقامگیریان بۆ دامەزرێت، بۆ ئەوەی چیدیكە خێزانە مەسیحییەكان بەلێشاو روو لەهەندەران نەكەن، ئەم باسەو چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەرەی سەرەكیی دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ رەبان یعقوب باباویی بەرپرسی دێر مار یوحەنناو كەنیسەی قەرەقۆش بۆ سریانی ئارسۆدۆكس، كە لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* ئێوە وەكو پیاوانی ئایینی مەسیحی تا چ رادەیەك توانیوتانە رووبەڕووی فیكری توندڕۆیی ئایینی ببنەوە؟ ئایا بۆچی نەتوانراوە لەناوچەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەهاوشێوەی هەرێمی كوردستان رێگە لەو فكرە توندڕۆییە بگیرێت؟
- مەسەلەی پێكەوەژیان و كەلتووری لێبووردەیی لە نێوان ئایین و ئایینزاكان لەكوردستاندا مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە، تەشەنەكردنی ئەم كەلتوورە لەلایەن هاووڵاتیانی رەسەنی كوردستان و سەركردەكانیانەوە هەنگاوی گەورەی بڕیوەو گەیشتۆتە قۆناغێكی گرنگ، ئەم واقیعی پێكەوەژیانەش لەنێوان ئایین و ئایینزاو نەتەوەو مەزهەبەكاندا بەتەواوەتی لەكوردستاندا دەركەوت، كاتێك لەعێراق و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا فیكری توندڕۆیی و دەمارگیری ئایینی سەریهەڵداو ماڵوێرانی و كوشتن و رفاندن و سەربڕینی هاووڵاتیانی سڤیلی لێكەوتەوە و تەنانەت كار گەیشتە دەستدرێژكردنە سەر شەرەف و ئابڕووی هاووڵاتیانیش، لە شارێكی وەكو موسڵ هێرشكرایە سەر كەنیسەو دێرە پیرۆزەكان، تەنانەت پیاوانی ئایینیش لەو هێرشانە بەدوور نەبوون، ئەوەبوو سەرەتا ئەبونا بۆڵس و رەغید و مەتران فەرەج شەهید كران، دواتر زۆربەی خێزانە مەسیحییەكان هەڕەشەی رفاندن و كوشتنیان لێكرا، لەگەڵ ئەمەشدا كوردستانیش بەدوور نییە لە مەترسیی تەشەنەكردنی فیكری توندڕۆیی و دەمارگیری، بەڵام ئێمەی پیاوانی ئایینی مەسیحی ئومێدمان زۆرە بەخەڵكی كوردستان، چونكە هەروەك چۆن پێشمەرگە لەشەڕی داعش سەركەوت، هەرواش گەلی كوردستان دەتوانن رووبەڕووی ئەو فیكرە نامۆیە بەكۆمەڵگەی كوردستان ببنەوە، ئەم فكرە توندڕۆییەی داعش بەرهەمی ئەمڕۆ نییە، بەڵكو رەگ و ریشەیەكی قووڵی هەیە و لەناو خەڵكدا تەشەنەی كردووە، لەمەشدا پیاوانی ئایینی مەسیحی و ئیسلامی و ئێزیدی و هەموو تائیفەو بۆچوونە جیاوازەكان رۆڵی جوامێرانەیان دەكەوێتە سەرشان، ئەویش بەچاندنی رۆشنبیری و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن، بەتایبەتی لەنێوان باوەڕدارانی ئایینە ئاسمانییەكاندا، بەشێوەیەك رێزو بەهێزكردنی پێوەندییەكان جێگای رق و كین و كاری تاوانكاری بگرێتەوە. ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی مەسیحی سوپاسی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاك نێچیرڤان بارزانی دەكەین كە پاڵپشتییەكی زۆریان لە مەسیحیەكان كردووە و دەروازەكانیان واڵاكرد لەبەردەم لێقەوماوەكان و ئاوارە مەسیحییەكاندا، بە رادەیەك بەهەموو تواناو رێگایەك ویستیان رێز لەو خێزانە ئاوارەو پەناهەندانە بگرن كە لەناوچەكانی تری عێراقدا روویان لەهەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتی لە پێكهاتەی مەسیحی، من پێموایە پابەندبوونی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبە كوردستانییەكانی دیكە بە پێكەوەژیان و ئارامی و سەقامگیری بەهۆی ئەوەیە كە دوای ئەجیندەو مەرامی وڵاتانی دەرەكی نەكەوتوون و كار بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیان دەكەن. بوونی جەنابی مسعود بارزانی و حزبی نیشتمانپەروەر و كەسانی دڵسۆز رێگرە لەبەردەم تەشەنەكردنی فیكری داعشی، بڕیاری وەزارەتی رۆشنبیری بۆ رێكخستنی گوتاری مزگەوت هەنگاوێكی باشە بەو ئومێدەی بڕیارو رێنمایی تریش دەربكات، پێویستە گوتاری مامۆستای ئایینی دوور بێت لەدەمارگیری و توندوتیژی و هاندانی خەڵكی بۆ ئەنجامدانی كاری نەشیاوی دوور لەئایینەوە.

