جۆشوا لاندیز : ئێستا كورد بێجگە لە چیاكان پشتیوانیی ئەمریكاشی هەیە، بۆیە دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت
March 7, 2017
دیمانەی تایبەت
جۆشوا لاندیز تایبەتمەندە لە كاروبارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شارەزای كاروباری سووریایە، بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی ئۆكلاهۆما، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك كۆمەڵگەو كەلتوور لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناكۆكیی عەرەب و ئیسرائیل. بۆ تاوتوێكردنی ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونەتەئاراوە و پرسی پێوەندییەكانی كوردو ئەمەریكا و رۆڵی ئێران لە ناوچەكەو چەند پرس و بابەتێكی دیكە، گوڵان لەمیانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كردو ئەویش بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بەتایبەتی لە پێوەندی بە هەوڵەكانی ئیدارەی ئەمەریكاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تێكشكاندنی داعش؟
- ئێمە چاوەڕێ دەكەین بۆ ئەوەی ببینین چۆن ئیدارەی ترەمپ مامەڵە لەگەڵ كێشەی گرتنەوەی شاری رەققە و شارەكانی دیكەی دۆڵی فورات دەكات كە لەژێر دەستی داعشدان، واتە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمەریكا پشت بە كورد دەبەستێت كە پێدەچێت ئەمە رێگاچارە روونەكە بێت، ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت ئەو كارە بە رەوتێكی خێرا ئەنجام بدات، ئایا چەند بایەخ بە هەڵوێستی توركیا دەدات؟ ئایا هەوڵدەدات لە نێو دانیشتووانە مەحەلییە عەرەبەكاندا شەریكێك دروست بكات، یاخود پشت بە هێزی سووریای ئازاد دەبەستێت؟ لە ئێستادا ئیدارەی ترەمپ سێ بژارەی لەبەردەمدایە بۆ گرتنەوەی بەشێكی زۆر رۆژهەڵاتی سووریا، بژارەیەكیان كاركردنە لەگەڵ كورد، كە كوردیش خوازیاری دەستبەسەرداگرتنی خاكی عەرەب نییەو نایەوێت خەڵكی خۆی لەو خاكانەدا و لەشەڕی دژ بە داعشدا بە كوشت بدات، بەڵام دەیانەوێت بەڵێنی پشتیوانی لەلایەن ئەمەریكاوە بەدەست بێنن و خوازیارن ئەمەریكا مەشق و راهێنانیان پێبكات و كەلوپەل بۆ هێزەكانیان دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانن لەبەرامبەر ئەسەد و توركیادا بوەستنەوە. ئەوەی پێوەندی بە توركیاشەوە هەبێت، ئەوا پێشنیارێكی توركیاش لەئارادایە، بەدڵنیاییەوە توركیا دەیەوێت خۆبەڕێوەبەرییەكی رۆژئاوا تا دواڕاددە سنووردار بێت، بژاردەی سێیەم بریتییە لە تەرحی سووریا و رووسیا كە بریتییە لە گەڕاندنەوەی خاك بۆ حكومەتی شەرعیی سووریاو گرتنەوەی ئەو خاكانە لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە.
چەند رۆژێك پێش ئێستا ترەمپ راپۆرتێكی لەلایەن ژەنەڕاڵ ماتیس و ژەنەڕاڵەكانی دیكەوە پێگەیشت كە وەڵامی ئەم پرسیارانە لەخۆدەگرن كە پرسی چۆنیەتی گرتنەوەی رەقەو تێكشكاندنی داعش لەخۆدەگرێت، بەڵام بە راستی ئێمە نازانین لە ناو راپۆرتەكەدا چی هاتووە. بەڵام پەیەدە دەڵێت كە ئەمەریكا كار لەگەڵ كوردا دەكات و لە راستیدا كوردو سووریا پێكەوە كاریان كردووە بۆ بەرگرتن بە بژارەكەی توركیا، كە بینیمیان سوپای عەرەبی سووری بە خێرایی لە رۆژهەڵاتی حەلەبەوە پێشڕەوی كرد، بۆ بڕینی رێگای توركیا لە شاری ئەلباب بۆ ئەوەی نەتوانن پتر پێشڕەوی بكەن بە دامێنی رووباری فوراتدا، بەڵام پێناچێت توركیا سارد بووبێتەوە، بەڵكو بەردەوامە لە پرۆسەی قەڵغانی فورات. كەواتە ئەوە بارودۆخەكەیەو ئێمە نازانین لەو راپۆرتەدا چی هاتووە و نازانین ستراتیژیەتی ئەمەریكا چییەو ئایا ئەمەریكا كار لەگەڵ كورددا دەكات لەم رووەوە؟ كە پێدەچێت ئەمە رێگاچارەكە بێت ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت بە رەوتێكی خێرا ئەم كارە ئەنجام بدات، سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش داوای كرد بە خێرایی ئەنجام بدرێت.
