دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكان بۆ گوڵان: پێویستە رۆڵی سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەییەكانی كوردستان بەدەست دەهێنرێن
December 20, 2016
دیمانەی تایبەت
دەیڤید فیلیپس بەڕێوەبەری پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئامۆژگای دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆلۆمبیا، پێشتریش وەك راوێژكاری باڵا لەسكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتووەكان كاری كردووە، هەروەها وەك شارەزای كاروبارە دەرەكییەكان و وەك راوێژكاری باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا كاری كردووە. گوڵان دیمانەیەكی تایبەتی لەگەڵدا ئەنجامداو لەم دیمانەیەدا دەیڤید فلیپس جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم ساتەوەختێكی مێژووییدایەو لەئێستادا دەبێت هەموو هەوڵ و كۆششەكان لەبەدیهێنانی سەربەخۆییدا چڕبكرێنەوە، هەروەها پێیوایە دەبێت سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت لە ئەركەكەی تاوەكو ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەییەكانی كوردستان بەدی دەهێنرێن، ئەمەش دەقی دیمانەكەیە.هەلێكی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەڵكەوتووەو نابێت لەبەر چەند پرسێكی لاوەكی و
حزبی لەدەستی بدەن
* وەك ئەندامێكی گروپی تاكسفۆرس بۆ بونیادنانی دەوڵەتی كوردستانی عێراق، هەروەها لەئامۆژگای ئەتلەنتیكیش تاسكفۆرسێكتان بە سەرۆكایەتی باڵیۆز رایان كرۆكەر لەسەر ئایندەی عێراق لەساڵی 2016 بەڕێوەچوو، ئایا تا چەند تاسكفۆرسەكەی ئێوە لەگەڵ تاسكفۆرسەكەی ئامۆژگای ئەتلەنتیك بۆ ئایندەی عێراق یەكدەگرێتەوەو زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە و بە دیالۆگ لەگەڵ عێراقدا دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت؟
- من راپۆرتی ئەو تاسكفۆرسەم – كە ئامۆژگای ئەتلەنتیك لەبارەی ئایندەی عێراقەوە بڵاوی كردەوە- نەمبینیوە كە ئێوە لەپرسیارەكەتاندا ئاماژەی پێدەكەن، بەڵام باڵیۆز رایان كرۆكەر دەناسم، ئێمە لەنووسینگەی كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك لە وەزارەتی دەرەوە پێكەوە كارمان لەسەر پرۆژەی ئایندەی عێراق كرد. بەڕێز كرۆكەر دیپلۆماتكارێكی زۆر لێوەشاوەیە، بەڵام ئەو بەلای پاراستنی یەكپارچەیی عێراقدا دایدەشكێنێت. ئەو بارودۆخەی ئێستاش كە لەئارادایە پێویست بەوە دەكات رێگاچارەیەكی هاوچەرخ بگیرێتەبەر كە رەنگدانەوەی واقیعەكە بێت، واقیعەكەش ئەوەیە كوردستان رێگەی بەرەو سەربەخۆیی گرتۆتەبەرو پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ددان بەم واقیعەدا بنێت و پشتیوانی گفتوگۆی نێوان بەغدا و هەولێر بكات، كە لە دەرئەنجامدا جیابوونەوەیەكی دۆستانە و ئاشتییانەی لێبكەوێتەوە.
* بەڵام تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە ئەم پرۆسەی جیابوونەوەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەڕێوەبچێت و بە گوێرەی رێككەوتنێك بێت كە لە ئەنجامی گفتوگۆوە هاتبێتەدی؟
- پێویستە بەغداو هەولێر هەڵبستن بە پێكهێنانی چەند كۆمیتەیەك و ئەم كۆمیتانەش كاریان گفتوگۆكردن بێت لەبارەی مەرجەكانی جیابوونەوە. ئەو كاتە هەرێمی كوردستان دەبێت نەخشە و بەرنامەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دابنێت، هەر كاتێكیش كە ریفراندۆمەكە ئەنجام درا، ئەو كاتە رۆژێك دیاری بكرێت بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی. هەروەها كارێكی باش دەبێت ئەگەر ماوەیەكی زەمەنی هەبێت لەنێوان ئەنجامدامی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆییدا، ئەویش بۆ ئەوەی هەولێر بتوانێت گفتوگۆ لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بكات كە راستەوخۆ كاریگەر دەبن بە راگەیاندنی سەربەخۆییەكە، وەك توركیا و ئێران و ئەمەریكا. پێویستە ئەم پرۆسەیە لەنێوان بەغداو هەولێردا دەست پێ بكات و دەبێت پرۆسەیەكی شەفاف بێت.
