فەریق جەمال محەمەد : قسەكانی مالیكی دژ بە كورد و پێشمەرگە بۆ شاردنەوەی شكستەكانێتی و هیچ كاریگەریی لەسەر پێشمەرگە نییە

فەریق جەمال محەمەد :  قسەكانی مالیكی دژ بە كورد و پێشمەرگە بۆ شاردنەوەی شكستەكانێتی و هیچ كاریگەریی لەسەر پێشمەرگە نییە
سەنگەری پێشمەرگە بۆتە كۆشكی پێشوازی لەو سەرۆك و شاندانەی دەوڵەتانی جیهان كە سەردانی كوردستان دەكەن، سەردانی ئەوانیش بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە بۆ بینینی ئەو ئیرادەیەیە كە پێشمەرگە تیرۆریستانی داعشی پێ تێكشكاندووە. لەم چوارچێوەیەدا سەردانی فرانسۆ ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا و بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیاو چەندین لە وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی گەورەی جیهان بۆ كوردستان لە سەرەتای ساڵی تازەوە گەشبینییەكی ئەوتۆی دروست كردووە كە بڵێین ساڵی 2017 ساڵی كوردستان و پێشمەرگە دەبێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم وەرچەرخانانەو رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش، هەروەها ئەو كاردانەوانەی كە ناحەزان و دوژمنانی كوردستانی تووڕەو بێزار كردووە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
دوای ڕزگاركردنی كۆبانێ و تەواو بوونی ئەركەكانمان پێشمەرگە كۆبانێی جێهیشت پێویستە پەكەكەش هەمان شت لە شنگال دووبارە بكاتەوە

* لەسەرەتای ساڵی نوێوە شاندی گەورەی وڵاتان روو دەكەنە كوردستان و دوای ئەوەی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و حكومەت كۆدەبنەوە، سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگە دەكەن، وەك سوپاسالاری پێشمەرگە كە لەسەنگەرەكانی پێشەوە پێشوازییان دەكەیت، ئایا ئەو شاندانە چۆن سەیری قارەمانێتی پێشمەرگەو تێكشكانی داعش دەكەن و بەتایبەتی هاتنی فرانسوا ئۆلاند سەرۆكی فەرەنسا بۆ كوردستان و بەسەركردنەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە چۆن دەخوێننەوە؟
- فەرەنسا ئەندامێكی هەمیشەیی و گرنگی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەو لەشەڕی داعشدا رۆڵ و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، لەدەستپێكی هاتنی تیرۆریستانی داعشەوە كاتێك پەلاماری كوردستانیان دا لەساڵی 2014 پشتگیری و هاوكاری زۆر باشی هێزی پێشمەرگەو سەرۆك بارزانی بوون و بە فڕۆكە جەنگییەكانیان راستەوخۆ یارمەتییان داوین و بەبەردەوام بۆردومانی بنكەو بارەگاكانی داعشیان كردووە، لەمێژووشدا رۆڵی وڵاتی فەرەنسا لە یارمەتیدانی گەلی كورد دیارو لەبەرچاو بووە، هەربۆیە دووەمین سەردانی فرانسوا ئۆلاند بۆ كوردستان و كۆبوونەوەی لەگەڵ جەنابی بارزانی و دواتر سەردانیكردنی سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە بۆ ئێمە جێگای خۆشحاڵی بوو، ئەم سەردانەش دووپاتكردنەوەو جەختكردنە لە پشتیوانی و هاوكاریی بارزانی و هێزی پێشمەرگەی قارەمان بوو. سەردانەكەی بۆ ئەوە بوو لەنزیكەوە قارەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگە ببینێت كە بەحیكمەتی سەرۆك بارزانی و قارەمانێتی پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان توانرا داعشی