مستەفا چاوڕەش : مام جەلال پێی دەگوتین لەنێوان یەكێتی و پارتی كێشە دروست ببێت ماڵی كورد وێران دەبێت

مستەفا چاوڕەش : مام جەلال پێی دەگوتین لەنێوان یەكێتی و پارتی كێشە دروست ببێت  ماڵی كورد وێران دەبێت
ئەو قۆناخەی ئێستا كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، قۆناخێكی هەستیارەو بەرەو گۆڕانكاریی گەورە هەنگاو دەنێت، ئەم گۆڕانكارییانە ئەگەر لەلایەكەوە جۆرێك لە گەشبینی و ئومێدی بۆ نەتەوەكەمان هەڵگرتبێت، ئەوا لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵێك هەڕەشە و مەترسی و تەحەدداشی تێدایە كە پێشبینی دەكرێت رووبەڕوومان ببێتەوە، بەڵام خاڵی هاوبەش و نەگۆڕ بۆ هەردوولایەنی ئەم پێشهاتانە ئەوەیە كە دەبێت كورد یەكڕیز و تەبا و یەك هەڵوێست بێت، بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی خێراتربن بە ئاراستەی گەشبینی و بەهێزتر بێت لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی كە پێشبینی دەكرێت دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش جارێكی دیكە رووبەڕووی كوردستان ببێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی سیاسیی ئێستای كوردستان و گرنگیی تەبایی و یەكڕیزی لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ مستەفا چاوڕەش بەرپرسی مەڵبەندی رێكخستنی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئێوە چ وەك پێشمەرگە و چ وەك سیاسەتمەدار زیاتر لە 50 ساڵە لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان خەبات دەكەن، ئایا لەماوەی ئەم 50 ساڵەدا چ گۆڕانكارییەك بەسەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا هاتووە و بارودۆخی ئێستا چۆن دەخوێنێتەوە؟
-قۆناخە جیاوازەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان جیاوازن و هەر قۆناخێك خوێندنەوەی تایبەتی خۆی بۆ دەكرێت، ئەوەی ئێستا دەیبینین درێژەپێدان و بەرهەمی خەبات و خوێنی شەهیدانە لە هەموو قۆناخەكاندا، بۆیە زۆر گرنگە بۆ ئێستا پەندو وانە لە مێژووی رزگاریخوازیی خۆمان وەربگرین، بۆیە هەتا نەگەڕێینەوە بۆ ناو مێژوو و بە دیدێكی رەخنەییانە ئێستا و رابردووش نەخوێنینەوە، نازانین خۆمان ئێستا لەچ قۆناخێكداین، كەواتە بەردەوام مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان ئەو ژێرخانە شۆڕشگێرییە بووە كە هەنگاومان بۆ ئایندە لەسەر هەڵگرتووە، لەدوای راپەرینی بەهاری 1991 توانیمان ببینە خاوەنی پەرلەمان و حكومەتی خۆمان كە ئەمەش هەنگاوێكی دیكەی بەرەوپێشەوە بردنی دۆزە رەواكەمان بوو، لە ساڵی 2003 بووینە بەشێك لەپرۆسەی رووخانی رژێمی بەعس، ئەمەش وەرچەرخانێكی دیكە بوو، بۆیە لەو ماوەیەی كە خۆم بە بیرم دێ هەر لە دوای حكومەتی عەبدولكەریم قاسم لە ساڵی 1958 و دوای ئەویش عەبدولسەلام و هەردوو قۆناخی حزبی بەعس و ئەو خەڵكانەشی كە ئێستا لەبەغدا لەدەسەڵاتدان و دژایەتی مافە رەواكانی گەلەكەمان دەكەن، ئەوا چارەنووسیان لە چارەنووسی سەدام حوسین و حزبی بەعس باشتر نابێت. گەلی كوردستان گەلێكی مەزڵوومە، ئێمە نەچووینەتە سەر خاكی كەس و هیچ نەتەوەیەكمان نەچەوساندۆتەوە، بەڵكو ئامانجی ئێمە ئەوەیە كە ئێمە وەك نەتەوە و ئەوانیش وەك نەتەوەیەكی جیاواز هەردوولامان بە ئازادی پێكەوە بژین، ئەو شەهیدو قوربانییانەی داومانە هەر لە سەدان هەزار شەهید و زیاتر لە 182 هەزار ئەنفال و ئەنفالی 8 هەزار بارزانی لە پێناوی ئەوە بووە كە بەسەربەستی و ئازادی لەسەر خاكی خۆمان بژین، ئێستاش بۆ ئەوەی ئەو هەلە مێژووییە هاتۆتەدەست ئەرك و بەرپرسیاریەتی هەموو لایەكە كە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەین و رێز لە خوێنی شەهیدان و قوربانییەكانمان بگرین، دەبێت یەكڕیز و یەكدەست بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قۆناخە تێپەڕێنین.
