پەنێڵی ھاوبەشی ئەنیستیتۆتی توێژینەوەی نیشتمانی و گۆڤاری گوڵان
November 22, 2016
دیمانەی تایبەت
گەورەترین کێشە کە ئەمڕۆ رووبەڕوومان بۆتەوە، مەترسی تیرۆرە، ئەمەش نەک تەنھا بۆ کوردستان بەڵکو بۆ ھەموو جیھانیش، ھەتا ئێستاش چەمکی تیرۆر پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە و ھەر دەوڵەت و نەتەوەیەک پێناسەی تایبەتی بۆ ئەو دیاردە ھەیە، بۆیە ھەر لەسەرەتاوە ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ ئایا چۆن پێناسەی تیرۆر دەکرێت و چۆن تەفسیری ئەم دیاردەیە دەکرێت و چەمکی تیرۆر و تیرۆریستان لەسەر کێ پراکتیزە دەکرێت؟.پرسی تیرۆر ئەگەرچی لەدوای کارەساتی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ ەوە وەک پرسێکی دیار بایەخێکی لە رادەبەدەری پێدەدرێت و بۆتە جێگەی قسەو باس و مشتومڕی نێوان بیرمەندەکانی جیھان، بەڵام ئەم دیاردەیە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی و لەناو پێگە جوگرافییە جیاوازەکاندا بوونی ھەبووە.رووبەڕووبوونەوەی
تیرۆر و تیرۆریستان
رەھەندەکانی تیرۆر چین و دەتوانین بەرامبەر ئەم دیاردە ترسناکە چی بکەین؟
بۆ بەرپەرچدانەوە و رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر ھەموو دەوڵەتانی جیھان لەم سەردەمە یاسای تایبەتیان لەسەر ئاستی نیشتمانی دەرکردووە و لەسەر ئاستی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە پشت بەستن بە بریاری (١٣٧٣)ی ئەنجوومەنی ئاسایش ھەوڵدراوە رێگە لەم دیاردەیە بگیرێت، بەڵام ھاوکات رەخنەش لەسەر ئەو ریوشوێنە یاساییانەش ھەیە کە لەم پێناوە گیراونەتە بەوەی ھەندێک لەو یاسایانە بوونە ھۆکاری ئەوەی ئازادی تاک سنوردار بکرێت یان تاک ناچار دەکات دەست لەبەشێک لە ئازادییەکانی خۆی ھەڵبگرێت؟ لەمەش زیاتر لەگەڵ سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش جۆری دیکەی کاری تیرۆریستی وەک تیکدان و تەقاندنەوەی موزەخانەو شێواندنی شوێنەوارەکانیش پەیدابووە، ھەروەھا بڕینی ئەندامەکانی لەش و سووتاندن و فڕێدانە خوارەوە و مرۆڤەکان لە شوێنی بەرزەوە،خنکاندنی مرۆڤ لەناو قەفەزی ئاسنیندا، کە ھەموو ئەمانەش پێویستیان بە گرتنەبەری رێوشوێنی تایبەتی یاسایی ھەیە بۆ رووبەروو بوونەوەی تیرۆریستان.
لەم چوار چێوەیەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەنھا بەداڕشتنی یاسایەک دەکرێت؟ یان رێگەی دیکەش ھەیە وەک رەخساندنی زەمینەکی کۆمەڵایەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی تیرۆر یان بە گرتنەبەری شێوازی فیکری و سیاسیش؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەو ھەڵسەنگاندنی رەھەندە جیاوازەکانی تیرۆر، ئەنیستیتۆتی دیراساتی نیشتمانی بە ھاوبەشی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، پەنێڵێکیان بۆ ژمارەیەک لە دەستەبژێری پسپۆرە جیاوازەکان رێکخست بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە، لەم پەنێڵەدا، ئەم بەڕێزانە بەشداریان کردووە:
١. د.شێرزاد نەجار
٢. د. رەشاد میران
٣. د.تاڤگە بوستانی
٤. دادوەر عەبدولباست فەرھادی
٥. د. ساحیب قارەمان
٦. د. عەبدولمەلیک یونس محەمەد
٧. د.نەژدەت ئاکرەیی
٨. د.کەمال سەعدی
٩. عەبدولرەحمان سدیق
١٠. د.چەواس حەسەن
١١. ھێمن غەنی
١٢. فەرھاد محەمەد
لەم پەنێڵەدا ھەر تایبەتمەندێک بەپێی پسپۆری خۆی لەسەر رەھەندێکی تیرۆر رای خۆی دەربڕیووە، بۆیە گۆڤاری گوڵان و ئەنیستیتۆتی دیراساتی نیشتمانی بریاریاندا، رای ئەو پسپۆرانە وەک خۆی بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی زەمینەیەک بۆ وتووێژێکی فراوانتر بڕەخسێنێت و ھەر لایەن و پسپۆرێکیش بیەوێت بەشداری ئەم وتووێژە بکات، گوڵان بە رێزەوە بۆچوونەکانی بڵاو دەکاتەوە.
