مەحمود حاجی ساڵح : پێویستە هەموو مرۆڤێك ئەوەندە ئەخلاقی نیشتمانی بەرز بێت كە بزانێت هەرچی لەم وڵاتە هەمانە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە

مەحمود حاجی ساڵح  : پێویستە هەموو مرۆڤێك ئەوەندە ئەخلاقی نیشتمانی بەرز بێت كە بزانێت هەرچی لەم وڵاتە هەمانە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە
گەلی كوردستان شانازی بە بەرهەمی خوێنی شەهیدانەوە دەكات، ئەوەی جێگەی ستایشی خەڵكی كوردستانە ئەوەیە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆی تێكەڵی كێشمەكێش و ململانێی نێوان حزبەكانی كوردستان نەكردووە، گەلی كوردستانیش بەبێ بوونی هیچ یاسایەك لە رووی ئەخلاقییەوە رێز لەپێشمەرگەو خێزان و خانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان دەگرێت، بوونی وەزارەتێكیش بەناوی وەزارەتی شەهیدانەوە بۆ رێزگرتن و دابینكردنی ماف و ئیمتیازاتی خانەوادەی شەهیدانە، لەم دۆخە سەختەدا كە گەلەكەمان رووبەڕووی چەندین قەیران بووەتەوە، ئایا وەزارەتی شەهیدان تا چ رادەیەك توانیویەتی خزمەت بەكەسوكاری شەهیدان بكات؟ ئایا یاسایەك هەیە بۆ ئەوەی سووكایەتیكردن بەشەهیدان (تەحریم و تەجریم) بكات؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەو چەندین پرسی دیكە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان ئەنجام داوە.
هەوڵەكانمان بۆ دەركردنی یاسایەكە تاوەكو رێكاری توند بگیرێتەبەر لەبەرامبەر بێڕێزیكردن بە كەسوكاری شەهیدان


* ئەوەی ئێستا شانازی پێوەدەكەین بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ئەنفالكراوان و كیمیابارانكراوان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تێكۆشەرانی گەلەكەمانە، بەتایبەت لەم قۆناغەدا شەهیدانی شەڕی داعش كە قارەمانێتی ئەوان بووە هۆكاری ئەوەی كە ئێستا ناو و ناوبانگی گەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەهەموو دنیادا وەك هێما و سیمبوڵی نەتەوەكەمان بەڕێزەوە باس دەكرێت. ئایا ئێوە وەك وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان چ پرۆژەیەكتان هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی بەردەوام ژیانی كەسوكاری شەهیدان خۆشگوزەران بێت؟

- بەندە وەك وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە19/6/2014 دەست بەكار بووم، بەڵام بەداخەوە حكومەت و هەرێمەكەمان تووشی چەندین قەیرانی وەك شەڕ و باری دارایی خراپ و كێشمەكێشی سیاسی و مەرگەسات و تەحەددای جۆراوجۆر بووەتەوە كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر جێبەجێنەكردنی پرۆژە گشتییەكانی وەزارەتمان هەبووە كە وەك پێویست نەمانتوانیوە لەئاستی بەرپرسیارێتیدا بین بەرامبەر ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەرچەندە لەم چەند ساڵەدا پرۆژەی جۆراوجۆرمان هەبووە، سەرەتا لەهەمواركردنەوەی ئەو یاسایە بەشێوازێك كە بتوانێت هەموو گرفتەكانی ئەو توێژە خەباتگێڕە زامن بكات، هەربۆیە زوو بیرمان لەئامادەكردنی رەشنووسی پرۆژە یاسایەكی نوێ كردەوە بۆ باشتركردنی ئیمتیازاتەكان و دابینكردنی مافی زیاتر، ئێستا ئەو رەشنووسی پرۆژە یاسایە ئامادەیەو لەم نزیكانە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكرێتەوە بۆ ئەوەی بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، هەركاتێكیش پەرلەمان كارا بوو، ئەو یاسایە دەنێرین بۆ دەنگدان لەسەری، كارەكانی ئێمە سەد لەسەد خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانییانی سیاسییە، بەتایبەتی لەبواری خوێندن و دابینكردنی مووچەو زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون و هەروەها چارەسەری بەركەوتووانی گازی كیمیاوی بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتمان. خۆشبەختانە