ولیام بانكس : دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لە بەرژەوەندیی ئەمەریكادایە
February 8, 2017
دیمانەی تایبەت
ولیام بانكس بەڕێوەبەرو دامەزرێنەری ئامۆژگای ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە و پڕۆفیسۆری كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە سكووڵی ماكسوێڵ لە زانكۆی سیراكیوز، بۆ تاوتوێكردنی پرسەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بەتایبەتی لەپێوەندی بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و چڕكردنەوەی هەوڵەكانی ئەم ئیدارەیە بۆ تێكشكاندنی شەڕی داعش و چەند بابەتێكی پێوەندیداری دیكە، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەكردو ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە بۆچوونەكانی كرد.* بە تێڕوانینی ئێوە تا چەند گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ئاماژەیە بە هاتنەئارای سەردەمێكی نوێ لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا؟
- لە راستیدا پێدەچێت وابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، چونكە دۆناڵد ترەمپ لێدوانی زۆری دا لەسەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و پێش ئەوەی سوێندی سەرۆكایەتی بخوات كە ئاماژە بوون بە هاتنەئارای گۆڕانكاری دراماتیكی، بەڵام ئەو تەنیا چەند رۆژێكە لە حوكمڕانیدایە، كەواتە بۆ ئەوەی بزانین كە سەرۆكایەتییەكەی چ كاریگەرییەكی لێدەكەوێتەوە، دەبێت بۆ ماوەیەكی دیكە چاوەڕێ بكەین.
* ئاشكرایە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن ترەمپەوە ناڕەزایەتی لێكەوتەوەو ئەو ناڕەزایەتییەش بە شێوەی خۆپیشاندان و رێپێوان گوزارشتی لێكرا، ئایا خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم رووداوانە چییە ؟
- ئاشكرایە كە بەرهەڵستییەكی گەورە هەیە بۆ ئەو گۆڕانكارییەی كە لەسەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا باسی لە ئەنجامدانیان كرد، دەكرێت ئەو بەرهەڵستییانە لەلایەن هەردوو پارتەكەوە بووبێت، دەكرێت لەلایەن دۆڕاوەكانەوە بێت لە حزبی دیموكراتەكان، كە بۆی هەیە كاریگەرییەكی كەمی سیاسی هەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت ماوەیەك تێپەڕێت بۆ ئەوەی بزانین كە كاریگەری بەرهەڵستییەكان، یان دەنگی جیاوازی نێو كابینەكەی چی دەبن، كە بۆی هەیە ببنە بەربەستی دژوار لەبەردەم ئەو سیاسەتانەی كە خوازیارە جێبەجێیان بكات، بەڵام ئەگەر ئەوانە كەمینە بن، ئەوا دەستڕۆیشتووییەكی زۆریان نابێت.
* كەواتە ئایا دەتوانین بڵێین كە دابەشبوون و جەمسەرگیرییەكی قووڵ لە نێو كۆمەڵگەی ئەمەریكیدا دێتەئاراوە؟
- ئەمە ئەگەرێكە و زۆر رێی تێدەچێت، لەبەر ئەوەی دەنگدانەكە و هەڵبژاردنەكە زۆر لێكنزیك بوون و هەڵمەتەكەش زۆر توند بوو، ئاماژەی ئەوەش لەئارادایە كە دەنگدەرانی ئەمەریكا زیاتر و زیاتر دابەش بووبێتن لەم ساڵانەی دواییدا. دووپاتی دەكەمەوە دەبێت چاوەڕێ بكەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن حوكمڕانییەكە هەڵدەسووڕێت.
* پێشتر هیچ سەرۆكێكی ئەمەریكا بە ئاشكرا ئاماژەی بە تیرۆریزمی ئیسلامی نەكردووە، بەڵام سەرۆك ترەمپ لە یەكەم وتاری سەرۆكایەتیدا ئەم دەستەواژەیەی بەكارهێناو بەڵێنی تێكشكاندنی دا، ئایا ئەمە نابێتەهۆی دوورخستنەوەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی؟
- من نیگەرانم لەوەی كە ئەم ئاكامەی لێدەكەوێتەوە، هەڵبژاردنی وشەكان لەلایەن بەڕێز ترەمپەوە جێی داخ بوو. من هیوادارام لە هەفتەكانی سەرەتای سەرۆكایەتییەكەیدا راوێژكارەكانی كاری لەگەڵ بكەن بۆ داڕشتنی پەیامێكی هاوسەنگتر. پێموایە سەرۆك ئۆباما كارێكی زۆر باشی كرد لە گوزارشتكردن لە سیاسەتی ئەمنی ئەمەریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بە بێ برینداركردنی هیچ گرووپێكی ئیتنی یان ئایینی، هیوادارم بەڕێز ترەمپیش هەمان كار بكات.