* كەواتە ئێوە لەگەڵ ئەوەدا نین كە هەرێمی كوردستان یەكلایەنە سەربەخۆیی رابگەیەنێت؟
- لە راستیدا كارێكی باشتر دەبێت ئەگەر بێتو سەربەخۆییەكە لە ئەنجامی گفتوگۆوە بێتەدی، بەڵام ئەگەر عێراق نەیەوێت، یان نەتوانێت، بەهۆی ئەو دابەشبوونەی لەپرۆسەی سیاسیی عێراقدا لەئارادایە، ئەو كاتە هەرێمی كوردستان پێویستە بیر لە بژارەی راگەیاندنی یەكلایەنەی سەربەخۆیی بكاتەوە لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە. بەڵام گرنگە هەرێمی كوردستان هەنگاوی خێرا هەڵبگرێت. رەنگە دەرفەتەكە لەدەست بچێت، ئەگەر بێتو پرۆسەكە دوابخرێت. دەبێت لە میانەی ئەم قۆناغی راگوزەرییەدا، هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕبكاتەوە بۆ بنیادنانی دەوڵەت و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی خۆبەڕێوەبەری.
* كەواتە دەتوانین بڵێین كە ئەمە ئەركێكی بەپەلەیەو پێویستە هەرێمی كوردستان دەستبداتە خستنەگەڕی ئەم هەوڵ و كۆششە؟
- من دەڵێم تاوەكو هەرێمی كوردستان زیاتر چاوەڕێ بكات، ئەوا بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە زەحمەتتر دەبێت.
* هەمیشە وەك هێزێكی بەتوانا و مولتەزیم وەسفی پێشمەرگە دەكەن، هەر بەم دواییەش وەزیری بەرگری ئەمەریكا، ئاشتۆن كارتەر چەندین پێشمەرگەی بە مەدالیای ئازایەتی خەڵات كرد، كەواتە بە تێڕوانینی ئێوە ئایا پێشمەرگە شایستەی ئەوە نییە بە شێوەیەكی راستەوخۆ كەل و پەل و چەكی سەربازی لەلایەن ئیدارەی ئەمەریكاوە بۆ دەستەبەر بكرێت؟
- ئەمەریكاو هەرێمی كوردستان بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لەتێكشكاندنی داعشدا. ئەگەر حكومەتی ئەمەریكا داوای لە پێشمەرگە كردبێت بۆ ئەوەی بەشداری ئۆپەراسیۆنی رەققە بكات. ئەوا پێموایە پێویستە بەدەم داواكارییەكەی ئەمەریكاوە بچێت. لەم حاڵەتەدا پێویستە ئەمەریكا ئامرازی پێویست بۆ پێشمەرگە دەستەبەر بكات، لە نێویاندا چەكی قورس و هێرشبەر، هەروەها دەبێت بە شێوەیەكی كاراتر ئەو چەكانە بگەیەنێتە دەستی هەولێر. پێویستە هەرێمی كوردستان چاوەڕێی پاداشت بكات لە ئەمەریكا، دەبێت ئەو پاداشتەش دانپێدانان بێت بە هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ.
* بە بۆچوونی ئێوە تا چەند گرنگە كە هاوكاری سەربازی لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بەردەوام بێت لەئایندەدا، تەنانەت بۆ دوای تێكشكاندنی داعشیش؟
- لە راستیدا هەر لەساڵی 2002ـەوە هێزەكانی ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە هاوكاری لەنێوانیاندا هەبووە. من پێموایە دەبێت رێككەوتنێك بكرێت لەنێوان ئەمەریكاو هەرێمی كوردستاندا كە بواربدات بە جێگیركردنی هێزی سەربازی ئەمەریكی لەكوردستانی عێراقدا. هەر كاتێك سەربەخۆیی بەدەستهات، ئەوا ئەمەریكا دەتوانێت لەگەڵ كوردستاندا رێككەوتنی دووقۆڵی لەبارەی ئاسایش و پرسەكانی دیكەوە ئەنجام بدات.
* ئەی پێتانوانییە كە ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنەی هەیە لەنێوان پەنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ دەستەبەركردنی دارایی و مەشق و راهێنان بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لەم رووەوە بناغەیەكی باش بێت؟
- بەڵێ، من شانازی بەوەوە دەكەم كە حكومەتی ئەمەریكا راستەوخۆ پشتیوانی دارایی بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە دەستەبەر دەكات. گرنگە كە ئەم پشتیوانییە بەرفراوان بكرێت و چەكی پێویستی بۆ دەستەبەر بكات، ئەویش بۆ ئەوەی وەك سوپایەكی پیشەگەر هەڵسووڕێت.
