شائول میشاڵ : ترەمپ زیاتر بزنسمانێكە لەبەرگێكی سیاسیداو هەتا ئێستا تێڕوانینی بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیار نییە
December 7, 2016
دیمانەی تایبەت
شائول میشاڵ پڕۆفیسۆرە لە “Interdisciplinary Center” لەشاری هرتسلیا لە ئیسرائیل، هەروەها بەڕێوەبەری پرۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە سكوڵی لۆدەر بۆ حكومەت و دیپلۆماسی و ستراتیژی لەهەمان سەنتەرو پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی تەل ئەبیب، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی عەرەبی ئیسرائیلی بووە. بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو ئەو تەنگژەو تەحەددییە قووڵانەی رووبەڕووی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتەوە، هەروەها بۆ تیشكخستنەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم كێشەو ئاژاوەیە باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا كێشاوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.* چۆن لەبارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت و پێتوایە رەوتی رووداوەكان بە چ ئاراستەیەكدا دەڕۆن؟
- لە راستیدا زۆر زەحمەتە پێشبینی ئەوە بكەین كە چی روودەدات، رەنگە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا-ئیدارەی ترەمپ- هەوڵبدات گفتوگۆ لەگەڵ پوتین بكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك، یاخود رێككەوتنێكی كاتی لەبارەی سووریاوە، كە ئەمەش كارێكی ئاسان و بێ تەنگوچەڵەمە نابێت، لەبەر ئەوەی چەندین هێزی ئیقلیمی هەن كە تێوەگلاون وەك توركیا و ئێران، كەواتە بارودۆخەكە ئاڵۆز دەبێت. هەروەها زەحمەتە بزانین كە تێكشكانی داعش لە موسڵ چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر ناوچەكە. لەبەر ئەوە من گەشبین نیم لەئاست ئایندەی نزیكی ناوچەكەدا، یاخود لە ئاست پەرەسەندنەكاندا لەمەودای كورتدا، تاوەكو بارودۆخەكە نەگاتە ئەو راددەیەی كە دەست بە گفتوگۆ بكرێت بۆ گەیشتن بە رێككەوتن. كەواتە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە چی روودەدات، چونكە هێشتا هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا روون نەبۆتەوە، هەروەها دڵنیانین لەپەرەسەندنی هەڵوێستی رووسیا لەئاست رووداوەكاندا. بۆیە دووپاتی دەكەمەوە كە كەس نازانێت چی روودەدات، لەبەر ئەوەی كەس نایەوێت بەرپرسیارێتییەكە هەڵبگرێت و هەمووان لەچاوەڕوانی ئەوەدان كە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا چی دەكات لەم رووەوە، لەبەر ئەوە ئەم ئێش و ئازارو مەینەتییانە بەردەوام دەبن تاوەكو ترەمپ هەڵوێستێك دەگرێتەبەر، كەواتە نادڵنیاییەك هەیە لەم رووەوەو ناتوانرێت پێشبینی رەوتی رووداوەكان بكرێت.
* ئێوە باسی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ-تان كرد، ئایا پێشبینی دەكرێت ئیدارەی ترەمپ پتر خۆی بەدوور بگرێت لەكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەر ئەوەی ترەمپ لە سەروەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە پێویستە ئەمەریكا دەست لەسیاسەت و لە پرۆسەی بنیادنانی نەتەوە لەوڵاتانی دیكەدا هەڵبگرێت؟
- من نازانم هەڵوێست و سیاسەتەكانی چۆن دەبێت، چونكە ئەو وەك كەسێكی بزنسمان بیردەكاتەوەو هەڵسوكەوت دەكات، نەك وەك سیاسەتمەدارێك، هەروەها هیچ پابەندبوونێكی پێشوەختی نییە نە بەبەرنامەی پارتەكەیەوە، نە بەهیچ ئەجێندایەكی سیاسیی سەرۆكی ئەمەریكاوە. لەبەر ئەوە ئێمە نازانین چۆن هەڵسوكەوت دەكات، چونكە ئەو بزنسمانێكە لە بەرگی سیاسەتمەدارێكدا. كەواتە ئێمە لەبەردەم سەركردایەتیەكی نوێ و جیاوازی ئەمەریكیدان، كە پتر هاوشێوەی سەركردایەتی پوتینە لەئێستادا، یاخود رەنگە بتوانین بڵێین ئەردۆغانیش، چونكە خەسڵەتی هاوبەشی هەر یەك لەم سێ سەركردەیە ئەوەیە كە نازانین چ هەنگاوێك هەڵدەگرن، لەبەر ئەوەی سەركردایەتییەكەیان بەشەخسەنە كراوە. كەواتە من هیچ پێشبینیەك ناكەم لە پێوەندی بە هەڵوێستەكانی ترەمپەوە، جگە لەوەی كە پێموایە یەكەم وڵات كە دەگاتە رێككەوتنێك یاخود لێكتێگەیشتنێك لەگەڵیدا بریتییە لە رووسیا، ئێستاش ئێمە لەدۆخێكداین كە هەموو كاراكتەرەكان چاوەڕێی ئەوە دەكەن كە ئەو دوو هێزە، واتە رووسیا و ئەمەریكا چی دەكەن، لەكاتێكدا سەرجەم ئەو كاراكتەرانە هەوڵی ئەوە دەدەن كە پێگەی خۆیان بەهێز بكەن، تا ئەو كاتەی ترەمپ دەسەڵات دەگرێتەدەست.
