جەیمس مەككان : كوردستان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێزو فرەیی بۆ ناوچەكەو بەشێك لە چارەسەر بۆ بنیادنانی دەوڵەتێكی سەقامگیر

جەیمس مەككان : كوردستان دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێزو فرەیی بۆ ناوچەكەو بەشێك لە چارەسەر بۆ بنیادنانی دەوڵەتێكی سەقامگیر
جەیمس مەككان، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی پیردۆ، بڕوانامەی دكتۆرای لە زانستی سیاسی لە زانكۆی كۆلۆرادۆ بەدەست هێناوە، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێكی گرنگ دەدات، وەك رای گشتی و سایكۆلۆژیای سیاسی و پارتە سیاسییەكان، پێشتریش توێژەر بووە لە پرۆگرامی دیراساتی حوكمڕانی لە ئامۆژگای برۆكینگز. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا كە چەند پرسێكی گرنگ بوونە تەوەری پرسیارەكان، وەك سیاسەتی داهاتووی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ركابەریی ئیقلیمی نێوان چەند هێزێكی وەك ئێران و سعودیە و پرسی چۆنیەتی مامەڵەكردنی ئەمەریكا لەگەڵ توركیا، ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لەتێڕوانینەكانی خۆی كرد.
* ئایا پێتوایە بە بەراورد بە ئیدارەی باراك ئۆباما ئیدارەی ترەمپ سیاسەتێكی تەواو جیاواز دەگرێتەبەر؟
- بەڵێ، من چاوەڕوانی هاتنەدی هەندێ گۆڕانكاریی گەورە دەكەم، ئەویش هەم لەسەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆ لەناو ئەمەریكاو هەم لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەكی. لە پێوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە ئایا ئەو گۆڕانكارییانە چین، كە چاوەڕوان دەكرێت ئیدارەی ترەمپ زیاتر لەنزیكەوە كار لەگەڵ رووسیا بكات و هێزی زیاتر بۆ شەڕكردن لە دژی داعش رەوانە بكات.
* بەڵام ئایا ئەولەوییەتی جیاواز بەدی ناكەیت لە نێوان ئەمەریكا و رووسیادا لە پەیوەندی بە شەڕی داعشەوە، یاخود بە چارەسەركردنی دۆخی سووریاوە؟
- ئەوە پرسیارێكی باشە، لە راستیدا من پشێبینی دەكەم شەڕكردن لە دژی داعش وەك ئەولەوییەتێكی باڵا بمێنێتەوە، دواتر من لەو باوەڕەدام جیاوازییەكە پتر لەو ئامرازەدا بێت كە دەگیرێتەبەر بۆ هێنانەدی ئامانجەكە، نەك لە خودی ئامانجەكە خۆیدا.
* ئایا ئەمەریكا و رووسیا هەڵوێستی جیاوازیان نییە لە ئاست پرسی مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا؟
- لە راستیدا پێموایە لە سایەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەییەكی زیاتر دروست دەبێت بۆ بواردان بە ئەسەد بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە لە سووریا.
* بەڵام پێتوانییە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا مایەی نائارامی و نەهامەتی زیاتر بێت؟
- بەڵێ، بۆچوونی شەخسی من ئەوەیە مانەوەی ئەسەد مایەی ناسەقامگیری دەبێت، لەبەر ئەوەی لە زۆر رووەوە شەرعییەتی لە دەست داوە، لەگەڵ ئەوەشدا، پێموایە ترەمپ پتر تەركیز لەسەر شەڕی داعش دەكات، نەك لەسەر رژێمی ئەسەد. كەواتە ئەوە جیاوازییەكەیە بە بەراورد بە سەرۆك ئۆباما.
* هەموو مەزەندەكان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچن كە شەڕی داعش یەكێك بێت لە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا، بەڵام هەموو لایەكیش دەزانێت كە خودی نەخۆشییەكە داعش نییە، بەڵكو داعش دەرهاویشتەی سیاسەتی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننەیە، ئەگەر كێشەی سوننە و شیعە چارەسەر نەكرێت، بە تێكشكاندنی داعش كێشەكە چارەسەر نابێت، ئایا تا چەند گرنگە ستراتیژیەتێكی هەمەلایەن بۆ شەڕی دژی داعش بگرێتەبەر، ئەمە واتە هاوشانی پلانە سەربازییەكە پلانێكی سیاسی هەبێت؟
- ئێوە ئاماژە بە خاڵێكی زۆر گرنگ دەكەن، كە پەیوەستە بە رەگ و ریشەی كێشەكانەوە، من نازانم ئیدارەی نوێ چۆن مامەڵە لەگەڵ رەگ و ریشەی گرفتەكاندا دەكات، كە پەیوەستن بە هەستی دژ بە ئەمەریكا بوون، یاخود نەبوونی دەرفەت، هەرچەندە پێموایە ئیدارەی نوێ بە هەمان ئەندازەی ئیدارەی ئۆباما بایەخ بە ریشەی كێشەكان نادات.
* ئایا تا چەند ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە بنیادنانی نەتەوەو پەرەپێدانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات؟
- لە راستیدا بە پشتبەستن بەو لێدوانانەی تا ئێستا سەرۆك ترەمپ گوزارشتی لێكردوون، ئەوا ئەو پرسانەی ئێوە ئاماژەتان پێكردن نابنە ئەولەوییەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا، بە بەراورد بە ئیدارەی ئۆباما. بەڵام لەبەر ئەوەی بە شێوەیەكی تەقلیدی پەرەپێدانی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ ستوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بوون، ئەوا هیودارام – بە چاوپۆشین لەوەی كێ سەرۆكە- ئەو بەهایانە بمێننەوە. بەڵام لەسەر بنەمای ئەوەی تا ئێستا ترەمپ گوزارشتی لێكردووە، ئەوا ئەم مەسەلانە نابنە ئامانجی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا.
* ئایا پێتوایە هۆكارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تا ئێستا دەستتێوەردانەكانی ئەمەریكا لەم ناوچەیەدا دەرئەنجامی خوازراویان لێنەكەوتۆتەوە؟
- لە راستیدا ئەوە وەسفكردنی دروستە بۆ دۆخەكە.

