كاكەمین نەجاڕ : بیروبۆچوونەكانمان لەگەڵ یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان لێكنزیكە و ئێستاش چاوەڕیی وەڵامی ئەوان دەكەین بۆ ئەوەی دەست بە كۆبوونەوە بكەینەوە

كاكەمین نەجاڕ : بیروبۆچوونەكانمان لەگەڵ یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان لێكنزیكە و ئێستاش چاوەڕیی وەڵامی ئەوان دەكەین بۆ ئەوەی دەست بە كۆبوونەوە بكەینەوە
لەدوای پەیامەكەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی نێوان حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی پەیامەكەی سەرۆكدا و بە هاوبەشی لەگەڵ حزبەكاندا میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دابنێت، بۆ ئەم مەبەستەش شاندی پارتی جاری یەكەم سەردانی هەموو حزبە سیاسیەكانی كردووە و لە جەولەی دووەمیشدا كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامداوە و ئێستا چاوەڕێی ئەوەیە كە یەكێتی وەڵامی بداتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە كۆبوونەوەكان بداتەوە، هەروەها هەر لەم ماوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبی خۆی كۆمەڵێك گۆڕانكاری ئەنجامداوە و ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ خۆڕێكخستنەوەی پارتی لەقەڵەمدەدرێت، بۆ قسەكردن لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان، هەروەها گۆڕانكارییەكانی پارتی و ئاراستەی گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
كاكەمین نەجاڕ ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان:
بیروبۆچوونەكانمان لەگەڵ یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان لێكنزیكە و ئێستاش چاوەڕیی وەڵامی ئەوان دەكەین بۆ ئەوەی دەست بە كۆبوونەوە بكەینەوە

لەدوای پەیامەكەی سەرۆك مسعود بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی نێوان حزبەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی پەیامەكەی سەرۆكدا و بە هاوبەشی لەگەڵ حزبەكاندا میكانیزمێكی گونجاو بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان دابنێت، بۆ ئەم مەبەستەش شاندی پارتی جاری یەكەم سەردانی هەموو حزبە سیاسیەكانی كردووە و لە جەولەی دووەمیشدا كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامداوە و ئێستا چاوەڕێی ئەوەیە كە یەكێتی وەڵامی بداتەوە بۆ ئەوەی درێژە بە كۆبوونەوەكان بداتەوە، هەروەها هەر لەم ماوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆی حزبی خۆی كۆمەڵێك گۆڕانكاری ئەنجامداوە و ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ خۆڕێكخستنەوەی پارتی لەقەڵەمدەدرێت، بۆ قسەكردن لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان، هەروەها گۆڕانكارییەكانی پارتی و ئاراستەی گۆڕانكارییەكان لەسەر ئاستی كوردستان و ناوچەكە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كاكەمین نەجار ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی لە هەولێر سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* ئێوە ئەندامی شاندی دانوستاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانن بۆ وتووێژ لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان و دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كێشە سیاسییە ناوخۆییەكان، ئایا كۆبوونەوەكان بەكوێ گەیشتوون؟
- ئەم شاندەی پارتی لەدوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی هەر سێ سەرۆكایەتی (هەرێم، پەرلەمان و حكومەت) دامەزراوە، بۆ ئەمەش سەردانی حزبەكانمان كردووە، سەردانی یەكەممان تەنیا بۆ نەهێشتنی ئەو چەقبەستووییەو كردنەوەی دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆ بوو كە لەنێوان حزبەكان هەبوو، پاشانیش پەیامەكەی سەرۆك بارزانی-مان پێ راگەیاندن، بۆ ئەوەی گوێ لەوانیش بگرین و بزانین راوبۆچوونیان چییە.
