د. عەبدولمەلیک یونس محەمەد: تیرۆر پێش ئەوەی ئەنجامدانی کارێک بێت پیادەکردنی فیکرێکە بۆیە دەبێت بە فیکر رووبەڕووی ببینەوە
November 26, 2016
دیمانەی تایبەت
تیرۆر لەرووی مێژووییەوە دیاردەیەکە بە درێژایی قۆناخەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوونی ھەبووە، لە ھەموو قۆناخەکانیشدا ھەموو کارێکی تیرۆریستی فیکرێکی توندرۆیی لەپشتەوە بۆ قسەکردن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە شێوازی فیکری، د.عەبدولەمەلیک یونس محەمەد تایبەتمەند لەبواری یاسای کارگێڕی نێودەوڵەتی بەمجۆرە باسی ئەم لایەنەی کرد.من پێم باشە لەو خاڵەوە دەست پێبکەم، کە فیکر و تیرۆر پێکەوە گرێدەداتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تیرۆر پێش ئەوەی کارێکی تێکدەرانە بێت فیکرە، بۆیە لەرووی لۆژیکییەوە پێمان دەڵێت: فیکر بە فیکر رووبەڕووی دەبینەوە پێش ھەر شتێکی دیکە.
فیکری تیرۆر زۆر کۆنە و نوێ نییە، لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە ئەم فیکرە بوونی ھەبووە، بۆیە بەپێی قۆناخە جیاوازەکانی مێژوو پەرەی پێدراوە ھەتا گەیشتۆتە ئەمڕۆ.
کاتێک باسی تیرۆر دەکەین وەک فیکر لەسەدەی رابردوودا، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ گروپێک لە فەلەستین کە گروپێکی جوو بوون بەناوی ( ئەلسکارین)، ئەم گروپە بیروباوەڕێکیان ھەبوو کە ئەویش ئەوەبوو دەیانگووت دەبێت ئێمە دژی ھەر ئاینێک بین کە لە ئایینەکەی ئێمە جیاواز بێت یان دژمان بێت، ئەوان بە چەقۆ کاری تیرۆریستیان ئەنجامدەدا ناویان لێنابوو (کوشتنی پاک یان القتل النقی) بەمەش پێیان وابوو کە ھەم دوژمنەکانیان لەناو دەبەن ھەمیش خۆیان پاداشت وەردەگرن.
دوای ئەمان گروپێکی دیکە پەیدا بوون کە خۆیان بەلایەنگری گروپی ئەلحەشاشین دەزانی لە پاکستانەوە دەستی پێکرد، ئەمانە بانگێشەی ئەوەیان دەکرد کە خۆیان لەسەر ئیسلام ھەژمار بکەن، بۆیە ئەوانیش بە شێوازی خۆیان دەستیان بەکاری تیرۆریستی کرد ھەموو ئامانجیان ئەوەبوو بوونی خۆیان بسەلمێنن و ئەو ھۆکارەشی پەنای بۆ دەبەن مەشروعە، ئێستاش جارێکی دیکە تیرۆریستانی داعش دەیانەوێت تیرۆر بە ئیسلامەوە بلکێنن، بەڵام تیرۆر پەیوەندی بە ئایینەوە نییە .
لە ئێستادا گەورەترین کێشە کە رووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەوەیە کە تیرۆر پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە، ھەروەھا بە پێوەری جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەکرێت، دیارە کە دەشڵێن تیرۆر پێناسەی نییە مەبەست ئەوەیە کە ھەر توێژ و نەتەوەو مەزھەبێک ھەوڵدەدات لەو گۆشە نیگایەوە پێناسەی تیرۆر بکات کە لەبەرژەوەندی خۆیدایە، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت : لە رووبەڕووبونەوەی تیرۆر دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە:
١- بەشێوەیەکی مامەڵکردنی جۆراوجۆر لەگەڵ تیرۆر نەمێنێت.
٢- رێککەوتنێک ھەبێت لەسەر نیشتمانی بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ تیرۆردا.
