د.سەباح بەرزنجی : دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان پێش ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی بێت، بەرپرسیارێتییەكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییە

د.سەباح بەرزنجی : دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان پێش ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی بێت، بەرپرسیارێتییەكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییە
دكتۆر سەباح بەرزنجی سەرۆكی سەنتەری زەهاوی بۆ لێكۆڵینەوەی هزری و راوێژكاری ئەكادیمی پەیمانگای جیهانی فكری ئیسلامی،ساڵی 2001 لەزانكۆی تاران بڕوانامەی دكتۆرای لەشەریعەت و بنەماكانی یاسا وەرگرتووە. لەساڵی 1998 – 2009 وەكو مامۆستا لەزانكۆی سلێمانی كاری كردووە، لە 2009 – 2013 ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بووە، ئێستا لەكۆلێژی یاساو رامیاری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی وەكو مامۆستا وانە دەڵێتەوە، خاوەنی چەند لێكۆڵینەوەو بەرهەمێكی زانستی و فیكرییەو لەم دیمانەیەشدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گۆڤاری گوڵان سەبارەت بەتوندڕۆیی فیكری و دەستپێشخەرییەكان بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان دەداتەوە.
چاوەڕوانی ئەوە دەكەم ئەم دەستپێشخەرییەی بارزانی ببێتە كلیلی چارەسەری كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان و سەردەمێكی نوێ لەكوردستان دروست ببێت



* لەم ماوەیەی دواییدا كۆنفرانسێك سەبارەت بە لێبووردەیی ئایینی لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە رێكخرا، ئەمەش وەك خۆئامادەكردنێك بۆ قۆناخی دوای داعش و بۆ ئەوەی فیكری توندڕۆیی لەكوردستاندا گەشە نەكات، هەڵسەنگاندن و تێڕوانینتان بۆ ئەو كۆنفرانسە چییە؟

- لە راستیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەرەتاوە گرینگییەكی زۆری بەوە داوە كە چۆن بەشێوەیەكی بنەڕەتی و ریشەیی رووبەڕووی بیرو فیكری توندڕەویی ببێتەوە، ئەمە یەكێكە لە بەرنامە سەرەكییەكانی حكومەت وەكو ئێمە لە پەیامی سەرۆكی حكومەت تێی گەیشتووین و لە نزیكەوە لەگەڵیدا دانیشتووین، هەستمان كردووە جەنابیان لەوبارەیەوە زۆر جددییەو زۆر بڕوای بە رەسەنایەتی ئایینی گەلی كوردستان هەیە، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە كە ئێمە وەكو گەلی كورد لە روانگەی ئایینەوە دەوڵەمەندین. هەربۆیە گەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی ئایینی كوردەواری چ لە رووی فەتوا، یان لە رووی تەدریس، چ لە رووی بەرهەم و نوسراو و ئەدەبییاتی كلاسیكیمان، چ بڵاوكردنەوەی ئەو بیروبۆچوونە میانڕەوەی كە لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا هەبووەو ریشەدار بووە، بەسە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین نەوەی نوێی لەسەر پەروەردە بكەین، بۆ ئەوەی