تیرۆریست تێكبشكێنرێت و سەدان كیلۆمەتر خاك لەتیرۆریستان پاكبكرێتەوە، لەم دواییەشدا لەدەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵدا پێشمەرگە سەنگەرەكانی تیرۆریستانی داعش و هێڵەكانی یەكەمی شكاند. لەم سەردانەی فرانسوا ئۆلاندا، جەنابی سەرۆك بارزانی لەسەر نەخشە ئەو پلانەی بۆیان باسكرد كە چۆن ئازایانە هێزی پێشمەرگە ئەو میحوەرو ناوچانەی بۆی دەستنیشان كرابوو، پێش هاتنی سوپای عێراق هەر هەمووی ئازادكردو رێڕەوی بۆ سوپای عێراق كردەوە، تاوەكو لەناو بازگەو شوێنە رزگاركراوەكاندا پێشڕەوی بەرەو موسڵ بكات، بەتایبەتی میحوەری باكوورو رۆژهەڵاتی موسڵ كە پانتاییەكەی زیاتر لە 500 كیلۆمەتری چوارگۆشەیەو لەم ناوچانەوە سوپای عێراق دەستی بەهێرشەكانی كرد بەرەو شاری موسڵ. لەسەر راسپاردەو بەچاودێریی راستەوخۆی جەنابی بارزانی هێزی پێشمەرگە سەركەوتووانە توانی تەنیا لەماوەی كەمتر لەیەك هەفتەدا تەواوی پلانە سەربازییەكەی جێبەجێ بكات. ئەوە بوو لە 17/10/2016 تەواوی ناوچەكانی میحوەری خازر رزگار كران و لە 20-23/10/2016 میحوەری ناوەران و باشیك و باتمایێ رزگار كران، تەواوی وردەكاری ئەو پلان و بەرنامە سەربازییانەمان بۆ سەرۆكی فەرەنسا باسكرد، سەرۆكی فەرەنسا لە سەنگەری پێشەوەی هێزی پێشمەرگە سەیری خۆڕاگری و قارەمانێتی و فیداكاری پێشمەرگەی كردو هەر لەوێشەوە بەناوی گەل و حكومەتی فەرەنساوە سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كرد لەتێكشكاندنی ئەفسانەی داعشدا، هاوكات سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد كە سەرپەرشتیارو پلاندانەری هێرشەكان بووەو راستەوخۆ جەنگی دژی تیرۆریستان كردووە، ئەمە نەك تەنیا سەرۆكی فەرەنساو سەرۆك وەزیرانی توركیا، بەڵكو هەموو سەرۆك و بەرپرسانی حكوومی و سەربازی وڵاتانی دنیا بۆیان ئاشكرا بووە كە جەنابی سەرۆك بارزانی رۆڵی راستەوخۆی لەشەڕی دژ بەتیرۆریستان هەیە.
* ئایا سەرۆكی فەرەنسا لەكاتی ئەم بەسەركردنەوەیەدا تاچەند بەگرنگی زانی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە دابین بكرێت؟ ئایا ئەو هاوكارییانەی فەرەنسا بۆ شەڕی دژی داعش لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێت؟
- وەكو ئاماژەم پێدا لەسەرەتای پەلاماردانی داعش بۆ هەرێمی كوردستان فەرەنسا هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كردووەو لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر داعش ئەنجام داوە، چەك و تەقەمەنی دابینكردووەو مەشقی سەربازیشی بەهێزەكانمان كردووە، لەئایندەشدا هاوكارییەكانی فەرەنسا بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت، بەڵام لەم سەردانە بۆ لای ئێمە باسی چەك و تەقەمەنی و پێداویستی نەكراوە، بەڵام تەنیا هاتنی سەرۆكی وڵاتێكی وا گەورەی وەكو فەرەنسا بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ماناو گرنگیی گەورەی مەعنەوی و دەروونی بۆ هێزی پێشمەرگەو گەلی كوردستان هەیە، فرانسوا ئۆلاند لەقسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە پشتیوانی گەلی كوردو كوردستان و هێزی پێشمەگە دەكات لەدژی داعش و هەر پەلامارێكی دیكە بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

