فیلیپ لیبەرمان : دەكرێت دابەشبوونی هاوشێوەی یوگسلافیای پێشوو ببێتە هۆكارێك بۆ هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری
February 22, 2017
دیمانەی تایبەت
فیلیپ ئەكرێمان لیبەرمان، بڕوانامەی دكتۆرای لە بەشی دیراساتی رۆژهەڵاتی نزیك لە زانكۆی پرینستۆن بەدەست هێناوەو لە ئێستادا پڕۆفسیۆری دیراساتی ئایینییە لە زانكۆی ڤاندەربیڵت و پێشتر پڕۆفیسۆری دیراساتی ئایینی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی نیویۆرك. بۆ تیشكخستنەسەر هێڵە گشتییەكانی سیاسەتی درەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند مەسەلەیەكی پێوەندیداری دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* ئایا پێتوایە پایە بنەڕەتییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی دەبن؟
- من دڵنیانیم لەوە ئیدارەی ترەمپ تەركیزی تەواو بكاتە سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمەش وادەكات وەك پێویست بایەخ بەم ناوچەیە نەدات، بە واتای ئەوەی ئیدارەی ئەمەریكا پتر بایەخ بە پرسە ناوخۆییەكان دەدات و هەوڵی چارەسەركردنی چەند كێشەیەكی ناوخۆیی دەدات، ئەمە لە كاتێكدا پێویستە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا گرنگی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە وڵاتانی وەك عێراق و ئەفغانستان و سووریا بدات، كەواتە رەنگی سیاسەتی ئەو زیاتر بریتی بێت لە پاراستنی خودی ئەمەریكا لە ناوخۆدا، نەك بەرژەوەندییەكانی لە دەرەوەدا.
* ئایا لەو باوەڕەدا نین كە ئەمەریكا هەوڵی ئەوە بدات جارێكی دیكە خۆی جڵەوی سەركردایەتی لەم ناوچەیەدا بكات بۆ ئەوەی كاریگەربێت لەسەر داڕشتنەوەی رەوتی رووداوەكان، بەتایبەتی كە سەرۆك ترەمپ هەمیشە باس لەوە دەكات دەبێت جارێكی دیكە مەزنێتی بۆ ئەمەریكا بگەڕێتەوە؟
- لە راستیدا كاتێك ترەمپ باس لەوە دەكات كە دەبێت دووبارە شكۆ و مەزنێتی بۆ ئەمەریكا بگەڕێتەوە، ئەوا زیاتر مەبەستی ئەوەیە ئەم كارە لەسەر ئاستی ناوخۆ ئەنجام بدات و كەمتر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی ئەمەریكا بۆ دەرەوەی سنوور درێژبكاتەوە.
* كەواتە ئەو زیاتر تەركیز لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی دەكاتەوە؟
- ئەوە راستە، من پێموایە پتر سەرقاڵ دەبێت بە پرسە ناوخۆییەكانەوە.
* بەڵام ئێمە لە رۆژانی سەرەتای ئیدارەكەیدا هەڵكشانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكامان بەدیكرد، ئەمەیان چۆن لێكدەدەنەوە؟
- لە راستیدا ئیدارەی ئۆباما پتر لەگەڵ ئەوەدا بووە رێككەوتن لەگەڵ ئێراندا بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا سەرۆك ترەمپ ئەوە لەبەرچاو دەگرێت كە ئیسرائیل رێككەوتنەكەی ئێران بە رێككەوتنێكی سلبی لەقەڵەم دەدات و بەڕێز ترەمپیش هەوڵی پاراستن و درێژەپێدان یاخود دووبارەبنیادنانەوەی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل دەدات، كە لە سەروەختی ئیدارەی ئۆباما گرژییەكی زۆر لەو پێوەندییانەدا دروست ببوو.
* كەواتە پێشبینی دەكرێت ئەمەریكا هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ ئیحتیواكردن و بگرە رووبەڕووبوونەوەی ئێران؟
- من باوەڕم وانییە كە رووبەڕووی هیچ لایەك ببێتەوە، لەبەر ئەوەی پتر سەرقاڵ دەبێت بە كێشە ناوخۆییەكانەوە.
