سەردار شێخ یەحیا قایمقامی شێخان بۆ گوڵان: پەكەكە لەمپەرێكی سەرەكییە لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال
March 1, 2017
دیمانەی تایبەت
بوونی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی دەشتی نەینەواو شاری موسڵ لەشێخان بارگرانییەكی گەورەی بۆ ئەو شارە دروست كردووە، لە ئێستاشدا كێشە و ئاستەنگی زۆر لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكاندا دروست بووە، هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی دیوی رۆژئاوای موسڵ ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی نوێی ئاوارە هەیە، ئەم بابەتەو چەندین پرسی دیكەی تایبەت بە ئاوارەو دۆخی شێخان ئاراستەی سەردار شێخ یەحیا قایمقامی شێخان كران و، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی داوەتەوە.لەگەڵ بوونی 80 هەزار ئاوارە لەشێخان ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی نوێی ئاوارەش لەئارادایە
* شێخان بەشاری پێكەوەژیانی نێوان ئێزیدی و موسڵمان و مەسیحی دادەنرێت، هەربۆیە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی دژ بەتیرۆر زۆرترین ژمارەی ئاوارە رووی لەم شارە كردووە، ئەمەش بووە پاڵەپەستۆیەكی گەورە لەسەر یەكە ئیدارییەكان و دانیشتووانەكەی، ئایا لەگەڵ ئەم دۆخەدا چۆن هەڵسوكەوتتان كردووە؟
- شێخان لە رووی ئایینی و نەتەوەییەوە پێكهاتەی جۆراوجۆری ئێزیدی و موسڵمان و مەسیحی و كوردو عەرەب و كلدان و ئاشووری و توركمانی تێدایە، نزیكیشی لەسەنتەری شاری موسڵ پێگەیەكی جوگرافیای وای پێداوە كە 80 هەزار ئاوارەی دەشتی نەینەواو شاری موسڵ روو لەم ناوچەیە بكەن. لە رووی مێژووییشەوە دەشتی نەینەوا لەساڵی 1880ـەوە سەر بە ئیماراتی شێخان بووەو لەشێخانەوە حوكمی ئەم ناوچەیە كراوە، هەر لەدامەزراندنی حكومەتی عێراقیشەوە شاڵاوی تەرحیل و تەعریب دەرهەق بەخەڵكی ئەم ناوچە كوردستانییە ئەنجامدراوەو خەڵكە رەسەنەكەی دەربەدەر كراون، وەنەبێت هاتنی ئاوارەكان بۆ شێخان تەنیا لەم دوو ساڵەی شەڕی تیرۆرستانی داعش دەستی پێكردبێت، بەڵكو هەر لەساڵی 2003وە كوردو مەسیحییەكان لەئەنجامی شاڵاوی شۆڤێنی و تیرۆریستانی قاعیدەو هاوشێوەكانی بەناچاری ئاوارە بوون و روویان لەم ناوچەیە كردووە، دواتر لەگەڵ هاتنی داعش و تەسلیمبوونی پێنج فیرقەی سەربازیی عێراق لەموسڵ و دەوروبەری بووە هۆكاری ئاوارەبوونی ژمارەیەكی یەكجار زۆری هاووڵاتیان، بە رادەیەك سەرەتا 40 هەزار ئاوارە رووی لە سنوورەكەمان كردو بەسەر 4 كەمپ و سەنتەری شێخان نیشتەجێكران، كە سێ كەمپیان تایبەت بوو بەكوردانی ئێزیدی و خەڵكی ناوچەی شنگال و كەمپێكیشیان لەنەتەوەی عەرەب پێكهاتووە، لەگەڵ پرۆسەی ئازادكردنی موسڵیشدا بڕیار لەسەر دروستكردنی 4 كەمپی دیكە درا، ئێستاكەش 40 هەزار ئاوارەی تر رووی لەشێخان كردووەو ژمارەی ئاوارەكانی دەشتی نەینەواو شاری موسڵ بۆ 80 هەزار ئاوارە بەرزبووەتەوە. ئەمەش بارگرانییەكی زۆری لەسەر یەكە ئیداریی و خزمەتگوزارییەكان و تەندروستی و پەروەردەیی لێكەوتەوە، لەبەرامبەریشدا حكومەتی عێراق تەنانەت هاوكاری و یارمەتی ئەو خەڵكە ئاوارەیەشی نەكردووە كە لەشاری موسڵ و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان و بەهۆی كەمتەرخەمی سوپاو هێزە ناوخۆییەكانەوە بوونە قوربانی.
