مەحما خەلیل : ئومێد دەكەم چۆن شنگال لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە رزگاركرا، هەرئاواش ئاوەدان بكرێتەوە و سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە

مەحما خەلیل : ئومێد دەكەم چۆن شنگال لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە رزگاركرا، هەرئاواش ئاوەدان بكرێتەوە و سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە
ئاشكرایە شنگال لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش دووچاری كارەسات و كاولكاریی گەورە بووە، دوای رزگاركردنیشی لەسەر دەستی پێشمەرگە، پێویستە كارو كۆششی گەورە بخرێتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی خەڵكی شارەكەو دووبارە ئاوەدانكردنەوەی، بۆ هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو ئاستەنگانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی ئەم كێشانەو چەند بابەتێكی دیكەی پێوەندیدار بەم پرسە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل، ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
بوونی پەكەكە لە شنگال نە لەبەرژەوەندیی پەكەكە و
نە لەبەرژەوەندیی خەڵكی شنگالە بەڵكو تەنیا خزمەت بە دوژمنانی كورد دەكات

ئاشكرایە شنگال لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش دووچاری كارەسات و كاولكاریی گەورە بووە، دوای رزگاركردنیشی لەسەر دەستی پێشمەرگە، پێویستە كارو كۆششی گەورە بخرێتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی خەڵكی شارەكەو دووبارە ئاوەدانكردنەوەی، بۆ هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو ئاستەنگانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم چارەسەركردنی ئەم كێشانەو چەند بابەتێكی دیكەی پێوەندیدار بەم پرسە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ قایمقامی شنگال، مەحما خەلیل، ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.

* زیاتر لەساڵێكە شنگال ئازادكراوە، بەڵام هەتا ئێستا خەڵكەكەی هەر لە كەمپەكانی ئاوارەن و نەگەڕاونەتەوە، ئایا ئەو ئاستەنگانە چین كە بوونەتە هۆكاری ئەوەی خەڵكی شنگال نەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- لە راستیدا، سێ تەحەددای گەورە هەن لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵكی شنگال بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، مەترسیدارترینیان بوونی ناشەرعیی هێزی پەكەكەیە لەشنگال، كە بوونی ئەو گرووپ و هێزە ناشەرعییە چەكدارانەش هۆكارێكن بۆ ناسەقامگیری و نائارامی لە ناوچكە، چونكە ئەم هێزانەی پەكەكە چەندین پێشێلكارییان كردۆتە سەر ماڵ و موڵكی خەڵكی، بە رادەیەك گەیشتۆتە سەر رفاندنی منداڵ و كچی ئێزیدی و دوورخستنەوەیان لەدایك و باوكیان و دواتر مەشقپێكردنیان لە سەربازگەكانیاندا. لەكاتێكدا بە هەموو عورف و دابونەریتەكانی كۆمەڵایەتی و ئایینی و تەنانەت سەربازیش مەشقپێكردن و شەڕپێكردنی كچ و كوڕی منداڵ قەدەغەیە و دژی هەموو بەها مرۆیی و ئایینییەكانە، تەنانەت ئەوان بەردەوام لەشنگال و دەوروبەری شنگال لە ململانێدان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی خەڵكی ناوچەكە بە نیگەرانییەوە لە چارەنووسی خۆیان بڕوانن. لەلایەكی دیكەوە، داعش شاری شنگال و دەوروبەری كاول و تاڵان كردووە و لەپرۆسەی ئازادكردنەوەشیدا زیانێكی گەورە بە ژێرخانی شارەكە كەوتووە، بەتایبەتی بوارە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی وەكو كارەباو ئاو و شارەوانی. ئەمە جگە لەوەی تائێستا دەڤەرەكانی دیكەی نزیك لە شنگال رزگارنەكراون. چارەسەركردنی ئەو سێ ئاستەنگەش- نەهێشتنی بوونی پەكەكە لەم دەڤەرەو گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان و ئازادكردنی دەڤەرەكانی دیكەی دەوروبەری شنگال- راستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر گەڕانەوەی خەڵكی شنگال و ئاوەدانكردنەوەی شارەكەیان.

