جۆناسان كاڤرلەی : ڕووداوەكان سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاڕاستە دەكەن، نەك فەلسەفەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی كاندیدەكان

جۆناسان كاڤرلەی : ڕووداوەكان سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاڕاستە دەكەن، نەك فەلسەفەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی كاندیدەكان
جۆناسان كاڤرلەی، پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی و دیراساتی ئەمنی لە ئامۆژگای تەقەنی ماساشوتس، بڕوانامەی دكتۆرای لە زانستی سیاسی لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەست هێناوە، پێشتریش لە چەند زانكۆیەك وانەبێژ بووە، وەك زانكۆی نۆرسوێستێرن و ئیڤانستۆن. بۆ شرۆڤەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ تەحەددییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا سازكرد و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* ئەگەر لەو كەسایەتییانەوە هەڵسەنگاندنێك بكەین كە دۆناڵد ترەمپ دەستنیشانی كردوون بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی سەرەكی لە ئیدارەكەیدا هەڵبگرن، ئایا ئەو گۆڕانكارییانە چین كە پێشبینی دەكرێت لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی نوێی ئەمەریكادا بەدی بێن؟
- یەكێك لە جیاوازییە زەقەكان ئەوەیە كە ئەو كەسایەتییانەی پاڵێوراون بۆ ئەوەی سیاسەتی دەرەوە بەڕێوە ببەن، خاوەنی ئەزموونێكی گرنگن لە حكومەتدا. بۆ نموونە پاڵێوراوی وەزیری دەرەوە زۆربەی ژیانی پیشەگەرییانەی خۆی لە كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیلدا بەسەر بردووە. یان ژەنەڕاڵن و بەم دواییە خانەنشین كراون. دەكرێت ئەمەش ئاماژەگەلێكمان پێبدەن لەبارەی ئەو ڕێچكەیەی كە ئیدارەی نوێ لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە دەیگرێتەبەر.
* كەواتە پێتوایە كام یەكێك لەو پاڵێوراوانە لە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكادا پتر كاریگەر دەبێت؟
- لەبەر ئەو هۆكارانەی لەسەرەوە ئاماژەم پێكردن، ئەوا مەزەندەی ئەوە دەكەم كە وەزیری بەرگری ژەنەڕاڵ ماتیس، زۆر دەستڕۆیشتوو دەبێت لە حكومەتەدا بە بەراورد بە دەزگای هەواڵگری و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی دەرەوە.
* بەم دواییە بینیمان كە ئیدارەی باراك ئۆباما ڕێگری نەكرد لەو بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش كە ئیدانەی ئیسرائیلی كرد لەسەر مستەوتەناتەكان، هەروەها وەك سزایەك لەسەر دەستتێوەردانی ڕووسیا لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكادا كۆمەڵێك دیپلۆماتكاری ئەو وڵاتەی دەركرد، خوێندنەوە و تێڕوانینی ئێوە بۆ ئەم هەنگاوانەی ئیدارەی ئۆباما چییە؟
- سیاسەتی ئەمەریكا بۆ ئیدانەكردنی مستەوتەنە ئیسرائیلییەكان لە خاكە داگیركراوەكاندا تەواو گونجاوە لەگەڵ سیاسەتی چەندین ئیدارەی دیكەی ئەمەریكادا. بەدڵنیاییەوە، گۆڕانكارییەكی گەورە دەبێت ئەگەر بێتو ئیدارەی ترەمپ دان بە یاساییبوون و شەرعیبوونی مستەوتەناتەكاندا بنێت.

* بەپەلەترین و سەختترین تەحەددی كە ڕووبەڕووی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا ببێتەوە، بریتیە لە دۆخی دژواری سووریاو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، ئایا تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم تەحەددییانە زەمینەیەكی هاوبەش لەنێوان ئەمەریكا و ڕووسیا دروست بێت؟
- ئەگەر تێكشكاندنی داعش لە سووریا تەنیا ئەولەوییەتی ئیدارەكە بێت، ئەوا هاوكاری نێوان ڕووسیاو ئەمەریكا مانای دەبێت. بەڵام داعش سنووری لەعێراق و سووریادا بڵاوبۆتەوە، منیش گومانم هەیە لەوەی كە هێنانەئارای هاوكاری لەنێوان ئەمەریكا و ڕووسیادا (ئەمە ئەگەر هیچ شتێك نەڵێین لەبارەی عێراقەوە) كارێكی ئاسان بێت.
* بەڵام كێشەی ئەم ناوچەیە دەوڵەتی شكستخواردووە، ئایا تاچەند ترامپ لەپرۆسەی بونیادنانەوەی دەوڵەت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور دەكەوێتەوە؟
- جۆرج ئێچ بۆش-یش لێدوانی هاشێوەی دا، پێش ئەوەی دەسەڵات بگرێتەدەست، بەڵام ئێمە دەزانین ئەوە ڕووداوەكانن كە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا ئاڕاستە دەكەن. نەك فەلسەفەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی كاندیدێك.
Top