مۆنتی مارشاڵ : لەم ناوچەیە زۆرترین دەوڵەتی فاشیل كۆبۆتەوە كە بەئاسانی دەڕووخێنرێن بەڵام زۆر بەزەحمەت بونیاد دەنرێنەوە

مۆنتی مارشاڵ  : لەم ناوچەیە زۆرترین دەوڵەتی فاشیل كۆبۆتەوە كە بەئاسانی دەڕووخێنرێن بەڵام زۆر بەزەحمەت بونیاد دەنرێنەوە
مۆنتی مارشاڵ خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لەزانستی سیاسیدا كە لەزانكۆی ئایوا بەدەستی هێناوە، بەڕێوەبەری سەنتەری ئاشتیی هەمەلایەنەو توێژەری بوارەكانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری و تیۆری سیاسییە. بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەژان و گۆڕانكارییە قووڵانەی كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پێدا تێدەپەڕێت و بۆ قسەكردن لەسەر پرسی شكستهێنانی دەوڵەت لەم ناوچەیەدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە هاتەئاخافتن.
* لەساڵی 1979وە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دەوڵەتی ئێران هەوڵیداوە شۆڕشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوەی وڵاتەكەی بكات و دەستتێوەردانی لە كاروبارە ناوخۆییەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە كردووە، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند ئێران وەك سەرچاوەی ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاگرخۆشكەری شەڕی ئایینی نێوان شیعەو سوننە لەقەڵەم دەدرێت؟

- بەڵگەكان ئەوە دەخەنەڕوو كە ناسەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی كۆڵۆنیاڵیدا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانیەوە دەستی پێكردووە، هەروەها بە راددەیەكی گەورە ئەم ناسەقامگیرییە ئاڵۆز بووە بەهۆی بوونی پاڵنەرگەلێكی گەورە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەروەت و سامانی نەوتیی ناوچەكە، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەم لەسەر ئاستی دەرەكی. ئەو وڵاتانەی لە رووی ئیتنییەوە فرەییان تێدایە، بە شێوەیەكی تایبەت رووبەڕووی ناسەقامگیری دەبنەوە، بەتایبەتی لەسەروەختی ئەو فشارانەدا كە هاوشانن بە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەت. دەكرێت دامەزراندنی كۆماری ئیسلامی لەئێران وەك دەرهاویشتەی داینامیكیەتی ناوچەكە لێكبدرێتەوە. لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی عێراق و ئێران و لەپاش كۆتاییهاتنی شەڕی سارد لەسەرەتاكانی ساڵانی نەوەتەكاندا ئاماژەی سەقامگیری و چاكسازی لەناوچەكەدا دەركەوتن، بەڵام ئەم رەوتە پێچەوانە بۆوە بەهۆی كردەوەی سەربازی ئەمەریكا لەهەردوو وڵاتی عێراق و ئەفغانستاندا لەسەرەتای دووهەزارەكاندا. من مشتومڕی ئەوە دەكەم كە ئیسلامی سیاسی لەدوای شكستهێنانی پان عەرەبیزم سەریهەڵدا، ئەویش وەك هەوڵێك بۆ پتەوكردنی یەكڕیزی لە ناوچەكەدا بۆ بەرهەڵستیكردنی دەستێوەردانی دەرەكی كە بە مەرامی كۆنتڕۆڵكردنی سامانی نەوتی ناوچەكە ئەنجام دەدرێت. دەكرێت لەم سیاقەدا ململانێی شیعەو سوننە، هەروەك ئێوە ئاماژەی پێدەكەن، بگەڕێندرێتەوە بۆ دەستەواژەكەی فرۆید «نارسیزمی جیاوازییە بچووكەكان»، كە مەبەست لێی ئەوەیە ئەو خەڵكانەی لەژێر فشاردان مەیلی ئەوەیان بۆ دروستدەبێت كە بۆ خاڵیكردنەوەی تووڕەیی و نائومێدییەكەیان وەك كەسانی جیاواز خۆیان دەرخەن، لەبەر ئەوەی ئەم دابەشكردن و خۆجیاكردنەوەیە ئاماژەیە بە ناتەبایی و بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی راست و دروستی كاروبارەكاندا.

