محەمەدی حاجی مەحمود : سەربەخۆیی كوردستان پێویستی بەبڕیاری خۆمانە ئینجا پشتگیریی نێودەوڵەتی
March 7, 2017
دیمانەی تایبەت
پرسی سەربەخۆیی كوردستان خەریكە پشتگیریی نێودەوڵەتی راستەوخۆی بۆ دروست دەبێت و چیتر هێزە گەورەكان دژی راناوەستن، ئەمەش بەرەنجامی قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئەو ژینگە سیاسییەی كوردستانە كە توانیوویەتی لێبووردەیی و پێكەوە ژیان لەنێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان دروست بكات و هەموو پێكەوە كوردستان بە نیشتمانی خۆیان بزانن، هەروەها لە ئێستادا كە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ بەرەو كۆتایی دەچێت، ئەمەش مانای ئەوەیە خەلافەتی ئیسلامی داعش دەڕووخێت و قۆناخێكی دیكەی سیاسی لە نێوان كوردستان و عێراق دەست پێدەكات و ئاماژەكان بەرەو ئەوەن كە شاندی كوردستان راشكاوانە باس لە پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە كە ناوماڵی كوردستان یەكگرتوو بن و حزبە سیاسییەكان ئامادەباشیان هەبێت بە دیالۆگ و وتووێژ كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر كۆی ئەم پرسانە، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ فەرماندەی پێشمەرگە بەڕێز محەمەدی حاجی محمود سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.پێشنیار دەكەم ئەنجوومەنێكی سیاسی لە كوردستان دابمەزرێت و نوێنەری حزبەكان و سەد كەسێكی رۆشنبیر و بێلایەنیش لە خۆی بگرێت
* پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بە ئاراستەیەكی ئەرێنی هەنگاو بەرەو كۆتایی هەڵدەگرێت، بەبۆچوونی ئێوە ئەم پرۆسەیە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
- بە بۆچوونی من بڕیاردان بۆ سەربەخۆیی لەسەر خۆمان ماوە و دەبێت خۆمان بڕیاری خۆمان بدەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوەی پێداویستیی سەرەكییە بۆ بوونی دەوڵەت ئێمە بەشی زۆریمان هەیە، لەوانە: خاك و خەڵك، سەرچاوەی وزەو كانزای ژێر زەوی، پێوەندیی نێودەوڵەتیی فراوان و ئابوورییەكی نیمچە سەربەخۆمان هەیە. ئەمانە كۆڵەگە سەرەكییەكانی دەوڵەتن و ئێمەش بەشی زۆریمان هەیە. زۆر دەوڵەت هەیە بەشێك لەم كۆڵەگە سەرەكییانەشی نییە، بەڵام دەوڵەتە، بەڵام ئێمە هەموو ئەمانەمان هەیە، كەچی دەوڵەتمان نییە. ئەم واقیعە پێمان دەڵێت راگەیاندنی دەوڵەت لەسەر بڕیاری خۆمان ماوە، نابێت چاوەڕێی ئەوە بین كە خەڵك سەربەخۆییمان بەدیاری بۆ بهێنێت، لەبەر ئەوەی هەرگیز سەربەخۆییمان لەسەر سینییەكی زێڕ پێشكەش ناكەن، ئەم بڕیارەش تەنیا پێویستی بە رێكخستنەوەی نیوماڵی خۆمان و ئەنجامدانی گشتپرسی هەیە.
