فەرھاد محەمەد: تەنھا دەوڵەتی بەھێز دەتوانێت رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە و رێگە نەدات تیرۆریستان سوود لە ژینگەی دیموکراتی وەربگرن

فەرھاد محەمەد:  تەنھا دەوڵەتی بەھێز دەتوانێت رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە و رێگە نەدات تیرۆریستان سوود لە ژینگەی دیموکراتی وەربگرن
یەکێک لەکێشە سەرەکییەکان کە ئەمڕۆ دەوڵەتانی جیھان ناتوانن وەک پێویست رووبەڕووی تیرۆریستان بەگشتی و تیرۆریستانی داعش ببنەوە، ئەوەیە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و بەرژەوەندی گروپە گەورەکان، بوونە ھۆکاری ئەوەی کە دامەزراوەکانی دەوڵەت وەک پێویست ھەڵنەسوڕێن و نەتوانن بەتەواوی وەڵامی خواستی ھاووڵاتیانیان بدەنەوە. لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانی ئیسلامیش، ئەوە شتێکی بەڵگە نەویستە کە لاوازیی دەوڵەت بۆتە ھۆکاری ئەوەی داعش بتوانێت خەلافەتی ئیسلامی رابگەیەنێت، بۆقسەکردن لەسەر دەوڵەت و تیرۆر، فەرھاد محەمەد سەرنووسەری گوڵان، بەمجۆرە رای خۆی دەربری.
- ئەگەر تیرۆر وەک بەرھەمھێنانی توندڕەوی و توندوتیژی لەکۆمەڵگە پێناسە بکەین، ئەوا ئەگەر لەلایەکەوە ھەموو کارێکی تیرۆریستی پێویستی بەوە بێت کە فیکرێکی توندڕۆی لە پشتەوە بێت و بەکارھێنانی ئەو فیکرەش بۆ ئامانجی سیاسی بێت، ئەوا ئێستا لە جیھاندا ئەو راستییە بۆ ھەموولایەک دەرکەوتووە، ئەگەر دامەزراوەکانی دەوڵەت بەباشی ھەڵنەسوڕێن، ئەوا دیاردەی ھەڵوەشانی سیستمی سیاسی (Political decay) دروست دەبێت، یەکێک لەو ئاکامە خراپانەی کە سستی و لاوازی دامەزراوەکانی دەوڵەت بەدوای خۆیدا دەھێنێت و لە کۆمەڵگەدا رەنگدانەوەی زۆر نەرێنی دەبێت، دروست بوونی نایەکسانییە لە کۆمەڵگەدا، دیارە نایەکسانی کۆمەڵایەتیش دەبێتە ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و کە ئاسایشی کۆمەڵایەتیش کەوتە مەترسییەوە، ئەوا مەترسی دەکەوێتە سەر کۆی سیستمە سیاسییەکە و ئاسایشی نیشتمانی دەوڵەتەکەش.

پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و کەمکردنەوەی ھەلی کار و درووستبوونی گروپی بەرژەوەندی گەورەیە کە لەسەر ئاستی کۆمەڵگە جۆرێک لە نارەزایی و تووڕەبوون دروست دەکات.بۆتە ھۆکاری زەمینیەک بۆ سستبوون و لاوازی دامەزراوەکان دروست بکات.

لەسەر ئاستی پرۆسەی سیاسی دەوڵەتیش، جۆرێک لە سیاسەتمەداری پۆپۆلیستی بەرھەم دەھێنێت و بوونی سیاسەتی پۆپۆلیستیش وەک ئۆپۆزسیۆن لە پرۆسەی سیاسیدا، دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ھیندەی دیکە سیستمی دامەزراوەیی لە دەوڵەتدا ھەڵبوەشێنێت.



سستی و لاوازییش دەبنە بەدیلی ئەو فیکرە توندڕۆیە لە پشت ھەر کارێکی توندڕۆیی و تیرۆریستیەوە ھەیە.