* چۆن لە ئایندەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا دەڕوانیت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە كورد لە شەڕی دژ بە داعشدا هاوكارو هاوبەشێكی كارا بووە؟
- ئەو پرسە گەورەیەی كە لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا رووبەڕووی ئیدارەی ترەمپ دەبێتەوە، ئەوەیە تا چەند ئەمەریكا پشتیوانی لە خەونە نەتەوەییەكانی كورد دەكات، ئەگەر بە شێوەیەكی ستراتیژی لە نەخشەكە بڕوانیت، ئەوا ئەمەریكا خوازیاری پەرەپێدانی پێوەندی بەهێزە لەگەڵ كورددا هەم لە عێراق و هەم لە سووریاشدا، لەبەر ئەوەی ئەمەریكا وەك خاكی دوژمن لە سووریا دەڕوانیت، ئەگەر ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێت، هەروەها حكومەتی بەغداش كە لە ژێر دەستڕۆیشتوییەكی زۆری ئێراندا بێت، دەبێتە شەریكێكی دژوار بۆ ئەمەریكا، راستە عێراق پێویستی بە ئەمەریكا هەیە بۆ دەستەبەركردنی چەك و مەشق و راهێنان و پشتیوانی ستراتیژی، بەڵام لە هەمان كاتدا دڵی لەگەڵ ئێراندایە، توركیاش كە شەریكێكی گەورەی ئەمەریكا بووە لە ناوچەكەدا چیتر وەك هاوپەیمانێكی متمانەپێكراو لێی ناڕوانرێت و لە راستیدا زۆربەی بەرپرسانی ئەمەریكا پێیانوایە ئەردۆغان بەقووڵی دژ بەئەمەریكایە و هەنگاو بەرەو دیكتاتۆریەت هەڵدەگرێت، ئەمەش بە مانای پێوەندییەكی نالەبار دێت لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەروەها ئەو لە رووسیا نزیك دەبێتەوە، لە ئێستاشدا دەیەوێت دۆخی رۆژئاوا لاواز بكات، بەدڵنیاییەوە – ئەو بەرپرسانەی ئەمەریكا- ئەردۆغان بە هاوپەیمانێكی خراپ لە قەڵەم دەدەن لە شەڕی دژ بە تیرۆریزمدا، لەبەر ئەوەی پێوەندی نزیكی لەگەڵ گرووپێكی وەك بەرەی ئەلنوسرە هەیە. كەواتە ئەوان متمانەیان بە توركیای ژێردەسەڵاتی ئەردۆغان نییەو دەیانەوێت پارسەنگییەك لەبەرامبەر بەغداو ئەنقەرە و دیمەشقدا دروست بكەن، چۆن ئەم كارە دەكەن، بە كاركردن لەگەڵ كورددا، بەدڵنیاییەوە كوردیش پەرۆشە بۆ بینیی ئەم رۆڵە، لەبەر ئەوەی پێویستی بە هێزێكە پارێزگاری لێبكات، لەبەر ئەوەی نایانەوێت هەر تەنیا چیاكانیان هەبێت، بەڵكو دەیانەوێت ئەمەریكاش پشتیوانییان بكات، چونكە ئەگەر چیاكانیان هەبێت و پشتیوانی ئەمەریكاش دەستەبەر بكەن، ئەوا لە پێگەیەكی باشتردا دەبن.