د.شێرزاد نەجار ئوستادی فەلسەفەی سیاسی:
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پەیوەندی بە ئەقڵانیەتی سیاسییەوە ھەیە بۆ ئەوەی ھۆکارەکان دەستنیشان بکرێن
دیاردەی تیرۆر لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی رەگی داکوتاوە، بەڵام ھەموو کارێکی تیرۆریستی کۆمەڵێک ھۆکار لە پشتییەوە خۆیان حەشارداوە، ئەوجا کاتێک باس لەو رێوشوێنانە دەکرێت بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر ئەوا دەبێت بەشێوەیەکی ئەقڵانی بەدوای ئەو ھۆکارانە بگەڕێین کە بوونە فاکتەرێک بۆ سەرھەڵدانی تیرۆر، د.شێرزاد نەجار ئوستادی فەلەسەفەی سیاسی بەمجۆرە تیشکی خستە سەر ئەم لایەنە.
تیرۆر دیاردەیەکی کۆنی رەگداکوتراوە لە مێژوودا، بەڵام دەرکەوتنی وەک چەمکێکی تازە لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی فەرەنسی لە ساڵی ١٧٨٩ زیاتر ھاتە ئاراوە، کاتێ کردەی تیرۆر بە ترس و تۆقاندنەوە گرێدرا، تەنانەت ھەندێ کەس وەک دادپەروەرییەکی توندیان لەقەڵەم دا کە بە بوونی تیرۆر ھەموو پیرۆزییەک لەبەین دەچێت، ھەروەھا (رۆبسێر) تیرۆری وەک رێگایەک بۆ جێبەجێ کردنی دیموکراسی دانا، ئەو لە وتەیەکیدا لەبەردەم ئەندامانی کۆمەڵەی نیشتمانیی فەرەنسا لە ساڵی ١٧٩٣ گوتی «ئێستا کاتی یەکسانی ھاتووە بۆ ئەوەی داسەکەمان بەسەر سەرانەوە بسووڕێتەوە، ئێستا کاتی تۆقاندنی پیلانگێڕان ھاتووە، ئەی یاساداڕێژەران تیرۆر بخەنە کارنامەکانتانەوە. با شمشێری یاسا بەسەر تاوانبارانەوە بخوولێتەوە».
ئەم جۆرە تیرۆرە دەسەڵاتداران پەیڕەویان کرد بە شێوەیەک کە دەکرێ پۆلینی بکەین بەوەی کە تیرۆری دەوڵەتە. ئەم جۆرە بیرکردنەوەو ئاراستەیە بە بەکارھێنانی تیرۆر وەک شێوازێک بۆ سەپاندنی دەسەڵات لە ماوەی نێوان ھەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیھانی زیاتر بەردەوام بوو بەھۆی دامەزراندنی رژێمە دیکتاتۆریە تۆتالیتارییەکان لە ئەوروپا وەک حوکمی فاشیزم لە ئیتاڵیا و حوکمی نازییەت لە ئەڵمانیا، بەڵام تیرۆر تەنیا لەم جۆرەدا نەوەستا بەڵکو بەشێوەیەک پەرەی سەند تا گەیشتە ھەندێ رێکخراو کە تیرۆریان کردە شێوازو ئامرازێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، لێرەدا جۆرێک لە شێواندن لە چەمکی تیرۆر ھاتەئاراوە بە شێوەیەک کە ئەم چەمکە بوو بە چەمکێکی تەڵەکەبازانە، دواتر بوو بە نموونەیەکی سیاسیی تازە، کە دەیەوێت بەرەنگاری رۆشنگەری ببێتەوە کە ئەمەش بووە ھۆی سەرھەڵدانی قەیرانی خودرێگریی لە دیموکراسییە لیبرالییەکانی رۆژئاوا، ئەم قەیرانە بووە ھۆی ئەوەی کە پێویستی بە راستکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەی نێو کۆمەڵگا ھاوچەرخەکانی رۆژئاوادا ھەبێت بەمەبەستی گۆڕینی دەروونە داخراوەکان کە دەبێت دان بنێن بەوەی کە ژیانی کۆمەڵگەی راستەقینە بریتییە لە تێڕوانین بۆ ئایندەو رێزگرتنی کەسانی دیکە بە شێوەیەک دوور لە کاریگەریی رابردوو.
