د. نەژدەت ئاکرەیی: لە نەبوونی یاسای تیرۆردا دەبێت کار بە یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم و یاسای دەزگای ئاسایش بکرێت نەک یاسای سزادانی عێراقی
November 26, 2016
دیمانەی تایبەت
ھاوکات لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکاری لە سیستمی جیھانی و سەرھەڵدانی شێوازێکی تازەی تیرۆر، پێویستە خوێندنەوەکانیش تازە بن و ئەو پێشھاتە تازانە لەبەر چاو بگیرێن، بۆ شرۆڤە و خویندنەوەی تازە بۆ دیاردەی تیرۆریستانی داعش، د.نەژدەت ئاکرەیی تایبەتمەند لەیاسای گشتی بەمجۆرە لەسەر ئەم وەرچەرخانە قسەی کرد.بۆ ئەمڕۆی جیھان و مامەڵەکردن لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی تازە ھەیە، ئەمەش بەو مانایەی ئایا لەناو ژینگەی دیموکراتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دیاردەی جیھانگەرایی چیمان پێدەکرێت. تیرۆر لە ئێستا وەک شێرپەنجە بڵاو دەبێتەوە، ئەمەش بەو مانایە نە ھەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی و نە ھەوڵە نیودەوڵەتییەکانیش نەیانتوانیوە رێگە لە بڵاوبوونەوەی ئەم شێرپەنجەیە بگرن، بەپێچەوانەوە ھەر رۆژێک بەشێواز و فیکرێکی جیاوازەوە لە شوێنە جیاوازەکانی جیھان سەرھەڵدەداتەوە.
ھەر بۆیە تیرۆر وەک تاوانێک پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی و نیودەوڵەتییەوە ھەیە، لە بڕیاری ١٣٧٣ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک ھەڕەشەیەک بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیھانی پێناسەکراوە، لەو ژمارە دەوڵەتەی ئەمڕۆ لە جیھاندا ھەن، نزیکەی ١٥٠ دەوڵەت لەسەر ئاستی نیشتمانی یاسای بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکردووە.
لە ھەموو ئەو رێوشوێنانەی بۆ دژایەتی تیرۆر گیراوتە بەر، دیارە کۆمەڵێک خاڵی ھاوبەش ھەیە، بەڵام لەبەرامبەردا کۆمەڵێک ئیشکالیەتیش بوونی ھەیە، ئەمەش بەو مانایەی ھەموو دەوڵەتانی جیھان لەسەر شێوازی داڕشتن و ھەژمارکردنی کارە تیرۆریستییەکان ھاودەنگن، بەڵام جیاوازن لەرووی شێوازی پێناسەکردنی دیاردەی تیرۆر ھەیە، رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانیش لەسەر کارە تیرۆریستییەکان ھاودەنگ، بەڵام لەسەر پێناسەیان بۆ تیرۆر ھەندێک حاڵەتیان دیاریکردووە و ھەموویان دیاری نەکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ھەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی دەبێت، پشتگیری دارایی لە تیرۆریستان ببڕێت، ئەمەش واتە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەبێت سەرچاوەی زەلکاوی تیرۆر وشک بکرێت، نەک تەنھا ئەو مێشولانە بکوژرێن کە لە زەلکاوەکە دێنە دەرەوە.
خاڵێکی دیکە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بۆتە کێشە ئەوەیە کە دادگایەکی نیودەوڵەتی تایبەت بە تاوانی تیرۆر نیە، ھەر بۆیە ئێستا پێشنیارەکان بەرەو ئەوە دەچن دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت بەکارە تیرۆریستەکان دابمەزرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تیرۆر تاوانیکی جیاوازە و بەدەبێت بە شێوازیکی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و بەھەموو شێوەیەک دیالۆگ رەتدەکاتەوە، تەنانەت لە عێراقیشدا ھەندێک لە گروپەکان ھاتنە ناو پرۆسەی دیالۆگ، بەڵام کە بینیان رێکخراوی قاعیدە بەھێز بوو چوونە ناو قاعیدە، کە بینیان داعش پەیدابوو بەیعەیان بۆ داعش کردو پاشگەزبوونەوە لە دیالۆگ.