* ئێوە ئاماژەتان بەوەكرد كە نادڵنیاییەكی قووڵ هەیە لەئاست ئایندەداو كەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بكات كە رەوتی رووداوەكان بەچ ئاراستەیەكدا دەڕۆن و چی روودەدات، بەڵام ئایا دەبێت چی بكرێت و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە پڕ لە نادڵنیاییەدا بكرێت؟
- لە راستیدا دەبێت ئەوەندەی پێتدەكرێت بە بەهێزی بمێنیتەوە و پێگەی خۆت پتەو بكەیت، چونكە كەس نازانێت چی روودەدات لە ئایندەدا.
* ئایا پێتوایە ئەمە ئەو كارەیە كە لەئێستادا ئیسرائیل دەیكات؟
- لەم ساتەوەختەدا ئیسرائیل چاوەڕێ و چاودێری دەكات، لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا سیاسەتی ئیسرائیل ئەوە بووە كە ئەوەندەی دەكرێت لە هیچ كێشەو ناكۆكییەكی ناوچەكەوە تێوەنەگلێت كە كاریگەری نەبێت لەسەر ئیسرائیل. لەبەر ئەوە هەروەك ئاماژەم پێكرد لەئێستادا سیاسەتی ئیسرائیل چاوەڕێكردن و چاودێریكردن و خۆئامادەكرنە بۆ ئەوەی بەهێزترین گورز لەهەر لایەك بوەشێنێت كە بیەوێت زیان بە ئیسرائیل بگەیەنێت. واتە ناتوانین قەناعەت بە ئیسرائیل بكەیت كە كارێك لەبەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكراو بكات.
* دیدو تێڕوانینتان چییە لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە، كە ئەم هەرێمە لە رووی ئەمری واقیعەوە دەوڵەتەو لە شەڕی دژ بەتیرۆریستان و بەتایبەتی داعشدا رۆڵێكی كارای بینیوە؟ ئایا چۆن لە هەنگاوهەڵگرتنی ئەم هەرێمە بەرەو سەربەخۆیی دەڕوانیت؟
- من پێموایە دەكرێت كورد بەرزترین ئاستی خۆبەڕێوەبەری بەدەست بێنێت، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم كە هەر چوار بەشەكەی كوردستان لەعێراق و سووریاو توركیاو ئێران، بتوانن قەوارەیەكی یەكگرتوو پێكبهێنن، ئەگەرچی ئێوە نەتەوەیەكی 40 ملیۆنین، بەڵام واقیعەكە ئەوەیە كە زەحمەتە بتوانن ئەجێندایەكی یەكگرتوو پیادە بكەن، باشترین كارێك كە بتوانن بیكەن، ئەوەیە جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەری بەدەست بێنن لەهەر یەكێك لەو چواربەشەدا. كەواتە لەئێستادا بارودۆخێك باڵادەستە كە باشترین دەرئەنجام بەدەستی بهێنن، ئەوەیە ببنە خاوەنی جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەری، بەچەشنی ئەوەی لەئێستادا ئێوە لە عێراقدا بەدەستتان هێناوە. كە رەنگە دوای حەلەب كوردی ئەو وڵاتەش بكەونە گفتوگۆوە لەگەڵ ئەسەد بۆ بەدەستهێنانی جۆرێك لەخۆبەڕێوەبەری. بەداخەوە دەێڵێم، من پێشبینی ناكەم لەمەودای نزیكدا كێشەی كوردو كێشەی فەلەستین چارەسەر بكرێت.