* كاتێك باس لەكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكرێت، جەخت لەسەر ئەوە دەكرێتەوە كە كێشەی سەرەكیی ئەم ناوچەیە دەوڵەتی شكستخواردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو ئەو ئاژاوەو ئاڵۆزییەی هەیە، دەرهاویشتەی شكستی دەوڵەتەو ئەگەر سەرلەنوێ دەوڵەتەكان بونیاد نەنرێنەوە، ئەوا ئەو شەڕو ئاژاوەیە هەر بەردەوام دەبێت، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دەتوانرێت دەوڵەتە شكستخواردووەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت بۆ دەوڵەتی هاوچەرخ؟
- ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیێ بایەخپێدانێكی گەورەیە، هۆكارە سەرەكییەكەش ئەوەیە كە ئەمە تەنیا ناوچەیە، كە تێیدا ناسەقامگیرییەكی ئەوتۆ هەیە كە كاریگەری لەسەر تەوای نیزامە ئیقلیمیەكە هەیە. لە رۆژگاری هاوچەرخدا ئێمە گەورەترین كۆبوونەوەی دەوڵەتە شكستخواردووەكان لەناوچەیەكدا بەدی دەكەین. ئەو گێژەڵۆكەی ناكۆكییەی كە حاڵی حازر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، گەورەترین هەڕەشەیە لەشارستانیەتی مرۆیی لەدوای ئەو گێژەڵوكەی ناكۆكییەی كە لە ئەوروپا سەریهەڵداو سەریكێشا بۆ جەنگی دووەمی جیهانی. تاكە شتێك كە ببێتەهۆی ئیحتیواكردنی ئەم گێژەڵوكەیە لەئێستادا بریتییە لەوەی ئەم ناوچەیە توانای ئەوەی نییە كە دەسەڵاتی خۆی درێژبكاتەوە بۆ دەرەوەی خۆی. ئەگەر هێزە دەرەكییە گەورەكان، كە دەسەڵاتی بەسەر سەرتاپای جیهاندا رادەگات، چالاكانە رابكێشرێنە نێو ئەو گێژاوەوە، ئەوا بۆی هەیە ئەم گێژاوەی ئێستا پەل بهاوێت بۆ ناوچەكانی دەوروبەرو بگرە سەرتاسەری جیهانیش بگرێتەوە. ئێمە لەئێستادا بەڵگەی پەلكێشانی كاریگەری گێژاوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ئاستی جیهانی دەبینین. ئەمە مەترسییەكی هەنووكەییە و بە زیادكردنی هێزی سەربازی چارەسەر نابێت، ئەمەش لەهەڵكشانی داینامیكیەتی ناكۆكییەكەدا بەدی دەكرێت، نەك لە راوەستانیدا. داڕووخانی دەسەڵاتی مەركەزی لەدەوڵەتە شكستخواردووەكاندا سەختترین دۆخە بۆ ئەوەی چارەسەر بكرێت و پێویستی بەهاوكاری دەرەكیی بەرچاو هەیە لەلایەن دەوڵەتە دراوسێكانەوە، بەڵام ئەمە قورسترو سەختتر دەبێت كاتێك دەبینین چەندین دەوڵەتی شكستخواردوو لەناوچەیەدا لەئارادان. ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی قسە بكەین، ئەوا گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ دەوڵەتە شكستخواردووەكان 20 بۆ 30 ساڵی دەوێت، ئەویش ئەگەر لەو ماوەیەدا و – لە میانەی پرۆسەی گەڕاندنەوەی سەقامگیریدا- قەیرانی نوێ سەرهەڵنەدات. لەسایەی ئەم بارودۆخەدا دەسەڵاتی مەركەزی بەسەر نیزامی كۆمەڵایەتییەوە پێویستی بە دیسپلینێك هەیە كە تا ئێستا تەفزیڵی فۆرمێكی