لۆرەنس ڕوبین : دوای تێكشكاندنی داعش ئەگەری سەربەخۆیی كوردستان زیاتر دەبێت

لۆرەنس ڕوبین : دوای تێكشكاندنی داعش ئەگەری سەربەخۆیی كوردستان زیاتر دەبێت
لۆرەنس ڕوبین، بڕوانامەی دكتۆرای لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی كالیفۆڕنیا بەدەست هێناوە، لە ئێستادا پرۆفیسۆرە لە سكووڵی سام نون بۆ كاروباری نێودەوڵەتی، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی و چەند پرسێكی گرنگی پەیوەندیدار دەدات. بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێشبینییەكانی پەیوەست بە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكاوە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كرد و ئەویش بەم شێوەیە هاتەئاخافتن.
* ئایا پێشبینی دەكرێت سیاسەتی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چۆن بێت و چ گۆڕانكارییەك لەخۆبگرێت لە ئاست ئەم ناوچەیەدا؟
- لە ڕاستیدا ئەمە ڕوون نییە لەم ساتەوەختەدا، لەبەر ئەوەی تا ئێستا دیار نییە راوێژكارەكانی كێ دەبن و چ سیاسەتێك لە ئاست ئەم ناوچەیەدا دەگرێتەبەر. هەروەها لەبەر ئەوەی تا ئێستا لێدوانی دژ بە یەكی داوە لەم بارەیەوە. واتە دەتوانین لە ڕێی لێدوانەكانی سەروەختی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و راوێژكارەكانییەوە مەزەندەی ئەوە بكەین چ سیاسەتێك دەگرێتەبەر، بەڵام تا ئێستا هیچ یەكێك لەمانە ئاماژەیەكی ڕوونیان لێ بەدی نەكراوە كە سیاسەتی لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چی دەبێت.
* ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە پێویستە یەكێك لە ئەولەویاتەكانی ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا بریتی بێت لە شەڕكردن لە دژی داعش، ئەگەر وابێت ئایا تا چەند گرنگە كە پشتیوانیی وڵاتانی ناوچەكە بەدەست بێنێت بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە؟
- ڕەنگە پتر هاوكارییەكە لەگەڵ ڕووسیادا بكرێت بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجە و بایەخێكی كەمتر بدرێت بە هەستیاری پەیوەست بە كاریگەرییە سیاسیەكانی ئەم هاوكارییە لەسەر ناوچەكە، واتە ئەمە یەكێك بێت لەو گۆڕانكارییانەی كە لە مەودای كورتدا بەدی بكەین. بەڵام ئەگەر پرسیاری ئەوە بكرێت ئایا پەیوەندییەكە چۆن دەبێت لەگەڵ ئێران یان كوردستاندا، ئەوا هێشتا زووە ئەمە یەكلابكەینەوە، بەڵام پێم وانییە پلانێكی گەورە و گرنگ لە ئارادا بێت. لەبەر ئەوە ڕاستە ئەولەویەتەكە تێكشكاندنی داعش دەبێت، بەڵام نازانم بەدەر لە هاوكاریكردنی ڕووسیا چیتر دەكرێت بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە.
* بەڵام ئایا تا چەند عەمەلی و واقیعیە ئەمەریكا هاوكاری ڕووسیا بەدەست بێنێت لەم ڕووەوە؟
- لە ڕاستیدا ڕەنگە دۆناڵد ترەمپ تەواوی ئەو تەحەددیانەی لەبەرچاو نەگرتبێت كە ڕووسیا بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكای دروست كردووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپای رۆژهەڵاتدا. لەبەر ئەوە كاتێك ڕووبەڕووی ئەو تەحەددیانە دەبێتەوە ئەوا ڕەنگە هێنانەدی ئەو هاوكارییە كارێكی قورستر بێت، بەڵام تاوەكو ئێستا بەردەوام بووە لەسەر جەختكردنەوە لەسەر هاوكاریكردن لەگەڵ ڕووسیادا بۆ تێكشكاندنی داعش و كەمتر گرنگی بە ئاكامەكانی ئەم هاوكارییە دەدات لەسەر ئەم ناوچەیە و ناوچەكانی دیكە.
* ئایا تا چەند پێت وایە پێویستە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا هاوكاریی و پشتیوانی بۆ كورد زیاتر بكات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی كە كورد بوونەتە هێزێكی گرنگ و كاریگەر بۆ تێكشكاندنی داعش؟
- من پێم وایە تاوەكو ئەولەویەتە سەرەكییەكە تێكشكاندنی داعش بێت، ئەوا دەرفەتێكی گەورەتر دروست دەبێت بۆ ئەوەی كورد ڕۆڵێكی گەورەتر ببینن، ئیدی هەر بە هەرێمێكی خۆبەڕێوەبەر بمێنێتەوە یاخود لە قۆناخێكی دیكەدا سەربەخۆیی بەدەست بێنێت.
