مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: هاوپەیمانیی تازەی پارتی و یەكێتی دەبێتە بناخە بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووریی كوردستان

مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان: هاوپەیمانیی تازەی پارتی و یەكێتی دەبێتە بناخە بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان و تێپەڕاندنی قەیرانی ئابووریی كوردستان
ئاوارەكانی شنگال كە تەنیا لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 200 هەزار كەس دەبن، هەموویان لە كەمپەكان ماونەتەوە و ناتوانن لە ترسی گێچەڵی پەكەكە بگەڕێنەوە
پرۆسەی گۆڕانكاری تەنیا گۆڕینی دەموچاوەكان نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە ئارادان

ئاوارەكانی شنگال كە تەنیا لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 200 هەزار كەس دەبن، هەموویان لە كەمپەكان ماونەتەوە و ناتوانن لە ترسی گێچەڵی پەكەكە بگەڕێنەوە

ساڵی 2017 هەر لەسەرەتاوە وەك ساڵێكی ئومێدبەخش بۆ كوردستان دەستی پێكرد، بەتایبەتی كە لە دەستپێكی ساڵی تازەدا فرانسۆ ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا سەردانی كوردستانی كردو دوای ئەویش بینالی یەلدڕم سەرۆك وەزیرانی توركیا و هەروەها چەندین شاندنی باڵای وڵاتانی دیكەی جیهان لەسەر ئاستی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە هاتنە كوردستان و پشتگیری خۆیان بۆ كوردستان و پێشمەرگە دووبارە كردەوە.
لەسەر ئاستی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی كوردستانیش هەر لە دەستپێكی ساڵی تازە باس و خواستێكی گەرم لەسەر رێككەوتنی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان هاتۆتەئاراوە وەك دوو هێزی سەرەكی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان، ئەمەش لە پێناوی رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و چارەسەركردنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان. هەروەها هەنگاوهەڵگرتن بەرەو پرسی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ و وتووێژێكی جددی لەگەڵ حكومەتی بەغدا بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاشتییانە پێوەندیی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق وەك دوو دەوڵەتی هاوسێ دیاری بكرێت.
لایەنێكی دیكەی گرنگ كە ساڵی 2017 لە دەستپێكدا بەخۆیەوە بینی، دەست بەكاربوونی ئیدارەی تازەی ئەمریكایە بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ، كە ئەویش هەر لەهەفتەی یەكەمی دەست بەكاربوونیەوە جیهانی رووبەڕووی كۆمەڵێك گۆڕانكاری سەیر و چاوەڕواننەكراو كردۆتەوەو پێشبینی ئەوەشی لێدەكرێت كە لەسەر ئاستی سیاسەتی نێودەوڵەتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆمەڵێك گۆڕانكاری خێراو چاوەڕواننەكراو بێنێتەئاراوە.
دیارە هەریەك لەم پرسانە كۆمەڵێك پرسیاری لە دووتوێی خۆیدا حەشارداوەو هەندێك لەو پرسیارانە پێویستی بە كۆمەڵێك میكانیزم هەیە، كە دەبێت سەركردایەتی سیاسی لە كوردستاندا خۆی بۆ ئامادەبكات، یان تێڕوانینێكی تایبەتی هەبێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پێشهات و گۆڕانكاری و هەڕەشە و تەحەدیانەی لەم قۆناخەدا رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دیدارێكی كراوەی بۆ رۆژنامەنووس و راگەیاندكارانی دامودەزگاكانی راگەیاندنی پارتی لەگەڵ مەحمود محەمەد بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن و وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی رێكخست و لەم دیدارەدا بەمجۆرە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوەو دیدو تێڕوانینی پارتی لەسەر رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان و چارەسەركردنی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەكان و پێگەی كوردستان لە هاوكێشە ناوچەویی و نیودەوڵەتییەكاندا دایەوە

خوێندنەوەیەك بۆ ئێستای كوردستان
لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و نیودەوڵەتی
لە دەستپێكی ئەم دیدارە كراوەیەدا، مەحمود محەمەد وەك بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن و وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێوەیەكی گشتگیرانەو لەسەر چەند ئاستێكی جیاواز بارودۆخی ئێستای كوردستانی بەمجۆرە پۆڵین كرد:
1- پرۆسەی سیاسی لە ناوخۆی كوردستان و گرنگیی كاری پێكەوەیی پارتی و یەكێتی لەم قۆناخەدا.
2- پێوەندی و هەماهەنگی ئێستای نێوان عێراق و كوردستان و بەردەوامیی ئەم هەوڵانە بۆ دیاریكردنی پێوەندیی نێوان كوردستان و عێراق لە ئایندەدا.
3- تەواوی ناوچەكە و جیهان بە قۆناخێك لە گۆڕانكاری خێراو چاوەڕواننەكراودا تێدەپەڕێت، دەبێت كوردستان لەناو ئەم گۆڕانكارییە خێراو چاوەڕواننەكراوانەدا چ نەخشەڕێگەیەی هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییە خێراو چاوەڕواننەكراوانە لە ئاستی پێویست وەڵامدانەوەی هەبێت و مەترسی و هەڕەشەكان تێپەڕێنێت و سوود لەم هەلە مێژووییە وەربگرێت.
4- پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان چۆن هەنگاو هەڵدەگرێت، بۆچی لە 2016 گشتپرسی لەسەر پرسی سەربەخۆیی ئەنجام نەدرا؟
5- شنگال چۆن ئاوەدان بكرێتەوەو چۆن لەگەڵ پەكەكە مامەڵە بكرێت بۆ ئەوەی نەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی شنگالدا؟
6- كۆنگرەی ئاستانە بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا و رۆڵی كورد لەو پرۆسەیەدا.
سەبارەت بەهەر یەكێك لەم تەوەرانە سەرەتای وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان رەهەندە گرنگەكانی خستەڕوو، پاشان لە میانەی پرسیاری رۆژنامەنووساندا زیاتر قسە لەسەر هەر یەكێك لەم تەوەرانە كرا، كە لەم راپۆرتەدا بە شێوەیەكی وردتر دەیانخەینەڕوو.
پرۆسەی سیاسی كوردستان و
بەرپرسیاریەتی پارتی و یەكێتی لەم قۆناخەدا
لەسەر ئەم پرسە گرنگە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرەتا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە بارودۆخی سیاسیی ئێستای ناوچەكەو جیهان بە بەراورد لەگەڵ ساڵێك، یان دووساڵ پێش ئێستا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەم جیاوازییەش رەنگدانەوەی ئەوەیە كە پرۆسەیەكی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەئارادایە كە وەك ساڵانی 1916 و 1917 و 1918ی سەدەی رابردوو جارێكی دیكە سەرلەنوێ دووبارە رێكخستنەوەی ناوچەكە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئەم پرۆسەیە كەی دەست پێدەكات و چۆن دەبێت، ئەمەیان پرسێكە تا ئێستا بە تەواوەتی رەهەندەكانی ئاشكرا نین، بەڵام گومان لەوەدا نییە كە پرۆسەیەكی لەم شێوەیە لەئارادایەو سیمای ئەم پرۆسەیەش لەو گۆڕانكارییە گەورانەدا دەردەكەون كە ئێستا لە گۆڕانكاری لە هاوپەیمانی هێزەكان لەسەر ئاستی ناوچەكەو نێودەوڵەتی دەستی پێكردووەو پێوەندییەكانی پێشووی پچڕاندووە و خەریكە رایەڵەی هاوپەیمانی تازە دەردەكەون.
بۆیە لەم چوارچێوەیەدا گرنگە بۆ كاراكتەرە سیاسییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین: ئێمە وەك ئەو كیانە سیاسییەی ئێستا كە لەناو ئەم هاوكێشەو گۆڕانكارییە خێرایانە بوونمان هەیە، ئایا لە ئاستی ئەو گۆڕانكارییە خێرایانەو ئەو هاوكێشە سیاسییە تازانەداین كە خەریكە لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دێنەئاراوە؟ ئایا ئێستا ئێمە لەو ئاستەداین كە بتوانین لەنێو ئەم گەمە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەدا بارودۆخەكە بۆ بەرژەوەندی خۆمان سوودی لێوەربگرین؟ ئایا چۆن دەتوانین سەنگ و پێگەی خۆمان لەناو ئەم هاوكێشە سیاسییە تازانەدا سەنگین و قورستر پیشان بدەین؟ بیگومان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە هەموویان پێویستیان بەوەیە كە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەچاوێكی واقیعییانە سەیری بارودۆخی ئێستا بكەن و هەموو پێكەوە هەوڵەكانمان چڕبكەینەوە بۆ ئەوەی نێوماڵی كوردستان رێكبخەینەوە و تواناكانمان یەك بخەین بۆ ئەوەی كێشە سیاسییەكان و قەیرانی ئابووری چارەسەر بكەین.

ئەوەی جێگەی ئومێد و گەشبینییە بۆ پرۆسەی رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی قەیرانەكان، ئەوەیە كە لەسەر ئاستی دیدو بۆچوونی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆمەڵێك گۆڕانكاری دروست بووە، بەتایبەتی لەنێوان ئەو لایەنانەی كە ئامادەباشیی خۆیان پیشانداوە، یان ئەو لایەنانەشی كە ئامادەباشییان هەیە و دەیانەوێت هاوكاری سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بن، ئەمەش زەمینەی ئەوەی دروستكردووە كە پێكەوە خوێندنەوەیەكی جیاواز بۆ بارودۆخی ئێستا لە ساڵانی پێشوو دەست پێبكەین.
دیارە كاری پێكەوەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆیی كوردستان پێوەندی بە بیروبۆچوونی جیاوازی نێوان حزبە سیاسییەكانەوە نییە، گرفتی ئێمە لەچەند ساڵی رابردوو ئەوەبووە كە نەمانتوانیوە بیروبۆچوونی جیاوازی حزب و لایەنە سیاسییەكان بكەینە سەرچاوەی هێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵكو هەموو كات ئەم جیاوازی بیروبۆچوونە بۆتە هۆكارێك بۆ لاوازی و ئاستەنگ دروستكردن بۆ كێشەكان، لەم راستەدا پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوای بەوە هەیە كە بوونی جیاوازی لە بیروبۆچوون و تێڕوانینی سیاسی دەبێت ببێتە سەرچاوەی هێز بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، نەك بەپێچەوانەوە، ئەم روانگەیەی پارتی لەو لۆژیكەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەنێوان هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستاندا كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش هەیە كە هەمووان پێكەوە كۆدەكاتەوە، بۆیە گرنگە ئێمە سەرەتا خاڵە هاوبەشەكان كۆمان بكاتەوەو زەمینەیەك دروست بكەین بۆ ئەوەی بە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەسەر جیاوازییەكانیشمان دیالۆگ بكەین و رایەڵەی هاوبەش لەنێوان جیاوازییەكانماندا بدۆزینەوە.

دیارە دەستپێكی گرنگ لە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی كوردستان، بە هاوپەیمانی نێوان یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەست پێدەكات، ئەمەش بەو مانایە نییە كە پارتی و یەكێتی رێكبكەون بۆ ئەوەی لایەنەكانی دیكە پەراوێز بخرێن، نەخێر ئەمە بەو مانایە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دەبێتە بنەمایەك بۆ ئەوەی هەردوولا (پارتی و یەكێتی) پێكەوە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی دیكە قسە بكەن و پرۆسەی سیاسی رێكبخەنەوە، لە پرۆسەی ریكخستنەوەی پرۆسەكەشدا، مەرج نییە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر هەموو پرسەكان رێكبكەون، بەڵكو لەوانەیە بەشی زۆری لایەنە سیاسییەكان پێكەوە بەرنامەیەك، یان نەخشەیەكی رێگە پێكەوە دابڕێژن و هەندێك لایەنی سیاسی نەیانەوێت كە لەو پرۆسەیەدا بەشداری بكەن و ناكرێت لەم قۆناخەدا رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی لەسەر لایەنێك، یان دوو لایەن پەكی بخرێت.
لەسەر ئەم پرسە گرنگە هەوڵەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی هەنگاوی باش و ئەجیندای باشی بۆ ئامادەكراوە، تا ئێستا یەك دوو كۆبوونەوە كراوەو لە چەند رۆژی دادێ كۆبوونەوەی دیكەش لەنێوان پارتی و یەكێتی لەسەر ئەم پرسە دەستپێدەكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین، یان هاوپەیمانییەكی نوێ لە نێوان پارتی و یەكێتی گرێ بدەین، یاخود دووبارە ئەو رێككەوتنە ستراتیژییە هەموار بكەینەوە كە لە ساڵی 2007 لەنێوان پارتی و یەكێتی ئێمزای لەسەر كراوە.
لەسەر ئەم پرسە و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا، ئایا بۆچی لە رێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، هاوپەیمانیی پارتی و یەكێتی جێگەی كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە گرتەوە؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد كە هەر لە كۆبوونەوەی یەكەمی نێوان پارتی و یەكێتی لە دوای پەیامەكەی سەرۆك بارزانی بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان، هەردوولا پارتی و یەكێتی بیروبۆچوونەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان زۆر لێك نزیك بوون، بۆیە هەر لەو كۆبوونەویە شاندی پارتی و یەكێتی بڕیاری ئەوەیان دا كە زنجیرەیەك كۆبوونەوەی دیكە لە نێوان هەردوولادا بەڕێوە بچێت بۆ ئەوەی بگەینە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش و هەردوولا رێكبكەوین و كێشەكان پێكەوە چارەسەر بكەین. بۆ ئەم قۆناخە پێكەوە كاركردنی پارتی و یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان پێویستییەكی گرنگە، بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە كە پێكەوە كاركردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە پێویست نییە، نەخێر پێكەوە كاركردنی هەموو لایەنەكان گرنگە، بەڵام كاتێك دێینە سەر میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكان، دەبێت لەگەڵ خەڵكی خۆمان راستگۆ بین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر كێشە لەنێوان پارتی و یەكێتی هەبێت، ئەوا ئاشكرایە كێشە لەناو تەواوی كۆمەڵگەی كوردستان دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر لەنێوان دوو حزب، یان دوولایەنی دیكە كێشە هەبێت، ئەو كێشەیە نابێتە هۆكاری ئەوەی كە كێشەیەكی هاوشێوە لە ناو كۆمەڵگە دروست بێت.

لایەنێكی دیكە كە رۆژنامەنووسان پرسیاریان لەبارەوە كرد، پرسی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی بوو، كە لە رێككەوتنەكەدا ئاماژەیان بەوە كردووە نابێت هیچ لایەكیان بەبێ ئەوی دیكەیان هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی سێیەم دروست بكات، هەروەها بوونی ئەو دەنگانەی كە لەلایەن هەندێك لە كادرانی یەكێتییەوە دەبیسترێت دژی ئەم هاوپەیمانییە تازەی نێوان پارتی و یەكێتی، سەبارەت بەم لایەنەش وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، دژایەتیكردنی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی چ لەلایەن هەندێك كادری ناو یەكێتی، یان بزووتنەوەی گۆڕانەوە شتێكی تازە نییەو ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەرشیفی ساڵانی رابردوو دەبینین چۆن لەلایەن ئەوانەوە دژایەتی ئەو رێككەوتنە كراوە، بەڵام لەباری واقعیشدا هەموو هەست بەو راستییە دەكەین كە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی چەند سوودی بۆ پێگەی كوردستان و سەقامگیری كوردستان هەبووە، بۆیە ئێمە وەك پارتی كۆبوونەوە فەرمییەكانی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی بەگرنگ دەزانین و هەست دەكەین ئەوانەی دژایەتی هاوپەیمانیی نێوان پارتی و یەكێتی دەكەن، كەمینەن و دەربڕی سیاسەتی راستەقینەی یەكێتی نین، سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتیش، دیارە لە رێككەوتنەكەدا نەهاتووە كە نابێت هیچ لایەك رێككەوتنی دیكە لەگەڵ لایەنی سێیەم بكات، بەڵكو باس لەوە دەكات كە نابێت بێ پرس بەیەكتری كردن هاوپەیمانی گرێبدەن، ئێمە لەسەر ئەم پرسە ئاگادار نین، یەكێتی پرسی بە گۆڕان كردووە، یان نە، بەڵام ئەگەر پرسیان پێ بكات و ئەوان رازی نەبن، ئەوا یەكێتی خۆی بڕیار دەدات و دەزانێت ئەم قۆناخە چی پێویستە.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا وتەبێژی فەرمی پارتی سەبارەت بە پێوەندییەكانی پارتی و یەكێتی پێش رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی، ئاماژەی بەوەكرد كە حەزدەكات لەسەر ئەم پرسە زانیارییەكی نوێ بەرۆژنامەنووسان بدات و جەختی لەسەر ئەوەكردەوە، پارتی و یەكێتی زۆر پێش رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی هەوڵەكانیان چڕكردبووەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر دیدێكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدۆزنەوە، ئەم گفتوگۆیانە بەشێكیان بە ئاشكرا بوون و بەشێكیشیان دوور لە چاوی كامیراكانی راگەیاندن بووە، بۆ ئەوەی بتوانین میكانیزمێكی تازە بۆ پێكەوە كاركردن و هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوانمان بێنینەئاراوە، بۆ ئەمەش هەردوولامان بە پرۆژە دیدوتێڕوانینی خۆمان داوە بەیەكتری، ئەمەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بەرپرسیاریەتی پارتی و یەكێتی لەم قۆناخە هەستیارەدا لەهەموو لایەنەكانی دیكەی زیاترەو هەردوولا لە روانگەی هەستكردن بەم بەرپرسیاریەتییە هەوڵمانداوە كە پێكەوەكاركردنمان بەردوام بێت.

بۆچی ریفراندۆم لە 2016 ئەنجام نەدرا؟
پرسی سەربەخۆیی و وتووێژەكانی نێوان عێراق و كوردستان
پرسێكی دیكەی گرنگ كە بووە تەوەری سەرەكی لەم وتووێژە كراوەی نێوان رۆژنامەنووسان و وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان و رۆژنامەنووسان پرسی سەربەخۆیی كوردستان و هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم بوو لە ساڵی 2016 دا، سەبارەت بەم پرسە مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی باسی لە پێوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كرد لە دوای ساڵی 2003 هەتاكو ئێستا، لایەنی كوردستانی بەگشتی و سەركردایەتی سیاسیی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی دوای رووخانی رژێمی بەعس و سەدام حوسێن، سیستمێكی دیموكراتی و پەرلەمانی و فیدڕاڵی لە عێراقدا بونیاد بنرێتەوە، ئێمە لەمەدا دەبێت راستگۆ بین كە لەم پرۆسەیەدا نەمانتوانی سەركەوتوو بین و عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە بونیاد بنێنینەوە، هۆكاری ئەوەشی كە سەركەوتوو نەبووین، ئەوە بوو كە جارێكی دیكە ئەقڵییەتی ئەوانەی لە بەغدا حوكمڕانییان كەوتەدەست، بەرەو ئەو ئاراستەیە رۆیشت كە لەمیانەی زۆرینەی مەزهەبگەرایی شیعەوە حوكمڕانیی عێراق بكەن، وەك ئەوەی ئێستا دەیبینین، بۆیە ئەمە سەلماندنی كە عێراق جارێكی دیكە نە لەلایەن یەك نەتەوە، یان یەك مەزهەبەوە بەڕێوەناچێت، یان لەسەر بنەمای كەمینە و زۆرینە وەك ئەوەی ئێستا هاوپەیمانی نیشتمانی شیعە هەنگاوی بۆ هەڵدەگرێت، بەڕێوەناچێت، كەواتە لەم حاڵەتەدا دەبێت بەدوای میكانیزمی دیكەدا بگەڕێین بۆ ئەوەی پێوەندیی داهاتووی نێوان كوردستان و عێراق رێكبخاتەوە، میكانیزمی نوێش بۆ پێوەندیی داهاتووی نێوان عێراق و كوردستان ئەوەیە كە بتوانین وەك دوو دەوڵەتی دراوسێی یەك پێكەوە بژین و پێوەندیمان هەبێت.
