دێرێك رێڤێرۆن : پێویستە عێراقییەكان پرسیاری ئەوە بكەن كە لەبنەڕەتدا داعش چۆن دروست بوو؟

دێرێك رێڤێرۆن : پێویستە عێراقییەكان پرسیاری ئەوە بكەن كە لەبنەڕەتدا داعش چۆن دروست بوو؟
دێرێك رێڤێرۆن پڕۆفیسۆری كاروباری ئاسایشی نەتەوەی لەكۆلێژی جەنگی دەریایی، تایبەتمەندە لەسیاسەتی بەرگریی ئەمەریكاو لەپەرەپێدانی ستراتیژی و ئەو تەحەددییاتە ئەمنییانەی لەلایەنە غەیرەدەوڵەتییەكانەوە سەرچاوەیان گرتووە، بۆ قسەكردن لەبارەی ئاكام و دەروهایشتەكانی شكستهێنانی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئەوەی تا چەند چارەسەركردنی ئەم دۆخە پێویستی بە هەوڵێكی نێودەوڵەتی هەمەلایەن هەیە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.
* پێتانوایە تا چەند كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە ئەولەوییەتی سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا؟

- ئەوە بۆتە نەریتێكی دوورودرێژ لە ئەمەریكا كە هاوكاری ئەو وڵاتانە بكات كە بەدەست كێشەی ئەمنییەوە دەناڵێنن، ئەویش كاتێك وڵاتەكە ناتوانێت بەپشتبەستن بەخۆیان ئاسایشی نیشتمانییان بپارێزن. پاساوی هاوكاریی ئەمنی لەسەر ئەو گریمانەیە بنیادنراوە كە ناسەقامگیری و پشێوی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمەریكا، یان كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی فشار ببێتەوە لەئایندەدا بۆ ئەوەی دەستتێوەردان بكات. من مەزەندەی ئەوە دەكەم كە ئیدارەی نوێ بەردەوام بێت لەگرتنەبەری ئەم رێچكەیە، بەڵام هەوڵی دۆزینەوەی شێوازی دیكە دەدات، بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكەی كاری زیاتر ئەنجام بدات. ئێمە ناتوانین ئەو شكستانە فەرامۆش بكەین كە لەماوەی 25ساڵی رابردوودا روویانداوە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو نائومێدییەی لەسووریاو عێراق و ئەفغانستاندا هەیە، ئەوا ئەگەری دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەئاست ناوچەكەدا لەئارادایە. ئەو كەسانەی سەرۆكی هەڵبژێردراو –دۆناڵد ترەمپ- دەستنیشانی كردوون (وەك ژەنەڕاڵ جەیمس ماتیس بۆ وەزیری بەرگری، یان ژەنەڕاڵ مایكڵ فلین وەك راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی) بەشێك بوون لەم هەوڵە لەماوەی كاركردنی پیشەییاندا، لەبەر ئەوە من پێشبینی بەردەوامبوونی ئەم پرۆگرامە دەكەم. لەگەڵ ئەوەشدا، 15 ساڵی رابردوو جێی ناڕازیبوونی ئەمەریكاو شەریكەكانی بوو، لەبەر ئەوە پێشبینی ئەوە دەكەم كە گۆڕانكاری لەچۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پرۆگرامانەدا دروست بێت.
* ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەك كێشەگەلێكی گلۆباڵی پێویستی بە هەوڵێكی گشتگیری نێودەوڵەتی هەیە؟ ئایا بۆ ئەمە تا چەند پێویستە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرێ بدرێت؟

- ئەو كۆنفرانسە نێودەوڵەتییانەی پێشتر گرێدراون، چارەسەرێكی درێژخایەنیان لێنەكەوتۆتەوە، لەبەر ئەوە بەلای منەوە واقیعی سەرئەرز گۆڕانكارییە درێژخایەنەكە دیاری دەكات. ئەوەی لەهەوڵە نێودەوڵەتییەكان گرنگترە، ئەوەیە چۆن سووری و عێراقی و كوردو تورك و ئەوانی دیكە ناوچەكە دادەڕێژنەوە. واتە كاراكتەرە دەرەكییەكان دەتوانن پاڵپشتی هەوڵە مەحەلییەكان بن، بەڵام دەبێت پشت بەحكومەت و تاكەكەسەكان ببەستن بۆ دەستنیشانكردنی سروشتی هاوكارییەكە.

* ئایا ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر بكات، بە چ میكانیزمێك دەتوانێت دەستتێوەردانی ئێران بۆ وڵاتانی ناوچەكە رابگرێت؟
- لەڕاستیدا چەندین رێگە هەیە بۆ وەسفكردنی ئەم ململانێیە، بەڵام پێموایە ئەمە ململانێی دەسەڵاتە. رێككەوتنی ناوكی وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێراندا نەبۆتەهۆی هێنانەئارای سەقامگیرییەكی زیاتر لەگەڵ ئێران و دەوڵەتە دراوسێكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
* باس لەوە دەكرێت دەبێت لەنێوان دەوڵەتانی ناوچەكەو گەلەكانیان، گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی بۆ سەدەی بیست و یەكەم پێڕەو بكرێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا مەبەست لەم گرێبەستە كۆمەڵایەتییە چییەو ئایا ئەمە مانای ئەوەیە جارێكی دیكەو بە شێوەیەكی تازە سیستمی دەوڵەت لەم ناوچەیە پێناسە دەكرێتەوە؟
- بیرۆكەیەكی كۆن هەیە لەئەمەریكا كە پێیوایە باشترین حكومەت ئەوەیە زۆر نزیك بێت لەخەڵكەوە. لەكاتێكدا كە ئێمە حكومەتێكی نیشتمانیمان هەیە، بەڵام ئەوە حكومەتی ویلایەتەكان و حكومەتە مەحەلییەكانن كە گرنگن بۆ تاكەكەسەكان، لەبەر ئەوەی ئەوە حكومەتە مەحەلییەكانن كە سیستمی پەروەردەو سیستمی تاوانكاری و سیستمی تەندروستی گشتی بەڕێوەدەبەن. ئەمەش بوار دەدات بۆ دروستبوونی فرەیی لەسەرتاسەری ئەمەریكا، بەڵام لەهەمان كاتدا بواریش دەدات بە خۆبەڕێوەبەری كە خەڵك پەرۆشە بۆی.

* ئایا لە دووبارە داڕشتنەوەی سیستمی حوكمڕانی لە عێراقدا تا چەند مەزەندەی ئەوە دەكرێت جوگرافیای دەوڵەتی عێراق وەك خۆی بمێنێتەوە؟
- هەروەك هەموومان دەزانین، وێرانكردن زۆر ئاسانترە لەدروستكردن. كەواتە ئەوەی دواتر عێراق دروستی بكاتەوە تەحەددییەكی گەورەترە لەتێكشكاندنی داعش. چۆن عێراق دەتوانێت خۆی لە دروستبوونی نەوەیەكی نوێی داعش بپارێزێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بەوەیە عێراقییەكان پرسیاری ئەوە بكەن بۆچی لەبنەڕەتدا داعش دروست بوو؟ دەبێت كاربكەن بۆ چارەسەركردنی هەل و مەرجە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەكان.
Top