تیرۆر کاریگەریی دژ بە شارستانییەت ھەیە، ھێرشێکی راستەوخۆیە بۆ سەر بێتاوان و سڤیلان، بەڵام ئەمە وەسفکردنە بۆ کاری کەسانی دیکە، لە کاتێکدا کە ئەو رێوشوێنانە پشتگوێ دەخرێن کە دەبنە ھۆی درووستبوونی تیرۆر. ئا لێرەدا ھاوپەیمانێتیی(چەپەڵ) لە نێوان کاریگەرییەکانی تۆتالیتارییەت و کاریگەرییەکان و پەنابردن بۆ تاکڕەوی و داخراویی سەرھەڵدەدات، تۆتالیتارییەت نەخۆشییەکی دەسەڵاتە کە بەمەبەستی لابردن و سڕینەوەی عەقڵانییەتی سیاسی بەکاردەھێنرێت، کەواتە مەبەست بریتییە لە تیرۆرێکی سیاسی، بەڵام داخراویی دەروونی و خودگەرایی کۆمەڵگە ئەویش ھەر جۆرێکە لە تیرۆر، چونکە مانای رق و کینەیە بەرامبەر بە کەسانی دیکە، ئەمەش دەبێتە ھۆیەک تەنانەت ھۆگەلێک بۆ دەستدرێژی کردنە سەر خەڵکانی دیکە.
بڵاوبوونەوەی تیرۆر بە ھەردوو جۆرەکەیەوە (تیرۆری دەوڵەت و تیرۆری کەسانی دیکە) لە چارەگی دوایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم و (تا ئێستاش) بووە ھۆی سەرھەڵدانی دیاردەی ( شەڕی ناوخۆی جیھانی) کە چەند پرسیارێک دەورووژێنێت، گرنگترینیان: ئایا ئەم جەنگە جەنگێکی بەردەوام دەبێت ( لە کاتێکدا تیرۆر بە شێوازە جیاوازییەکانییەوە ھەر بەردەوامە) ئەوەش پێویستی بە ژیانێک ھەیە کە لە قۆناغێکی ئەمبەر ئەو بەردایە لەنێوان دیموکراسی و ستەمکاریدا، ھەروەک چۆن لە ئەمریکا دوابەدوای ھێرشەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ دەستی پێکرد، ئەم ئەوبەر ئەوبەرە دۆخێکی ترس و تۆقین و ھۆشیاریی بەدوای خۆیدا دێنێت و پرسیارێک دەورووژێنێت: ئایا بە ھەر رێگایەک بێت دەتوانرێت جیاوازیی بکرێت لەنێوان تیرۆر لەلایەک و ترس و نیگەرانی و تۆقین لەلایەکی دیکەوە؟ ئەم پرسیارە رووبەرێکی فراوانی لە فیکری سیاسیی گرت ھەر لە ھۆبزەوە تا شمیت، کە ئاماژەیە بۆ چەند پرس و کێشەیەک پەیوەست بە پیادەکردنی دەسەڵات و یاسا و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. کەواتە چەند پرسێکی گرنگ ھەن پەیوەندییان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرەوە ھەیە لەوانە: لێبووردەیی و سنوورەکانی، رێکارەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایا ئەم رێکارانە پەرچەکردارن یان رێکارن بۆ چارەسەرکردنی دیاردەکە؟ ئایا پەیوەندیی ھەیە لەنێوان دیموکراسی و ستەمکاری و زێدەزاڵبوون (بەتایبەتیش زێدەزاڵبوونی زۆرینە کە ئەلێکسی دی تۆکفیل ١٨٠٥-١٨٥٩ لە کتێبە بە ناوبانگەکەیدا: دیموکراسی لە ئەمریکا ١٨٣٥-١٨٤٠ باسی دەکات، کە دەبێتە ھۆی درووستبوونی تیرۆر؟
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستی بە کاری عەقڵانییەتی سیاسی ھەیە بۆ دەرخستنی ھۆکارە راستەقینەکانی تیرۆر و چارەسەرکردنی بە گیانێکی لێبووردەیی و ھاوئاھەنگی و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی خراپەکاری لە ڕێی پاراستنی خود لەمیانی بەرنامەگەلێکی ئامانجداری پەروەردەیی کە بتوانێت بیرۆکەی سەرەکیی تیرۆر لابەرێت، ئەو بیرۆکەیەش بریتییە لە بەدیھێنانی یاسای جووڵە کە مەبەستە سەرەکییەکەی تەنیا لە خۆشگوزەرانیی ئادەمیزاد و بەرژەوەندیی تاکدا نییە، بەڵکو لە بەرھەمھێنانی رەگەزێکی تایبەتی مرۆڤدایە کە تاک رەتدەکاتەوە لەپێناو بەرژەوەندیی جۆرداو قوربانیی بە بەشەکان دەدات لە بەرژەوەندیی ھەموواندا، ئەمەش دەبێتە ھۆی ئەوەی کە خەڵکەکە خۆیان یەکدی لەناوبەرن و ئەوەی کە لە نێوانیاندایە بە یەکجاری وێرانی بکەن.
ھەموو کۆتاییەک لە مێژوودا لە سەرەتایەکی تازەدایە، ئەمەش تاکە بەڵێنەکەیە، سەرەتا بریتییە لە ئەوپەڕی توانای مرۆڤ کە ھاوشێوەی ئازادیی مرۆڤە بۆ ئەوەی ئەو سەرەتایەش دروستبوونی مرۆڤ بێت، ئەو سەرەتایە بریتییە لە لەدایکبوونی مرۆڤی ئازاد، ئەمەش تاکە ئامانجە لە بەرەنگاربوونەوەو لەناوبردنی ھەر شێوەیەک لە شێوەکانی تیرۆر.
د. تاڤگە عەباس بوستانی پسپۆر لە یاسای تاوان:
پەرلەمانی کوردستان بە گوشاری حزبە ئیسلامییەکان یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری بەشێوەی کاتی پەسەند کردووە
لە ھەموو ئەو وڵاتانەی جیھان کە یاسایان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەرکردووە، تەنیا لە ھەرێمی کوردستاندا ئەم یاسایە بەشیوەی کاتی لەلایەن پەرلەمانەکەیەوە پەسەند کراوە، ئێستا ماوەی ئەو یاسایە بەسەر چووە و درێژنەکراوەتەوە، سەبارەت بەم لایەنە د.تاڤگە عەباس بوستانی پسپۆری یاسای تاوان و سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی کۆمەڵایەتی و تاوان بەمجۆرە رای خۆی دەربڕی.
کاتێک رووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، ئایا چۆن رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە؟ ئایا مەترسی ئەم دیاردەیە چییە؟ مەترسیەکانی چین؟ ئەوا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئێمە وەک یاساناس وەڵامی ئەم پرسیارانە بەوە دەدەینەوە کە دەبێت بە یاسا چارەسەری بکەین.
لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦ مان ھەیە بەناوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستاندا. ئەم یاسایە ھەر لەسەرەتای داڕشتن و پەسەندکردنییەوە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، جۆرێک ئەشکالیەتی لەگەڵ خۆی ھێناوە، کە من پێموایە ھەم لە داڕشتنەکەی پەلە کراوە و ھەمیش لە کاتی پەسەندکردنی لە پەرلەمان کە بەو جۆرە پەسەندکراوە بۆ ماوەی ٢ساڵ بێت و دوای ئەوە درێژ بێتەوە، ئەمەشیان ئیشکالیەتێکی دیکەیە لەبەر ئەوەی کە یاسا پەسەند دەکرێت وەک یاسایەکی ھەمیشەیی نەک کاتی پەسەند دەکرێت، بەڵام بە بۆچوونی من ئەم حاڵەتە لە ژێر گوشاری ئەو حزیە ئیسلامیانە دروستکراوە کە لە پەرلەماندا نوێنەریان ھەبووە.
دیارە لە ماوەی ٢٠٠٦ تا ئێستا بەشێوەیەکی بەردەوام ھەردوو ساڵ جارێک ئەم یاسایە لەلایەن پەرلەمانەوە درێژکراوەتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ کە دەبوو جارێکی دیکە ئەم یاسایە بۆ دوو ساڵی دیکە درێژ بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەھۆی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستانەوە، پەرلەمان ناتوانیت کۆبێتەوە، ئەوا ئەم یاسایەش درێژ نەکراوەتەوەو، بۆ ئەم مەبەستەش کە ڕای ئەنجوومەنی شورای کوردستان وەرگیراوە، پێشنیاری ئەوان بەوجۆرە بووە کە کار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای ئسوڵی دادگایی کردن لە عێراقدا بکرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێستا لە کوردستاندا کار بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ناکرێت، لەم روانگەیەوە کە ئێمە بە پێویستی دەزانین یاسایەک ھەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئەوا پێویستە ھەم چاو بە کەموکورتیەکانی ئەو یاسایەی پێشوودا بخشێنینەوە و ھەم ئەو گۆرانکارییە زەمەنیەش لەبەر چاو بگرین کە لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو روویانداوە، لانیکەم ئێستا گەورەترین مەترسی، کە تیرۆریستانی داعشە لە ئارادایە، بەڵام کاتێک ئەم یاسایە دارێژراوە، داعش بوونی نەبووە، ھەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت یاسایەکی تازە دابرێژین یان یاسا کۆنەکە چاوی پێدابخشێنینەوە و ھەمواری بکەینەوە، ئەوا من لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەم:
١. ئەگەر سەیری یاسای قەڵاچۆکردنی تیرۆر لە عێراقدا بکەین کە یاسای ژمارە ١٣ی ساڵی ٢٠٠٥، دەبینین، یاساکە کاتی نییە بەڵکو یاسایەکی ھەمیشەییە، بەڵام یاساکەی کوردستان کاتییە، بۆیە دەبێت یاسای بەرەنگابوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستانیش ھەمیشەیی بێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە تیرۆر دیاردەیەکی ھەمیشەییە و کاتی نییە، ئێمە لە یاسا پرەنسیپێکمان ھەیە دەڵێت: تاوان کەمدەکرێتەوە، بەڵام بنبڕ ناکرێت، بێگومان تیرۆریش بەھەمان شێوەیە، ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە کەمبکرێتەوە لەبەر ئەوەی ریشەکێش ناکرێت بۆیە دەبێت یاساکەی ھەمیشەیی بێت نەک کاتی.