* ئێوە ئاماژەتان بە ئەگەری سەربەخۆبوونی كوردستان كرد، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دوای تێكشكاندنی داعش ڕوودانی ئەم ئەگەرە زیاتر نابێت؟
- من پێم وایە دوای تێكشكاندنی داعش دەرفەتی زیاتر دروست دەبێت بۆ ڕوودانی ئەم ئەگەرە، لەبەر ئەوەی كورد گەمەكارێكی متمانەپێكراوە، بەڵام بەشێكی زۆری ئەم پرسە بەندە بەوەی ئایا عێراق تا چەند سەقامگیر دەبێت، ئایا هەستی كورد چۆن دەبێت و ئایا چۆن ئیدارەی پەیوەندییەكانیان دەكەن لەگەڵ هەندێ لە دراوسێكانیاندا. خۆ ئەگەر بتوانن ڕێككەوتنێك لەگەڵ توركیادا بكەن ئەوا ئەگەرێكی گەورەتر دروست دەبێت بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی.
* هەروەك دەزانن لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی موسڵ بەڕێوەدەچێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی دوای داعشدا بكرێت، ئایا پێویست بە هێنانەئارای ڕێككەوتنێكی سیاسی ناكات كە دابەشكردنی دەسەڵات لە خۆبگرێت بەتایبەتی لەگەڵ عەرەبە سوننەكاندا؟
- بەڵێ بە دڵنیاییەوە، چۆنیەتی حكومڕانیكردنی ئەو شارە مەسەلەیەكی سەرەكی دەبێت بۆ هەر هەوڵێكی سەقامگیركردنی بارودۆخەكە لە عێراق و لە ناوچەكەشدا-لە دوای داعشەوە-. هەروەها ئەمە ئاكامی جیددی لێدەكەوێتەوە لەسەر بزووتنەوەی سەربەخۆیی كورد و چۆنیەتی تێڕوانین لەم پرسە. كەواتە ڕاستە هەڵمەتە سەربازییەكە سەخت و دژوارە، بەڵام حكومڕانیكردنەكەش بە هەمان ئەندازە قورس و سەخت دەبێت.
* هەروەك دەزانن بەڕێز ترەمپ باسی لە پێویستی پێداچوونەوە یاخود هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا كرد، كەواتە ئایا پێشبینی ئەوە دەكرێت ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا سیاسەتێكی توندتر لە ئاست ئێراندا بگرێتەبەر؟
- ئەگەر بڵێین بەراورد بە ئیدارەی ئۆباما سیاسەتێكی توندتر دەگرێتەبەر، ئەوا وەڵامەكە بەڵێیە. ڕاستە سنوورێك هەیە بۆ ئەوەی دەتوانێت ئەنجام بدات و، ڕەنگە هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنەكە ڕوونەدات، بەڵام فشاری زیاتر لەسەر ئێران دروست دەكات.
* بەڵام ئایا ئیدارەی ئەمەریكا دەتوانێت یەكلایەنە ئەم ڕێككەوتنە هەڵوەشێنێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم ڕێككەوتنە بە تەنیا لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا نەكراوە؟
- لە ڕاستیدا ئیدارەی ئەمەریكا دەتوانێت هەر كارێك بیەوێت بیكات، چونكە نە دووچاری زیندانی دەبنەوە و نە ڕووبەڕووی غەرامەش دەبنەوە، بەڵام ڕەنگە دەرئەنجام و ئاكامەكەی ئەو كاریگەرییە بێت كە لەسەر هاوپەیمانەكانی دروستی دەكات، واتە ڕەنگە ئەمە تەنها باجێك بێت كە بیدات، لەبەر ئەوە دەتوانێت لە ڕێككەوتنەكە بكشێتەوە.
* یەكێك لە بەڵێنەكانی دیكەی دۆناڵد ترەمپ ئەوەبوو كە لە حاڵەتی هەڵبژاردنیدا ئەوا باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئیسرائیل دەگوازێتەوە بۆ قودس، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێشبینی دەكرێت ئەم بەڵێنەی جێبەجێ بكات و ئایا ئەم هەنگاوە چەند كاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی عەرەبی؟
- لە ڕاستیدا كاندیدە كۆمارییەكان ئەم بەڵێنەیان داوە و جێبەجێیان نەكردووە، جۆرج بوشیش هەمان بەڵێنیدا، بەڵام نەیبردەسەر، لەبەر ئەوە پێم وانییە ئەمە ڕووبدات ئەویش لەبەر ئەو هۆكارانەی كە ئیدارەكانی پێشوو نەیانتوانی بیكەن، خۆ ئەگەر ڕووبدات ئەوا گرژییەكی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
Top