راجەوی ئەسەد : ترەمپ پشتیوانی لەو هێزانە دەكات كە شەڕی داعش دەكەن لە نێویاندا كورد

راجەوی ئەسەد : ترەمپ پشتیوانی لەو هێزانە دەكات كە شەڕی داعش دەكەن لە نێویاندا كورد
راجەوی ئەسەد پڕۆفیسۆرە لە سكووڵی كاروبارە گشتییەكان لە زانكۆی مینۆسیتا، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك ئابووری و سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا. بۆ تاوتوێكردنی پاڵنەر و كاردانەوەكانی بڕیارەكانی ئەم دواییە ئیدارەی ترەمپ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باسكردن لەو رێگاچارانەی پێشبینی دەكرێت ئەم ئیدارەیە لە ئاست ئەم ناوچەیە بیانگرێتەبەر، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە هاتەئاخاوتن.
* ئایا چۆن لە ئاكام و كاریگەرییەكانی ئەو بڕیارانەی ئەم دواییەی سەرۆك ترەمپ دەڕوانیت؟
- بە شێوەیەكی گشتی من لەگەڵ دەركردنی ئەم بڕیارانەی سەرۆك ترەمپدا نیم، چونكە پێموایە جیاكاری لەخۆدەگرن و بە هیچ شێوەیەك نابنەهۆی بەهێزكردنی بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەمەریكا، هیچ بەڵگەیەكی دیاریكراو لەئارادا نییە كە ئەو هاووڵاتیانانەی لەم وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دێن، بەشداربن لە هێرشكردندا لە ناو خاكی ئەمەریكادا. لەبەر ئەوە پێناچێت ئامانجەكانی خۆی بپێكێت و بگرە رەنگە دۆخەكە خراپتریش بكات.
* كەواتە بە بۆچوونی ئێوە ئەمە هەنگاوێكی هەڵەیەو دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە؟
- بەڵێ، بە بۆچونی من دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە و ئاماژەیەكی هەڵەش دەنێرێت بۆ دۆستەكانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ئەو خەڵكانەی كە ئێمە پشتیان پێدەبەستین بۆ شەڕكردن لە دژی تیرۆریزم.
* كەواتە ئەگەر وابێت ئایا هۆكاری دەركردنی ئەم بڕیارانە چییە لەلایەن سەرۆكی نوێی ئەمەریكاوە؟
- هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە بەڕێز ترەمپ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا هەڵوێستی دژ بە كۆچبەرانی گرتەبەرو ئۆباڵی ئەو كێشانەشی خستەئەستۆیان كە رووبەڕووی هەندێ لە ئەمریكییەكان بۆتەوە، ئێستاش دەیەوێت بڵێت ئەو بەڵێنە جێبەجێ دەكات كە لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی بۆ دەكرد.
* ئایا پێتوایە ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەبێت لە دەركردنی ئەم جۆرە بڕیارانە؟
- لە راستیدا ئێمە لە ماوەی هەفتەی رابردودا هەڵكشانی بەرهەڵستییەكانمان لە بەشە جیاوازەكانی نێو ئەمەریكادا بینی، ئەمە جگە لەو ناڕەزایەتییەی لە دەرەوەی ئەمەریكاشدا دروست بووە. لە ئێستادا دادگاكانی ئەمەریكا خەریكن لە روانگەیەكی یاساییەوە تەحەددای ئەم بڕیارانە بكەن، هەروەها بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكانیش ناڕەزایەتی و بەرهەڵستی دەردەبڕن، كە بینیمان خەڵكانێك لەسەر شەقامەكان و لە فڕۆكەخانەكانی ئەمەریكادا ناڕەزاییەتیان دەربڕی، بە هەمان شێوە كەسانێك هەن لە نێو پارتی كۆمارییەكانیشدا كە پشتیوانی ناكەن. كەواتە بە تێپەڕبوونی كات ناڕەزایەتییەكان دژی ئەم بڕیارانە زیاتر دەبن.
* ئایا پێشبینی دەكەیت دادگاكانی ئەمەریكا كار لەسەر پووچەڵكردنەوەی ئەم بڕیارانە بكەن؟
- دەتوانین پێشبینی بكەین كە دەسەڵاتی قەزائی بە شێوەیەكی سنووردار دەستتێوەردان بكات، لە ئێستادا هەوڵەكانیان بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ ئەوەیە ئەو كەسانە ئازاد بكرێن كە لە نێو فڕۆكەخانەكاندا گیریان خواردووە و بۆ پشتیوانیكردنی ئەو كەسانەیە كە راستەوخۆ دەكەونە ژێر كاریگەری سلبی ئەم بڕیارانەوە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی سەرۆكی ئەمەریكا ئازادییەكی زۆری پێدراوە لەلایەن دادگاكانەوە بۆ داڕشتنی سیاسەتی دەرەوە و ئەو سیاسەتانەی كە پەیوەستن بە كۆچبەرانەوە، لەبەر ئەوە جێی سەرسوڕمانی من دەبێت ئەگەر دادگا هەوڵەكانیان بەو ئاڕاستەیەدا ببەن كە بیانەوێت بە تەواوەتی ئەم بڕیارانە رابگرن.
