فرسەت سۆفی : تەشەنەكردنی بێئومێدی و گەندەڵی دووهێندەی داعش مەترسیدارترە لەسەر ئایندەی كوردستان

فرسەت سۆفی : تەشەنەكردنی بێئومێدی و گەندەڵی دووهێندەی داعش مەترسیدارترە لەسەر ئایندەی كوردستان
ئاشكرایە لەدوای ئەوەی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی دژواری ئابووری بووە، پرۆسەیەكی چاكسازیی سەرتاسەری و گشتگیر دەستی پێكرد و ئەم پرۆسەیەش هەنگاوی گرنگی بڕیوە، لەم چوارچێوەیەدا 11 تەوەری جۆراوجۆری (نەوت و داهات و خەرجییە گشتییەكان و سیستەمی تۆماركردنی بایۆمەتری و زێدەڕۆیی و سلكی سەربازی و دەرمان و گۆڕانكاریی هەیكەلی حكومەت و رووبەڕووبووونەوەی گەندەڵی و ریفۆرمی ئابووری و گەڕانەوەی موڵك و سامانی گشتی) كاری گرنگییان تێدا كراوە. بۆ قسەكردن لەسەر دواهەنگاوەكانی چاكسازی بەتایبەتی بۆ ئەمساڵی 2017 چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د. فرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی لیژنەی نەزاهە كرد كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
گرنگە پرۆسەی چاكسازی سەرتاسەری بێت و لەجوگرافیایەكی دیاریكراودا قەتیس نەكرێت



* ساڵێك لەمەوبەر بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان دەركرد، هاوكات لە25ی شوباتی 2017 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان راپۆرتێكی تایبەت بەهەنگاوەكانی پرۆسەی چاكسازی بڵاوكردەوە، ئایا دەكرێت بزانین گرنگترین خاڵەكانی بەرنامەی كاری ئەو ساڵە چی بووەو تاچەند پرۆسەكە لەئاست ویست و ئومێدەكان بەڕێوەچووە؟
- ئەم پرۆسەی ئێستا بەڕێوەدەچێت لەژێر رۆشنایی ئەو خاڵانەی چاكسازییە كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە 10-2-2016 بڵاوی كردنەوە، لەو پرۆسەیەدا دوو وەرەقەی بڵاوكردەوە، یەكێكیان تایبەتە بە چاكسازیی لەدامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەوی دیكەیان تایبەتە بەحزب (پارتی دیموكراتی كوردستان)، ئەمەش وەكو سەرۆكی ئەو حزبە، پرۆسەكە بەوە دەستی پێكرد كە جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان زنجیرەیەك كۆبوونەوەی یەك لەدوای یەكی لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە ئەنجامدا. ئەم زنجیرە كۆبوونەوانە بۆ دروستكردنی هەماهەنگی بوو لەنێوان دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان تاوەكو بگەینە نەخشەڕێگەیەكی یەكگرتوو بۆ ئەوەی بە پێی ئەو نەخشەڕێگەیە هەموو دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان كاری خۆیان بكەن، ئەوەبوو جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك لێژنەی فەرعی دروستكرد بۆ گەیشتن بە راستییەكان (تقصی الحقائق) لەسەر وەزارەتی پێشمەرگەو سلكی سەربازی و دەرمان و زێدەڕۆیی لەسەر موڵك و ماڵی دەوڵەت و چەكی بانكی و كۆمەڵێك بواری دیكەی حكومەت و خەرجی و داهاتەكان، دواتر جەنابی سەرۆك هەموو فایلەكانی گەندەڵی كە لەبەردەستیدا بوون و نزیكەی 100 فایل بوون بەتەواویی دیكۆمێنت و