رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان رەھەندەکانی تیرۆر چین و دەتوانین بەرامبەر ئەم دیاردە ترسناکە چی بکەین؟
November 23, 2016
دیمانەی تایبەت
بۆ بەرپەرچدانەوە و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر ھەموو دەوڵەتانی جیھان لەم سەردەمە یاسای تایبەتیان لەسەر ئاستی نیشتمانی دەرکردووە و لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە پشت بەستن بە بریاری (١٣٧٣)ی ئەنجوومەنی ئاسایش ھەوڵدراوە رێگە لەم دیاردەیە بگیرێت، بەڵام ھاوکات رەخنەش لەسەر ئەو ریوشوێنە یاساییانەش ھەیە کە لەم پێناوە گیراونەتە بەوەی ھەندێک لەو یاسایانە بوونە ھۆکاری ئەوەی ئازادی تاک سنوردار بکرێت یان تاک ناچار دەکات دەست لەبەشێک لە ئازادییەکانی خۆی ھەڵبگرێت؟ لەمەش زیاتر لەگەڵ سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش جۆری دیکەی کاری تیرۆریستی وەک تیکدان و تەقاندنەوەی موزەخانەو شێواندنی شوێنەوارەکانیش پەیدابووە، ھەروەھا بڕینی ئەندامەکانی لەش و سووتاندن و فڕێدانە خوارەوە و مرۆڤەکان لە شوێنی بەرزەوە،خنکاندنی مرۆڤ لەناو قەفەزی ئاسنیندا، کە ھەموو ئەمانەش پێویستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتی یاسایی ھەیە بۆ رووبەروو بوونەوەی تیرۆریستان.لەم چوار چێوەیەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنھا بەداڕشتنی یاسایەک دەکرێت؟ یان رێگەی دیکەش ھەیە وەک رەخساندنی زەمینەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆر یان بە گرتنەبەری شێوازی فیکری و سیاسیش؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەو ھەڵسەنگاندنی رەھەندە جیاوازەکانی تیرۆر، ئەنیستیتۆتی دیراساتی نیشتمانی بە ھاوبەشی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، پەنێڵێکیان بۆ ژمارەیەک لە دەستەبژێری پسپۆرە جیاوازەکان رێکخست بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، لەم پەنێڵەدا، ئەم بەڕێزانە بەشداریان کردووە:
١. د.شێرزاد نەجار
٢. د. رەشاد میران
٣. د.تاڤگە بوستانی
٤. دادوەر عەبدولباست فەرھادی
٥. د. ساحیب قارەمان
٦. د. عەبدولمەلیک یونس محەمەد
٧. د.نەژدەت ئاکرەیی
٨. د.کەمال سەعدی
٩. عەبدولرەحمان سدیق
١٠. د.چەواس حەسەن
١١. ھێمن غەنی
١٢. فەرھاد محەمەد
لەم پەنێڵەدا ھەر تایبەتمەندێک بەپێی پسپۆری خۆی لەسەر رەھەندێکی تیرۆر رای خۆی دەربڕیووە، بۆیە گۆڤاری گوڵان و ئەنیستیتۆتی دیراساتی نیشتمانی بریاریاندا، رای ئەو پسپۆرانە وەک خۆی بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی زەمینەیەک بۆ وتووێژێکی فراوانتر بڕەخسێنێت و ھەر لایەن و پسپۆرێکیش بیەوێت بەشداری ئەم وتووێژە بکات، گوڵان بە رێزەوە بۆچوونەکانی بڵاو دەکاتەوە.
د.شێرزاد نەجار ئوستادی فەلسەفەی سیاسی:
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەیوەندی بە ئەقڵانیەتی سیاسییەوە ھەیە بۆ ئەوەی ھۆکارەکان دەستنیشان بکرێن
دیاردەی تیرۆر لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی رەگی داکوتاوە، بەڵام ھەموو کارێکی تیرۆریستی کۆمەڵێک ھۆکار لە پشتییەوە خۆیان حەشارداوە، ئەوجا کاتێک باس لەو رێوشوێنانە دەکرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر ئەوا دەبێت بەشێوەیەکی ئەقڵانی بەدوای ئەو ھۆکارانە بگەڕێین کە بوونە فاکتەرێک بۆ سەرھەڵدانی تیرۆر، د.شێرزاد نەجار ئوستادی فەلەسەفەی سیاسی بەمجۆرە تیشکی خستە سەر ئەم لایەنە.
