ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما سەرۆكی دێری سەیدەو رەبان هورمز بۆ گوڵان: بارزانی تەنیا چارەنووسی هەرێمەكەی نەپاراست، كوردستانیشی كردە نەوایەكی ئارام و خاكێك بۆ پێكەوەژیان و رێزگرتن لەمرۆڤایەتی

ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما سەرۆكی دێری سەیدەو رەبان هورمز بۆ گوڵان: بارزانی تەنیا چارەنووسی هەرێمەكەی نەپاراست، كوردستانیشی كردە نەوایەكی ئارام و خاكێك بۆ پێكەوەژیان و رێزگرتن لەمرۆڤایەتی
كریستیانەكان بەهاوشێوەی هەموو پێكهاتەو ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بەگرنگییەوە دەڕواننە داهاتووی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی فیكری توندڕۆیی، ئەوان پێیانوایە هەمووان پێویستە بەهەستیارییەوە بڕواننە دۆخەكە، بەتایبەتی دۆخی كریستیانەكان لەدەشتی نەینەوا. ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما سەرۆكی دێری حەزرەتی مەریەم و رەبان هورمز لەئەلقوش لە وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵان، جگە لە تاوتوێكردنی بارودۆخی كریستیانەكان، باسی ئەو پێكەوەژیان و لێبووردەییانە دەكات كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینیوە. لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* لەدوای ئازادكردنەوەی موسڵ و دەركردنی گروپی تیرۆریستی داعش لەدەشتی نەینەواو شاری موسڵ، تەشەنەكردنی فیكری توندڕەویی ئایینی قسەو باسێكی زۆری لەسەر دەكرێت، ئایا بوونی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لەهەرێمی كوردستان تاچەند رۆڵی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی فیكری توندڕۆیی و هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی كریستیانەكان بۆ هەرێمی كوردستان؟
- فیكری توندڕۆیی لەعێراق رەگ و ریشەیەكی قووڵی هەیەو تێكەڵ بە دابونەریت و كەلتوور بووە، لەدوای هاتنی داعش و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی و دەركردنی زۆرەملێی ئایینزاكان ئەوەندەی دیكە ئەگەری تەشەنەكردنی فیكری توندڕۆیی زیاتر بووە، لەبەرامبەردا لەتەواوی عێراقدا كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەییش پاشاكشەی كردووە. ئەم گروپ و تاقمە توندڕەوانە لەدەرەوەی سنوورەكان هاتوون و لەناوخۆی عێراقدا وەكو پەتایەكی تاعوون فیكری توندڕەوییان بڵاوكردۆتەوە، بچڕاندنی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی یەكێك لەهەرە ئامانجە ستراتیژییەكانی ئەو گروپە توندڕەوانەیە، بە رادەیەك ئێستا مانەوەی كریستیانەكان لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا زەحمەت بووە، هەر ئەمەشە وایكرد زۆربەی كریستیانەكان لەخوارو ناوەڕاستی عێراق و دەشتی نەینەواو موسڵ روو لەهەرێمی كوردستان بكەن، چونكە تاكە نەواو پێگەی ئارام هەرێمی كوردستان بوو، بۆیە كریستیانەكان دوای رفاندن و كوشتن و دەركردن و وێرانكردنی كەنیسەو دێرو ناوچە پیرۆزەكانیان روویان لەهەرێمی كوردستان كرد، بە رادەیەك ئێستا كریستیانەكان رووبەڕووی گەورەترین پاكتاوكردنی ئایینی بوونەتەوە. كاتێك خوشك و ئافرەتەكانی ئێزیدی رووبەڕووی دەستدرێژی بوونەوەو وەكو سەبایە لەبازاڕەكاندا فرۆشتنیان پێوەكرا، ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە بوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی و ئاییندەی كوردستانیش، هەربۆیە جەنابی بارزانی سەرۆكی كوردستان بڕیاری دا پێشمەرگەی كوردستان شەڕی ئەو تاقم و گروپە دەستپێبكەن و دەروازەكانی كوردستانیشی لەبەردەم ئەو ژمارە زۆرەی كریستیانەكان واڵاكرد، ئەم هەڵوێستەی بارزانی تەنیا چارەنووسی هەرێمەكەی نەپاراست، بەڵكو هەرێمی كوردستانی كردە نەوایەكی ئارام و خاكێك بۆ پێكەوەژیان و رێزگرتن لەبەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی، چونكە ئامانجی داعش تەنیا كوشتنی كریستیان و ئێزیدییەكان نەبوو، ئەوان زۆر زیاتر موسڵمانیان كوشتووە. هێزی پێشمەرگەو سەركردایەتی كوردستان رۆڵێكی كارایان هەبوو، نەك تەنیا لە رووبەڕووبوونەوەی داعش، بەڵكو لەپاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی و رێزگرتن لەپێكەوەژیان و رێگەنەدان بەهاتنی فیكری توندڕۆیی لەدەرەوەی سنوورەكان.