٢. دوای ئەوەی ئەمساڵ بە ھۆی بارودۆخی سیاسی ناوخۆی کوردستان،پەرلەمان نەیتوانی کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بۆ ئەوەی ئەو یاسایە بۆ دووساڵی دیکە درێژبکاتەوە، ئەوا ئەنجوومەنی شورای کوردستان، رای بەو جۆرەیە لە کاتیکدا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر نەبوو، دەبێت کار بەیاسای ( ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩) ی عێراقی بکرێت کە یاسای سزادانی عێراقییە، ھاوکات لە ھەرێمی کوردستانیش یاسای (ژمارە ٨ی ساڵی ١٩٩٢) مان ھەیە کە یاسای بەکارھێنان و درووستکردنی تەقینەوە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئێمە یاسایەکی تایبەتمان نەبوو دەگەڕێینەوە سەر قەواعیدە گشتیەکان، ھەروەھا ھەموارکردنێکیش بۆ (ماددەی ١٥٦)ی یاسای سزادانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان کراوە، بەپێی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ کە ئاماژە بەوە دەکات( ھەر کەسێک تاوانێک ئەنجامبدات و زیان بە ئاسایش و سەقامگیری ھەرێم بگەیەنێت سزا دەدرێت)، بۆیە لەم حاڵەتە ئێمە دەتوانین بە شێوەیەکی کاتی ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، بەڵام دەبێت یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ھەرێمی کوردستان دووبارە ھەموار بکرێتەوە.
٣. ئەگەر سەیری ماددەی ١٩٥ی یاسای سزادانی عێراقی بکەین کە دەڵێت:(ھەر کەسێک ئامانجی ئەوەبوو شەڕی ناوخۆ و مەزھەبگەرایی ھەڵبگیرسینێت بەرێگەی چەکدارکردنی خەڵک و ھاووڵاتی بۆ ئەوەی چەک دژی یەکتری بەکار بھێنرێت، ئەوا بە بەندکردنی ھەتا ھەتایی سزا دەدرێت)، بەڵام ئەم ماددەیە بە یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ سڕکراوە، ھەروەھا ماددەکانی ١٩٠-١٩٥، و ماددەکانی ١٩٨-٢١٩، ھەمووی سڕکردووە و کاری پێناکرێت، ئەگەر ئەمانە سڕ نەکرانایە دەمانتوانی ئێستا کاری پێبکەین، بەڵام من نازانم پەرلەمانی کوردستان لەبەر چ ھۆکارێک ئەم بڕگانەی سڕکردووە. بۆیە ئەگەر پەرلەمان توانی کۆبێتەوە لەسەر ئەم یاسایە، پێویستە دووبارە ئەم بڕگانە بخرێنەوە کار.
٤. لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بۆ نموونە کە دەڵێت:( ھەموو ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە دەیەوێت زیان بە ماڵ و موڵکی دەوڵەت بگەیەنێت بۆ ئامانجی سیاسی و فیکری یان ئایینی و مەزھەبگەرایی)، بۆیە ئەگەر ئەم یاسایە ھەبێت ئەوا بەشێوەیەکی زمنی باسی لەمادەی ١٩٥ی یاسای سزادانی عێراق کردووە کە دەتوانرێت تاوانەکە دەستنیشان بکرێت، بەڵام کاتێک کار بە یاسای ( سزادانی عێراقی دەکرێت) لەم یاسایەدا پرەنسیپێک ھەیە دەڵێت:( بەبێ دەقی یاسای نە تاوان ھەیە نە سزا) بۆیە ئەگەر ئەو بڕگانە سڕنەکرابان، ئەوا ھەتا ئەگەر یاسای تیرۆریشمان نەبوایە دەمانتوانی بەو بڕگانە کار بکەین.
