دكتۆر عومەر مرۆ : تێكەڵكردنی ئایین و سیاسەت هۆكارێكە بۆ پەرتەوازەیی و رەنگدانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە
December 20, 2016
دیمانەی تایبەت
پێكەوەژیان لەنێوان ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بەرهەمی تێگەیشتنی مەلاو زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستانە بە درێژایی مێژوو، كە هەموو كات هۆكاری سوڵح و خێری كۆمەڵگە بوون، بۆ ئەوەی ئەو لایەنە جوانە بپارێزین و رۆڵی جوامێرانەی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام وەكو جاران بگەڕێتەوە، پێویستە چی بكەین؟ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ دكتۆر عومەر حەسەن مرۆ پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی رەشاد موفتی ئەنجام دا، لێرەدا دەقی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.* ئەو پێكەوەژیانەی لە نێوان ئایینە جیاوازەكانی كوردستان هەیە، بەدرێژایی مێژوو بەرهەمی تێگەیشتنی مەلاو زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بووە، بۆ ئەوەی ئەم توراسە ئایینییە جوانە لەكوردستاندا هەر بمێنێت، ئایا پێویستە چی بكەین بۆ ئەوەی گوتارێكی میانڕۆی ئاشتییانەی ئایینی لەكوردستاندا هەبێت؟
- بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان. پێكەوەژیانی ئایین و ئایینزاو نەتەوەكان مێژوویەكی دێرینی هەیە، زاناو مامۆستاو پیاوانی ئایینیی بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام سەرمەشقی ئەو كەلتوورەن. پێغەمبەری ئێمە (د.خ) بناغەی ئەم پێكەوەژیانەی لەشاری مەدینە دروستكرد، پێكەوەژیان لەنێوان بیروباوەڕە جیاجیاكان لەئەهلی كیتاب وەكو مەسیحی و جو و تەنانەت لەگەڵ كافرەكانیشدا. ئەگەر پێكەوەژیان نەبێت واتا پشێوی و گێرەشێوێنی دەبێت و لەو دۆخەشدا هیچ كەس ناتوانێت ئایینپەروەری و كاروباری ژیان بەڕێوەببات. خاڵێكی تری گرنگ لەپتەوكردنی كەلتووری پێكەوەژیان لەكوردستاندا، ڕۆڵی سەركردەكانمانە؛ كە زۆربەیان مەلاو شێخ و پەروەردەی بنەماڵەی ئایینی بوون، هەر لەشێخ ئەحمەدی بارزانی نەمر و شێخ مەحمودی حەفیدو قازی محەمەدو مەلا مستەفای بارزانی تا سەدان سەركردەو پیاوی گەورەی ئایینیی دیكە كە رۆڵی باش و پیرۆزیان گێڕاوە بۆ ئایین و نەتەوەكەیان و هەڵسوكەوتیان لەگەڵ ئایین و ئایینزاكانی دیكەش هەڵسوكەوتێكی مرۆیی بووە. كەواتە دەبێت ئەو بناغە بەهێزەی پێكەوەژیان لەكوردستاندا كە رەگ و ریشەیەكی قووڵی هەیە، پتەوتری بكەین. هەروەها بابەتی جیاوازیی لەدین و باوەڕدا كارێكە خوای گەورە حوكمی لەسەر دەدات (إِنَّ إِلَيْنَا إِيَابَهُمْ (25) ثُمَّ إِنَّ عَلَيْنَا حِسَابَهُمْ)، لە ئایەتێكی تردا دەفەرموێت:(فَإِنْ أَسْلَمُوا فَقَدِ اهْتَدَوا وَّإِن تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا عَلَيْكَ الْبَلَاغُ وَاللَّهُ بَصِيرٌ بِالْعِبَادِ)، تەنانەت دەفەرموێت ئەگەر گەیشتە ئاستی گفتوگۆ نەكەی تووڕە بیت، بەڵكو با گفتوگۆكردنەكەشت بەشێوەیەكی جوان بێت (ادع إِلَى سَبِيلِ رَبِّك بِالْحِكمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ)، لەم روانگەیەوە دەبێت هەمووان برای یەكتر بین، بەتایبەتی لەكوردستان كە خاك و نیشتمان كۆمان دەكاتەوە، هەروەكو چۆن برایەتیی ئایینی هەیە لەباوەڕدا هەرواش برایەتیی نیشتمانی و برایەتیی لێكنزیكی و خزمایەتی و كۆمەڵێك پێوەندی دیكە هەیە لێكمان نزیك دەكاتەوە.