* لەگەڵ ئەم كەمتەرخەمییەی حكومەتی ناوەندیدا بەڵام لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی دیوی رۆژئاوای موسڵ دەستی پێكردووە، ئایا پێشبینی هاتنی شەپۆلێكی تری ئاوارەی شاری موسڵ بۆ شێخان دەكرێت؟
- لە یەكەم رۆژی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ تا ئەمڕۆ بەبەردەوام ئاوارەكانی ئەو شارە روو لەسنوورەكەمان دەكەن، تەنانەت نەخۆش و بریندارە مەدەنی و سەربازییەكانی سوپای عێراق رەوانەی نەخۆشخانەكانمان دەكەن، هەربۆیە بەهاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان توانرا 4 كەمپی ئاوارە دروست بكرێت، بەمەش توانرا تا رادەیەكی باش ئاوارەكان نیشتەجێ بكەین، بەڵام ئەگەر بێتوو هەردوو رێگای (ناوەران- شەلالات – موسڵ)-(باشیك- تەحریر- موسڵ) بكرێتەوە، ئەوا چاوەڕوانی هاتنی شەپۆلێكی نوێی ئاوارەی موسڵ دەكەین، ئەمەش ئاوارەش بەستراوەتەوە بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕەكەو زیانە مەدەنییەكانەوە، هەرچۆنێك بێت ئێمە ئامادەكاریمان كردووە بۆ ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی تری ئاوارەی موسڵ و رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان و بۆردی مرۆیی پارێزگای دهۆكیش ئاگادار كراوەتەوەو ئامادەباشییان كردووە، چونكە ئەگەر شەقامی سەرەكی نێوان (شێخان – موسڵ) بكرێتەوە، ئەوا ژمارەیەكی زۆری ئاوارە روو لەقەزاكەمان دەكەن، لە رووی ئەمنی و سەربازییشەوە ئامادەباشی وەرگیراوە بۆ ئەوەی هیچ هەڕەشەیەك لەسەر سنوورەكەمان دروست نەبێت. ئەو خەڵكەی لەدیوی ئەمبەری موسڵن و لەژێر دەسەڵاتی سوپای عێراقدان لەبارودۆخێكی ناسەقامگیرو مەترسیدان و هێشتا شانە خەوتووەكانی داعش لەناو شارەكە بوونیان هەیە، هەربۆیە واچاوەڕوان ناكرێت، خەڵكی موسڵ وا بەزوویی و خێرایی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چونكە پێویستە لە رووی سەربازی و ئاسایشەوە ناوچەكە سەقامگیرو ئارام بكرێت و دواتر لە رووی خزمەتگوزارییەوە كاری بەپەلەو باش ئەنجام بدرێت، ئەو كات زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكرێت. سەبارەت بەئاوارەكانی كوردانی ئێزیدیی شنگال ئەوان بەهۆی بوونی هێزی سەربازی پەكەكە لەو ناوچەیەدا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. كوردانی ئێزیدی و برایانی مەسیحی دووچاری زیانێكی گەورە بوون و ناوچەكانیان لەدەشتی نەینەواو شنگال وێران بووەو رێكخراوە مرۆییەكانیش لەبەر بوونی ئەو هێزە ناشەرعییانە ناچنە ئەو شوێنە ئازادكراوانە تاوەكو كاری خێرخوازی و ئاوەدانكردنەوە ئەنجام بدەن، ئەمەش هۆكارێكی تری نەگەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگالی نیشتەجێبوونی كەمپەكانی سنووری قەزای شێخانە.
