شێخ جەعفەر شێخ مستەفا : كاتی ئەوە هاتووە یەكێتی و پارتی هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێكبهێنن و بە دیدو نەفەسێكی نوێ كار بكەن

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا : كاتی ئەوە هاتووە یەكێتی و پارتی هاوپەیمانێتییەكی نوێ پێكبهێنن و بە دیدو نەفەسێكی نوێ كار بكەن
ئاشكرایە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە دژی داعش بوونەهۆی ئەوەی بە چاوی رێز و پێزانینەوە لەسەر ئاستی جیهانی لێی بڕوانرێت، لەسەر ئاستی ناوخۆییش ئومێد دەكرێت ئەو سەركەوتنانە هەل ومەرجێكیان ڕەخساندبێت بۆ ئەوەی دۆخە سیاسییە دژوارەكە پەرەسەندنی ئەرێنی بەخۆیەوە ببینێت، لە ئێستاشدا كە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بەڕێوەدەچێت، پێشمەرگە هەر لە سەرەتاوە ڕۆڵی كاریگەرو گەورەی هەبووە لەو پرۆسەیەداو هاوكاری و هەماهەنگیی سوپای عێراقی كردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر كارابوونی ئۆپەراسیۆنەكە. ئەمانەو چەند پرسێكی گرنگی دیكە بوونەتە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی یەكەی (70)ی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانیان دایەوە.
ئۆپەراسیۆنی موسڵ سەلماندی كورد كێشەی لەگەڵ سوپای عێراقدا نییە، بەڵكو كێشەی لەگەڵ ناوەندی بڕیار و سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا هەیە



* دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگە بە هاوپەیمانی لەگەڵ سوپای عێراق و ئەمریكا لە پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ بەشداری كرد، ئەوەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرنامەكەدا دانرابوو، زۆر بە سەركەوتوویی و لەكاتی خۆی جێبەجێ كراو ناوچە كوردستانییەكانتان ئازاد كردەوە، وەك فەرماندەیەكی مەیدانی كە بەشدار بوون لە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، ئەو سەركەوتنەی هێزی پێشمەرگە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بەدەستی هێنان، لای ئێوە چۆن دەخوێندرێتەوە؟
- لە راستیدا هەر كاتێك كە هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكانیش باسیان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ كردبێت، ئەو راستییەیان دووپات كردۆتەوە كە بە بێ بەشداریكردنی پێشمەرگە مەحاڵە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدرێت و سەركەوتن بەدەست بهێنێت. تەنانەت پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵیش، بەشی زۆری كۆبوونەوەكان لە هەولێر لەلایەن جەنابی مسعود بارزانی فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێوەچووە بە بەشداریی هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان. كە سەرجەم وردەكاری ئۆپەراسیۆنەكەش رێككەوتنی لەسەركرا. لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەشدا پێشمەرگە ئەركی ئەوەی پێ سپێردراو كە لە هێڵی یەكەمی بەرگری داعش لە خازر و باشیك و شوێنەكانی دیكە پێشڕەوی بكات، دواتر بوار بدرێت، بۆ ئەوەی هێزەكانی عێراق لە ناو هێزی پێشمەرگەو لە خاكی كوردستانەوە پێشڕەوی بكەن بەرەو ئازادكردنەوەی موسڵ و ئەركی ئازادكردنەوە و چوونە نێو ئەو شارە ببووە بەرپرسیارێتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق. هەر لە رۆژی یەكەمیشدا، پێشمەرگە توانی ئەركی خۆی جێبەجێ بكات. كە ئێمە دەزانین هەمیشە هێڵی یەكەمی بەرگری، تۆكمەترین و مەحكەمترین سەنگەرە و بە تێكشكاندنیشی، هێڵی دووەم و سێیەمی بەرگری ئەو گرنگییەی نامێنێت، چونكە ئەوە ئاماژەیەكە بۆ شكستی دوژمن و رووخانی ورەی دوژمن. لە راستیدا لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ و ئۆپەراسیۆنەكانی دیكەشدا پێشمەرگە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بەدەیان هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشە خاكی رزگاركردووە، تەنانەت هەندێكیان بەبێ هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانانیش، وەك لە جەلەولا و سەعدییە و قەرەتەپەو خورماتوو بینیمان. كەواتە پێشمەرگە بۆتە هێزێكی نموونەیی و لە هەموو جیهاندا باس لە پاڵەوانێتی و قارەمانێتی ئەم هێزە دەكرێت، هەر شاندێكیش بێتە كوردستان، لە هەر پلەو پایەكدا بێت، سەرەتا دێت و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدەكان دەكات و سوپاس و ستایشی پێشمەرگە دەكات، دواتر كۆبوونەوە ئەنجام دەدات و لەبارەی پرس و بابەتەكانەوە گفتوگۆ دەكات.