* ئایا پێشبینی هاتنەئارای پێوەندییەكی بەتین دەكەن لە نێوان كوردو ئەمەریكادا، بە رەوچاوكردنی ئەو راستییەی كە كورد شەریكێكی متمانەپێكراو و هاوپەیمانێكی دڵسۆز دەبن؟
- بەڵێ، دواتر من پێموایە لایەنی كەلتووریش زۆر گرنگە، چونكە لە ئێستادا ئەمەریكا و خەڵكی ئەمەریكا خۆشەویستییان بۆ كورد هەیە و پێیانوایە كورد بەها رۆژئاواییەكان و بەها رۆشنگەرییەكانی لە خۆگرتووە، لەو رووەوە كە ئافرەتانیشیان بەشداری پێكردووە لە هێزە چەكدارەكانیاندا، هەروەها هەوڵیانداوە كە فرەكەلتووری بچەسپێنن و نەك كەلتوورەكانی دیكەیان نەچەوساندۆتەوە، بەڵكو پەنایان داون، وەك ئێزیدی و مەسیحییەكان و تەنانەت عەرەبیش. لەبەر ئەوە گرنگە كە كورد ناسیۆنالیزمی كوردی سنووردار بكات، واتە هاوچەشنی ناسیۆنالیزمی عەرەبی، یان توركی نەبێت كە زۆر شۆڤێنیستین. ئەمەش وادەكات كە ئەمەریكا بە چاوی خۆشەویستییەوە لە كورد بڕوانێت، ناكرێت ئەم مەسەلە كەلتوورییە بە كەم بگرین، ئەمە پرسێكی زۆر گرنگە. بەڵام لەلایەكی دیكەشەوە كورد لە سووریا خەریكە لە دیموكراسی دووردەكەوێتەوە، بۆ نموونە، پەیەدە زۆر خۆسەپێنەو لەوانەشە هەڵبژاردنی ئایندەش لە كوردستانی عێراقدا دوابكەوێت، راستە ئەمەریكاش دەزانێت كە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەختدا تێدەپەڕێت، بەڵام نایانەوێت دووچاری هەمان دۆخی كوردستانی سووریا ببنەوە، چونكە ژمارەیەكی زۆرێ كورد دێنە ئەمەریكا و داوای لێدەكەن كە كار بۆ ئەوە بكات كوردستانی سووریا پتر دیموكراتی بێت، ئەمەش ئیحراجی بۆ ئەمەریكا دروست دەكات، چونكە پەیامی ئەمەریكا دیموكراسییە و ئەگەر كەسێك بێت و بانگەشەی ئەوە بكات ئەو رژێمانە دیموكراسی نین و لەسەر رەخنەگرتن خەڵكی خۆیان زیندانی دەكەن و سەركوتیان دەكەن، ئەوا ئەمە دژوارییەكی زۆر دروست دەكات. كەواتە ئەمە مەترسییەكە بۆ سەركردایەتی كوردو بۆی هەیە لە ئایندەدا گرفت بۆ پێوەندییەكان دروست بكات.
* ئایا تا چەند تێكشكاندنی داعش دەبێتەهۆی قووڵكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق و سووریادا، بەتایبەتی كە ئێستا ئەو میلیشیایانە كە شەڕی داعش دەكەن لەم دوو وڵاتەدا، لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەكرێت؟
- ئەمە تەواو راستە و ئەمەریكاش زۆر نیگەرانە لەم بارەیەوە. لە چەند مانگی رابردوودا راپۆرتێك لەلایەن ژنەڕاڵەكانی ئەمەریكاوە بڵاوكرایەوە لەبارەی ئەوەی كە سعودیە هەڵساوە بە پێدانی چەك بە هۆزە سوننەكان بۆ ئەوەی بەرگری لەخۆیان بكەن لە بەرامبەر ئەم میلیشیایانەدا، كەواتە مەترسییەكی گەورە هەیە كە تەنانەت لە دوای تێكشكانی داعشیشەوە شەڕی ناوخۆ بەردەوام بێت. ئەو گەمەیەی ئێرانیش دەیكات بریتییە لە برەودان بەم میلیشیایانە بۆ ئەوەی فشار لەسەر حكومەتی عێراق دروست بكات. بەڵام پێموایە لە كۆتاییدا ئەمەریكا درك بەوە دەكات كە لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕەكەوە ئەوە حكومەتی عێراقە دەیەوێت دەسەڵاتی مەركەزی خۆی بچەسپێنێت و رازی نەبێت بەو میلیشیایانە، لە ئێستادا پێویستی بەو میلیشیایانە هەیە بۆ تێكشكاندنی داعش و خەڵكیش پتر ئامادەیە لە پێناوی ئاییندا خۆی بەكوشت بدات پتر لەوەی ئامادەبێت لە پێناوی وڵاتدا خۆی بە كوشت بدات، لەبەر ئەوە میلیشیا تایفەگەرییەكان شەڕكەری باشترن و دەبێت دان بەمەدا بنێین و عەبادی-یش ناچاربوو بەكاریان بهێنێت، چونكە سوپای عێراقی داڕووخا، بەڵام كاتێك دۆخەكە لە شەڕەوە بۆ ئاشتی و لە كاولكارییەوە بۆ ئاودانكردنەوە دەگۆڕێت، ئەوا دەسەڵاتی مەركەزی خوازیاری ئەوە دەبێت خۆی لەم میلیشیایانە رزگار بكات، ئەوەش شەڕێكی گەورە دەبێت، بەڵام عەبدولعەزیز سعود ناچار بوو شەڕی شەڕكەرە وەهابییەكان بكات –ئەوانەی هاوكاری بوون لە گرتنی سعودیە لەبەرامبەر خێڵەكانی دیكەدا-، چونكە ناپرسیارانە رەفتاریان دەكردو هاوكار نەبوون لە بنیادنانەوەی نەتەوەدا، لەبەر ئەوە ناچار بوو شەڕیان لەگەڵدا بكات و تێكیان بشكێنێت، كەواتە من گریمانەی ئەوە دەكەم دۆخێكی هاوشێوە لە عێراقدا رووبدات.
