د.چەواس حەسەن: ھەتا بەشێک بین لە عێراق پارێزراو نابین، لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی ناوچەکە بەرێگەی گروپە تیرۆریستییەکان ئامانجەکانیان لە کوردستان جێبەجێ دەکەن
November 27, 2016
دیمانەی تایبەت
تیرۆر لە ئێستا بۆتە کێشەی تەواوی مرۆڤایەتی لە جیھاندا، جووڵەیەکی ھیندە سەیری ھەیە کە ھەموو جوگرافیا جیاوازەکان دەگرێتەوە، ئەوەشی بۆتە جیگەی سەرسوڕمانی گەورە، ئەو جووڵە و ئیمکانیەتەیە کە لەبەردەستی تیرۆریستانی داعش دەبینرێت، بۆ شرۆڤەی ئەم لایەنە، د.چەواس حەسەن پسپۆر لە یاسای گشتی نێودەوڵەتی بەمجۆرە ھەڵوەستەی لەسەر ئەم لایەنە کرد.ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری تیرۆر بکەین، ئەوا لەھەردوو رەھەندە مێژوو و جوگرافییەکەیەوە، کێشەیەکی مرۆڤایەتییە، واتە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو بە درێژایی مێژوو ئەم دیاردەیە بوونی ھەبووە و ئێستا رۆژ لەدوای رۆژ ئەم دیاردەیە فراوانتر دەبێت. ئەوجا لەگەڵ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندی و ھاریکاری ھەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە، بەڵام لەبەرامبەریشدا دەبینین بزاڤێکی تیرۆریستی جیھانی بەھەمان میکانیزمی پەیوەندی و ھاریکاری و بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بوونی ھەیە و تاکو گەیشتۆتە ئەو ئاستەی دەوڵەتیش دروست دەکەن و جێگەی خۆی دەکاتەوە، بۆیە لێرەوە سەیرکردنی ئەم دیمەنە دەبێتە جێگەی پرسیارێکی گرنگ، ئەویش ئەوەیە : ئایا ئەم گروپە تیرۆریستانە چین و کێن و بۆچی وا بە خێرایی گەشە دەکەن؟ ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر بزاڤێکی سیاسی گۆشەگیر کرا، ئەوا لەم گۆشەگیرییەوە ھەوڵدەدات بۆ ئەوەی لەرێگەی چەند شانەیەکەوە کاری تیرۆریستی بکات بۆ ئەوەی ئەو گۆشەگیرییە بشکێنێت، بەڵام ئێستا تیرۆر پێگەیەکی جوگرافیی ھەیە، دەوڵەتی راگەیاندووە، گەلی ھەیە و بۆتە کیانێکی سیاسی و جووڵەیەکی زۆر نامۆی ھەیە، ئەمەش مەترسییە گەورەکەیە، ھەر بۆ نموونە لە پاکستانەوە جووڵە دەکات بۆ عێراق و سوریا و لەوێوە بۆ لیبیا تا دەگاتە دەوڵەتانی ئەفریقیا، ھەروەھا لە ئەوروپا و رۆژئاوا تیرۆریست دەنێرێتە عێراق و سوریا و لیبیاو پاکسان، بەپێچەوانەشەوە لێرەوە بە شێوەیەکی دیکە تیرۆریست دەنێرێتەوە بۆ دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا.
کەواتە کاتێک بە قووڵایی دیاردەی تیرۆر ئەم سەردەمە رۆدەچین، سەیر دەکەین کێشەی تیرۆر زۆر لەوە گەورەترە کە کێشەی ناوچەیەک یان ھەرێمێک یان دەوڵەتێک بێت، ئەوجا لەمەش کێشەی گەورەتر ئەوەیە ھەتا ئێستا پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ دیاردەی تیرۆر نییە، شێوەیەکی جیوەیی وەرگرتوو، ئەمەش ھەر لە خودی چەمکەکەوە تادەگاتە جووڵەی تیرۆریستان و بڵاوبوونەوەیان بەسەرانسەری جیھاندا ھەمووی شێوە جیوەیەیە، ناتوانرێت دیاری بکرێت ھەتا بتوانین لە چوارچێوەیەکدا مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، یان کاری لەسەر بکەیت و بەرنامەیەک دابنێت بۆ ئەوەی بە گژیدا بچینەوە.