* بەڵام ئەمڕۆ فیكری توندڕۆیی ئایینی و توندوتیژی توانیویەتی زیانی گەورە بگەیەنێتە ئایین و ئایینزاكان بەتایبەتی لەنێو كۆمەڵگەكانی مەسیحی و كوردی ئێزیدی؟
- بەڵێ، راستە فیكری توندڕۆیی زیانی گەورە و خراپی بە كۆمەڵگەكانی عێراق و تەواوی ناوچەی موسڵ گەیاندووە، لەمەشدا كۆمەڵگەی عێراقی زیانی گەورەی بەركەوتووە، ئەمڕۆ كاری رفاندن و كوشتن و دەركردن و داگیركردنی خاك و ماڵ و موڵكی كەمینە ئایینیەكان بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار، تەنانەت لەشاری موسڵ مەسیحییەكان لەوەزیفەی حكومیشدا لەلایەن یەكە ئیداری و بەڕێوەبەرەكانەوە نادادپەروەرییان دەرهەق دەكراو بەناڕاستەوخۆ ناچار دەكران دەستبەرداری وەزیفەكانیان ببن، ئەوە بوو دەرئەنجام مەسیحییەكان لەنەینەواو دەشتی نەینەواو تەواوی خاكی عێراقدا بستێك خاكیان نەماوەتەوە بەئارامی تێیدا بژین، مەسیحییەكان خەڵكی رەسەنی ناوچەكەن، تەنانەت لەهەموو پارێزگایەكی عێراقدا شوێنەوارمان هەیە لەنەجەف و بەسرەو بەغدا، هەربۆیە تەنیا پێگەیەكی ئارام مابێتەوەو روویان تێ كردبێت، هەرێمی كوردستانە، ئێمە وەكو پێكهاتەی مەسیحی نامانەوێت ببینە بەشێك لەو ململانێی توندەی لەنێوان عێراق و كوردستان هەیە، یا ئەو ململانێیەی لەنێوان حزبە عێراقییەكاندا هەیە، ئێمە زیانمان بۆ كەس نییە، پێویستیمان بەدەسەڵاتی یاسا هەیە كە پارێزگاری لەتایبەتمەندێتی پێكهاتەی گەلی كوردستان بكات.
* وەكو پیاوانی ئایینی مەسیحی بەشداریتان لەو كۆنگرەیە كرد كە لەنێوان مامۆستاو پیاوانی ئایینی لەكوردستان بەڕێوەچوو، ئایا بەستنی ئەمجۆرە كۆنگرانە رۆڵیان لە هۆشیاریی ئایینی دەبێت؟
- مەسەلەی هۆشیاریی ئایینی و گەڕانەوە بۆ دەقە راستەقینەكانی ئایینی كە وادەكات مرۆڤ لەئارامی و ئاسوودەییدا بژی و كەرامەت و مافی پارێزراو بێت، گرنگترین خاڵە بۆ دژایەتیكردنی فیكری توندڕۆیی ئایینی كە بۆ مەرام و مەبەستی بەرژەوەندی تایبەتی و حزبی و ئەجیندەی دەرەكی رەواج بەو فكرە دەدرێت و وا لەكۆمەڵگەكان دەكات رێز لەتایبەتمەندییەكانی بەرامبەر نەگرێت، لەكاتێكدا تەنیا خوای گەورە ئەو مافەی هەیە بڕیار لەسەر باوەڕداریی مرۆڤەكان بدات، لەناو هەموو دەقە پیرۆزە ئاسمانییەكاندا باس لەرێزگرتن لە مرۆڤایەتی كراوەو داواكراوە رێز لە تایبەتمەندێتی بەرامبەر بگیرێت، خوای گەورە داوامان لێدەكات هەروەكو چۆن حەز دەكەین رێزو خۆشەویستیی بەرامبەرمان هەبێت، هەرواش پێویستە ئێمەش سەرەتا هەمان هەڵوێستمان بەرامبەریان هەبێت. لەكۆنگرە ئایینییەكانیشدا باس لەم تەوەرانە دەكرێت و پیاوانی ئایینی كۆدەكاتەوە تاوەكو رێگا لەو دەمارگیری و توندوتیژییە بگرن كە بەناوی ئایینەوە ئەنجام دەدرێت.