* بۆچی پێتوایە پێویستە ئەم هاوكارییە بەردەوام بێت، ئایا ئەمە تەنیا لەبەر ئەوەیە ئەمەریكاو هێزی پێشمەرگە بەرژەوەندیی ئەمنی و هاوبەشیان لەم ناوچەیەدا هەیە؟
- ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان بەرژەوەندی هاوبەش و بەهای هاوبەش و ئایندەی هاوبەشیان هەیە. كاتی ئەوە هاتووە كە قۆناغی ناكۆكی تێپەڕێنین بەرەو قۆناغی بنیادنانی ئاشتی بڕۆین كە ببێتەهۆی برەودان بە هاوكاری نێوان ئەم دوو وڵاتە.
* هەروەها بەم دواییە راپۆرتی تاسكفۆرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەسەرپەرشتی ستیڤن هادلی و خاتوو مادلین ئۆلبرایت بڵاوكرایەوە، كە تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی دووبارە داڕشتنەوەی بونیادی حوكمڕانی دەكات لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا دیدو بۆچونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- من خۆشحاڵم كە كەسایەتییە دیارەكانی ئەمەریكا بایەخ بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن. ئێستا ژمارەیەكی زۆری ئەم راپۆرتانە بڵاودەبنەوە. ئیدارەیەكی نوێش بەڕێوەیە. بەڵام بە راستی ئێمە نازانین چاوەڕوانی چی بكەین. روون نییە چۆن راپۆرتەكانی ئەم تاسكفۆرسانە پێشوازییان لێدەكرێت. كەواتە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە ئایا سەرۆكی هەڵبژێردراو- ترەمپ- چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسەكانی پەیوەست بە كوردو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.
* بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئایا پێتوانییە ئەو راسپاردانەی لەم راپۆرتانەدا هاتوون، كاریگەرییان هەبێت لەسەر ئەو رێگاچارەو سیاسەتانەی كە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا دەیگرێتەبەر؟
- پێموایە، بەڵام بە راستی ئێمە نازانین پرۆسەی داڕشتنی سیاسەت لە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكادا چۆن دەبێت. بەڵام پێشبینی دەكەین كە پرۆسەیەكی ناتەقلیدی و پێشبینی نەكراو بێت. پێكهێنانی تاسكفۆرس و نووسینەوەی ئەو راپۆرتانە رێگایەكن بۆ كاریگەربوون لەسەر بڕیاردانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە. ئایا ئیدارەی داهاتووی ترەمپ ئەم بیرۆكانە لەبەرچاو دەگرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و بیبینین.
* با پرسیار دەربارەی بونیادی حوكمڕانی بكەین لەكوردستاندا، ئایا بەبۆچوونی ئێوە دژوارترینی ئەو تەحەددییانە چین كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە؟
- پێویستە كورد لەگەڵ یەكدا بگونجێن و خۆیان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بگونجێنن. ئامانجی سەربەخۆیی گەورەترو مەزنترە لەهەر ئەجێندایەكی سیاسی، شەخسی و حزبیی كورت مەودا. ئەوانەی پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، دەیانەوێت كورد پێكەوە بگونجێن بۆ ئەوەی تێڕوانین و ئامانجێكی هاوبەش گەڵاڵە بكەن و ناكۆكییە سیاسییە حزبیەكانیانیشیان بخەنەلاوە. هەروەها پێویستە كار لەسەر یەكخستنەوە و بە پیشەییكردنی هێزی پێشمەرگە بكرێت.
* كەواتە پێویستە سەربەخۆیی خاڵی كۆكەرەوە بێت بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان و زاڵبوون بەسەر كۆسپەكان و دروستكردنی تێڕوانینێكی هاوبەش بۆ ئایندە، هەروەك ئێوەش ئاماژەی پێدەكەن؟
- ئەمە راستە. دەبێت ئامانجی هاوبەش، كە سەربەخۆییە، ببێتە فاكتەری یەكخستن. سەربەخۆیی پرسێكی زۆر گەورەترە لە دەستكەوتی سیاسی كورت مەودا. من هانی دۆستەكانم لەكوردستان دەدەم بۆ ئەوەی جیاوازییەكانیان بخەنەلاوە و یەكڕیزی دروست بكەن لەپێناو ئایندەیەكی سەربەخۆدا.
