ئەدهەم بارزانی : دڵنیاتان دەكەمەوە بەم نزیكانە سلێمانی قسەی خۆی دەكات و چیدی ئەو ئیرهابە فیكرییەی بەسەریدا سەپاوە قبووڵی ناكات
December 13, 2016
دیمانەی تایبەت
ئەوەی جێگەی شانازییە بۆ هەر تاكێكی كوردستان، سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی نزیكەی هەموو خاكی باشووری كوردستانە، لەمەش گرنگتر یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، بەڵام لەبەرامبەر ئەم شانازییە گەورەیەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆی دروستكردووین، جۆرێك لەناسەقامگیری سیاسی و مەترسیدار لەسەر كوردستان بوونی هەیە، خەڵكانێك هەن، سووكایەتی بە پێشمەرگە و كەسوكاری پێشمەرگە دەكەن، هەموو ئەم ناسەقامگیرییەش لە دەڤەری سلێمانییەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ قسەكردن لەسەر دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی بۆ كۆتاییهێنان بە ناسەقامگیری سیاسی و رێككەوتنی حزبە سیاسییەكان، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ ئەدهەم بارزانی بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.ئەدهەم بارزانی
بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی بۆ گوڵان:
دڵنیاتان دەكەمەوە بەم نزیكانە سلێمانی قسەی خۆی دەكات و چیدی ئەو ئیرهابە فیكرییەی بەسەریدا سەپاوە قبووڵی ناكات
كاتێك بە مسعود بارزانی دەڵێم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەست دەكەم غەدری لێدەكەم، لەبەر ئەوەی ئەو رێبەری نەتەوەیی كوردە
* سوپاس بۆ خوا هێزی پێشمەرگە توانیی تا دواخاڵی سنووری كوردستان رزگاربكات، لەوەش گرنگتر ئەو یەكڕیزییەیە كە لەنێو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا هەیە، بەڵام جێی داخە هێشتا رەنگدانەوەی لەسەر پرۆسە سیاسییەكە نییە، بەڕێزتان چۆن ئەم دوو لایەنە پێكەوە گرێ دەدەن، واتە لەلایەك پێشمەرگە سەركەوتنی بەدەست هێناوەو یەكڕیزە، لەلایەكی دیكەوە حزبە سیاسییەكان پێكەوە كۆنابنەوەو گفتوگۆ ناكەن؟
- سەرەتا بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. بەداخەوە بە درێژایی مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردی و مێژووی كۆن و نوێی ئەم نەتەوەیە ئەو راستییە بەدی دەكرێت كە هەمیشە سوود لە دەرفەتەكان وەرنەگیراوە. ئەو هەلومەرجانەی بۆ ئەم نەتەوەیە هاتوونەتەپێش زۆر بەئاسانی بەسەریدا تێپەڕیون و نەتوانراوە لە ئاستی گەورەیی قوربانیدان سوود لە دەستكەوتەكان وەربگیرێت. خۆزگە ئێمە ئەم قۆناغەمان تێپەڕاندایەو بمانتوانیایە خۆمان دەستنیشانی دەرفەت و قۆناغە پڕلە مەترسییەكانمان بكردایە، بۆ ئەوەی بمانزانیبایە پێداویستییەكانی ئێستاو ئایندەمان چین، یاخود خۆزگە ئێمە دووربینتر بووینایەو لەپانتاییەكی بەرتەسكدا بیرمان نەكردایەتەوەو جیهانبینی و دنیابینییەكی بەرفراوانترمان هەبووایە، بەداخەوە ئێمە هەمیشە دووچاری ئەم دەردو ئەم حاڵەتە دەبین. ئەگەر لەم چوارچێوەیەدا سەیری خۆمان بكەین، ئەوا دەبینین ئێمە نە لە بواری سەربازییەوە دەتوانین وەك وەزیرانی بەرگری ئەمەریكا و ئەڵمانیا و كەنەدا و چەندین وڵاتی دیكە، باس لەگەورەیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بكەین، نە لەبواری سیاسیشەوە توانیومانە وەك وەزیرانی دەرەوەی ئەمەریكا و رووسیا و چەندین وڵاتی ئەوروپی باسی دۆخەكە بكەین. ئەمە لەكاتێكدا ئەو دەوڵەتانەی بەوجۆرە باسی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەو قارەمانی و بوێری ئەم گەلە دەكەن، هاتوون هاوكاری و مەشق و راهێنان بە پێشمەرگە بكەن، بەڵام لەبەرەكانی شەڕدا هاتوونەتە پشتی پێشمەرگەو پێیان گوتوون ئەوەی ئێوە دەیكەن، بە ئێمە ناكرێت. ئەو بوێرییەی ئێوە هەتانە، ئێمە نیمانەو ئێمە بە تەكنەلۆژیای نوێ شەڕ دەكەین، لەكاتێكدا ئێوە بە گیان و خوێنی خۆتان شەڕدەكەن. ئەگەر سەرنج بدەین ئەو خەڵكە بیانییە بەم شێوە دێن و باسی پێشمەرگە دەكەن كە بە گیان و خوێنی خۆیان بەرگری لە بوون و ژیانی ئێمە و سەرجەم حزبەكانیش دەكەن. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین دەستكەوتی گەورە بەدەستهاتووە، بەڵام بەداخەوە خەوی غەفڵەت وای لێكردووین كە نەزانین لەچ قۆناغێكداین، ئەمەش دووچاری هەڵەی كردووین.