* لە مانگی رابردوودا وەك ئەندامی شاندی كوردستان بەشدار بوویت لە 53هەمین كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان، لەوێ كۆمەڵێك كۆبوونەوەی گرنگتان ئەنجامداو پرسی سەرەكییش سەربەخۆیی كوردستان بووە، ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن تەفەهومی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن؟
- بەشداری شاندی هەرێمی كوردستان لە 53هەمین كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی هێجگار گرنگ بوو لەبەر ئەوەی لەم كۆنفرانسەدا كە نزیكەی هەموو دەوڵەتانی جیهان بەشدارییان تێدا كردبوو، تەنیا هەرێمی كوردستانی تێدا بوو كە دەوڵەتی سەربەخۆ نەبوو و بەشداری ئەو كۆنفرانسە گرنگەی كردبوو، ئەمەش نیشانەی گرنگیی هەرێمی كوردستانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەلایەكی دیكەوە بەشێكی زۆری ئەو شاندانەی لەو كۆنگرەیە بەشداربوون، بەپەرۆشەوە دەیانویست لەگەڵ شاندی كوردستان كۆببنەوە، بۆ ئەمە چەندین هۆكار هەبوو، یەكەمیان ئەوە بوو كە ئێمە تەنیا شاند بووین كە لەسەر هەرێمێك بەشداریمان كردبوو، هەروەها بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان خۆی سەرۆكی شاندەكە بوو، خاڵێكی دیكەش ئەوە بوو شەڕی دژی داعش ئەولەوییەتی هەموو قسەكان بوون، لەبەر ئەوەی كاتێك باس لە دابینكردنی ئاسایش و ئاشتی دەكرێت، بێگومان دەبێت باسی مەترسیی تیرۆریستانی داعشیش بكرێت، ئاشكراشە كە جوگرافیای كوردستان لەناو شەڕی هاوپەیمانی دژی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بایەخێكی هێجگار گرنگی هەیە، بەتایبەتی كە هێزی پێشمەرگە توانیویەتی داعش لەسەر زەوی تێكبشكێنێت، هەروەها گەلی كوردستان بڕوای بە دیموكراتی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان هەیە، بۆیە ئەم پرسانە وایكردبوو كە شاندی كوردستان جێگەی بایەخی شاندە ئامادەبووەكانی كۆنفرانسەكە بێت. لە ماوەی ئەم كۆنفرانسە كە 3 رۆژی خایاند، كۆبوونەوەكانمان زۆر چڕوپڕ بوون، تەنانەت من خۆم نەمتوانی سەردانی هۆڵی كۆنفرانسەكە بكەم و بەشداری لە هیچ پەنێڵێكی ئەو كۆنفرانسە گرنگەدا بكەم، لەگەڵ ئەمریكییەكان چەندین كۆبوونەوەی گرنگمان ئەنجامدا، ئەم كۆبوونەوانە زۆر گرنگ بوون، لەبەر ئەوەی ئەوان نوێنەری ئیدارەی تازەی ئەمریكا بوون و ئاشكراشە ئەم ئیدارە تازەیەی ئەمریكا زۆر جیاوازترە لەوەی پێش خۆی، بۆیە بۆ ئێمە گرنگ بوو كە گوێمان لە هەڵوێستی ئێدارەی تازەی ئەمریكا بێت بەرامبەر كوردستان، ئەوانیش مەبەستیان بوو گوێ لەئێمە بگرن و بزانن ئێمە هەڵوێستمان چۆنە، ئەو كۆبوونەوانەش بریتی بوون لە كۆبوونەوە لەگەڵ (جێگری سەرۆكی ئەمریكا، وەزیری بەرگریی ئەمریكا، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، هەروەها زیاتر لە 20 سیناتۆر و كۆنگرێسمان لەهەردوو پارتی كۆماری و دیموكراتی ئەمریكا)، لە هەموو ئەم كۆبوونەوانە جەختیان لەسەر پشتیوانیی كوردستان و یارمەتی و هاوكاریی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسی و ئابووریی كوردستان دەكردەوە، بەو زمانە قسەیان لەگەڵ دەكردین، كە ئەوان خۆیان بە قەرزداری كورد دەزانن لە ناوچەكەداو باسی ئەوەیان دەكرد، كورد تەنیا هێزێك بووە كە توانیویەتی تیرۆریستانی داعش لەسەر زەوی تێكبشكێنێت. هەروەها چەندین كۆبوونەوەی دیكەی گرنگمان ئەنجامدا، لەوانە، كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا، حزبی سۆشیال دیموكراتی ئەڵمانیا، جێگری سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی كوەیت، سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە هەموو ئەم كۆبوونەوانەدا ئێمە گوێمان لە بیربۆچوونی ئەوان گرت و ئەوانیش بە هەمان شێوە گوێیان لە ئێمە گرت، لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان باس لە پێشوازی لەو هەموو ئاوارەیە كرا كە هاتوونەتە كوردستان، بۆ ئەمەش زۆر سوپاسی كوردو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی كوردستانیان كرد، داواكرا هاوكاریی كوردستان بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەركی ئەو هەموو ئاوارەیە بەڕێوەبەرێت، بەتایبەتی كە ئێستا نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە لە كوردستان هەن، كە لەوانەیە تەنیا 300 هەزاریان ئاوارەی سووریا بن، ئەوانی دیكە هەموویان ئاوارەی عێراقن كە شیعە لەترسی سوننە و سوننە لە ترسی شیعە و كریستیان لە ترسی هەردووكیان روویان لە كوردستان كردووە.