ئەگەر لێرەوە ھەڵوەستە لەسەر دەرکەوتنی دیاردەیەکی تازەی تیرۆر بکەین کە ئێستا لەرۆژئاوا پێیان دەگوترێت (گورگە تەنیاکان-lone wolf terrorism) کە بەتەنیا خۆی دەبێتە جێبەجێکاری کارە تیرۆریستیەکە و ھیچ جۆرە چەک و تەقەمەنیەکیش بەکار ناھێنێت، وەک ئەو کارە تیرۆریستییەی لە شەوی ١٤ی تەموزی ئەمساڵ لەفەرەنسا بە لۆریەک ئەنجامدراو کارەساتێکی دروستکرد، یان ئەو تیرۆریستانەی ھەر لەفەرەنسا بە چەقۆ ھەڵیانکوتایە سەر کەنیسەیەک و قەشەکەیان سەربڕی، ئەمە مانای ئەوەیە سستی و لاوازی دامەزراوەکانی رۆژئاوا بۆتە سەرچاوەی ئەو فیکرە توندڕۆیەی لە پشت کارە درندەکانی گورگە تەنیاکانەوە ھەیە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ژینگەی سیاسی کوردستان و لەو روانگەیەوە سەیری دیاردەی تیرۆر و توندوتیژی لەکوردستاندا بکەین، بەوەی بەشێوەیەکی گشتی تیرۆر فیکری ئیسلامی توندڕۆیی لە پشتەوەیە، ئەوا لەگەڵ ئەوەی ھەموو جەخت لەوە دەکەنەوە کە ژینگەی کۆمەڵایەتی کوردستان لەبار نییە بۆ ئەوەی فیکری توندڕۆی ئیسلامی لە کوردستان رەگ و ریشە دابکوتێت و تیرۆری ئیسلامی لە کوردستان سەرھەڵبدات.

بەڵام ژینگەی پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و شێوازی حزبایەتی لەکوردستان بۆتە ھۆکاری ئەوەی نەک ھەر سیستمی دامەزراوەیی دەوڵەتی لەکوردستان لاواز بێت، بەڵکو وایکردووە ھەندێک دامەزراوەی دەوڵەت لە کاربکەون، ئەوجا بەھۆی ئەوەی ژینگەی سیاسی خۆی بۆتە ھۆکاری لاوازی دامەزراوە سیاسییە دەوڵەتییەکان لەکوردستاندا، ئەوا ژینگەیەکی لەباری ئەوتۆی بەناوی پابەندبوون بە دیموکراتی دروستکردووە، کە زۆر بە ئاسانی تۆوی ھاوردەکراوی فیکری توندڕۆیی بەتەواوەتی لەکوردستاندا بوونی ھەبێت و بڵاوببێتەوە.





ئەوجا وەک ھاوکێشەیەکی بیرکاری کاتێک ئەم فیکرە توندۆریە ئیسلامی یە بوونی ھەبێت و، ئەم فیکرەش بناخەی سەرھەڵدانی توندوتیژی و توندرەوی و تیرۆری ئیسلامی بێت، ئەوا ئەگەر ئێمە لەسەر سنورەکانی کوردستانیش تیرۆریستانی داعش تێکبشکێنن، ئەوا لاوازی دامەزراوەکانمان و ئەو ژینگە سیاسییە خراپەی حزبەکان درووستیان کردووە، دەبێتە نەوایەکی ئارام سەرەتا بۆ رەگداکوتانی فیکری توندڕۆیی ئیسلامی و دوای ئەویش بۆ سەرھەڵدانی تیرۆری ئیسلامی لە کوردستاندا.

دیارە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ھەم لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری نێودەڵەتی ھەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر، ھەمیش لەسەر ئاستی زۆربەی دەوڵەتانی جیھانیش یاسایەکی نیشتمانی ھەیە بۆ قەڵاچۆکردنی تیرۆر، لەم چوارچێوەیەدا لە کوردستانیش یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ھەرێمی کوردستان –ساڵی ٢٠٠٦- ھەیە، ئەم یاسایە لەگەڵ ئەوەی ئێستا کاری پێناکرێت و ماوەکەی تەواو بووە، بەڵام ئەگەر سەرنج لە شێوازی پەسەندکردنی ئەم یاسایە لەناو پەرلەمانی کوردستان بدەین، دەبینین ئەم یاسایە بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەی ٢ساڵ پەسەندکراوە و ھەموو دوو ساڵ جارێک درێژبکرێتەوە، ئەم شێوازەی کە مامەڵەی لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێکراوە بەشێوەیەکی کاتی، خۆی لە خۆیدا ئەو ژینگەیەی ناو پرۆسەی سیاسی کوردستانمان بۆ بەرجەستە دەکاتەوە کە لایەنە ئیسلامییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان چ کاریگەرییەکیان دروستکردووە.

ئەوان دەزانن تیرۆری سەردەم تیرۆرێکە کە فیکری توندڕۆیی ئیسلامی لە پشتەوەیە، بۆیە ئەگەر ئەم یاسایە وەک یاسایەکی ھەمیشەی دەربچێت، کار و چالاکی ئەوان سنووردار دەبێت، بۆیە لەناو ئەو ژینگە سیاسییە ئاڵۆزەی لەناو پرۆسەی سیاسیدا ھەیە توانیوویانە پەرلەمانی کوردستان ناچار بکەن بەشێوەی کاتی یاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەسەند بکات. ئەمەش مانای ئەوەیە دامودەزگاکانی کوردستان لاوازن، بۆیە ئەگەر ھەتا ژینگەی کۆمەڵایەتی کوردستانیش بواری ئەوە نەدات فیکری توندڕۆیی لە کوردستان ریشە دابکوتێت، ئەوا لاوازی دامەزراوەکان ئەو بوارەی بۆ رەخساند فیکری توندڕۆیی بڵاوبێتەوە.

لەسەر ئاستی سەنتەرەکانی فیکر و لێکۆڵینەوە لە ھەموو جیھان، قەناعەتێک دروست بووە، کە تیرۆر بە یاسا دەتوانرێت سنوورێکی بۆ دابنرێت بەڵام بنبڕ ناکرێت. بۆیە دەبێت بەو شێوەیە سەیری تیرۆر بکرێت، کە ڤایرۆس یان بەکتریایەکە لە کۆمەڵگەدا بوونی ھەیە و نەخۆشی بڵاو دەکاتەوە، جا بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆس و بەکتریا مرۆڤ تووشی نەخۆشی نەکات، ئەوا مرۆڤە دەبێت دەبێت سیستمی بەرگری لە لەشی خۆیدا بەھێز بێت. بەڵام ئەگەر مرۆڤەکە خۆی چەندین نەخۆشی ھەبێت، ئەوا ئەو ڤایرۆس و بەکتریا بە ئاسانی تووشی نەخۆشی دەکات.



لەم چوارچێوەیەدا ئێستا ناوەندەکانی فیکر و لێکۆڵینەوە ھەوڵدەدەن میکانیزمێک بدۆزنەوە کە دەوڵەتەکانیش بە ھاوشێوەی مرۆڤێکی تەندروست سیتمێکی بەرگری بەھێزی ھەبێت. بۆ ئەمەش بیر لەوە کراوەتەوە چۆن دەوڵەتی نەخۆش بگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی تەندروست، ئەم حاڵەتە چۆن لەمرۆڤدا پێویستە ھەموو ئەندامەکانی لەشی بەشێوەیەکی دروست کار بکات ئەوجا سیستمێکی بەرگری بەھێزی دەبێت، بەھەمان شێوە دەوڵەتیش دەبێت ھەموو دامەزراوەکانی بە دروستی کار بکات و بەجدی کار بۆ نەھێشتنی گەندەڵی بکات، بۆ ئەوەی بەھیچ جۆرێک بوار نەبێت بۆ ئەوەی فیکری توندڕۆیی لە وڵاتدا بڵاوبێتەوە، یان ھەتا ئەگەر ئەو فیکرە بوونیشی ھەبێت نەبێتە پاڵپشتێک بۆ سەرھەڵدانی دیاردەی کاری تیرۆریستی.



بۆ ئێستای کوردستان، کاراکتەرە سیاسیەکان، پرۆسەی دیموکراتیان کردۆتە ژینگەیەک بۆ گەندەڵی سیاسی. لە ئێستادا بۆ ئەوەی ئەو زەلکاوە سیاسییە بۆ بەرھەمھێنانی گەندەڵی سیاسی وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەوا ئەو حزب و لایەنە سیاسیانەی سوود لەو زەڵکاوە وەردەگرن، ھەموو ھەوڵیان ئەوەیە بەپەردەی دیموکراتی و ئازادی رادەبرین دای بپۆشن.

بۆیە کاتێک بمانەوێت گەندەڵی سیاسی بنبڕ بکەین دەبێت ئەو زەلکاوەی بۆتە سەرچاوەی بەرھەمھێنانی گەندەڵی سیاسی، وشکبکرێتەوە.

ھەروەک چۆن یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش سوود وەرگرتن بووە لە دیموکراتیەتی رۆژئاوا و ھەوڵیانداوە پرانسیپەکانی دیموکراتی بکەنە ئامراز بۆ بەرھەمھێنانی توندرەوی و ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی.

بۆیە لەم روانگەیەوە بۆ سیستمی سیاسی کوردستان گرنگە، ئەو پەردەیەی دەدرێت بەسەر زەلکاوی گەندەڵی سیاسی و گۆڕینی ژینگەی دیموکراتی بۆ ئاژاوە، بەرچاوی لێڵ نەکات و جارێکی دیکە دیموکراتی لەبەر رۆشنایی سەقامگیری کۆمەڵگە و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی کوردستان پێناسە بکاتەوە.

ئەمەش لەبەر ئەوەیە ھەتا ئەگەر ئەم یاسایەی ئێستای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان، ھەمواریش بکرێتەوە و یان دووبارە دابڕێژرێتەوە، ئەگەر سەرچاوەی زەڵکاوی سیاسی و گەندەڵی سیاسی وشک نەکرێت، یاساکە چەند بەھێزیش وەک دامەزراوەکانی دیکە ناتوانرێت بە باشی کاری خۆی بکات و لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریدا رۆڵی خۆی بگێڕێت.
Top