* بەڵام لە لایەكی دیكەوە ترەمپ بەڵێنیدا كە بە تەواوەتی و بە شێوەیەكی خێرا داعش تێكبشكێنێت، راوبۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- زەحمەتە وێنای ئەوە بكەین كە ئەم كارە ئەنجام بدات، ئەگەرچی ئەوە كارێكی مومكینیشە. چونكە راستە ئەو بانگەشەی ئەوەی كردووە كە ئەم كارە ئەنجام دەدات، بەڵام كاتێك ئەو راستییەی بۆ روون دەبێتەوە كە ئەنجامدانێكی كارێكی لەم چەشنە چی پێویستە، ئەوا رەنگە لەگەڵ ئەنجامدانیدا نەبێت. بە واتایەكی دیكە، راستە ئەو خوازیاری لەناوبردنی ئەو هەڕەشەیە بووە، بەڵام رەنگە ئامادە نەبێت هێزی زەمینی رەوانە بكات بۆ جێبەجێكردنی ئەو ئەركە لەم ساتەوەختەدا و بۆی هەیە درێژە بە هەمان سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما بدات، كە بریتی بوو لە بەكارهێنانی گورزی ئاسمانی.
* هەر لە پێوەندی بە شەڕی داعشەوە، ئەوە ئاشكرایە كە بەرەوپێشچوونێكی زۆر بەدیهاتووە لە عێراقدا، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە نابێت هاوشان بە هەڵمەتە سەربازییەكە، كار لەسەر چارەسەركردنی هۆكارە ریشەییەكانی دروستبوونی تیرۆریزم و توندڕەوی بكرێت لە عێراقدا؟
- من خوازیارم ئەم هەوڵانە ببینم و بە دڵنیاییەوە من خوازیاری ئەوەم سەقامگیری سیاسی لە عێراقدا دروست بێت و پێموایە هێنانەدی ئەم ئامانجەش پێویست بە جۆرێك لە دەستتێوەردانیش دەكات، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم لە ئێستادا سەرۆكی ئەمەریكا ئەمە بە هەنگاو و بە ئاڕاستەیەكی دروست بزانێت بۆ ئەوەی لە سیاسەتی دەرەكی خۆیدا لە ئاست ئەم وڵاتەدا بگیرێتەبەر. بەڵام ئەگەر پێیوابوو رەوشەكە هەڵگری هەڕەشەیە بۆ سەر ئەمەریكا ئەوا ئەو كارە ئەنجام دەدات، بەڵام پێموانییە لە ئێستادا بارودۆخەكە بەو شێوەیە ببینێت.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لەو بەرەوپێشچوونانە دەڕوانیت كە لە شەڕی دژ بە داعشدا بەدەستهاتوون؟
- دەكرێت ئێمە ئەوە لەبەرچاوبگرین كە بوونی داعش بە راددەیەكی گەورە داكشاوە لە عێراقدا و پێموایە زۆرێك لە ئەمەریكییەكان بەم شێوەیە لەم مەسەلەیە دەڕوانن، ئەگەرچی رەنگە خەڵكی لای ئێوە هێشتا پێیانوابێت ئەو هەڕەشەیە لەئارادایە، بەڵام بەلای زۆربەی ئەمریكییەكانەوە ئەو هەڕەشەیە تا راددەیەكی بەرچاو كەم بۆتەوە، لەبەر ئەوەی زۆر ئەو ناوچە گیراونەتەوە كە پێشتر لەژێر كۆنتڕۆڵی داعشدا بوون. كەواتە لە ئێستادا ئەمەریكییەكیان كەمتر نیگەرانن لەبارەی فراوانبوونی داعشەوە.