* بە بۆچوونی ئێوە ئایا كاردانەوەی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لەسەر ئەم لێدوانە چی دەبێت؟
- ئەگەر تۆنی لێدوانەكانی نەگۆڕێت و ئەگەر بەردەوام گوتاری دژ بە موسڵمانان بدات، هەروەك ئەوەی لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا بینیمان، ئەوا بە دڵنیاییەوە جیهانی ئیسلامی كاردانەوەی بەهێزیان دەبێت لە دژی، ئەو كاتەش هیچ یەكێك لە ئێمە گلەییان لێناكات.
* سەرۆك ترەمپ جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە تێكشكاندن و لەناوبردنی داعش یەكێك دەبێت لە ئەولەوییتە سەرەكییەكانی، ئێمەش دەزانین كە كورد رۆڵی زۆر كارای بینیوە لە شەڕی دژ بە داعشدا، كەواتە ئایا لۆژیكییە پێشبینی ئەوە بكەین كە ئیدارەی ترەمپ لە ئایندەدا هاوكاری و پشتیوانی زیاتری كورد دەكات؟
- پێموایە دەبێت زۆر باش ئاشنا بكرێت پێش ئەوەی لەم رووەوە بڕیار بدات. هەروەها من دڵنیانیم لەوەی ئەندامە باڵاكانی نێو ناوەندی ئاسایشی نەتەوەیی زانیاری و پاشخانێكی زۆریان هەبێت لەبارەی كوردستان و خواستی كوردەوە. ئومێدی من ئەوەیە كە وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری هەندێ بەرچاوڕوونی بدەنێ لەبارەی ناوچەكەی ئێوەو جیهانەوە پێش ئەوەی بڕیاری گرنگ بدات.
* سەرۆك ترەمپ لە دەستنیشانكردنەكانیدا بۆ كێشەی عێراق ئۆباڵی دروستبوونی داعشی خستە ئەستۆی بڕیاری ئیدارەی ئۆباما بۆ كشانەوە لەعێراق و هەروەها سیاسەتە زیانبەخشەكانی حكومەتی بەغدا، كەواتە ئایا دەكرێت بڵێین ترەمپ كار بۆ جێگیركردنی هێزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات و گوشار لەسەر حكومەتی بەغدا دەكات بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە پرۆسە سیاسییەكەدا؟
- من پێموایە ئەوەی لەبەرچاو گرتووە كە ئەو سیاسەتانەی تا ئێستا پیادەكراون تا راددەیەك سەركەوتوو بوون، هێزە عێراقییەكان سەرقاڵی دەرپەڕاندنی داعشن لە عێراقدا، ئەگەرچی ئێمە دەزانین ئەمە بە خێرایی روونادات و ئەمەریكاش پشتیوانی ئەو سیاسەتە و سەركەوتنی ئەو سیاسەتە دەكات.
* بەڵام پێتوانییە رەوتی رووداو و پەرەسەندنەكان لە عێراقدا بە چەشنێكن كە بوونەتەهۆی ئەوەی گومان بكرێت لەوەی ئەم وڵاتە بە یەكگرتوویی و یەكپارچەیی بمێنێتەوە؟
- بەڵێ، من هاوڕا بووم لەگەڵ بۆچوونەكانی جێگری سەرۆك، جۆزێف بایدن كە جەختی لەسەر گرنگیی لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی ناوچەیی لە چوارچێوەی خودی عێراقدا كرد، لەگەڵ پشتیوانیكردنی سەربەخۆیی بۆ كورد. بەڵام پێموایە قەناعەتپێهێنانی سەركردایەتی ترەمپ و ئەندامانی ئیدارەكەی بۆ ئەوەی بەم شێوەیە ئاشنابن بە واقیعەكە و تێگەیشتنێكی قووڵیان هەبێت بۆ دۆخی عێراق، كار و كۆششێكی زۆری دەوێت.