* لایەنێكی دیكەی جوانی تێگەیشتنی كوردانە بۆ ئیسلام، لایەنی تەسەوفە، تەسەوفیش واتە خاوێنكردنەوەی ناخ و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی خۆشەویستی، ئەمەش وایكردووە هەموو كات مەلاو شێخ و زانایانی ئیسلامی كوردستان وەك دەستی خێرو پیاوی سوڵح و خێری كۆمەڵگە سەیركراون، ئایا تاچەند گرنگە ئێستاش هەر لەژێر سایەی مەلاو زانایانی ئیسلامی ئەم خۆشەویستی و پێكەوەژیانە زیندوو بكەینەوە؟
- تەسەوفی راستەقینەی دوور لەموبالەغە خواناسینێكی دروست و رێكە. كاتێك ئاراستەیەك لەدین دروست دەبێت، وەكو تەسەوف و سەلەفییەت و مەزهەبە فقهییەكان، نابێت بەرەو ئاقارێكی دوور لە رۆحی ئایینی پیرۆزی ئیسلامی ببەین كە تەقوایە واتا خواناسین.جێگای داخە ئێستا لەكوردستان دابەشبوون هەیە لەكاتێكدا ئەمە لە رابردوودا نەبوو، ئەمە سەلەفییەو ئەوە سەر بە حزبی فڵان ئیسلامییەو ئەمە فڵان حزبی دیكەیە لەدەسەڵات، لەكاتێكدا ئەمە لەبەرژەوەندی كوردستان نییە، بەڵام بووەتە واقیع و دەبێت بەعەقڵانییەت هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت، هەروەكو چۆن خوای گەورەو میهرەبان عەقڵی بەئێمە داوە، هەرواش دەبێت لێكتێگەیشتنمان لەگەڵ یەكتر هەبێت و لەسەر خاڵە هاوبەشە زۆرەكانی نێوانمان كاربكەین كە دەرئەنجام لەخزمەتی ئایین و وڵاتە، دەرئەنجام ئامانجی دین خزمەتكردنی وڵاتە، بەپێچەوانەوە ئیسلام بەهیچ شێوەیەك دابەشبوون و قسەی توندو ناشرین قبووڵ ناكات، ئەم بابەتە لەكۆنفرانسی (بەرەو چاككردنی گوتاری ئایینی) وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی باسی لێوەكرا، كە پێویستە وتارەكان زیاتر بەرەو پرەنسیبە مرۆییەكان بكەین بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتن و پێكهاتن هەبێت، نەك كەلێن و دووركەوتنەوە لەیەكتر. من ئومێدم زۆرە ئەگەر لەمبارەیەوە كاربكرێت ئەو لایەنە جوانانە بپارێزین و بگرە دەوڵەمەندیشی بكەین.
* بەدرێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، ئایینی ئیسلام تێكەڵی سیاسەت نەكراوە، راستە مەلاو زانایانی ئیسلامی رێبەرایەتی شۆڕشیان كردووە، بەڵام بەپاڵنەری نەتەوەیی و كوردستانی رێبەرایەتییان كردووە، نەك دافعی ئایینی، ئایا تاچەند گرنگە ئایین و سیاسەت تێكەڵ نەكرێت بۆ ئەوەی ئەو سیما جوانەی ئایینی ئیسلام هەر بەجوانی لەكوردستاندا بمێنێتەوە؟
- سیاسەت هونەری گۆڕانكاری و بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانە؛ بەڵام راستە ئایین گۆڕاوەكان (متغیرات)ی تێدایە، بەڵام دین دەبێت بەرزتربێت لەسیاسەت، كاتێك ئایین حزبایەتی پێوە كرا، زیان بەبەهای ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەگەیەنێت. دین دەبێت وا لە سیاسەتمەدار بكات، راستگۆ بێت و رێگای دادوەری بگیرێتەبەر، كاتێكیش دین و سیاسەت تێكەڵ كرا، زۆربەی جار رەنگدانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە. بۆ نموونە حزبێكی ئیسلامی هەبێت و لەلایەكی دی حزبێكی ئیسلامی دیكە هەیەو هەردوولا خۆیان بە راست دەزانن و بۆ بیروباوەڕەكەیان بانگەواز دەكەن، لەبەرامبەردا جەماوەرێكی دیكەش هەیە كە ئەوانیش موسڵمانن، هەروەها چینێكی مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیش هەیە لەدەرەوەی حزبە ئیسلامییەكانن، یا لەناو حزبە كوردستانییەكانی دیكەدان، لێرەدا جیاكاری و لێكتێنەگەیشتن روودەدات. بۆیە دەبێت بەعەقڵانییەت هەڵسوكەوت لەناو كۆمەڵگە بكرێت، بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی خراپ لەنێوان ئەم لایەن و حزب و بۆچوونە جیاوازانە روونەدات. من پێم باشە دین نەكرێت بەسیاسەت و ئێمە وەكو مامۆستاو مەلاو پیاوانی ئایینی رۆڵی خۆمان بگێڕین، هەروەكو چۆن لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول رابەری شۆڕش بوون و سیاسەتیشیان دەكرد، بەڵام ئەو پەرتەوازەییەی ئێستا نەبوو. ئایینی پیرۆزی ئیسلام داوامان لێدەكات یەكڕیز بین (واعتصموا) قورئانی پیرۆز دەفەرموێت: (وَأَطِيعُوا اللَّه وَرَسُوله وَلَا تَنَازَعُوا فَتَفْشَلُوا وَتَذْهَب رِيحكمْ وَاصْبِرُوا إِنَّ اللَّه مَعَ الصَّابِرِينَ) ئەگەر كێشەو ناكۆكیتان كەوتە نێوان، هێزو تواناتان نامێنێت، ئەمەی ئەمڕۆ روودەدات جێگای نێگەرانیی خەڵكی ئێمەیە.
* خۆتان دەزانن بەشی هەرە زۆری هێزی پێشمەرگەی كوردستان موسڵمانن، واتە ئەگەرچی ئێستا كریستیان و ئێزیدی و كاكەییش لەناو ریزەكانی پێشمەرگە بوونیان هەیە، بەڵام بەشی زۆری پێشمەرگە كە موسڵمانن و لەسەنگەرەكانی شەڕی دژی داعش هاوكات لەگەڵ بەرگریكردن لەكوردستان و تێكشكاندنی داعش، نوێژ دەكەن و بەڕۆژوو دەبن، ئەوان چۆن بەرگری لە موسڵمانان دەكەن، بە هەمان شێوە بەرگری لە پێكهاتەو ئایینەكانی دیكەی كوردستانیش دەكەن، ئایا چۆن ئەم ئەخلاقە بەرزەی پێشمەرگە بكەینە هەوێنی ئەخلاقی نەوەكانی داهاتوومان؟