نەوەیەكی میانڕەو و تێگەیشتوو، ژیرو خزمەتگوزار بە خاك و نیشتمان بێت. سەردەمی توندڕۆیی سەردەمێكی تێپەڕەو توندڕۆیی حاڵەتێكی ناجێگیرەو نەخۆشییەكەو تووشی تاك و كۆمەڵگەش دەبێت، بەڵام ئیدارەدانی ژیرانە ئەوەیە ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەت و دامودەزگاكانی لەپاڵ هاوكاری خەڵكی دڵسۆزو رۆشنبیرەكان پەیڕەوی دەكات، ئەوەش وامان لێدەكات دڵنیا بین لەداهاتوودا كە گەلی كوردستان و كۆمەڵگەی كوردستان فیكری توندڕۆیی دەگەیەنێتە نزمترین ئاست، بە سەروەریی یاساو بەكارایی دادگاكانیش دەكرێت ئەوانەی تاك و تەرا توندڕەون، بگەڕێندرێنەوە ناو باوەشی كۆمەڵگەو رەسەنایەتی كوردەواری. ئەو كۆنفرانسەی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی حكومەت و جێبەجێكردنی وەزارەتی ئەوقاف لە هەولێری پایتەختی كوردستان بەڕێوەچوو كە چەند توێژینەوەیەكی باشی تێدا پێشكەش كراو بەچەند راسپاردەیەكی زیندوو گەیشتە ئەنجام، رەنگە ئەمە هەنگاوێكی سەرەتایی بێت، بەڵام لەم هەلومەرجەدا هەنگاوێكی گرینگ بوو، چونكە دوای هەموو زەمین لەرزەیەك ژمارەیەك لەرزە بچووكیشی لێدەكەوێتەوە، دوای كۆتاییهاتن بەداعش چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت وردە داعش بمێنێت، یان كەسانێك زیانمەند بووبن لەشكستی داعش و بەسیمایەكی دیكەوە بێنەوە گۆڕەپانەكەو بیانەوێت تۆڵە بكەنەوە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانەش پێویستیمان بەكاری دەستەجەمعی هەیە، لەكاراكتەرە گرینگەكانی ئەم بوارەش دەزگاكانی حكومەت و میدیا و زانكۆ و پەیمانگاو زاناو مامۆستایانی ئایین و حوجرەو مزگەوتەكانە، هەروەها خێڵ و هۆزە كوردییەكان و جەماوەری شەرەفمەندو هەموو توێژو چینەكانی گەلی كوردستانەو ئەمانە هەموویان بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكتر كاریگەرییان دەبێت، بەتایبەتی رۆڵی كاریگەرو پڕ لەشانازی هێزی پێشمەرگەو دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش كە دەبێت زۆر بەرز بنرخێنین. هاوكات پێویستمان بەبنبڕكردنی فیكری توندڕەویی هەیە، واتا پێداچوونەوە بەپڕۆگرامی خوێندن و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ وتاربێژی مزگەوتەكان و وتاربێژی ناو كەناڵەكان، بەتایبەت وتاربێژە ئایینییەكان كەچی دەرخواردی كۆمەڵگەی كوردستان بدەن، چۆنیەتی داڕشتنەوەی گوتاری ئایینی بەشێوەیەك كە زیاتر لایەنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و یەكتر قبووڵكردن تێیدا رەنگ بداتەوە، هەروەكو چۆن خوای گەورەو میهرەبان دەفەرموێت: (سبقت رحمتي غضبي) واتە رەحمەت و بەزەیی من پێش تووڕەییمە، بێگومان بەزەیی و میهرەبانی و رەحمەتی خودا هەمیشە زۆر گەورەترە لە قەهرو تووڕەبوون و سزای خودا، هەربۆیە من پێموایە ئەم كۆنفرانسەو كۆنفرانسەكانی تریش بە جددییەت و چاودێریی دڵسۆزانەی بەرپرسان و هەماهەنگی گەل دەتوانێت زۆر گاریگەر بێت و لەدواڕۆژ دڵنیامان بكاتەوە.

