د.رەشاد میران : لە یاسای بەرەنگابوونەوەی تیرۆر تەنھا ئاماژە بۆ تیرۆری چەکداری کراوە،لە کوردستاندا چەندین شێوازی دیکەی تیرۆر بوونی ھەیە
November 23, 2016
دیمانەی تایبەت
تیرۆر بە ھەموو جۆرەکانییەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ کۆمەڵگە ھەیە، سۆسیۆلۆژەکان بەچاوێکی فراوانتر لە یاساناسان سەیری دیاردەی تیرۆر دەکەن و کۆمەڵێک دیاردەی دیکە بۆ تیرۆر زیاد دەکەن وەک تیرۆری( فیکری، کەلتوری، رۆشنبیری ..ھتد) بۆ قسە کردن لەسەر ئەم لایەنە پرۆفیسۆر رەشاد میران بەمجۆرە تیشکی خستە سەر ئەم لایەنە.لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆنگرەیەک بەسترا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە کوردستاندا، بۆیە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستانیش ھەر دوای ئەو کۆنگرەیە دەرچووە، ئەمەش مانای ئەوەیە زۆر بە پەلەپەل و زۆر بەھەژاری لەرووی یاساییەوە، ئەو یاسایە دەرکراوە، ھەروەھا زۆر بە ھەژاریش لەرووی دەربڕینی یاساییەوە نوسراوەتەوە، دیارە لەگەڵ ئەوەی من تایبەتمەندنیم لەبواری یاسا بەڵام لەزۆر رووەوە ھەست بە ھەژاری ئەو یاسایە دەکەم، لێرەوە دێمە سەر بواری کۆمەڵناسی وەک تایبەتمەندی خۆم، دیارە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بناخەیە بۆ ھەر سەقامگیرییەکی دیکە و بۆ بەڕێوەچوونی کۆمەڵگە، بەڵام بە ھیچ جۆرێک لە یاساکەدا ئاماژە بۆ ئەم پرسە گرنگە نەکراوە، ھەرچەند بە شێوەیەکی گشتی نووسراوە ھەرێم و کۆمەڵگە، بەڵام دەبوایە زیاتر بەدیاری کراوی بنووسرایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەم حاڵەتە دەربڕینە یاساییەکە بەھێزتر دەبوو، ئەمە بێجگە لەوەی ئەمە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ئاگاداری رەوشی کۆمەڵایەتی بن.
لەلایەکی دیکە لەم یاسایەدا تەنیا باس لە کاری تیرۆیستی کراوە وەک لایەنە چەکداریەکەی یان ئەو لایەنەی چەک و تەقەمەنی تێدا بەکار دەھێنرێت، بەڵام تیرۆر شێوازی ھەمە جۆری ھەیە، لە کاتیکدا ئێمە تیرۆری کۆمەڵایەتی، فیکری، کەلتوریشمان ھەیە، ھەروەھا ھەندێک کەموکوڕی لە دەربڕینە یاسایەکانی ئەو یاسایەدا ھەیە، کە دەبوایە بەجۆرێکی دیکە دابڕێژرایە یاخود دەوڵەمەند بکرێت، یەکێک لەوانە من ناڵیم بخرێتە ئەو ئاستەی کە سێدارەدانی لەسەرە، ئەوا یەکێک لەو شوێنە گرنگ و ھەستیارانەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر باری کۆمەڵایەتی ئێمە ھەیە، مینبەری مزگەوتەکانە کە بە ئەنقەست بەمەبەستی تیرۆری فیکری و ئایینی بەکاردەھێنرێت. یان مینبەری رۆشنبیری و کۆرو کۆبوونەوە کە زۆر جار بەجۆرێکی خراپ سوودیان لێوەردەگیرێت و دەچنە چوارچێوەی بازاڕگەرمی و ھاندان بۆ کاری تیرۆریستی، کەچی بەیەک وشەش لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێنەکراوە.
بۆیە ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە بمانەوێت یاسایەکی دەوڵەمەندترمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە کوردستاندا ھەبێت، ئەوە دەبێت زۆر فراوانتر سەیری کۆمەڵگە بکەین و بزانین ئەو ھۆکار و شوێنە گرنگە کۆمەڵاتییانە چین کە دەبێت بیانپارێزین.
بەداخەوە من واھەست دەکەم تا ئێستاش حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەو فراوانییە سەیری کۆمەڵگە ناکات، ئەمەش بەو بەڵگەیەی ھیچ حسابێک بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناکات. ئەمەش لەبەر گرنگی ئەم پرسەیە، لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەدەست دەرچوو، واتە دەسەڵات و دەوڵەتمان لەدەست چوو.لایەنێکی دیکە ئێمە گرنگی بە پەیوەندییە کلتورییەکان نادەین،ئەمە لە کاتێکدا ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کلتوری بناخەی ھەر کۆمەڵگە و سیستەمێکن.
لایەنیکی دیکە کە ئەویش زەمینە بۆ توندوتیژی و تیرۆر فەراھەم دەکات، بارودۆخی ئابوری کۆمەڵایەتییە، تەزویرکردنی پارە، پێویستە ئەمەش لە یاساکە زیاد بکرێت، چونکە دەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆری ئابورییەوە، ھەروەھا دەبێت ھەندێک بابەتی کۆمەڵایەتی و کەلتوری لەو یاسایە زیاد بکرێت و رەھەندەکانی دیکەی تیرۆر لەو یاسایەدا جێگەی بکرێتەوە.