سەرەڕای قەیرانی دارایی و گرفتی نەبوونی بودجە، توانیومانە بەپاڵپشتی و هاوكاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بۆ دابینكردنی زۆر لە پێداویستی و كارەكانمان بۆ نموونە كرێی خوێندنی 2014- 2015 نزیكەی 4 ملیار دینارمان لاماوە كە مانگانە چەند سەد ملیۆنێك دابین دەكرێت بۆ دانەوەی ئەو پارانەی كە پێشتر قوتابیان و خوێندكاران داویانە بۆ ئەوەی بەپێی پسولە بۆیان خەرج بكرێتەوە، بەڵام ساڵی 2015 – 2016 نزیكەی 14 ملیار دینار كرێی خوێندن هێشتا نەدراوە و لیژنەمان داناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ئەو بڕە پارەیەشمان بۆ دابین بكرێت، بۆ ساڵی خوێندنی 2016- 2017 نوسراومان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پەروەردە نووسیوە كەكرێ لەقوتابیان و خوێندكاران وەرنەگیرێت، هەر كاتێك دۆخی دارایی باش بوو، كرێكانیان بۆ دابین دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە خۆشبەختانە توانیمان ئەو زانكۆو پەیمانگایانەی ئێوارانەو بەپارەیە بۆ كوڕو كچی شەهیدان و ئەنفالكراوان و یەكێك لە رۆڵەكانی زیندانییانی سیاسی كە ئەو مافە دەیانگرێتەوە كرێی خوێندنەكەیان لێ وەرنەگیرێت. یەكێكی دیكە لەخزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان كەرتی تەندروستییەو بەپێی ئەو رێنماییەی وارسی شەهید دەگرێتەوەو نەخۆش دەكەون و تووشی كاری نەشتەرگەری و هەر گرفتێكی تەندروستی دەبن، ئەركی تێچوونی پزیشكی بەپێی ئەو پسولانەی لێژنەیەكی باوەڕپێكراوی پزیشكی دەكەوێتە سەر وەزارەتمان، بەڵام لەگەڵ دەستبەكاربوونمان بودجە نەبووە تاوەكو ئەم ئەركە جێبەجێ بكەین، لەماوەی زیاتر لە دوو ساڵ و نیودا تەنیا 50 ملیۆن دینارمان وەرگرتووەو بە ریزبەندی دراوە بەو دۆسێیانەی كە زیاتر لە سێ هەزار دۆسێیە، ئێستا داوامان كردووە ئەو بڕە پارەیە زیادبكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لەماوەی یەك دوو ساڵێكدا پارەكانیان بۆ دابین بكرێتەوە. دەربارەی چارەسەركردنی بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، تائێستا 32 وەجبە بۆ دەرەوەی وڵات نێردراون. دەربارەی بەهاوسەرێتی كوڕو كچی شەهید كە لەم كابینەیەدا نەمانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرج بكەین و ئەو پارەیەی لە 2010-2011-2012 -2013 لەسەرمانە ئەویش خەرج نەكراوەو لەهەوڵداین، هەروەها لەبواری زەوی و یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەوانەی كە تا ئێستا بۆیان دابین نەكراوە، بەهەمانشێوە لە هەوڵێكی زۆرداین و لێژنەمان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دروست كردووە كەهاوكارمان بن بۆ ئیفرازكردنی زەوی بۆ ئەو كەسوكارانەی شەهیدان كە فەرمانی زەوییان هەیەو ئەوانەشی فەرمانیان نییە، نووسراومان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە، هەندێك زەویشمان دابین كردووە وەكو ئەوەی بۆ زیندانییانی سیاسی و شەهیدان لەهەڵەبجەو هەندێك شوێنی دیكە. بەشێوەیەكی گشتی كەسوكاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسی ئەوانەی تا ئێستا فەرمانیان نییە 10658پارچە زەویمان پێویستە و داوامان كردووە فەرمانیان بۆ دەربكرێت، هەروەها ئەوانەی فەرمانی زەوییان هەیە 6267 پارچە زەوییە كە پێویستە ئیفراز بكرێت، لەزیندانانی سیاسی توانیمان 2674 كەس زەوی وەربگرێت لەكۆی نزیكەی 5000 كەس. سەبارەت بەشەهیدانی شەڕی داعش لێژنەیەكی باڵا بۆ دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون پێكهاتووە تاكو یەكەی نیشتەجێبوون لەرێگەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بۆ خانەوادەكانیان دابین بكەین، كە لەگەڵ ئامادەبوونی ئەم یەكانە بەسەریاندا دابەشی دەكەین.