پێشتر بەپێی پێناسەی کۆن بۆ دیاردەی تیرۆر، یەکێک لە کێشەکان ھەژاری و برسێتی بووە، بەڵام ئێستا لەزۆربەی ئەو شوێنانەی تیرۆر بوونی ھەیە، ھەژاری و برسێتی بوونی نییە، ئەمەش مانای ئەوەیە تۆ مامەڵە لەگەڵ دیاردەیەک دەکەین بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە.
ئەگەر تیرۆر بەو جۆرە پێناسە بکەین کە پەنابردنە بۆ توندوتیژییەکی لەرادەبەدەر و لە پشتییەوە ئامانجی سیاسی ھەیە، بەڵام گرنگە سەرنج لەسەر ئەوە بدەین ئەو ئامانجەی تیرۆریستان ھەڵیدەبژێرن خودی ئەو ئامانجە مەرج نییە ئامانجێکی سیاسی بێت، بەڵکو ناردنی پەیامێکی سیاسییە بۆ شوێنێکی دیکە، ھەروەھا ئەو کەسانەشی ئەو کارانە جێبەجێ دەکەن بە دڵنیاییەوە ئاگاداری دۆسێی ڕاستەقینەی تیرۆریستان نییە، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوەی کارە تیرۆریستەکەش جێبەجێ دەکات، دەبێتە قوربانی ئەو ئامانجە نھێنیەی کە رێکخراوە تیرۆریستییەکە ھەیەتی.
ئێستا ئەگەر سەیری سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش بکەین کە لە عێراق و سوریا بوونیان ھەیە، ئەم خەلافەتەی رایانگەیاندووە زیاتر لە ٤-٥ ھەزار کیلۆمەتر سنوری ھەیە، تەنھا لەگەڵ کوردستان زیاتر لە ١٠٠٠ کیلۆمەتر سنووری ھەیە، بەڵام بە درێژایی ئەم سنوورە فراوانە لەھەر لایەکەوە ھێرش بکەیتە سەر داعش ئاگادارە و بەرپەرچ دەداتەوە، پرسیار ئەوەیە ئایا چ دەزگایەکی ھەواڵگری ئەوەندە بەھێزە و ئاگاداری ھەموو ئەو سنوورە ٤-٥ ھەزار کیلۆمەترەی داعشە و ئاگاداریان دەکاتەوە، لەمەش زیاتر داعش لەگەڵ ھەموو لایەک دیالۆگ رەتدەکاتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە داعش لەگەڵ ھەموو لایەک دوژمنە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر داعش دوژمنی ھەموو لایەکە، چۆن دەتوانین ئەم ھەموو بەرەی شەڕە بەڕێوە بەرێت؟ ئەم پرسیارە تائێستا بەروونی وەڵامی نییە، بەڵام زۆر جار بۆچوونەکان بەرەوە ئەوە دەچن کە داعش بۆتە ئامڕازێک بەدەستی وڵاتانەوە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی دەرەوەیان.
خاڵێکی دیکەی گرنگ کە دەبێتە جێگەی سەرسامی، ئەو حاڵەتانەیە کە دوای سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە دەیانبینین، ھەر بۆ نموونە کاتێک پێشمەرگە گوندێکی بچووک لەدەستی داعش رزگار دەکاتەوە، دەبینین داعش بە بڕی ملیۆنەھا دۆلار ئیمکانیەتمان پیشاندەدات کە لەو گوندەدا بۆ لێدانی تونیل و درووستکردنی بۆمب سەرفی کردووە، پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا دەبێت سەرچاوەی ئەم توانا ماددیە لە کوێیەوە بێت؟.