* ئاشكرایە لە شەڕی دژی داعش، پێشمەرگە وێڕای ئەوەی ئیمكانیەتێكی ئەوتۆی لەبەردەست نەبوو، بەڵام توانی قارەمانانە بەرگری بكات، بەڵام بە بەرچاوی هەموو دنیاوە سوپای حكومەتەكەی مالیكی تەسلیمی داعش بوو، ئایا هۆكاری ئەم جیاوازییە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- ئەو قارەمانەتییەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی داعش پیشانی جیهانی دا، رووداوێكی بێ وێنەیەو هەموو جیهانیش شاهیدی بۆ قارەمانیەتی پێشمەرگە دەدات، بەڵام سوپاكەی مالیكی لەماوەی چەند كاتژمێریكدا زیاتر لە 5 فیرقەی بە هەموو كەلوپەلێكی سەربازییەوە رادەستی تیرۆریستانی داعش كرد، ئەوكات كە شەڕی داعش دەستی پێكرد، من بەرپرسی میحوەری جەلەولاو خانەقین بووم، ئەو سوپا تێكشاوە كە هەموویان شیعە بوون، بەلای ئێمەدا هەڵدەهاتن و وەك سوپایەكی تێكشكاو و لەبەریەك هەڵوەشاوە دەگەڕانەوە بۆ دەوربەری بەغدا، بۆیە ئەوەی شەڕواڵی عێراقی هەڵكێشایەوە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو، لەبەرامبەر تیرۆریستانی داعشدا، راستە لەسەرەتادا ئێمەش هەندێك شوێنمان كەوتە بەر شاڵاوی تیرۆریستانی داعش، بەڵام قۆناخ بە قۆناخ و لە هەر 8 میحوەرەكەی پێشمەرگە لە جەلەولا تا شنگال توانرا ناوچەكانی خۆمان ئازاد بكەینەوەو لوتی تیرۆریستانی داعش بشكێنین، بەڵام دەبێت ووردبین بین و ئاگاداری ئەو راستییە بین كە دوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش كێشەمان لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی و عێراق دەست پێدەكات، ئەمەش ئەگەرێكی دوور نییە.
* لێرەدا هەقە گلەیی لەئێوەش وەك پارتی و یەكێتی بكرێت، باشە كە ئەو پێشبینییەتان هەبووە كە دوای شەڕی داعش كێشەمان لەگەڵ حەشدی شەعبی بۆ دروست دەبێت، بۆچی نوێنەرانی كورد لەبەغدا دەنگیان بۆ یاسای حەشدی شەعبی دا؟

- لەسەر ئەم پرسە من رەخنەی توند لە پەرلەمانتارەكانی یەكێتی و پارتی لە بەغدا دەگرم لەبەر ئەوەی نەدەبوو دەنگ بۆ یاسای حەشدی شەعبی بدەن و بیكەنە هێزێكی یاسایی كە تا ئێستا حكومەتی عێراق هیچ پابەندبوونێكی بەرامبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان جێبەجێ نەكردووە.
* بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە ئێستا دەبێت چی بكەین؟
- بۆ ئێستا یەكڕیزی نێوماڵی كوردستان ئەركی سەرشانی هەموو لایەنە سیاسییەكانە بێ جیاوازی و دەبێت هەموومان ئەمە بە ئەركی سەرەكیی سەرشانی خۆمانی بزانین، بەڵام كۆڵەگە و بناخەی ئەم یەكبوون و یەكڕیزییە (پارتی و یەكێتی)یە كە دوو هێزی سەرەكین و خاوەنی هێزی پێشمەرگەن. من لێرەدا قسەیەكی جەنابی مام جەلال دەگێڕمەوە كە هەموو جار پێی دەگوتین: دەبێت زۆر ئاگامان لە بارودۆخی ئێستای كوردستان بێت، ئەگەر یەكێتی كێشەی لەگەڵ هەر لایەنێك بۆ دروست بێت كێشە نییە، بەڵام نابێت كێشەمان لەگەڵ پارتی هەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە دروستبوونی كێشە لەنێوان یەكێتی و پارتی، ماڵی كورد وێران دەبێت. ئەم قسەیەی مام جەلال قسەیەكی دووربینانەو واقیعییانە بوو، لەبەر ئەوەی ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەكان و لایەنی دیكەش كێشەمان هەبوو، بەڵام زۆر گرنگ نەبوو، بۆ ئێستاش زۆر گرنگە جارێكی دیكە ئەو قسەیەی مام جەلال رێگەپیشاندەرمان بێت كە نەك هەر تەنیا یەكڕیزی نێوان پارتی و یەكێتی، بەڵكو یەكڕیزی نێوان پارتی و یەكێتی و سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پێداویستی سەرەكیی ئەم قۆناخەیە، دەبێت هەموو لایەنەكان بە پارتی و یەكێتیشەوە لەدەوری یەك مێز كۆببینەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی رێكبخەینەوە و چارەسەری قەیرانەكانی ئەمڕۆی كوردستان بكەین.

* ئایا پێتوایە بە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەروازەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكرێتەوە؟
- لە دواكۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی هەنگاوی زۆر باشیان هەڵگرتووەو خەڵك ئەمەی زۆر پێخۆش بوو، لەلایەكی دیكەوە لایەنی یەكێتی بە یەكگرتوویی نێوان هەردوو باڵەكەی بەشداری كردووەو جەنابی كاك كۆسرەت لە كۆبوونەوەكە بەشدار بووە، بۆیە ئەم یەكڕیزییە هەم بۆ یەكێتی زۆر گرنگەو هەمیش خەڵكی كوردستان زۆریان پێخۆش بوو، پارتی دیموكراتی كوردستانیش حیسابی وردی بۆ ئەم یەكڕیزییە كردووە، بۆیە ئومێدی من ئەوەیە لە كۆبوونەوەكانی چەند رۆژی دادێ زیاتر بچنەپێشەوە و پاشان بەهەموو لایەك هەنگاو بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەڵبگرن. بۆیە كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی تەنیا بۆ كێشەی نێوان ئەو دوولایەنە نییە، بەڵكو بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی كوردستانە، بارودۆخی ئێستای كوردستان فەرزی كردووە لەسەر پارتی و یەكێتی كە ئەو بەرپرسیاریەتییە هەڵبگرن كە بەرژەوەندی گشتی لەسەرووی هەموو شتێكی دیكەوە سەیربكەن و خزمەتی خەڵكی هەژار و بێدەرەتانی نەتەوەكەمان بكەن. هەروەها دەبێت خزمەتی پێشمەرگە بكەن و كەموكورتییەكانیان بۆ چارەسەر بكەن، گرنگە هەموو لایەك ئەو راستییە بزانیت كە ئێستا دەبینین ئەو هەموو كونسوڵخانەو نووسینگەی وڵاتانی دنیا كە لە هەولێر كراونەتەوە، بەرهەمی رەنج و قوربانیدانی خەباتی میللەتەكەمانە كە تەنیا لەشەڕی دژی داعشدا تائێستا زیاتر لە1600 پێشمەرگەمان شەهید بووەو نزیكەی 10 هەزار بریندارمان بووە، ئەمە تەنیا لەم شەڕی دژی داعشدا، بەڵام بەدرێژایی شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی نوێ پارتی و یەكێتی دەیان هەزار شەهیدی دیكەیان داوە، بۆیە دەبێت رێز لەم خەبات و قوربانیدانە بگیرێت و بیر لەپێداویستییەكانی خەڵك بكرێتەوە، كە ئەمانەش هەموو بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی پارتی و یەكێتی و تەواوی لایەنە سیاسییەكان دەست پێدەكات.