* كەواتە لەئێستادا كێشەیەكی گەورە لەسەر بوونی پەكەكە لە شنگال هەیە؛ ئایا پەكەكە بۆ واز لە شنگال ناهێنێت و بەشێوەیەكی ئاشتییانە ئەو ناوچەیە چۆڵ ناكات؟ ئایا خەڵكی شنگال داوایان نەكردووە كە پەكەكە شارەكەیان بەجێبهێڵێت؟
- خەڵكی شنگال و ئیدارەی شنگال و هێزە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵخانەكانیان هەموویان داوایان كردووە پەكەكە شنگال و تەواوی دەڤەرەكە چۆڵ بكات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەكەكە ئامادە نییە ئەم داواكارییە جێبەجێ بكات، ئەوان دەڵێن: ئەم دەڤەرە بۆ ئێمە ستراتیژییەو ئامادە نین چۆڵی بكەین، ئەم لێدوانانەی ئەوان دژ بە خەڵكی ئێزیدی و رەسەنی ناوچەكەیە كە ئومێدیان گەڕانەوەو ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیانە، نەك جێبەجێكردنی ئەجیندای دەرەكی.

* باس لەوە دەكرێت پەكەكە بە زۆر كچان و كوڕانی ئێزیدی چەكدار دەكات و دەیانڕفێنێت، ئایا تا چەند ئەم كردەوانەی پەكەكە دژە لەگەڵ دابونەریتی ئێزیدیەكان و تا چەند پەكەكە ئەو خەڵكەی بێزار كردووە؟
- ئێزیدی خاوەنی كەلتوورو دابونەریتێكی كۆمەڵایەتی و رەسەنی كوردەوارییە، ئەوان دژی رفاندنی زارۆك و كچ و كوڕەكانیان و دوورخستنەوەیانن لە خێزانەكانیان، هەر ئەمەشە وایكردووە لە ئێستادا ئێزیدیەكان زۆر پەست و بێزاربن لەو رەفتارە، پەكەكە ئازارو مەینەتییەكانی خەڵكی شنگالیان لە 3/8 قۆزتۆتەوە بۆ جێبەجێكردنی مەرام و ئەجیندای خۆیان، فێركردنی دیاردەی چەكداری و ئایدیۆلۆژیەتێكی نامۆ بە چڤاتی ئێزیدییەكان لەناو زارۆك و كچانی ئێزیدی بەبێ رەزامەندی دایك و باوك بێزارییەكی گەورەی لێكەوتۆتەوە.

* هەروەها باس لەوە دەكرێت پەكەكە ئەو عەرەبانەی لای خۆی چەكدار كردووە كە لەكاتی داگیركردنی شنگال پشتگیری داعشیان كردووە، ئایا چەكداركردنی ئەو عەرەبانەی پشتگیری داعشیان كردووە، لەلایەن پەكەكەوە تاچەند ئێزیدییەكانی بێزار كردووە؟
- ئێمە زانیاری و دیكۆمێنتمان هەیە لەسەر ئەوەی ئەو عەرەبانەی دەستدرێژییان كردۆتەسەر شەرەف و خاكی كوردانی ئێزیدی ئێستا چەكداری پەكەكەن و مەشق و راهێنانیان پێ دەكرێت، ئەمەش جێگای قبووڵكردنی ئێزیدییەكان نییە و دڵی ئێزیدییەكانی بەرامبەر پەكەكە رەش كردووە. سەد مەخابن هێزێكی چەكداری كوردی هەر بەوە راناوەستێت كە بە ناشەرعی لەسەر خاك و ماڵ و حاڵمان نیشتەجێ بووە، كەچی دوژمنەكانی گەلی كوردیش چەكدار دەكات و مەشق و راهێنانیان پێ دەكات، دیارە ئەمەش هەر وا لەخۆڕا نەهاتووەو ئەجیندای خراپی لەپشتەوەیە. تەنانەت لەچیای شنگال و ناوچەكەدا چەند دیاردەیەكی رفاندن و كوشتن روویانداوەو خەڵكەكە پەنجەی تۆمەت ئاراستەی پەكەكە دەكەن. ئومێدەوارم بەزووترین كات دادگا تاوانباران بدۆزێتەوەو مافی خەڵكی لێقەوماو ئاشكرا بكات.