بەڵگەكان پێشكەشی دەستەی نەزاهەی كرد بۆ دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەی یاسایی. لەگەڵ ئەمەشدا هەنگاوە پراكتیكییەكانی لێپرسینەوەو گۆڕانكاریی كارگێڕی دەستی پێكرد، هاوكات حكومەتیش لەژێر رۆشنایی ئەو خاڵانەی كە جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو، دەستی كرد بەكەمكردنەوەی خەرجییەكان، وەك نەكڕینی ئۆتۆمبێل و كەمكردنەوەی ئیفادو نەسرییەو بەردەستی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتییەكان و خەرجییە زۆرو لابەلاكان تا نیوە كەمكرایەوە، هەروەها حكومەت لەكاروباری كۆمەڵایەتی و بڕینی مووچە ناموستەحەقان دەست پێكرد، شانبەشانی ئەمەش هەیكەلیەتی حكومەت بە رادەیەك كەمكرایەوە زیاتر لە 4000 هۆبەو زیاتر لە 1000 بەڕێوەبەرایەتی لابران. لە رووی وردبینی و ژمارەی فەرمانبەرانیشەوە ئەوە بوو حكومەت سیستەمی بایۆمەتری دەستپێكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی وەزیفی وەكو دوو مووچە و كارمەندی بندیوار و ناڕێكی و خراپیی ناو وەزیفەی گشتی.

* ئەدی بۆ ساڵی 2017 بەرنامەو كاری پرۆسەی چاكسازی چی دەبێت؟
- ئەوەی گرنگە ئێستا هەماهەنگییەكی زۆر گەورە بۆ ساڵی 2017 لەنێوان سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و ئەنجومەنی دادوەری و دەستەی نەزاهەو داواكاری گشتی و دیوانی چاودێریی دارایی دروستبووەو كۆبوونەوەی بەردەوامی دەوری لەنێوان ئەو دامەزراوانە بەڕێوەدەچێت، تاوەكو لە ئەمساڵدا هەنگاوەكان خێراتر و سەرتاسەری و نیشتمانی و كرداریتر بن، گرنگیشە پرۆسەی چاكسازی بەردەوام و سەرتاسەری بێت و تێكەڵ بە ململانێ و دەستكەوتی حزبی نەكرێت و دوور بێت لە تۆڵەسەندنەوە، پرۆسەكە لەپێناو بونیادنانی حكومەتێكی كاراو بەهێزكردن و چالاككردنی رۆڵی دامەزراوەكانە لە هەرێمی كوردستان، لە ئێستاشدا كارەكان بەردەوامە بۆ ئەوەی نەخشەرێگەی 2017 بەهێزتر بێت و بڕیارو هەنگاوو كردارەكان و گۆڕانكارییە كارگێڕییەكان پراكتیكی و بەرجەستەتر بن. لەكۆتایی هەفتەی رابردووش لەكۆبوونەوەیەك بووین بەسەرپەرشتی جێگری سەرۆك وەزیران كە لێژنەیەكی شەش كەسی بووین و لەسەر 4 تەوەری تایبەت بە (وەبەرهێنان - تەجاوزات - وەزیفەی گشتی – دەرمان) قسەی جددی كراو گەیشتینە رەشنووسی كۆمەڵێك بڕیار بۆ كۆبوونەوە فراوانەی هەماهەنگییەكە تاوەكو بڕیاریان لەسەر بدرێت. بۆ نموونە دەرمان كە راستەوخۆ پێوەندی بەخەڵكی كوردستانەوە هەیە، گەیشتووینەتە كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ئەنجومەنی وەزیران و لەم ماوەیەدا كۆمەڵێك بڕیاری گرنگ بۆ رێكخستنی ئەو سێكتەرە گرنگە دەردەچێت. سەبارەت بە وەزیفەی گشتیش بەشێكی زۆری تەحویلی بایۆمەتری كراوە و لە2017 مەسەلەی پلەبەرزكردنەوەی نایاسایی و خانەنشینی و دەرماڵەی نایاسایی و دەرماڵەی ناهەقی و پەككەوتەی سەنگەرو پاسەوانی بەرپرسان و ئەوەی لەبەغداو لەوێو لێرە مووچە وەردەگرێت، چاوخشاندنەوەی پێدا دەكرێت و بەشێكی ئیجرائات كراوە و بەشێكی لێژنەكان كاری خۆیان دەكەن.