لەم راستەوە کە سەرنج دەدەین، ئەو ھۆکارانەی بوونە پاڵپشت بۆ رێکخراوێکی تیرۆرستی وەک داعش لەسەر چەند ئاستیکە لەوانە، بوونی ئایدلۆژیەتێکی زۆر توندڕەو لە پشت ئەم تیرۆریستانەوە، کە تیرۆریستان دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی لە پێناوی ئەو ئایدلۆژیەتە خۆیان بتەقێننەوە و قوربانی بە گیانی خۆیان بدەن، کە ئاگاشیان لە ئامانجی ئەو رێکخراوە نییە، لەسەر ئاستی دەوڵەتانی ئیقلیمیش ھەست دەکەین زۆربەی وڵاتەکان کەم تا زۆر پەیوەندییەکیان لەگەڵ داعش ھەیە، جاری واھەیە تووشی سەر لێشوانێکی وا دەبین نازانین داعش لەگەڵ کامیان پەیوەندی ھەیە و دژی کامی تریانە، ئەمەش بەو مانایەی لە چوارچێوەیەکی فراواندا ھەست دەکەین ململانێیەکی قوڵی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ھەیە، ئەم ململانێیە لەسەر گەشەی تیرۆر بە ئاشکرا رەنگی داوەتەوە.
ئەگەر بێینە سەر ھەرێمی کوردستان و ئەو پرسیارە ئەگەر بکەین بۆچی لەناوخۆی کوردستان فیکری تیرۆر تارادەیەک نامۆیە؟، لەوانەیە ھەندێک بیگێڕنەوە کە پێکھاتەی کۆمەڵگەی ئێمە بەو جۆرەیە یارمەتی ئەوە نادات کوردستان ببێتە نەوایەکی ئارام بۆ گەشەی تیرۆریستان، بەڵام لێرەدا مەترسییەکی دیکە ھەیە کە نابێت لەبەر چاوی نەگرین ئەویش ئەوەیە، ھەتا کوردستان بەشێک بێت لە عێراق، ئێمە لە مەترسی تیرۆر پارێزراو نابین، بۆیە دەبێت لەسەر ئەم خاڵە ھەڵوەستەی جدی بکەین، لێرەدا دەبێت ئەو پرسیارە لەخۆمان بکەین، ئایا کاتێک داعش لەرووی سەربازییەوە تێکدەشکێت و نامێنێت، ئایا دەوڵەتانی ناوچەکە ئەجیندای خۆیان بەرێگەی تیرۆر لەکوردستان جێبەجێ ناکەن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لەوانەیە جێگەی دیراسەت و لێکۆڵینەوە بێت، بەڵام ئەمە دەبێت وەک مەترسییەکی جددی سەیر بکرێت و لەوانەیە شەڕێکی دیکەی تیرۆریستان یەخەی کوردستان بگرێت.
سەبارەت بە تیرۆر و دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا، دیارە لە ئێستادا لە ناوخۆی خۆیدا کێشەی ھەیە و لە ئاڵۆزییەکدان کە پرۆسەی یەکگرتن لەناو ئەو یەکێتییەدا راوەستاوە، لەرووی سەربازیشەوە نەیانتوانیووە ھێزێکی تایبەتی ئەوتۆ دروست بکەن کە بتوانن بەیەکگرتووی رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە. لەمەش زیاتر ئێستا لەناو جەرگەی یەکێتی ئەوروپا دا ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی ئەندامی رێکخراوە تیرۆریستیەکانن، ئەوا تیرۆریستان ھەر کاتێک بیانەوێت کارێکی تیرۆریستی دژی ئەو وڵاتانە ئەنجامبدەن ئەوا بە ئاسانی دەتوانن ئەنجامی بدەن.