لوقمان سلێمان : كوردی ئێزیدی بە بارزانی و كوردستان و پێشمەرگەوە گرێدراون بۆیە جگە لەپێشمەرگە پێشوازی لە هیچ تاقم و گروپێكی دیكە ناكەین

لوقمان سلێمان :  كوردی ئێزیدی بە بارزانی و كوردستان و پێشمەرگەوە گرێدراون بۆیە جگە لەپێشمەرگە پێشوازی لە هیچ تاقم و گروپێكی دیكە ناكەین
ئێزیدییەكان بەچاوی رێزەوە سەیری ئەو پێكەوەژیان و كەلتووری لێبووردەییە دەكەن كە كوردستان پێ ناسراوە، بەتوندیش دژی ئەو فیكرە توندڕەوەن كە لەدەرەوەی سنوورەكان بۆ هەرێم نێردراوەو لەناوخۆی كوردستانیشدا دەستەو تاقمی جیاجیا بەناوی ئایین و پاساوی جیاجیاوە پەیڕەوی دەكەن. هەربۆیە داوا لەهەموو هێزەكان دەكەن لەدەوری سەرۆك بارزانی كۆببنەوەو زیان بەئەزموونی كوردستان نەگەیەنن، چونكە هێشتا زامی ئێزیدییەكان لەبەرامبەر ئەو رەشەكوژییەی كە داعش و هۆزە عەرەبییەكان ئەنجامیانداوە، سارێژ نەبووە. سەبارەت بەم پرسە لە پەرستگای لالش چەند پرسیارێكمان ئاراستەی لوقمان سلێمان وتەبێژی پەرستگای لالش كردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئێزیدییەكان تاچەند ئومێدیان بە عێراق و ئەو هۆزە عەرەبییانە ماوە كە چەند ساڵێك دراوسێیان بوون، كەچی لەكاتی هاتنی داعش هاوكاری ئەو گروپە توندڕەوە بوون و تاوانی ژینۆسایدیان دەرهەق كردن؟
- داعش پێش ئەوەی گروپێكی تیرۆریستی بێت، فیكرێكی توندڕەوییە، ئەو فیكرەیەش لەناو خێڵ و هۆزە عەرەبییەكان ئامادەییەكی باشی هەیە، هەربۆیە كاتێك داعشەكان گەیشتنە دەڤەری كوردانی ئێزیدی هەر زوو هۆزە عەرەبییەكان هاوكاریان بوون، سوپای عێراق سەرجەم چەك و تەقەمەنی و تانك و هەمەڕو چەكی پێشكەوتووی ئەمەریكییان بۆ بەجێهێشتن، بە رادەیەك پێشمەرگە لەتوانایدا نەبوو رووبەڕووی ئەو هەموو چەكە پێشكەوتووە ببێتەوە. لەو قۆناعە پڕمەترسییەدا هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی بەتایبەتی پارێزگای دهۆك فریامان كەوتن و دەرگاكانیان لەبەردەم ئاوارە ئێزیدییەكاندا واڵاكرد. كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و قورسی باروگوزەرانی خەڵكی و بوونی زیاتر لە250 هەزار پەناهەندەی كوردی رۆژئاوا درێخییان نەكرد لەمیوانداریمان، تەنانەت مامۆستای ئایینی دەرگای مزگەوتی واڵاكرد بۆ فریاكەوتنی لێقەوماوەكان. دواتر لەسەر دەستی جەنابی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگە چیاو شاری شنگال و باشیك و دەیان گوندی كوردانی ئێزیدی ئازاد كران، چاوەڕوانی ئەمەشمان لەبارزانی دەكرد، چونكە سەرۆك بارزانی لەسەر فیكری مەلا مستەفای بارزانی پەروەردە كراوەو برەوی بەكەلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە هەرێمی كوردستان داوە، ئەمە پێچەوانەی عێراقە كە لەكۆنەوە ناوبەناو نەتەوەی كوردو ئایین و ئاینزاكانی دیكەی تێدا قەتڵوعام دەكرێت. ئێزیدییەكان لەمێژوودا كوردستانین، تەنانەت پەرستگای پیرۆزی لالش و ماڵی میری ئێزدی و باباشێخ و سەرجەم مەزارگەكانی لێرەیە. ئێمە نزادەكەین و لەخوا دەپاڕێینەوە كوردستان بپارێزێت و گیانی لێبووردەیی و رێزگرتن لەمرۆڤەكان زیاتر بێت. ئەمڕۆ ئەو مەرگەساتەی بەسەر ئێزیدی هاتووە، وا بەئاسانی شوێنەواری زامن نابێت، باوەڕیش ناكەم جارێكی دی هیچ ئێزیدییەك متمانەی بەعێراق مابێت كە بۆتە مۆڵگەی تیرۆریستان و نائارامی و بڵاوبوونەوەی فیكری توندڕەوی، هەربۆیە سوپاس بۆ خودا كە لەسەر دەستی بارزانی شنگال و ناوچەكانمان ئازاد كران، ئەمەش بەزەیی خوای گەورەیە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی جارێكی دیكە تاوانی كۆمەڵكوژی و دەستدرێژی نەكرێتە سەرمان.