٥. لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان، باس لە ھەندێک رێوشوێن کراوە، سەبارەت بە رێوشوێنەکان کە دەگیرینە بەر زیادەیە کە لەو یاسایە باسکراوە لەبەر ئەوەی ئێمە یاسای ( ئسوڵی دادگاییکردنی عێراقیمان ھەیە)، ھەموو ئەوانە لەو یاسایە باسکراوە، ھەروەھا لە یاسای تیرۆری کوردستان لە ماددەی ٩ باس لەوە کراوە و دەڵێت: لایەنی پەیوەندار دەتوانێت بڕێک پارە بداتە ئەو کەسەی کە دەستپێشخەر دەبێت بە پێدانی زانیاری) ئەم وردەکارییە پێویست نییە بچێتە ناو یاساکە لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە رێنماییەکانەوە ھەیە، ھەروەھا باس لەوە دەکات:( ھەر کەسێک ئەنجامدەر بێت یان ھاوبەش بێت یان ھاندەر بە بەندکردن سزا دەدرێت) ئەمەش زیادە لەبەر ئەوەی ئێمە قەواعیدی گشتیمان ھەیە ھەموو ئەمانەی یەکلایی کردۆتەوەو پێویست نییە دووبارە بکرێتەوە. ئەمەش بەو مانایەی یاسای تیرۆر یاسایەکی تایبەتە بە دیاردەیەک بۆیە ناکرێت لە یاسای تایبەتدا باسی قەواعیدی گشتی یاسا بکرێت.
٦. ئێمە لە یاسای سزادانی عێراقیدا، تایبەتمەندی جیھانیمان ھەیە، کە پێی دەڵێن (تایبەتمەندی سەرتاپاگیر) وەک ماددەی ١٣ی ئەو یاسایە، ئەگەر تاوانی تیرۆر ببێتە یەکێک لەو پرەنسیپانەی تایبەتمەندی جیھان بیگرێتەوە، ئەوا بەئاسانی ئەو ماددەیەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، ئەوا لە کوردستان ھیچ کێشەیەکمان نابێت، ھەر کەسێک ھەڵگری ھەر رەگەزنامەیەک بێت تەنانەت ئەگەر سەلمێنرا ئەوە یەکێکە لە تیرۆریستان و لە کوردستانیش کاری تیرۆریستی نەکات، ئەوا دەتوانرێت دەستگیر بکرێت و بەپێی ئەو یاسایە سزای خۆی وەربگرێت) دیارە ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەک لە ماددەی ١٣ی ئەو یاسایە ھاتووە و دەڵێت: ( ھەر کەسێک لە عێراقدا بووبێت و پێشتر لەدەرەوە تاوانێکی ئەنجامدابێت ئەوجا بکەری تاوانەکە بێت یان ھاوبەش لە تاوانەکانی ماددەی ھۆشبەر، بارزگانیکردن بە مرۆڤ، بە منداڵ، بە کۆیلەکردنی مرۆڤ،یان تاوانی رێکخراو) ئەمانە تاوانی جیھانین، تیرۆریش تاوانیکی جیھانییە، بۆیە ئەگەر تاوانی تیرۆر بۆ ماددەی ١٣ زیادبکریت سوودیکی زۆری دەبێت.
د.رەشاد میران ئوستادی سۆسیۆلۆژی:
لە یاسای بەرەنگابوونەوەی تیرۆر تەنھا ئاماژە بۆ تیرۆری چەکداری کراوە،لە کوردستاندا چەندین شێوازی دیکەی تیرۆر بوونی ھەیە
تیرۆر بە ھەموو جۆرەکانییەوە پەیوەندییەکی راستەوخۆی لەگەڵ کۆمەڵگە ھەیە، سۆسیۆلۆژەکان بەچاوێکی فراوانتر لە یاساناسان سەیری دیاردەی تیرۆر دەکەن و کۆمەڵێک دیاردەی دیکە بۆ تیرۆر زیاد دەکەن وەک تیرۆری( فیکری، کەلتوری، رۆشنبیری ..ھتد) بۆ قسە کردن لەسەر ئەم لایەنە پرۆفیسۆر رەشاد میران بەمجۆرە تیشکی خستە سەر ئەم لایەنە.