پتر تاكڕەوی كردووە بۆ حوكمڕانی، دەوڵەتە دیموكراتییەكان، هەروەك ئێمە پێیان ئاشناین، نەیانتوانیوە بە باشی ئیدارەی ئاستێكی باڵای ناكۆكی و بارگرژی گشتگیر بكەن، لەبەر ئەوە مەیلی ئەوە هەیە فۆرمە تاكڕەوییەكان جێیان بگرنەوە. بەرپرسیارێتی مەسەلەیەكی سەرەكییە، بەڵام ناكرێت لەسایەی ئەم هەل و مەرجە سەختانەدا بەهۆی ئامرازە ناوخۆییەكانەوە ئەم بەرپرسیارێتیە بهێنرێتەدی، بەڵام دەكرێت دەستەبەری بەرپرسیارێتی لەو وڵاتانەی لە سەروەختی داڕشتنەوەدان، بكرێت بەهۆی ئامرازی دەرەكی و بێلایەنەوە تا ئەو كاتەی متمانە لەسەر ئاستی ناوخۆدا بنیاد دەنرێت. سەیروسەمەرەكە لەوەدایە كە لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نزیكترین سەرچاوە بۆ دەستەبەركردنی ئەم بەرپرسیارێتییە بریتین لەئێران و توركیا و ئیمارەتەكانی كەنداو، كە هەموویان سەرچاوەی پێویستیان هەیە بۆ دەستەبەركردنی هاوكاری و یارمەتی و بەرچاوڕوونی، كە دەبێت هەوڵی ئەم وڵاتانەش بخرێتەژێر چاودێرییەوە لەلایەن رێكخراوە دەرەكی و نێودەوڵەتییەكانەوە. لەئێستادا ئەم وڵاتانە هەڵوێستێكیان گرتۆتەبەر كە كردوونیەتی بە بەشێك لەكێشەكە، لەبری ئەوە ببنە بەشێك لە چارەسەر.
* ئاشكرایە لەپێوەندی بە پرۆسەی بنیادنانی دەوڵەتەوە، ئەمەریكا لەهەردوو پرۆسەی عێراق و ئەفغانستاندا شكستی هێنا، راستە ئەمەریكا توانی رژێمی سەدام حوسێن و تاڵیبان بڕووخێنێت، بەڵام نەیتوانی عێراق و ئەفغانستان بكاتە دوو دەوڵەتی هاوچەرخ و كارا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی ئەمەریكاو رۆژئاوا لە پرۆسەی بونیادنانەوەی عێراق و ئەفغانستاندا شكستیان هێنا، بەڵام لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی توانییان یابان و ئەڵمانیا بە سەركەوتوویی بونیادبنێنەوە؟
- تا راددەیەك ئاسانە رژێمێكی لاوازو پڕلە كێشە بڕووخێنیت، بەڵام بنیادنانەوەی تا راددەیەك كارێك سەخت و دژوارە. هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و یابان دوو كۆمەڵگە بوون كە ئاستێكی بەرزی پیشەسازییان تێدابوو كە خەڵكەكەی ئاستێكی بەرزی خوێندەوارییان هەبوو و لە رووی ئیتنیەوە یەكڕەنگ بوون، كە ئەزموونی تێكشكان و كاولكاریی –شەڕی سەرتاسەری و كاولكاری سەرتاسەری- بووە هۆی ئەوەی ئەم دوو نەتەوەیە سڵ بكەنەوە لەگرتنەبەری بژارەی سیاسەتێكی توند. لە هەردوو حاڵەتەكەدا، هەمان ئەو نوخبانەی كە ئیدارەی شەڕیان كرد – جگە لەوانەی راستەوخۆ بەرپرسیار بوون لەهەڵگیرسان و بەرپاكردنی- بانگكرانەوە بۆ ئەوەی سەركردایەتی بووژاندنەوەی وڵاتەكە بكەن، بەڵام ئەفغانستان و عێراق، نە كۆمەڵگەكە پیشەسازی بوون، نە ئاستێكی بەرزی خوێندەوارییان هەبوو. (ئاشكرایە عێراق بەشێوەیەك لەشێوەكان لەئەفغانستان گەشەكردووتر بوو)، ئەوا گرتنەبەری