* مەبەستتان لەو خاڵە چییە كە دەڵێن خەوی غەفڵەت وای لێكردووین نازانین لەچ قۆناغێكداین؟
- مەبەستیم ئەوەیە ئێستا كەسانێك هەن كە بانگەشەی ئەوە دەكەن نوێنەری میللەت، یان حزبن، بەڵام لە راستیدا نوێنەری خۆشیان نین، چونكە بەشێوەیەك باسی پێشمەرگەو خانەوادە سەربەرزەكانیان دەكەن، كە هەموو شتێك دەخاتە ژێر پرسیارەوە، تەنانەت ئەو تۆمەتانەی بۆ پێشمەرگەو خانەوادە سەربڵندەكانیان دروست دەكرێت، دوژمنەكانیشمان نەیانكردووەو بگرە رێگەشیان بەخۆیان نەداوە تۆمەتی وامان بۆ دابتاشن، من عەرەبێكی شۆفێنی ناوەڕاست و خوارووی عێراقیشم نەبینوە كە بێت و بەم شێوەیە سووكایەتی بەپێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدەكان بكات. با ئێمە پرسیاری ئەوە بكەین، كە ئەمە بەڵگەی چییە و چی دەخاتەڕوو؟ ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە هەندێ لایەنی سیاسی هەن، تەنیا بۆ تێكدان و وێرانكردن و شێواندن و گەوجاندن دروست بوون، ئەمەش واقیعی تاڵی ئێمەیە.
* هەر بە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیریی سیاسییەوە لەم ماوەیەی پێشوودا بانگەشەی ئەوە دروست بوو كە سلێمانی بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر بەغدا، دیدو تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئێمە دەزانین پەیمانی سایكس پیكۆ، كوردستانی گەورەی بەسەر چەند وڵاتێكدا دابەش كردووە، خەبات و خوێنبەخشین و قوربانیدانی هەر چوار پارچەكەی كوردستانیش بۆ ئەوە بووە كە رێگەنەدەین چیتر وڵاتەكەمان پارچەپارچە بێت، بەڵكو ببێتە وڵاتێكی یەكپارچە، كە ئێستاش هەر یەك وڵاتە، بەڵام بەپێی سیستمی ستەمكار دابەشكراوە. ئێمە وەك كورد هەتا ئێستا نەبووینەتە خاوەنی كوردستانی خۆمان، بەڵكو ئەوەی هەیە كوردستانی عێراق و كوردستانی ئێران و توركیا و سوریایە، دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا كوردستانی كورد لە كوێیە؟ بێگومان هەموو تێكۆشانەكانمان بۆ ئەوەیە كوردستان بۆ كورد بگەڕێتەوە. لە باشووری كوردستان و لەدوای راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991ـەوە ئێمە نیمچە ئازادییەكمان هەیەو ئێستاش دوای تێپەڕبوونی 25 ساڵ هەر نیمچە ئازادییە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێمە لەچوارچێوەی سیستمێكی فیدڕاڵیدا لەگەڵ حكومەتی ناوەند دەژین، ئەمەش تەنیا لای ئێمە فیدڕاڵییەتە و لەبەشەكانی دیكەی عێراقدا دان بەو فیدڕاڵییەتەشدا نانێن و هەتا ئێستاش بە كوردستان دەڵێن: (شمالنا الحبیب). كەواتە خەباتی ئێمە لەپێناوی سەربەخۆیی و یەكگرتنەوەی پارچەكانی دیكەی كوردستانە. بەڵام بەداخەوە ئەم بیرتەسكییەو ئەم ناوچەرگەرێتییە بەدی دەكەین، كە من ناڵێم سەرجەم لایەنگرانی ئەم رەوتەی گۆڕان، بەڵكو سەركردەكانیان خۆیان بە بیرێكی خێڵەكی و ناوچەگەری تەسك پەروەردە كردووە. كە بەداخەوە هاتوون بەرگێكی دیكەیان كردووە بە بەر ئەم حاڵەتەداو پێی دەڵێن رۆشنبیری، بەڵام كەسێك كە بیركردنەوەیەكی ناوچەگەرانەی هەبێت و ئەنفال و كیمیاباران و سووتاندنی دێهاتەكانی لەبیر نەبێت، ئیدی چۆن چاوەڕێی لێدەكەیت كارێكی باش بۆ ئایندەی ئەم كوردستانە بكات؟ كەسی وا تەنیا دەیەوێت لەئاوی لێڵدا راو بكات. كەواتە هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لەكوردستان و گەڕاندنەوەی بۆ بەغدا، نەك تەنیا هەڵەیەكی سیاسییە، بەڵكو ناپاكییەكی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، كە دەبوو چۆن لە ئەڵمانیا حزبی نازی قەدەغە كرا، ئەوا ئەگەر دادگاییەكی كوردستانی هەبووایە، دەبوو لە كوردستانیش ئەم جۆرە بیركردنەوەیە قەدەغە بكرایەو رێگە بەو كەسانە نەدرایە كە ئەم جۆرە بیركردنەوەیەیان هەیە، هەناسەی ئەم خاكە هەڵمژن. چون دەیانەوێت سلێمانی بكەنەوە بەشێك لەدەوڵەتی عێراقی كە ئێمە بەزۆر لێكنراوین بەم دەوڵەتە نەخوازراوەوە؟ با ئەو پرسیارە لەخۆمان بكەین، ئایا ئێمە چیمان چنییەوە لە حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ هەموولایەك روون و ئاشكرایە. ئێوە باسی شاری سلێمانیتان كرد، بەڵام ئەمە بۆچوونی خەڵكی سلێمانی و رۆشنبیرانی سلێمانی نییە، ئەمە قسەی ئەو كەسانەیە كە بە درێژایی مێژوییان جگە لە ئیرهابی فیكری شتێكی دیكەیان لەگەڵ خەڵكی سلێمانیدا نەكردووە، ئەم كەسانە دێن و لەژێر پەردەی رۆشنبیرییەوە ئەم كارە دەكەن، بەڵام ئەوان و رۆشنبیری زۆر لێك دوورن. سلێمانی قەڵای قوربانیدان و خەبات و رۆشنبیرییە و بەشێكی زۆری رەسەنایەتی كوردەواری لەكەسایەتییە هونەری و رۆشنبیرییە دیارەكانی ئەم شارەدا رەنگی داوەتەوە، كەواتە ئایا پێتوایە ئەم كەسانە ئەم بیرە چەوت و سەقەتە قبووڵ دەكەن؟ من ئاگام لێیەو ئەم كەسایەتییانە بە هیچ شێوەیەك رازی نابن سلێمانی لە كەركووك و هەولێر و هەڵەبجە و دهۆك جیاببێتەوە. كەواتە ئەمە بە هیچ شێوەیەك بڕیاری خەڵكی سلێمانی نییەو ئەوان لە رابردوودا قبووڵیان نەكردو لە داهاتووشدا قبووڵی ناكەن. ئەم جۆرە بیركردنەوەیە تێكشكاوەو پایە ئایدیۆلۆژییەكانی لە رووخاندایە، لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووشدا دەبینین كە خەڵكی سلێمانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە بیركردنەوەیەدا دەكەن.