* ئایا دژایەتیكردنی فیكری توندڕۆیی تا چەند پێویستی بە كارێكی هەمەلایەنەی هەموو زانایانی ئایینی كوردستان و مەلای سەر مینبەرەكان هەیە و ئەم هەماهەنگییە چۆن دروست دەكرێت؟
- دروستكردنی هەماهەنگیی نێوان مەلاكانی كوردستان لەجاران ئاسانترە، چونكە ئێمە زۆر مامۆستایانی ئایینیمان هەیە لەناو حزبە ئیسلامی و كوردستانییەكاندا بە تەفاهومی نێوان حزبەكان ئەو لێگتێگەیشتنەش لەنێوان مامۆستایانی ئایینیش دروست دەبێت، لەلایەكی ترەوە هەندێك مامۆستای ئایینیش لەدەرەوەی حزبەكانن و ئەوانیش دیارە ئاراستەی خۆیان هەیە، كەسانێك وەكو شێخ و پیرو مورشیدیان هەیە كە دەتوانرێت لەگەڵ پیرو مورشیدەكانیان قسەبكرێت، پانتایی هاوبەش زۆرە كاری لەسەر بكەین و دەبێت هەوڵی پڕكردنەوەی كەلێن و درزەكان بدەین، مامۆستایانی ئایینی دەتوانن پێش ئەوەی باسی پێكەوەژیان لەناو خەڵك و كۆمەڵگە بكەن، باسی پێكەوەژیانی ناوخۆیان بكەن، ئەوەی هەستیاری دروست دەكات، دووریی مامۆستایانی ئایینییە لەیەكتر. یاخود شەڕی نفوزە كە دەیەوێت زۆرترین خەڵك راكێشێت بۆ خۆی، بەڵام خەڵك ئەوەندە زۆرە بەشی هەموو لایەك هەیەو پێویست بەپاوانخوازی ناكات، هەروەها پێویستە زمان زمانی قەناعەت بێت، نەك زمانی ناچاركردن.
* مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پێناوی زەمینەڕەخساندن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان، دەستپێشخەرییەكی كردووە بۆ ئەوەی حزبە سیاسییەكان رێككبكەون و كێشە سیاسییەكان لەنێو خۆیاندا چارەسەربكەن، ئایا ئەرك و بەپرسیاریەتی حزبە سیاسییەكان دەبێت بەرامبەر ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆكی هەرێم چۆن بێت؟
- من هەر زوو وتوومە؛ پێویست دەكات بەجوانترین شێوە پێشوازی لەم دەستپێشخەرییە بكرێت، دەستپێشخەرییەكەی جەنابی بارزانی هەلێكی زۆر باشە هاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوەی حزبەكان واز لەو دوورییەی نێوانیان بهێنن و پێكەوە كار بكەن و بە زووترین كاتیش بگەنە ئەنجام. من چاوەڕوانی ئەوە دەكەم ئەم دەستپێشخەرییەی بارزانی ببێتە كلیلی چارەسەری كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستان و سەردەمێكی نوێ دروست ببێت لەكوردستان. من بۆ خۆم زۆر گەشبینم بەوەی ئیرادەیەكی سیاسی بۆ چارەسەری كێشەكان و بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی كوردستان هەیە، هیوادارم خوای گەورە هەموو لایەك سەركەوتوو بكات بەتایبەتی جەنابی كاك مسعود بارزانی كە دڵی هەموومانی خۆش كرد بەم دەستپێشخەرییە.

* لەگەڵ وادەی نزیكبوونەوەی كۆتایی ساڵ، لە ناو میدیا جیهانییەكاندا باس لەوە دەكرێت كە زەمینەیەكی زۆر لەبار بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان هاتۆتەئاراوە، باس لەوەش دەكرێت كە ئەمریكاو ئەوروپا لەسەر ئەوە رێككەوتوون، پرسیاری ئێمە ئەوەیە، ئایا ئەم بارودۆخە لەبارە چ بەپرسیاریەتییەكی مێژوویی دەخاتە سەرشانی هەموو حزبەكان بۆ ئەوەی نەهێڵن ئەم فرسەتە لەدەست بدرێت؟
- دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان؛ پێش ئەوەی بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی بێت، بەرپرسیارێتییەكی ئایینی و نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقییە. ئەم بەرپرسیارێتییە داوای ئەوەدەكات هەموو تاكێكی كوردی و حزبێكی كوردی و دامودەزگایەكی كوردی بەو ئاراستەیە كاربكات كە رۆژێك لە رۆژان كورد ببێت بەخاوەنی كیان و قەوارەی سیاسی و سەربەخۆی خۆی، زەمینەش هەمیشە لەبار بووە، بەڵام كۆسپی لەبەردەمدا بووە، كۆسپی یەكەمیش پەرتەوازەیی ناوخۆمان بووە، كە دەبێت یەكپارچە بین و هەوڵ بدەین بەرەو یەك بڕیاری سیاسی بڕۆین و بەرەو یەك ئامانج هەنگاو بنێین كە ئەویش ئەوەیە دەوڵەتی كوردستان بونیاد بنرێت و رۆژ لە دوای رۆژیش زیاتر هەنگاوی بۆ بنێین، نەك پاشەكشە بكەین. مەبدەئی بوونی دەوڵەت دەبێت ببێتە یەكێك لەبەرنامە نەگۆڕەكانی تاكی كوردی، دەكرێت لەسەر ئەوەی ئەم دەوڵەتە چۆن بێت، هەموو كەسێكی شارەزا قسەی تێدا بكات و هەوڵی بۆ بدات بۆ ئەوەی دەوڵەتەكەمان دەوڵەتی یاساو دەستووری بێت و لەخزمەتی هاووڵاتیانیدا بێت. حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەركی سەرشانیانە بەرەو ئەو بڕیارە سیاسییە یەكگرتووە بڕۆن و ئیشكالیات لەسەر دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان دروست نەكەن، من چاوەڕوانی ئەوە دەكەم ئەوەی لەسیاسەتی كوردی كاردەكات، ئەندامانی حزبەكەی لەسەر دامەزراندنی دەوڵەت پەروەردەبكات و ناوەندەكانی حزبەكەی لەسەر ئەوە رابهێنێت كە ئێمە دەبێت بەرەو دەوڵەتی كوردستان بڕۆین و پاشەكشە نەكەین لەو ستراتیژیەتە نەتەوەییە، ئێستاش ئەوەی هەیە ئەم هەرێمەیەو دەبێت بیكەینە هەرێمێكی سەركەوتووی بەهێز.
* دیارە پیاوانی ئایینی هەموو كات هۆكاری یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان بوون، بەڵام لەئێستا وەك پێویست هەست بەوە ناكرێت ئەم توێژە بەڕێزەی كوردستان گوشارێكی جددی لەسەر پرۆسەی سیاسی دروست بكەن، هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

- من پێموایە مامۆستای ئایینی بەشێكن لە گەل و ئەڵقەی نێوان گەل و دەسەڵاتن و دەسەڵات و گەلیش ڕێزیان لێ دەگرێت، كەواتە پێویستە لەئێستادا كاراتر بن، من ناڵێم ببنە سیاسی و بڕیاری سیاسی بدەن، بەڵام هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵات و گەل دروست بكەن بۆ نزیكبوونەوەیان تاوەكو لەیەكتر تێبگەن. مامۆستای ئایینی پێشەوای گەلەو پێشەوای گەلیش خاوەنی دەسەڵاتی مەعنەویی گەلە، مامۆستایانی ئایینی و مامۆستایانی زانكۆو رۆشنبیران و بیرمەندان دەسەڵاتی مەعنەویی ناو كۆمەڵگەن، واتا داینەمۆی ئاراستەكردنی فیكری ئەو خەڵكەن و دەتوانن پێش هەموو شتێك گوتارێكی هاوبەشیان هەبێت، دوور لە جیاوازی فقهی و فیكرییەكان، ئەوەی راستەوخۆ پێوەندی بەژیانی خەڵكەوە هەیە، لەسەر ئەمە ئێمە تەبا بین، مەلای كورد دەبێت مەلایەكی زانای هەڵگری توراسی مەلاكانی پێشووی بێت و فەتوا بەرهەم بهێنێت، نەك لەدەرەوەی سنوورەكان فەتوا بۆ كۆمەڵگەی موسڵمانی كوردستان بهێنێت، خۆی كتێب دابنێ، كتێبی ئەم و ئەو نەهێنێت، خۆی قەسیدە دابنێت وەكو نالی و مەولەوی و مەحوی وابێت، وەكو مەلای جەزیری و ئەحمەدی خانی بێت، وەكو سەعیدی نەوروسی وابێت، تەنانەت لە رووی سیاسیشەوە سەركردەكانی كورد زۆربەیان مەلا بوون، لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانی-یەوە بگرە تا شێخ عوبەیدوڵای نەهری و قازی محەمەدو مەلا مستەفای بارزانی ئەمانە ژێرخانی فیكری و رۆشنبیرییان ئایین و چەمكە بەرزەكانی ئایینی ئیسلام بووە، لەقۆناغێكدا مەلا سەركردایەتی سیاسی و شۆڕشی كورد بووە، ئێستا دەبێت مەلا بەو ئاراستەیەدا هەنگاو بنێت بەرەو ئەو شوێنە بڕوات كە ئەم میللەتە چۆن ببێت بەخاوەنی كیانێكی سەربەخۆو یەكپارچە بێت و خاوەنی بڕیاری خۆی بێت و ئیدارەو ئیرادەی خۆی هەبێت.