* ئێستا باس لە هاوپەیمانییەكی نوێ لە نێوان پارتی و یەكێتی، یان هەمواركردنەوەی رێككەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەكێتی دەكرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە دوای ئەوە پارتی و یەكێتی پێكەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆدەبنەوە، ئایا ئەم یەكدەنگییەی پارتی و یەكێتی تاچەند بۆ راستكردنەوەی پرۆسە سیاسییەكە گرنگە؟

- رێككەوتنی ستراتیژی كە كاتی خۆی لەسەر دەستی مام جەلال و كاك مسعود بارزانی ئەنجامدرا بۆ ئەوە بوو لەسەر پێداویستییەكانی ئەو قۆناخە رێكبكەوین و هەنگاوی باشتر بۆ ئایندەی گەلەكەمان هەڵبگرین، دیارە بۆ ئێستای پارتی و یەكێتیش دیسان هاوپەیمانی، یان رێككەوتنێكی دیكە پێویستە، لەبەر ئەوەی پێداویستیی قۆناخەكە وادەخوازێت كە بە دیدێكی هاوبەش مامەڵە لەگەڵ قۆناخی ئێستا بكرێت، قۆناخی ئێستا قۆناخێكی جێگیر نییەو لەگۆڕانكاریدایە، ئێستا شەڕی دژی داعش خەریكە بەرەو كۆتایی دەچێت، لەوانەیە دوای شەڕی داعش وڵاتانیش پێوەندییەكانیان لەگەڵ كوردستان وەك ئێستا نەمێنێتەوە، هەروەها لەوانەیە پێوەندی نێوان كوردستان و عێراق بچێتە قۆناخێكی دیكە، بۆیە لە ئێستاوە گرنگە خۆئامادەكردنێك هەبێت بۆ ئەم پێشهاتانەو تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە هەبێت بۆ ئەوەی بە یەكڕیزی و یەكگرتوویی و بە بەهێزی لەگەڵ عێراق و دەوڵەتانی ناوچەكەو جیهان قسە بكەین. لەمەش زیاتر كاتی ئەوە هاتووە دوای ئەو هەموو شەڕ و قوربانییەی كە لەشەڕی دژی داعش داومانە، دڵی میللەتەكەمان خۆش بكەینەوەو ژیان و گوزەرانیان باشتر بكەین، ئەمەش بە پلەی یەكەم دەكەوێتە سەرشانی پارتی و یەكێتی.

* ئێستا باس لەوە دەكرێت كە شاندێكی هاوبەشی كوردستانی بۆ وتووێژ لەسەر پرسی سەربەخۆیی سەردانی بەغدا دەكەن، ئایا تاچەند ئەم شاندە لەم ئەركەكەیدا سەركەوتوو دەبێت؟
- گرنگە پێش ئەوەی ئەم شاندە بەرەو بەغدا بەڕێبكەوێت، خۆمان لەناو كوردستان یەكڕیزو یەكهەڵوێست بین. ئێمە بە درێژایی مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان كاتێك تەباو یەكگرتوو بووین، توانیومانە ئامانجەكانمان بەدەست بهێنین، بۆیە كاتێك دەچین بۆ بەغدا تەنیا بەنوێنەرایەتی پارتی و یەكێتی ناچین، بەڵكو دەبێت هەموو لایەنەكان بەشداری بكەن بۆ ئەوەی بەیەك دەنگ لەگەڵ حكومەتی بەغدا قسەبكەین.
* دیارە ئەوەی بووە هۆكاری ئەوەی یەكێتی لێكبترازێت، جیابوونەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بوو، پێشتر پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكی و بەهێز توانییان لە 2003 تا 2009 دەستكەوتی گەورە بۆ گەلەكەمان بەدەست بهێنن، لەئێستادا تاچەند گەشبینی كە هاوپەیمانیی پارتی و یەكێتی هەمان زەمینە دروست بكاتەوە؟

- من نامەوێت بچمە ناو وردەكارییەكانی پەیوەست بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە، ئەمە كێشەیەكە رەنگە گەیشتبێتە بنبەست و هیچ لایەكیش ئەمەی پێ خۆش نییە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێوەندی پارتی و یەكیتی، دیارە پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكی لە كوردستاندا خاوەنی سەروەریی گەورەن، بۆ نموونە توانیمان پێكەوە راپەڕین بكەین و پەرلەمان و حكومەتی كوردستان دابمەزرێنین و پێكەوە قۆناخ بە قۆناخ هاتووین و پاشان گۆڕان دروست بوو، دوای ئەویش گۆڕان بەشداری لە حكومەتی كابینەی هەشتەم كرد، ئێستاش ئەو كێشانە دروست بووە. من لێرەدا ئومێددەخوازم هێندەی هەوڵدەدەین لاپەڕەكانی رابردوو هەڵبدەینەوە، هەوڵبدەین كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە كاك مسعود بارزانی پەیامێكی راگەیاندووەو نەخشەڕێگەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دیاری كردووەو هەموو لایەنەكان بە كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتووشەوە پشتیوانییان لێكردووە، بۆیە پێویستە هەموومان خاڵ بەخاڵ لەسەر ئەو بەرنامەیە كاربكەین و كێشەكان چارەسەر بكەین. بۆیە راستە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی لە رابردوو كۆمەڵێك دەستكەوتی بۆ گەلەكەمان بەدیهێنا، بەڵام بێ كەموكورتیش نەبووین، بۆ ئێستاش دەبێت هەر بە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزینەوە، كێشە بەوە چارەسەر ناكرێت یەكتری رەتبكەینەوە، یان بیر لەوە بكەینەوە شەڕەتفەنگ بكەین، بەمانە كێشەی ناوخۆ چارەسەر نابێت و دەبێت هەموومان لەئاستی پێداویستی ئەم قۆناخە نوێیەدا بین.