* سلێمانی لەوەتی هەیە، شاری هەڵمەت و قوربانی و سەربەخۆخوازی بووە، پرسیار ئەوەیە چۆن ئەم بیرۆكەی ناوچەگەرییە تەسكە لەم شارە چەكەرەی كردو چۆن چارەسەر دەكرێت؟
- لە راستیدا لەدوای ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی جەزائیر لەنێوان شای ئێران و سەدام حوسێن، بۆشاییەكی مێژوویی دروست بوو كە بووە هۆی ئەوەی هەندێ كەس بتوانن كار لەسەر ئەم شارە بكەن. قۆناغی دووەم پاش رێككەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان دروست بوو، كە لەنێوان بەڕێزان كاك مسعود بارزانی و مام جەلال-دا ئیمزا كرا، كە بووەهۆی ئەوەی ئەم بیركردنەوەیە بتوانێت زیاتر لەو شوێنەدا گەشە بكات، كە خاڵی هەرە بەهێزی ئەو رێككەوتنەش ئەوە بوو شەڕی ناوخۆیی رابگیرێت و چیتر خوێنی كورد بە دەستی كورد نەڕژێت، ئەمە خاڵە هەرە ئیجابی و باشەكەی بوو كە هەموومان دەستخۆشی لەم خاڵە دەكەین، بەڵام لەلایەنێكی دیكەدا ئەو رێككەوتنە ستراتیژییەی نێوان پارتی و یەكێتی، بووە هۆی ئەوەی كوردستان دابەش ببێت بەسەر دوو دەسەڵات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەو سنوورە دووربكەوێتەوە، ئەمەش دەرفەتێك و قۆناغێكی دیكە بوو، بۆ هەندێ كەس كە ئەم حاڵەتە بۆ خۆیان بقۆزنەوە و ئەوەی حەزدەكەن كاری تێدا بكەن و كاریشیان تێدا كرد، سەرەنجامیش خۆشیان تەحەمولی یەكدییان نەكرد، لەناو یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كە من رێزێكی تایبەتیم بۆ خەباتی یەكێتی نیشتمانی هەیە، بەڵام هەندێك لە سەركردەكانی یەكێتیی نیشتمانی رێزیان لەم خەباتەی خۆیان نەگرت، ویستیان لەناو خودی یەكێتیی نیشتمانی ئینشیقاقێك دروست بكەن، دروستیشیان كرد.