* كاتێك بۆ مێژووی سلێمانی دەگەڕێینەوە، هەست دەكەین ئەم شارە كوردستانێكی بچكۆلەیە، زانایانی ئایینی لە هەرچوار پارچەی كوردستان هاتوونەتە ئەم شارەو بناخەی ئەم شارەیان دروستكردووە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە دەشێت ئەمڕۆ لەلایەن هەندێك خەڵكەوە بانگەشە بۆ ناوچەگەری و دابەشكردنی ئەم بەشەی كوردستان بكرێت؟
- شاری سلێمانی هەلومەرجێكی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمەش بەو مانایە نایەت دایببڕێت لەكوردستان و پارچەكانی ترو پارێزگاكانی تر، هەموو پارێزگایەك تایبەتمەندێتی خۆی هەیە، مرۆڤی كورد هەرگیز نابێت بەوە رازی بێت وەكو چۆن ئامادە نییە پارچەیەك لەلەشی ببێتەوە و فڕێ بدرێت، یا جیاكاری بكرێت لەنێوان ئەندامانی لەشیدا، هەرواش نابێت باوەڕمان بەجیاكاری هەبێت لەنێوان بەش و دەڤەرو ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا، بەڵام ئەم تایبەتمەندێتییەی كە سلێمانی هەیەتی مەحفوزو رێزلێگیراوە، ئەمەشی بۆ ئەوە لێ دروست بووە كە لێرەوە پشتگیری لە شۆڕشی كوردایەتی و رێبازی كوردایەتی بكرێت، ئەوی تر پێوەندی بە كاری ئیدارەوە هەیە، واتا حكومەت دەتوانێت لە رێگەی دابەزینی هەندێك دەسەڵات و بڕیارەوە لامەركەزی جێبەجێ بكات، نەك تەنیا بۆ سلێمانی بۆ پارێزگاكانی دیكەش. ئەمە پێویستی بەدروشمی حزبی و سیاسی نییە، هەموو پارێزگایەك لە ئەنجومەنەكەی دەتوانێت بەرنامە دابنێت و پێگەی پارێزگاكە بەهێز بكات، نەك موزایەدەكردنی سیاسی، چونكە ئەمە وەكو ئەوە وایە ئەگەر من ماڵەكەم وێران بێت، بچم یەخەی دراوسێكەم بگرم، خەڵكی هەر پارێزگایەك پێش پارێزگاكانی تر دەبێت خزمەتی پارێزگاكەی خۆی بكات، واتا من نابێت بیكەم بەگلەیی لەسەر خەڵكی هەولێرو بڵێم وەڵا ئێوە بۆ پارێزگاكەتان خزمەتتان دەكات و من بۆ پارێزگاكەم خزمەتم ناكات، با من وەكو خەڵكی سلێمانی خزمەتی شاری خۆم بكەم، هەروەكو چۆن دڵنیام خەڵكی هەولێر پێیان خۆشە خەڵكی سلێمانی و شارەكانی دیكە بە شێوەیەك هاوتەریب پێشبكەون و شانازییان پێوە بكەن. من هەرگیز باوەڕم بەجیاكاری نەبووە. ئێمە بە یەكپارچەیی و یەكڕیزییەوە جوانین، ئەمەریكا بەو گەورەییە چەند دەسەڵاتی داوە بە ویلایەتەكانی، بەڵام یەكپارچەیی خاك و نەتەوەكەیان بە پیرۆز سەیردەكەن. هیچ كەسێكی ژیر نایەت هەموو كوردستان بكاتە قوربانی پارێزگایەك، بەڵام پارێزگایەك دەكاتە رەگەزی پێشخستنی هەموو هەرێمەكە.