* لایەنێكی دیكە كاری وەزارەتەكەتان جینۆسایدو ئەنفال و قوربانییانی كیمیاباران لەخۆدەگرێت، پرسیار ئەوەیە چیتان بۆ قوربانیانی جینۆسایدی ئێزیدییەكان كردووە؟ لە رووی ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدییەكان لە رووی یاسایی و سیاسییەوە چ هەوڵێكتان داوە؟

- لەدوای داگیركردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە راستەوخۆ كۆبوونەوەیەك لەئەنجومەنی وەزیران بۆ دوو مەبەست ئەنجام درا، هەم بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكان و دابینكردنی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستی بەپەلە بۆیان، هەمیش لێژنەیەك دامەزرا بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەنامەو زانیارییەكان و ناساندنی كەیسی ژینۆسایدی ئێزیدیەكان بەدنیای دەرەوە كە لێپرسراوێتی ئەم لێژنەیە بە بەندە سپێردرا نوێنەرایەتی وەزارەتی كارو فەرمانگەكانی دەرەوەو ئێزیدییەكان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی تێدایەو ئێستاكە زۆر فراوانتر بووەو حەوت ئەندامی تێدایە، لەو ماوەیەدا لەدوای2014-8-17 ـەوە تا2014-10-18 چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان كردووە، ئەوەی شارەزایی و پسپۆڕایەتییان لەكەیسی جینۆساید هەیە، كە جگە لەسەردان و دانیشتن و گفتوگۆكانی ناوخۆی لایەنە پێوەندیدارەكانی كوردستان هەر لەئەنجومەنی دادوەری و پەرلەمان و مافی مرۆڤ و وەزارەتی دادو ناوخۆ و پێشمەرگەمان كردووە، هەموو ئەمانە ئێمە سەرنج و تێڕوانینەكانمان پێداون و تێڕوانین و پێشنیازەكانمان وەرگرتووەو بڕیاردرا سەنتەرێك یا دەستەیەك دابمەزرێت بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەو دیكۆمێنتەكان لە زیندانەكان و قوربانییەكان و زانیاری كاولكردنی پەرستگاو كڵێسەو شوێنە پیرۆزەكان، ئەم سەنتەرە لەدهۆك بەسەرپەرشتی دادوەرێك دامەزراوەو توانیوێتی زیاتر لە 1000 دۆسێ ئامادە بكات، لەئاستی نێودەوڵەتیش توانیمان لەگەڵ كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ لێپرسینەوەو دادپەروەری پێوەندییەكی باش بكەین و سەرقاڵی كۆكردنەوەی زانیاری و كردنەوەی خولی راهێنانین لەسەر كۆكردنەوەی زانیاری و دیكیومێنت و بەڵگەنامە یاساییەكان و رێكخستنیان، ئەمە جگە لەوەی چەندینجار سەردانی وڵاتانی ئەوروپیمان كردووە، بەتایبەتی سەردانی لاهای لەهۆڵەندا كە لەنزیكەوە دانیشتن لەگەڵ سەرۆك و تیمە پسپۆڕەكان و هەموو بەڵگەكانمان پێدان و دەستخۆشییان لێكردین كە لەماوەی دوو مانگدا توانیومانە ئەو هەموو بەڵگەنامانە بگەیەنینە ئەوان، دواتر سەردانی پەرلەمان و وەزارەتەكانی دەرەوەو باڵیۆزخانەكان و بارەگای یەكێتی ئەوروپامان لەبرۆكسل كردووە و لەنزیكەوە كەیسی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدیمان بۆ باسكردون ئەمە جگە لەزنجیرە سەردانەكانی فەرەنساو سویسراو بینینی سەرۆكی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ و ئەنجومەنی دادوەری و كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی گرنگی پێوەندیدار بەمافی مرۆڤ. لەم سەردانانەدا توانیمان ئەو جینۆسایدەی كوردانی ئێزیدی و شەبەك و سابیئە و كاكەیی و كریستیانەكان و كوردی موسڵمان رووبەڕووی بوونەتەوە بگەیەنینە ئەوان، ئەوانیش زۆر بەگرنگییەوە ئەم كەیسانەیان لێوەرگرتین تەنانەت لە لاهای سكاڵامان لەسەر سەرانی داعش و ئەو شێوە دەوڵەتەی هەیانە تۆماركردووە، بەڵگەنامەكان