ئیكارت وۆرتز: كێشەی هەندێ لەدەوڵەتانی ناوچەكە ئەوەیە ناتوانن ئەركەكانی خۆیان ئەدا بكەن
January 11, 2017
دیمانەی تایبەت
ئیكارت وۆرتز توێژەرە لەسەنتەری بەرشەلۆنە بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، پێشتر بەڕێوەبەری دیراساتی ئابووری بووە لە سەنتەری توێژینەوەی كەنداو لە دوبەی. بۆ شرۆڤەكردنی پەرەسەندنەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تیشكخستنەسەر داڕووخانی دەسەڵاتی دەوڵەت و كاریگەرییەكانی لەم ناوچەیەدا گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* چۆن لەو بارودۆخە دەڕوانیت كە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئارادایە، بەتایبەتی لەپێوەندی بە داڕووخانی دەسەڵاتی دەوڵەتەوە؟
- پێموایە مەسەلەكە ئەوە نییە ئایا دەوڵەتەكە خۆسەپێنە، یان دیموكراتییە، بەڵكو لەئێستادا پتر پەیوەستە بەوەی دەوڵەت بێتوانایە لەجێبەجێكردنی ئەركە گشتییەكانی، وەك ئەوەی لە سووریا و لیبیا و یەمەن و هەروەها لەعێراقیشدا بەدی دەكەین.
* چۆن لەئاكامی ئەم شسكتە دەڕوانیت لەسەر ئاستی جیهانی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی كە بۆتە هۆی ئەوەی شەپۆلێكی گەورەی كۆچبەران روو لە وڵاتانی ئەوروپا بكەن؟
- لە راستیدا زۆربەی ئاوارەكان هەر لە وڵاتانی ناوچەكەدا نیشتەجێ بوون، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەش راستە كە ئەوروپا نیگەرانە لەم بارەیەوە، لەبەر ئەوە دەبێت زیاتر پرسیاری ئەوە بكەین كە ئایا بوونی ئەم ژمارەی زۆرەی ئاوارە چ كاریگەرییەكی لەسەر سەقامگیری ئەو وڵاتانەی ناوچەكە دروست كردووە كە ئەو پەنابەرانەیان لەخۆگرتووە، وەك لوبنان و ئەردەن؟
* پێشبینیت چییە لەبارەی هەڵوێستی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكاوە لەپێوەندی بە خستنەگەڕی هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- زەحمەتە بزانین هەڵوێستی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا چی دەبێت، لەبەر ئەوەی بەڕێز ترەمپ لێدوانی ناكۆك بە یەك و بگرە دژ بە یەكی داوە. بەڵام رەنگە ئەمە هەواڵێكی خۆش بێت بۆ رژێمە خۆسەپێنەكان وەك رژێمی سووریا، یان رژێمەكەی سیسی، یان وڵاتانی كەنداو، لەبەر ئەوەی چیتر رووبەڕووی گلەیی نابنەوە لەبارەی پێشێلكارییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە. هەروەها پێدەچێت سیاسەتەكانیش ناكۆك بەیەك بن، بۆ نموونە وا دەردەكەوێت كە بیەوێت دەستی رووسیا لە سووریادا واڵا بكات و شەڕی دژ بە داعش بكات بە ئەولەوییەت، بەڵام لەلایەكی دیكەوە دەیەوێت فشاری زیاتر لەسەر ئێران دروست بكات، كە پشتیوانی ئەسەدە و هەڵوێستی باش نییە لە ئاست رێككەوتنە ناوكییەكەدا.
* تا چەند لەگەڵ ئەوەدا هاوڕایت كە چارەسەركردنی قەیران و تەنگژەكانی ئەم ناوچەیە پێویستی بەخستنەگەڕی هەوڵێكی نێودەوڵەتی هەیە؟
- ڕەنگە ئەمە یارمەتیدەر بێت، هەروەها كارێكی باش دەكەن ئەگەر بێتو كەمتر دەستتێوەردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەكەدا بكەن، بۆ نموونە كەمكردنەوەی دەستتێوەردانی رووسیاو وڵاتانی ناوچەكە لە وڵاتی سووریادا. بەڵام هەر دەبێت ناوچەكە خۆی چارەسەرێك بۆ ئەم كێشانە بدۆزێتەوە.
* چۆن لە سروشتی ئەو كێشەو قەیرانانە دەڕوانیت كە لەناوچەكەدا لەئارادان، بۆ نموونە ئایا پێتوایە بەڕاستی ناكۆكییەكی تائیفەگەری لەئارادایە، یاخود مەسەلەكە ئەوەیە مەسەلەی تائیفەگەری بەكارهێنراوە بۆ برەودان بە ئەجێندایەكی دیاریكراو؟
- من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام كە مەسەلەكە ئەوە نییە ناكۆكییەكە سروشتێكی تائیفەگەری هەبێت لە بنەڕەتدا، بەڵكو لایەنەكان هەڵساون بە كەڵك وەرگرتن و بەكارهێنانی ئەم پرسی تائیفەگەرییە بۆ بەرژەوەندی خۆیان. بۆیە پێموایە چارەسەرەكە ئەوەیە وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەست بدەنە پرۆسەیەكی بنیادنانی دەوڵەت كە تێیدا ئایین ببێتە بابەتێكی تاكەكەسی و شەخسی نەك پرسێكی گشتی.
