بەدەل بەندی: گەڕانەوەی ئێمە بۆ رۆژئاوا دەبێتە هۆی پتەوكردنی گیانی هاوكاری و یەكترقبووڵكردن
February 15, 2017
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە كە كچان و كوڕانی پێشمەرگەی رۆژئاوا بەشدارییەكی راستەقینەو كارایان لە شەڕی تێكشكاندنی داعشدا هەبووە، بەتایبەتی لە میحوەرەكانی (رەبیعە، شنگال، خازر، بەعشیقەو تلسقۆف)، لەم پێناوەشدا قوربانی و فیداكارییەكی زۆریان كردووە. پرسی گەڕانەوەی ئەم هێزە بۆ رۆژئاوای كوردستان و رێگرییەكانی پەیەدە لەم رووەوە، هەروەها كاریگەری ئەم گەڕانەوەیە لەسەر توندوتۆڵكردنی گیانی پێكەوەژیان لە رۆژئاواو چەند پرسێكی دیكەی پێوەندیدار، بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ بەدەل بەندی فەرماندەی هێزی 1ی لەشكری رۆژ كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.هاوپەیمانان بە سەرسوڕمانەوە لە نەبەردییەكانی كچان و كوڕانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ دەڕوانن
* سەرەتا دەمانەوێت بزانین هێزی رۆژ چۆن پێكهات و رۆڵ و ئەركیان لەچیدا چڕدەبێتەوە؟
- لە راستیدا هێزی رۆژ، هێزێكی كوردستانییەوەو بەبێ جیاوازی پێشمەرگەی هەر چوار پارچەكەی كوردستان لەخۆ دەگرێت. وەزارەتی پێشمەرگەو جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان هاریكاری ئەم هێزەن. ئەوەی پێوەندی بە سەرپەرشتیكردن و هەڵسووڕاندنی ئەم هێزەشەوە هەبێت، ئەوا ئەم ئەركە لەئەستۆی بەڕێز لیوا عەزیز وەیسی- یە، كە فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانییە، ئێمەش هەر ئەركێكمان لەهەر شوێنێك، پێ بسپێردرێت، ئەوا ئامادەین بۆ ئەنجامدانی و ئەوە نزیكەی دوو ساڵە ئێمە لە سەنگەرو بەرەی شەڕداین دژ بە داعش، لەم رووەشەوە چەندین شەهیدمان بەخشیوە، كە خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستانی تێدایە، ئەمەش مایەی سەربڵندی و سەرفرازای ئێمەن و شەهیدبوونی پێشمەرگە ورەی ئێمە ناڕووخێنێت، بەپێچەوانەوە، لەحاڵەتی شەهیدبوونی هەر پێشمەرگەیەكدا، هەڤاڵەكانی بەگوڕو تینی زیاترەوە چەكی ئەو شەهیدە هەڵدەگرنەوەو درێژە بە خەباتكردن دەدەن. چونكە باوەڕیان بە رەوایەتی بەرگریكردن لە خاك و بە راست و دروستی رێبازی بارزانی نەمر و بە سەركردایەتی سەرۆك مسعود بارزانی پتەوتر دەبێت. ئێمە لە میحوەری سەدی موسڵ كە هێزەكانی ئێمەی تێدا جیگیركراوەو لە گوندی سەهلجدا چەندین شەهیدمان بەخشی، چونكە لە سەرەتادا دووچاری شەڕێكی سەخت و دژوار بووینەوە لەگەڵ داعشدا. ئەو كاتەش شەڕەكە لە سەرەتادا بوو، فڕۆكەكانی هاوپەیمانانیش وەك پێویست هاوكار نەبوون، بەڵام ئێمە باوەڕمان بە میللەت و بە سەرۆكی خۆمان بەهێز بوو، بۆیە توانیمان بەرەنگاریان ببینەوە. لە پێوەندی بە بریندارەكانیشمانەوە، ئەوا لە ماوەی شەڕی داعشدا پتر لە 220 بریندارمان هەبووە.
* ئێوە وەك لەشكری رۆژ كە زۆربەتان كوردی رۆژئاوان و هێزێكی كاریگەرن، ئایا هەتا ئێستا پێوەندیتان لەگەڵ هاوپەیمانان چۆنە، بەتایبەتی ئەمریكا، ئایا ئێوە لە رێگەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانەوە هاوكاری دەكرێن، یان وەك هێزێكی رۆژئاوا بەنیازن لە چوارچێوەی یارمەتییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی رۆژئاوا ئێوەش پشكتان هەبێت؟
- لە راستیدا ئێمە پێوەندییەكی پتەو و بەهێزمان لەگەڵ هاوپەیماناندا هەیە و ئەوان هاریكاری ئێمە دەكەن، چونكە قەناعەتیان بەوە هەیە ئێمە لەشكرێكی كوردستانین و بگرە زۆر سەرسام بوون كاتێك لە نزیكەوە بینیان كە چۆن گەنجی ئێمە بەرگری لە خاك و وڵاتی خۆی دەكات. سەبارەت بە هاوكاری هاوپەیمانانیش، ئێمە پێشوازی لە هەر لایەن و دەوڵەتێك دەكەین كە هاوكار و پشتیوانمان بن، چونكە كورد میللەتێكی ستەملێكراوە، ئەگەرچی ئێمە هەرگیز سازشمان بۆ دوژمنی خۆمان نەكردووەو ستەممان قبووڵ نەكردووە و لەم رووەوە چەندین فیداكاریمان كردووە، بۆیە كارێكی زۆر ئاساییە كە هاوكاری بكرێین.
* ئایا ئێوە بە نیازی گەڕانەوەن بۆ رۆژئاوا؟
- ئاشكرایە كە زۆربەی ئەو كەسانەی لە نێو هێزەكەی ئێمەدا- بە لیوای 1 و لیوای 2یشەوە- گەنجی رۆژئاوان، بەڵام ئەگەر داوامان لێبكرێت، نەك بۆ رۆژئاوا، بەڵكو بۆ باكوور و بۆ هەر شوێنێكی دیكە بێت، ئێمە ئامادەین قوربانی بدەین و بەرخودان و خەباتی خۆمان درێژە پێبدەین و بێ دوودڵی داكۆكی لە كەرامەتی میللەتی خۆمان دەكەین.
* ئایا لە ئێستادا پەیەدە رێگری لە گەڕانەوەتان دەكات بۆ رۆژئاوا؟
- پەیەدە برای ئێمەیە، ئەو ماوەیە لە نێو رێبازی كوردایەتیدا خزمەتی میللەتی خۆم كردبێت، چەكم بۆ رزگاری میللەتەكەم هەڵگرتووە و هیچ كاتێكیش هەستم نەكردووە كە جەنابی سەرۆك بارزانی جیاوازی كردبێت لە نێوان كوردانی باكوور و باشوور و رۆژهەڵاتی و رۆژئاوا، بەڵكو ئامانجی ئەو، ئەوەیە كە بەرگری لە سەرجەم كورد بكرێت، چونكە ئێمە دەزانین كە ئەمە رێبازی مەلا مستەفا بارزانی-ی نەمر بوو كە دواتر جەنابی سەرۆكی لەسەر پەروەردە كرد. لەبەر ئەوە جەنابیان هەر فەرمانێك بكات، ئێمە بە خۆشحاڵی و بە سەربڵندییەوە جێبەجێی دەكەین، لە ئێستاشدا مەسەلەكە ئەوە نییە لایەنێك رێگری لە گەڕانەوەی ئێمە بكات، بەڵكو بە تێگەیشتنی شەخسی من هەل و مەرجێكی سیاسی دروست بووە كە بۆتەهۆی ئەوەی نەتوانین وەك پێویست هەر كارێك بمانەوێت، ئەنجامی بدەین. راستە پەیەدە رایگەیاندووە كە «ئەگەر ئەوەی پێی دەوترێت هێزی رۆژئاوا، روو لە رۆژئاوا بكەن، ئەوا ئێمە ناچارین شەڕی براكوژی لەگەڵ ئەواندا بكەین»، بەڵام وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە كە ئەوان برای ئێمەن و خەمی هاوبەشمان هەیە و ئەركەكان لە ئەستۆی هەموومانە، لەبەر ئەوە چوونی ئێمە بۆ ئەوێ بۆ ئەوەیە پێكەوە هاوكاری یەكتر بین و بەرگری لە كوردستان بكەین و ناچین شەڕی براكوژی بكەین.
* بەڵام شەهیدتان هەبوو، كەچی ئەوان رێگرییان كرد لە بردنەوەی بۆ رۆژئاوا؟
- بەداخەوە، ئەوان پێچەوانەی بیروباوەڕی سیاسیی خۆیان هەڵسوكەوتیان كرد، ئەمەش تێڕوانینی خەڵكی رۆژئاوا نییە، چونكە رێگریكردن لە گەڕانەوەی تەرمی موریدی مەلا مستەفا بۆ رۆژئاوا كاریگەری لە خەڵكی ئێمە ناكات لە رۆژئاواو بگرە زیاتر پابەندیان دەكات بە هزری رێبازی مەلا مستەفا و سەرۆك بارزانی-یەوە.
