دەیڤید فیلیپس : دەبێت یەكێتی و پارتی پێكەوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتی كوردستان روانگەیەكی هاوبەش دابڕێژن

دەیڤید فیلیپس : دەبێت یەكێتی و پارتی پێكەوە بۆ بنیادنانی دەوڵەتی كوردستان روانگەیەكی هاوبەش دابڕێژن
دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئامۆژگای دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا، پێشتریش وەك راوێژكاری باڵا لە سكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتوەكان كاری كردووە، هەروەها وەك شارەزای كاروبارە دەرەكییەكان و وەك راوێژكاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كاری كردووە. لە میانەی دیمانەیەكدا، گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێكرد كە پەیوەست بوون بە پێشبینییەكانی لە ئاست داهاتووی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و گرنگیی پێداگیریی لەسەر هەڵگرتنی هەنگاوی جددی بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و چەند بابەتێكی دیكەی پێوەندیدار، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بیروبۆچوونەكانی كرد.
سەربەخۆبوونی كوردستان سەقامگیریی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمەریكا دۆستێكی باش و هاوپەیمانێكی دڵسۆزی بۆ دروست بێت


* پێشبینییەكانت چین لەبارەی ئەو سیاسەتەی كە ئیدارەی ترەمپ لە ئاست هەرێمی كوردستاندا دەیگرێتەبەر؟
- لە راستیدا كەس نازانێت چ پێشبینییەك بكات لەبارەی ئیدارەی ترەمپەوە، دۆناڵد ترەمپ مێژوویەكی نییە لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ كاروبارەكانی كورددا، هەروەها ئاشنا نییە بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكاندا –ترەمپ- باسی لەوەكرد كە پێشمەرگە هێزێكی شەڕكەری زۆر بەتوانان، هەروەها بەڵێنی دا كە داعش لە سووریا و عێراق تێكبشكێنێت و شاری رەققە و موسڵ رزگار بكات، لەم ساتەوەختەدا ئێمە نازانین، لە داهاتوودا پێشمەرگە چ رۆڵێكی دەبێت، هەروەها نازانین یەكینەكانی پاراستنی گەل لە رۆژئاوا چ رۆڵێكیان بۆ دیاری كراوە. ستراتیژیەتیی ئەمنی و سەركەوتوو بەوە دەست پێدەكات كە ئەو راستییە رەچاو بكەین كە باشترین و تاكە دۆستی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا كوردە.
* بەڵام ئایا ستافەكەی ترەمپ كەسانێكی شارەزا نین كە راسپاردە و راوێژی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بخەنە بەردەم دۆناڵد ترەمپ؟
- هێشتا زووە ئەمە یەكلا بكەینەوە، چونكە چەندەها پۆست بە بەتاڵی ماونەتەوە - لە ئیدارەكەی ترەمپدا-، هەروەها تاوەكو ئێستا ئیدارەی ترەمپ سیاسەتەكانی گەڵاڵە نەكردووە، بەرپرسانی ئەمەریكی پێویستیان بە كاتە بۆ ئەوەی خۆیان ئاشنا بكەن بە بارودۆخی كوردستان و لەسەر بنەمای زانیاری و لەسەر بناغەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی ئەمەریكا بڕیار بدەن. ئیدارەی ترەمپ جەختی لەسەر كاركردن لەگەڵ هێزە شەڕكەرە مەحەلییەكاندا كردۆتەوە، كە بە تواناترین هێزە مەحەلییەكانیش بریتین لە پێشمەرگەی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل ( یەپەگە)، لەبەر ئەوە پێویستە ئەمەریكا هاوكارییەكانی خۆی لەگەڵ ئەم هێزە بەتوانایانەدا بەرفراوان بكات.

* پێش ئەوەی ترەمپ دەسەڵات بگرێتەدەست، شاندێكی كوردی بە سەرۆكایەتی مسرور بارزانی سەردانی واشنتۆنی كرد، پێتوانییە پێویستە شاندێكی هاوشێوە پێكبهێنرێت و سەردانی واشنتۆن بكات بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی دۆخی كوردستانەوە بكات؟
- دەبێت بەرپرسانی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بكەن تاوەكو ئیداری ترەمپ ئامادە دەبێت بۆ پێشوازی لێكردنیان، ئەم ئیدارەیە چوار هەفتەی پڕ لە پشێوی بەڕێكردووە و هێشتا سیاسەتێكی روون و ئاشكرا لە ئاست عێراق، یان كوردستاندا گەڵاڵە نەكراوە، هەروەها ستراتیژیەتێكی ئەمنیی روونیش گەڵاڵە نەكراوە بۆ شەڕكردن لە دژی داعش لە عێراق و سووریا، لەبەر ئەوە كارێكی هەڵەیە ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی كوردستان پەلە بكەن لە سەردانیكردنی واشنتۆن، لە كاتێكدا كە هێشتا تیمەكەی ترەمپ پێكنەهێنراوە و هێشتا سیاسەتەكان رەنگڕێژ نەبوون. بەڵام ئارامگرتنی ستراتیژیش سنووری خۆی هەیەو نابێت هەرێمی كوردستان زۆر چاوەڕێ بكات و زۆر هەڵوەستە بكات.