* مەبەستت جیابوونەوەی ساڵی 2005ی نەوشیروان مستەفا-یە لەیەكیتی نیشتمانی؟
- بێگومان، ئەو دەیویست لەناو حزبەكەی خۆیدا گۆڕانكاری بكات و پێگەیەكی بەهێز بۆ خۆی دروست بكات، بەڵام لە هەموو كۆنفرانسە ناوخۆییەكانی یەكێتیدا شكستی هێنا، ئیدی خۆی لە حزبەكەی جیاكردەوەو ویستی لە هەلومەرجێكی دیاری كوردستاندا بەناوی چاكسازییەوە بارودۆخەكە بقۆزیتەوە. من لێرەدا تەنیا وەك ئەدهەم بارزانی و هاووڵاتییەك ئەو راستییە دەڵێم، بەڵێ لە هەردوو ئیدارەی پارتی و یەكێتی هەڵەی گەورە لە پرۆسەی حوكمڕانیدا كران، بەڵام بۆچی ئەم هەڵانە كران و بەرفراوان بوون؟ بێگومان لەبەر ئەوەی پەرلەمانێكی ئەكتیڤمان نەبوو، كاتێكیش پەرلەمانێكی ئەكتیڤ نەبێت، بمانەوێت، یان نەمانەوێت حكومەتێكی دەستپاكت نابێت، با بەرپرسان و كەسانی ئەم حكومەتە باشیش بن، بەڵام كە پەرلەمان ئەكتیڤ نەبێت، ناتوانیت بە چەند كەسێكی پاك و باش حكومەتێك بەڕێوەبەریت، ئەمەش بواری رەخساند كە بارودۆخێكی پڕ لەگەندەڵی لەم وڵاتە دروست ببێت. ئەوانەی كە بە گوتەی خۆیان ویستیان چاكسازی بكەن لەناو یەكێتیدا، (من ناڵێم چاكسازی و دان بە چاكسازیی ئەواندا نانێم لەناو یەكێتیی نیشتمانیدا)، مەبەستیان چاكسازی نەبوو، مەبەستیان گرتنەدەستی دەسەڵات بوو، بۆیە كە نەگەیشتنە دەسەڵات لەناو یەكێتی هاتنە دەرەوەو سوودیان لەم بارودۆخە وەرگرت. دواتر ئەم هەڵانە زەق كرانەوەو گەورەكران لەپێش چاوی خەڵك و گۆڕان لەسەر ئەم بنەمایە هات و كۆمەڵێك دروشمی بەرزكردەوە بۆ ئەوەی خەڵكێك لە هەڵبژاردنەكانی 2009دا دەنگیان پێ بدات، بە راستی بە هەمان شێوەش بوو، چونكە هەڵەكان زۆر گەورە ببوون، ئەوە بوو لەو ماوەیەی دەستیان كرد بە پڕوپاگەندە، بەمەش لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009ی پەرلەمانی كوردستان بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان 25 كورسییان بەدەست هێنا. بەڵام لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 2013دا، ئەوانیش گەڕانەوە سەر ئەسڵكەی خۆیان. عەرەب قسەیەكی هەیە دەڵێت: (التطبع یغلب التصنع) ئەمەش مانای ئەوەیە ئەسڵی مرۆڤ زاڵە بەسەر ئەو شتەی كە دەیەوێت دروستی بكات و پیشانی بدات، بۆیە ئەو دروشمانەی پێشتر لە هەڵبژاردنەكانی 2009 دروستیان كردبوو، لە 2013 گەڕانەوە سەر ئەسڵی خۆیان، كاتێ بواری ئەوەیان بۆ رەخسا بێنە ناو دەسەڵات و وەزیر پەیدا بوو، بەمەش پارە دێت و پلەوپایە پەیدا دەبێت، ئیدی گەڕانەوە بۆ سەر سرووشتی خۆیان، كە گەڕانەوە بۆ سەر سرووشتی خۆیان ماهییەتیان و بوونیان بۆ ئەم میللەتە ئاشكرا بوو، بۆ یەكەمین جار لە حوكمڕانیی كوردستان كابینەی هەشتەم، كە سەرۆك وەزیران راسپێردرابوو بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، نەیتوانی تا هەشت نۆ مانگ، كابینەكەی پێكبهێنێت، یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی ئەم كابینەیە، بەشداریی بزووتنەوەی گۆڕان بوو لەم كابینەیەدا. بزووتنەوەی گۆران پێش ئەوەی بێتە ناو دەسەڵات دەیانگوت ئێمە دێینە ناو دەسەڵات بۆ ئەوەی چاكسازی بكەین و هەموو شتێك شەفاف بێت، پێشتر رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان دەیگوت ئەگەر ئێمە بەشداری دەسەڵات بین و وەزارەتی دارایی لای ئێمە بێت، ئەوكاتە خەڵك هەقی خۆیەتی گلەیی و گازندەمان لێ بكەن، ئەم قسەیە بە ڤیدیۆ و بە تۆماركراوی هەیەو چەندین جار لێدراوەتەوە، بەڵام لە كابینەی هەشتەم وەزارەتی داراییش كەوتە دەستی گۆڕان، با لێی بپرسین ئایا جەناب ئەو رۆژەی كە لە دەستت نەبوو، بە خەڵكت دەگوت هەر كاتێ كە لەدەستمان بێت گلەیی لە ئێمە بكەن، كاتێ لە دەست جەنابت بوو، چ گۆڕانكارییەكت كرد؟
* لەم وەڵامەتان بەوجۆرە تێگەیشتین كە ئەوانیش كاتێ هاتنە دەسەڵات ئیدی تەنیا بیریان لە خۆیان كردەوە، ئایا مەبەستت ئەوە بوو؟