سیاسەتە توندەكان رەتنەكرایەوە بەهۆی بوونی ئەزموونی تاڵەوە –وەك شەڕی سەرتاسەری- عێراق نزیك بوو لەم حاڵەتەوە، واتە لەدوای كۆتاییهاتنی شەڕی عێراق و ئێران لەساڵی 1988-، نوخبە كۆنەكەو رژێمە كۆنەكەی عێراق راماڵدران و نوخبەی بەدیل جێی گرتەوە كە ئەزموونێكی كەم، یان هیچ ئەزموونێكی حوكمڕانییان نەبوو، بۆیە روبەڕوی لێكدابڕان و لێكترازانی نێوان گروپە ئیتنیە ركابەرەكان بوونەوە. جێگرتنەوەی نوخبەیەك بە نوخبەیەكی دیكە هاوتای كاریگەری هەڵگیرسانی شۆڕشێكە، كە لە رووی مێژووییەوە سەریكێشا بۆ ناكۆكییەكی توند كە نوخبە نوێیەكان هەوڵدەدەن نیزامێكی كۆمەڵایەتی نوێ بسەپێنن كە دەبێتە تەحەددایەك بۆ بونیادی دەسەڵاتی پێشوو و چاوەڕوانییە هاوبەشەكان.
* لە ناو ئەم ژینگە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەرێمی كوردستان لەعێراقدا، نموونەیەكی جیاوازە، ئەویش بەو مانایە هێزە سەربازییەكەی توانیویەتی داعش تێكبشكێنێت و لەسەر ئاستی ناوخۆیی هەرێمەكەش ژینگەیەك بۆ لێبووردەیی و پێكەوەژیانی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان دروست بكات و بە فیعلی وەك دەوڵەتی ئەمری واقیع خۆی بەڕێوە بەرێت، ئایا ئەگەر ئەم هەرێمە ببێتە دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ناكرێت وەك دەوڵەتێكی بەهێزی هاوچەرخ بۆ سەقامگیری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوودی لێ وەربگرێت؟
- گرفتی سەرەكیی دەوڵەتی كوردی بە راددەیەكی گەورە ئەوەیە كە بە دەست دابەشبوونەوە جوگرافیەكەیەوە دەناڵێنێت. لەبەر ئەوەی دوو دەوڵەتی ركابەر لەجوگرافیای كوردستاندا بوونیان هەیە. لەكوردستاندا ساتەوەختێكی سیاسی هەیە كە تێیدا بارگرژییە ناوچەییەكە پەرت و بڵاوبونەوە لەبری ئەوەی دژی ئەوان ئاراستە بكرێن. لەپێوەندی بە ئەگەرەكانی ئایندەی كوردستانەوە، ئەوا تەنانەت ئەگەر دەركەوت كە دەوڵەتە دراوسێكان دژایەتیشی ناكەن، ئەوا هێشتا ئەم هەرێمە –كوردستان- وەك دەوڵەتێكی سنوورداخراو land-locked دەمێنێتەوەو دەبێت پشت بە نیازپاكیی بەردەوامی دەوڵەتە دراوسێكانی ببەستێت. دەوڵەتە سنوورداخراوەكانیش پتر رووبەڕووی ئەگەری ناسەقامگیری دەبنەوە، بەهۆی ئەوەی ناچار دەبن بەردەوام گفتوگۆ لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێكاندا بكەن كە كۆنتڕۆڵی دەستڕاگەشتنی دەوڵەتەكە بە جیهانی دەرەوە دەكەن. لەبەر ئەوە ئەگەرێكی گەورەیە كە پێكهاتە ئیتنییەكان مومارەسەی ئاستێكی باڵای خۆبەڕێوەبەری بكەن بەهۆی لەناوچوونی متمانە لەنێو ئەو پێكهاتانەی خاوەن شوناسی تایبەت بەخۆیان. تەنانەت لەو حاڵەتەشدا هاوكاری و هەماهەنگی لەنێوان پێكهاتە خۆبەڕێوەبەرەكاندا كارێكی پێویستە بۆ كارئاسانیكردن بۆ بووژاندنەوە و بنیادنانەوەی هەر یەكێك لەو پێكهاتانە.