* بەڵام ئەوان تەنانەت رێگری لە ئاڵای كوردستانیش دەكەن؟
- لە راستیدا ئەگەر ئەوان رێگری لە تەرمی گەنجێك بكەن كە لە پێناوی خاكی خۆیدا بۆتە قوربانی و خوێنی بۆ ئازادی ئەم گەلە رشتبێت، ئەوا بەبەرچاوی راگەیاندنەكانیشەوە دەستكاری ئاڵای كوردستان دەكەن.
* ئەگەر ئێوە بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوا، ئایا تا چەند ئەم گەڕانەوەیەتان دەبێتەهۆكارێك بۆ پێكەوەژیان و باشتر داكۆكیكردن لە خاكی كوردستان؟
- لە حاڵەتی گەڕانەوەمان بۆ رۆژئاوا ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵی و گوڕو تینەوە ژیانێكی سەربەرزانە لەگەڵ خەڵكی رۆژئاوا و برا و خوشكەكانمان لە رۆژئاوا بەسەر دەبەین و دەبینەهۆی بەهێزكردنی یەكترو یەكتر قبووڵ دەكەین. چونكە جگە لە یەكترقبووڵكردن هیچ رێگاچارەیەكی دیكەمان لەبەردەمدا نییە، لەبەر ئەوەی كوردستانی ئێمە یەكە، ئەگەر پێشتر هەر هێزێك هاتبێت و دەستی بەسەر بەشێكیكدا گرتبێت، ئەوا لە ئێستادا بە قەناعەتی من كورد لەو قۆناغە دەرباز بووە و خەڵكی ئێمە هۆشیار بۆتەوە و ئێستا ئێمە- هەروەك جەنابی سەرۆك فەرمانی كردووە- لە یەك سەنگەرداین و خوێنمان تێكەڵ بووە، لەبەر ئەوە ئێمە وەك كورد لێكجیاناكرێینەوە، ئەگەرچی تێڕوانین و بۆچوونی سیاسی جیاوازیشمان هەبێت، كە ئەوە حاڵەتێكی زۆر سرووشتییە. گرنگ ئەوەیە هەموومان لە پێیناوی ئازادیی كوردستاندا خەبات بكەین.
* ئایا لەو ناوچانەدا كە ئێوەی تێدا جێگیركراون، پەكەكەو پەیەدە كێشە دروست دەكەن؟
- لە ناوچەیەی ئێمە تێیدا جێگیركراوین، وەك لەشكری 1، هیچ كێشەیەك نەبووە، ئەوەی پێوەندی بە لەشكری 2یشەوە هەبێت كە لەسەر سنوورن، ئەوا هەندێ جار گرفت دروست بووە، بەڵام دۆخەكە نەگەیشتۆتە خۆێنڕشتن و پشت بە خوا بوار نادەین بە دروستبوونی دۆخێك كە براكانمان- ئیدی لە باشوور بن، یان باكوور، لە رۆژهەڵات بن، یان رۆژئاوا- خوێنیان بە دەستی یەكتر برژێت.
* ئەی چۆن لە رۆڵی ئەو كچانە دەڕوانیت كە لە لەشكرەكەی ئێوە درێژە بە خەبات دەدەن؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، گەنجی هەر چوار پارچەی كوردستان پێكەوە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن، خوشك و برایانی ئێمەش لە لەشكری رۆژ بە بێ جیاوازی بەرگری و بەرخودان دەكەن و رۆڵی بەرچاویان هەبووە و شەهیدیان داوە و هاوپەیمانان شایەتحاڵی ئازایەتی و قارەمانێتی گەنجی ئێمەن بە كوڕ و كچەوە. ئێوە دەزانن داعش هێزێكی مەترسیدار بوو، گەورەترین هێزی تیرۆریستی بوو، بەڵام یەكەمین جار لەسەر دەستی پێشمەرگە بوو دووچاری شكست بووەوە. پێشمەرگەش لە كوڕ و كچانی ئێمە پێكهاتوون و پێكەوە و بە سەرپەرشتی و سەركردایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی بەرگرییان لەم وڵاتە كردووە. لە ئێستاشدا پێشمەرگە بۆتە رەمزێك بۆ بەرگریكردن لە تەواوی مرۆڤایەتی و لە سەرجەم ئایینەكان. تەنانەت لە شەڕی رزگاركردنی موسڵیشدا، تاوەكو پێشمەرگە سەنگەرەكانی پێشەوەی داعشی تێكنەشكاند، هێزی سەربازی عێراق پێشڕەوی نەكرد. ئەوەی جێی دڵخۆشییە بۆ سەرجەم خەڵكی كوردستان، بە هەر چوار پارچەكەوە، ئەوەیە كە بۆ یەكەمین جار سوپای عێراق لە ژێر ئاڵای كوردستاندا تێپەڕی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەر موسڵ. ئەمە رووداوێكی كەم نەبوو. ئەگەرچی ئەو كاتەی ئێمە لە شەڕدا بووین لە دژی داعش، حكومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی نەكردین، تەنانەت هەندێ جار كێشەو ئاستەنگیشی بۆ دروست كردین، بەڵام ئێمە بە پێچەوانەی ئەوانەوە رەفتارمان كرد، ئەوەتا بریندارەكانیان لە نەخۆشخانەكانی ئێمە چارەسەریان بۆ دەكرێت.