لەم روانگەیەوە ئەگەر بێینە سەر ئەو واقیعەی ئێستا چۆن ئەو گروپانە پۆلین کراون لەو تۆمارانەی بە ناوی تیرۆریستان بڵاودەکرێنەوە، دەبینین ھەندێک گروپ کە ئێستا بە تیرۆریست تۆمار کراون ٣٠- ٤٠ ساڵ پێش ئێستا لە ریزی بزاڤەکانی رزگاری نیشتمانیدا بوون لە وڵاتەکانی خۆیان، ھەروەھا زۆربەی وڵاتە زلھێزەکانیش پشتگیریان لێدەکردن، بەڵام ئەمڕۆ بەرژەوەندیان گۆڕاوە و بە تیرۆریست تۆماریان دەکەن.
سەبارەت بە چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریش لەوڵاتی خۆمان وەک ھەموو وڵاتانی دیکەی جیھان، پێویستە ئێمەش یاسایەکمان ھەبێت، سەبارەت بەم یاسایە نەک ھەر لە کوردستان بەڵکو لە یاسای وڵاتانی دیکە بەشێوەیەکی وورد سیماکانی تیرۆر دیاری نەکراوە و ھەر وڵاتێک لە روانگەیەکەوە پیناسەی کردووە یان دیاری کردووە، ھەروەھا سەبارەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستانیش، لە ماددەیەی یەکەمی تا دوایین ماددەی، بەشی زۆری ماددەکانی دووبارەیە و لە یاسای ئسوڵی دادگاییکردنی عێراقدا ھاتووە. بۆیە دەبێت ئەم یاسایە بەلەبەرچاوگرتنی پێشکەوتنی نوێ دووبارە دابڕێژرێتەوە.
کەواتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەبێت شێوازی داڕشتنی یاساکان پێشکەوتووتر بێت، کە لەم یاسایەدا بتوانرێت پێشکەوتنی میکانیزم و فیکری تیرۆر بەرپەرچ بداتەوە، لەبەر ئەوەی ئێستا میکانیزم و فیکری تیرۆر گۆڕانکاریی زۆر گەورەی بەسەردا ھاتووە و زۆر لەو میکانیزمە کاریگەرترە کە دەوڵەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەکاری دەھێنێت.
گرنگە ناوەندی لێکۆڵینەوەمان ھەبێت وەک داڕشتنی فیکرێک بۆ دژایەتی فیکری تیرۆر، لەم ناوەندە گرنگە لایەنی پەیوەندار کە ئەرکیان ئەوەیە بەگژ تیرۆردا بچنەوە پێکەوە کاربکەن، ئەوجا ئەم فیکرەی دژایەتی تیرۆری پێدەکەین، نیشتمانی بێت یان نەتەوەیی یان فرە ئایینی، دەبێت فیکرێکی چەسپاو بێت، ھەموو کۆک بن لەسەر ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو فیکرە بە گژ تیرۆردا بچنەوە. ئەمەش لەو روانگەیەوەیە لەبەر ئەوەی تیرۆر فیکرە، ئەوا ھیچ چار نیە دەبێت بە فیکر رووبەڕووی ببینەوە.
- گرنگە دەوڵەت پابەندبێت دادپەروەری کۆمەڵایەتییە وە، دیارە لە ھەموو دەوڵەتێکدا گەورەترین ھۆکار بۆ ئەوەی ببێتە زەمینەیەک بۆ ئەوەی فیکری تیرۆر گەشەی تێدا بکات، نەبوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.دیارە کە دادپەروەری کۆمەڵایەتیش نەبوو، کێشەی ئابوریش سەر ھەڵدەدات، ئەمەش واتە تاک ئینتمای نیشتمانی و نەتەوەیی لێ دابماڵڕێت و لەم حاڵەتەشدا ھەست بەنامۆ بوون دەکات و ھەستناکات وڵاتی خۆیەتی، بۆیە وەک ھەنگاوێکی گرنگ بۆ راستکردنەوەی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی، گرنگە دەوڵەت بایەخ بەم لایەنە بدات.
-لەبەر سەرچاوەی فیکری توندڕۆی ئایینی و توندوتیژی ھاوردەیەی دەرەوەیە و بەژینگەی کومەڵایەتی کوردستان نامۆیە، بۆیە ھەتا رەگ و ریشەی لەکوردستان دانەکوتاوە، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئاسانترە.