ھێمن غەنی : ھەندێک جار خودی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئاستەنگ بۆ رووبەروبوونەوەی تیرۆر دروست دەکات
November 28, 2016
دیمانەی تایبەت
لە زۆر وڵاتدا ھەوڵدراوە بۆ ئەوەی یاسایەک دابڕێژرێت بۆ ئەوەی رووبەڕووی تیرۆر بوەستنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە داڕشتنی یاساکەدا وەک پێویست وردەکاری و دەرھاویشتە سلبیەکانی ئەو یاسایە لەبەر چاو نەگیراوە، سەرەنجام یاساکە وەک پێویست نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بپێکێت کە لە پێناویدا یاسای بۆ دەرکراوە، ھێمن غەنی ھەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە پەیوەندیە نێودەڵەتییەکان و سکرتیری نووسینی گۆڤاری گوڵان لەسەر ئەم پرسە ئەمجۆرە رای خۆی دەربڕی.ڕووداوە تیرۆریستییەکان ئەوەندە کاریگەر و ھەژێنەرن و لە دوای ڕوودانیان ئاست و ئەندازەیەک لە پەرۆشی ھەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان کە بوار بۆ بیرکردنەوەی قووڵ و لێکدانەوەی وورد نەھێڵنەوە، ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوەی کە زۆرجار کاردانەوە و پەرچەکردارەکان لە ئاستیاندا دەرئەنجامی پێچەوانەشیان لێبکەوێتەوە، واتە ڕەنگە یاسایەک بۆ چارەسەرکردنی دەرھاویشتەکانی کردەوە تیرۆریستیەکان دەربکرێت کە زۆرجار ئاکامی دوورمەودا و بەربڵاوی نەخوازراویان لێبکەوێتەوە. بۆ نموونە ڕەنگە لە باسکردنی ڕووداوە تیرۆریستییەکانی ١١ی سێپتەمبەری سەر ئەمەریکادا وترابێت کە پێویستە جیھان دابەش بکرێت بەسەر پێش ئەو ڕووداوە و دوای ئەو ڕووداوەدا، کە بۆی ھەیە زەقترین بەرجەستەبوونی ئەو ئاڵ و گۆڕە لەو یاسایەدا بەرجەستە بێت کە بەم دواییە لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکاوە دەرچوو کە ناسراوە بە یاسایی جاستا –یاسای دادپەروەری دژ بە پشتیوانانی تیرۆریزم-، کە ڕێگە بە کەس و کاری قوربانیەکانی ڕووداوە تیرۆریستیەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دەدا بۆ ئەوەی داوا لە دژی سعودیە بەرز بکەنەوە و داوای قەرەبووی دارایی لێبکەنەوە.
ھەرچەندە ئەم یاسایە بوار بە ھەر ھاووڵاتییەکی ئەمەریکی دەدات بۆ ئەوەی داوایی یاسایی بەرز بکاتەوە لەسەر ھەر دەوڵەتێکی دیکە کە کردەوەی تیرۆریستی لەسەر خاکی ئەمەریکا ئەنجام بدات. بەڵام ھەر لە دوای تێپەڕاندن و ڕەتکردنەوەی ڤیتۆی سەرۆکی ئەمەریکاوە چەندین سیناتۆر گوزارشتیان لە جۆرێک لە پەشیمانی و پێویستی پێداچوونەوە بە یاساکەدا کرد و چەندین توێژەر ئاماژەیان بۆ لایەنە سلبی و دەرھاویشتە نەخوازرەکانی ئەم یاسای کرد وەک ئەو وتارەی بەم دواییە لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرزدا بە ناوی ھەڵەکەی کۆنگرێسدا بڵاو کراوەتەوە و باس لەوە دەکات چۆن زیان بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و بەرژەوندییەکانی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت-. چونکە وەک باسی دەکات یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەم یاسایە بریتییە لە ھەڵتەکاندنی ئەو بنەماییەی پێی دەووترێت «الحێانە السیادیە« کە ئەمەش پشێوی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست دەکات. لەبەر ئەوەی بەپێی ئەم بنەمایە دەوڵەتان ڕووبەڕووی ئەو داوا یاساییانە ناکرێنەوە لە دەوڵەتانی دیکەدا بەرز دەکرێنەوە، واتە ئەم یاسایە دەرگا واڵا دەکات بۆ وڵاتانی دیکەش بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر بەرزکردنەوەی داوا بۆ دادگاییکردنی ھاووڵاتیانی ئەمەریکی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی.
لە ڕاستیدا ئەمە بنەمایەکە کە بۆ چەندین ساڵە پەیوەندی نێوان دەوڵەتەکانی لەسەر بنیاتنراوە و ھەر لەم ڕووەوە دەکرێت ئاماژە بە ووردبینی و دووربینی دادوەر جۆن مارشاڵ بکەین کە لە ساڵی ١٨١٢دا جەختی لەسەر گرنگی ئەم بنەمایە کردەوە لە میانەی یەکلاییکردنەوەی کەیسێکی یاساییدا کە بە «The Schooner Exchange v. M›Faddon» ناسراوە و ناوەڕۆکی کەیسەکە ئەوەبو کە لە ساڵی ١٨٠٩دا فەڕەنسا دەستی بەسەر کەشتیەکدا گرت کە موڵکدارییەکەی دەگەڕایەوە بۆ دوو ھاووڵاتی ئەمەریکا، دواتر کاتێک ئەم کەشتیە لە فلادلفیا لەنگەری گرت، ئەم دوو ھاووڵاتییە ئەمەریکییە داوایەکیان بەرزکردەوە لە دادگاکانی ئەمەریکا و داوای گەڕاندنەوەی کەشتیەکەیان کرد، بەڵام لە کۆتاییدا دادگای باڵای ئەمەریکا کە جۆن مارشاڵ تێیدا دادوەر بوو بڕیاریدا کە دادگاکانی ئەمەریکا ناتوانن ئەو داوایە ببینن. کەواتە ئەم یاساییە کاریگەری سلبی و زیانبەخشی لێدەکەوێتەوە لەسەر پەیوەندی نێوان وڵاتان و ھەر لەم ڕووەوە جۆن برێنان بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ھۆشداریدا لەوەی کە ئەم یاساییە کاریگەری گەورەی لێدەکەوێتەوە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا.
بە ھەمان شێوە ئاشتۆن کارتەری وەزیری بەرگری لە پەیامێکیدا بۆ کۆنگرێس نووسیویەتی کە بۆی ھەیە ئەم یاسایە کاریگەری زیانبەخشی لێبکەوێتەوە لەسەر وەزارەتەکەی و کارمەندەکانی و ئەگەری ئەوە ھەیە ھەوڵەکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە دەرەوەی وڵات لاواز بکات. کەواتە بۆی ھەیە ئەم یاسایە ببێتە ھۆی لەمپەڕ دروستکردنی و ئاڵۆزکردنی ھەوڵ و کۆششەکانی بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوەی تیرۆریزم، لە کاتێکدا خۆی لە بنەڕەتدا ئامانج لێی کردنەوەی ڕێگایەکی یاساییە بۆ ئەوەی کەس و کاری قوربانییەکانی دەستی تیرۆریزم بتوانن قەرەبووی دارایی لەو لایەنانە بەدەست بھێنن کە بەرپرسیارێتی پشتیوانیکیردنی تیرۆریزمەکەیان بەسەردا ساغ دەبێتەوە.