- ئەمە بە ئێوەو بە جەماوەری كوردستانیش دەڵێم، بە حوكمی ئەوەی من لە سەركردایەتی حزبێكدام، كە ئەو حزبە دەسەڵات و حكومەتی لەدەستە، من زۆر لەبەڵگەكانم بینیوە، ئەوەی ئەوان و هەندێ لایەنی دیكە كە پاش هاتنیان بۆ ناو حكومەت بۆ بەدەستهێنانی پلەوپایە كردیان، باوەڕتان هەبێت هەر ئەوە بوو كە باسی یەكێتی و پارتییان دەكرد، كە دەیانگوت پارتی، یان یەكێتیی ئەمەی كردووەو وایكردووە، ئەوان خۆیان لە هیچ شتێك نەپاراستووە، پاش ئەم چاوپێكەوتنەش ئەگەر بكەومە بەر رەخنەو بڵێن ئەدهەم وای گوتووە، بەڵێ ئەگەر ئامادەن هەر ئێستا من ئامادەم لەسەر شاشەی چ تەلەفزیۆنێكدا لەگەڵیان حیوار بكەم و بڵێم: بەڵێ جەنابتان چ ئیمتیازێكتان وەرگرتووە كە كەمتر بێت لە ئیمتیازەكانی پارتی، یان یەكێتی لەماوەی ئەو دەسەڵاتەی كە هەردووكیان هەبوون، یان هەمان شت كە دەكرا، ئێوەش هەمان بابەتتان هەبوو، ئێستاش ئەگەر سەیربكەین لە بەرپرسەكانی ئەوان، ئەوانەی هەندێ جار باسی ژمارەو حیسابات دەكەن، فەرموو با لەو كەسان بپرسین ئایا لەدەوروبەری سلێمانی و مێرگەپان و شوێنەكانی دیكە چیتان هەیە؟ ئایا ئێوە چیتان كەمترە لەبەر پرسێكی پارتی، یان یەكێتی، یان هەر حزبێكی دیكە؟ لەوانەیە ئەوانەی گۆڕان كە 3-4 ساڵە خەریكی خۆدەوڵەمەندكردنن لەگەڵ بەرپرسێك كە 10-12 ساڵە خەریكە جیاوازییەكی هەبێت، بەڵام ئەوەی گۆڕان-یش هەمان رێچكەی گرتووەو بەهەمان رێگەدا هەنگاو هەڵدەگرێت، لەسەر ئەم بابەتەش هەر كەسێك دەڵێت، ئەمە تۆمەتە، من ئامادەم بەڵگەكان بخەمەڕوو كە تاكو ئێستا چی كراوە. ئەوجا وێڕای ئەم رەفتارو گەندەڵییانەش، بەداخەوە من بیروبۆچوونم بەوجۆرە بوو، هەندێك بابەت هەن بۆ هەموو نەتەوەیەك بە هێڵی سوور دادەنرێت، بۆیە مەزندەندەی من بەوجۆرە بوو هەر چی بكرێت، هیچ لایەنێك ئەو هێڵە سوورانە نابەزێنن، بەڵام وەك ئێستا دەیبینین هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان باسی ئەوە دەكەن كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان جیاببنەوەو بگەڕێنەوە بۆ بەغدا، یان وەك ئەو بابەتەی كە بەهۆی ئەو قسە ناشیرینانەی ژنێكەوە لەناو بزووتنەوەی گۆڕان بەرامبەر خێزان و كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كردوویەتی، شەقامی كوردستانی تووڕە كردووە، گۆڕان چۆن بوار دەدات ئەم قسانە بكرێت؟ لانیكەم بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر بە راستی لەخەمی پێشمەرگەو بابەتە جوانەكانی ئەم میللەتەدا بوایە، دەبوو تاكو ئێستا بڕیاری دەركردنی ئەم خانمەی بدایە لەفراكسیۆنەكەی خۆیان لە بەغدا، چونكە ئەمە ڤیدیۆیەو دەنگی ئەوە كە دەڵێت: ژنەشەهید خۆی فرۆشتووە. من خۆم چەند جار گوێم لێگرتەوە، تەسەورم نەدەكرد، چونكە ئەو ژنە تاكو دوێنێ پەیامنێری كەناڵێكی ئاسمانی بووە، واتە لەمیدیا كاری كردووەو دێت بەم شێوەیە قسەدەكات و خۆشیان لێ بێدەنگ كردووە. ئەمە كارێكی زۆر خراپە. لەمەش خراپتر دەیانەوێت پێشمەرگەش بەرنەوە بەغدا، داوادەكەن پێشمەرگە راستەوخۆ مووچە لەبەغدا وەربگرێت و حەیدەر عەبادی ببێتە فەرماندەی گشتیی هێزی چەكدار. ئەمانە هێمای ئەوەن كە ئەوەی ئەوان مەبەستیانە پێش هەموو شت ئەوەیە چۆن و بە چ رێگایەك دەسەڵاتێك بگرنەدەست، واتە (الغایة تبرر الوسیلة)، ئەوجا بۆ ئەم مەبەستە ئەوان لایان گرنگ نییە ئەمە لای كێ دەستیان دەكەوێت، ئەوان بەمجۆرە سەیری بابەتەكان دەكەن، بۆیە ئومێدەوارم ئەوانیش بەهەڵەكانی خۆیاندا بچنەوە. حەزدەكەم ئەو روونكردنەوەیەش بدەم كە دەڵێم گۆڕان، مەبەستم هەندێك لەسەرانی گۆڕانەو مەبەستم خەڵكی گۆڕان نییە، لە راستیدا ئەمانە هەندێ كەسن كە گاڵتە بە خۆیان و بە كادیر و ئەندام و هەڵسووڕاوەكانی گۆڕانیش دەكەن.