* بەم دواییە لەلایەن فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەوە راگەیەندرا كە دەتوانن 10 هەزار پێشمەرگە ئامادە بكەن بۆ ئەوەی هاوكاربن لە جێگیركردنی سەقامگیری لە رۆژئاوا، ئایا ئێوە بەشێكن لەم هێزە؟
- بە دڵنیاییەوە، ئەمە دەبێتەهۆی پتەوكردن و پاڵپشتیكردنی هێزەكەی ئێمە، بەڵام ئەمە حاڵەتێكی زۆر سرووشتییە ئەگەر لەلایەن سەركردایەتی و بەتایبەتی لەلایەن جەنابی سەرۆكەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. هەروەها من بە كارێكی پیرۆزی دەزانم كە ببێتە هێزێكی بنەڕەتی بۆ بەرگریكردن لەكوردستان، لە ئێستاشدا ئەوان سەرقاڵی خۆئامادەكردن و مەشقكردنن.
* ئایا ژمارەیەك لە كوڕ و كچانی رۆژئاوا داوایان كردووە پێوەندی بەم هێزەوە بكەن؟
- بەدڵنیاییەوە، من دەمەوێت ئەوەتان پێ بڵێم كە گەنجانی ئێمە حەماسێكی بێ سنووریان هەیە بۆ كوردایەتی و بەتایبەتی بۆ رێبازی بارزانی و جەنابی سەرۆك و بێ ئەندازە وەفادارییان هەیە بۆی. ئەوان دەزانن رێبازی راستەقینەی كوردایەتی، رێبازی جەنابی سەرۆك بارزانی-یە، چونكە جەنابی سەرۆك لە دۆخە هەر دژوارەكانیشدا سازشی لەسەر مافەكانی كورد نەكردووە.
* هەندێ حزبی سیاسی هەن لە رۆژئاوا كە دوچاری تەنگپێهەڵچنین دەبنەوە لەلایەن پەیەدەوە، ئایا پێوەندی ئێوە لەگەڵ ئەو حزبانەدا چۆنە؟
- ئێمە وەك لەشكری رۆژ، لەشكرێكی كوردستانیین و گرفت و ئاستەنگمان بۆ كەس دروست نەكردووە، گرێدراوی سەركردایەتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی-ین. دواتر من كەسێكی سیاسی نیم، بەڵام هیوادارام چ پەیەدە و چ پەكەكە ئەو كارە بكەن كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات و دۆخێك دروست نەكەین كە خەڵكی دیكە فشارمان لەسەر دروست بكەن و دواتر بە زیانی میللەتەكەمان بشكێتەوە، هیوادارام پەكەكە ئەم كارە نەكات، بەڵام ئەگەر ئەم كارە بكەن، ئەوا كچ و كوڕی كورد ئەمە لە پەكەكە قبووڵ ناكەن.
* بەڵام هەست ناكەیت هەندێ ئاژاوە و كاری ناڕەوایان لە شنگال كردووە؟
- لە راستیدا ئەوان دەتوانن بچنە ئامەد و دیاربەكر خزمەت بكەن، ئەمە رای شەخسی منە، كە رەنگە من یەكەم كەس بم پشتیوانیان لێبكەم، بەڵام ئەگەر بڵێن ئێمە لە شنگال دەمێنینەوە و حوكمی دەڤەری شنگال دەكەین، ئەوا ئەمە مومكین نییە، بەڵام سروشتی جەنابی سەرۆك ئەوەیە كە تاوەكو لای هەموو كورد ساغ نەبێتەوە كە كەسێك دووبەرەكی دروست دەكات و ناپاكی دەكات، هەڵوێست لەدژی وەرناگرێت و رێگە نادات خوێنی گەنجی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، بەڵام ئەگەر دۆخەكە گەیشتە ئەو راددەیە ئەو كاتە پێیان دەڵێین فەرموو ئێرە جێی ئێوە نییە، ئەگەر چۆڵیشی نەكەن، ئەو كاتە هەڵوێستمان دەبێت.