جێرەمی پرێسمان : ئومێدو چاوەڕوانیم ئەوەیە پێوەندییە ئیجابییەكانی نێوان ئەمەریكا و كوردستان درێژە بكێشن
February 22, 2017
دیمانەی تایبەت
جێرەمی پرێسمان، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی كۆنێتیكت، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، ناكۆكیی عەرەب-ئیسرائیل، سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا، لەم میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كرد سەبارەت بە پێشبینی و شرۆڤەكانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ كێشە و قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت، بەتایبەتی لە پێوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە؟
- لە راستیدا نادڵنیاییەك هەیە لەم رووەوە، چونكە بەڕێز ترەمپ لێدوانی زۆری داوە، بەڵام هێشتا كردەوەیەكی زۆرمان لێ نەبینوە، لەبەر ئەوە زەحمەتە لە ئێستادا بتوانین هەڵسەنگاندن بكەین و دەبێت زیاتر چاوەڕێ بكەین. خاڵێكی دیكە كە بەڕێز ترەمپ زۆر جەختی لەسەر دەكردەوە، بریتیە لەچڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ شەڕكردن لە دژی داعش، هەرچەندە ئێمە نازانین دەقاودق ئەو چی دەكات، بەڵام چەندین جار ئەمەی دووپات كردۆتەوە، كە پێموایە ئەو بڕیارەی دەریكرد بۆ رێگەگرتن لە چوونی خەڵكی عێراق بۆ ئەمەریكا، ئەم هەوڵانە ئاڵۆزتر دەكات، مەبەستم لە هەوڵ و كۆششەكانی لەناوبردنی داعشە. مەسەلەیەكی دیكە ئەوەیە كە ترەمپ پتر هاوسۆزە لەگەڵ حكومەتەكەی بنیامین نەتنیاهۆ لە ئیسرائیل، كە ئێمەش ئەو راستیە دەزانین كە گرژی لە پێوەندییەكانی نێوان ئۆباما و نەتنیاهۆدا هەبوو، ئەگەرچی پێوەندی ئەمەریكا و ئیسرائیل بە پتەوی مابۆوە. پرسێكی دیكە كە ئیدارەی ترەمپ بایەخی پێدابێت، بریتییە لە ئێران و تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران و لەم رووەوە هەندێ سزای بەسەر ئێراندا سەپاند كە پێوەندیدار بوون بەو تاقیكردنەوە مووشەكییانەوە. راستە لە سەروەختی هەڵبژاردنەكاندا، دۆناڵد ترەمپ باسی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە كرد، بەڵام پێدەچێت لە ئێستادا ئەو مەسەلەیە ئەوەندە پێداگیری لەسەر نەكرێت، ئەگەرچی ئەگەری رووبەڕووبونەوە لە سەر پرسەكانی دیكە لە ئارادا دەمێنێت.
* كەواتە دەكرێت بڵێین ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا بە بەراورد بە ئیدارەی ئۆباما، سیاسەتێكی تەواو جیاوازی دەرەكی دەگرێتەبەر لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- لەم ساتەوەختەدا زەحمەتە ئەمە یەكلابكەینەوە، راستە هەندێ گوتار هەن ئەوەیان لێ دەخوێندرێتەوە كە سیاسەتێكی جیاواز دەگیرێتەبەر، بەڵام تا ئێستا ئەمە بە كردەوە بەرجەستە نەبووە. ئیدارەی ئۆباماش هەندێ رووبەڕووبوونەوەی هەبوو لەگەڵ ئێراندا، بینیمان هاوشان بە ئەوروپا سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند بۆ ئەوەی فشاری لەسەر دروست بكات، بەڵام لە هەمان كاتدا رێگاچارەی دیپلۆماسی و گفتوگۆی گرتەبەر بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا. كە رەنگە ئیدارەی ترەمپ تەنیا جەخت لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئێران بكاتەوە، نەك گفتوگۆكردن لەگەڵیدا، ئەویش بۆ ئەوەی فشاری لەسەر دروست بكات و ناچاری بكات بەو شێوەیە هەڵسوكەوت بكات كە ئەمەریكا دەیەوێت. كەواتە دەكرێت لەم روانگەیەوە سیاسەتێكی جیاواز بگیرێتەبەر. هەروەها دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین كە ترەمپ ئاماژەی دژبەیەكی لێ بەدی كراوە، چونكە لەسەروەختی هەڵبژاردنەكاندا، هەندێ جار وا دەردەكەوت كە ترەمپ باوەڕی وابێت ئەمەریكا رێگاچارەی خۆگۆشەگیركردن بگرێتەبەر لەبەر ئەوەی پێیوابوو كە وڵاتەكەی زۆر تێوەگلاوە لە كاروبارەكانی جیهانەوە، بەڵام هەندێ جار وا وێنای دۆخەكەی دەكرد كە ئەمەریكا زۆر بەهێزە و ئەویش ئەو ئامرازانەی بەردەستی ئەمەریكا بەكاردەهێنێت بۆ هێنانەدی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی لە شوێنە جیاوازەكانی جیهاندا.