* كەواتە پێتوایە كاری بەپەلە لەم ساتەوەختەدا بریتیە لەدروستكردنی تەباییەكی سیاسی لەناوخۆیی هەرێمی كوردستاندا؟
- ئەگەر ناتەبایی هەبێت، ئەوا ركابەرەكانی كورد بەكاری دەهێنن بۆ شێواندنی ئامانجی سەربەخۆیی. ئەمە ساتەوەختێكی مێژووییەو كورد هەلێكی مێژوویی بۆ هەڵكەوتووە، كە نابێت بە خۆسەرقاڵكردن بە پرسە لاوەكییەكانەوە لەدەستی بدەن.
* با بێینەسەر پرسەكانی كەمینە ئایینی و ئیتنیەیكان، ئایا بە بۆچونی ئێوە پێویستە هەرێمی كوردستان چ هەنگاوێك بنێت بۆ ئەوەی رێگری بكات لەوەی جارێكی دیكە ئەم كەمینانە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی نەبنەوە؟
- چەندین وانەی گرنگ هەن لەئەزموونی كەركووكەوە بۆ كوردستان كە پێوەندییان بە پرسی دابەشكردنی دەسەڵات و دەستەبەركردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكانەوە هەیە، وەك ئاو و كارەبا، هەروەها دەستەبەركردنی ئاسایش كارێكی گرنگە. دەبێت پارێزگارەكان دەسەڵات بە ئەنجومەنە مەحەلییەكان بدەن بۆ ئەوەی خەڵكەكە هەست بكات كە بەرژەوەندییان هەیە لە ئایندەیەكی هاوبەشدا.
* تا چەند گرنگە كە ئەم پرسانە لە دەستووری داهاتووی هەرێمی كوردستاندا جێگیر بكرێن؟
- دەبێت دەستووری كوردستان بەرزترین ستانداردی پەیوەست بە مافی كەمینەكان، هەروەها مافی ئافرەتانیش لەخۆبگرێت. چونكە ئەمە دەبێتە ئاماژەیەك بۆ ئەو پێكهاتانە كە برەو بە بەرژەوەندیەكانیان دەدرێت و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانیان دەكرێت
* هەروەك دەزانن پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری كوردستان كارەكانی تەواو نەكرد، بە تێڕوانین و بۆچوونی ئێوە گرنگترین كۆسپ لەم رووەوە چی بوون كە بوونەهۆی ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە ئامانجی خۆی نەگات؟
- دەكرێت پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری ئامرازێك بێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان. كاری كۆمیتەكانی نووسینەوەی دەستوور بریتییە لە پرۆسەیەك كە تێیدا بوار دەڕەخسێندرێت بۆ گروپەكان بۆ ئەوەی گوزارشت لە دیدوبۆچوونەكانی خۆیان بكەن و بۆ ئەوەی گوێ لەدەنگیان بگیرێت.
* ئەگەرچی ئێوە باستان لەوە كرد كە زەحمەتە پێشبینی ئەوە بكرێت كە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا چۆن هەڵسوكەوت دەكات و چ سیاسەتێك دەگرێتەبەر، بەڵام ئێمە ئەو پرسیارە هەردەكەین، ئایا پێتوانییە كە پێویستە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا وەك شەریكێكی راستەقینەو باوەڕپێكراو هەڵسوكەوت لەگەڵ كورددا بكات؟
- من پێموایە گرنگە كە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا وەك شەریكێك مامەڵە لەگەڵ كورد بكات و پشتیوانی خەونە نەتەوەییەكانیان و دیموكراسی بكات.
* چۆن رۆڵی سەرۆكی بارزانی لەسەركردایەتیكردنی شەڕی دژبە داعش هەڵدەسەنگێنیت؟
ناكرێت دەست لە رۆڵی سەرۆك بارزانی هەڵبگیرێت وەك سەرۆك دەوڵەتێك و رۆڵی لەسەركردایەتیكردنی ئۆپەراسیۆنەكانی دژبە داعشدا. پێویستە رۆڵی سەرۆك بارزانی بەردەوام بێت تا ئەو كاتەی ئامانجە ستراتیژی و نەتەوەییەكانی كوردستانی عێراق بەدەست دەهێنرێن. ئەو كاتە پێویستە ئاڵوگۆڕێكی ئاشتییانەی دەسەڵات ئەنجام بدرێت. بارزانی لەسایەی ئاڵای كوردستاندا لەدایك بووە. بەهۆی ئەو مێژووەی هەیەتی، ئەوا پێویستە سەركردایەتی كوردستانی عێراق بكات بەرەو سەربەخۆیی، ئەو كاتە دەتوانێت شەرەفمەندانەو بە دڵێكی پڕلە بەختەوەرییەوە دەست هەڵگرێت.