* شەڕی دژی داعش سەلماندی كە تەنیا هێزێك لە دەرەوەی ململانێی سوننە و شیعە بە جددی شەڕی داعش بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئێستا لە عێراقدا كوردستان بۆتە دەوڵەتێكی ئەمری واقیعی سەربەخۆ و داعشی تیا نەماوە، ئایا تا چەند گرنگە بۆ بەرژەوەندی ئەمەریكا كە پشتگیری كوردستان بكات بۆ ئەوەی ببێتە نەوایەكی ئارام بۆ پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە ناوچەكەدا؟
- لە راستیدا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە ئایا هەڵوێست و تێڕوانینی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا چی دەبێت؟ دەبێت ببینین ئایا كابینەكەی حكومەتەكەی چۆن دەبێت و چ كێشەگەلێك لەنێو ئەجێنداكەیدا دەستنیشان دەكرێت؟ بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت ئامادەییەكی بەهێزی هەبێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوا پێویستە هاوكاری لەگەڵ كورددا بكات، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو سەقامگیرییەی لە كوردستاندا هەیە، هەروەها ئەو ژێرخانەی لەوێدا بنیادنراوە. لەبەر ئەوە ئەگەری هەیە هاوكارییەكی بەردەوام هەبێت لەگەڵ ئەو هەرێمەدا، بەڵام ئەوەندەی من ئاگادارم ئەوە نەبۆتە بەشێكی گرنگ لە گوتاری سیاسەتی دەرەكی ئەمەریكا.
* بۆچوونی ئێوە چییە لەم رووەوە، ئایا پێتانوایە كورد شایستەی ئەوەیە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمەریكا بەتایبەتی هاوكاری و پشتیوانی زیاتر بكرێت؟
- بەشێوەیەكی گشتی پێموایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵێكی گرنگ دەبینێت لەو هەرێمەدا، لەبەر ئەوە زۆر گرنگە، نەك تەنیا ئەمەریكا، بەڵكو تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار لەگەڵ ئەو هەرێمەدا بكەن، هەروەها باوەڕم وایە ئەگەر ئێوە بتانەوێت سەركەوتووانە داعش تێكبشكێنن و سەقامگیرییەكی راستەقینە بەدی بێنن، ئەوا پێویستە ئەم كارە هاوكات بێت بە بنیادنانی دامەزراوەكان كە هاوشان بێت بە ئەندازەیەكی گەورە لە هاوكاری و چاودێری نێودەوڵەتی.
* حاڵی حازر لە كوردستاندا خواستی سەربەخۆیی لەئارادایە، ئایا بیروبۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئێمە دەبێت ئەو راستییەمان لەبەرچاو بێت كە لە عێراقدا هێشتا كارو كۆششی زۆر ماوە كە بكرێت بۆ چارەسەركردنی دۆخە سیاسییەكەو هەروەها دۆخە ئابوورییەكەش. ئەوەی پێوەندی بە كوردستانەوە هەبێت، ئەوا ئەم هەرێمە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی هێز و فرەیی بۆ ناوچەكەو دەكرێت ببێتە بەشێك لە چارەسەر بۆ بنیادنانی دەوڵەتێكی سەقامگیر.