* ئاشكرایە لای هەموومان كە سەرۆك بارزانی بە چ قوربانیدانێك یەكڕیزیی هێزی پێشمەرگەی پاراست و كردی بە سوپای كوردستان، بەڵام ئەم ناسەقامگیرییە سیاسییەی ئێستا هەیە، ئەگەر چارەسەر نەكرێت ئەوەی لەسەركەوتنەكانی پێشمەرگە بەدەستمان هێناوە، دەیدۆڕێنین، بۆ ئەوەی ئەم دەستكەوتانە لەدەست نەچن، سەرۆك بارزانی دەستپێشخەرییەكی كردووەو پێش هەمووان داوای كردووە خۆی لە پۆستەكەی نەمێنێت، ئایا دەبێت چی بكەین بۆ ئەوەی بە هەر نرخێك بێت ئەم ناسەقامگیرییە سیاسییە كۆتایی پێ بێت؟
- ئەگەر ئێمە سەیری لۆژیك و خەمخۆریی جەنابی سەرۆك بارزانی بكەین، دەبێت پرسیاری ئەوە لەخۆمان بكەین ئایا بەڕێزی ئەم وتارەی لە چ شوێن و كاتێك پێشكەش كردووە؟ بێگومان ئەم وتارەی لە شوێنێك پێشكەش كرد كە پێی دەڵێن شارۆچكەی باشیك، ئەو شوێنەی كە لەچوارچێوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ دواشوێن و دواخاڵ بوو كە دەبوو هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئازادی بكاتەوە، لەكاتێكدا بوو تەقەی تفەنگەكان كۆتایی هاتبوو، بەڵام خەڵك و پێشمەرگە لەناو باشیك بەهۆی ئەو بۆمبانەوە شەهید دەبوون كە داعش داینابوونەوە، لەو كاتەدا سەرۆك كە گوتاری سەركەوتنی پێشكەش دەكرد، داوای لەهەموو لایەنەكانی كوردستان دەكرد، باپێكەوە دابنیشین و كێشەكان چارەسەر بكەین، بۆ ئەمەش جەنابی سەرۆك بەیەكەم قوربانیدان لەخۆیەوە دەستی پێكرد، سەرۆك بارزانی وەك فەرماندەیەكی مەیدانیی ناو شەڕەكە كە هەموو جیهان شاهیدی بۆ دەدەن، لەوپەڕی سەركەوتندا داوا لەلایەنە سیاسییەكان دەكات و پێیان دەڵێت ئەگەر پۆستی من رێگرە، فەرموو كەسێكی دیكە دەستنیشان بكەن با ئەو پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەربگرێت. ئەمەش لەوتارەكەیدا هاتووە، بۆیە كاتێك دەڵێم قوربانی داوە، ئەمە قوربانیدانە، پرسیاری من ئەوەیە چ سەرۆكێك لەم جیهانەدا لەكاتی سەركەوتندا دەستی لەكاركێشاوەتەوە، سەرۆكەكان لەكاتی شكستدا دەست لەكار دەكێشنەوە. هەر بۆ نموونە جەمال عەبدولناسر لەساڵی 1967 دوای ئەوەی هێزە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل هەموو فڕۆكەخانەكانی میسری كاول كرد، هات و دەست لەكاركێشانەوەی خۆی راگەیاند، بەڵام سەرۆك بارزانی لەكاتی سەركەوتن ئەمەی كردووە، بۆچی؟ بێگومان بۆ ئەوەیە بگەینە ئەو دەرەنجامەو ئەم ناسەقامگیرییە كۆتایی پێبێت. بۆیە نەك هەر دەبێت پێشوازی لێ بكرێت، بەڵكو دەبێت بەگەرمی پێشوازی لێ بكەین و پێی بڵێن دەبێت تۆ هەبیت و سەرپەرشتیارمان بی، هەتا سیستمێك بۆ خۆمان دادەنێین، تا هەڵبژاردن دەكەین، تا ئەو كاتە تۆ هەر بڕیاریك بدەیت، ئێمە لەگەڵتاین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە گەیشتووینەتە قۆناخێك كە پێی دەڵێن قۆناخی دەستكەوت، ئەو دەستكەوتەی بەخوێنی زیاتر لە 11 هەزار شەهیدو بریندار بەدەست هاتووە، نابێت خوێنی ئەم شەهید و بریندارانە بەفیڕۆ بڕوات.
* دیارە سەرۆك بارزانی هەموو كات پێشمەرگە بووەو ئەوەی لای گرنگ نەبووە، پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، هەروەها بارزانیی نەمر بۆ بەرگری لەكۆماری كوردستان بووە پێشمەرگەی ئەو كۆمارە، پێتوانییە لای سەرۆك بارزانی پێشمەرگایەتی گرنگترە لە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان؟
- من باسی خۆم دەكەم وەك ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاتێك بە مسعود بارزانی دەڵێم سەرۆكی هەرێمی كوردستان، هەست دەكەم غەدری لێدەكەم، لەبەر ئەوەی ئەو رێبەری نەتەوەیی نەتەوەی كوردە، تەنانەت ئەوەشی لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە، سەرۆك بارزانی كردووە بەكارمەندێك و ئەركێكی پێ سپاردووە، بۆیە دەڵێم یاسای ئێمەش زوڵمی لێكردووە. ئەم رێبەرە هێشتا تەپوتۆزی شەڕی لەسەر شانی خۆی نەتەكاندووە، بەخەڵكی كوردستان و حزبەكانی كوردستان دەڵێت ئەگەر من كێشەم، كەسێكی دیكە لەشوێنی من دابنێن با ئیتر ئەو سەرۆكایەتی ئێوە بكات، ئەمە