* ئێوە وەكو قایمقامی شنگال و نوێنەری فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان؛ ئایا تا چەند دەتوانن لە رێگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رۆڵی خۆتان بخەنەكار بۆ ئەوەی پەكەكە شنگال چۆڵ بكات؟
- راستە شنگال ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانەو تائێستا لە رووی ئیدارییەوە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیی ناوەندیدایە، بەڵام شنگال و تەواوی دەڤەرەكە كوردستانییەو تاكە مەرجەعی ئێمە هەرێمی كوردستانە، هەرلەبەر ئەوە داوامان لەهەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی مەركەزی بەغدا كردووە بێنە سەر خەت و لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانان و باڵێۆزو كونسوڵخانەكانیان فشارێكی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بكەن تاوەكو هێزی چەكداری ناشەرعی پەكەكە بكەنە دەرەوەی شنگال بۆ ئەوەی پەكەكە شنگال و ئێزیدییەكان نەكاتە بەشێك لە ململانێیەكی ئیقلیمی و تائیفی سەخت كە ئێستا لەناوچەكەدا دەیبینین، بوونی پەكەكە لە شنگال نە لە بەرژەوەندیی پەكەكەیە و نە لەبەرژەوەندیی خەڵكی شنگالدایە، ئەمە تەنیا خزمەت بە دوژمنانی گەلی كورد دەكات. شنگال دەڤەرێكی ستراتیژی و ئایینییە و خەڵكەكەی مەزڵوومن و نابێت هیچ هێزێكی ناشەرعی بیكاتە بەشێك لەململانێ و ئەجیندا تایبەتییەكانی خۆی، هەربۆیە خەڵكی شنگال سیناریۆی پەكەكە رەتدەكاتەوەو نایەوێت ببێتە بەشێك لەململانێی ئیقلیمی و تائیفی لەناوچەكە، ئەوان دەیانەوێت بەهێز ئەجینداو مەرامەكانی خۆیان لەناوچەكەدا جێبەجێ بكەن، كە هەرگیز ئەمە جێگای قبووڵكردنی خەڵكی ناوچەكە نییە.

* باسی ئەجیندای دەرەكی پەكەكە دەكەیت، مەبەستت لەوە چییە؟
- بوونی پەكەكە لەشنگال و جێنەهێشتنی دەڤەرەكە دژ بە ئیرادەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگەو خەڵكی ئێزیدییە و خۆی لەخۆیدا بەڵگەیەكی روونی بوونی ئەجیندای دەرەكییە، بەڵام هەردەبێت بڕیاری گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە زیان بەخۆیان دەگەیەنن.