* باسی خەڵكی شنگالت كرد؛ ئایا هەڕەشەو لێدوانەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە چ زیانێكی بە دواكەوتنی ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە گەیاندووە؟
- سەرەتا هەموومان دەزانین كە هیچ كوردێكی ئێزیدی و پێكهاتەی مەسیحی متمانەی بەسوپای عێراق نەماوە، دوای ئەوەی پێنج فرقەی سەربازی بەچەكی پێشكەوتووەوە هەمووی تەسلیمی داعش بوون، ئەوەتا بەشێكی زۆری ناوچەی شنگال و بە سەنتەری شارەكەوە ئازادكراوە، بەڵام خەڵكەكەی ئامادە نین بگەڕێنەوە و هێشتا لەكەمپەكاندا نیشتەجێن. هەروەها بەبوونی هێزێكی چەكدار كە بە بوونیان لەوێدا بە ناشەرعی دادەنرێت، بۆتە هۆكارێكی تری نەگەڕانەوەی خەڵكی شنگال، چونكە بوونی پەكەكە وایكردووە نائارامی لەو ناوچەیەدا دروست بێت، ئەم نائارامییەش وایكردووە هەوڵەكانی پاككردنەوەی شارەكە لە زبڵ و خاشاكی شەڕو وێرانی و جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دوابكەوێت، هەربۆیە لەمپەڕی سەرەكی لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵكی شنگال بۆ سەرماڵ و حاڵی خۆیان و دواكەوتنی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە بۆ بوونی پەكەكە دەگەڕێتەوە، ئەم بابەتەمان لەگەڵ سەرجەم رێكخراوەكان باس كردووە، بۆ ئەوەی بچنە ئەو ناوچانەی كە خەڵكەكە ئاوارە بووەو كاری خێرخوازی و ئاوەدانكردنەوە لەوێش ئەنجام بدەن، ئەوان لەسەرجەم دانیشتنەكاندا پێمان دەڵێن ئامادەنین بچینە ناوچەیەك كە ئارام نەبێت، پەكەكە لە رووی نێودەوڵەتییەوە ناوبانگ و متمانەیەكی باشی بۆ خۆی دروست نەكردووە و بوونیشیان لەشنگال بەهێزێكی ناشەرعی لەقەڵەم دەدرێت، هەربۆیە سەرجەم رێكخراوەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا ئەنجامدانی كارە خێرخوازییەكانیان لەشنگال رەت دەكەنەوەو تەنانەت تەمویلی رێكخراوەكانی ناوخۆش ناكەن بۆ ئەنجامدانی كارو پرۆژەكانیان. ئەمە راوبۆچوونی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە بەتایبەتی رێكخراوەكانی ئەوروپا و ئەمەریكاو وڵاتانی عەرەبی كە ئامادەییان تێدا نییە بچنە شنگال و هاوكاری دووبارە ئاوەدانكردنەوەو بونیادنانەوەی شارەكە بكەن، خەڵكی شنگال قوربانییەكی گەورەیان داوە و شایەنی ئەوەن ناوچەكەیان نەكرێتە گۆڕەپانی ململانێی تائیفی و ئیقلیمی، بەپێچەوانەوە پێویستە هاوكاری و یارمەتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ببرێتە ئەو شارە كە بەتەواوەتی وێران بووە.