* وەك دەبینین دوای ئەو جەولەیە، ئێوە وەك پارتی كۆبوونەوەیەكی دیكەتان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كردو دەنگۆی ئەوەش هەیە بەنیازن لەگەڵ یەكێتی بگەنە لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی هاوبەش، ئەوجا لەگەڵ حزبەكانی دیكە لەسەر ئەو بنەمایە قسە بكەن؟
- لە جەولەی یەكەمی كۆبوونەوەكانمان، ئێمە دوایین لایەن چووینە لای یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هەر لە كۆبوونەوەی یەكەمدا هەستمان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بۆچوونی هەردوولامان نزیكە، هەر بۆیە بۆ درێژەدان بەو بۆچوونە هاوبەشانە، ئەمجارە یەكەم لایەن لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبووینەوەو زیاتر لەسەر وردەكاری و چارەسەركردنی كێشەكان قسەمان كرد، لەمەشدا بەرەوپێشەوەچوونێكی زۆر باش هاتەدی، لەسەر ئەم پرسانەش شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوایان كرد كۆبوونەوەی خۆیان بكەن و پاشان لەماوەی هەفتەیەكدا وەڵامی پارتی بدەنەوە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەین، بەڵام ئەوە ماوەی مانگێكە بۆ جاری دووەم كۆنەبووینەتەوە، لە هەفتەی رابردوودا یەكێتی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی خۆی كردووە، ئیدی ئێمە چاوەڕێین یەكێتی وەڵاممان بداتەوە بۆ ئەوەی كۆبوونەوەكان دەست پێبكەینەوە.
* بە رای ئێوە دەبێت هۆكاری دواكەوتنی یەكێتی بۆ وەڵامدانەوەی پارتی چی بێت؟
- بارودۆخی ناوخۆی یەكێتی تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەندێك كێشەی ناوخۆیی خۆیان هەیە، هەروەها یەكێتی بەرامبەر بە گۆڕانیش هەندێك پاپەندبوونیان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەسەر ئاستی سلێمانی رێككەوتن لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە مەزندە دەكەین لەگەڵ گۆڕانیش كۆببنەوە، بۆیە دواكەوتنەكە پێوەندی بە بارودۆخی یەكێتییەوە هەیە، نەك پارتی.
* بەڵام شاندی یەكێتی كە هاتن لەگەڵ پارتی كۆبوونەوە، وەك شاندێكی یەكگرتوو هاتن، ئەمەش مانای ئەوەیە پرسەكە بۆ یەكێتی ئەوەندە قورس نەبێت؟
- ئەوە راستە وەك شاندێكی یەكگرتوو ئێمە لەگەڵیان كۆبووینەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەتوانن پێكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەن؟ بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەوەین كە ئەوان وەك یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەڵاممان بدەنەوە.
* ئێوە دوای جەولەی یەكەم وا بڕیار بوو كۆبوونەوەی دیكە لەگەڵ حزبەكان ئەنجام بدەنەوە، بەڵام وەك دەردەكەوێت، لەم قۆناخەدا پرسەكە زیاتر لەسەر كۆبوونەوەی دوولایەنەی پارتی و یەكێتی چڕبۆتەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە بازنەكەتان بچووك كردۆتەوە؟
- نەخێر، پرسەكە بەو جۆرە نییە، بەڵام تێگەیشتن و رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی گرنگە، ئێمە پێمانوایە لەم قۆناخەدا زۆر گرنگە یەكێتی و پارتی لەیەكتری نزیك بن و سەبارەت بە چارەسەری كێشەكان لێكتێگەیشتن لەنێوانماندا هەبێت. پێشتر ئەم راستییە بۆ هەموو لایەك ئاشكرا بووە، هەر كاتێك پارتی و یەكێتی لێك دوور بووبێت، زەرەرمان كردووە، لەلایەكی دیكەوە ئێمە پێمان باشە هەموو حزبەكان بێنە پێشەوە و بەشداربن لە چارەسەركردنی كێشەكان و هەروەها بەشداریی پەرلەمان و حكومەتیش بكەن، بەڵام نەك لەسایەی ئەو سەرۆكایەتییەی كە پێشتر پەرلەمان هەیبووە، بەڵكو دوای ئەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگۆڕێت، بۆ ئەمەش كۆبوونەوەكانمان لەگەڵ هەموو حزبەكان بەردەوام دەبێت و سەردانیشیان دەكەینەوە.
* ئایا ئێوە ئامانجتان ئەوەیە كە لەگەڵ هەموو حزبەكان جارێكی دیكە بگەنە رێككەوتن و هەمووشیان لە حكومەت بەشداری بكەنەوە؟
- ئێمە هەوڵی خۆمان بەو ئاراستەیە دەخەینەگەڕ كە هەموو حزبەكان بەشداری بكەن، بەڵام ئەگەر حزبێك، یان دوو حزبی سیاسی خۆیان نەیانەوێت بەشداری حكومەت بكەن، ئەوا كارێكی زۆر ئاساییە و دەكرێت ئۆپۆزسیۆن بن.