* سەبارەت بەدووبارە ئاوەدانكردنەوەی شنگال باس لەوە دەكرێت كە شنگالی ئێستا وەكو مۆنۆمێنتێك بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدیەكاندا هاتووە، وەك خۆی دەمێنێتەوە و شنگالێكی نوێ دروست دەكرێت، ئایا ئەم پرۆسەیە تاچەند هەنگاوی بۆ هەڵگیراوە؟
- تائێستا چەند هەنگاوێكی زۆر لاواز بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال هەڵگیراون، ئێمە وەكو ئیدارەی شنگال داوامان كردووە شنگال ببێتە مۆنۆمێنتێك تاوەكو وەكو مۆزەخانەیەكی لێبێت و شاهیدی ئەو كۆمەڵكوژییە بێت كە دەرهەق بەگەلی كورد كراوە، بۆ ئەوەی نەوەكانی داهاتووی كوردی ئێزیدی ئەو تاوانە گەورەیە لەیاد نەكەن كە دەرهەقیان كراوە، هەر لەو مۆنۆمێنتەشدا بە قارەمانێتی پێشمەرگەو شەهیدەكانی ئازادكردنی شنگال و ناوچەكەیان ئاشنا بن. سەبارەت بەئاوەدانكردنەوە یا نۆژەنكردنەوەی شنگال پێویستە لەسەر بنەمای زانستی و ماستەرپلان و شارەزایی بونیادبنرێتەوە، چەندین جاریش داوا لەحكومەتی مەركەزی عێراق كراوە بودجەو پارە تەرخان بكات بۆ ئەو بەشە رزگاركراوەكەی شنگال، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێكی نەبووە سەبارەت بەحكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەمووان دەزانن ئەو گەمارۆ ئابوورییەی بەغدا و قەیرانی دارایی رێگرە لەبەردەم تەرخانكردنی بودجە بۆ ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە، بەڵام ئێمە ئومێدمان بە دەوڵەتانی هاوپەیمانان و دۆست هەیە كە بودجەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال تەرخان بكرێت.
* بەڵام ئەوەی ئاگادارین تا ئێستا لەبارەی بەجینۆسایدكردنی كۆمەڵكوژییەكەی ئێزیدییەكانیش لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی كاری جددی و پراكتیكی نەكراوە، تەنانەت چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە كە تا ئێستا كاری لەسەر نەكراوە؟
- لەو بەشەی دەڤەری شنگال كە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە ئازادكراوە، پێشبینی بوونی 50 گۆڕی بەكۆمەڵ دەكرێت، كە تائێستا لەو ژمارەیە 30 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە و بە مەزەندە دەكرێت روفاتی زیاتر لە 1600 كەسی تێدا بێت، كە داوامان كردووە لایەنە پێوەندیدارەكان كاری لەسەر بكەن، چونكە لەلایەنی دەروونیشەوە ئێش و ئازارێكی گەورەی دەروونی بۆ كوردانی ئێزیدی دروست كردووە، لەبەر ئەوە پێویستە رێز لەو شەهیدانە بگیرێت و ناسنامەكانیان ئاشكرا بێت بۆ كەسوكارەكانیان، هاوكات پێویستە بەشێك لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بكرێنە مۆنۆمێنت، لە رووی یاسایی و ناساندنی كۆمەڵكوژییەكەشەوە هەموو رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و مافی مرۆڤ و لایەنە پێوەندیدارەكانی دیكەی نێودەوڵەتی، بە دیكۆمێنت و داتاو زانیاری، ئاگاداری وردی ئەو جینۆسایدەن و لە سەردانەكەماندا بۆ نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ بەرپرسانی بەشی جینۆسایدو مافی مرۆڤ كۆبووینەوە و باسی ئەو دۆسێ گرنگەمان كردو بەڵێنییان پێداین كە پاڵپشتی دۆسێی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی بكەن، بەڵام پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێك دەربكات بۆ ئەوەی دادگای باڵای لاهای لەسەر ئەم دۆسیەیە كاربكات.