جگە لە شایەتحاڵەكان گۆڤاری- دابق-مان پێداون كە لەسەر زاری خۆیان و بەدیكیومێنت شانازی بەو كۆمەڵكوژییەوە دەكەن كە لەشنگال ئەنجامیان داوە، هەر لە رفاندن و كڕین و فرۆشتنی كچ و ژنی كوردانی ئێزیدی و كوشتنی گەنج و پیاوەكان و مامەڵەی نادروست و بەزۆر سەپاندنی دینی داعش بەسەریانداو خراپ پەروەردەكردنی منداڵەكان و جیاكردنەوەی پیاو ئافرەت بۆ نەهێشتنی رەچەڵەك و هیلاكبوون و مردنی زیاد لە 600 كەس لەچیای شنگال لەكاتی هەڵهاتن و وێرانكردن و دزینی ماڵ و مومتەلەكاتیان و فڕێدانیان لەناو گۆڕی بەكۆمەڵ، سەرەڕای ئەم هەموو بەڵگەنامانەی كە رەگەزەكانی ژینۆسایدن، كەچی بەفەرمی وەڵام دراینەوە كە ئەوان ناتوانن لێكۆڵینەوە لەو كەیسانە بكەن لەبەر ئەوەی عێراق ئەندام نییە لەدادگاكەیان –دادگای تاوانی نێودەوڵەتی- (ICC) ئەمەش بەپێی ئەو یاسایەی لەساڵی 2002 دایانناوە، وڵاتی عێراق نەبووەتە ئەندام و هەر وڵاتێك ئەندام نەبێت، هەر كردەوەیەكی كۆمەڵكوژی تێدا ئەنجام بدرێت، تا ئەو وڵاتە نەبێتە ئەندام، لێكۆڵینەوەی تێدا ناكرێت. ئێمە هەر بەمەوە نەوەستاین بەناچاری هەندێك رێگەی دیكەمان گرتەبەرو لە رێگەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە هەوڵێكی زۆرمان داوە.

لە دواسەردانمدا بۆ بەلجیكا لەگەڵ كۆمسیۆنی نێودەوڵەتی بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە (CIJA) دانیشتم و داوامان كرد لەبەدیلی( icc) دادگایەكی نێوخۆیی، بەڵام بە ئیعترافی نێودەوڵەتی لەهەرێمی كوردستان دروست بكرێت، ئەوانیش پێیان باش بوو لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا دایان بە ئێمەو ئێستا كاری لەسەر دەكەین. تەنانەت رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بەڵێنیان پێداین لەگەڵ عێراقدا دابنیشن و حكومەتی عێراق رازی بكەن، ئەگەر بێتوو ئەو دادگایە لەهەرێمی كوردستان دروست بێت، گرنگییەكی زۆری دەبێت، چونكە بەسەرپەرشتی پسپۆڕان و شارەزایانی یاسایی نێودەوڵەتی دەبێت و كەیسی جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی زۆر بەرەوپێشەوە دەبات، راستە لەئاستی زۆر لە پەرلەمانەكان و وەزارەتەكانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا سۆزێكی زۆریان بۆ گەلی كورد هەیە لەم كەیسەدا، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە كە پێویستە لە رووی یاساییەوە لە دادگاكاندا بناسێنرێت. دەبێت رۆڵی تیمەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەبیر نەكەین كە هەر پێش ئازادكردنەوەی شاری شنگال تیمەكانمان لە سنونێ و ناوچەكانی دەڤەری شنگال توانییان سێ گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵبدەنەوەو بەڕێزەوە بەمەراسیمێك و بەبۆنەیەكی شایستە بەئامادەبوونی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە شەرفەدین بەخاك سپێردران، دوای ئەوەی سەمپڵیان لەئێسكەكانیان وەرگیرا، لەگوڵاڵەو سەعدییەش حەوت گۆڕمان دەرهێنا، لەكاتی ئازادكردنی شنگالدا تیمەكانمان لەگەڵ رێكخراوی (ICMP) كە رێكخراوێكی تایبەتە بەكەسە ونبووەكان كارمان كردووە، نزیكەی 30 گۆڕی بەكۆمەڵمان پاراستووەو بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كاری لەگەڵ دەكەین، بەهۆی هەڵوەشانەوەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی كارەكانمان راوەستا، بەڵام ئێمە بەهەمواركردنەوەی یاساكانی تایبەت بەم بوارە توانیومانە دووبارە لەم كەیسانە كاربكەینەوە.