* لەیەكەم رۆژی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ، مسعود بارزانی وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستان سەردانی ئێوەی لە خازر كرد، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، لە كۆنگرە رۆژنامەییەكەدا فەرماندە سەربازییەكانی سوپای عێراقیش لەگەڵ ئێوە بوون، ئایا وەك فەرماندەیەكی سەربازی چۆن سەیری هاوپەیمانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەكەیت؟ ئایا دەتوانین بڵێین ئەمە وەك هاوپەیمانی سەربازی نێوان دوو وڵاتی دراوسێیە لە شەڕێكی هاوبەشدا؟
- لە راستیدا ئەوە یەكەمجارە كە پێشمەرگە بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراقدا ئۆپەراسیۆنێك ئەنجام بدەن، كە بووە مایەی سەرسوڕمانی هەموو لایەك كە بەو شێوەیە توانرا هاوكاری و هەماهەنگی بكرێت و لە ئەنجامدا سەركەوتنیشی لێكەوتەوە. لەلایەكی دیكەشەوە ئەمە ئاماژەیە بەوەی كە ئێمە وەك كورد و وەك پێشمەرگە هیچ كاتێك كێشەمان نەبووە لەگەڵ سوپای عێراقیدا – كە ئامرازی جێبەجێكردنە-، بەڵكو كێشەی ئێمە لەگەڵ ناوەندی بڕیارو سەركردە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە بووە، ئەوەشمان بە كردەوە سەلماندووە، چونكە ئێمە توانیمان پێكەوەو لە یەك سەنگەردا شەڕی داعش بكەین و هەنگاو هەڵبگرین بەرەو ئازادكردنی موسڵ. با ئێمە ئەوەشمان لە یاد بێت، كە تا ئێستا كوردستان بەشێكە لە عێراق و پێشمەرگە بەشێكە لە مەنزوومەی بەرگری عێراقی- لە هێزە چەكدارەكانی عێراق-، لەبەر ئەوە وەك دوو دەوڵەت مامەڵە نەكراوە، بەڵكو وەك هەرێمێك مامەڵە كراوە، دواتر ئەمە هەڕەشەیەكی هاوبەش بووە كە رووی لە كوردستان و عێراق كردووە، بەڵام بە بێ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە پێشڕەویكردن بەرەو موسڵ كارێكی قورس و دژوار دەبوو. چونكە ئێمە لە هەندێ شوێن 6 بۆ 10 كیلۆمەتر لە شارەوانی موسڵەوە دوور بووین، لە كاتێكدا سوپای عێراق لە ناوچەكانی دیكەوە بە 100 كیلۆمەتر دوور بوون. كە ئەم هاوكاری و هەمانگییەش هۆكارێك بووە بۆ رەواندنەوەی ئەو بێمتمانەییەی لە نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقیدا لەئارادا بوو. هەروەها ئەو راستییەشی سەلماند كە ئۆباڵی ئەنجامنەدانی ئۆپەراسیۆنی موسڵ لە ئەستۆی پێشمەرگەدا نییە، چونكە پێشتر وا باس دەكرا كە پێشمەرگە رێگری لەم كارە دەكات. ئەوە بوو ئێمە پێمان راگەیاندن كە بوارتان بۆ دەكرێتەوە بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە، بەڵام بە مەرجێك هاتنتان مەرامی سیاسی لە پشتەوە نەبێت و بە ئامانجی ئەوە نەیەن كە هێزەكانتان لێرە جێگیر بكەن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا ببنە هەڕەشە بۆ سەر كوردستان. ئەوە بوو ئێمە رێگەماندا بێن و تەنانەت ژووری عەمەلیاتی هاوبەشمان دروستكردو پێشمەرگە ڕێگەی بۆ كردنەوە بۆ ئەوە بەرەو موسڵ جووڵە بكەن، كە پێموایە ئەگەر لە شەرگاتەوە دەستیان پێبكردایە بە شەش مانگیش نەدەگەیشتە سنووری شارەوانیی موسڵ.