* لەدوای پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ باس لەدووبارە رێكخستنەوەی پارێزگای نەینەوا دەكرێت، ئایا تاچەند ئامادەباشی كراوە بۆ ئەوەی شنگال ببێتە پارێزگایەكی سەربەخۆی سەر بەكوردستان؟
- خواستی خەڵكی شنگال ئەوەیە دەڤەرەكەیان ببێتە پارێزگایەك، چونكە لایەنی كۆمەڵایەتی و ئایینی و جوگرافیایی ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە چیدیكە شنگال ناتوانێت بەهەمان نەخشەی ئیداریی پێشوو بمێنێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی كۆمەڵكوژی دەرهەق بەگەلی كوردی ئێزیدی ئەنجامدرا. بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری گەڕانەوە بدرێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەمە بڕیارێكە و دەبێت خەڵكی شنگال بیدەن، نەك عێراق و حزبە سیاسییەكانیان، چونكە پێش شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ، شنگال و تەواوی دەڤەرەكە بەشێكی دانەبڕاو بووە لەهەرێمی كوردستان و بەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دادەنرا، ئێستاكەش بەخوێنی شەهیدەكان و قارەمانێتی پێشمەرگەو سەرۆك بارزانی ئازادكراو جارێكی تر سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە رێگە نادات شنگال بكەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی حكومەتی عێراق و سوپای عێراق، كە كەمتەرخەم بوون بەرامبەر بەرگریكردن و پاراستنی كوردانی ئێزیدی. ئێستاكەش لەناو چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە هێزی تایبەت بە ئێزیدییەكان بوونیان هەیەو ئەوان رۆڵەی شنگالن و لەتوانایاندایە بەرگری لە خاك و نیشتمانی كوردان بكەن. بۆیە داواكارم چەكی قورس و گەورە بدرێتە لەشكری فەرماندەیی شنگال و مەشق و راهێنانی زیاتریان پێ بكرێت بۆ ئەوەی توانای پاراستن و بەرگریكردنی ئێزیدییەكانیان هەبێت لەئەگەری هەر هێرشێك كە دەرهەق بەخەڵكی شنگال و دەڤەرەكە هەبێت. خەڵكی شنگالیش چیتر قبوڵ ناكات هێزێكی ناشەرعی وەكو پەكەكە، یان سوپای عێراق لە دەڤەرەكەیان بوونی هەبێت. ئەوان ئێستا لەچوارچێوەی هێزی پێشمەرگە خاوەنی لەشكری شنگالن كە لەسەر دەستی جەنابی سەرۆك بارزانی شارەكەیان ئازادكراو پێشمەرگە خوێنی بەخشییە ئازادكردنی خاكی ئێزیدییەكان و سەرۆك بەڵێنی خۆی بۆ كوردانی ئێزیدی جێبەجێ كردووە، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای هاتنی هێزی نێودەوڵەتیش بكات بۆ ناوچەی شنگال، چونكە ئەم ناوچەیە لە رووی جوگرافیاوە دوورەدەستەو دەڤەرێكی فراوانەو پێویستی بەهاوكاری و پاڵپشتی زیاتر هەیە، بۆ ئەوەی جارێكی تر تیرۆریستەكانی داعش یان چەكدارەكانی حەشدی شەعبی و پەكەكە لەم دەڤەرە ئەجیندەی خۆیان جێبەجێ نەكەن، چونكە كوردانی ئێزیدی كەمینەیەكی ئایینین و پێویستییان بە ساقامگیری هەیە لە رێگەی بڕیارێكی نێودەوڵەتییەوە بۆ ئەوەی مافیان پارێزراو بێت. من وەكو قایمقامی شنگال ئومێدم بە سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە زۆرە كە هەرچۆن بەڵێنی ئازادكردنەوەی شارەكەیان دا، هەرواش پارێزگاری لێبكەن و سەقامگیری بۆ بگەڕێننەوە و ئاوەدانی بكەنەوە. ئومێدیشم زۆرە بەحكومەتی هەرێمی كوردستان كاری جددی لەسەر ونبووەكان و رفێندراوەكانی كچ و منداڵە ئێزیدییەكان بكات و رێز لە گۆڕە بەكۆمەڵەكان بگرێت و وەكو مۆنۆمێنتێك پارێزگارییان لێبكات و پرۆژەی ستراتیژیی لەناوچەكەدا جێبەجێ بكات. دەستخۆشیش لەحكومەت و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای دهۆك دەكەین كە لە رووی رێگاوبان و شارەوانی و كارەباو خزمەتگوزارییەكانەوە كاری باشیان ئەنجامداوە، بەتایبەتی پرۆژەی ستراتیژی راكێشانی تۆڕی كارەبا لەبەنداوی موسڵەوە بۆ دەڤەرەكە، بەڵام شنگال كاولكاری و كارەساتی زۆری بەسەردا هاتووە و پێویستی بە كۆششی زۆر زیاتر هەیە.
Top