دلێر حوسێن بڵباس : بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە تیمێكی پزیشكی خۆبەخشمان ناردە بەرەكانی شەڕ
November 30, 2016
دیمانەی تایبەت
نورەكان وەكو رێكخراوێكی (NGO) بۆ راهێنان و پرسە نیشتمانییەكان لەدوای هێرشی تیرۆریستی داعش بۆ سەر موسڵ و دەشتی نەینەواو هەرێمی كوردستان دامەزرا، كاروچالاكییەكانی ئەم رێكخراوە چەندین بواری پرسی نیشتمانی و كۆمەكی مرۆیی ئاوارەكان لەخۆدەگرێت، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵ و چالاكیی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دلێر حوسێن سەرۆكی رێكخراوی نورەكان كردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.* ئایا تاچەند رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەهەرێمی كوردستان رۆڵیان لەهاوكاری و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەو بەهاناچوونی ئاوارەو پەناهەندەكان هەیە؟
- رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەهاوشێوەی زۆر لەچین و توێژەكانی دیكەی ناو كۆمەڵگە، سەرەڕای قەیرانی دارایی و كەمیی توانایان، بەڵام بەپێی پێویست رۆڵیان لە هاوكاریكردن و پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە هەبووە، ئەوەتا رێكخراوەكەمان كە بیرۆكەی دامەزراندنی بۆ زانای گەورەی كورد (سەعید نەوڕەسی) دەگەڕێتەوە لە31/10/2014 دامەزرا، نووسینگەی سەرەكیمان لەشاری هەولێر كردەوەو نوێنەرایەتیمان لەشاری سلێمانی و كەركووك هەیەو بەم نزیكانەش نوێنەرایەتی لەشاری دهۆكیش دەكەینەوە، هەروەها لەدەرەوەی وڵاتیش نوێنەرایەتیمان لە ئەمەریكاو لوبنان و ئوردن هەیە، بەنیازیشین لەفنلەندا نوێنەرایەتی بكەینەوە، لەو ماوەیەدا توانیمان بڕێكی باش لە خواردەمەنی بگەیەنینە پێشمەرگەكانی میحوەری مەخموور، هەروەها توانیمان تیمێكی پزیشكی پێكبهێنین كە 26 پزیشكی خۆبەخشی تێدایەو سەردانی بەرەكانی جەنگ دەكەن، هەروەها 4 تەن و نیو دەرمان و پێداویستی پزیشكیمان لەدەرەوەی وڵات گەیاندە برا پێشمەرگەكانمان، كاریش بۆ ئەوە دەكەین بڕوانامەی نێودەوڵەتی بەدەستبهێنین بۆ ئەوەی رێكخراوی نورەكان ببێتە رێكخراوێكی نێودەوڵەتی.
* لەماوەی رابردوو توانیتان بەسەركەوتوویی كۆمەڵێك كاروچالاكی تایبەت بە هاوكاری و پاڵپشتی پێشمەرگە ئەنجام بدەن، لەئێستادا چ پرۆژەیەكی دیكەتان لەبەردەستدایە؟
- لەمانگی 11ی 2015 لە رێگەی رێكخراوێكی نێودەوڵەتی توانیمان مانگانە بڕەخواردنێكی باش بۆ 335 خێزانی ئاوارەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان لەشاری كەركووك دابین بكەین و تاكو ئێستاش ئەو پرۆژەیە بەردەوامە، هاوكات چەند پرۆژەیەكی ترمان داوەتە حكومەت وەكو پرۆژەی پێوەری زیرەك و دیاریكردن و دابەشكردنی ئەمپێڕی كارەبا، لەبواری پاڵپشتیكردنی هونەریشدا سەردانی ماڵی هونەرمەندانمان كردووەو ژمارەیەك هونەرمەندیش رێزمان لێناون، سەبارەت بە رۆژی ئاڵای كوردستانیش بەكۆمەڵێك چالاكی جۆراوجۆر پێشوازی لەو رۆژە پیرۆزە دەكەین، ئێستاكەش سپۆنسەری فیلمێكی تایبەت بە ئافرەتانین كە لەلایەن مامۆستا تۆڤانی دەرهێنەرەوە ئامادە دەكرێت و لەكۆنگرەیەكی ئیتاڵیا كە تایبەتە بە توندوتیژی دژ بەئافرەتان نمایش دەكرێت، هەروەها سپۆنسەری فیلمێكی دیكۆمنتاری دەكەین كە دژی تیرۆرو ئەو مەینەتییانەیە، پرۆژەیەكی ترمان لەبەردەستدایە بە دامەزراندنی نوێنەر لەسەرجەم شاروشارۆچكەكانی كوردستان كە ئەركیان بڵاوكردنەوەی فۆرمێكە بۆ دیاریكردنی كەموكورتی و پێداویستیەكانی هاووڵاتیان بەتایبەتی لەو پرسانەی تایبەتە بە رێكخراوەكەمان، بۆ ئەوەی بۆ لایەنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرز بكرێتەوەو ئەگەر لەتواناشدا هەبێت هاوكارو یارمەتیدەری حكومەت بین.