- پێشمەرگە مێژوویەكی پڕسەروەری بۆ خۆیان و میللەتەكەیان تۆمار كردووە، بەبێ جیاوازی بەرگرییان لەسەرجەم پێكهاتەكانی كوردستان و عێراقیش كردووە، بێ ئەوەی تەماشای ئایینزاو نەتەوە بكەن، ئەمە پێوەندی بەچەمكی مرۆییەوە هەیە كە وایكرد جەنگێكی بەرفراوان و سەختی لەدژی داعش و تیرۆریستان خستە ئەستۆی خۆی و تێیدا سەركەوتوو بوو. ئەمە تەنیا خزمەت نییە بەخاك و نیشتمان، بەڵكو خزمەتە بەئایین و ئایینزاكان كە وایكردووە بە ئازادی مومارەسەی بۆنە ئایینییەكانی خۆیان بكەن و دینداری بكەن، كاتێكیش پێشمەرگە بەرگری لەموسڵمانان و ئایینزاكانی دیكە دەكات، ئەوا ئەمە بەهایەكی گەورەی ئایینیشی هەیە، چونكە ئایینی ئیسلام ئایینی بەزەیی و بەرگریكردنە لەمرۆڤایەتی و ئەو مرۆڤەی خوای گەورەو میهرەبان خەڵقی كردووە، هەرواش وەسفی پێغەمبەری ئێمە دەكات كە رەحمەتە، نەك تەنیا بۆ مرۆڤایەتی، بەڵكو بۆ دارو درەخت و گیانداران و هەموو بوونەوەرێك (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِلْعَالَمِينَ). بێگومان ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەبووایە، ئاوارەو پەناهەندەی زیاتر رووی لە وڵاتانی جیهان دەكردو كاریگەریی خراپی لەسەر كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەكردو خەڵك و خێزانێكی زیاتر لەدەریاو رێگەی هەندەران لەناو دەچوون. لەخوای گەورەو میهرەبانیش داواكارین شەهیدەكانمان بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات.
* بمانەوێت، یان نەمانەوێت، هەوڵێك هەیە كە بەشێك لەدەوڵەتانی ناوچەكە دەیانەوێت بە رێگەی هەناردەكردنی فكری توندڕۆیی ئەم تێگەیشتنە بەرزەی كورد لەئیسلام بگۆڕن بۆ توندڕۆیی، هەندێك جار ئەم پەتایە بە رێگەی ئازادی رادەربڕین دەنێرێنە كوردستان، ئایا تاچەند گرنگە هەماهەنگییەكی باش لە نێوان یەكێتی زانایانی ئیسلام و وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی رۆشنبیری هەبێت، بۆ ئەوەی رێگە لەهاتنی فیكری تۆندڕۆیی بگرێت؟
- فیكری توندڕۆیی فیكرێكی ترسناكەو هەڕەشەیە لە هەموو نەتەوەو ئایین و مرۆڤەكان، بۆیە دەبێت میكانیزمێكی گونجاو بدۆزینەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی، بەتایبەتی لەلایەن زاناو مامۆستایانی ئایینە جیاجیاكان، رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایەش ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی و ئایینیشە، چونكە ئەم فیكرە توندڕەوییە زیانی بەسەرجەم مرۆڤایەتی گەیاندووە لەپێشەوە زیانی بەموسڵمانان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام گەیاندووە، گرفتەكە لەوەدایە زۆربەی ئەوانەی فیكری توندڕۆییان هەڵگرتووە، ئیدعای ئیسلام دەكەن، هەربۆیە نەك تەنیا بەهێزی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕ پێویستە رووبەڕووی ببینەوە، بەڵكو لەناوخۆشدا لە رێگەی مامۆستاو مەلا بەڕێزەكانەوە پێویستە گەنجەكانمان لەمەترسی ئەو فیكرە ئاگادار بكەینەوە كە دوورە لەبیروباوەڕی ئیسلام، لەلایەكی دیكەشەوە ئەركی سەرشانی حكومەت و لێپرسراوانی هەرێمە كار بۆ گەنجان بدۆزنەوەو هەژاری كەم بكرێتەوە، چونكە فیكری توندڕۆیی سوود لەبوونی كەلێن لەنێوان حكومەت و میللەت وەردەگرێت، هەژاری و بێكاری و نەبوونی دادپەروەری لەلایەن فیكری داعشەوە هەل دەقۆزرێتەوەو داعشیش نەمێنێ، فیكرێكی دیكەی توندڕەو جێگای دەگرێتەوە. كاتێك مرۆڤەكان هەستیان كرد مافی هاووڵاتیبوونیان هەیەو رێزیان لێدەگیرێت، ئەو كات هیچ كەس و گروپ و حزبێكی توندڕەو ناتوانێت گەنجەكانمان هەڵخەڵەتێنێ، پێویستە یەكێتی زانایانی ئیسلام و وەزارەتی ئەوقاف و حزب و لایەنە سیاسییەكان و حكومەت دەست لەناو دەست وەكو یەك تیم كاربكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو فیكرە ترسناكە.