* هەژموون و باڵادەستیی ئێران لە ناوچەكە وایكردووە، عەرەبستانی سعودیە هاوپەیمانییەكی عەرەبی دژی هەژموونی ئێرانی رابگەیەنێت و بە ئاشكراش لەیەمەن شەڕی حوسییەكان دەكات، بەڵام هێشتا سعودیە نەیتوانیوە ببێتە پارسەنگی هێز بۆ ئێران، ئایا بۆ دروستكردنی باڵانسی هێز لەگەڵ ئێراندا تا چەند مەزەندە دەكرێت دەوڵەتانی عەرەبی ببنە هاوپەیمانی ئیسرائیل دژی ئێران؟
- پێدەچێت لە مەودای نزیكدا ئەوەی ئێوە پێشنیاری دەكەن ڕێی تێبچێت، بەڵام لە مەودای دووردا هاوپەیمانێتیەكی درێژخایەن دروست نابێت، لەبەر ئەوە زۆر زەحمەتە هاوپەیمانێتییەكی لەو چەشنەی ئێوە باسی دەكەن درێژەبكێشێت و بەردەوام بێت.
* بەڵام پێتوایە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا رێكاری توندتر بگرێتەبەر دژی ئێران، بەتایبەتی كە ترەمپ رایگەیاندووە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی كە لەگەڵ ئێراندا واژووكراوە رێككەوتنێكی زۆر خراپەو پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە؟
- ڕەوایە ئەو پێشبینییە بكرێت، بەتایبەتی كە دۆناڵد ترەمپ و كەسانی دەوروبەری رەخنەی توندیان لە ئۆباما گرتووە لەبارەی ڕێككەوتنی لەگەڵ ئێراندا، لەبەر ئەوە بۆی هەیە پێچەوانەبوونەوەی سیاسەتەكان بەدی بكەین لەو ڕووەوە.
* ئایا ئەگەر ئەوە هەیە ئەم رێككەوتنە هەڵبوەشێندرێتەوە؟

- لە راستیدا دەبێت چاوەڕێ بكەین، بەڵام كەسانێك هەن لەنێو ئیدارەی ترەمپدا كە بەم ئاراستەیە كاردەكەن.
* بەڵام لە رووی یاساییەوە ئەمەریكا دەتوانێت تاكلایەنە ئەم رێككەوتنە هەڵبوەشێنێتەوە؟
- ئەوە راستە كە ئەمە رێككەوتنێكی چەند لایەنەیە، بەڵام ئەمەریكا دەتوانێت لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە و پێوەی پابەند نەبێت.
* توركیا یەكێكە لە هاوپەیمانە گرنگەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، زۆر لە چاودێران پێیانوایە پێویستە ئەمەریكا سیاسەتێكی تازە بەرامبەر توركیا پیادە بكات، لەبەر ئەوەی ئێستا هەستێكی توندی دژی ئەمەریكا لەناو رای گشتی توركیا هەیە، بۆیە ئەگەر توركیا نەگێڕدرێتەوە بازنەی سیاسەتی خۆی، ئەوا توركیا زیاتر بەرەو رووسیا ملدەنێت و پاشانیش بە بەرژەوەندی باڵادەستیی ئێران لە ناوچەكە دەكشێتەوە، ئایا تا چەند گرنگە توركیا بەهێز بێت بۆ ئەوەی ببێتە پارسەنگی هێز بەرامبەر ئێران و ئایا پێویستە ئەمەریكا لەم رووەوە چی بكات؟
- ئەمە پرسیارێكی زۆر باشە. لە راستیدا پرسیارەكە هەر ئەوە نییە ئەمەریكا چی پێدەكرێت، بەڵكو دەبێت پرسیاری ئەوەش بكەین ئایا ئەوروپاش دەتوانێت چی بكات، بەڵام ئەمە ساتەوەختێكی تایبەتیە، لەبەر ئەوەی یەكێتی ئەوروپا كەوتۆتە ژێر كاریگەرییەوە و سیاسەتی ئەمەریكاش گۆڕاوە، ئەوا پێموایە توركیا سەقامگیرییەكی كەمتر بەخۆوە دەبینیێت. لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا پێشبینی ئەوە دەكرا توركیا پتر ئاوێتەی رۆژئاوا بكرێت، بەڵام پێموایە لە سایەی ئیدارەی ترەمپ كەمتر بایەخ بەم پرسە دەدرێت.

* ئایا پێشبینیەكانت بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە چین؟
- من پێموایە باشترین دۆخێك كە بێتە ئاراوە ئەوەیە دووبارە ئیسرائیل خۆی پابەند بكاتەوە بە چارەسەری ئاشتییانەی كە بوونی دوو دەوڵەت لەخۆ دەگرێت. لەگەڵ پاراستنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا لەلایەن ترەمپەوە، هاوكات بە هاتنەئارای هەندێ سەقامگیری لە عێراقدا، هاوشان بە ئیحتیواكردنی ئەسەد و راگرتنی پێشێلكارییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە. بەڵام ئایا ئەم سیناریۆ گەشبینە ئەگەری روودانی هەیە، ئەوا ئەمە وەك پرسیارێكی كراوە دەمێنێتەوە. دۆناڵد ترەمپ خوازیاری چەسپاندنەوەی هێزی ئەمەریكایەو خوازیاری هاوكاری زیاترە لەگەڵ رووسیادا، ئەو خۆی پەیوەست كردووەتەوە بە باڵی راستڕەوی ئیسرائیل، ئەمانەش دەبنە فاكتەری ناسەقامگیری نەك سەقامگیری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، هەرچەند پێموایە كە حكومەتەكە و ئاراستەی سیاسەتی دەرەوە زۆر جیاواز دەبن لە ماوەی چەند ساڵی كەمی داهاتوودا.
Top