* ئەی چۆن لە هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان دەڕوانن لەم رووەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە ئەم هەرێمە نەبۆتە بەشێك لە كێشەی سوننەو شیعە و بە راددەیەكی گەورە نەكەوتۆتە ژێر هەژموونی ئێرانەوە، ئایا پێتانوایە هەرێمی كوردستان بتوانێت ببێتە هێزێك بۆ سەقامگیری لە ناوچەكەدا؟
- راستە هەرێمی كوردستان ئاشتی باڵی بەسەردا كێشاوە و نەبۆتە بەشێك لە كێشەی سوننە و شیعە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە كە دەبێتە دەروازەیەك بۆ ئاشتی. هەروەها پێموایە ئەمەریكا سیاقەكە بەرتەسكەكە لەبەرچاو دەگرێت، واتە لە كوێدا پشێوی و ناكۆكی هەبوو، هەوڵە سەربازییەكانی لەوێدا چڕدەكاتەوە، بەڵام ئەمە وەك دەرفەت نابینین بۆ پاراستنی هەرێمەكە بۆ ئەوەی پارێزراو بێت لەو شەڕەی لە نێوان شیعە و سوننەدا هەیە.
* ئەی چۆن لەو هەوڵانە دەڕوانیت كە لە كوردستاندا بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ بەدی دەكرێت؟
- دەكرێت ئەمە ستراتیژیەتەكە بێت، بەڵام من نازانم ئایا ئەمەریكا بایەخ بەم پرسە دەدات یان نا، هەروەها پێموانییە لەبەریەك هەڵوەشانی یوگسلافیا ئەزموونێكی سەركەوتوو بێت، ئەگەرچی بووە هۆی كەمكردنەوەی توندوتیژی لە هەندێ ناوچەكەدا. كەواتە دەكرێت ئەوە چارەسەرەكە بێت، ئەگەرچی من پێموا نییە كە ئەمە لە كەناری رۆژئاوا، یان لە هەرێمی كوردستاندا رووبدات، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە دەكرێت ئەمە رێگاچارەیەك بێت بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی.
* ئەگەر باسی رەوشی سووریا و هەوڵەكانی چارەسەركردنی دۆخی ئەو وڵاتە بكەین، ئەوا دەبێت ئاماژە بە لێدوانەكانی ترەمپ بكەین لەبارەی كاركردن لەگەڵ رووسیادا لەم بارەیەوە، تێڕوانین و پێشبینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- پێموانییە زۆربەی ئەمەریكیەكان وەك هاوپەیمانێك لە رووسیا بڕوانن، بەو پێیە زۆربەی ئەمەریكییەكان پشتیوانی ئەوە ناكەن كە ئەمەریكا هاوكاری و هەماهەنگییەكی گەورە لەگەڵ رووسیادا بكات.
* بەڵام سەرۆك ترەمپ داوای لە پەنتاگۆن كردووە كە پلانی دروستكردنی ناوچەی دژەفڕین بدەن لە سووریادا، ئایا ئەمە بێ هەماهەنگی لەگەڵ رووسیادا دەكرێت؟
- رەنگە هەوڵی هەماهەنگیكردن لەگەڵ رووسیادا بدات، بەڵام ئەمە پشتیوانییەكی جەماوەری لێناكرێت، لەبەر ئەوەی هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، زۆرینەی خەڵكی ئەمەریكا رووسیا بە هاوپەیمان نازانن.
* ئەی بۆچوونتان چییە لەبارەی هاوكاری ئەمەریكا لەگەڵ توركیادا؟
- پێشتریش هاوكاری لە نێوان ئەمەریكا و توركیادا هەبووە و دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایا سەرۆك ترەمپ هەوڵی درێژەدان بەو هاوكارییە دەدات.
* ئاشكرایە كە لە ئێستادا ئێران بۆتە هەڕەشەیەكی هاوبەش لەسەر ئیسرائیل و سعودیە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەم دۆخە دەبێتەهۆی ئەوەی ئەو دوو وڵاتە بە چەشنێك لێك نزیك ببنەوە كە پێوەندی ئاشكرا لە نێوانیاندا دروست بێت؟
- من پێم وانییە، راستە پرسی هاوبەش هەیە لە نێوانیاندا، لەبەر ئەوەی هەر هەوڵێكی بۆ دروستكردنی هاوكاری لەگەڵ ئیسرائیلدا كاریگەرییەكی زۆر سلبی لەسەر پێگەی عەرەبستانی سعودیە لە نێو جیهانی عەرەبیدا لێدەكەوێتەوە.