* ئێوە ئاماژەتان بە ئیدارەی ئۆباما كرد، هەروەك ئاشكرایە كە ئیدارەی ئۆباما چوار بەرژەوەندیی سەرەكی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستنیشانكرد، كە بریتی بوون لە پاراستنی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا و رێگرینەكردن لە هەناردەی وزە لەم ناوچەیەو و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئیدارەی ترەمپ هەوڵی هێنانەدی ئەم ئامانجانە دەدات، یاخود ئەولەوییەت و ئامانجی دیكەی جیاوازا دەستنیشان دەكات؟
- پێموایە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرن، بەڵام رەنگە گۆڕانكاری لە بایەخدان بەو بەرژەوەندییانەدا دروست بێت، بۆ نموونە سەرچاوەكانی وزەی وەك نەوت و غاز گرنگییەكی زۆریان دەبێت بەلای ئەمەریكاوە، لەبەر ئەوەی گرنگن بۆ هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا وەك یابان و ئەوروپا، كەواتە پێموایە پرسی سەرچاوەكانی وزە گرنگییەكی بنەڕەتی دەبێت لە سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریكادا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا. لە پێوەندی بە پرسی رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكەوە، ئەوا ئەمە ئامانجێكی هاوبەشە لە نێوان ئیدارەی ئۆباما و ئیدارەی ترەمپدا، راستە جیاوازیی هەیە لە رووی تەكتیكییەوە، كە دەكرێت ئەو جیاوازییانەش، جیاوازی گرنگ بن، لەبەر ئەوەی كەسانێكی زۆر هەن لە نێو ئیدارەی ترەمپدا كە هاوڕا نەبوون لەگەڵ ئەو رێككەوتنە دیپلۆماتییەی لەگەڵ ئێراندا كرا لەبارەی پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتەوە. كەواتە لەم رووەوە جیاوازییەكی تاكتیكی هەیە، چونكە رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی چەكی كۆمەڵكوژ ئامانجێكی هاوبەشە. لەپێوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی رادیكاڵیزمی ئیسلامییەوە- كە ئەمە دەستەواژەیەكە سەرۆك ترەمپ بەكاری دەهێنێت-، ئەوا جیاوازییان هەیە لەو دەستەواژانەی بەكاری دەهێنن، واتە رەنگە جیاوازی تاكتكی هەبێت، بەڵام ئەمەریكا بە توندی دژی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وەك ئەلقاعیدە و داعش. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی، ئامانجی هاوبەشیان هەیە لەم رووەوە، ئەگەرچی رەنگە لە ئەولەوییەتێك، یان سیاسەتێكی دیاریكراودا جیاوازی هەبێت، بەڵام ئامانجە بنەڕەتییەكە بە جێگیری دەمێنێتەوە.