تیرۆر دیاردەیەکی کۆنی رەگداکوتراوە لە مێژوودا، بەڵام دەرکەوتنی وەک چەمکێکی تازە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی ١٧٨٩ زیاتر ھاتە ئاراوە، کاتێ کردەی تیرۆر بە ترس و تۆقاندنەوە گرێدرا، تەنانەت ھەندێ کەس وەک دادپەروەرییەکی توندیان لەقەڵەم دا کە بە بوونی تیرۆر ھەموو پیرۆزییەک لەبەین دەچێت، ھەروەھا (رۆبسێر) تیرۆری وەک رێگایەک بۆ جێبەجێ کردنی دیموکراسی دانا، ئەو لە وتەیەکیدا لەبەردەم ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانیی فەرەنسا لە ساڵی ١٧٩٣ گوتی «ئێستا کاتی یەکسانی ھاتووە بۆ ئەوەی داسەکەمان بەسەر سەرانەوە بسووڕێتەوە، ئێستا کاتی تۆقاندنی پیلانگێڕان ھاتووە، ئەی یاساداڕێژەران تیرۆر بخەنە کارنامەکانتانەوە. با شمشێری یاسا بەسەر تاوانبارانەوە بخوولێتەوە».
ئەم جۆرە تیرۆرە دەسەڵاتداران پەیڕەویان کرد بە شێوەیەک کە دەکرێ پۆلینی بکەین بەوەی کە تیرۆری دەوڵەتە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەو ئاراستەیە بە بەکارھێنانی تیرۆر وەک شێوازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات لە ماوەی نێوان ھەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانی زیاتر بەردەوام بوو بەھۆی دامەزراندنی رژێمە دیکتاتۆریە تۆتالیتارییەکان لە ئەوروپا وەک حوکمی فاشیزم لە ئیتاڵیا و حوکمی نازییەت لە ئەڵمانیا، بەڵام تیرۆر تەنیا لەم جۆرەدا نەوەستا بەڵکو بەشێوەیەک پەرەی سەند تا گەیشتە ھەندێ رێکخراو کە تیرۆریان کردە شێوازو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لێرەدا جۆرێک لە شێواندن لە چەمکی تیرۆر ھاتەئاراوە بە شێوەیەک کە ئەم چەمکە بوو بە چەمکێکی تەڵەکەبازانە، دواتر بوو بە نموونەیەکی سیاسیی تازە، کە دەیەوێت بەرەنگاری رۆشنگەری ببێتەوە کە ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی خودرێگریی لە دیموکراسییە لیبرالییەکانی رۆژئاوا، ئەم قەیرانە بووە ھۆی ئەوەی کە پێویستی بە راستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی نێو کۆمەڵگا ھاوچەرخەکانی رۆژئاوادا ھەبێت بەمەبەستی گۆڕینی دەروونە داخراوەکان کە دەبێت دان بنێن بەوەی کە ژیانی کۆمەڵگەی راستەقینە بریتییە لە تێڕوانین بۆ ئایندەو رێزگرتنی کەسانی دیکە بە شێوەیەک دوور لە کاریگەریی رابردوو.
تیرۆر کاریگەریی دژ بە شارستانییەت ھەیە، ھێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر بێتاوان و سڤیلان، بەڵام ئەمە وەسفکردنە بۆ کاری کەسانی دیکە، لە کاتێکدا کە ئەو رێوشوێنانە پشتگوێ دەخرێن کە دەبنە ھۆی درووستبوونی تیرۆر. ئا لێرەدا ھاوپەیمانێتیی(چەپەڵ) لە نێوان کاریگەرییەکانی تۆتالیتارییەت و کاریگەرییەکان و پەنابردن بۆ تاکڕەوی و داخراویی سەرھەڵدەدات، تۆتالیتارییەت نەخۆشییەکی دەسەڵاتە کە بەمەبەستی لابردن و سڕینەوەی عەقڵانییەتی سیاسی بەکاردەھێنرێت، کەواتە مەبەست بریتییە لە تیرۆرێکی سیاسی، بەڵام داخراویی دەروونی و خودگەرایی کۆمەڵگە ئەویش ھەر جۆرێکە لە تیرۆر، چونکە مانای رق و کینەیە بەرامبەر بە کەسانی دیکە، ئەمەش دەبێتە ھۆیەک تەنانەت ھۆگەلێک بۆ دەستدرێژی کردنە سەر خەڵکانی دیکە.