* ئایا دەكرێت تانەی نادەستووری بوون لەم بڕیارانە بدرێت؟
- لە راستیدا دەكرێت تانەی نادەستووری بوون لە هەندێ بەشی ئەم بڕیارانە بدرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەست بێت بە كەمینە ئایینییەكانەوە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی دەستووری ئەمەریكا ئازادییەكی زۆری بە سەرۆكی ئەو وڵاتە داوە بۆ داڕشتنی ئەم جۆرە سیاسەتانە.
* ئایا كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان دژی ئەم بڕیارانە چی دەبن؟
- لە راستیدا ئێمە حاڵی حازر هەندێ كاردانەوەمان بینی، ئەوە بوو پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا كە مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ ئەمەریكا بكرێت، ئەمەش دۆخەكە ئاڵۆز دەكات، لەبەر ئەوەی ئەمەریكا پێویستی بەوە هەیە كە خەڵكانی خۆی بنێرێت بۆ عێراق بۆ هەماهەنگیكردن لە شەڕی دژ بە داعشدا. هەروەها كاردانەوە لە بەشەكانی دیكەی جیهانی ئیسلامی دەبینین. بە هەمان شێوە چەندین كاردانەوە لە نێو ئەوروپاشدا دروست بوو لە ئاست ئەم بڕیارانەدا، ئیدی لەلایەن ئەڵمانیاوە بێت، یان فەڕەنسا، یاخود بەریتانیا. ئەوەی جێی سەرسوڕمانە هێشتا ئێمە كاردانەوەمان لەلایەن میسر، یان سعودیەوە نەبیستووە و ئەم دوو دەوڵەتە لەم رووەوە بێدەنگن و پێموایە هێشتا تاوتوێی ئەوە دەكەن ئایا بەڕێز ترەمپ دۆستە یان نەیار.
* بە شێوەیەكی گشتی پێتوایە ئیدارەی نوێی ئەمەریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەكات؟
- لە راستیدا ئێمە هەندێ بۆچوونمان لا گەڵاڵە بووە، لە پێوەندی بە ئیسرائیلەوە، ئەوا پشتیوانی رەفتارە هەرە توندەكانی ئیسرائیل دەكات لە پێوەندی بە فراوانكردنی كۆمەڵگە جوولەكەنشینەكانەوە، لەگەڵ پرسی گواستنەوەی باڵیۆزی ئەمەریكا بۆ قودس، هەروەها ئەو كەسەی كە هەڵبژێردراوە بۆ ئەوەی ببێتە باڵیۆزی ئەمەریكا لە ئیسرائیل ئاماژەیە بەوەی كە سەد دەر سەد پشتیوانی ئیسرائیل دەكات. لە پێوندی بە سووریاوە، ئەوا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە نزیكەوە كار لەگەڵ رووسیا دەكات بۆ شەڕكردن لە دژی داعش، ئەمەش واتە كار لەگەڵ رووسیادا دەكات هاوشان بە سەرۆك ئەسەد، واتە ئەو كار لە دژی ئەو كەسانە ناكات كە هەڵساون بە پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ، بەڵكو رێگاچارەیەكی پراگماتی دەگرێتەبەر و پتر كار لەگەڵ ئەو رژێمانەدا دەكات كە لە دەسەڵاتدان تا ئەو كاتەی ئەمە خزمەت بە شەڕكردن لە دژی داعش و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەمەریكا بكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* پێتوایە لە نێوان رێگاچارەی دەستتێوەردانی جۆرج بوش و كشانەوەی ئیدارەی ئۆبامادا رێگایەكی تایبەت هەڵدەبژێرێت؟
- لە راستیدا رێگاچارەی ئەو بریتییە لە دەستتێوەرنەدان، چونكە دروشمی ئەو بریتییە لەوەی بە پلەی یەك بایەخ بە ئەمەریكا بدرێت، تەنیا ئەگەر رووداوێك رووبدات كە پێیوابێت كاریگەری لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەبێت، ئەو پێی باش نییە دەستتێوەردان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بكات، چونكە ئەو ئاماژەی بەوە كردووە كە پاڵپشتی پرۆسەی بنیادنانی نەتەوەو پەرەپێدانی دیموكراسی ناكات و كار لە دژی پێشێلكارانی مافەكانی مرۆڤ ناكات. كەواتە لەو كاتەدا دەستتێوەردان دەكات كە پیێوابێت دۆخەكە هەڕەشەیەكی راستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دروست دەكات.