* ئایا كە باسی حزبەكان دەكەن، مەبەستتان ئەو كۆبوونەوانەی پێشترە كە ناوتان لێنابوو كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی؟ یان ئایا وتووێژەكان تەنیا لەنێوان ئەو حزبانە دەبێت؟
- ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەوە نەبووین پرۆسەی سیاسی لەنێوان پێنج حزبدا قۆرخبكرێت، رای ئێمە ئەوە بووە كە حزبەكانی دیكەش كە نوێنەریان لەپەرلەمان هەیە، بەشداریی كۆبوونەوەكان بكەن، بەتایبەتیش نوێنەری پێكهاتەكانی دیكە، وەك توركمان و كلدو ئاشووری، لەم حاڵەتەدا ئەگەر نەمانتوانی لە كۆبوونەوەی فراوانی حزبەكاندا كێشەكان چارەسەر بكەین، پێشنیاری ئێمە ئەوە بووە حزبەكان دووقۆڵی پێكەوە دابنیشن و هەر حزبێك بە تەنیا كێشەكانی خۆی باس بكات. دوای ئەمەش ئەگەر هەموو حزبەكان كۆبوونەوە، ئەوا دەكرێت پێكەوە بڕیار بدەین، یان ئەگەر پێویست بوو، هەموو حزبەكان لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆببینەوە، ئەوا هەموو پێكەوە كۆدەبینەوە.
* هەست دەكرێت كێشەی سەرەكیی پارتی بە پلەی یەكەم لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و بەپلەی دووەم لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامییە، ئایا دەكرێت پێمان بڵێن كێشەی پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی چییە؟
- ئێمە وەك پارتی كێشەمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامیش نەبووە، رەنگە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان جاروبار جۆرێك ئاڵۆزی هەبووبێت، بەڵام لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی هیچ كێشەمان نەبووە، ئەوجا ئەگەر سەبارەت بە گۆڕان قسە بكەین، ئێمە وەك پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم رێككەوتین، ئەوان 5 وەزیر و سەرۆكایەتی پەرلەمانیان لە هەرێمی كوردستان بەدەستەوە بوو، لەبەغداش جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان پێدرا، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە وەك پارتی وا رێككەوتین كە ئەوان بەشدارییەكی كاراو كاریگەر لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بكەن، بەڵام بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەی نێوانمان رەفتاریان نەكرد و سەرۆكایەتی پەرلەمانیان بۆ بەرژەوەندیی حزبی خۆیان بەكار هێنا، خۆ هەموو لایەك ئاگادارن كە شەوی 19ی ئابی 2015 هەموو لایەك رێككەوتین كە كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكرێت، بەڵام یوسف محەمەدی هەڵسووڕاوی گۆڕان كە سەرۆكی پەرلەمان بوو، رێككەوتنی هەموو حزبەكانی پێشێلكردو سووربوو لەسەر ئەوەی كۆبوونەوەكە بكرێت، پاشانیش نیسابی یاسایی بۆ تەواو نەكرا، ئەوجا ئەگەر یوسف محەمەد ئەمەی بە ئیرادەی خۆی كردبێت، دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، ئەگەر فەرمانی حزبەكەشیەتی، ئەمە خراپترەو مانای ئەوەیە گۆڕان پابەندی رێككەوتنی نێوانمان و سازانی نیشتمانی نابێت، دوای ئەمەش دیسان هەوڵیاندا بە ئاژاوەگێڕی بارودۆخی كوردستان تێكبدەن، بۆیە ئەگەر سنوورێك بۆ گۆڕان دانەنرایە، لەوانە بوو كێشەی زۆر گەورە و خراپتر لە كوردستان رووبدات.
* ئایا ئێستاش گۆڕان وەك پێشتر لەسەر مەرجە تەعجیزییەكانی خۆیان سوورن؟
- ئێمە تا ئێستا یەك جار لەگەڵیان كۆبووینەتەوەو بۆ جاری دووەم هێشتا كۆنەبووینەتەوە، لەكۆبوونەوەی یەكەمدا ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، بەڵام هێشتا نەهاتووینەتە سەر وردەكاری، لەوانەیە لە وردەكاریدا وتووێژ و موناقەشەی زیاتر دروست ببێت.