* پێشبینییەكانت چین لەبارەی چۆنیەتی ئیحتیواكردنی ئێران لەلایەن ئەمەریكاوە؟
- ئەمە پرسێكی ئاڵۆزە، لەبەر ئەوەی لەئێستادا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا پڕە لە ناسازی، چونكە تێڕوانینی سیاسیی ئەمەریكا بۆ ئێران ئەوەیە كە ئێران هێزێكی دەستدرێژكارو شەڕانییە كە هەوڵی درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی خۆی دەدات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە چەشنێك كە بە زیانی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی وەك ئیسرائیل، یان سعودیە و.. هتد بشكێتەوە. ئەمەریكا بە ئاشكرا بانگەشەی ئەوە دەكات كە دەیەوێت ئێران ئیحتیوا و گۆشەگیر بكات، بەڵام ستراتیژیەتی ئەمەریكا بۆ تێكشكاندنی تیرۆریزمی ئیسلامیزمی سوننە- یاخود ئەوەی ترەمپ پێی دەڵێت ئیسلامی رادیكاڵی، بریتییە لە بەكارهێنانی شیعە، لەچەكداركردن و مەشقپێكردنی شیعە بۆ كوشتنی سوننە، ئەمەریكا ئەم كارە دەكات لە عێراقدا و رووسیاش ئەم كارە دەكات لە سووریادا. كەواتە ستراتیژیەتی ئەمەریكا بە چەشنێكە كە هاوكارە بۆ ئەوەی ئێران دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی خۆی برەو پێبدات، لە كاتێكدا ئەمەریكا رایدەگەیەنێت كە دەیەوێت ئێران ئیحتیواو سنووردار بكات. ئێمە لەو ژەنەڕاڵە ئەمریكییانەمان بیست كە لە عێراقدان دەڵێن میلیشیا شیعەكان شەڕكەری زۆر باشن و توانیویانە داعش ئیحتیوا بكەن لە تەلەعفەر و كارێكی باش دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا لە رووی سیاسییەوە بەرپرسانی ئەمەریكا رایدەگەیەنن كە میلیشیاكان رۆڵێكی خراپ دەگێڕن. كەواتە ئەمەریكا ئەو میلیشیایانە بەكار دەهێنێت بۆ كوشتنی ئەندامانی داعش، بەڵام لە هەمان كاتدا دەیەوێت ئەو میلیشیایانەش نەمێنن و بچنەوە ژێر كۆنتڕۆڵی بەغدا، بەدڵنیاییەوە ئەو میلیشیایانەش ئاگاداری ئەم هەوڵەن و نایانەوێت هەڵبوەشێندرێنەوە و دەزانن ئەوان چەند بەهێزن و چ كارێك دەكەن.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە ئایندەی ئەم ناوچەیە دەڕوانیت؟
لە راستیدا ئەم ناوچەیە دوچاری بارودۆخی هەرە خراپ بۆتەوە، هەڵكشانی داعش لە ساڵی 2014 و 2015دا خراپترین رەوش بوو كە هاتەئاراوە، لە ساڵی 2006و 2007دا عێراق لە دۆخێكی خراپدا بوو لە سەروەختی بوونی زەرقاویدا، بەڵام بینیمان كە بەغدا دەسەڵاتی خۆی چەسپاندەوەو هەڵكشانی ناسیۆنالیزممان بینی، هەروەها بینیمان كە ئەسەد دەسەڵاتی مەركەزی خۆی چەسپاندەوە، بە هەمان شێوە شەڕە ناوخۆییە گەورەكان لەم قۆناغەدا داكشاون، كەواتە راستە هەندێ پەرەسەندنی ئیجابی روویانداوە، بەڵام لە هەمان كاتدا تەحەددییە ئەمنی و ئابوورییەكانیش زۆر گەورەن و مەترسیی گەورەش هەن، بۆ نموونە لە رووی ئابوورییەوە میسر بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا دەڕوات، پرسیارێكی گەورە هەیە كە ئایا سیسی پلانێكی ئابووری هەیە بۆ گەشەپێدانەوەی ئابووری وڵاتەكەی.