* واقیعی مەسیحی و كوردی ئێزیدی لەتەواوی پارێزگاكانی عێراقدا بەتایبەتی لەپارێزگای نەینەوا لەوە دەرچووە كە تەنیا بە پیاوانی ئایینی چارەسەر بكرێت، ئەمڕۆ لەناو ئەو كۆمەڵگەیانەدا تۆوی دووبەرەكی و فیتنەو ئاشوب دەرچووەو چەندین حزبی ئیسلامی سیاسی و ئەجیندەی تائیفی تێكەڵ بەو كارە قێزەونانە بووە كە ئەمڕۆ داعش و گرووپە تەكفیرییەكان دەرهەق بەو تائیفانەی دەیكەن، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئێوە بۆچی داواناكەن هاوپەیمانەكان لەناوچەی دەشتی نەینەوا نەوایەكی ئارام و سەقامگیرتان بۆ زامن بكات و بیپارێزێت؟

- لەناوبردنی پێكهاتەی كۆمەڵگەی عێراقی گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار كە پێویستی بەدەستتێوەردان و هاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمان هەیە، پێویستی بەدەنگی عەقڵانیی زاناو مامۆستاو پیاوانی ئایینی هەیە، پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی ئەو تاقم و گرووپە تەكفیرییانە هەیە، كە گوێ لەدەنگی هەق و دەقە پیرۆزەكان ناگرن، ئەوان تازە خزاونەتە ناو گێژاوی بەرژەوەندیی تەسكی دنیایی و ئەجیندەی وڵاتانی دەرەكییەوە، مەسیحییەكان لەدەشتی نەینەوا لەدۆخێكی باشتردا نەبوون بەو پێیەی ئەم ناوچانە بەناوچە كێشە لەسەرەكان دادەنران و نە حكومەتی مەركەزی ئاوڕی لێدەدانەوە و نە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەتوانایدا هەبووە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بۆ دابین بكات، هەربۆیە زۆربەی خێزانە مەسیحییەكان لەم ناوچانە كۆچیان كردووەو بەشێكیان روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە تاوەكو لەوێستگەی دووەمدا روو لە دەرەوەی وڵات بكەن، چونكە ئەوان هەست بەئارامی و سەقامگیری ناكەن، دۆخی مەسیحییەكان لەو ناوچانەی پێشمەرگە باڵادەستە تێیدا باشترە، بەڵام لەوێش لەخزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بێبەشن، ئەمڕۆ لەناو سەنتەری شاری موسڵ و قەزای حەمدانیەو بەرتڵە كەسانێك هەن فیكری داعشیان هەڵگرتووەو هەر ئەوانیش بوون كاتێك داعش هات پێشوازییان لێكردو بەسووتاندن و تاڵانكردنی ماڵ و موڵكی مەسیحییەكان ئەو رق و كینەیەی لەناخیاندا بوو، بەسەر خەڵكە سڤیل و رۆشنبیرە مەسیحییەكاندا تەقییەوە. لەناوبردنی شوێنەوارو كەنیسەو دێرو شوێنە پیرۆزەكان و تاڵانكردنی ماڵ و موڵكی خەڵكی و هێرشكردنە سەر پیاوانی ئایینی ئەمەش تەواوكردنی ئەو ئەجیندە دەرەكی و دەستتێوەردانەیە كە پێشتر وایكرد مەسیحییەكان كۆچ بكەن لەبەغداو بەسرەو شارەكانی تری عێراق تەنانەت لە نەجەف و كەربەلاشەوە. مەسیحی لەعێراقدا هەروەك چۆن لەكوردستاندا كوردستانییە بەهەمانشێوە لەعێراقدا عێراقییە، هەربۆیە ئەمە لەگەڵ فیكری توندڕۆیی و ئەجیندەی مەزهەبی وڵاتانی دراوسێدا ناگونجێت، ئەو ئەجیندانەی بەرژەوەندییەكانی خۆی لەپێش هەموو بەها مرۆیی و ئایینی و نەتەوەییەكاندا ریزبەند كردووە. سەبارەت بە نەوایەكی ئارام لەدەشتی نەینەوا بەتەئكید بوونی ئەو ناوچە ئارامە بۆ ئێمە گرنگە، چونكە سەرەتا نەزیفی كۆچی مەسیحیەكان رادەگرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی تا ئێستا حكومەتی مەركەزی كە سەرەڕای ئەوەی ناوچەكانی دەشتی نەینەواوی بە (منكوب) وەسف كرد، كەچی هیچی پێشكەش نەكردووە، گەڕانەوەی خێزانە مەسیحییەكان بۆ ئەم ناوچانە بەستراوەتەوە بەبوونی ناوچەیەكی ئارام و سەقامگیرو خۆشگوزەرانەوە، دواتر پێویستە هێزە نیشتمانپەروەرەكان وەك پێشمەرگە هاوكاری مەسیحیەكان بكەن بۆ ئەوەی ناوچەكانیان بپارێزن و جارێكی دیكە رووبەڕووی شاڵاوی كوشتن و دەركردن