* لەسەردەمی مەلا مستەفا بارزانی، زانایانی ئایینی ئیسلام رێكخراوێكی تایبەتی خۆیان هەبوو، تێكەڵی سیاسەت نەدەبوون، بەڵام ئێستا هەست دەكرێت كە مامۆستایان و زانایانی ئایینیی كوردستان، بەشێكیان بەسەر حزبەكاندا دابەشبوون و لەبەرژەوەندی حزبە سیاسییەكان گوتار دەدەن، ئایا تاچەند گرنگە جارێكی دیكە مەلاو زانایانی ئایینی كوردستان لە ژێر چەتری یەكێتی زانایانی ئیسلامی كۆببنەوە و بەیەك چاو سەیری حزبەكان بكەن و بەیەك مەسافە لەهەموو حزبەكانەوە نزیك بن، بۆ ئەوەی مامۆستایانی ئایینی رۆڵی پێشڕەوی خۆیان لەدەست نەدەن؟
-یەكێتی زانایان رۆڵی دیاری هەبووە لەدژایەتی فیكری داعش، بەڵام هۆكاری فرەمینبەری لە ریزی زانایانی ئایینی ئەوەیە كە هەندێك لەحزبە ئیسلامییەكان لەلایەك بەشدارن لەیەكێتی زانایان، لەلایەكی دیكەوە نووسینگەی زانایانی خۆیان هەیە لەناو حزبدا، كە فەرمانی حزبەكەیان جێبەجێ دەكەن، ئەمەش هۆكارێكە بۆ پەرتەوازەیی. لەسەردەمی مەرحووم مەلا مستەفا بارزانی، مەلاو مامۆستایانی ئایینی یەكدەنگ و یەكڕەنگ بوون، واتە یەك جەمسەر هەبوو بۆ یەكێتی زانایان، هەر بۆیە رۆڵی بەرچاویان هەبوو. ئێمە وەكو مامۆستایانی ئایینی خۆزگە دەخوازین بتوانین بگەڕێینەوە بۆ ئەو سەردەمە كە لەسایەی دەسەڵاتی مەلا مستەفا بارزانی یەكێتی زانایان دامەزرا، بێ ئەوەی دەستتێوەردانی كاری زانایان بكەن. ئەو سەردەمە بەدەیان ریفۆرمی ئایینی و كۆمەڵایەتی بەرهەم هات. بۆ نموونە لەبواری ئافرەتان قەدەغەكرا كچ لەناو بێشكە بەشوو بدرێت، یا گەورەو بەبچووكی پێ بكرێت، بگرە قەدەغەكرا ئافرەتان لەبری خوێن ببەخشرێن و دەیان چاكسازی تری كۆمەڵایەتی كە دژی ئایینی ئیسلام و داپەروەری بوو، رەحمەتی مەلا مستەفا بارزانی پشتگیری یەكێتی زانایانی دەكرد. ئەو كات یەك یەكێتی زانیان هەبوو، ئەو هەموو حزب و فكرەیە نەبوون.