بروس روسێت : ئەوەی ترەمپ دەیكات رەفتارگەلێكی دیموكراسیی سەیر و سەمەرەن
February 14, 2017
دیمانەی تایبەت
بروس روسێت پڕۆفیسۆری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و زانستی سیاسییە لە زانكۆی یاڵ، پێشتر سەرۆكی دیراساتی نێودەوڵەتی بووە، بۆ شرۆڤەكردنی بڕیارو هەنگاوەكانی ئەم دواییە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و دەرهاویشتەكانی ئەو بڕیارانە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* ئایا تێڕوانینتان چییە لەبارەی ئەو هەنگاوانەی بەم دواییە ئیدارەی ترەمپ هەڵیگرتن، بەتایبەتی لەپێوەندی بە رێگریكردن لە چوونی هاووڵاتیانی چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نێو ئەمەریكا؟
- لە راستیدا ئەمانە وەك كۆمەڵە بڕیارێك دەردەكەون كە هەم دەرئەنجامی سەرلێشێواوی بن و خۆشیان سەرلێشێوێنەر بن، بەهەرحاڵ روونە كە ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا مامەڵەیەكی دۆستانە ناكات لەگەڵ پرسی كۆچبەرانی زۆرێك، نەك سەرجەم وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكان، یاخود ئەو وڵاتانەی زۆرینەی دانیشتووانەكەیان موسڵمانن. من بە راشكاوی دەیڵێم و پێموایە ئەمە مایەی نادادپەروەرییە لە پێوەندی بە عێراق، كە لەم وڵاتەدا چەندین كەس هەن كە هاوكارییان لەگەڵ ئەمەریكییەكاندا كردووە، ئەگەری ئەوە هەیە ببنە ئامانجی داعش، یاخود لە ئێستادا لەلایەن داعشەوە بە ئامانج گیراون، ئەمەش مایەی قبووڵكردن نییە.
* بە تێڕوانینی ئێوە بۆچی ترەمپ پەنای بردەبەر دەركردنی ئەم بڕیارانە؟
- پێموایە ترەمپ بە دڵنیاییەوە وەڵامدەرەوەی ئەو كەسانەیە كە بەداخەوە لەگەڵ ئەوەدان كە كۆت و بەندی زیاتر بخرێتەسەر هاتنی ئاوارەكان، لەبەرئەوەی ترسیان هەیە – كە ترسەكەشیان لە جێی خۆی نییە- لەوەی كە لە راستیدا ئەو ئاوارانە كەسانی تیرۆریست بن. بەلای منەوە ئەمە پاڵنەرەكەیە، بەڵام زۆر زەحمەتە بزانین پاڵنەرەكانی سەرۆك ترەمپ چین.
* ئایا پێتوایە ئەم بڕیارانەی لێكدژن لەگەڵ بنەما دیموكراسییەكان و تەنانەت دەستووری ئەمەریكاشدا؟
- من پارێزەری بواری یاسای دەستووری نیم، بەڵام بەلای كەمەوە ئەمانە رەفتارگەلێكی دیموكراسیی سەیرو سەمەرەن.
* ئایا پێشبینییەكانتان چین لەبارەی كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان لە دژی ئەم بڕیارانە؟
- من نازانم و ناتوانم ئەمە یەكلابكەمەوە، بەڵام زۆرێك لە وڵاتان- كە رەنگە خوێنەرەكانی ئێوەش باش بزانن- ژمارەیەكی زیاتری ئاوارەیان وەرگرتووە،- هەر وڵاتێك بە تەنیا- بە بەراورد بە ئەمەریكا، كەواتە دەكرێت بڵێین لە ئێستادا ئەمەریكا كەمتر سەخاوەتمەندە و كەمتر پێشوازی لە ئاوارەكان دەكات بە بەراورد بە وڵاتانی ئەوروپا. ئەگەرچی وڵاتانی ئەوروپاش ترسیان لە ئاوارەكان هەیە، بەڵام هەرچۆنێك بێت، زۆرێك لەم وڵاتانە سیاسەتی پێشكەوتوو و سەخاوەتمەندانەیان گرتۆتەبەر لە ئاست كۆچبەراندا، ئەگەرچی ئەوەندەی پێیان كراوە بە وریاییەوە مامەڵەیان كردووە.
* ئایا چۆن ئەو لێدوانەی سەرۆك ترەمپ لێكدەدەیتەوە كە باسی لەوە كردبوو كە هەوڵەكان چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی خێرا داعش تێكبشكێنێت؟
- ئەمە قسەیەكی بێ مانایە، داعش بە شێوەیەكی خێرا تێكناشكێت، بەدڵنیاییەوە داعش دەوڵەتێكی راستەقینە نییە و سەركردایەتی و شوێنكەتووانی تەواو پەرت و بڵاو بوونەتەوە. كەواتە بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت لە رێی هێزی ئاسمانی، یان ستراتیژیەتە سادەكانی دیكەوە داعش لە ناو ببات.
* ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە ئەم بڕیارانە ببنەهۆی بەهێزكردنی بانگەشەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك داعش؟
- من پێموایە دەبنەهۆی بەهێزكردنی ئەوەی ئێوە پێی دەڵێین بانگەشەكان. ئەمەش بابەتێكی مەترسیدارە.
* كەواتە ئێوە پێتانوایە قەدەغەكردنی چوونی هاووڵاتییانی ئەم وڵاتانە بۆ ئەمەریكا نابنەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ئەمەریكا؟
- ئەمە راستە.
* لە پێوەندی بە ئێرانەوە ئایا پێتوایە ئیدارەی ترەمپ چ سیاسەت و ستراتیژیەتێك دەگرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران؟
- بە دڵنیاییەوە ئەگەر هەوڵبدات بە یەكجاری لەو رێككەوتنە بكشێتەوە كە گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، ئەوا بارودۆخەكە بە تەواوەتی هەڵدەكشێت. بەڵام من نازانم ئەو هەوڵدەدات چی بكات و چی دەكات، ئەمە ئیدارەكەیە كە پێشبینی هەنگاوەكانی ناكرێت.