* باسی فیكری توندڕەویت كرد، ئایا مەترسیی ئەوەتان هەیە ئەو فیكرە نامۆیە لەكۆمەڵگەی كوردستان تەشەنە بكات؟
- كوردستان لەعێراق و بگرە زۆر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیاوازە. كاتێك لەعێراق سوپاو هۆزە عەرەبییەكان پشتیان تێكردین، پێشمەرگە بەفەرماندەیی سەرۆك بارزانی لەپێناو ئازادكردنی ناوچەكانمان و راگرتنی داعش بەرگرییان كردو بۆ ئازادكردنەوەی ناوچەكانی ئێزیدیش سەدان شەهیدو برینداریان داوە، لێرە لە پارێزگای دهۆك مامۆستای ئایینی ئیسلام دەرگای مزگەوتیان بەرووی ئاوارە ئێزیدییەكاندا كردەوە، خەڵكی زاخۆو دهۆك و هەولێرو سلێمانی هاریكاری ئەو ژمارە زۆرەی ئێزیدییەكان بوون، ئێمە لەمێژوودا زۆرجار قەتڵوعام كراوین، بەڵام ئەمە بۆ یەكەمینجارە هێزێكی وەكو پێشمەرگە بەو شێوەیە بەرگریمان لێبكات، كوردستان باخچەیەكی جوانە لەهەموو ئایین و ئایینزایەك گوڵی تێدایە، لە موسڵمان، كریستیان، ئێزیدی، جوو، سائیبە و كاكەیی و زەردەشتی ئەمە جگە لەو هەموو نەتەوەیە، لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا لەكوردستان بەو شێوەیە هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان پێكەوە دەژین و گیانی لێبووردەییان بەرامبەر یەكتر هەیە، لێرە هەموو جەژنەكان هەیە، بەپێچەوانەی عێراق كە نەك تەنیا فیكری توندڕەویی بەسەردا زاڵە، بەڵكو فیكری تائیفیشی تێدا بڵاوبۆتەوە بەجۆرێك تەنانەت نەتەوەیەكی وەكو عەرەبی سوننەو شیعەش پێكەوە هەڵناكەن، لەگەڵ ئەمەشدا وەنەبێت نەتەوەكانی دەوروبەرمان بەتایبەتی ئەوانەی فیكری شۆڤێنی نەتەوەییان هەیە، دڵیان بەم بارودۆخەی كوردستان خۆش بێت، ئەوان مەترسیی ئەوەیان هەیە كوردستان ببێتە نموونەیەكی جوان لەناوچەكەداو هاندەربێت بۆ گەلانی دیكەی ناوخۆی وڵاتەكەیان كە هەمان رێچكە بگرنەبەر، بەتایبەتی گەلی كوردستان لەو وڵاتانەی كە كوردیان بەركەوتووە، هەربۆیە ئەوان كاردەكەن لەسەر تێكدانی هەموو جوانی و لایەنێكی باشی كوردستان و بەتایبەتی كار دەكەن بۆ چاندنی تۆوی دووبەرەكی و فیتنەی ئایینی و تائیفی.

* ئێستا لەسەردەستی پێشمەرگە شاری شنگال و زۆربەی دەڤەرەكە ئازادكراوە. ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم ناوچانە نەبنە شوێنی گروپی چەكداری وا كە هەڵگری ئەجیندەو فكری توندڕەوی بن و زیان بە ئاوەدانكردنەوەو سەقامگیری ئەم بەشە گرنگەی كوردستان بگەیەنن؟
- كاتێك ژینۆسایدمان دەرهەق كرا، تەنیا پێشمەرگەو كوردستان بووە مۆڵگەو شوێنی فریاكەوتنمان، سەرۆك بارزانی بوو بەڵێنی رزگاركردن و ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال و باشیكی پێداین، ئەمەش بەخوێنی ئەو گەنجە پێشمەرگانەی كە جوانترین داستانیان تۆمار كرد، ئومێدەوارم گوندەكانی دیكەو تەواوی دەڤەرەكەمان لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد بكرێت، چونكە هەرشوێنێك پێشمەرگەی لێبێت، زەمانەتێكە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بەرگری و پارێزگاریمان لێبكات، بەتایبەتی دوای دامەزراندنی هێزی شنگال لە ئێزیدییەكان خۆیان كە هێزێكە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستانە. ئەگەر جەنابی مسعود بارزانی لەكوردستان نەبێت، ژیانی كوردی ئێزیدی لەكوردستان نابێت، كوردی ئێزیدی بەكوردستان و بارزانی گرێدارون و ئێمە لەژێر خەیمەی مسعود بارزانی بە ئازادانە دەتوانین بژین و یادی بۆنە ئایینییەكانمان بكەینەوە، ئەو كوڕی بابی نەتەوەیی كورد مەلا مستەفای بارزانی-یە، فیكری ئەوان پێچەوانەی فیكری هەندێك لەو حزبە سیاسییانەی دیكەی كوردستانە كە كار بۆ ئەجیندەی دەرەكی و بڵاوكردنەوەی فیكری توندڕەوی دەكەن، ئیسلامی سیاسی دژی دامەزراندنی دەوڵەتێكی عەلمانییە كە ئایین و سیاسەت لێكجیابكاتەوەو دامەزراوەكانی دەوڵەتی هەبێت، دەوڵەتی توندڕەوی ئایینی چارەنووسی وەكو دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش دەبێت و لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی جێگای نابێتەوە، یا وەكو دەوڵەتانی دیكەی مەزهەبی لەناوچەكەدا دەبێت كە لەسەر چەوسانەوەی مەزهەب و ئایینزاكانی تر بونیات نراوەو بەبەردەوام ناسەقامگیر دەبێت. هەر دەوڵەت و نەتەوەیەك لەسەر فەلسەفەو فیكری توندڕەوی ئایینی و مەزهەبی دامەزرابێت، فەشەلی هێناوە.
Top