* باشە كە ئەم ئامادەباشییەیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پیشانداوە، ئەدی بۆچی كێشەو پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد لە بەغداش رەنگدانەوەی هەیە، بەتایبەتیش لەلایەن پەرلەمانتارانی گۆڕانەوە؟
- ئێستا نەك هەر عێراق و كوردستان، بەڵكو تەواوی ناوچەكە بە گۆڕانكارییەكی هەستیارو خێرادا تێپەڕ دەبێت، بۆیە لایەنی كورد پێویستە ئامادەباشیی خۆی بكات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم گۆڕانكارییە هەستیار و خێرایانە، باشترین خۆئامادەكردنیش یەكهەڵوێستی و یەكڕیزیی نێوخۆی كوردستانە، بەڵام بەداخەوە لەم كاتە هەستیارو ناسكەدا وەك دەبینن دوو پەرلەمانتاری گۆڕان دەچن لەگەڵ مالیكی دادەنیشن و باس لە هەندێك پرس دەكەن كە ئەسڵەن نە پێوەندی بە پەرلەمانتارەكانەوە هەیە، نە بە نوری مالیكی-یش، هەر بۆ نموونە باسی پرسی نەوت لەگەڵ مالیكی دەكەن، ئەمە لە كاتێكدا مالیكی نە سەرۆك وەزیرانە و نە وەزیری نەوتە، پاشانیش پرسی نەوتی نێوان كوردستان و عێراق پێوەندی بە رێككەوتنی نێوان حكومەتی كوردستان و حكومەتی بەغداوە هەیە، لە ئێستادا ئێمە هیچمان لەگەڵ بەغدا نەماوە، باشترین رێگە ئەوەیە كە هەموومان بە یەكدەنگی باسی جیابوونەوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا بكەین، بەم دواییەش كە شاندی هاوپەیمانیی شیعە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم هاتنە كوردستان، راشكاوانە ئەم پرسەمان لەگەڵیان باس كردووە.
* ئەگەر سەبارەت بە هاتنی شاندی هاوپەیمانیی شیعە بپرسین، ئایا ئەوان بەرنامەی سەردانەكەیان چی بوو؟ مەبەستیان بوو چیمان پێبڵێن و ئێوە چیتان پێگوتن؟
- ئەو شاندە هاتبوون خۆیان وەك ماڵی شیعە رێكبخەنەوە، ئێستا ناوماڵی شیعە بۆتە دوو بەش و بەرەو ئەوە دەچێت ببنە دوو كوتلە، بۆیە لەم چوارچێوەیە هاتبوون لە رێگەی رێككەوتن لەگەڵ كورد خۆیان بەهێز بكەنەوەو هەر باسی تەبایی و برایەتی و یەكپارچەیی عێراقیان دەكرد، ئێمەش كە هەموو حزبەكان پێكەوە بووین، لەوەڵامدا پێمانگوتن: ئایا تەبایی و برایەتی بە چ مانایەك، بەو مانایەی كە حكومەتی عێراق بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە؟ ئایا چیتان بۆ كورد كردووە هەتا كورد بڕوای بە عێراقێكی یەكگرتوو مابێت؟ ئێوە هیچ رایەڵەیەكتان لەگەڵ كوردستان نەهێشتۆتەوە، بۆیە باشترە كە كوردستان و عێراق دوو هاوسێی یەكتری بن، لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ یەكێتی و حزبەكانی دیكەش باسمان كردووە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان كوردستان و بەغدا، دوو شاندی هەمیشەیی كوردستانی دروست بكەین، یەكێكیان لەسەر ئاستی حزبە سیاسییەكان و ئەوی دیكەیان لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی بچنە بەغداو لەگەڵ بەغدا پرسی جیابوونەوەی ئاشتییانە لەگەڵ عێراق باس بكەن.