* بەڵام ئایا هەوڵەكان چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی بە خێرایی داعش تێكبشكێنێت؟
- ئەوە دەقاودەق قسە و لێدوانی ئەوە و رایگەیاندووە كە ئەم كارە دەكات.
* بەڵام ئایا ئەمە رێی تێدەچێت، لەبەر ئەوەی ئەمە ئەركێكی ئاسان نییە؟
- لە راستیدا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا كار لەسەر ئەمە كراوە، ئەویش بە پشتیوانی هێزەكانی عێراق و هەروەها كاركردن لەسەر شاری رەققە، من پێموایە داعش لەسەر خاكی خۆی تێكدەشكێندرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا لە دڵ و عەقڵەكاندا تێكدەشكێندرێت، بەلای منەوە ئەمە ئەركێكی قورسە. بەڵام ئەگەر پرسیارەكە ئەوەبێت ئایا داعش ئەو خاكە لە دەست دەدا كە كۆنتڕۆڵی كردووە، ئەوا پێموایە ئەمە تەنیا مەسەلەی كاتە.
* كەواتە بە تێڕوانینی ئێوە پێویستە كار لەسەر ئەو هۆكارە ریشەییانە بكرێت كە لە بنەڕەتدا بوونەهۆی دروستبوونی داعش؟
- بەڵێ بە دڵنیاییەوە، چونكە دۆخی عێراق و سووریا دوای تێكشكاندنی داعش زۆر نائارام و ناسەقامگیر دەبێت و هەندێ لە هۆكارە ریشەییەكان دەمێننەوە، لەبەر ئەوە تەنیا مەسەلەی كات دەبێت پێش ئەوەی قەوارەیەكی هاوشێوەی داعش سەرهەڵبداتەوە لەو بەشەی جیهاندا. لەبەر ئەوە پێموایە پێویستە هەوڵەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەماهەنگی بكرێت و رەنگە جێگیركردنی هێزی ئاشتیپارێزیش لەخۆبگرێت، بەڵام پێموانییە لە ئێستادا ئەو دەرفەتە لەئارادا بێت.
* ئەی پێتانوایە هاوكاری و یارمەتی زیاتر دەستەبەر بكات بۆ ئەو هێزانەی كە راستەوخۆ شەڕی داعش دەكەن، وەك كوردی عێراق؟
- بە دڵنیاییەوە سەرۆك ترەمپ پشتیوانی لە هێزەكانی عێراق دەكات، ئیدی هێزەكانی حكومەتی عێراق بن یان هێزە كوردییەكان، لە سووریادا دۆخێكی ئاڵۆزتر هەیە، چونكە چەندین لایەن تێوەگلاون لە شەڕەكەدا و پێموایە توركیا رێگری دەكات لە گەیشتنی پشتیوانی بە كورد، واتە سنوورێك هەیە بۆ هاوكاریكردنی كورد لەلایەن ئەمەریكاوە بەهۆی بەرهەڵستی توركیاوە. لە ئێستاشدا توركیا هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا و ئێراندا دەكات و سەرۆك ترەمپیش رایگەیاندووە كە هەماهەنگی لەگەڵ رووسیادا دەكات و منیش نازانم ئەمە چۆن دەكەوێتەوە لە پێوەندی بە پشتیوانیكردنی ئەمەریكا بۆ كوردی سووریا.
* ئەی پێتانوایە ئیدارەی سەرۆك ترەمپ بە چ شێوەیەك مامەڵە لەگە ئێراندا دەكات بۆ ئیحتیواكردنی رۆڵ و دەسترۆیشتوویی ئەم وڵاتە لەم ناوچەیەدا؟
من لەو باوەڕەدا نیم كە ئەمەریكا لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە، ئەگەرچی فشارەكانیش لەسەر ئەو وڵاتە زیاتر دەكات، لە سووریاشدا هەماهەنگی لەگەڵ رووسیادا دەكات نەك ئێران، ئەگەرچی ئەمە واتای ئەوەشە كە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ روسیا و رژێمی سووریا دەكەن، كە ئەوەش پشتیوانییە بۆ ئێران.
Top