* ئەوەی لێرەدا دەمانەوێت هەڵویستەی لەسەر بكەین، ئەوەیە كە شاندی كوردستان چۆن باسی پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمریكا كرد؟
- پێش هەموو شت باسی ئەوەمان كرد كە بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووس، مافێكی رەوای هەر نەتەوەیەكەو كوردیش مافی خۆیەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، پاشان باسمان لە مێژووی حوكمڕانیی عێراق كرد، ئاشكرایە ماوەی 80 ساڵ عەرەبی سوننە حوكمڕانیی عێراقی كردووە، لەو ماوەیەدا پشكی كورد لە عێراقدا ئەوە بووە كە كیمیابارانیان كردووین و پرۆسەی ئەنفالیان لە دژی خەڵكی كوردستان پیادەكردووە، لەدوای ساڵی 2003شەوە كە ئەوە ماوەی 13-14 ساڵە عەرەبی شیعە حوكمڕانیی عێراق دەكەن، پشكی كورد ئەوە بووە كە ئەوانیش بودجەو مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕیوەو ئەمەش مانای ئەوەیە حوكمڕانانی شیعە كورد بە هاووڵاتی عێراق نازانن، هەروەها بەپێی دەستووری 2005ی عێراق، بڕیار بوو پێشمەرگە وەك بەشێك لە سیستمی بەرگریی عێراق حیساب بكرێ و ئەو ئیمكانیەتە سەربازییانەی دێتە عێراقەوە، پشكی پێشمەرگەی لێ دیاری بكرێت، بەڵام پێشمەرگە لە مووچە و چەك و هاوكاری بێبەش كراوە، پاشان بەپێی دەستوور دەبوو لە چوارچێوەی ماددەی 140 كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت، بەڵام چارەسەر نەكرا، لەمەش زیاتر حكومەتی بەغدا بە هیچ جۆرێك دەستووری جێبەجێ نەكردووە، هەروەها نەیانتوانی كە هاوسەنگی لە نێوان شیعە و سوننە و كورد رابگرن، ئەمەش وایكرد كە گروپێكی تیرۆریستی وەك داعش دروست بێت، ئەوە نزیكەی سێ ساڵە ئەو شەڕە گەورەو ترسناكە دروست بووە كە بە دەیان هەزار كەس شەهید بوون و بە سەدان هەزار كەس كۆمەڵكوژ و بێسەروشوێن كراون، بۆیە دەبێت ئەو پرسیارە بكەین، ئایا كێ لەم بارودۆخە كارەساتاوییە بەرپرسیارە؟ بێگومان حكومەتی عێراق لێی بەرپرسیارەو ئێستا عێراق بەكردەیی دەوڵەتێكی لەبەریەك هەڵوەشاوەیەو یەكگرتوو نییە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر لەماوەی نزیكەی ئەم 100ساڵە و لەهەردوو ئەزموونی حوكمڕانیی عەرەبی شیعە و سوننە نەیانتوانیبێت لەسەر بنەمای هاوبەشی لەگەڵ كورد زەمینەیەك دروست بكەن بۆ ئەوەی بتوانین پێكەوە بژین، ئەوا دەبێت بیر لەوە بكرێتەوە كە كوردستان و عێراق لە ئایندەدا دوو دراوسێی باش بن پێكەوە.