* هەر دوای ئەم پرسە قسەوباسێكی وا بڵاوبووەوە كە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ ئەوەن كوردستان بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق نەكات، ئایا بۆ ئەمە دەبێت ئامادەكارییەكان چۆن بن؟
- ئەم پرسە باسكراوە، بەڵام بەبێ رێككەوتن لەگەڵ حزبەكانی دیكەی كوردستان و دروستكردنی كۆدەنگی نابێتە بڕیار، پارتی مەبەستێتی لەم پرسەدا هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن و بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی هەموو لایەك هەنگاو هەڵبگرین، سەبارەت بەو پێشنیارەش كە پارتی پێی باش نییە بەشداری هەڵبژاردنەكانی عێراق بكرێت، جارێ پێش هەر شتێك یاسای هەڵبژاردنی عێراق لە بەرژەوەندی كوردستان نییە، هەروەها بەشداری ئێمە لە بەغدا هیچ كاریگەرییەكی نییە، پەرلەمانتارانی ئێمە نە دەتوانن بڕیارێك دەربكەن، نە دەتوانن بڕیارێك رابگرن، نە دەتوانن كاریگەریشیان هەبێت، بۆیە هەتا بارودۆخەكە بەمجۆرە بێت باشترە كورد بیر لەچارەسەری دیكە لەگەڵ بەغدا بكاتەوە.
* بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كێشەكان تەنیا پۆستی سەرۆكی هەرێمە، بەڵام هەفتەی رابردوو ئەمینداری گشتی یەكگرتوو راشكاوانە رایگەیاند، بەڕێز مسعود بارزانی كارێكی باشی كرد لەم كاتە ناسكەدا سەرۆكایەتی هەرێمی چۆڵ نەكرد، ئایا بۆچی گۆڕان تەنیا جەخت لەسەر ئەم خاڵە دەكاتەوە؟
- پێش هەموو شت حەزدەكەم ئەو راستییە بڵێم، كاتێك كوردستان لەبەردەم شەڕێكی گەورەی وەك شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بێت، ئایا چاوەڕێی چی لە سەرۆك مسعود بارزانی دەكرێت؟ بێگومان تەنیا چاوەڕێی ئەوەی لێدەكرێت ببێتەوە بە پێشمەرگە و جەنابی سەرۆكیش لە ئاستی چاوەڕوانیی میللەتەكەی خۆیدا بووەو لەوەتەی شەڕی داعش دەستی پێكردووە، بەڕێزیان وەك پێشمەرگە لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕەكە بووە و جاری واهەبووە 30-40 رۆژ لە بەرەكانی شەڕ نەگەڕاوەتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش، سەرۆك بارزانی بە كردەیی پێشمەرگە بووە، نەك سەرۆكی هەرێم، پاشانیش وەك ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژەی پێكردووە كە رایەكی زۆر ماقووڵە، كوردستان لەناو شەڕێكی گەورەدایە، كۆمەڵێك كێشەو گرفتی زۆر گەورە لە كوردستان بوونیان هەیە، لایەنە سیاسییەكان كاندیدیان نییە هەتا پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم وەربگرن و بۆشایی دروست نەبێت، لە دۆخێكی وادا چۆن سەرۆك بارزانی خۆی لەبەرپرسیاریەتی دەدزێتەوە؟ خۆ ئەگەر واشی بكردایە، ئەوانەی ئێستا لە رق و كینەی خۆیان بەرامبەر بە پارتی و بارزانی ئەو قسانە دەكەن، دەیانگوت كوردستان لەناو شەڕێكی گەورەدا بوو، جەنابی سەرۆك بارزانی لەبەردەم بەرپرسیاریەتی هەڵهات. بۆیە ئەو قسانەی هەڵسووڕاوانی گۆڕان دەیكەن، جگە لە رق و كینە بەرامبەر پارتی و سەرۆك بارزانی هیچ بنەمایەكی دیكەی نییە.
