ملازم فەهیمە لەهێزی كچێن رۆژێ بۆ ( گوڵان ): كچانی ئێزیدی داوا دەكەن لەریزەكانی پێشمەرگە بەرگری لەخاك و نەتەوەكەیان بكەن
December 10, 2016
دیمانەی تایبەت
ملازم فەهیمە لەهێزی كچێن رۆژێ دەڵێ وەک كچانی ئێزدی شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمە چەكی پێشمەرگایەتی لەشان بكەین و بەرگری لەخاك و نەتەوەو كەرامەتی خۆمان بكەین...لەدرێژەی سەردانەكەی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ شنگال و بینینی چەند پێشمەرگەیەكی هێزی كچانی رۆژێ لەفەرماندەیی شنگال چاومانكەوت بەژمارەیەك لەپێشمەرگەكانی كچێن رۆژێ لەلەشكری شنگال، كە هەریەكەو بەجۆرێك گوزارشتیان لەدامەزرانی ئەو هێزەو بوون بەپێشمەرگایەتی دەكرد، ملازم فەهیمە لەهێزی كچێن رۆژێ لەمبارەیەوە بە گوڵانی راگەیاند:( پێشمەرگە بووەتە ئەو سیمبولەی كە پارێزگاری لەنەتەوەی كوردستان كردوو، لەجیهاندا ناوبانگێكی گەورەی ئازایەتی و مرۆڤایەتی پەیدا كردووە، ئێمەی كچانی ئێزدیش كە زوڵم و ستەمێكی زۆریان لێكردین و بەناوی ئاین و نەتەوەكەمانەوە تیرۆرستان هێرشیان كردە سەرمان و براو باوك و كەسوكاریان كۆمەڵكوژ كردین، هەربۆیە شەرەفێكی گەورەیە بۆ ئێمە چەكی پێشمەرگایەتی لەشان بكەین و بەرگری لەخاك و نەتەوەو كەرامەتی خۆمان بكەین، زۆربەی ئەو كچانەی ئەمڕۆ لەریزەكانی هێزی رۆژدایە قوتابی بوون لەناو شارو گوندی خۆیان ژیانێكی سەربەرزیان هەبوو پێش ئەوەی تیرۆرستانی داعش و شۆڤێنیەكان بەتۆمەتی كورد بوون و ئێزیدی بوون هێرش بكەنە سەرمان و قەتڵوعامی كوردان بەگشتی و كوردانی ئێزیدی بەتایبەتی دەست پێبكەن، ئێمە سوپاسی سەرۆك بارزانی و قاسم شەشۆو فەریق جەمال سوپاسالاری پێشمەرگە دەكەین كە ئەو هەلەیان بۆ دابین كردین كە لەناو ریزەكانی پێشمەرگە دابمەزرێین و لەفێركەی بڵنگی زێریڤانی هەموو خولەكانی مەشق و راهێنان بەسەركەوتوویی ئەنجام بدەین ، شارەزایی شەڕو بەكارهێنانی چەك بەدەست بهێنین، هێزی كچێن رۆژێ بۆ ئێمە ئەو جێگایەیە كە پارێزگاری لەشەرەف و نامووسی خۆمان دەكەین شانبەشانی برا پێشمەرگەكانمان نەك تەنیا بەرگری و پارێزگاریكردن لەكوردانی ئێزیدی بەڵكو بۆ هەموو گەلی كوردستان دژ بەهەر دوژمن و داگیركەرێك بێت، لەبەركردنی جلگی پێشمەرگایەتی نیشانەی بەرخودان و خەباتە بۆ گەلی كوردستان، داوا لەسەرۆك بارزانیش دەكەین ئەم هێزەمان بۆ بكەنە فەوجێك چونكە ژمارەیەكی زۆری كچانی ئێزیدی هەیە داوای بەشداریكردن لەو هێزە دەكەن، هەروەها بەشداری زیاتری راستەوخۆی شەڕەكان بكەین و ئۆتۆمبێلی گولە نەبڕمان بۆ دابین بكرێت).
ژمارەیەكی تری پێشمەرگەكانی كچێنی رۆژێ كە لەواجبدا بوون پێیان وتین ئەوان زۆر سەربەرزن كە لەریزەكانی پێشمەرگە كار بۆ پارێزگاریكردنی نەتەوەو خاكەكەیان دەكەن چونكە ئەوان متمانەیان بەهیچ هێزێكی تر نییە كە داهاتووی كوردانی ئێزیدی لەم ناوچەیەدا بپارێزێت هەربۆیە ئەوان پێیان وایە پێویستە ئەو فرسەتە بدرێتە كچانی تریش بۆ ئەوەی لەریزەكانی هێزی كچێنی رۆژدا خەبات بكەن و جارێكی تر ڕێگە نەدەن دوژمنانی گەلەكەمان كچ و ژنی كورد بڕفێنن و كەسوكاریان قەتڵوعام بكەن..