لە ساڵی ٢٠٠٦ کۆنگرەیەک بەسترا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە کوردستاندا، بۆیە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستانیش ھەر دوای ئەو کۆنگرەیە دەرچووە، ئەمەش مانای ئەوەیە زۆر بە پەلەپەل و زۆر بەھەژاری لەرووی یاساییەوە، ئەو یاسایە دەرکراوە، ھەروەھا زۆر بە ھەژاریش لەرووی دەربڕینی یاساییەوە نوسراوەتەوە، دیارە لەگەڵ ئەوەی من تایبەتمەندنیم لەبواری یاسا بەڵام لەزۆر رووەوە ھەست بە ھەژاری ئەو یاسایە دەکەم، لێرەوە دێمە سەر بواری کۆمەڵناسی وەک تایبەتمەندی خۆم، دیارە ئاسایشی کۆمەڵایەتی بناخەیە بۆ ھەر سەقامگیرییەکی دیکە و بۆ بەڕێوەچوونی کۆمەڵگە، بەڵام بە ھیچ جۆرێک لە یاساکەدا ئاماژە بۆ ئەم پرسە گرنگە نەکراوە، ھەرچەند بە شێوەیەکی گشتی نووسراوە ھەرێم و کۆمەڵگە، بەڵام دەبوایە زیاتر بەدیاری کراوی بنووسرایە ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەم حاڵەتە دەربڕینە یاساییەکە بەھێزتر دەبوو، ئەمە بێجگە لەوەی ئەمە ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی ئاگاداری رەوشی کۆمەڵایەتی بن.
لەلایەکی دیکە لەم یاسایەدا تەنیا باس لە کاری تیرۆیستی کراوە وەک لایەنە چەکداریەکەی یان ئەو لایەنەی چەک و تەقەمەنی تێدا بەکار دەھێنرێت، بەڵام تیرۆر شێوازی ھەمە جۆری ھەیە، لە کاتیکدا ئێمە تیرۆری کۆمەڵایەتی، فیکری، کەلتوریشمان ھەیە، ھەروەھا ھەندێک کەموکوڕی لە دەربڕینە یاسایەکانی ئەو یاسایەدا ھەیە، کە دەبوایە بەجۆرێکی دیکە دابڕێژرایە یاخود دەوڵەمەند بکرێت، یەکێک لەوانە من ناڵیم بخرێتە ئەو ئاستەی کە سێدارەدانی لەسەرە، ئەوا یەکێک لەو شوێنە گرنگ و ھەستیارانەی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر باری کۆمەڵایەتی ئێمە ھەیە، مینبەری مزگەوتەکانە کە بە ئەنقەست بەمەبەستی تیرۆری فیکری و ئایینی بەکاردەھێنرێت. یان مینبەری رۆشنبیری و کۆرو کۆبوونەوە کە زۆر جار بەجۆرێکی خراپ سوودیان لێوەردەگیرێت و دەچنە چوارچێوەی بازاڕگەرمی و ھاندان بۆ کاری تیرۆریستی، کەچی بەیەک وشەش لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێنەکراوە.
بۆیە ئەمڕۆ ئەگەر ئێمە بمانەوێت یاسایەکی دەوڵەمەندترمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە کوردستاندا ھەبێت، ئەوە دەبێت زۆر فراوانتر سەیری کۆمەڵگە بکەین و بزانین ئەو ھۆکار و شوێنە گرنگە کۆمەڵاتییانە چین کە دەبێت بیانپارێزین.
بەداخەوە من واھەست دەکەم تا ئێستاش حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەو فراوانییە سەیری کۆمەڵگە ناکات، ئەمەش بەو بەڵگەیەی ھیچ حسابێک بۆ ئاسایشی کۆمەڵایەتی ناکات. ئەمەش لەبەر گرنگی ئەم پرسەیە، لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەدەست دەرچوو، واتە دەسەڵات و دەوڵەتمان لەدەست چوو.لایەنێکی دیکە ئێمە گرنگی بە پەیوەندییە کلتورییەکان نادەین،ئەمە لە کاتێکدا ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی کلتوری بناخەی ھەر کۆمەڵگە و سیستەمێکن.
لایەنیکی دیکە کە ئەویش زەمینە بۆ توندوتیژی و تیرۆر فەراھەم دەکات، بارودۆخی ئابوری کۆمەڵایەتییە، تەزویرکردنی پارە، پێویستە ئەمەش لە یاساکە زیاد بکرێت، چونکە دەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆری ئابورییەوە، ھەروەھا دەبێت ھەندێک بابەتی کۆمەڵایەتی و کەلتوری لەو یاسایە زیاد بکرێت و رەھەندەکانی دیکەی تیرۆر لەو یاسایەدا جێگەی بکرێتەوە.
د.ساحب قارەمان تایبەتمەند لەبواری بیرکاری و ئامار:
ئێستا گەندەڵی بۆتە چالاکییەکی ئابوری و گەندەڵکار پۆستەکەی وەک سەرمایە بۆ خۆدەوڵەمەندکردن بەکار دەھێنێت
یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان جیا لەوەی جۆرێک پەلەپەل بە دارشتنەکەیەوە دیارە، بەڵام ماوەی ١٠ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە و لەم ماوەیەشدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری و پێشھاتی تازە دەرکەوتوون، بۆ قسەکردن لەسەر رەچاوکردنی ئەو گۆرانکاری و پێشھاتە تازانە، د.ساحیب قارەمان تایبەتمەند لەبواری ئامار و بیرکاری ئەم خاڵانەی دەستنیشانکرد.