* لەئێستاوە ئەو پێشبینییانەی باستكردن، هەندێكیان سەرەتاكەی دەركەوتوون، ئەوەتا نوری مالیكی بەئاشكرا دەڵێت دەبێت هێزی پێشمەرگە لەو شوێنانە بكشێنەوە كە بە خوێنی پێشمەرگە ئازادكراون، ئایا ئێوە وەك فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە سەبارەت بەم قسانە چی دەڵێن؟ ئەمە لەكاتیكدا سەرۆك بارزانی دەڵێت: مالیكی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران راستەوخۆ دەوڵەتی كوردستان رادەگەیەنم؟
- پێش هەموو شت دەمەوێت ئەوە بڵێم من وەك پێشمەرگەیەك و مرۆڤێك كە ناوم مستەفا چاوڕەشە دە هێندەی كاك مسعود بارزانی لە نوری مالیكی بێزارم، لەماوەی ساڵانی 2007 تا ئێستا كە دەكاتە نزیكەی 10 ساڵ باش ئەو رۆژانەم لەبیرە كە نوری مالیكی لەشكری هێنایە سەرمان و ویستی خانەقین داگیربكاتەوە، ئەوكات بە پەلەپڕووسكێ فریاكەوتین و لەگەڵ مەلا بەختیار چووینە خانەقین و ماوەی سێ مانگ لەوێ ماینەوە، تا نەمانهێشت نوری مالیكی خانەقین داگیربكات، هەروەها هەر ئەم نوری مالیكییە بوو هێزی دیجلەی دژی كورد دروست كرد و هات بەگژماندا، مالیكی كەسێكی دژ بە كوردە و جێگەی باوەڕ و متمانە نییە، بەم دواییەش كە هات بۆ سلێمانی پڕ بەدڵ پێم ناخۆش بوو، تەنانەت ئەگەر پێشیان بوتمایە من نەدەچووم پێشوازی لە مالیكی بكەم، بۆیە كاك مسعود بارزانی خۆی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەو پیاوێكی بە ئەزموون و شارەزایە و دەزانێت چی دەڵێت. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە لەگەڵ عێراق بە ئاشتی و دیالۆگ پرسی سەربەخۆیی بگەیەنینە ئاكام، ئەمەش پێویستی خۆی دەوێت و ئامادەباشی هەموو لایەنەكانی دەوێت. من وای دەبینیم هێزو لایەنە عێراقییەكان جیاوازن، بەڵام بۆ مەسەلەی كوردو سەربەخۆیی كوردستان هاوهەڵوێستن، راستە ئێستا مالیكی سەرۆك وەزیران نییە، بەڵام مالیكی سەرۆكی حزبی دەعوەیەو لە پشتی پەردەوە حوكم دەكات، بۆیە من هیچ دڵخۆش نیم بە نوری مالیكی و كاك مسعود بارزانی بڕیاری خۆی داوە، سەبارەت بە هەڕەشەكانی نوری مالیكیش بۆ كشانەوەی هێزی پێشمەرگە، ئێمە وەك پێشمەرگە دەزانین چۆن ئەو خاكانە ئازادكراون، هاوسەنگەری خۆمانمان بینیوە چۆن شەهیدبووەو پاشان پارچەكانی لەشیمان كۆكردۆتەوە، بۆیە دەمێكە مالیكی ئەو جۆرە هەڕەشانە دەكات، وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد هێشتا داعش دروست نەبوو، كە مالیكی دژایەتی كوردستانی دەكرد، ئەم هەڕەشانەی مالیكی پێمان دەڵێت كە جیاوازییەكی ئەوتۆ لە نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق نییە سەبارەت بە دژایەتییان بۆ كوردو كوردستان، هەربۆیە دوای ئەوەی بودجەو قووتی خەڵكی كوردستانی بڕی، ئێستا هەڕەشەمان لێدەكات، بۆیە من دووبارەی دەكەمەوە، دوای تەواوبوونی شەڕی داعش، هێزەكانی حەشدی شەعبی دژی كوردستان دەجووڵێنێت و دەكەونە هەڕەشە و لەوانەیە تووشی شەڕێكی سەختی دیكە ببین، بۆیە لە پێشبینی كردن بۆ ئەم پێشهاتانە گرنگە پارتی و یەكێتی و تەواوی لایەنەكان ئەم واقیعە لەبەرچاو بگرن و خۆیان بۆ ئەم پێشهاتانە ئامادەبكەن، بۆ ئەوەی ئەگەر خوانەخواستە هاتەپێشمان بە هێزەوە رووبەڕووی ببینەوە. من ئومێد دەكەم شەڕ نەبێت و جارێكی دیكە خوێن لە لووتی هیچ كەسێك نەیەت، بەڵام هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ناكشێتەوە كە بە خوێن ئازادی كردووەو گوێ لە هەڕەشە و گوڕەشەی خەڵكانی وەك مالیكی ناگرین و قسەكانی هیچ بەهایەكی نییە.