* كەواتە پێتوایە ناكرێت دەركەوتنی دەوڵەتی كوردی لە ئاسۆدا نادیدە بگیرێت؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەوەدا و ئومێدەوارین لەم سەروەختەدا ئەو پرسە بەرەوپێش بچێت.
* ئایا پێتوایە لە حاڵەتی دروستبوونی ئەو دەوڵەتەدا، ئەوا دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت؟
- لە ئەمەریكادا مەسەلەكە بەندە بە سەركردایەتی ئەم وڵاتەوە، چونكە خەڵكی ئەمەریكا زانیارییەكی زۆریان نییە لە بارەی كوردستان و لەبارەی سیاقی ناوچەكەی ئێوە، لەبەر ئەوە دەبێت سەركردایەتی ئەو سیاسەتە بگرێتەبەر كە باسی لێوەدەكەین و دواتر دەبێت وەك پێویست خەڵكی پێ ئاشنا بكەن بۆ ئەوەی بوار بۆ پشتیوانیكردنی ئەو سیاسەتە لەم وڵاتەدا بڕەخسێندرێت، كە پێویستە دواتر ئەمەریكا پەرە بەم سیاسەتە بدات لەنێو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندا، وەك نەتەوە یەكگرتووەكان.
* ئەی پێتانوایە دروستبوونی دەوڵەتی كوردی خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاش دەكات؟
- بەڵێ، پێموایە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان لەم ساتەوەختەدا خزمەتی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا دەكات.
* پێتوایە ئیدارەی ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ ئێراندا دەكات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی كە ترەمپ هەمیشە رەخنەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە گرتووە و بە رێككەوتنێكی زۆر خراپی وەسف كردووە؟
- من وای دەبینم كاتێك وردە وردە ئاشنا دەبێت بە وردەكارییەكانی رێككەوتنەكە و بە هەموو لایەنەكانی، ئەوا بۆی دەردەكەوێت كە رێككەوتنێكی باشەو زۆر زەحمەت دەبێت كە هەڵبستێت بە هەڵوەشاندنەوەی. راستە ئیسرائیل فشار دەكات بۆ كشانەوە لە رێككەوتنەكە، یاخود بۆ گۆڕینی بەندەكانی، بەڵام بە شێوەیەكی گشتی زۆر لایەنی رێككەوتنەكە هەن كە نەك لە بەرژەوەندی ئێرانییەكاندان بە تەنیا، بەڵكو لە بەرژەوەندی ئەمەریكاشن.
* ئەی پێتوایە چ رێكارێك دەگرێتەبەر بۆ ئیحتیواكردنی ئێران؟
- لە ئێستادا گفتوگۆیەك بەڕێوەدەچێت لەگەڵ ئیسرائیل و هەروەها ئەوروپیەكانیشدا بۆ ئیحتیواكردنی ئێران و بەردەوامبوون لەسەر باشتركردنی پێوەندییەكان.
* ئەی پێتوایە دەبێت چی بكات بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لەم ناوچەیەدا؟
- پێموایە دەبێت جەخت لەسەر بازرگانی و رێككەوتنی ئابووری بكاتەوە، لەگەڵ هاوكاری كەلتووری كە رەنگە ئەمانە ئیجابیترین هەنگاو بن كە هەڵیبگرێت، ئەمەش بە رەوتێكی خێرا روونادات.
* پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چییە؟
- باشترین دۆخێك كە بێتەپێشەوە ئەوەیە پێوەندییەكان لەگەڵ ئێران و عێراقدا بەرەو پێش ببات، هەروەها ئیسرائیل هەوڵ بدات بگاتە چارەسەرێكی ئاشتییانە لەگەڵ فەلەستینیەكاندا. لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخی سووریا لە رێگەی رێككەوتنی دیپلۆماسییەوە لە نێوان لایەنەكاندا، خراپترین دۆخیش ئەوەیە كە ئاستی توندوتیژی بەردەوام بێت و وڵاتانیش بچنە حاڵەتی دوژمنایەتییەوە لەگەڵ یەكدا و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی وەك داعش گەشە بكەن.