سەبارەت بەدووبارە چاوخشاندنەوە بە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ و یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ھەرێمی کوردستان ٢٠٠٦، ئەوا ھەردوو یاساکە ١٠ ساڵ زیاتریان بەسەردا تێپەڕیووە و لەو ماوەیەشدا گۆڕانکاری گەورە و تازە ھاتوونە ئاراوە، لانیکەم کاتێک ئەم دوو یاسایە داڕێژراوە داعش بوونی نەبووە ئێستا داعش ھەیە، بۆیە دەبێت ھەموو بکرێنەوە یاخود سەرلەنوێ دابڕێژرێنەوە، ھەروەھا لەیاسای عێراقیدا لەسەر بنەمای دادپەروەری تۆڵەسەندنەوە (العدالە الانتقامیە) تارادەیەک مامەڵە کراوە، راستە لە یاساکەدا ئاماژە بەوە کراوە دەبێت تاوانبار پارێزەری ھەبێت، بەڵام بوونی پارێزەر شکلییە.
دیارە سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کە لە کوردستان بەشێوەی کاتی دەرکراوە و ھەر دووساڵ جارێک دەبێت درێژ بکرێتەوە، ئەمە لە ژێر گوشاری حزبە ئیسلامییەکان لە پەرلەمان وایلێکراوە، ئێستا کە ئەم یاسا درێژ نەکراوەتەوە، ئەنجوومەنی شورا پەنای بردووە بۆ یاسای سزادانی عێراقی و یاسای پەنابردن بۆ دروستکردنی تەقینەوە لەساڵی ١٩٩٢ ھەرێمی کوردستان، ئەو کات لەساڵی ١٩٩٢ و ١٩٩٣ و ١٩٩٤، لەبەر ئەوەی رێکخراوە بیانییەکان لە کوردستان بوون، ئەو کات تیرۆر بەم شێوەی ئێستا نەبوو، عێراق و دەوڵەتانی دیکەی دراوسێی کوردستان دەیانویست کوردستان بکەنە شوێنی یەکلایکردنەوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دەیانوویست بەرێگەی دەزگا ھەواڵگریەکانیان ئەو رێکخراوانە بتەقێنەوە، یان رۆژنامەنووسانی بیانی بکوژن، بۆیە یاسایەکی دیکەش بەناوی ( یاسای پارێزگاریکردن لە رۆژنامەنووسە بیانیەکان) لەلایەن پەرلەمانی کوردستان دەکرا، بۆیە لە ٢٠٠٣ پەرلەمانی کوردستان دوای رووخانی رژێمی بەعس، پێی وابوو ئەو کارانە لەگەڵ رووخانی رژێمی پێشوو کۆتاییان دێت بۆیە کارکردنی بەو یاسایە راگرت.
سەبارەت بەچارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێموایە، ئەنجوومەنی شورای کوردستان، ئەوەی لە بیرچووە کە ئێمە دوویاسای دیکەمان ھەیە کە بریتین لە (یاسای ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێم ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢ و یاسای دەزگای ئاسایشی ھەرێم ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٢) کە دەکرێت لەبری یاسای تیرۆر کاری پێ بکرێت، بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو دوو یاسایە ئیشکالیەتمان کەمتر دەبێت.
لێرەوە ئەگەر بێینە سەر تیرۆریستانی داعش وەک شێوازێکی تازە بۆ دیاردەی تیرۆر، دیارە لە چەمکی کۆندا بۆ دیاریکردنی تیرۆریست، بریتییە لە ( دەمانچە، تەلەفون، دەمامک)، بەڵام ئێستا داعش خۆی وەک دەوڵەت راگەیاندووە، ئەمەش مانای ئەوەیە دیاردەی تیرۆر لە داعشدا گەیشتۆتە قۆناخێکی دیکەو نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە داعش نەوەی پێنجەمی ئیسلامی سیاسیە و بە نەوەی سێھەمی رێکخراوی ئەلقاعیدەیە ھەژمار دەکرێت، بۆیە دەبێت بەشێوازێکی زۆر سەردەمیانەو پێشکەوتووانە ستراتیژ بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش دابڕێژێت.
سەبارەت بە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ریکخراوە نیودەوڵەتیە کە لەدوای کۆتایھاتنی شەڕی دووەمی جیھانی دامەزراوە ھەتا ئێستا وێرای ئەو ھەموو ھەموو گۆرانکاریە بەسەر سیاسەتی جیھانی ھاتووە و بەڵام گۆرانکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ھاوشانی گۆڕانکاریەکانی جیھان نەبووە، بۆیە کاتێک سەیری ھەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرامبەر تیرۆر دەکەین، دەبینین ھەڵوێستەکە نەرمە و بێجگە لە سەر کۆنەکردن و پیشاندانی نیگەرانی شتێکی ئەوتۆی تیدا نییە.
سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستانیش، بێگومان پێویستی بەداڕشتنەوە ھەیە بۆ ئەوەی ئەم راستیانەی تێدا لەبەر چاو بگیرێت و بکرێتە پرۆژەیەکی تازە بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی واقیعی سیاسی ئێستا بەرجەستە بکاتەوە.