نەبنەوە، ناوچەی دەشتی نەینەوا پێویستی بە دووبارە خۆئامادەكردنێكی فیكری و ئەمنی و خزمەتگوزاری هەیە، بەبێ ئەم زەماناتەش زەحمەتە خێزانە مەسیحیەكانی دەشتی نەینەوا بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. من كەسێكی سیاسی نیم و لە رێككەوتنە سیاسییەكان شارەزاییم نییە، بەڵام ئومێدم وایە هەردوو لا لە حكومەتی ناوەندی و هەرێم بگەنە رێككەوتنێكی وا كە ئارامی و سەقامگیری لە دەشتی نەینەوا بگەڕێنێتەوەو رێز لە ئایین و ئایینزاو نەتەوەكان بگیرێت و ژیانێكی باشتریان بۆ زامن بكات، ئێمە قوربانیەكانی پێشمەرگەو سەربازە عێراقیەكان لەموسڵ و دەشتی نەینەوا بەرز دەنرخێنین، پیاوانی ئایینی مەسیحی لەهەموو نزاكانیاندا داوا لەخوای گەورە دەكەن پێشمەرگە سەربخات و بیپارێزێت لە تیرۆرستان و ئەو شەڕە ماڵوێرانكەرەی كە سیاسەتی دەرەكی دەیجووڵێنێت، هێزی پێشمەرگەو سەركردایەتییەكەی پەندو وانەیەكی گەورەیان وەرگرت لەو ماڵوێرانی و دووبەرەكییەی كە ئێستا لەعێراقدا بوونی هەیەو بووەتە هۆكاری وێرانبوون و هەڵوەشانەوەی كۆمەڵگەكە.

* بۆچی لە رێگەی پاپای فاتیكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە داوا ناكەن هێزەكانی هاوپەیمانان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهاوشێوەی پلانی مارشاڵ ناوچەی دەشتی نەینەوا ئاوەدان بكەنەوە؟
- ئێمە پێویستمان بەهەردوو حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان هەیە، سەرەتا پێویستە مملانێی نێوان هەردوو حكومەت چارەسەر بكرێت، عێراق و كوردستانیش وڵاتێكی دەوڵەمەندن بەسامانی ژێر زەوی و سامانی مرۆیی، هاوكات پێشوازی لەهەموو چاكسازی و ریفۆرمێك دەكەین كە بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و چارەسەری كەموكورتییەكان و دادپەروەری گیراوەتە بەر، ئومێدمان زۆرە جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوو حكومەت هەبێت بۆ ئەوەی هەم سەقامگیری و ئارامی لەناوچەكەدا بپارێزێت، هەم تەواوی ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە.

* ئایا تاچەند ئاییندەی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەهەرێمی كوردستان مەترسی لەسەرە؟
- ئەگەر فیكری داعش و توندڕۆیی مەترسی بێت بۆ سەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، ئەوا لەسەر كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان دوو ئەوەندە مەترسی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی گرووپی توندوتیژ و دەمارگیر و بەردەوامیی سیاسەتی مەزهەبگەرایی، بەڵام ئەم هەرێمە بە شێوەیەكی حەكیمانە رووبەڕووی هەموو فیكرو ئەجندەیەكی دووبەرەكی دەبێتەوە، هەربۆیە سەرەڕای ئاستەنگ و بەربەستەكان، هێشتا بەئومێدەوە دەڕوانینە بەهێزكردنی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو گەلی كوردو مەسیحی، لەچەندین بۆنەشدا پاپای فاتیكان و كەنیسەكانی ئەوروپا پاڵپشتی و پشتگیری گەلی كوردیان كردووە، تەنانەت ئەگەر پاپای فاتیكان و هاوكارییەكانی كەنیسە نەبوونایە، دووچاری نەهامەتییەكی زۆر گەورەتر دەبووین كە لە رووی مرۆیی و كۆمەكەوە هاوكاری مەسیحییەكانی كردووە. سوپاسی جەنابی مسعود بارزانی دەكەین كە بەهەموو توانایەوە هاوكارو پاڵپشتمان بوو، بەتەئكیدیش دوای ئەوەی دەگەڕێینەوە بۆ دەشتی نەینەوا، رێزدار مسعود بارزانی بەجێمان ناهێڵێت و دەستی هاوكاری و یارمەتیمان پێشكەش دەكات. ئێمە ئەزموونی كوردستان بەرز هەڵدەسەنگێنین و پیاوانی ئایینی مەسیحیش بەچاوی رێزو تەقدیرە دەڕواننە ئەم ئەزموونە كە سەرەڕای كەموكورتییەكانی لەناوچەكەدا ئومێدی گەورەی لەسەر هەڵدەچنرێت.
Top