* ئەوەی جێگەی شانازی بوو بۆ نەتەوەكەمان لەشەڕی دژی داعش ئەوە بوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان خۆیان تێكەڵاوی كێشمەكێشی حزبە سیاسییەكان نەكرد، بەڵام بەم دواییە نەك هەر پێشمەرگە، بەڵكو كەسوكاری شەهیدانیش كرانە موزایەدەی سیاسیی نێوان حزبەكان و تەنانەت ئاماژەیان بەوە كرد كە گوایە كەسوكاری شەهیدان لەبەر موحتاجی خۆیان دەفرۆشن. ئایا ئێوە وەك وەزارەتی شەهیدان چ رێوشوێنێكتان گرتۆتەبەر بۆ ئەوەی موزایەدەو سووكایەتی بەكەسوكاری شەهیدان تەحریم و تەجریم بكرێت؟

-پێش ئەوەی یاسا بۆ تەحریم و تەجریمی سووكایەتیكردن بە كەسوكاری شەهیدان دەربكرێت، پێویستە هەموو مرۆڤێك ئەوەندە ئەخلاقی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرز بێت، هەست بەوە بكات كە هەرچی لەم وڵاتە هەمانە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، لەهەموو پێگەو بستێكی ئەم خاكە خوێنی شەهیدەكانمانی تێدا رژاوە، هەر كەسێك لەهەر ئاستێك بێت دەبێت لەبیری نەچێت كە خوێنی شەهیدەكانمانە ئەوی گەیاندۆتە ئەو ئاستە، لەگەڵ ئەمەشدا هەڵبەتە كەسانێك هەیە خۆیان لەم راستییە گێل دەكەن، هەربۆیە لەداهاتوودا هەوڵ دەدەین كار بۆ ئەو یاسایە بكەین كە هەركەسێك بێڕێزی بەكەسوكاری شەهیدان بكات، ئیجرائاتی توندی لەگەڵ بكرێت. شەهیدو كەسوكارەكانیان سیمبوڵی نەتەوەیی و نیشتمانین، بۆیە بەهەموو شێوەیەك دەبێت ئەم سیمبولە بپارێزین، شەڕی داعش سەلماندی كە گەلی كورد بە پێشمەرگەو هێزەكانی ناوخۆو خۆبەخش و خۆڕاگری كەسوكاری شەهیدان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانرا ناو و ناوبانگێكی بەرزتر بۆ پێشمەرگەو گەلی كورد بەدەستبهێنرێت، هەروەها لێژنەمان بۆ رێكخستنەوەو چاككردنی پلەی شەهیدەكانیش هەیە كە لەگەڵ دۆخی ئێستاو واقیعەكەدا ناگونجێت، تەنانەت پێش ساڵ و نیوێك پرۆژە بڕیارێكمان بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردۆتەوە بۆ ئەوەی هەموو كێشەی شەهیدانی سەنگەر بەتایبەتی ئەوانەی پێش راپەڕین چارەسەر بكەین، كە تێیدا رەچاوی پلەو ساڵانی خزمەتی پێشمەرگایەتی بكرێت، وەك مووچەو ئیمتیازاتی خانەنشینەكان.
* ئەی بۆ مووچەی شەهیدان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواكەوتووەو بەبەردەوام گلەیی و گازندە هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە چیتان كردووە؟
ئێمە نزیكەی وارسی 98 هەزار شەهیدو ئەنفالكراوانمان هەیە ئەمەش ژمارەی هەموو شەهیدان و ئەنفالكراو نییە، چونكە وارسمان هەیە سێ چوار شەهیدی هەیە. كە لە وەزارەت مینحە وەردەگرێت، دوای هەوڵێكی زۆرو بەسوپاسەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران مینحەیان لێ كەم نەكرایەوە، راستە حەوت مووچە دراوە، بەڵام بەتەواوەتی دراوە، ئەمەش بەهۆی قەیرانی داراییەوەیە نەتوانراوە هەموو مووچەكان دابین بكرێت. ئێمە چەندین جار لە 2014 ـەوە چەندین نووسراومان كردووە بۆ ئەوەی هەوڵبدرێت وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ریزبەندی وەزارەتەكان لەدوای وەزارەتی پێشمەرگەوە مووچە وەربگرن و بەڵێنی زارەكی لەلایەن بەڕێز سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزارەتی داراییەوە دراوە.
Top