هەموو پرۆسە چاكسازییەكەی 2016 و 2017 و دواتریش لەسەر یەك ئامانجی سەرەكییە، ئەویش ئەوەیە ئەو پرۆسەی چاكسازییانە و كەمكردنەوەی بەهەدەردانانەو رێگەگرتن لەگەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بۆ باشكردنی ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان بێت، لەم پێناوەشدا ئەمساڵ بەجددی پرسیاری (ئەم سامانەت لەكوێ بوو؟) لەبەرامبەر ئەو كەسانەدا دەكەین كە بە ناسروشتی دەوڵەمەند بوون، ئەم پرۆسەیە دەستی پێكردووە و بەردەوام دەبێت و كۆمەڵێك كەس ئیجرائاتی لەگەڵ كراوەو و موڵك و ماڵیان لێسەندراوەتەوە بۆ ئەمساڵیش ئیجرائات لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی دیكە دەكرێت و موڵك و ماڵیان لێدەسێنرێتەوە.
* ئەم لێپرسینەوەیە تا چ رادەیەك كۆمپانیا گەورەكانیش دەگرێتەوە؟
- بەڵێ دەبێت ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانەی موڵك و ماڵی زۆریان داگیركردووەو لەدۆخێكی ناسروشتیدا بردوویانە بەشێكیان وەربگرینەوە، ئەم پرۆسەیە دەستی پێكردووەو بەردەوام دەبێت، ئەمەش لەچوارچێوەی راستكردنەوەی هەموو ئەو ناڕێكی و بەهەدەردانی زەوییانە دەبێت، ساڵی 2017 رێگەنادرێت ئەو كەموكوڕییانەی لە تەجاوزات و موساتەحات و بە كرێدان و داگیركردنی موڵك و ماڵی دەوڵەت و بینایەكاندا هەن، بەردەوام بن.
* سەبارەت بەمەلەفی نەوت و گاز كە قسەو باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت لەم رووەوە چی كراوە؟
- دەربارەی ئەم مەلەفە ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز چەند هەنگاوێكی پراكتیكی ناوە كە گرنگترینیان راگەیاندنی شەفافییەت بوو، ئەوەبوو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵێك كۆمپانیا و دامەزراوەی نێودەوڵەتی و سەربەخۆ و باوەڕپێكراوی تایبەتمەند كاری بۆ وردبینی مەسەلەكانی پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت و سەرجەم پرۆسەی فرۆشتن كردووە، كە پرۆسەی تەندەرەكان لە رێگەی كۆمپانیای (DELOITTE) و (Y&E) رێك دەخرێتەوە. ئامانجمان لەساڵی 2017دا ئەوەیە كاربكەین لەسەر رەواندنەوەی ئەو گومانە زۆرەی لای خەڵكی كوردستان كە لەئاكامی ئەو راگەیاندنە ناڕەوایەو ململانێ حزبییەی نێوان حزبە كوردستانییەكان دروست بووە و وایكردووە خەڵك بڕوای بەهیچ نەماوە، واتە 2017 بكرێتە ساڵی ئاشتبوونەوەی خەڵك لەگەڵ داهاتەكانی ئەم سێكتەرە گرنگەی نەوت، تا بەلای كەم ئومێدێك دروست بێت، تەنانەت چاودێریی توند لەسەر وەزارەتی نەوت دروست دەبێت و ئەوەش بەشێك دەبێت لە پرۆسەكەو داتاو زانیاری و راگەیاندنەكانی ئەم بوارەش لەلایەن گەورە كۆمپانیاكانی DELOITTE) و (Y&E) بڵاودەبێتەوە، نەك لەلایەن وەزارەتەوە.

