پیتەر كاتزنشتاین : لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپدا عێراق پێگەیەكی گەورەی نابێت

پیتەر كاتزنشتاین : لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپدا  عێراق پێگەیەكی گەورەی نابێت
پیتەر كاتزنشتاین پڕۆفسیۆری دیراساتی نێودەوڵەتییە لە زانكۆی كۆڕنێڵ، پێشتر سەرۆكی كۆمەڵەی زانستی سیاسیی ئەمەریكی بووەو لە چەند ئامۆژگایەكی بەناوبانگ توێژەر بووە، وەك ئامۆژگای پریسنتۆن بۆ توێژینەوەی باڵاو سەنتەری وودرۆ ویڵسۆن. بۆ قسەكردن لەبارەی كاریگەرییەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر كاروبار و سیاسەتە نێودەوڵەتییەكان، بەتایبەتی ئەو ئاكام و ئەنجامانەی چاوەڕوان دەكرێت لەسەر ئەم ناوچەیە هەیانبێت و چەند پرس و بابەتێكی گرنگی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* زۆر لە چاودێران پێیانوایە دوای ئەوەی ترەمپ چووە كۆشكی سپییەوە، سیاسەتی نێودەوڵەتی گۆڕانكاری ئەوتۆی بەسەردا دێت كە دەگاتە ئەوەی بڵێین جیهانی پێش ترەمپ و جیهانی دوای ترەمپ، ئایا ئەم پێشبینییە لە جێگەی خۆیدایەو جیهان بەو ئاستە گۆڕانكاری بەسەردا دێت كە هاتنی ترەمپ لێكی جیادەكاتەوە؟ ئایا دەتوانین بڵێین كە رۆژگارێكی نوێ دەستی پێكردووە؟
- لە راستیدا هێشتا زووە ئەمە یەكلابكەینەوە. پەرەسەندنەكانی ئەوروپا لە ساڵی 2017دا بە هەمان ئەندازە گرنگییەكی گەورەیان هەیە، هەروەها ئەوەش گرنگە كە ترەمپ ئەنجامی دەدات، نەك ئەوەی رایگەیاندووە كە ئەنجامیان دەدا.
* لەگەڵ دەست بەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك 45ـەمین سەرۆكی ئەمەریكا، جۆرێك لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە ئەمەریكا و ئەوروپا و شوێنەكانی دیكەی جیهان بەڕێوەچوو، ئەمەش یەكەم جارە بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا دەكرێت، ئایا تا چەند ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینانە كاریگەری لەسەر ئەدای ئیدارەكەی ترەمپ دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی؟
- لە راستیدا خودی ئەم خۆپیشاندانانە كاریگەرییەكی گەورەیان لێناكەوێتەوە. خۆپیشاندانە نێودەوڵەتییەكان بۆ پشتیوانیكردنی ئۆباما زۆر هاوكاری نەبوون لەسەر ئاستی ناوخۆیی، بەڵام ئەگەر حەمماسی ئەو گردبوونەوە بەربڵاوانە ببنەهۆی ئاستێكی بەرزتری بەشداریكردن و دەنگدان لە ساڵی 2018 و 2020، ئەوا كاریگەرییان دەبێت. كەسایەتیی ترەمپ بە چەشنێكە كە جەمسەرگیرییەكی قووڵ دروست دەكات و ئەو كەسانەی كە خۆپیشاندانیان كردووە، هەرگیز جارێكی دیكە دەنگی پێنادەنەوە.
* هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەولەوییەتی ئیدارەكەی ئەوە دەبێت كە هەوڵەكانی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش چڕتر بكاتەوە بۆ ئەوەی داعش بە توندترین شێوە تێكبشكێنێت، ئەمەشی بە هاوكاری ئەو لایەنانە بۆ دەكرێت كە راستەوخۆ شەڕی داعش دەكەن، بیروبۆچوونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا پێموایە ئەو زوو بەو راستییە ئاشنا دەبێت كە كاركردن لە نێو لایەنە شەڕكەرە جیاوازەكانی شەڕی بەوەكالەتی سووریا (رووسیا، توركیا، ئێران و سعودیە)، نابێتە هۆی ئەوەی گرتنەبەری دیپلۆماسییەتێكی سادە سەركەوتوو بێت.
* ترەمپ نەیشاردۆتەوە كە هۆكاری سەرەكیی سەرهەڵدانی داعش ئەوەیە كە ئیدارەی ئۆباما هێزەكانی لە عێراق كشاندەوەو حكومەتی عێراقیش سیاسەتێكی خراپی لە حوكمڕانی پیادە كرد، كەواتە ئەمە مانای ئەوەیە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە داعش دروست نەبێتەوە، ترەمپ هەوڵدەدات هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كوردستان بمێنێتەوە، هەروەها پرۆسەی سیاسی رێكبخاتەوە، ئایا تا چەند سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە عێراق سیاسەتێكی جیاواز دەبێت لە ئیدارەی ئۆباما؟
- لە راستیدا دەتوانین یەك شت بە دڵنیاییەوە بڵێین، ئەویش ئەوەیە كە ئێمە نازانین چۆن هەڵسوكەوت دەكات. پێدەچێت ئێوە پێتانوابێت كە قسەكانی ترەمپ پێوەندییان بە رەفتارەكانیەوە هەبێت. ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە. چونكە ئەو دەستەواژە و دەربڕینەكانی بۆ دروستكردنی ئاڵۆزی و تەمومژی بەكاردەهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت مروونەتێك بۆ خۆی دەستەبەر بكات. لە هەموو ئەو پرسانەی ئێوە ئاماژەیان پێدەكەن، ئەو شارەزاییەكی زۆری نییە لەبارەیانەوەو بۆچوونی زۆر جیاوازی هەیە لەگەڵ هەندێ لە ئەندامە باڵاكانی كابینەكەی و خودی پارتەكەی، كەواتە كێ دەزانێت ئەو چی دەكات؟
* ئەوانەی دیراسەتی بارودۆخی عێراق دەكەن، گومان لەوە دەكەن كە عێراق وەك دەوڵەتێكی یەكگرتوو بمێنێتەوە، ئایا پێتوایە چارەنووسی ئەم وڵاتە دابەشبوون بێ؟ ئایا پێت وایە لە ئاسۆدا سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانی دەركەوتووە؟
- لە راستیدا هیچ شتێك بە دوور نازانرێت، بەڵام عێراق پێگەیەكی گەورەی نابێت لە ساڵانی سەرەتای سەرۆكایەتییەكەی ترەمپدا، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە كە رووداوی دەرەكی رووبدەن و ناچاری بكەن ئەم كارە بكات.
* سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دیارە ترەمپ هەڵوێستی توند بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران دەگرێتەبەر و جەختی لەوەش كردووەتەوە كە رێككەوتنی ( 5+1 لەگەڵ ئێران) خراپترین رێككەوتنە كە كراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە رێوشوێنی توند دەگرێتەبەر بەرامبەر ئێران، ئایا ئەمە زەمینەی ئەوە دروست ناكات كە بۆ خۆپاراستن گورزێكی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت؟
- هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد پێموایە تێڕوانینی ئێوە لەسەر ترەمپ ورد نییە، لەبەر ئەوەی پێتانوایە لێدوانەكانی گرێدراوی دەرئەنجامگەلێكی چاوەڕوانكراون. لەبەر ئەوەی بەشێكی زۆری لێدوانەكانی بەم شێوەیە نین، تەنیا چاوەڕوان دەكرێت كار لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە بازرگانی و دروستكردنی دیوار و داعش بكات، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی بنكە سیاسییەكەی.
Top