* ئایا هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسیی هاتنی فیكری توندڕەویدا نییە، بەتایبەتی ئەو فیكرو بۆچوونە توندڕەوانەی كە لەدەرەوەی سنوورەكان دێن و ئەجیندای دەرەكییان هەیە؟
- ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی عێراق و سووریا بەناوچەی رووداوە كتوپڕەكان بەناوبانگە، هەربۆیە بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی تەشەنەكردنی ئەو فیكرە توندڕەوانەین كە لەدەرەوەی سنوورەكانەوە دێت، جێگای داخە لەمەشدا هەندێك لەمامۆستای ئایینی و سیاسەتمەداری ئیسلامی سیاسی دوور لەنەهج و فیكری میانڕەویی ئیسلامی رۆڵی خراپ دەگێڕن، سوپاس بۆ خودا كە سەركردایەتی كورد ئەو دیارییە بەخشندەیەی بۆ خەڵكی كوردستان هەبووە كە رێز لەهەموو ئایین و ئایینزاكان بگرن و رێگە نەدەن ئیسلامی سیاسی تۆوی توندڕەوی بچێنێت، ئەمەش بۆ ئەو كەلتوورە مێژووییە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان پێی بەناوبانگە. مستەفا بارزانی سەركردەیەكی گەورەی كوردەو پارێزگاری لەكریستیانەكان كردووەو بەرەیەكی یەكگرتووی لەگەڵ كریستیانەكان هەبوو، هەربۆیە لەشۆڕشی ئەیلوول خوێنی كریستیانێك لەگەڵ خوێنی موسڵمانێكی كورد لەبەرەكانی شەڕ و لەخەباتدا تێكەڵ دەبوون. سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ تا رادەیەكی باش سەقامگیری و ئارامی لەكوردستاندا هەیەو دابونەریتی رووبەڕووبوونەوەی فیكری توندڕەویش بەهێزە پتەوە، هەربۆیە هەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی عێراقەوە خاوەنی كۆمەڵگەیەكە نەفرەت لەتوندڕەوی ئایینی دەكات، بەڵام مەرامی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی كوردستان و هەرێمەكە بەردەوامی هەیە، چونكە فیكری میانڕەوی و كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی كە ئێستا لەكوردستان هەیە، رێگرە لەبەردەم ئەجیندەو تەماعكاری دوژمنانی كوردستان، ئەوەی لەزاخۆو دهۆك و سەرسەنگ روویانداو هێرشكرایە سەر كریستیانەكان یەكێك بوو لەو هەوڵانەی بۆ بەبارگراویكردنی كۆمەڵگەی كوردستان بە فیكری توندڕۆیی ئایینی، بۆ ئەوەی كوردستان بەهاوشێوەی عێراق ئەو فیكرە قێزەوەنەی تێدا بەرهەم بێت. ئێنشائەڵا پشت بەخواو بەپاڵپشتی خەڵكی كوردستان و حزبە دڵسۆزەكان و فەخامەتی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێگەنادرێت فیكری توندڕۆیی ئەجیندەی دەرەكی لەكوردستان وەكو پەتایەك بڵاو ببێتەوە، مەسیح سەلامی خوای لەسەر بێت، دوژمنی محەمەد دروودی خوای لەسەر بێت، نییە. موسڵمانەكان و كریستیان و نەتەوەو ئاییینزاكانی دیكەی كوردستان لەدێرزەمانەوە لەسەر ئەم خاكە وەكو برا دەژین و پێكەوە رۆڵیان لە ئاوەدانكردنەوەی هەبووە. خاكی كوردستان لای كریستیانەكان بەهاوشێوەی برا ئایینییەكانیان پیرۆزەو هەمووانیش یەك ئامانج و ئاواتیان هەیە، ئەویش ئەو خەبات و گیانفیداییە بۆ ئەوەی بمانگەیەنێتە سەربەخۆیی و بوون بەخاوەنی دەوڵەتی كوردستان.