* لەو كاتەی پێویستە هەموو تواناكان كۆبكرێتەوە بۆ قۆناخی دوای داعش، كە زۆر لە چاودێران مەزندەی ئەوە دەكەن دوای داعش واتای كۆتایی مەترسیەكانی سەر كوردستان نییە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسامییە دیسان لەناو شاری سلێمانیەوە گوێبیستی ئەوە دەبین كە داوادەكرێت سلێمانی وەك پارێزگایەكی عێراقی سەیربكرێت، لێكدانەوە و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟

- من پێموایە ئەو قسانەی كران لەم دواییەدا كاردانەوە بوون و لەحاڵەتی هەڵچووندا كران، ئەگەر حزبە سیاسییەكان لەئاستە بەرزەكەدا بگەنە رێككەوتن و ئەو تێگەیشتنەی لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەكەی سەرۆكی هەرێم دروست بووە، جێبەجێ بكرێت، هەموو ئەو پەرچەكردارانە نامێنێت. من هیچ زەمانەتێك لەبەغداوە نابینم كە بەغدا ئامادە بێت خزمەت بەشاری سلێمانی بكات و خزمەت بەهەولێر نەكات، تەنانەت ئەگەر شتی وا بكات، دەبێت بكەومە گومانەوە بۆ دەبێت شتی وا بكات؟ ئایا ئەمە بۆ تێكدانی یەكڕیزی نییە؟ لەبەر ئەوە كورد دەبێت بەیەكگرتوویی لەبەغدا قسەبكات، ئەمەش بەحزبەكان دروست دەبێت بە دانە دانەی حزبەكان دروست نابێت، بەیەكپارچەیی و یەكهەڵوێستی خەڵكی كوردستان چیمان دەوێت لەبەغدا دەستمان دەكەوێت، لەدوای داعش كورد تەنانەت بەیەكگرتووییش مەترسی لەسەرە، ئیتر چۆن بە پەرتەوازەیی مەترسی لەسەر نابێت؟

* دیارە لەئێستادا میدیای كوردستان هێندەی هەوڵی ئاڵۆزكردنی كێشەكان دەدات، هێندە نەبۆتە مینبەرێك بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان، ئایا ئەم رەوتەی میدیاكانی كوردستان لەسەری دەڕۆن چۆن چارەسەری بكەین؟
- نابێت میدیا لەكاتی باسكردنی هەواڵەكان ببێتە لایەنگرو دەبێت وەكو خۆی بیگوازێتەوە. میدیا دەبێت بەشێك بێت لە چارەسەر، نەك كێشە، دەبێت ئومێدبەخش بێت نەك رووخێنەر، دەبێت حیساب بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بكات، تەنانەت حیساب بۆ دڵی لایەنگرانی حزبێكی بچووكیش بكات، نەك وەكو ئێستا حیساب بۆ دڵی لایەنگرانی حزبێكی گەورەش ناكات. كوردایەتی ئەوەیە ئەگەر قەناعەتیشم بە بۆچوونێك نەبێت، بەڵام رێز لەلایەنگرانی ئەو بۆچوونە بگرم، ئەگەر میدیایەك قسەی باشی پێ نییە با قسەی خراپ نەكات، وەكو فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) هەركەسێك ئیمانی بەخودا و رۆژی دوایی هەیە، با قسەی خێربكات ئەگەر قسەی خێری پێ نییە، با بێدەنگ بێت، ئەگەر رەخنەشیان هەیە با بەزمانی گوڵ بێت و بنیادنەر بێت، كاتێك كەموكورتییەكانت بینی باشیەكانیش ببینە. تۆمەتبەخشینەوەی بێ بەڵگە كە بەداخەوە هەندێك لەمیدیای كوردی رۆژانە دەیكات، خزمەت بە ستراتیژی نەتەوەیی و پێكهاتەی فەرهەنگی گەلی كوردستان ناكات.
Top