* ئایا لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە لەناوچەكەدا تاچەند توانراوە لایەنی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەكە بپارێزرێت؟
- چاوی تەماعكاری و دوژمنان لەسەر شێخان مێژوویەكی دوورو درێژی هەیە، جگە لەتیرۆرستانی داعش گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی-یش بەرنامە و پلانیان هەبووە بۆ تێكدانی رەوشتی ناوچەكە، كاتێك پێشمەرگەو خەڵكی شێخان لەمیحوەرەكانی شەڕ بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش چەندین جار حەشدی شەعبی بەچەك و جلوبەرگی رەش و دەمامكدارەوە هاتن و ویستیان لەدەوروبەری پەرستگای لالش جێگیر بن، خۆشبەختانە هەر زوو دەنگی ناڕەزایەتی خەڵكەكە بەرز بووەوەو سەركردایەتی سیاسی و حكومەتی كوردستان بڕیاریدا بە زووترین كات دەبێت ئەو هێزانەی لەم سنوورە نەمێنن، من پێموایە لەو ناوچە كوردستانییانەی كە حەشدی شەعبی نائارامی و ناسەقامگیری دەنێنەوە كەسانێك بوونیان هەبووە كە خۆیان هۆكار بوون بۆ هاتنی ئەو هێزانە. بۆیە ئەو گروپە چەكدارانەی دوور لە مەزهەب و دابونەریت و كەلتووری كوردەوارییەوە بوونیان هەیە ئەوەتا لەتەواوی سنووری شێخان حەشدی شەعبی نەیتوانی خەڵكی ئەم ناوچەیە فریو بدات، شێخانییەكان جگە لەهێزی پێشمەرگەی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە قبووڵی هیچ هێزێكی دیكە ناكەن كە بە شێوەیەكی ناشەرعی و نایاسایی لە ناوچەكەیاندا جێگیر بێت.
* ئایا لەگەڵ بوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی دیكەی ئاوارە مەترسی گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووانی ناوچەكە نییە؟
- ئومێدمان زۆرە لەگەڵ ئازادكردنەوەی موسڵ عەرەبە ئاوارەكانی ئەو شارە بگەڕێنەوە، ئاوارەكانی دیكەی كوردانی ئێزیدیش هاونیشتمانییانی خۆمانن، ئەوانیش ئومێدیان زۆرە چەكدارانی بیانی لەشارەكەیان بڕۆن و هەر زوو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان روو لەو ناوچەیە بكەن و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیان ئەنجام بدەن، مەسەلەی گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووانی شێخان كارێكی وا ئاسان نییە و لە دێرزەمانەوە رەسەنایەتی خەڵكی ئەم شارە شكستی بەو هەوڵانە هێناوە، تا ئێمە خاوەنی هێزی پێشمەرگە بین، مومكین نییە هیچ كەس و لایەنێك بتوانێت ئەم ناوچەیە تەعریب بكات هەربۆیە شێخان كوردستانییەو هەر بەكوردستانیش دەمێنێتەوە.
* رێكخراوە نێوخۆییەكانی كوردستان تاچەند توانیویانە هاوكاری و یارمەتی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەناهەندەیە بكەن؟
- دەزگای خێرخوازی بارزانی و دەزگای روانگە بەپاڵپشتی رێكخراوەكانی (UNHCR-IOM-ACF-IHP) خزمەتێكی بەرچاویان بۆ ئاوارەكان لەم سنوورە كردووە، ئەمەش هەمووی لە رێگەی بۆردی كاروباری مرۆڤایەتی پارێزگای دهۆكەوە ئەنجام داروە كە خودی پارێزگاری دهۆك پاڵپشتی و سەرپەرشتیی ئەم بۆردە دەكات، هەر لەدابینكردنی خواردەمەنی و كەرەستەو پێداویستی ناوماڵ تا پێداویستییەكانی نیشتەجێبوون و تەندروستی و سەرپەرشتیكردنی ئەو منداڵانەی بێسەرپەرشتن، ئەمەش توانیایەكی گەورەو بەردەوامی پێویستە بەتایبەتی لە رووی دابینكردنی خزمەتگوزاری كارەباو ئاوو تەندروستی و پەروەردەییەوە، بگرە لەهەموو كەمپەكانی سنوورەكەمان جگە لەقوتابخانەو بنكەی تەندروستی و سەنتەری هاریكاری گەنجانمان كردۆتەوە تەنانەت داوامان لە رێكخراوەكان كردووە پرۆژەیان هەبێت گەنجەكانی ناو كەمپەكان كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، لەمبارەیەوە توانیمان بەگرێبەست كار بۆ 300 كەس و بۆ ماوەی سێ مانگ بدۆزینەوەو زیاتر جەختمان لەسەر خوشك و برایانی ئێزیدی كردەوە.