* وەڵامدانەوەی ئەوان بۆ ئەم خستنەڕووەی ئێوە چۆن بوو؟
- ئەوان (ئەمریكییەكان) چەند شتێكیان پێگوتین، یەكەم: پێیانگوتین جارێكی دیكە نابێت هیچ كام لەو كارەساتانەی پێشوو رووبەڕووی كورد ببێتەوە. دووەم: پێیانگوتین ئێمە خۆمان بە قەرزداری ئێوە دەزانین. سێیەم: پێیانگوتین بەتەنیا بەجێتان ناهێڵین و پشتیوانی ئێوە دەبین. چوارەم: پێیانگوتین نامانەوێت كورد پاشكۆی هیچ لایەنێك بێت. ئەم قسانە روون و ئاشكران و دیارە چیمان پێدەڵێن.
* ئاماژەتان بەوە كرد، ئێستا پێویستمان بە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان هەیە، پێش ئەوەی بڕیاری سەربەخۆیی بدەین، ئایا چۆن هەوڵەكان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی كێشە ناوخۆییەكان چارەسەر بكەین؟
- دوای ئەوەی بەڕێز كاك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامی خۆی راگەیاند سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان، لەو پەیامەدا داوای لەهەموو هێزە سیاسییەكان كردووە كە پێكەوە كۆببنەوەو بگەنە رێككەوتن لەسەر چارەسەركردنی كێشەی هەر سێ سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت، كەواتە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی حزبەكاندایەو ئەوان دەبێت هەوڵبدەن كۆببنەوە و لەسەر چارەسەرێك رێكبكەون. دوای راگەیاندنی ئەم پەیامە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان جارێك كۆبوونەوەی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان ئەنجامداوەو حزبەكانیش هەر یەكەیان بەجۆرێك پشتیوانییان لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، هەروەها پارتی و یەكێتی چەندین كۆبوونەوەیان كردووەو كۆبوونەوەكان جێگەی بایەخ بوون. من پێموایە دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەڕاوەتەوە كوردستان، جارێكی دیكە پارتی دیموكراتی كوردستان دەست بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان دەكاتەوە. ئەم هەوڵانە هەموویان هەن، بەڵام ئەگەر حزبەكان بیانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەن، ئەوا بواریان لەبەردەم هەیە بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێك، بەڵام ئەگەر نەیانەوێت، یان نەگەنە رێككەوتن، باشترە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت، یان كۆببنەوەو خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئامادەبكەن كە تەنیا 6-7 مانگی ماوە، لەم ماوەیەدا دەتوانرێت ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكرێت و كێشەكان یەكلایی بكاتەوە، خۆ ناكرێت تاسەر ئەم كێشانە بەبێ چارەسەر بمێننەوە، بەڵام لە ئێستا باس لە شتێكی دیكە دەكرێت و دەڵێن ئەگەر حزبەكان بگەنە رێككەوتن، دەكرێت هەڵبژاردن دوابخرێت، بەبۆچوونی من ئەمە كارێكی باش نییەو لەوانەیە دواخستنی هەڵبژاردن هەمان ئەزموونی كەركووك دووبارە بكرێتەوە كە ماوەی زیاتر لە 12 ساڵە هەڵبژاردن لە كەركووك ئەنجام نەدراوە، بۆیە گرنگە حزبەكان بەجددی هەنگاو هەڵبگرن و ئەم كێشانە چارەسەر بكەن، بە راستی حزبەكان دەبێت بەرپرسیارانە هەنگاو هەڵبگرن و بەدەنگ ئەو پرسەوە بچن، لەبەر ئەوەی بارودۆخەكە زۆر هەستیارو چارەنووسسازە، ناكرێت ئێستا خۆمان بەوە سەرقاڵ بكەین، كە ئەو حزب چەند وەزیر و چەند پۆستی بەردەكەوێت، لەبری ئەوە دەبێت بیر لەئایندەی خۆمان بكەینەوەو بیر لەو كێشە گەورانە بكەینەوە كە پرسی سەربەخۆیی كوردستانە و ئێستا هەموو دنیا بایەخ بە كورد دەدات و ناوچەكەش رووبەڕووی تەوژمێكی گەورەی گۆڕانكاری بۆتەوە، دەبێت بزانین لەناو ئەم گۆڕانكارییانەدا بەرەو كوێ هەنگاو هەڵدەگرین.