سەبارەت بەوەی ساڵی 2016 بۆ پرسی گشتپرسی لە كوردستان دواخرا و نەتوانرا ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بكرێت، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان راشكاوانە گوتی: من دەمەوێت لەسەر ئەم پرسە هەندێك زانیاریی تازە بدركێنم، لەبەر ئەوەی ئێوەی رۆژنامەنووسان حەز دەكەن ئەو زانیارییانە بزانن. ئاشكرایە هەمووتان دەزانن كە دیدو تێڕوانینی سەرۆك بارزانی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بەو جۆرەیە ئەم پرۆسەیە بە لێكتێگەیشتنی نێوان كوردستان و عێراق و بە رەزامەندی عێراق كۆتایی بێت، هەر بۆیە كاتێك ساڵی پار زەمینەی ئەوە رەخسا ئەم پرسە راشكاوانە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی شیعەو سوننە لە عێراقدا باس بكرێت و دژایەتی بۆ ئەم پرسە نەبوو، ئەوا بەباش زانرا كە درێژە بەو دیالۆگ و وتووێژانە بدرێت بۆ ئەوەی لەسەر پرسی سەربەخۆیی بە شێوەیەكی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوین. بێگومان رێككەوتن لەسەر پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ عێراق زۆر گرنگە، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەگەر لە بەغدا لەسەر ئەم پرسە رێككەوتین، ئەوا ئەسڵەن ریفراندۆم پێویست نییە، كەواتە ئێستا گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ بەغدا هەیە، بەنیازیشن جارێكی دیكە وەفدێكی كوردستانی بۆ درێژەپێدان سەبارەت بەهەمان پرس سەردانی بەغدا بكاتەوەو لەسەر ئەم پرسە بەردەوامی بە پرۆسەكە بدات. ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان باشە ئەو شاندەی بۆ دیالۆگ و وتووێژ لەسەر پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا پێكدەهێنرێت، شاندێكی نەگۆڕ بێت و ئەو شاندە خەریكی ئەو پرسە بێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە كە شاندەكە هەنگاو بەهەنگاو پرۆسەكە بەرەو پێشەوە بەرێت و ئاگاداری هەموو پێشكەوتنەكانی ناو پرۆسەكە بێت و بەشێوەیەكی بەردەوام كاری لەسەر بكات.

هەر لەسەر ئەم پرسە رۆژنامەنووسان پرسیاری ئەوەیان ورووژاند، بەم دواییە سەرۆك بارزانی لەدیدارێكی رۆژنامەیی لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوە كردووە ئەگەر مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەوا ئەو راستەوخۆ سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنێت، ئەوجا هەرچی دەبێت، با ببێت، لەسەر ئەم لێدوانە قسەی زۆر كرا، بەوەی گوایە سەرۆك بارزانی پرسی سەربەخۆیی كوردستانی بەستۆتەوە بە مالیكی، ئایا مەبەستی سەرۆك بارزانی لەم قسەیە چی بووە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا وتەبێژی پارتی راشكاوانە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو پێشتر باسی ئەوەی كرد كە بۆچی ساڵی 2016 پرۆسەی گشتپرسی دواخرا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو كە پرۆسەی دیالۆگ لەگەڵ حكومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكانی شیعەو سوننە لەسەر سەربەخۆیی كوردستان دەستی پێكرد، ئێستا لایەنی كوردستانی چاوەڕێی ئاكامی ئەو دیالۆگ و وتووێژانەی نێوان كوردستان و عێراقە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی ئاشییانە بگاتە ئاكام، بەڵام كاتێك رۆژنامەنووسەكەی شەڕقولئەوسەت پرسیاری ئەوە لە سەرۆك بارزانی دەكات، ئەگەر نوری مالیكی بووەوە سەرۆك وەزیران چ بڕیارێك دەدەن؟ دیارە وەك هەموومان بینیومانە جەنابی سەرۆك دەڵێت راستەوخۆ سەربەخۆیی كوردستان رادەگەیەنم، ئەم وەڵامەی سەرۆك بارزانی مانای ئەوەیە ئەگەر نوری مالیكی ببێتەوە سەرۆك وەزیران، واتە پرۆسەی دیالۆگ و وتووێژی نێوان كوردستان و عێراق لەسەر پرسی سەربەخۆیی كۆتایی دێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە كە ئەقڵییەتی نوری مالیكی لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ئاشكرایەو هەرچی بەسەر عێراق هاتووە ئاكامی ئەقڵیەتی سیاسیی مالیكی بووە، بۆیە زۆر زەحمەتە لایەنی كوردستان بتوانێت لەگەڵ ئەو ئەقڵییەتە و بە شێوەیەكی ئاشتییانە پرۆسەیەكی گرنگی وەك پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان چارەسەر بكات. وتەبێژێ فەرمی پارتی لە درێژەی قسەكانیدا گەڕایەوە سەر ئەو پرسەی بۆچی لە 2016 گشتپرسی ئەنجام نەدرا، وەڵامەكەی ئەوە بوو كە دیالۆگ و وتووێژ لە نێوان كوردستان و عێراق دروست بوو لەسەر پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بەشێوەیەكی ئاشتییانە، بۆیە كاتێك ئەم پرۆسەیە كۆتایی هات، ئایا سەرۆك بارزانی، یان كوردستان چاوەڕێی چی بكات، بێگومان ئەوەیە كە وەك سەرۆك بارزانی گوتی: (دەبێت بڕیاری سەربەخۆیی بدات، ئەوجا چی دەبێت با ببێت)، بەڵام ئەو خەڵك و لایەنانەی كە دەیانەوێت بۆ مەبەستی تایبەتی قسەكەی سەرۆك بارزانی بشێوێنن، خۆیان دەزانن سەرۆك بارزانی مەبەستی چی بووە، بەڵام بۆ مەبەستی ئەجیندای حزبی و سیاسیی خۆیان خەڵك چەواشە دەكەن و ئەمەش یەكەمجار نییە ئەو خەڵك و لایەنانە بۆ مەبەستی سیاسیی خۆیان خۆڵ دەكەنە چاوی خەڵكەوە.
شنگال چۆن ئاوەدان بكرێتەوەو
چۆن مامەڵە لەگەڵ پەكەكە دەكرێت؟

شنگال دوای ئەوەی ئەو كارەساتەو ئەو هەموو كاولكارییەی بەسەریدا هات، ئێستا پەكەكە رێگرە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی ئەم شارە و نایەوێت ئەو شارە ئاوەدان بكرێتەوە، پرسیاری رۆژنامەنووسان سەبارەت بەم پرسە ئەوە بوو ئایا چۆن ئاوەدانكردنەوەی شنگال كاری بۆ دەكرێت و چۆن مامەڵە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ پەكەكە دەكرێت؟ لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بە بارودۆخی كاولكراوی شنگال كردو بەوەی شنگال بە ئاستێك كاول بووە كە دەبێت سەرلەنوێ شارێكی نوێ بونیاد بنرێتەوە، تەنانەت ئاستی كاولكاری شنگال وەك بەشی چەپی موسڵیش نییە كە بەم دواییە لە دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كرا، راستە بەشی چەپی موسڵ كاولكاری تێدا روویداوە، بەڵام لە شنگال كاولكارییەكە بە ئاستێكە كە دەبێت سەرلەنوێ شارێكی دیكە بونیاد بنرێتەوە، سەبارەت بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شنگال كە لە ئێستادا هەموو هەوڵێك خراوەتەگەڕ بۆ ئەوەی هاوكاری و كۆمەكی لەسەر ئاستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دابینبكرێت و ئەو شارە بونیاد بنرێتەوە، لەسەر ئەم لایەنە وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەكرد، كە پەكەكە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك خەڵكی شنگال كردووە و پێیانگوتوون دەبێت دژی ئەو كۆمپانیایانە رابوەستن كە دێن و دەیانەوێت شنگال ئاوەدان بكەنەوە، ئێمە وەك پارتی ناوی ئەو كەسانەی پەكەكە كە ئەم كارەیان كردووە، دەزانین كێن، بەڵام پێویست نییە ناوەكانیان ئاشكرا بكەین، ئەم هەنگاوەی پەكەكە مانای ئەوەیە ئەوان دژی ئاوەدانكردنەوەی شنگالن، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی دروستكردووە، هەر بۆیەشە ئاوارەكانی شنگال كە تەنیا لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 200 هەزار كەس دەبن، هەموویان لە كەمپەكان ماونەتەوە و ناتوانن لە ترسی گێچەڵی پەكەكە