* ئەی سەبارەت بەگۆڕانكاریی كارگێڕی چی كراوەو بۆ ئەمساڵ بەنیازی چین؟
- ئەوەی من زانیاریم لەسەر ئەم بابەتە هەبێت، هەر لە هەفتەی رابردوو شەش بەڕێوەبەری گشتی گۆڕان و لەم هەفتەیەش ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و لەمەودوا خزمەتی وەزیفی و خاڵبەندی و سیڤی پێشكەشكردن رۆڵی دەبێت لەسەر بەخشینی پۆستەكان و دەبێت كۆتایی بەمەحسوبییەت و واسیتەو ئەمە كوڕی فڵانەو ئەوە كوڕی فڵانە بهێندرێت. ئێمە وەكو پارتی لەكۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و راپرسی كە چوار بەڕێوەبەری گشتیمان بەركەوت، دەرگامان كردەوە بۆ هەموو كادیرانی پارتی و خاڵبەندیمان داناو ئەوانە هەڵبژێردران كە زۆرترین خاڵبەندییان كۆكردەوە و مەرجمان دانا هەر لەخزمەتی وەزیفی و زمانزانی و شارەزایی لە هەڵبژاردن و دواتر چاوپێكەوتن و وەڵامدانەوەی پرسیارەكان كەسەكان هەڵبژێردران، لەمەودوا لەپڕێكدا خەڵكێك ناكەین بەكوڕێك، ئەگەر قایمقامێك پۆستەكەی چۆڵ بوو، ئەولەوییەت بۆ بەڕێوەبەری ناحییەكە، ئەگەر پۆستی بەڕێوەبەرێكی گشتی چۆڵ بوو، ئەولەوییەت بۆ جێگری بەڕێوەبەری گشتییەك بێت لەبەر ئەوەی شارەزایی هەیە، وەكو پارتی وامان كرد 4 قایمقاممان گۆڕی 4 بەڕێوەبەری ناحیەمان داناو بەڕێوەبەری ناحیەكانیش بەڕێوەبەری تاپۆو شارەوانی و پۆلیس شوێنەكانی ترمان لەجێگایان دانا، لەمەودوا هانی ئەو پێوەرو مەرجانە دەدەین، ئێمە لەپرۆسەی چاكسازی تەنیا خەڵكی سەرپێچیكار و كەمتەرخەم و تۆمەتبار سزا نادەین، بەڵكو هاندەریش دەبین بۆ ئاراستەكردنی كەسەكان ئێمە بیر لە پاداشتیش دەكەینەوە كە لەكوردستان خەڵكی باش و بەرپرسی دڵسۆزو بەتوانامان هەیە، پێویستە هانبدرێن.
* ئەوەی ئاشكرایە لەكوردستان گەندەڵی سیاسییە وایكردووە گەندەڵی ئابووری بەوشێوەیە بوونی هەبێت، ئایا ئەم چاكسازی و ریفۆرمەی باست كرد، دەتوانرێت لەسەرجەم حزبە سیاسییەكان پەیڕەو بكرێت، یا تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان دەگرێتەوە؟ ئایا پێتوانییە مەسەلەی گەندەڵیی سیاسی و ئابووری سەرتاسەرییەو پێویستە بەشێوەیەكی ئاسۆیی چارەسەر بكرێت و كەس لە یاسا گەورەتر نەبێت و بەرپرسانی حزبەكانی تریش بگرێتەوە كە لەناو حكومەت پۆستیان هەیە؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر زۆر گرنگە؛ لەو كۆبوونەوانەی كە بەسەرپەرشتی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لەكۆبوونەوەكانی حكومەتی هەرێم كە سەرۆك و جێگرەكەی و زۆر لەوەزیرەكان و ئەنجومەنەكان بەشدارن، هەمیشە جەخت لەوە كراوەتەوە ئەم پرۆسەیەی چاكسازییە سەرتاسەری بێت و نابێت لەجوگرافیایەكدا قەتیس بكرێت، ئەو دەنگانە هەن كە پێیانوایە نابێت لەم شارە بكرێت، مادام لەو شارە ناكرێت، بەڵام من وەكو كادیرێكی پارتی تێڕوانین وایە نابێت ئەم پرۆسەیە لەژێر هیچ پاساوێك بوەستێت، تەنانەت ئەگەر هێزێكی سیاسی دیاریكراو یا چەند حزبێكی كوردستانی لەناوچەیەكدا دەسەڵاتی ئیداریی بەدەستەو نەیەنە ژێر باری ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدرێت، ئێمە ناتوانین لەبەر ئەمە پرۆسەكە رابگرین، بەڵام رێگای راست و دروست بۆ ئەوەی پرۆسەكە سەربكەوێت دەبێت پرۆسەی چاكسازی و ریفۆرم هەموو لایەك بگرێتەوە و تێكەڵ بە ململانێی حزبی نەكرێت.