* هەر لە پێوەندی بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمەوە، ئاشكرایە كە سەرۆك ترەمپ بەڵێنی دا كە هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ تێكشكاندنی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك داعش، لە ئێستاشدا بەرەوپێشچوونێكی بەرچاو لە شەڕی دژ بە داعشدا بەدەست هاتووە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێویست ناكات ئەمەریكا شان بە شانی هەوڵە سەربازییەكانی كار لەسەر چارەسەركردنی پرۆسەی سیاسیش بكات لە عێراقدا بۆ ئەوەی جارێكی دیكە زەمینەی دروستبوونی رێكخراوی هاوشێوەی داعش دروست نەبێت؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە. بەڵام من تا ئێستا گفتوگۆیەكی ئەوتۆم بەدی نەكردووە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە لەبارەی ئایندەی عێراقەوە-ئەگەرچی ئەمە مانای ئەوە نییە كە روونادات-. بەڵام دەكرێت لەم رووەوە بۆ دە ساڵ پێش ئێستا بگەڕێینەوە كاتێك سەرۆك بوش، بڕیاری زیادكردنی هێزەكانیدا لە عێراقدا، چونكە ئەوە تەنیا رێگاچارەیەكی سەربازی نەبوو، بەڵكو رێگاچارەیەكی سیاسیش بوو، واتە تەنیا پەیوەست نەبوو بۆ دروستكردنی گۆڕانكاری لە گۆڕەپانی شەڕدا، بەڵكو پەیوەست بوو بە هێنانەئاری گۆڕانكاری لە سیاسەتی وڵاتەكەدا، واتە بۆ ئەوەی پرۆسەیەكی سەقامگیرتری سیاسی لە عێراقدا بێتەئاراوە. كەواتە دەكرێت رێگاچارەی جیاواز بەكار بهێنیت، بەڵام دەبێت بەرەوپێشچوون لە هەردوو بەرەكەدا دروست بێت، واتە دەبێت پرسیار بكەن كە ئایا هەوڵەكانی ئەمەریكا هاوكار بوون بۆ بەدەستهێنانی بەرەوپێشچوون لە دۆخە سەربازییەكەدا، لە هەمان كاتدا ئایا هاوكاربوون لە بەرەوپێشچوونی رەوشە سیاسییەكەو لە هێنانەئارای سەقامگیری زیاتری سیاسیدا. بەڵام من هەوڵی لەم چەشنەم بەدی نەكردووە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، رەنگە ئەمە مانای ئەوە نەبێت كە هەوڵێكی لەم شێوەیە لەئارادا نییە، چونكە دەكرێت لەئارادا بێت، بەڵام ئاشكرا نەكرێت، بەهەر حاڵ من لەم رووەوە دڵنیا نیم، بەڵام جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە كە كاركردن لەسەر باشتركردنی رەوشە سیاسییەكە هێندەی كاركردن لەسەر رووبەڕووبوونەوە سەربازییەكە گرنگە.
* هەر لە عێراقدا، ئێستا هەرێمی كوردستان نەبۆتە بەشێك لە ململانێی شیعە و سوننە، هەروەها دەستڕۆیشتوویی ئێرانیش لە كوردستاندا بەو ئاستە بوونی نییە، ئایا پشتگیری ئەمەریكا و هاوپەیمانان بۆ كوردستان تا چەند دەبێتە هۆكاری ئەوەی كوردستان وەك پارسەنگی راگرتنی هاوسەنگی لە ناوچەكەدا رۆڵی هەبێت، یاخود ئایا كوردستان تا چەند دەتوانێت وەك هاوپەیمانی ئەمەریكا لەم ناوچەیەدا رۆڵی ئیجابی ببینێت؟
- ئاشكرایە كە كورد بۆ دەیەیەكە و لە چەندین رووەوە هاوپەیمانی ئەمەریكایەو ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی یەكەمی كەنداو، لەبەر ئەوە من هەم پێشبینی و هەم ئومێدی ئەوە دەكەم كە ئەو پێوەندییە ئیجابییە درێژە بكێشێت، لێرەدا من گومان دروست ناكەم، بەڵام هێشتا نازانم هەڵوێستی ئیدارەی ترەمپ چی دەبێت لەم رووەوە. چونكە لە راستیدا ئیدارەی ترەمپ سست بووە لە پڕكردنەوەی پۆستەكانی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دەرەوەدا، لەبەر ئەوە مەزەندەی من ئەوەیە كاتێك ئەو پۆستانە پڕكرانەوە، ئەوا ئێمە باشتر بەرچاومان روون دەبێتەوە لەبارەی وردەكارییەكانەوە.