* چۆن لە رۆڵی ئێران دەڕوانیت لەم ناوچەیەدا، پێتوایە ئێران لە ناسەقامگیركردنی وڵاتانی دەوروبەریدا رۆڵی هەبێت؟
- ئەوە راستە كە ئێران هەوڵیداوە دەستڕۆیشتوویی بەدەست بهێنێت و بەدەستیشی هێناوە و لەم رووەوە بێتاوان نییە، بەڵام ئایا ئێران لە وڵاتانی دیكەی ناوچەكە زیاتر یان كەمتر شەڕانگێزتر بووە؟ ئەمە وەك پرسیارێكی كراوە دەمێنێتەوە، بەڵام ئەوە ئاشكرایە كە ئێران پشتیوانی رژێمەكەی ئەسەد دەكات، لەبەر ئەوە راستە كە گومانێكی زۆر هەیە لەسەر ئەو دەستڕۆیشتووییەی ئێران هەیەتی، بەڵام لەهەمان كاتدا رۆڵی وڵاتانی كەنداویش لە سووریا ئیجابی نییە.
* بە تێڕوانینی ئێوە بۆ سنوورداركردنی ئەو رۆڵ و كاریگەرییە سلبییەی ئێران و وڵاتانی دیكە كە ئاماژەت پێكردن، پێویستە چی بكرێت؟
- باشترین رێگاچارە ئەوەیە ئێران و وڵاتانی كەنداو دەست هەڵگرن لەپشتیوانیكردنی گروپە وەكیلەكانیان لەسووریا و هاوكاربن لەهێنانە ئارای سازشێكی سیاسیدا، ئەمەش مەرجی پێشوەختە بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەكی درێژخایەن.
* هەندێ لە توێژەران باسیان لەوە كردووە كە پێویستە گرێبەستێكی كۆمەڵایەتیی نوێ لەنێوان كۆمەڵگەو دەوڵەتدا ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ ئەم وڵاتانە بگەڕێتەوە، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- لە راستیدا دەبێت دەرفەتی بەشداری زیاتر لەسەر ئاستی مەحەلی بڕەخسێندرێت و سنوورێك بۆ رۆڵی سوپا و هەواڵگری لەم وڵاتانەدا دابنرێت.
* ئێمە دەبینین لەناوچەكەدا چەندین وڵات هەن كە كۆنتڕۆڵیان بەسەر بەشێكی گەورەی خاكی وڵاتەكەیان لە دەستداوە، پێتوایە بۆ بەرگرتن بەداڕووخانی زیاتری ئەم وڵاتانە پێویست بەوە بكات سەر لەنوێ بنیاد بنرێنەوە؟
- ئەمە پرۆسەیەكی قورسەو رەنگە باشترین چارەسەرێك لەم رووەوە بنیادنانی دەوڵەت بێت لەسەر بنەما ئەوەی ئایین پەیوەست بێت بە ژیانی تاكەكەسییەوە، نەك بە بواری گشتی.
* ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن ئەم وڵاتانە لەئایندەدا بەیەكگرتوویی بمێننەوە؟
- زەحمەتە بتوانین پێشبینی بكەین، بەڵام لەهەندێ حاڵەتدا ئێمە دۆخێكی درێژخایەنی دابەشبوونی ئەمری واقیع دەبینین، هاوشان بە بوونی قەوارەی نیمچەسەربەخۆ، بە چەشنی ئەوەی لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا هەیە.
* ئێوە ئاماژەتان بە هەرێمی كوردستان كرد، ئایا چ تێڕوانین و بۆچوونێكتان لەسەر ئەم هەرێمە لا دروست بووە؟
- ئەم هەرێمە توانیویەتی خۆی بەدوور بگرێت لە هەندێ لەو كێشانەی لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا هەن و توانیویانە بەرگری لەخۆیان بكەن لەبەرامبەر داعشدا.
* چ لێكچوونێك، یان جیاوازییەك لەنێوان هەوڵی كەتەلۆنیا و هەرێمی كوردستان بۆ جیابوونەوە هەیە؟
- لە راستیدا بە پێی دەستووری ئیسپانیا كەتەلۆنیا ناتوانێت جیاببێتەوە، هەروەها جیاوازی پێوەندی كەتەلۆنیا بە ئیسپانیا بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان بەعێراقەوە ئەوەیە كە لەنێوان كەتەلۆنیاو ئیسپانیادا مێژوویەكی خوێناوی نییە، بەڵام لەنێوان كوردستان و عێراقدا مێژوویەكی خوێناوی بوونی هەیە.