* لە چاوپێكەوتنێكی پێشوودا لەگەڵ گۆڤارەكەماندا، باست لەوە كردووە كە پێویستە ئەمەریكا لەسەر بنەمای بارودۆخەكە سیاسەتەكانی دابڕێژێت، دەكرێت زیاتر ئەمە روون بكەیتەوە؟
- گرتنەبەری رێگاچارە لەسەر بنەمای بارودۆخەكە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە لەخۆدەگرێت كە چیتر عێراق لە ئارادا نەماوە، عێراق بۆتە وەكیلی ئێران و كوردستان مەیلی بۆ رۆژئاوا هەیە، كوردستان و ئەمەریكا بەهای هاوبەشیان هەیە. كاتێك ئەمەریكا ئەم بارودۆخە لەبەرچاو دەگرێت، ئەوا دەتوانێت بە گوێرەی ئەو لەبەرچاوگرتنە گۆڕانكاری لە هاوكارییەكانیدا بكات.
* هەروەها لەو چاوپێكەوتنەدا جەختت لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە كورد هەست بەوە بكەن كە كات لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە و پەلە بكەن، ئایا لە ئێستاشدا هەمان راسپاردەتان بۆ كورد هەیە؟
- دەبێت هەرێمی كوردستان پیشانی بدات كە جددییە لە جیابوونەوەی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا، دەبێت هەوڵەكانی چاكسازی چڕتر بكاتەوە و خۆی ئامادە بكات بۆ ئەوەی خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات. سەربەخۆیی نادرێت، سەربەخۆیی بەدەست دەهێندرێت. رەنگە دوای بینینی بەرپرسانی ئەمەریكا لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش لە هەفتەی رابردوودا، ئەوا هەرێمی كوردستان زانیاریی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی بە رەوتێكی خێرا گفتوگۆكانیان ئەنجام بدەن.
* لە راپۆرتی بنیادنانی دەوڵەت لە كوردستانی عێراقدا، كە ئێوەش بەشداربوون لە نووسینیدا باستان لەوە كردووە كە دەبێت كوردستان نەخشەڕێگەیەكی هەبێت بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، ئایا لەم رووەوە بەرەوپێشچوونت بەدی كردووە لەكوردستان، بەتایبەتی لە رووی ئەنجامدانی چاكسازییەوە؟
- لە راستیدا هەندێ چاكسازی بونیادی ئەنجامدراون و دۆخی ئابووریش سەقامگیر بووە، لە كۆتاییدا یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش هەنگاوی هەڵگرتووە بۆ چارەسەركردنی دابەشبوونە ناوخۆییەكانی و دروستكردنی كۆمیتەیەكی سەركردایەتی. لە راستیدا بەهۆی گەڵاڵەكردنی رۆئیایەكی هاوبەشەوە یەكگرتوویی لە نێو كورددا دروست دەبێت. سەرۆك بارزانی ناتوانێت چاوەڕێ بكات تاوەكو تێكشكاندنی داعش، پێویستە چالاكتر هەنگاو بەرەوپێش هەڵبگرێت و پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پیشانی بدات كە ئامادەیە بۆ ئەوەی خۆی حوكمڕانیی خۆی بكات لە رێی چڕكردنەوەی هەوڵەكانی چاكسازییەوە.
* لە پێوەندی بە سەربەخۆییەوە، چۆن كورد بتوانێت كەیسێكی قەناعەتپێهێنەر بخاتەڕوو بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت؟
- دەبێت كورد پیشانی بدات كە یەكگرتووە، ئەویش بەوە دەست پێدەكات كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان جیاوازییە ناخۆییەكانی چارەسەر بكات و لیژنەیەكی سەركردایەتی پێكبهێنێت كە بتوانێت ئیدارەی كاروبارەكانی بكات و دواتر دەبێت یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێكەوە روانگەیەكی هاوبەش دابڕێژن بۆ بنیادنانی دەوڵەت و بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی. ئێمە باسی یەكگرتوویی نێو كوردمان كرد، واتە یەكێتی نێو یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكێتی نێوان یەكێتی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام یەكگرتوویی كورد هاوكاری لەسەر ئاستی ئیقلیمیش لەخۆدەگرێت. پێویستە كوردی سووریا و كوردی كوردستانی عێراق پێكەوە كاربكەن، چونكە یەكگرتوویی هاوكاری لەسەر ئاستی ئیقلیمیش لە خۆدەگرێت.