* ئایا سەبارەت بە پرسی سەربەخۆیی كوردستان هیچ پرۆژەكتان ئەنجامداوە؟
- سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەكان رێكخراوی نورەكان توانی راپرسییەك لە 2016بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئامادە بكات، بەڵام ئیدارەی سلێمانی رێگر بوو، هەربۆیە نەمانتوانی پێشكەشی بكەین، هاوكات بۆ پرسی پەرلەمان و حكومەت و نەوت و غازو تەندروستی و پەروەردە پرۆژەیەكمان ئامادە كرد، بۆ ئەوەی لەگەڵ مەكتەبی سیاسی سەرجەم حزبەكان تاوتوێی بكەین، كە جێگای داخە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رای خۆیان دەربڕی و كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتوو هیچ ئامادەییەكیان دەرنەبڕی، هەربۆیە نامانتوانی ئەم پرۆژەیەش بچێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە.
* لەم قەیرانە داراییەدا كە بووەتە هۆكاری راوەستانی كاروچالاكیی زۆربەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، ئایا ئێوە چۆن توانیوتانە بەردەوامی بەكاروچالاكییەكانتان بدەن؟
- جێگای داخە بەهۆی قەیرانی داراییەوە زۆر لەو رێكخراوانەی مۆڵەتی فەرمیان هەبوو، دەرگاكانیان داخرا، ئەمەش زیانی بە كۆمەڵگەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گەیاند، چونكە رێكخراوەكانی NGO هاوكاری حكومەتن و دیوی مەدەنی كۆمەڵگەكەمان نیشان دەدات و ئەركی سەرشانی حكومەتیشە لانیكەم كۆمەكێكی داراییان بكات، ئێمەش بەهاوشێوەی ئەو رێكخراوانە قەیرانی دارایی زیانی پێگەیاندووین، چونكە كاتێك دامەزراین مینحەی سەرجەم رێكخراوەكان بڕا، هەربۆیە روومان لە رێكخراوە بیانییەكان و كۆمپانیاكان و خێرخوازان كردووە، بۆ ئەوەی لە كاروچالاكیەكانمان بەردەوام بین، لەم پێناوەشدا ئێستاكە نورەكان پێوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی هەیە، لەوانە رێكخراوی (من حقی الحیاە)ی لوبنانی و كۆمەڵەی (مورداكی) هۆڵەندی و رێكخراوی فۆكسینی ئیتاڵی و رێكخراوی سویدی خۆبەخش و یونسیف و UNCHR، ئەمەش وایكردووە هاوكاری و یارمەتیەكی باشی ئەو رێكخراوانە بگەیەنینە كوردستان، بەتایبەتی لەرووی دابینكردنی كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارەكان و دابینكردنی كورسیی كەمئەندامان و دەرمان و پێداویستی پزیشكی و كەرەستەی قوتابخانە، هەوڵەكانیشمان لەمبارەیەوە بەردەوامە. ئێستا لەگەڵ رێكخراوێكی خێرخوازی وڵاتی عومان لەگفتوگۆداین بۆ دابینكردنی هاوكاری و یارمەتی مرۆیی ئاوارەكان، لەبەرنامەشماندا هەیە پێوەندییەكانمان لەگەڵ رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی باش بكەین.
* بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەموارەو شەهیدبوونی ژمارەیەكی زۆری پێشمەرگە ژمارەی ئەو منداڵە نازدارانەی كە باوكیان شەهید بووە، یا لەدەستیان داوە، رۆژ لەدوای رۆژ لەزیادبوونە، ئەمە جگە لەبوونی منداڵێكی زۆری كەمئەندام، ئایا رێكخراوەكەتان لەو بوارەدا كارو چالاكی ئەنجامداوە؟
- لەپەیمانگای نابیستانی هەولێر سپۆنسەری حەڤدە نابیستانمان كردو كۆمەڵێك پێداویستیمان بۆ قوتابخانەكەیان دابین كرد، لەپرۆژەو بەرنامەی داهاتووماندا هەیە زیاتر بایەخ و گرنگی بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت بكەین. لەم ماوەیەشدا توانیمان 6015 پارچەی پێداویستی قوتابخانەكان بگەیەنینە شاری كەركووك بەتایبەتی قوتابخانەی دیاربەكر و قوتابخانەیەكیش لەداقوق، هەوڵیشمانداوە بۆ 15 منداڵی شەهید لەشاری كەركووك و چەمچەماڵ بڕی 150 دۆلار دابین بكەین بەو ئومێدەی بۆ سەری ساڵ دەست بەكارەكە بكەین، لەمانگی رەمەزانی پیرۆزیشدا توانیمان 32 هەزار دۆلار بەسەر 36 خێزانی كەركووك و چەمچەماڵ دابەش بكەین. داواكاریشم لەسەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوخشاندنەوەیەك بەكاروچالاكی ئەو رێكخراوە مرۆیی و خۆبەخشانە بكەن و هەڵسەنگاندنیان بۆ بكەن و مینحەكانیان بۆ بگەڕێننەوە كە لەم دوو ساڵەی دواییدا توانیویانە هاوكاری و كاروچالاكی باش لەبواری پاڵپشتیكردنی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بكەن و كۆمەك و هاوكارییان گەیاندۆتە ئاوارەو لێقەوماوەكان.