* ئەوەی ئێستا لەسایەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە پێی گەیشتووین، ئەوەیە رۆژانە دەیبنین كە سەرۆكی دەوڵەتان و شاندی پایەبڵندی وڵاتان دێنە كوردستان و سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن، ئایا چۆن سەیری ئەم پشتگیرییە نێودەوڵەتییە دەكەیت؟
- ئەم دەستكەوتە بەرهەمی خوێنی پێشمەرگەیەو دەبێت هەموومان شانازی پێوە بكەین. لەسەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕی دژی داعش هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی و یەكێتی و لایەنەكان و خەڵكی بێلایەنیش خوێنیان بۆ ئەم سەركەوتنانە رشتووەو دەبێت هەموومان شانازی پێوە بكەین، ئەو سەرۆك و شاندانەی دێنە كوردستان و سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن، جێگەی خۆشحاڵییەو ئومێد دەخوازین دوای تەواوبوونی شەڕی داعش ئەو دەوڵەتانە زیاتر پشتگیریمان بكەن و جێمان نەهێڵن، ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە، كەم نییەو نابێت بەچاوی كەم سەیربكرێت، هاتنی ئەو شاندانەش بۆ كوردستان دەستكەوتێكی نەتەوەییەو دەبێت سوودی لێوەربگرین و تەباو یەكڕیز بین بۆ ئەوەی ئەم دەستكەوتانە لەدەست نەدەین. لەلایەكی دیكەوە ئەم دەستكەوتانە بەرهەمی یەكڕیزی و یەكسەنگەری هێزی پێشمەرگەیە، خوانەخواستە ئەگەر درزێك بكەوتایەتە ناو هێزەكانی پێشمەرگە، ئەوا گەلەكەمان دووچاری مەینەتییەكی گەورە دەبووەوە و رەنگە داعش ئێستا زۆربەی شارو ناوچەكانی ئێمەی داگیربكردایە، بۆیە ئێمە هەڵماندا بەهەموو لایەكمان كە كێشەو ململانێی حزبی كاریگەری لەسەر هێزی پێشمەرگە نەبێت، تەنانەت وەك هێزەكانی یەكەی 70 و 80 بەیانێكمان دەركردو رامانگەیاند كە ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە نابینە لایەنگیری هیچ كێشەیەك و هەوڵی ئەوە دەدەین كێشە سیاسییەكان كاریگەری لەسەر پێشمەرگە نەبێت، سوپاس بۆ خوا وێڕای نەبوونی و كەموكورتی و پێداویستی و كەمی و دواكەوتنی مووچە، هێزی پێشمەرگە توانی خۆی لە كێشمەكێشی حزبی رزگاربكات و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی میللەتەكەمانی لەشەڕی دژی داعش پاراست.

* بوونی هێزی پێشمەرگە بەیەك لەشكر وەك سوپای كوردستان زۆر گرنگە، دیارە پێشمەرگە خۆی لە كێشە سیاسییەكان دوورخستەوە، ئایا تاچەند ئێستا وەك یەك لەشكر و یەك سوپا یەكگرتووە؟
- وەڵامی ئەم پرسیارە دووبەشە، سەبارەت بە بەشی یەكەمیان، بەڵێ هێزی پێشمەرگە توانی یەكڕیز و تەبابێت و بەسەركەوتوویی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، بەڵام زۆر كاری دیكەش ماوە كە پێویستە بكرێن بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە ببێتە ئەو لەشكر و سوپایەی كوردستان كە ئێوە ئاماژەتان پێكرد. راستە یەكەی 70 و 80 سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن، بەڵام چەندین لیوای دیكەشمان هەن كە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە نین، بۆیە دەبێت هەوڵبدرێت هەنگاوەكان بەردەوام بن بۆ ئەوەی پێداویستیەكانی هێزی پێشمەرگە بەتەواوەتی دابین بكرێت و ئەو لیوایانەشی هەتا ئێستا یەكیان نەگرتۆتەوەو ئەوانەش لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبگرنەوە.
Top