* ئێوە باستان لەوە كرد كە ترەمپ بەڵێنی داوە داعش تێكبشكێنێت، بەڵام پێتوانییە كە ئەم ئامانجە گرێدراوە بە چارەسەرێكی سیاسییەوە لە دوای ئەوەی لە رووی سەربازییەوە داعش تێكدەشكێت؟
- شەڕی موسڵ بەردەوامە و شەڕێكی خوێناویش دەبێت، بەڵام لە كۆتاییدا داعش هەر تێكدەشكێت. لە دوای ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە، پێویستە پلانێكی سیاسی هەبێت بۆ تێكشكاندنی ئیسلامیزم لەعێراق و رێگریكردن لە داعش بۆ ئەوەی نەبێتە بزووتنەوەیەكی نوێ و شەڕانگێزتر. پێویستە ئیدارەی ترەمپ كارئاسانی بكات بۆ لەبەریەك هەڵوەشانی عێراق، بۆ ئەوەی بۆ سێ بەش دابەش بێت.
* بەڵام هەندێ كەس پێیانوایە لە حاڵەتی راگەیاندنیدا دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ناتوانێت بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی دەوڵەتە دراوسێكانی دژایەتی دەكەن و رووبەڕووی ئابڵۆقەی دەكەنەوە، بۆچوونت لەم رووەوە چییە؟
- سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەست نایەت، بەڵكو قوربانی دەوێت، رەنگە رووبەڕووی ئابڵوقە و ئاستەنگ ببنەوە لەلایەن دەوڵەتە دراوسێكانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت هەرێمی كوردستان هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرێت و ریفراندۆم ئەنجام بدات و سەروەری نیشتمانیی خۆی بچەسپێنێت و دەوڵەت رابگەیەنێت. ئەم قۆناخە پێویستی بە روانگە و سەركردایەتییەكی سیاسی هەیە.
* لە پێوەندی بە حكومەتی عێراقەوە، ئایا پێتوایە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی مەركەزی بە رێگایەكی داخراو گەیشتوون و چیتر ناتوانرێت كێشەكان چارەسەر بكرێت و دەبێت هەرێمی كوردستان رێگای خۆی هەڵبژێرێت؟
- لە راستیدا جیاوازیگەلێكی قووڵ هەن لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە گفتوگۆكان بە رێگایەكی داخراو گەیشتوون. دەبێت گفتوگۆی سیاسی لەبارەی سەربەخۆبوونی كوردستانی عێراقەوە بكرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی كتو پڕ و بە بێ گفتوگۆكردن هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵبگرێت، ئەوا ئەمە كاردانەوەی بەغدای لێدەكەوێتەوە و زیانبەخشیش دەبێت بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە.
* ئێوە باسی بڕیاری یەكلاكەرەوەتان كرد لەبارەی بڕیاردانی سەربەخۆییەوە، بەڵام ئایا كاردانەوەی ئێران چی دەبێت كە ئێران رایگەیاندووە دژی هەنگاوێكی لەم چەشنەیە؟
- بە دڵنیاییەوە كوردستان رووبەڕووی بەرهەڵستی ئێران و توركیا و هەروەها بەغداش دەبێتەوە. بەڵام دەوڵەتە دراوسێكان ڤیتۆیان نییە لەسەر كوردستان. پێویستە سەرۆك بارزانی ئەو كارە بكات كە لە بەرژەوەندی خەڵكەكەیدایە، وەرگرتنی فەرمان لە پایتەختەكانی دیكەوە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی كوردستان ناكات.
* ئایا چ رووداوێك، یان پەرەسەندنێك دەبێتەهۆی خێراتر راگەیاندنی سەربەخۆیی؟
- بە دەركردنی بڕیارێك بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو ئەو ئامانجە. راستە دەبێت كوردستان تاوتوێی ئەم پرسە بكات، بەڵام ناكرێت ئێوە زۆر تێڕامێنن لەم مەسەلەیە، لەبەر ئەوەی دەرفەتەكە بەرەو لەدەستچوون دەچێت. ئەمە كێشەی ئیدارەی ئۆباما بوو، لەبەر ئەوەی زیاد لە پێویست تاوتوێی مەسەلەكانی دەكرد و چەندین دەرفەتی لەدەستدا، ئێستا كاتی بڕیاری یەكلاكەرەوە و سەركردایەتییەكی بوێرانەیە.