لەوتارەكەی ئەودا هاتووە. بۆیە شكۆی سەرۆك بارزانی وەك پێشمەرگە وەك رێبەری نەتەوەیی زۆر لەسەرۆكی هەرێم گەورەترە، هەر وەك نموونە لەیەك دوو رۆژی رابردوو بەڕێز مسرور بارزانی كە پۆستەكەی تەنیا راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانە، بەڵام لەبەر ئەوەی كوڕی سەرۆكە، جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەگەڵ كوڕی سەرۆكی ئێمە دادەنیشێت، پاشانیش بەشێوەیەكی فەرمی لەسەر ئاستی كۆشكی سپی رادەگەیەندرێت. ئەمە شانازییە بۆ هەر كوردێك لەهەر پارچەیەكی كوردستان بێت، ئەوجا نەك جەنابی سەرۆك، هەر كەسێكی دیكە وەك سەرۆك بارزانی ئەو پێگەیەی هەبوایە بۆ هەموو كورد جێگەی شانازی بوو. هەروەها وەك ئێوەش ئاماژەتان پێكرد مەلا مستەفای بارزانی لە چلەكانی سەدەی رابردووداو كاتێك كۆماری كوردستان لەسەر دەستی قازی محەمەد راگەیەندرا، جەنابی قازی محەمەد دەیزانی جەنابی مەلا مستەفا چ رێبەرێكە، بەڵام بۆ پاراستنی كۆماری كوردستان مەلا مستەفا بارزانی رازی بوو ببێتە پێشمەرگەی ئەو كۆمارەو یەكێك لەفەرماندە سەربازییەكان كە فەرمانی قازی محەمەد جێبەجێ بكات، شانازی بە قازی محەمەدو كۆماری كوردستانەوە دەكردو ئامادەبوو خۆی و هەڤاڵەكانی بەرگری لەسەروەریی ئەو كۆمارە بكەن و چەندین كەسیان لەبەرەكانی شەڕی سەقزو شوێنەكانی دیكە لەپێناوی كۆماری كوردستان شەهیدكران، هەروەها لە بارزانەوە بەفەرمانی جەنابی شێخ ئەحمەدی بارزانی، مەلا مستەفا بارزانی جووڵەی كرد بۆ بەهاناچوونی شێخ مەحمودی حەفید، هەروەها لە باكووری كوردستانەوە چوو بەهانای ئەرمەنییەكانەوە. ئەمەش واتە لەهەرشوێنێك كوردایەتی هەبێت، بارزان لەو شوێنە بووە، لەهەر شوێنێك كە كوردایەتی و تێكۆشان هەبووبێت، بارزان خزمەتكاری ئەو شوێنە بووەو خوێنی بەخشیوەو قوربانی داوە لەپێناو كوردایەتی و كوردستان، بائێمە هەمووان بەو شێوەیە سەیری یەكتر بكەین، بابەم شێوەیە هاوكاری یەكتر بكەین، یەكتری سڕینەوە دەبێت نەمێنێت و كۆتایی بێت و لە جێگەیدا یەكتری قبووڵكردن و خۆشەویستی دروست ببێتەوە.
* ئەگەر لایەنێك پێیوابێت دەتوانێت لایەنەكەی بەرامبەری بسڕێتەوە ئایا ئەمەی بۆ دەكرێت، یان بۆی دەچێتەسەر؟
- دەبێت بە راشكاوی قسە بكەم. ئێمە وەك بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان مێژوویەكی خوێناویمان هەیەو زۆر دەوڵەت و رژێم هەوڵیانداوە لەناومان بەرن، بەڵام نە توانییان، نە بۆشیان چۆتەسەر، هەر بۆ نموونە، شای ئێران نەیتوانی ئێمە لەناو ببات، هەموو مەلیك و سەرۆكەكانی عێراق نەیانتوانی ئەم بزاڤە لەناو ببەن، دەوڵەتی توركیا داخڵی شەڕ بوو لەسەر سنوور لەگەڵ ئێمە، نەیتوانی ئێمە لەناو ببات، هێزی یەرموكی سووری لەسنووری زاخۆ داخڵی كوردستانی باشوور بوو، بۆ لێدانی بزاڤی مەلا مستەفای بارزانی، نەیتوانی لەناوی ببات، ئەندێرا غاندی سەرۆك وەزیرانی هیندستان لەو كاتەدا پردێكی هەوایی لەنێوان نیودەلهی و بەغدا دروست كرد بۆ هاوكاریكردنی هێزەكانی عێراق، نەیتوانی ئێمە لەناو ببات، پردێكی هەوایی لەنێوان قاهیرەو بەغدا دروست بوو كە چەندین دەوڵەتی عەرەبی لەگەڵ بەغدا بوون، نەیتوانی ئێمە لەناو ببات، دیارە شكستی ئەوان لەبەر ئەوە نەبوو كە ئێمە زۆر لەوان بەهێزتر بووین، نەخێر، لەبەر ئەوە بوو ئەم بزاڤە رەگ و ریشەی لەگەڵ خاكی كوردستان هەیە. لێرەدا دەمەوێت لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستانیش روونكردنەوەیەك بدەم. ئەم پارتییە حزبێك نییە، بەڵكو بزاڤێكی جەماوەرییەو رەگ و ریشەی لەناو جەماوەری كوردستاندا هەیەو لەهەموو پارچەكانی كوردستاندا بستێك نییە كە پارتی خوێنی لەسەر نەڕشتبێت، یان داستانێك لەداستانەكانی ئەم بزاڤە لێی تۆمار نەكرابێت. بۆیە كاتێك پارتی وەك حزبێك ناودەبرێت، من پێموایە غەدر لەپارتی دەكرێت، لەبەر ئەوەی پارتی بزاڤێكی جەماوەریی و نەتەوەییە. ئەمە بزاڤی میللەتی كورد و ماڵی میللەتی كورد بووە، ئەمە ئەو شوێنە بووە كە كورد پێی گەیشتووەو كوردایەتی تێدا كردووە .