* كەواتە بەهاوشێوەی زۆر لەئەزموونە پێشكەوتووەكانی دنیا كە سەرەتا هەنگاو بەرەو دژەگەندەڵی دەنرێت بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی، چونكە پرۆسەی چاودێری و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لەم سەردەمەدا كە تاوانی سپیكردنەوەی پارە هەیە، كارێكی قورسەو تەنانەت دەزگا پێشكەوتووەكانی دنیاش بەئەركێكی ئاسانی دانانێن. ئایا بۆ ئەم بوارە چی كراوە؟
- لەدژی گەندەڵی بەربەستی گەورەمان لەپێشە؛ لەبەر ئەوەی ئەو میكانیزمانەی سەرپشكن بۆ ئەوەی چاودێری بكەن، گرفت و كێشەیان تێدایە، دەبێت ئەو راستییە نەشارینەوە كەدیوانی چاودێری و دەستەی نەزاهەو ئەنجومەنی دادگاو دادوەری ئێمە لەئاست چاوەڕوانییەكانمان نییە، ئەمە لەكاتێكدا كە پەرلەمانی كوردستانیش لە ئێستادا لەكار كەوتووە، ئەمانە هەمووی پێكەوە وایكردووە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كێشەی تێ بكەوێت، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە ئێمە ناتوانین هیچ بكەین، سەرەتا ئامانجی گەورەو سەرەكی دەستپێكردنە بەئیجرائات و بانگهێشتكردنی ئەو خەڵكانەی تۆمەتبارن و بەناسروشتی دەوڵەمەند بوون و پێیان بوترێت ئەمەت لەكوێ بوو؟ خۆشبەختانە جەنابی سەرۆك خۆی وتوویەتی كەس نابێت حەسانەی هەبێت و هیچ كەسێكیش لەدەرەوەی پرۆسەی لێپرسینەوە نییە. بۆیە ئومێد هەیە بەهۆی پاڵپشتی بەهێزی جەنابی سەرۆك، ئەو ئیجرائاتانە كاریگەریی باشی هەبێت بۆ ئەوەی بەلایەنی كەم ئاستەنگێك، یا رووبەڕووبوونەوەیەك لەبەردەم گەندەڵی دروست بكرێت لەساڵی 2017 و ئەو خوێنبەربوونە رابگیرێت كە كوردستانی گرتۆتەوە لەبەهەدەردانی سامانی گشتی و هەموو ئەو كارانەی وەكو بەرتیل و واسیتەو مەحسوبییەت و مەنسوبییەت و بەفیڕۆدانی موڵك و ماڵی گشتی و چەندین بواری دیكە كە لەچوارچێوەی گەندەڵیدان هەوڵ بدرێت سنوورێكیان بۆ دابنرێت و رێگەیان لێ بگرین، بەشێكی بەدەزگاكانی چاودێری دەكرێت و بەشێكیشیان بە یاسا دەكرێت، لەمەشدا كات پێویستە بۆ جێبەجێكردنی نەخشەڕێگە، ئێستا خۆشبەختانە نەخشەڕێگەیەكی 5 ساڵە لەلایەن دەستەی نەزاهە بەهاوكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە كراوە، بەناوی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئێستا ئەم بوارە بەشێوازێكی بەربڵاو قسەی لەسەر دەكرێت و ئومێدو تروسكاییەك بۆ خەڵك گەڕاوەتەوە و گرنگ ئەوەیە هەمووی پێكەوە ئەنجامی بدەین و هەمووان پێكەوە نیشتمان رزگار بكەین، چونكە داعش چەند مەترسی بوو لەسەر خەڵكی و كوردستان، ئەوا تەشەنەكردنی بێئومێدی و گەندەڵی دوو هێندە مەترسیدارترە لەسەر ئایندەی كوردستان، چونكە ناڕەزایەتی خەڵك و بەردەوامبوونی خراپی رەوشەكە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی مەترسیدارە.