* تا چ راددەیەك دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان خزمەت بە بەرژەوەندییە جیوپۆلەتیكییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا دەكات؟
- ئەمەریكا پێویستی بە باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ هەیە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نادڵنیاییەی لەتوركیادا هەیە- كە هاوپەیمانی ئەمەریكا و ئەندامی ناتۆیە-، ئەوا كوردستانی عێراق پتر متمانەپێكراوتر دەبێت، ئەگەر هاتوو رێگەنەدرا ئەمەریكا بنكەی ئاسمانی ئەنچەرلیك بەكار بهێنێت، ئەوا دەتوانێت بنكەكانی كوردستانی عێراق بەكار بهێنێت.
* خاڵێكی دیكە كە باس دەكرێت لەبارەی سەربەخۆیی كوردستانەوە، ئەوەیە كە ئەم دەوڵەتە دەبێتەهۆی دروستبوونی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەكەدا، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- پێموایە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە سەقامگیری زیاتر و كەشێكی پێشبینیكراوتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمەریكا دۆستێكی باش و هاوپەیمانێكی دڵسۆزی بۆ دروست بێت.
* كەواتە بۆچی ئۆباما هەمیشە جەختی لەسەر پاراستنی یەكپارچەیی عێراق دەكردەوە؟
- سیاسەتی ئۆباما سیاسەتێكی هەڵە بوو، سیاسەتێكی زۆر لاواز بوو كە تێڕوانین و رۆئیایەكی لەخۆ نەدەگرت، پەیوەست بوو بە ئیدارەدانی پێوەندییەكانەوە، نەك بە داڕشتنیانەوە، لە ئێستادا دەبێت ئەمەریكا چالاكانە هەڵبستێت بە داڕشتنی پێوەندیی نزیكتر و هاوكاریی قووڵتر لەگەڵ كوردستاندا.
* لە كوردستاندا هەست بەوە دەكرێت كە دوای تێكشكاندنی داعش هێزەكانی حەشدی شەعبی دەبنە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر كوردستان، لەوبارەیەوە راتان چییە؟
- هێزەكانی حەشدی شەعبی سەرچاوەی هەڕەشەیەكی راستەقینەن، نابێت توانا، یان ئامادەیی ئەوان بەكەم بگرین بۆ لاوازكردنی ئەو بەرەوپێشچوونەی لە كوردستاندا بەدیهاتووە. لە هەمان كاتدا، ناكرێت ئێوە ببنە بارمتەی دەستی ئێران، ئێوە پێویستتان بە گفتوگۆكردنە لەگەڵ ئێراندا، ئەویش لەسەر بنەمای روانگە و پلانێك بۆ هەنگاوهەڵگرتن بەرەو سەربەخۆیی. ئێران زۆر نیگەرانە لەبارەی ئیدارەی ترەمپەوە و دەیەوێت كورد لە بازنەی نفوزی ئەمەریكا دووربخاتەوە.
* ئێمە لە راگەیاندنەكانەوە گوێبیستی ئەوە بووین كە دوای ئەوەی جێگری سەرۆك و وەزیری بەرگری ئەمەریكا كۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەنجامدا، رایانگەیاند كە ئەمەریكا پشتیوانی كورد دەكات، تێڕوانینی ئێوە لەم روەوە چییە؟
- ئێمە نازانین پشتیوانیكردن لە كوردستان مانای چییە، بەرپرسانی ئەمەریكا دەتوانن بڵێن پشتیوانی كوردستان دەكەین، بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای كارەكانیان نەك قسەكانیان حوكمیان لەسەر بدەین. ئێمە دەتوانین هاوكاری ئیدارەی ئەمەریكا بكەین بەوەی هەڵبستین بە روونكردنەوەی ئەو بوارانەی كە كوردستان خوازیارە هاوكاری بكرێت، ئەمەش دەستەبەركردنی چەكی قورس و هێرشبەر و دابینكردنی دارایی زیاتر بۆ مووچەی پێشمەرگە و هاوكاری زیاتری تەندروستی بۆ پێشمەرگە بریندارەكان و پشتیوانی سیاسی لە خۆدەگرێت، كاتێك هەڵدەستن بە رێكخستنی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی.
* ئێوە پێشتری باسی ئێرانتان كرد و ئێمەش بەم دواییە بینیمان كە گرژی و ئاڵۆزی زیاتر لە نێوان ئەمەریكا و ئێران دروست بووە، ئایا دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە ئیدارەی ترەمپ بە توندی ئیحتیوای ئێران بكات؟
- دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە ئیدارەی ئەمەریكا بە توندی چاودێری ئێران دەكات، بۆ ئەوەی لەوە دڵنیابێت كە پابەندە بە ئیلتیزاماتەكانی كە پەیوەستن بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە، با ئومێدی ئەوە بكەین كە ئەمەریكا خوازیاری ئەوە نەبێت شەڕ لەگەڵ ئێراندا بكات، بەڵام ئەمەریكا، ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەكاتەوە لە حاڵەتی پێشێلكردنی رێككەوتنەكەدا، یان پشتیوانیكردنی تیرۆریزمدا.
Top