* بە رزگاركردنەوەی باشیك دەتوانین بڵێین بەشی هەرە زۆری ناوچە كوردستانییەكان كەوتەوە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هەروەها بە رزگاركردنی باشیك بەرنامەی پێشمەرگە بۆ شەڕی سەربازی داعش كۆتایی هات، هەر لەم بۆنەیەشدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی راگەیاند، ئەم پەیامە وەك پەیامی راگەیاندنی سەركەوتنی سەربازی كوردستان بوو بەسەر داعشدا، ئایا لای تۆش وەك فەرماندەیەكی سەربازی كاتێك باشیك ئازادكرا، مانای ئەوەیە پێشمەرگە كوردستانی لەداعش پاك كردەوە؟

- باشیك، هەڵكەوتەیەكی گرنگی هەبوو، لەوێدا هێزێكی گەورەو بەرگرییەكی گەورەی داعشی تێدا جێگیر كرابوو كە هێزی پێشمەرگە توانیی ئازادی بكات. بەڵام ئەگەر ئێمە باسی سنووری كوردستان بكەین، ئەوا هێشتا خاكی زۆر ماوە بەدەست بهێنرێنەوە بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە تەواوی كوردستان لە ژێر دەستی خۆماندایە، بەڵام ئێمە دەزانین كە ئەم ناوچانە بۆ ماوەیەكی زۆر بەر شاڵاوی تەعریبكردن كەوتوون. بۆ نموونە، كاتێك ئێمە باسی ئەوە دەكەین كە چیای حەمرین سنووری كوردستانە، ئەوا ئەگەر لەم ناوچەیەوە بەرەو هەرێمی كوردستان بێیت، ئەوا لە هەندێ شوێن بە قووڵایی30 بۆ 50 كیلۆمەتر تەعریب كراوەو كوردی تێیدا راگوێزراوە. لە ئێستادا ئێمە ئەو ناوچانەمان ئازاد كردۆتەوە كە كوردی تێدا نیشتەجێ بوون، بەڵام ئەگەر باسی خاكی كوردستان بكەین، ئەوا هێشتا سنوورێكی زۆر ماوە كە ئازادیان بكەین. لە راستیدا یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ئەو ناوچانەش لە چوارچێوەی ریفراندۆمێكدا دەبێت، كە دەبێت خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان بڕیار بدەن ئایا دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر هەرێمی كوردستان یان وەك بەشێك لە عێراق بمێننەوە
* ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو هەر لەدەستپێكی ساڵی تازەوە، سەرۆكی گەورەترین دەوڵەتی جیهان كە فەرەنسایە سەردانی كوردستانی كردو دوای ئەویش سەرۆك وەزیرانی توركیا هات، وەك لە رێوڕەسمی پێشوازییەكەشدا بینمان ئێوە وەك فەرماندە سەربازییەكان لە پێشوازییەكەی ئامادەبوون، پاشانیش هەر بە یاوەری ئێوە سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد، ئایا سەردانی ئەم سەرۆك و سەرۆك وەزیران و ئەو شاندە باڵایانە بۆ كوردستان و بەسەركردنەوەی پێشمەرگە چ خوێندنەوەیەك بۆ ئایندەی كوردستان دروست دەكات؟

- ئاشكرایە فەرەنسا یەكێكە لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایش و مافی ڤیتۆی هەیە. ئەوەش جاری دووەمە كە سەرۆكی ئەو وڵاتە سەردانی كوردستان دەكات، جاری یەكەم هەڕەشەی داعش چەند كیلۆمەترێك لە هەولێرەوە دوور بوو، بەڵام ئەو هات و لە هەولێر دابەزی. جاری دووەم لە ساڵی 2017دا سەردانی كوردستانی كردەوە، كە ئەمجارەیان هێزی پێشمەرگە لە هەڵمەتێكی گەورەدا بوو بۆ رزگاركردنی موسڵ و بەڕێزیان سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد. ئەمە ئاماژەیەی بەوەی كورد خاوەن كەسایەتی خۆیەتی و نیشانەی پشتیوانییە بۆ میللەتی ئێمە كە بۆتە هێزێك كە لەبری هەموو جیهان شەڕ دەكات و بەرەنگاری دڕندەترین هێزی تیرۆریستی بۆتەوە كە بریتییە لە داعش. لەبەر ئەوەیە كە سەرۆكی فەرەنسا و سەرجەم سەرۆك و كەسایەتییەكانی دیكەش دووپاتیان كردۆتەوە كە بەردەوام دەبن لە پشتیوانیكردنی كورد، تەنانەت لە دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعشیش. ئەوە بوو بەڵێنی ئەوەیدا كە لە دوای داعشیش پشتیوانییەكانی ئەوان بەردەوام بێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەو ئەنجامدانی مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە.