* كریستیانەكان بەتایبەتی كەسایەتی ئایینی كریستیان تاچەند پاڵپشتی راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن، بەتایبەتی رای پاپای فاتیكان و كریستیانەكانی جیهان لەو بارەیەوە چییە؟
- پاڵپشتی و پشتگیری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان و خودی جەنابی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە بەڵگەیەكە بۆ پاراستنی خەڵكی كوردستان و ئەو پێكەوەژیانەی لەسەر ئەم خاكە هەیە. پیاوانی ئایینی كریستیان تێكەڵ بەسیاسەت نابن، بەڵام راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ پشتگیری لەمافی هەموو نەتەوە مەزڵوومەكان دەكەن، لەناوەندەكانی بڕیاریشدا گوێیان لێدەگیرێت، ئەوان پاڵپشتیی فیكری توندڕۆیی و كۆمەڵكوژی گەلان ناكەن. تەحەددایەكی گەلێك مەزنیش لەبەردەم خەڵكی كوردستان و بەتایبەتی مامۆستایانی ئایینی ئیسلام هەیە، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی فیكری توندڕۆیی و هزری دەرەكییە كە ئەجیندەو مەرام و بەرژەوەندی سیاسی لەپشتە و زیان بە ئایینی ئیسلامیش دەگەیەنێت، پێویستە كوردو كوردستانییەكان بە موسڵمان و كریستیان و ئێزیدی و ئایینەكانی دیكەشەوە، بوار نەدەن بەتێكدانی مێژووی برایەتی نێوانیان. من سوپاسی هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە رێگەیان نەدا ئەجیندەی دەرەكی زیان بەم پێكەوەژیان و كەلتوورە رەسەنەی لێبووردەیی بگەیەنێت. كاتێك كریستیانەكانی عێراق زوڵمیان دەرهەق كرا، مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەرگاكانی كوردستانی واڵاكردو وەكو هاووڵاتیەكی كوردستان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی كریستیانەكان كرد، لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان و حكومەتەكەی تائێستاش بەدەست گەمارۆیەكی توندی حكومەتی بەغداوە دەناڵێنن، داهاتووش هەر بۆ هەرێمی كوردستان و سەركەوتنی بەها پیرۆزەكانی ئایین و مرۆڤایەتییە، خوێنی پێشمەرگە بەفیڕۆ ناچێت، پێشمەرگە لەپێناو خۆشەویستی و ئازادی و پاراستنی ماف و كەرامەتی هەموو خەڵكی كوردستان لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕەو پارێزگاری لەهەموو ئایین و ئایینزایەكی كوردستان دەكات، كریستیانەكان برای موسڵمان و ئایینەكانی دیكەن، كەسێك بڵێت كریستیان، یا موسڵمانێك كافرە، ئەوە ئایین پێمان دەڵێت ئەو كەسە خۆی كافرە.

* ئەمڕۆ لەكاتێكدا رووبەڕووی فیكری توندڕۆیی و تیرۆریستانی نێودەوڵەتی بووینەتەوە، هاوكات فیتنەیەكی ناوخۆییش بەمەبەستی بەدیهێنانی ئەجیندەی دەرەكی كەوتۆتەوە، ئایا ئێوە وەكو پیاوانی ئایینی كریستیانی چۆن بەهاوشێوەی مامۆستاو زانایانی ئایینی ئیسلام رووبەڕووی ئەو فیتنەیە دەبنەوە؟