* هاتنی بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا بو كوردستان و پاشانیش هاتنی لەگەڵ سەرۆك بارزانی بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە مانایەكی تایبەتی هەبوو. ئایا گرنگیی هاتنی سەرۆك وەزیرانی توركیا بو سەنگەرەكانی پێشمەرگە چی بوو؟ ئایا باس لەوەكراوە سەربازانی توركیا لە باشیك بكشێنەوە؟
- یڵدرم باسی كشانەوەی هێزو لەشكری توركیای لەگەڵ ئێمە نەكرد، بۆی هەیە لەگەڵ سەركردە سیاسییە پایەبەرزەكانی كوردستان ئەم مەسەلەیە باسكرابێت، بەڵام ئەم بابەتە زیاتر لەگەڵ حكومەتی عێراق باسكراوە، هاتنی زیاتر بۆ پاڵپشتی و پشتگیری هێزی پێشمەرگە بوو، بۆ ئەوەی لەنزیكەوە سەرۆك وەزیرانی توركیا وەكو وڵاتێكی دراوسێ و كاریگەر لەناوچەكەدا ئەو قارەمانێتی و دەستكەوتانە ببینێت كە لەسەر دەستی پێشمەرگە بەدیهاتووە، كە توانیوێتی دڕندەترین گروپی تیرۆریستی (داعش) لەجیهاندا تێكبشكێنێت. یڵدرم جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە هێزی پێشمەرگە لەهەر شوێنێكدا بوونی هەبێت، هێمن و پارێزراوە، پێشمەرگە پەناگەی لێقەوماوان و ئاوارەیە، هاوكات لەم سەردانەدا سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد كە لەهەموو میحوەرەكانی جەنگ جگە لەوەی پلانی داڕشتووە شانبەشانی هێزی پێشمەرگە بەشدار بووە لەرزگاركردنی خاك و تێكشكاندنی داعش .
* پرسێكی دیكە مەسەلەی بوونی پەكەكەیە لەشنگال كە رێگرە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەو گەڕانەوەی دانیشتووانەكەی، ئایا مەسەلەی كشانەوەی پەكەكە بەكوێ گەیشتووەو تاچەند ئومێد هەیە پەكەكە بە ئاشتی خاكەكەمان لە شنگال چۆڵ بكات؟

- ئێمە پێمان باشە پەكەكە بە ئاشتییانە لەشنگال بڕۆن، شنگال پێشترو ئێستاش بەشێكە لەخاكی هەرێمی كوردستان، ئەو بارودۆخەی لە 3/8/2014 بەسەر شنگال هات و بە شەهیدبوونی 500 پێشمەرگەی قارەمان شنگال ئازاد كرا. پەكەكە دەبێت پەندو وانە لەپێشمەرگەوە وەرگرێت، كاتێك كۆبانێ پێویستی پێمان بوو، فریایان كەوتین و كە ئازادكرا هاتینەوەو خاكەكەو شارەكەمان رادەستی هێزەكانی ئەوێ كرد، هەربۆیە ئێستا نابێت موزایەدە بكەن و بڵێن ئێمە شنگالمان ئازادكرد، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان و شنگال و خەڵكی ئێزیدی پێویستی بەوان نییە، ئەوان پێویستیان بە ئاوەدانكردنەوەو گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵی خۆیان هەیە كە بە بوونی پەكەكە ئەو 3%ی ئێزیدییەی گەڕاویشەتەوە، دووبارە ناچاردەبن شنگال چۆڵ بكەن. ئێزیدی و خەڵكی شنگال دەزانن كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان رزگاركەرو پارێزەری ئەوانەو كوردستان 500 رۆڵەی شەهیدی بەخشییە ئازادكردنی ئەو شارەو جارێكی دیكە ناهێڵێت كۆمەڵكوژی تێدا بكرێت، لەلایەكی ترەوە ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە دژی ئەو هەموو چەكدارو گروپە نەناسراوەین كە بەناوی جۆراوجۆرەوە لەناوچەكەدا كاری كوشتن و خراپەكاری دەرهەق بەخەڵكی سڤیل ئەنجام دەدەن، شنگال خاك و ناوچەی پەكەكە نییەو پێویستە بەئاشتی چۆڵی بكەن و هەموو كارئاسانییەكیشیان پێشكەش دەكەین، ئێمە دژی ئەوەین گەنج و كچی ناوچەكە ببەن لە سووریا بەكوشتی بدەن.
* شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ درێژەی كێشا، زۆر لەوە زیاتری خایاند كە مەزەندە دەكرا، حەزدەكەین باسی دواگۆڕانكارییەكانی شەڕی موسڵمان بۆ بكەن، بەڕای ئێوە چەندی دی دەخایەنێت؟
- لە راستیدا مەزەندەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەش وا بوو كە شەڕی موسڵ ماوەیەك دەخایەنێت، چونكە دوو ساڵ زیاترە تیرۆریستان لەو شارەدا خۆیان قایم دەكەن و شارەكەش شارێكی گەورەیەو چەندین سەنگەر و تونێل لەناو جەرگەی كۆڵان و گەڕەكەكان لێدراوەو بۆمب و تەقەمەنی زۆر دانراوە، بوونی خەڵكی سڤیلیش ئەوەندەی دیكە كارەكەی قورس كردووە، بەتایبەتی كە داعش ئەو خەڵكە سڤیلەی وەكو قەڵغانی مرۆیی داناوە. راستە پلانەكە وەكو خۆی بەڕێوەدەچێت، بەڵام كات و ساتی رزگاركردنی تەواوی شارەكە دیار نییە، بەڵام بەم نزیكانە تەواوی لایەنی چەپی شارەكە ئازاد دەكرێت.

* لەنێوان هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق رێككەوتن و هاوكات هاوكاری باشیش هەیە، بەڵام ماوەیەكە چەند جارێك نوری مالیكی هەڕەشە لە پێشمەرگە دەكات و دەڵێت دەبێت بكشێنەوە بۆ سنوورەكانی ساڵی 2003 پرسیاری ئێمە ئەوەیە كاتێك لەنێوان هەولێرو بەغداو پێشمەرگەو سوپای عێراق رێككەوتن هەبێت، قسەكانی مالیكی چ قیمەتی هەیە، ئێوە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە هەڵوێست و روونكردنەوەتان لەسەر ئەو قسانە چییە؟
- هۆكاری هاتنی داعش و ماڵوێرانی عێراق مالیكی و سیاسەتی دەست و تاقمەكەی بووە، بەتایبەتی ئەو پلەدارە سەربازییە شۆڤێنییانەی سەر بە مالیكی بوون، هەڵسوكەوتی خراپ و هەڵەكانیان وایكرد خەڵكی موسڵ و تەواوی پارێزگاكە لێیان بێزار بن و لەسەرەتادا ئەو خەڵكە بەرگری نەكردو بگرە پێشوازییان لەداعش كرد، لەشكری مالیكی و هەڵسوكەوتە خراپەكانی داعشی دروست كردو تا ئەمڕۆش ئەو تیرۆریستانە بەتانك و چەك و زرێپۆش و تەقەمەنی ئەو سوپایە شەڕدەكەن. شكستی مالیكی بوو كە 3 فرقەی تەسلیمی داعش كردو ئەو هەموو كوردو عەرەبی سوننەو شیعەیە شەهید بوون، قسەكانی ئێستاشی دژ بەگەلی كوردو هێزی پێشمەرگە بۆ شاردنەوەی فەشەلەكان و تاوانەكانێتی و هیچ كاریگەری لەسەر هێزی پێشمەرگە نییە. ئێمە خاوەنی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەو پاڵپشتی گەلەكەمان و دنیای هاوچەرخین، گرنگی بەم جۆرە قسانە نادەین و هەر شوێن و ناوچەیەك خوێنی شەهیدی لێكەوتبێت، سازشی لەسەر ناكەین و كوردستانییە تەنانەت پێش رزگاركردنیشی ئەو ناوچانە كوردستانی بوون. خوێنی 1600 شەهیدی پێشمەرگە سازشی لەسەر ناكرێت لەگەڵ مالیكی و هەر هەنگاوێك دژ بەكوردستان و پێشمەرگە بهاوێت، چارەنووسی لەتیرۆریستانی داعش باشتر نابێت.