* چۆن لە رۆڵی ئێران دەڕوانن لە ناوچەكەدا، پێتوایە ئێران بۆتە فاكتەرەی ناسەقامگیری لەم ناوچەیەدا، لەبەر ئەوەی بەردەوام دەستتێوەردان لەكاروبارە ناوخۆییەكانی وڵاتانی ناوچەكەدا دەكات؟
- لە راستیدا ئەگەر لەدیوێكی دیكەوە لەم مەسەلەیە بڕوانیت، ئەوا دەبینین كە ئێران و ئەمەریكا پێكەوە لە دژی داعش شەڕدەكەن، لەبەر ئەوە كەس نازانێت ئەم هاوكارییە بۆچی سەردەكێشێت، رەنگە بگاتە جۆرێك لە ئاشتەوایی بە نێوانگیری رووسیا، كە هەڵبستێت بە لێكنزیككردنەوەی ئەو دوو لایەنە لەیەكتری. لەبەر ئەوە زەحمەتە بزانین ئێران چی دەكات، چونكە ئەمە بەندە بەوەی ئەمەریكا و رووسیا چی دەكەن. لەبەر ئەوە رەنگە نەتوانین بەو شێوەیە لەئێران بڕوانین كە هەمیشە بەرهەڵستی رۆژئاوا دەكات. لەلایەكی دیكەوە زۆرێك لەمەسەلەكان بەندن بەوەی كە لەهەڵبژاردنەكانی ئایاری داهاتوو لەئێراندا چی روودەدات، چونكە ئەگەر رۆحانی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا رەنگە كارێك بكات هاوكاری نێوان ئەمەریكا و ئێران باشتر بكات.
* ئێوە باستان لەئەگەری تێكشكانی داعش كرد، بەڵام ئایا تەنیا تێكشكاندنی سەربازیی داعش بەسە بۆ لەناوبردنی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە؟
- بەباوەڕی من داعش لەموسڵدا تێكدەشكێت، بەڵام دۆخی دواتر هەڵگری مەترسی دەبێت، لەبەر ئەوەی رەنگە پەنا بباتەبەر ئەنجامدانی كردەوەی سەربازی لەئەوروپا، یان لە ناوچەكەدا، واتە رەنگە ئەو كاتە تەنیا تەركیز لەسەر ناوچەیەك نەكات، بەڵكو كردەوەكانی لە وڵاتە سوننەكان و رۆژئاوا لەنێویاندا ئەمەریكا ئەنجام بدات. كەواتە رەنگە تێكشكاندنی داعش لەموسڵ عێراق لەم رێكخراوە رزگار بكات، بەڵام ئەم كێشەیە بۆ ناوچەكەو بۆ رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە.
* باشە ئەگەر دوای تێكشكاندنی داعش لەموسڵدا پرۆسەی ئاشتەوایی لەعێراقدا ئەنجام نەدراو سیاسەتێك نەگیرایەبەر بۆ بەشداری پێكردنی سەرجەم پێكهاتەكان، ئایا چ ئایندەیەك چاوەڕوانی ئەم وڵاتە دەكات؟
- من نازانم، چونكە هەموو جارێك كە هەوڵ دەدرێت هاوكاری لەنێوان شیعەو سوننە دروست بكرێت، یاخود لێكنزیك بكرێنەوە، ئەوا سەركەوتوو نەبووە. لەبەر ئەوە پێدەچێت لەئێستادا مەسەلەكان پتر بەندبن بەهەڵوێست و هەوڵی هێزە گەورەكانەوەو مەسەلەكان لەدەستی هێزە مەحەلییەكان دەرچووبێتن، عێراقییەكان ناتوانن خۆیان كێشەكانی خۆیان چارەسەر بكەن، واتە ئەمە بە هەوڵێكی دوولایەنە چارەسەر ناكرێت و پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنە هەیە، چونكە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردودا گەمەكارە سەرەكییەكان هێزە مەحەلییەكان نەبوون، بەڵكو هێزە ئیقلیمی و هێزە گەورەكان بوون. لەبەر ئەوە پێشبینی من ئەوەیە كە لەئایندەیەكی نزیكدا هاوكاری لەنێوان شیعەو سوننەدا دروست نابێت، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا كوشتار و خوێنڕێژییەكی زۆر لەئارادایە. من ئەوە دووپات دەكەمەوە كە زۆرێك لە مەسەلەكان بەندنین بە خودی عێراقییەكانەوە، بەڵكو بە توركیا و ئێران و رووسیا و ئەمەریكاوە بەندن.