- جێگای داخە سەرەڕای بوونی كەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی، كەچی هەندێك كەس و لایەن دێن كەلتووری یەكتر سڕینەوەو دژایەتیكردنی یەكتر بڵاودەكەنەوە، ئەوانە تەنیا پێوەندیی نێوان نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان تێك نادەن، بەڵكو پێوەندی نێوان حكومەت و خەڵكیش تێك دەدەن، حكومەتێك كە موڵكی خەڵك خۆیەتی، ئەوان بەهاندان و فیتی ئێران زیان بەهەرێمی كوردستان دەگەیەنن، خودای گەورە لەگەڵ ئێمەدایەو خودا گەلێك مەزنە و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نادات و سەركەوتن بۆ ئەو مامۆستاو پیاوانی ئایینی ئیسلام و كەنیسەیە كە گیانی لێبووردەیی و رێزگرتن لەبەها جوانەكانی مرۆڤ دەپارێزن، رەسەنایەتی ئایین لەوێدایە، ئالێرەدا هەموو پیاوانی كەنیسەو دێرەكان بەمەتران و قەشەكان باسی سیاسەت ناكەن، تەنیا دوعاو نزا دەكەن، بۆ ئەوەی خۆشەویستی لەنێوان مرۆڤەكان و هەموو ئایینزاكان هەبێت، سەید مەسیح دەفەرموێت: «تُحِبُّ الرَّبَّ إِلهَكَ مِنْ كُلِّ قَلْبِكَ، وَمِنْ كُلِّ نَفْسِكَ، وَمِنْ كُلِّ قُدْرَتِكَ» واتە نزیكی ئێمە موسڵمان و ئێزیدی و هەموو مرۆڤایەتییە. موسڵمان و كریستیانی راستەقینە ئەو كەسەیە خۆشەویستی بۆ خودا لەنێوان تاكەكانی ناو كۆمەڵگە بڵاودەكاتەوە، لەئینجیل فیكری توندرۆیی تێدا نییەو رێز لەهەموو مرۆڤ گیراوەو خۆشەویستی بۆ هەموو ئایین و ئایینزاكان هەیە. سەید مەسیح پێمان دەڵێت مەرج نییە تەنیا بەرگری و پارێزگاری لەكریستیانەكان بكەین، بەڵكو دەبێت بەرگری لەهەموو مرۆڤایەتی بكرێت، كریستیانەكانی كوردستان لەگەڵ برا موسڵمانەكانیاندا خاوەنی ئەم خاكەن و پێكەوە ژیاون، زۆربەی پیاوان و مامۆستایانی ئایینی دژی فیتنەو دووبەرەكی و بڵاوكردنەوەی رق و كینەن، ئەمانە ئەركێكی قورسیان دەكەوێتە سەرشان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مامۆستا ئایینییانەی كە دووردەكەونەوە لەدەقە پیرۆزەكانی قورئان و هانی خەڵكی دەدەن بۆ تێكدانی دۆخەكە، هەروەكو چۆن لە سمێڵ و زاخۆو سەرسەنگ و چەند ناوچەیەكی دیكە ژمارەیەك مامۆستای ئایینی هانی خەڵكی توندڕەویان دا كە پشێوی و هەڵكوتانە سەر ماڵ و موڵكی كریستیانەكانی لێكەوتەوە. ئەمڕۆ كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایەو پێویستە تۆوی دووبەرەكی و فیتنە بنبڕبكرێت و كار بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیان و رێزگرتن لەهەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان بگیرێت، بەزۆر شەریعەتی هیچ ئایینێك لەسەر خەڵكی نەسەپێندرێت، ئەركی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو مامۆستاو پیاوانی ئایینی و زاناكانە رێگە نەدەن بەهەڵە دەقە پیرۆزەكان بۆ خەڵكی بگوازرێتەوە، یاساكانی سەدەكانی ناوەڕاست و دابونەریتی خێڵەكیی بیابانەكان بەسەر خەڵكی بەناوی ئایین بڵاونەكرێتەوە، هەر هەوڵێك دژی خۆشی و خێری خەڵكی بێت، ئایین و پێغەمبەرەكان رەتی دەكەنەوە، باشە وتارێك یاخود قسەیەك دژی خێری میللەتی كورد بێت، چۆن دەبێت رێگەی پێبدرێت لەناو خەڵكیدا بڵاوبكرێتەوە؟ ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر پێویستیمان بەیەكڕیزی و كرانەوەو پێشكەوتن لەناو كۆمەڵگەدا هەیە، كاتێك خەڵك و حكومەت پاڵپشتی یەكتر بن، هێزی دەرەكی ناتوانێت گەرا لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا دابنێت بەفیكری توندڕەو و ناوی جیاجیاوە، كاتێك خاك بەپیت و باش بێت، هەمووان دەمێننەوە، كاتێك ناكۆكی و نائارامی هەبێت، نەك كریستیانەكان تەنانەت كوردی موسڵمانیش كۆچ بۆ دەرەوەی وڵات دەكات، ئەمەش مەبەست و مەرامی هێزە دەرەكییەكانی دژ بەگەلی كوردستانە.