* لەسەر كێشەی سووریا خەریكە هاوكێشەكە دەگۆڕێت و، پێدەچێت هەموولایەك بە ئەمەریكاشەوە لەسەر ئەوە كۆك بن كە بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، هەروەها چاوەڕوان دەكرێت هەماهەنگییەكی زیاتر لە نێوان رووسیا و ئەمەریكا بێتەدی، كەواتە ئایا دەتوانین بڵێین كە دەستڕۆیشتوویی رووسیا لە سووریادا جێگی دەستڕۆیشتوویی ئێران لەو وڵاتەدا دەگرێتەوە؟
- من لەو باوەڕەدا نیم كە نفووزی رووسیا جێی دەستڕۆیشتویی ئێران بگرێتەوە، بەڵكو پێموایە رووسیا و ئێران دەستڕۆیشتوو دەبن لە سووریادا و رژێمەكەی ئەسەدیش سوودی لە كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێران و رووسیا وەرگرتووە، لەبەر ئەوە من مەزەندەی ئەوە دەكەم كە بەشار ئەسەد پارێزگاری لە پشتیوانیی رووسیا و ئێران بكات. ئەوەی پێوەندی بە ترەمپەوە هەبێت، ئەوا ترەمپ لە هەر بەرپرسێكی دیكەی ئەمەریكا – كۆماری بێت، یان دیموكراتی- زیاتر بە ئیجابی باسی رووسیا دەكات و زیاتر باسی ئەگەری هاوكاری لەگەڵ رووسیادا كردووە لە سووریادا. هەروەها لەم دواییەدا باس لە هەوڵەكانی ئەمەریكا كراوە بۆ سەپاندنی ناوچەی دژەفڕین لە سووریا، كە من نازانم ئەمە تا چ راددەیەك مەسەلەیەكی جددییە و ئایا تەنیا گوتارێكە، یاخود كەسانێك هەن لە نێو ئیدارەی ترەمپدا ئەمە جێبەجێ دەكەن. كە پێموایە ئەم دوو هەنگاوە لەگەڵ یەكدا یەكناگرنەوە، واتە لە یەك كاتدا ئەمەریكا هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ رووسیا بكات و هەڵبستێت بە دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین لە سووریادا. بەڵام دووپاتی دەكەمەوە، من پێشبینی درێژەكێشانی رۆڵی رووسیا و ئێران دەكەم لە سووریادا، بەڵام هێشتا رۆڵی ئەمەریكا یەكلانەبۆتەوە، چونكە من نازانم ئیدارەی ترەمپ چی دەكات و چ هەنگاوێك هەڵدەگرێت.
* ئاشكرایە لە ئێستادا توركیاش هەماهەنگی لەگەڵ رووسیادا دەكات و چیتر پێداگیری لەسەر گۆڕینی رژێمی بەشار ئەسەد ناكات، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەم پەرەسەندنەو ئایا چ كاریگەرییەكی لەسەر شەڕی داعش لەو وڵاتەدا دەبێت؟
- دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە رووسیا و ئەمەریكا و توركیا تەركیز لەسەر شەڕی دژ بە داعش بكەنەوە، هەرچەندە من باوەڕم وایە كە هێندەی ئەمەریكا و توركیا داعش لای رووسیا ئەولەوییەت نەبووە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ماوەی رابردوودا رژێمی سووریا توانیویەتی پتر پێگەی خۆی پتەوبكات، ئەوا رەنگە رووسیا زیاتر كار لەسەر شەڕی دژ بە داعش بكات بە هاوكاری ئەمەریكا و توركیا. ئەوەش ئاشكرایە كە ئەمەریكا و توركیا هاوپەیمانن لەچوارچێوەی ناتۆدا، هەروەها سەرۆك ترەمپ بە ئیجابییەوە لە سەركردایەتی توركیا دەڕوانێت- هەرچەندە دڵنیانیم كە بۆچی-، لەبەر ئەوە پێدەچێت هەل و مەرجەكە لەباربێت بۆ هاوكارییەكی زیاتری نێوان رووسیا و ئەمەریكا و توركیا بۆ شەڕكردن لە دژی داعش.
* هەژموونی ئێران مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر عەرەبستانی سعودیە دروست كردووە، تەنانەت عەرەبستانی سعودیە مەترسیی ئێران لە مەترسیی داعش بە گەورەتر لەسەر خۆی سەیردەكات، لە هەمان كاتدا ئیسرائیلیش ئێران بە هەڕەشەیەكی مەترسیدار و جددی لەسەر خۆی سەیردەكات، ئایا ئەم دۆخە تا چ راددەیەك دەبێتەهۆی ئەوەی سعودیە و ئیسرائیل پتر لێك نزیك ببنەوە؟
من هاوڕام كە سعودیەو ئیسرائیل نیگەرانیی قووڵیان هەیە لە بارەی ئێرانەوە و هەردووكیان ئێران وەك هەڕەشەیەكی مەترسیداری سەربازی سەیر دەكەن. هەندێ راپۆرت هەن ئاماژە بە پێوەندی نهێنی نێوان حكومەتی سعودیەو حكومەتی ئیسرائیل دەكەن، كەواتە هەردوولایان پێیانوایە ئەگەری ئەوە هەیە بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوانیاندا دروست بێت، لەگەڵ ئەوەشدا، كێشەی فەلەستین دەبێتەبەربەست لەبەردەم كاركرنی ئاشكرای نێوان هەردوو وڵاتدا. رەنگە ئەگەر كێشەكەش بە تەواوەتی چارەسەر نەبێت، بەڵام دەبێت وا دەركەوێت كە ئیسرائیل هەنگاو بە ئاڕاستەیەكی ئیجابیدا هەڵدەگرێت، ئەگەرنا حكومەتی سعودیە ئامادە نابێت بە ئاشكرا لەگەڵ حكومەتی ئیسرائیلدا كار بكات.