بگەڕێنەوە، بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە لەگەڵ پەكەكە، ئێمە خوازیارین بە شێوەیەكی ئاشتییانە ئەم كێشە چارەسەر بكرێت و پەكەكە ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵێت بۆ ئەوەی چیتر خوشك و برا ئێزیدییەكان و خەڵكی شنگال بەدەست ئاوەداننەكردنەوەی شنگالەوە نەناڵێنن، بەڵام بەداخەوە پەكەكە نایەوێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكرێت، لەو ماوەیەی پێشوو شاندێكی پەكەكە لەگەڵ پارتی و هەندێك لایەنی دیكە كۆبوونەوە، ئەوان پێشنیاری ئەوە دەكەن و دەڵێن با ئەنجومەنێكی سیاسی لەنێوان هەموو حزبەكان دروست بكەین و ئەنجومەنێكی سەربازی دروست بكەین، ئەم پێشنیارەی پەكەكە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوو كە ئێمە هیچ دامەزراوەیەكی شەرعی و هەڵبژێردراومان لە كوردستان نەبووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەگەر ئەنجومەنێكی سیاسی دروست بێت، رۆڵی دامەزراوە شەرعییەكانی هەرێمی كوردستان لە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت چی دەبێت؟ ئایا ئەگەر ئەنجومەنێكی سەربازی دروست بێت، ئەی وەزارەتی پێشمەرگە چ مانایەكی دەبێت؟ بۆیە ئەم هەنگاوەی پەكەكە بۆ چارەسەری ئاشتییانەی كێشەكە نییە و هەر لەسەرەتاشەوە تا ئێستا پەكەكە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانی وەك دامەزراوەی شەرعی و هەڵبژێردراو نەناسیوە، هەر ئەمەش هەموو ئەو كێشانەیە كە پەكەكە لەناوخۆی هەرێمی كوردستان و لە پارچەكانی دیكەی كوردستان دروستی كردووە.

پرۆسەی گۆڕانكاری لەناو پارتیدا دەست پێدەكات
پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەی 7 ساڵە كۆنگرەی گرێنەداوە لەماوەی ئەم حەوت ساڵەشدا گۆڕانكاری گەورەی روویداوە، بۆیە پرسیاری رۆژنامەنووسان ئەم پرسەشی ورووژاند: ئایا پارتی بۆ وەڵامدانەوەی گۆڕانكارییەكان پرۆسەیەكی بەدەستەوەیە بۆ گۆڕانكاری لەناو خۆدیدا، لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا وتەبێژی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوە كرد راستە كە پارتی ماوەی حەوت ساڵە كۆنگرەی گرێنەداوەو لەم ماوەیەشدا گۆڕانكاری زۆر هاتوونەتەئاراوە، بەڵام بارودۆخەكەش بەو شێوەیە بووە كە نەتوانرێت كۆنگرە گرێ بدرێت، لە راستیشدا سروشتی حزبی سیاسی بەو جۆرەیە كە بەرنامەو پرۆگرامی خۆی بۆ ماوەی 4-5 ساڵ دادەڕێژێت، بۆیە لەم روانگەیەوە پارتی دیموكراتی كوردستان هەستی بەوە كردووە كە قۆناخەكە پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە، بۆ ئەم پرۆسەی خۆڕێكخستن و خۆگونجاندنە لەگەڵ گۆڕانكارییە تازەكاندا، پارتی دیموكراتی كوردستان حەوت لیژنەی پێكهێناوە لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەكانی حزب، لیژنەكان راپۆرتی خۆیان تەواو كردووە، چاوەڕێی ئەوە دەكەین سەركردایەتی پارتی كۆبوونەوەی خۆی بكات و ئەو راپۆرتانە پەسەند بكات و دەست بكرێت بە جێبەجێكردنیان، لەم پرۆسەی گۆڕانكارییەدا رەچاوی زۆر تایبەتمەندی كراوە، هەر بۆ نموونە ئەو گۆڕانكارییانەی پێویستە لە زاخۆ بكرێن، رەچاوی تایبەتمەندی زاخۆ كراوە، هەروەها ئەو گۆڕانكارییانەشی كە پێویستە بۆ نموونە لە هەولێر، یان سلێمانی بكرێت، رەچاوی تایبەتمەندی و بارودۆخی ئەو ناوچانەش كراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پرۆسەی گۆڕانكاری تەنیا گۆڕینی دەموچاوەكان نییە، بەڵكو هەوڵێكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و وەڵامدانەوەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەئارادان.
Top