* سەرۆك بارزانی هەروەكو چۆن بەڵێنی پێدان لەسەر دەستی پێشمەرگە زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی ئازاد كرد، ئایا بارودۆخی ئێستای كریستیانەكان لەو ناوچانە چۆنەو بەبوونی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا تاچەند پێكهاتەی كریستیانەكان هەست بەئارامی دەكەن؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگە. لەمێژوودا قۆناغ بەقۆناغ بیری توندڕەوی و فیكری دژ بە مرۆڤایەتی، كریستیانەكانی لەو ناوچانە دەركردووە، بە گیانفیدایی پێشمەرگەو سیاسەتی سەركەوتووانەی جەنابی بارزانی ئەو ناوچانە ئازاد كرانەوە، من كاتێك لەگەڵ ژمارەیەك لەكریستیانەكان سەردانی بەرەكانی شەڕمان كردو نانمان بۆ پێشمەرگە برد، بەچاوی خۆمان بینیمان سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە لەچ هەڵوێستێكی شەرفمەندانە بوون، لەمەشدا بەپێچەوانەی زۆر لەو كەسانەی كە لەكەناڵەكانی راگەیاندن فرمێسكی درۆیان بۆ ئایین و ئایینزاكانی ئەم ناوچەیە دەڕشت و رۆژێك ئامادە نەبوون سەردانی بەرەكانی شەڕیش بكەن، بەڵام جەنابی بارزانی و پێشمەرگە قوربانی و شەهید و بریندارێكی زۆریان دا تاكو ئەو ناوچانە ئازادكرانەوە، بە درێژایی سنووری 1050 كیلۆمەتر پارێزگاری لە خەڵكی سڤیل لەنەتەوەو ئایینی جیاجیا كرد. پێشمەرگە كاتێك رووبەڕووی داعش وەستا، كە ئەو تیرۆریستانە لەلوتكەی هێزدا بوون، ئەوكات وڵاتانی ئیقلیمی و سوپای عێراق و سوپای وڵاتە زلهێزەكانی جیهانیش رووبەڕوویان نەبوونەوە، پێشمەرگە بەو توانا كەمەوە كە نزیكەی 2 ملیۆن ئاوارە رووی تێكردووە، توانی شەڕی داعش بكات و سەركەوتوو بێت، بەڵام ئایا متمانە گەڕایەوە، یا ئاوەدان كرایەوە، بێگومان نەخێر؛ كەنیسەو دێرە سووتاوەكان و شوێنەوارە دێرینەكان و ماڵە تاڵانكراوەكانی كریستیانەكان لەشاری موسڵ پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە، دێری كریستیانەكانی ئێمە لەموسڵ كراوەتە زیندانی ئافرەتان، لە قەرەقۆش و تلكێف و تلسقۆف و باتنایەو باشیك و سەدان گوندی دیكەی كریستیانەكان پێویستیان بەهێزێكی نێودەوڵەتی هەیە كە پاڵپشتی پێشمەرگە بێت و پارێزگاری لەو ناوچەیە بكات، پێویستە ماددەی 140ی دەستووری لەم ناوچانەدا جێبەجێ بكرێت و تەواوی ناوچە كریستیانەكان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، كریستیانەكانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە روویان لەكەنەداو ئەمەریكاو ئەوروپاو ئوسترالیاو توركیا كردووە، ژمارەیەكی زۆریش تائێستا لەهەرێمی كوردستانن، گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچەیە پێویستی بەزەمانەت هەیە، چونكە ئێمە پێش هاتنی داعشیش لەشاری موسڵ لەسەر دەستی توندڕۆیی ئایینی و قاعیدەو دەیان گروپی چەكداری دیكە رووبەڕووی كوشتن و رفاندن دەبووینەوە، تەنانەت لەناو جەرگەی شاری موسڵدا سێ قەشە هاتنە كوشتن، بە رادەیەك لە 80%ی كریستیانەكانی باشووری عێراق و بەغداو موسڵ كۆچیان كردووە. چۆڵكردنی كریستیانەكان لەموسڵ و دەشتی نەینەوا قۆناغێكی مێژوویی رەشە بۆ سەرجەم كریستیانەكانی جیهان، هەربۆیە پێویستە هێزی هاوپەیمانەكان بە هاوكاری پێشمەرگەو نەتەوە یەكگرتووەكان رێگە نەدات شاری موسڵ و دەشتی نەینەوا ببێتەوە بەشوێن و پێگەی گروپی دیكەی چەكداری، لەمەشدا پاپای فاتیكان پاڵپشت و هاوكارمانە، هەروەكو چۆن كاتێك ئەو ناوچانە هاتنەئازادكردن، سوپاسی هەموو سوپاو ئەو هێزانەی كرد كە یارمەتی پێشمەرگەیان دابوو. هەڵوێستی ئەوان بەرامبەر سەرۆك بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرباشە، نزاو دوعایان بۆ هەموو پێشمەرگەی كوردستان و ئەو هێزانە كرد كە لەشەڕی تیرۆريستی داعش شەهید بوون.
Top