* هاوكات لەگەڵ سەركەوتنە گەورەكانی پێشمەرگە، هەر لەسەرەتای ئەمساڵەوە جۆرێك لە رێككەوتنی تازە لەناو پارتی و یەكێتی دروست بۆتەوە، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە بە راستی ئەمڕۆی كوردستان پێویستی بە پارتی و یەكێتی هەیە، ئایا تا چەند گرنگە لەم قۆناخەدا پارتی و یەكێتی وەك هێزی پێشمەرگە لەسەر ئاستی سیاسیش پێكەوە ئەم قۆناخە هەستیارە بەڕێوەبەرن؟

- لە راستیدا ئەگەر ئێمە لە قوربانیدان و فیداكاری و شەهید و بریندارەكانی ئەم دوو حزبە بڕوانین كە هێزی سەرەكیش بوون و لە شاخ شەڕیان كردووە، ئەوا ئاشكرایە كە ئەو دەستكەوتانەی لە ئێستادا لە كوردستاندا بەدەستهاتوون بەرهەمی خەباتی ئەو دوو حزبەن، هەرچەندە ئێمە ناڵێین حزبی دیكە بوونی نەبووە. بەگشتی هەر كاتێك ئەم دوو حزبە (پارتی و یەكێتی) پێكەوە كاریان كردبێت، ئەوا هەم توانیومانە دوژمن تێكبشكێنین و هەم توانیومانە هەرێمەكەشمان ئاوەدان بكەینەوە، هەر كاتێكیش لێكدووركەوتبینەوە، ئەوا میللەتەكەمان دووچاری نەهامەتی و شكست و ئێش و ئازارێكی زۆر بووەتەوە. بۆ نموونە، لە سایەی رێككەوتنی ستراتیژیدا كە پێكەوە حكومەتمان پێكهێناو پێكەوە كارمان كرد، دەبینی چەند خزمەتی ئەم هەرێمەمان كردو ئەم هەرێمە چەند پێشكەوت. من ئەم قسەیە وەك موزایەدە ناكەم، بەڵام دەبێت پارتی و یەكێتی هاوپەیمان بن لە حكومڕانێتیدا، چونكە ئەوە دووركەوتنەوەی یەكێتی و پارتییە لە یەك كە دەبێتەهۆی لەدەستچوونی دەستكەوتەكان و كاولبوونی هەرێمەكەمان، پێكەوەكاركردنیشیان دەبێتەهۆی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و تێپەڕاندنی قەیرانەكان و دوورخستنەوەی شەڕ لە میللەتەكەمان و هەنگاوهەڵگرتن بەرەو سەربەخۆیی. هیچ حزبێكی دیكەش ناتوانێت ئەم رۆڵەی هەبێت، رەنگە بتوانێت كۆسپ و تەگەرە دروست بكات، بەڵام ناتوانێت بارودۆخی كوردستان تێكبدات، ئەگەر ئەم دوو حزبە پێكەوە كاربكەن. كەواتە پێویستە لە ئێستادا یەكێتی و پارتی هاوپەیمانێتیەكی نوێ پێكبهێنن و ببنە شەریكی راستەقینە لەم وڵاتەدا. چونكە ئەگەر یەكێتی لەگەڵ هەموو حزبەكانی دیكەدا رێككەوتن بكات هیچ كاریگەرییەكی نییە، هەمان شت بۆ پارتیش راستە. كەواتە دەبێت پارتی و یەكێتی پێكەوە رێككەوتن بكەن و دواتر داوا لە حزبەكانی دیكە بكەن بەشداری لە حكومڕانێتیدا بكەن لە كوردستاندا. لەبەر ئەوە كاتی ئەوە هاتووە كە ئەم دوو حزبە رێككەوتن بكەن و دڵی خەڵكی خۆش بكەن و گۆڕانكاری بكەن، بەتایبەتی لە دوای دەستپێشخەرییەكەی جەنابی كاك مسعود كە لەلایەن هەموو حزبەكانەوە پێشوازی و پشتیوانی لێكراوە، كە تا ئێستا پارتی سەردانی هەموو حزبەكانی كردووەو دوو جار لەگەڵ یەكێتیدا دانیشتن كراوە. بەڵام هەروەك وتم دەبێت پێشتر یەكێتی و پارتی پێكەوە رێككەوتن بكەن لەسەر هەموو ئاستەكان و لەسەر سەرجەم مەسەلە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان و ئێنجا پێكەوە بچنە لای حزبەكانی دیكە، كە هیوادارین حزبەكانی دیكەش كە رۆڵ و جەماوەر و بەرپرسیارێتیان هەیە، بەشداری بكەن بۆ ئەوە بتوانین دەستكەوتەكانمان بپارێزین و ئەو هەڕەشەیە لەسەر میللەتەمان بڕەوێنینەوە و هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی بنێین.