* زۆربەی چاودێران خراپیی حوكمڕانی دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی لەو وڵاتانەدا دیموكراسی نییە، بەڵام راپۆرتی خۆشگوزەرانی جیهانی ساڵی 2016، ئیماراتی عەرەبی بە یەكێك لەبەختەوەرترین دەوڵەتانی ناو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەستنیشان دەكات، ئەمە لەكاتێكدا لەئیماراتی عەرەبی بنەماكانی دیموكراسی بوونی نییەو تەنانەت دروستكردنی رێكخراوی سیاسیش بەیاسا قەدەغەكراوە، ئایا ناكرێت مۆدێلی ئیماراتی عەرەبی بكرێتە نموونەیەك بۆ تەواوی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی؟
- نەبوونی دیموكراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا راستەوخۆ دەگەڕێتەوە بۆ بوونی بارگرژیی بەردەوام و شەڕ لەناوچەكەدا، هاوشان بە نەبوونی گەشەپێدانی ئابووری. –بەختەوەری- چەمكێكی رێژەییە و كاردانەوەیەكی عاتیفییە كە خەڵكی هەستێكی باشیان هەیە لەئاست بەدیلەكانی دیكەدا، لەم حاڵەتەدا بەدیلەكە بریتییە لەشەڕێكی دڵڕەقانە و كاولكارانە. ئیماراتی عەرەبی وڵاتێكی دەوڵەمەندەو تا راددەیەك دوورە لەو كێشانەی كە دووچاری ناوچەكە بوونەتەوە.

* گەورەترین هەڕەشە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە رووبەڕووی جیهان دەبێتەوە، بوونی رێكخراوە تیرۆریستییەكانی هاوشێوەی داعش و ئەلقاعیدەو ئەو فیكرە توندڕۆەیە كە لەپشت ئەو تیرۆریستانەوەیە، واتە ژینگەكەی لەناو دەوڵەتانی ئەم ناوچەیەیە، بۆیە ئەگەر لە رووی سەربازییەوە داعش تێكبشكێندرێت، ئەوا فیكرەكە هەر دەمێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە دەبێت چاوەڕێی داعشێكی دیكە بین، ئایا ئەگەر نەتوانرێت سەرچاوەی فیكری توندڕەوی ریشەكێش بكرێت دژایەتی تیرۆر چ مانایەكی دەبێت؟
- توندڕەوی رەوتێكی هەڵكشاوی هەیە كە تێیدا توندوتیژییەكی بەربڵاو لەئارادایەو پشت بە درێژەكێشانی ئەو توندوتیژیە دەبەستێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زەق و بەرچاو بمێنێتەوەو پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە هەم لە رووی فیكری و هەم لە رووی تاكتیكەوە. من لەگەڵ ئەوەدا هاوڕام كە ناكرێت لە رووی سەربازییەوە توندڕەوی تێكبشكێندرێت، تەنیا ئەو كاتە دەتوانرێت لە ناوببردرێت، وەك فیكر كە توندوتیژی كۆتایی پێهێنرێت و دۆخی ئاسایی و ناتوندوتیژی بگەڕێندرێتەوە. بەتێڕوانینی من، تەنیا ئەو كاتە دەتوانرێت توندڕەوەی كۆتایی پێبهێنرێت كە بەكارهێنانی توندوتیژی رەتبكرێتەوە وەك شێوازێك لەكاری سیاسی و گەڕانەوە بۆ حوكمی عەقڵ و پەراوێزخستنی ئەو هەست و سۆزە بەهێزەی كە ئەو كەسانە هەیانە كە دەیانەوێت گورزێك بوەشێنن لەبەر ئەوەی هەست دەكەن كۆنتڕۆڵیان بەسەر بارودۆخەكەوە نەماوە.
Top