* لەهەموو پرۆسەیەكی چاكسازی و ریفۆرم تەنیا لەكەرتی گشتی ئەنجام نادرێت، بەڵكو كەرتی تایبەتیش دەگرێتەوە. ئایا لەمبارەیەوە چی كراوەو پێتوانییە لەم رووەوە كەمتەرخەمی هەیە؟ بۆچی كەرتی تایبەت لە پرۆسە چاكسازییەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی هەنگاوی بۆ نەنراوە؟
- ئەمە مەسەلەیەكی گرنگەو رۆژی پێنج شەممە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران كە بەئامادەبوونی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن ئەنجام درا، ئەم تەوەرەیە باسی لێوەكرا، چاكسازی و چاككردنی دۆخی بازاڕو كەرتی تایبەت بۆ سەركەوتنی پرۆسەی چاكسازی زۆر زەروورە، هاوكات جموجووڵێكیش بخرێتەوە ناو كاری بەڵێندەرایەتی و هەوڵ بدرێت وەبەرهێنان بهێنرێتە بواری رێگاوبان و تونێل و دروستكردنی هێڵی شەمەندەفەڕ و لەلایەك گۆڕانكارییەكی جۆری لە ئابووری رووبدات و لەلایەك هەلی كار بۆ خەڵكی بدۆزرێتەوە و ئەم بوارانەش ببنە سەرچاوەیەكی گرنگی داهات بۆ ئەوەی جارێكی دی ئەگەر بەهای نەوت دابەزی، رووبەڕووی قەیرانی گەورەی دارایی نەبینەوە و بخنكێین. ئەو جەڵتەیەی لێیداین لەو پووكانەوە ئابوورییەی كە تووشمان بوو، پێویستە ببێتە ئەزموونێك بۆ ئەوەی ئەمجارە سوود لەهەڵە ئابوورییەكانی رابردوو وەربگرین و كەرتی تایبەت بەهێز بێت بە رادەیەك ئەو هەموو كەموكورتییانەی كەم بكەینەوە، دەبێت هێڵێك لەنێوان كەرتی تایبەت و حكوومی بكێشین و چیتر كەسە سیاسییەكان كۆنتڕۆڵی كەرتی تایبەت نەكەن، پرۆسەی چاكسازیی هەردوو كەرتی تایبەت و هەموو سێكتەرەكان لەخۆدەگرێت، هەر لە بواری جگەرەو بازرگانییەوە تاوەكو فڕۆكەوانی و گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی و خزمەتگوزاری لەهەموو ئەم بوارانە دەبێت ئازادیی كێبڕكێ لە نێوان هەموو لایەك و ئەو بازرگان و پیشەسازیكارو بیزنسكارانە بڕەخسێندرێت كە دڵسۆزانەو بەپێی مەرج و رێنمایی و یاساكانی هەرێم دەیانەوێت كار بكەن و خزمەت بەكۆمەڵگەكەیان بكەن.
Top