* بەڵام ئەوەی ئێستا تێبینی دەكرێت، ئاستەنگی سەرەكی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندایە، بەتایبەتیش كە ئێستا رێكخەرەكەی كوردستانی بەجێهێشتووەو لە بەریتانیایە، ئایا ئەم عینادییە نابێتە هۆی پەكخستنی ئەو هەوڵانە؟
- لەوانەیە بۆ ئێستا كە پێوەندیكردن ئاسانە دووركەوتنەوە زۆر كاریگەری نەبێت و پێوەندی لەنێوان گۆڕان و رێكخەرەكەی بەردەوام بێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە پرسی پێكەوە كاركردن و یەكتری قبووڵكردنە، ئەگەر بڕوامان بەمە هەبوو، بڕوا ناكەم هیچ شتێك مەحاڵ بێت، پارتی و یەكێتی پێشتر چەندین ساڵ شەڕی ناوخۆ لەنێوانیاندا هەبووە، بەڵام دواتر رێككەوتنەوە، بۆیە رێككەوتنەوەی نێوان پارتی و گۆڕان ئاسانترەو دەتوانن بگەنە رێككەوتن، بەڵام دەبێت ئەو نییەتە لە هەردوولاوە هەبێت كە پێكەوە كاربكەن و یەكتری قبووڵ بكەن، بێگومان هەر دەبێت یەكتریش قبووڵ بكەن، چونكە هەموو لەیەك وڵاتدا پێكەوە دەژین و دەبێت بگەینە رێككەوتن، بەڵام ئێستا كێشەكە لە عێراق و كوردستانیش ئەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەهەوڵی ئەوەدان لە حكومەتدا بەشداری بكەن، یاسایەك نییە كە ناوی یاسای ئۆپۆزسیۆن بێت و ئەرك و كاری ئۆپۆزسیۆن دیاری بكات، ئەمانە هەموویان كەموكورتین، بۆیە من پێموایە پێویستمان بەوەیە ئەنجومەنێكی سیاسی دروست بكەین بۆ ئەوەی هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە و پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەین.
* مەبەستت لە ئەنجومەنی سیاسی چییە؟ ئایا ئەنجومەنێك بە هاوشێوەی پێنج حزبە سیاسییەكەو فراوان بكرێت؟
- من هەر لە بنەڕەتدا لەگەڵ كۆبوونەوەی پێنج حزبەكە نەبووم، كێشەكان نە بە دوو حزب و نە بە پێنج حزب چارەسەر ناكرێت، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ رابردوو، ئەوا بینیمان پارتی و یەكێتی وەك دوو حزب نەیانتوانی پێكەوە كوردستان بەڕێوە ببەن و ئاكامەكەی ئەوە بوو گەیشتنە شەڕی ناوخۆ، پاشان ئەمجارەیان ئەمەش ئاكامی پێنج حزبەكەیە كە گەیشتنە ئەو قەیرانەو خەڵكی دووچاری ئەو هەموو كارەسات و ماڵوێرانییە كردەوە، پێشتریش لەسەردەمی شاخ دوای كۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ توانیمان بەرەی كوردستانی دابمەزرێنین، بەرەی كوردستانی رۆڵێكی زۆر گرنگی لەو قۆناخە گێڕا، وێڕای ئەوەی حكومەت كیمیاباران و ئەنفالی كردین، بەڵام توانی رایەڵەیەك لە نێوان خەڵك و پێشمەرگە و حزبەكان دروست بكاتەوە و بەرەی كوردستانی توانی سەركردایەتی راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بكات و پاشانیش یاسای دەركرد و هەڵبژاردنی ئەنجامدا، دوای ئاكامی هەڵبژاردن دەسەڵاتی گێڕایەوە بۆ گەلی كوردستان و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكهات، ئێستاش پێویستمان بە ئەنجومەنێكی سیاسی هەیە كە نزیكەی 100-150 كەسایەتی لە هەموو حزبەكان و كەسایەتی و رۆشنبیرانی بێلایەن لەخۆی بگرێت، ئەوجا كاری ئەم ئەنجومەنە هێندەی راوێژكاری دەبێت بۆ پەرلەمان و حكومەت، كاری یاسادانان و جێبەجێ كردن نابێت و دەبێتە هاوكار بۆ پەرلەمان و حكومەت.