* زۆر كەس باسی مەترسیی حەشدی شەعبی دەكات. ئایا بەڕاستی ئەمە مەترسییە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، یا تەنیا موزایەدەی راگەیاندنەو بۆ هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكانی عێراق بەكار دەهێنرێت كە ئەمساڵ بڕیارە بەڕێوەبچێت؟
- تا ئێستا حەشدی شەعبی هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ئێمە نییە. ئێمە تەنیا هەماهەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراق هەیە. راو بڕیاری سەرۆك بارزانی ئەوە بووە كە تەنیا سوپای عێراقی فیدڕاڵ بەشدار بێت لە رزگاركردنی ناو موسڵ و پێی باش نەبوو حەشدی شەعبی بەشدار بێت، بۆ ئەوەی كێشەی سیاسی و تائیفی و تۆڵەسەندنەوە لەشارەكە روونەدات. من وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا تا سەرۆك بارزانی و پاڵپشتی گەلی كوردستانمان هەبێت، هێزی پێشمەرگە پارێزەری كوردستانە نەك تەنیا لەدژی تیرۆریستان، بەڵكو لەدژی هەر هێرشێك كە ئەگەر خوانەخواستە لەدواڕۆژدا بكرێتەسەرمان.
* ئەو پرسیارەمان سەبارەت بەساترو خەندەقەكانی پێشمەرگەیە، ئایا ئەمە دوایین سەنگەری پێشمەرگەیە؟ ئایا مەبەست لەخەتی 17ی ئۆكتۆبەر ئەو سنوورەیە كە لەگەڵ پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ دەستی پێكردووە؟
- زۆر كەس لێرەو لەوێ وا مەزەندە دەكەن كە ئەو سەنگەرانەی لێدراوە، سنووری كوردستانە، بەڵام سنووری كوردستان زۆر لەمە زیاترو فراوانترە، هەر شوێن و گوندێك كوردنشین بێت كوردستانەو پێشمەرگە پارێزگاری و بەرگری لێدەكات، مەرج نییە سەنگەرەكانی ئێستا سنووری كۆتایی بێت، بەڵكو شوێنی زۆر زیاتر لەدوای ئەو سەنگەرانەوە ماون كە كوردستانیین. بۆ نموونە باشووری شنگال كە چەندین كۆمەڵگەو گوندی لێماوە كە دوای ئازادكردنی سەنگەر لەوێش لێدەدرێت، لەمەدا چاوەڕوانی بڕیارو پلانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانین، بەڵام لای ئێمە تائێستا باسی دەستنیشانكردنی سنوور نەكراوە، هەر شوێنێكیش پێشمەرگەی لێبێت و خوێنمان رشتبێت، كوردستانییە و چۆڵی ناكەین.
* لە كۆتاییدا وەكو سوپاسالاری پێشمەرگە چ پەیامێكت بۆ خوێنەرانی گوڵان و گەلی كوردستان هەیە؟
- ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگە بۆ پاڵپشتیی گەلی كوردستان و پشتیوانیی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە كە لەیەكەم رۆژی بەرەنگاربوونەوە بڕیاری كوردستان یا نەمانی داو رووی كردە سەنگەرەكانی پێشمەرگەو پلاندانەرو سەرپەرشتیار بووەو هاوكاریی دەرەكی بۆ زامن كردین، سەرۆك بارزانی وەكو پێشمەرگەیەك شانبەشانی برا پێشمەرگەكان بەو دۆخە سەختەی كە لەناوخۆی كوردستان دروستكرا، كۆڵی نەداو گەلەكەی لەگەورەترین هێرش رزگار كرد، ئەمەشە وایكرد سەرۆك و بەرپرسان و سوپا گەورەكانی جیهان پێی سەرسام بن. ئەوەتا هەڵوێستی هاوپەیمانەكان زۆر روون و دیارو ئاشكرایەو بەبەردەوام سەردانی جەنابی بارزانی و هێزی پێشمەرگە دەكەن. ئەمڕۆ ناوی پێشمەرگە بووەتە رەمزی ئازایەتی و گیانفیدایی و پارێزەری لێقەوماوان، دڵنیاشم تا خاوەنی ئەو سەرۆكە بین، هاوپەیمانەكان و دنیای هاوچەرخ بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و هاركاریكردنی پێشمەرگە لەبەرامبەریشدا هیچ هێزو چەتەو لایەنێك ناتوانێت زیان بەهەرێمی كوردستان بگەیەنێت.
ش
Top