بڵاوبوونەوەی تیرۆر بە ھەردوو جۆرەکەیەوە (تیرۆری دەوڵەت و تیرۆری کەسانی دیکە) لە چارەگی دوایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم و (تا ئێستاش) بووە ھۆی سەرھەڵدانی دیاردەی ( شەڕی ناوخۆی جیھانی) کە چەند پرسیارێک دەورووژێنێت، گرنگترینیان: ئایا ئەم جەنگە جەنگێکی بەردەوام دەبێت ( لە کاتێکدا تیرۆر بە شێوازە جیاوازییەکانییەوە ھەر بەردەوامە) ئەوەش پێویستی بە ژیانێک ھەیە کە لە قۆناغێکی ئەمبەر ئەو بەردایە لەنێوان دیموکراسی و ستەمکاریدا، ھەروەک چۆن لە ئەمریکا دوابەدوای ھێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ دەستی پێکرد، ئەم ئەوبەر ئەوبەرە دۆخێکی ترس و تۆقین و ھۆشیاریی بەدوای خۆیدا دێنێت و پرسیارێک دەورووژێنێت: ئایا بە ھەر رێگایەک بێت دەتوانرێت جیاوازیی بکرێت لەنێوان تیرۆر لەلایەک و ترس و نیگەرانی و تۆقین لەلایەکی دیکەوە؟ ئەم پرسیارە رووبەرێکی فراوانی لە فیکری سیاسیی گرت ھەر لە ھۆبزەوە تا شمیت، کە ئاماژەیە بۆ چەند پرس و کێشەیەک پەیوەست بە پیادەکردنی دەسەڵات و یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. کەواتە چەند پرسێکی گرنگ ھەن پەیوەندییان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە ھەیە لەوانە: لێبووردەیی و سنوورەکانی، رێکارەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایا ئەم رێکارانە پەرچەکردارن یان رێکارن بۆ چارەسەرکردنی دیاردەکە؟ ئایا پەیوەندیی ھەیە لەنێوان دیموکراسی و ستەمکاری و زێدەزاڵبوون (بەتایبەتیش زێدەزاڵبوونی زۆرینە کە ئەلێکسی دی تۆکفیل ١٨٠٥-١٨٥٩ لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا: دیموکراسی لە ئەمریکا ١٨٣٥-١٨٤٠ باسی دەکات، کە دەبێتە ھۆی درووستبوونی تیرۆر؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە کاری عەقڵانییەتی سیاسی ھەیە بۆ دەرخستنی ھۆکارە راستەقینەکانی تیرۆر و چارەسەرکردنی بە گیانێکی لێبووردەیی و ھاوئاھەنگی و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی خراپەکاری لە ڕێی پاراستنی خود لەمیانی بەرنامەگەلێکی ئامانجداری پەروەردەیی کە بتوانێت بیرۆکەی سەرەکیی تیرۆر لابەرێت، ئەو بیرۆکەیەش بریتییە لە بەدیھێنانی یاسای جووڵە کە مەبەستە سەرەکییەکەی تەنیا لە خۆشگوزەرانیی ئادەمیزاد و بەرژەوەندیی تاکدا نییە، بەڵکو لە بەرھەمھێنانی رەگەزێکی تایبەتی مرۆڤدایە کە تاک رەتدەکاتەوە لەپێناو بەرژەوەندیی جۆرداو قوربانیی بە بەشەکان دەدات لە بەرژەوەندیی ھەموواندا، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خەڵکەکە خۆیان یەکدی لەناوبەرن و ئەوەی کە لە نێوانیاندایە بە یەکجاری وێرانی بکەن.
ھەموو کۆتاییەک لە مێژوودا لە سەرەتایەکی تازەدایە، ئەمەش تاکە بەڵێنەکەیە، سەرەتا بریتییە لە ئەوپەڕی توانای مرۆڤ کە ھاوشێوەی ئازادیی مرۆڤە بۆ ئەوەی ئەو سەرەتایەش دروستبوونی مرۆڤ بێت، ئەو سەرەتایە بریتییە لە لەدایکبوونی مرۆڤی ئازاد، ئەمەش تاکە ئامانجە لە بەرەنگاربوونەوەو لەناوبردنی ھەر شێوەیەک لە شێوەکانی تیرۆر.