* ئایا ئەم ئەنجومەنە هەر پێشنیاری تۆیە، یان مەسەلەیەكەو قسەی لەسەر كراوە؟
- ئەمە پێشنیاری منە، ئەم پێشنیارە لەوە سەرچاوە دەگرێت كاتی خۆی د.یوسف سەرۆكی پەرلەمان پێشنیاری ئەوەی بۆ حزبەكان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد كە ژوورێكی عەمەلیات لەناو پەرلەمان بۆ حزبە سیاسییەكان دروست بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەسەر پرسەكان رێكبكەون و هەر لەوێ بڕیار بدەن. لەو كۆبوونەوەیە من پرسیارم كرد، بۆچی دەسەڵاتی پەرلەمان دەدەیتەوە بە حزبەكان؟ ئەو لەوەڵامدا پێی گوتم ئێستا پەرلەمانتاران دەەسەڵاتیان نییە، هەر پەرلەمانتارێك پرسێك پێشنیار بكات، دەبێت دۆسیەكەی هەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ حزبەكەی، بۆیە ئەگەر ئەو ژووری عەمەلیاتە هەبێت، ئەوا هەر لەناو پەرلەمان دەتوانن بگەنە رێككەوتن و بڕیار بدەن، لە راستیدا من هەر لەگەڵ ناوەكەی نەبووم، لەبەر ئەوەی ژووری عەمەلیات، یان بۆ شەڕە، یان بۆ گواستنەوەیە، واتە ژووری عەمەلیات بۆ بەڕێوەبردنی وڵات دانامەزرێت، بۆیە دەكرێت ئەنجومەنێكی سیاسی دابمەزرێت، بۆیە دواتر پێشنیارم كرد كە ئەنجومەنێك بەناوی ئەنجومەنی سیاسی دروست بكەین و هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان كۆبكاتەوە، ماوەیەكیش بەر لە ئێستا بەفەرمی ناردوومە بۆ لایەنە سیاسییەكان و داوام كردووە كە پێویستە ئەنجومەنێكی سیاسی لە كوردستان دابمەزرێت.
* ئێستا شەڕی موسڵ خەریكە بەرەو كۆتایی دەچێت، بێگومان دوای كۆتاییهاتنی ئەم شەڕە پێویستە پرۆسەیەكی سیاسی لەگەڵ عێراق دەستی پێبكرێت. ئایا دوای كۆتاییهاتنی شەڕی موسڵ دەبێت پێوەندیی نێوان عێراق و كوردستان بەرەو كوێ بچێت؟
- ئێمە وەك كورد لەشەڕی دژی داعش تووشی زیان بووین و شەهید و بریندارێكی زۆرمان داوەو خوشك و برایانی ئێزیدی كۆمەڵكوژ و ئەنفالكران، هەروەها دوچاری قەیرانی ئابووری و تووشی شەڕێكی گەورەی بە درێژی زیاتر لە 1000كم بووین، بەڵام وێڕای ئەم هەموو كارەساتەش كە بەسەر میللەتەكەمان هات، ئەگەر سەیری ئەو دەستكەوتانە بكەین كە دەستمان كەوتوون، دەستكەوتی گەورەن و كەم نین، هەر بۆ نموونە 40%ی خاكی كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازادكراوە، هێزی پێشمەرگە بۆتە ناوێك كە هەموو سنوورەكانی بەزاندووە، چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ رووداوێكی زۆر گەورە بوو كە سنووری سێ دەوڵەتی بڕی، هەروەها پێشتر بە قاچاخیش چەكیان پێ نەدەفرۆشتین، بەڵام ئێستا بە فڕۆكە چەك دێتە كوردستان، زیاتر لە 28 دەوڵەت ئێستا لە كوردستان بوونیان هەیەو مەشق بە هێزی پێشمەرگە دەكەن، سەرۆكی فەرەنسا كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە سەردانی كوردستان دەكات، سەرۆك وەزیرانی توركیا دێتە كوردستان، ئەمە بێجگە لەو هەموو شاندەی روودەكەنە كوردستان، هەموو ئەم گۆڕانكارییانە بەرهەمی ئەم شەڕەن، ئێستا كوردستان خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە كە هێزێكی گەورەو گرنگە و لەشەڕی پارتیزانییەوە گەیشتۆتە ئەوەی بەرەیەكی شەڕی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتری كۆنتڕۆڵ كردووە، لەمەش گرنگتر ئێستا هێزی پێشمەرگە بە درێژایی ئەم 1000 كیلۆمەترە هەر لە خانەقین و نەفتخانەوە تا دەگاتە شنگال هەمووی لەیەك سەنگەردان و دژی یەك دوژمن راوەستاون، ئەمە یەكەمجارە لە مێژووی كوردستاندا ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە بوونی هەیە، بۆیە من لەگەڵ ئەو قسانە نیم كە هەندێك لایەن باسی ئەوە دەكەن كە گوایە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بوونی نییە، رەنگە كێشەكان لەنێوان چەند كەسێك، یان لەنێوان چەند حزبێكدا بێت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، هەموو میرنشینەكانی كورد لەشكریان بۆ سەر یەكتری كۆكردۆتەوەو هەمیشە شەڕی ناوخۆیان لەگەڵ یەكتری هەبووە، بەڵام ئێستا هەموو پێكەوە لەیەك سەنگەرداین و بەرامبەر یەك دوژمن راوەستاوین. ئەم یەكڕیزی و یەكهەڵوێستییە كوردی كردۆتە باڵانس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەتە گەورەكانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا، كێبڕكێی ئەوە دەكەن كامیان زیاتر لە كوردو پێشمەرگە نزیكتر ببنەوە، دوای ئەوە ئێستا رێككەوتن لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پێنتاگۆن هەیە، هەروەها رێككەوتن لەنێوان كوردستان و ناتۆ هەیە، هەروەها رێككەوتنمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هەیە كە لە هاوپەیمانی ناتۆش گەورەترە، بۆیە كاتێك ئێمە ئەم هەموو رێككەوتنەمان لەگەڵ ئەو هێزە گەورانە هەبێت بۆ شەڕی دژی داعش، ئەوا چۆن لەشەڕەكەدا هاوبەشین، ئەوا دەبێت لە دەستكەوتی شەڕەكەشدا هاوبەش بین.
* ئەی سەبارەت بە قۆناخی دوای داعش لەگەڵ عێراقدا؟
- لەم شەڕەدا داعش لە رووی سەربازییەوە تێكدەشكێت، بەڵام فیكری داعش دژی كورد هەر دەمێنێت، ئەوجا لەوانەیە ناوێكی دیكەی هەبێت، هەروەك لەشەستەكانی سەدەی رابردوو هێزێك هەبوو بەناوی حەرەس قەومی كە كوردیان دەكوشت و زەعیم سەدیق لە سلێمانی خەڵكی زیندەبەچاڵ دەكرد، پاشان ئەم هێزە بووە حەرەس جمهووری و دوای ئەو بووە فیدایی سەدام و دوای رووخانی سەدامیش بووە قاعیدەو سەحوەو ئێستاش بۆتە داعش، رەنگە ئەم داعشەی ئێستا سبەی ناوێكی دیكەی هەبێت، بەڵام ئەو ئەقڵییەتەی داعش هەر دەمێنێت، بەڵام دوای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش كە دەوڵەتێكی تیرۆریستی و گەورە بوون و هەموو دنیا هاوكاری دەكردن و چەكی هەردوو سوپای سووریا و عێراق لەبەردەستیان بوو، كە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە تێكشكان، بڕوا ناكەم جارێكی دیكە هیچ گروپ و لایەنێكی دیكە جورئەتی ئەوە بكات بیر لە هێرشكردنە سەر كوردستان بكاتەوە.
* كەواتە ئەگەر پرۆسەی سیاسی لەنێوان كوردستان و عێراق دەست پێبكاتەوە، دەبێت میكانیزمی تازە بۆ رێكخستنەوەی پێوەندییەكانی كوردستان و عێراق چۆن بێت؟
- دەبێت ئێمە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێوەندیی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق، راشكاوانە لەگەڵ حكومەتی عێراق وتووێژ بكەین، ئەمەش لەسەر ئەوەی ئایا پێوەندیی ئایندەی نێوان عێراق و كوردستان وەك دوو دەوڵەتی كۆنفیدڕاڵی دەبێت، یان وەك دوو دراوسێ لە چوارچێوەی دوو دەوڵەتی سەربەخۆدا، ئێمە لەگەڵ عێراق كۆمەڵێك بەرژەوەندیی هاوبەش و كێشەی هاوبەشمان هەیە، بۆیە دەبێت راشكاوانە بكەوینە گفتوگۆ و كێشەكان یەكلایی بكەینەوە، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا بارودۆخەكە ناگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی داعش، بە تەجرەبەش دەركەوتووە كە حوكمڕانی لەسەر بنەمای شەراكەت فەشەلی هێناوە، بۆیە دەبێت لەسەر میكانیزم و شێوازێكی تازەی پێوەندی لەنێوان كوردستان و عێراق قسەبكەین.
* بەم دواییە شاندێكی هاوپەیمانیی نیشتمانی شیعە سەردانی كوردستانیان كردو تۆش لەو كۆبوونەوەیە ئامادەبوویت، ئایا شاندی شیعە بۆچی هاتبوون و چییان پێ بوو؟
- شاندی هاوپەیمانیی شیعە هیچیان پێ نەبوو، سەردانەكەیان لە دوو خاڵەوە سەرچاوەی گرتبوو، یەكەم سەید عەمار حەكیم خۆی بە دۆستی كورد دەزانێت، ئێستا كە ئەو سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانییە و سەردانی كوردستانی كردووە، پێش ئەو كەسێكی دیكە بوو، سەردانی كوردستانی نەكردبوو، خاڵی دووەمیان هاتبوون باسی ئەوەیان دەكرد، ئێمە هەموومان موسڵمانین و هەموو عێراقین، با هەموومان پێكەوە بژین، بەڵام هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان كە لەكۆبوونەوەكە ئامادەبوون، رامان وەك یەكتری بووە، كە نابێت جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ پێش شەڕی داعش، لەبەر ئەوەی بە تەجرەبە دەركەوت كە ئەو شێوازە سەركەوتوو نەبووە، دەبێت بەدوای شێوازێكی دیكەدا بگەڕێین، ئەوە بارودۆخی عێراقە رۆژانە زیاتر لە 100 كەس لەسەر ئینتیمای سوننە و شیعە دەكوژرێت، زیاتر لە ملیۆنێك عەرەبی عێراق لەبەر ئەم بارودۆخە روویان كردۆتە كوردستان، بۆیە ناكرێت كورد باجی ئەم بارودۆخە بدات و دەبێت بڕیاری خۆی بدات.
* دوایین پرسیارمان سەبارەت بە لێدوانێكی خۆتانە كە لە كۆنفڕانسی میونشن راتانگەیاند ئەمریكییەكان لە ئێمە بەپەرۆشترن بۆ سەربەخۆیی، ئایا ئەم لێدوانەت لەسەر چ بنەمایەك داوە؟
- كاتێك لەگەڵ بەرپرسان و كۆنگرێسمان و سیناتۆرەكانی ئەمریكا كۆبووینەوە، شێوازی قسەكردنیان پەرۆشییەكی هێندە گەورەی پێوە دیاربوو بۆ چارەسەری كێشەكان و بۆ بارودۆخی كوردستان بۆ پاراستنی كوردستان، ئێمە بە ئاستی ئەوان ئەو حەماس و گەرموگوڕییەمان نەبوو، ئەوان راشكاوانە پێیاندەوتین ئێمە خۆمان بە قەرزداری كورد دەزانین، ئەم شێوازی قسەكردنە كە ئەمریكی و ئەوروپییەكان قسەی پێدەكەن، ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە كە زۆر بە پەرۆشییەوە پشتگیری كورد دەكەن، بۆیە من پێموایە ئەمساڵ واتە ساڵی 2017 خۆری داعش بەرەو ئاوابوون دەچێت، ئەمە خۆی بۆخۆی سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ كوردستان، سەبارەت بە قەیرانەكانی كوردستانیش بەتایبەتی قەیرانی ئابووری، ئەگەر حزبەكان بگەنە رێككەوتن دەتوانین هەنگاوی باش بۆ چارەسەری ئەو قەیرانانە و بۆ بڕیاری گەورەش هەڵبگرین.