* بێگومان ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی لەپێناوی ئەوەیە ئەو ناسەقامگیرییەی لەدەڤەری سلێمانی هەیە، نەمێنێت، جەنابی سەرۆك دەڵێت: ئیرهابێكی فیكری لەسەر سلێمانییە و دەبێت ئەو ئیرهابی فیكرییە بشكێت، ئەمە چۆن كۆتایی دێت؟
- بەكاربردنی وشەی ئیرهابی فیكری لەلایەن جەنابی سەرۆكەوە، هەروا ووشەیەك نەبوو لەدەمی دەربچێت و وا باسی لێوە دەكات، بیركردنەوەیەكی زۆر قووڵ لەپشت بەكاربردنی ئەم زاراوەیەی ئیرهاب فیكری بوو. من پێشتریش گوتم لە ساڵانی 1974-1975 بۆشاییەك دروست بوو، پاش ئەوەیش رێككەوتنی نێوان ئێمەو یەكێتی وایكرد كە پارتی زۆر تەدەخولی لەو ناوچەیە نەكرد، خەڵكێكیش لەو سنوورەدا تەحەمولی هەموو شتێكی نەدەكرد، بەڵام بەم ئیرهابە فیكرییە خەڵك سنووردار كرا. ئێستاش دەڵێم سەیری سلێمانی بكەن، ئەو خەڵكانەی سلێمانی كە خەڵكی رەسەنی ئەو شارەن و خاوەنی مێژووی رۆشنبیری ئەو شارەن، بەشێكی زۆریان لەو شارە نەماون، ئەوجا، یا لەبەغدان، یا لەهەولێرن، یا لەدهۆكن، یا لەئەمەریكاو ئەوروپاو شوێنەكانی دیكەی ئەم جیهانە دەژین. ئەوان بەرگەی ئەو ئیرهابە فیكرییەیان نەگرت كە لەم شارە پیادە دەكرا. لە شارەكەدا جۆرێك لەئیرهابی فیكری پیادەكراو خەڵكانێك ترسێنران و تووشی زۆر گرفت بوون و ناووناتۆرەی ناشیرینیان بۆ دروست كراوە، بێگومان فەلسەفەی جنێو و جنێودان و كارگەی دروستكردنی ئەم جنێوانە لەناو شاری سلێمانی زۆر جوان دیارەو خەڵك دەزانن ئەم كۆمپانیایە لەكوێیەو هەر لەم كۆمپانیاشەوە منداڵ و گەنجەكانیان فێركرد بەهەموو شێوەیەك جنێو بدەن، بەڵام ئەمە سرووشتی شاری سلێمانی نییەو فەلسەفەی جنێو و جنێودان لە رەوشت و ئەخلاقی خەڵكی سلێمانی دوورە، ئەمە بابەتێكە هێنراوە بۆ ناو شاری سلێمانی. كاتێك جەنابی سەرۆك ئاماژە بەم بابەتە دەكات، لێرەیە دەبێت كار لەسەر ئەم بابەتە بكرێت. من دڵنیاتان دەكەمەوە شاری سلێمانی قسەی خۆی دەبێت و زۆری نەماوە، ئەم دڵنیاییە بە ئێوەی بەڕێز وەكو راگەیاندن هەروەها بەخەڵكی دڵسۆزی كوردستانیش دەڵێم. بەم نزیكانە سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی جوانی خۆی لە مەعریفەت و عەقڵانی و رۆشنبیری و مێژووی تێكۆشان و قوربانیدانی كوردایەتی، من ماوەی شەش مانگ و نیوە لەم شارەم هیچ كات و ساتێك خۆم بە غەریب و نامۆ لەسلێمانی نەبینیوە، بەپێچەوانەوە هەرچی پێدەچێت، لەبابەتەكانی ئەم شارە نزیكتر دەبمەوە. دەزانم ئەم شارە شاری مێژوویەكی پڕ لەخەبات و سەروەرییە، شاری شێخان و شاری شێخ مەحمودی نەمرە، شاری شێخ ئەحمەدی بارزان و شاری مەلامستەفای بارزانی و شاری هەر كوردێكی بەوەفاو خاوەن ویژدان و شەرەفە، سلێمانی دەیەوێت شتە جوانەكانی خۆی و رەسەنایەتی خۆی دەربخات، پایتەختی رۆشنبیرییە بەهەموو مانای وشەكە، نەك بەمجۆرە بازرگانییەی كە ئێستا بەسلێمانی دەكرێت، كە ئەمە لەدەرەوەی دابونەریتی خەڵكی سلێمانی و ئەم دەڤەرەیە.
* دوایین پرسیارمان ئەوەیە ئایا ئایندەی پێوەندیەكانی نێوان كوردستان و عێراق چۆن دەبینن؟
- وەك رای شەخسی خۆم، پێموایە ئەگەر كاربەدەستانی بەغدا بە لۆژیك و ئەقلانی بیربكەنەوە، لەوانەیە هەتا ماوەیەكی دیاریكراوی دیكە واتە یەك دوو ساڵی دیكە بتوانین لەگەڵ بەغدا پێكەوەبژین، واتە ئەگەر بەغدا رێز لەم ئەمری واقیعەی كوردستان بگرێت و داواكارییەكانی خەڵكی كورستان جێبەجێ بكات، بەمەش زەمینیەك دروست دەبێت بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی لەسەرخۆ و بەبێ ئەوەی بارێكی گران بكەوێتە سەرشانمان، بەرەو جیابوونەوە بچین، بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە رەفتار بكات، هەروەك چۆن لەچەند رۆژی رابردوو یاسای بودجەیان تێپەڕاند بەبێ ئەوەی شایستە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە دابین بكەن و مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابین بكەن، ئەوا جیابوونەوەكەمان خێراتر دەبێت، ئەوجا لەگەڵ ئەوەشی دەزانین ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی هەندێك ئەركی سەرشانی كوردستان قورستریش بێت، بەڵام بڕیاری سەربەخۆیی هەر دەدرێت.ش