* ئایا هیچ بەرەوپێشچوونێك لەم ڕووەوە بەدی هاتووە؟
- لە راستیدا لە كۆبونەوەكانی نێوانیان هەردوولا پێداگیرییان كردووە كە دەبێت رێككەوتنێك بكرێت بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانی ئەم هەرێمە. هەروەها من پێم خۆشە ئەوە بڵێم كە پێویستە لە نێوان یەكێتی و پارتی ژمارەی كورسی نەكرێتە مەسەلە، چونكە ئەگەر یەكێتی سەرجەم كورسییەكان بەدەست بێنێت و پارتیش هیچ كورسییەك نەباتەوە، ئەوا پارتی وەك هێزێكی خاوەن سەنگ لە گۆڕەپانەكەدا دەمێنێتەوە و دەبێت شەریكی راستەقینە بێت، پێچەوانەكەشی هەر راستە. بەڵكو دەبێت كار لەسەر ئەوە بكرێت كە ئەم دوو حزبە حوكمڕانی بكەن و خەڵك لەو دۆخە رزگار بكەن. بۆیە لە كۆبوونەوەكانیش باس لەوە كراوە كە نابێت ژمارەی كورسی ببێتە بەربەست لەبەردەم رێككەوتن و پێكهێنانی هاوپەیمانێتی و كاركردن بە دیدو بە نەفەسێكی نوێ.

* دوا پرسیارمان سەبارەت بەدواكەوتنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجەیە لە پارێزگای كەركووك، ئایا دواكەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
- ئەوەی پێوەندی بە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجەوە هەبێت، ئەوا ئێمە هەرگیز بەرهەڵستی ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنەمان نەكردووە، بگرە جەنابی كاك مسعود بارزانی كە فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەو بە بێ فەرمانی بەڕێزیان هیچ ئۆپەراسیۆنێك ئەنجام نادرێت، رەزامەندی دەربڕیوەو ئێمە لە چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ فەرماندەكانی سوپای عێراق و سەركردەكانی حەشدی شەعبی پێمان راگەیاندوون كە ئێمە هەموو كاتێك ئامادەین كە بە هەماهەنگی و بە رێككەوتن ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە نە لە سەردەمی مالیكی و نە لە ئێستادا كە حەیدەر عەببادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە رەزامەندی نەدراوە بۆ ئەوەی ئەم كارە بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئێمەدا جێبەجێ بكرێت. تەنانەت ئێمە لە چەند میحوەرێكیشەوە رێگەمان پێداون ئەم كارە بكەن، وەك میحوەری 3 لە داقوق و میحوەری 4 و لە میحوەری 5 كە تایبەتمەندیی خۆی هەیە پێمان راگەیاندوون كە با لە بری پۆلیسی ئیتحیادی و حەشدی شەعبی، سوپا بە هاوكاری هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی بكات لەم قۆڵەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوان فەرمانیان نەداوە بۆ ئەوەی پێشڕەوی بكەن و بەرەو حەویجە جووڵە بكەن.
Top