* كێشەیەكی دیكە كە ئێستا بوونی هەیە كێشەیە لەگەڵ پەكەكە، ئایا كێشەی نێوان پارتی و پەكەكە چییە؟ بۆچی پەكەكە بەشێوەیەكی ئاشتییانە ئامادە نییە شنگال چۆڵ بكات؟
- باشترە پرسیارەكەت پێچەوانە بكەیتەوە و بپرسیت، ئایا كێشەی پەكەكە لەگەڵ پارتی چییە؟ ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە هیچ كێشەیەكمان لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵكو پەكەكە دەیەوێت كێشە بۆ ئێمە و كوردستانیش دروست بكات، پەكەكە ئەگەر ئەوە دەكاتە بیانوو بۆ هاریكاری و بەرگریكردن هاتۆتە شنگال، دەستی خۆش بێت، ئێستا شنگال ئازادكراوە و پێویستە بكشێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك بگەڕێتەوە سەرماڵ و حاڵی خۆی و شارەكە ئاوەدان بكرێتەوە، هەروەك چۆن پێشمەرگە بۆ هاریكاری رۆژئاوا چووە كۆبانی، پاش ئازادكردنی كۆبانی گەڕایەوە، بەڵام كاتێك پەكەكە عینادی دەكات و دەڵێت من كانتۆن دروست دەكەم، پرسیار ئەوەیە هەرێمی كوردستان خاوەنی یاساو پەرلەمان و حكومەتی خۆیەتی و ئەمەش لەدەستووری عێراقدا سەلمێندراوەو بەپێی دەستووری عێراق و یاساكانی پەرلەمانی كوردستان، نە لە كوردستان و نە لەعێراق كانتۆن بوونی نییە، پاشانیش شنگال یەكێكە لە قەزاكانی كوردستان و لەچوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری عێراقدا دەبێت بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەم پرسە دەبێت بە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق چارەسەر بكرێت و داوا لە پەكەكە بكرێت بە شێوەیەكی ئاشتییانە پاشەكشە بكات.
* پرسێكی دیكە كە لەم چەند رۆژەدا بۆتە باس و خواستی میدیاكان، پرسی ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لەناوخۆی پارتیدا دەستتان پێكردووە، ئایا ئەم كاتە گونجاو بوو بۆ ئەم گۆڕانكارییانە؟
- ئەگەر سەیری پەیڕەو پڕۆگرامی پارتی بكەیت، ئاشكرایە كە ماوەی نێوان دوو كۆنگرە (چوار ساڵ)ـەو ئەگەر بارودۆخەكە ئاسایی بێت، دەبێت كۆنگرە گرێبدەین، بەڵام هەندێك جار كە بارودۆخەكە ئاسایی نابێت، وەك ئەمجارە، ئەوا ناچار دەبین شێوازی دیكە بگرینەبەر، ئەوجا لەم چوارچێوەیەدا ئەو بەرپرسانەی پارتی كە بەرپرسیاریەتییان لەكۆنگرە پێدراوە، ئەو بەرپرسیاریەتییە بۆ چوار ساڵە، بەڵام ئێستا شەش ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بۆیە لەم بارودۆخەدا كە نەتوانین كۆنگرە گرێبدەین، دەبێت گۆڕانكاری ئەنجام بدەین، ئەم گۆڕانكارییانەش لەسەر بنەمای پاداشت و سزا نین، بەڵكو پێویستیی پارتییە بۆ گۆڕانكاری و دووبارە خۆڕێكخستنەوە.
* ئایا ئەم گۆڕانكارییانە پشكی پارتی لە دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە؟
- بەڵێ، بەشێكی زۆرمان لە بەڕێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەرەكان و بەڕێوەبەری ناحییەكان و قائیمقامەكان گۆڕیوە.
* ئەی سەبارەت بە وەزیرەكان، مەبەستم وەزیرەكانی كوتلەی پارتییە لە حكومەت؟
- ئەم مەسەلەیەمان دواخستووە بۆ رێككەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئەگەر پێویست بێت حكومەت دووبارە پێكبهێنینەوە، یان كابینەكە هەموار بكەینەوە، ئەوكات قسە لەسەر ئەو پرسە دەكەین، بۆیە جارێ قسە لەسەر ئەم پرسە نەكراوە.
* ئەی سەبارەت بە پارێزگارەكانی پشكی پارتی، ئایا ئەوان ناگۆڕن؟
- پارێزگارەكان بەهەڵبژاردن بوونەتە پارێزگار، بۆیە ئەگەر بارودۆخەكە لەبار بێت، هەڵبژاردن ئەوەندەی نەماوە.
* ئایا پێتوایە لەكاتی خۆی هەڵبژاردن دەكرێت، یان بارودۆخەكە بەرەو ئەوە دەچێت كە دوابخرێت؟
- ئەگەر لایەنە سیاسییەكان بتوانین رێكبكەوین و پەرلەمان كارا بكەینەوەو بارودۆخەكە ئاسایی ببێتەوە، ئەوا پێموایە دەتوانین لەكاتی خۆی هەڵبژاردن ئەنجام بدەین، بەڵام ئەگەر نەتوانین و بارودۆخەكە بەمشێوەیە بێت، پێموایە دۆخەكە لەبار نابێت و هەڵبژاردنەكە دوادەكەوێت.
Top