لەگەڵ ئەوەی من لە بواری یاسا تایبەتمەند نیم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ھەرێمی کوردستانم خوێندەوە ھەستم کرد کە ئەو یاسا دووبارە پێویستی بە چاو پێداخشاندنەوەو ھەموارکردنەوە ھەیە، ئەمەش لەبەر چەند ھۆکارێک:
١. لەبەر چاوکردنی ئەو گۆڕانکاری و پێشھاتانەی کە دوای سەرھەڵدانی تیرۆریستانی داعش ھاتوونە ئاراوە.
٢. بۆ لەبەر چاوگرتنی ئەم گۆرانکاری و پێشھاتە تازانە، دەبێت ئێمە جۆرێک خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە بکەین، کە ئەمەش پێویستی بە وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی و سیاسی ھەیە.
٣. لە یاساکەدا ھەندێک پرس تێکەڵ کراون، ھەر بۆ نموونە بکەری کارە تیرۆریستییەکە لەگەڵ سزادانی لەیەک ماددە باسکراون، کە دەبێت ھەر یەکەیان دەبێت لەماددەیەکی سەربەخۆدا باس بکرێن.
٤. پێناسەی تیرۆر لە یاساکەدا زۆر وورد نییە، لەگەڵ ئەوەی ھەتا ئێستا لەسەر پێناسەی تیرۆر رێککەوتنێک نییە، بەڵام دەکرێت لە یاسای تیرۆری کوردستاندا پێناسەیەکی بۆ بکەیت و بیگونجێنێت.
٥. لایەنێکی دیکە ئەوەیە کە یاساکە کاتییە، ئەمە لەکاتیکدا تیرۆر دیاردەیەکی بەردەوامە، بۆیە ئەمە لە یاساکەدا بوونی نییە، ئێمە دەبێت ستراتیژێکمان ھەبێت بۆ کەمکردنەوەی تیرۆر و رێگرتن لە تیرۆر، ئەمەش پێویستی بەوەیە لەبەر رۆشنایی یاسای بەرەنگابوونەوەی تیرۆر ستراتیژیەتێک دابڕێژین.
لەبەر رۆشنایی ئەم خاڵانە دەبێت بزانین رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەک دەوڵەتێک سنووری نییە و ھەموو کیشوەر و ناوچەکان لەسەر ئاستی راگەیاندن، تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی، کارە تیرۆریستییەکانی بڕیووە.
کەواتە کاتێک بیر لە چارەسەرکردنی دیاردەیەک دەکەینەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە ئەو فاکتەرانەی لە پشتی ئەم دیاردەیەوەن چین، دیارە بۆ ھەر دیاردەیەک چەند فاکتەرێکی ھاوبەش ھەیە کە بریتین لە :
١- فاکتەری مێژووی.٢- فاکتەری کۆمەڵایەتی. ٣- فاکتەری سیاسی
لایەنی ئابوری بێگومان پەیوەندی بە ھەردوو فاکتەری کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ھەیە، چۆن باسی ئەم دوو لایەنە بکەین، لایەنی ئابوری دێتە ناویەوە. سەبارەت بە ھۆکاری مێژوویی دیارە وەک برادەرانیش ئاماژەیان پێکرد، تیرۆر ھۆکاری مێژوویی ھەیە، بەڵام ئەم دیاردەیە چ ئیسلامی بێت یان یەھودی یان ئایدلۆژی، ئەوا لە ھەموویاندا فیکرێک لە پشتییەوە ھەیە، ھەروەک چۆن ئێستا داعش بۆ ھەموو کارێکی تیرۆریستی پەنا بۆ یەکێک لە کتێبە ئیسلامیەکان دەبات و دەڵێت: ئەم کتێبە وا دەڵێت، بۆیە ئێستا تیرۆریستانی داعش خوێندنەوەیەکی تازە بۆ ئەو دەقە کۆنانە دەکەن و دەیانەوێت پاکانە بۆ کارە تیرۆریستیەکانیان بکەن.
بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەی ئەو ھۆکارە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە چین لە پشتی ئەم دیاردەیەوە؟ سەبارەت بەوەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێم: ئێستا لە نێوان دەسەڵات و پارەدا ھاوسەرگیرییەک دروست بووە، لە ھەندێک وڵاتدا ئەم ھاوسەرگیرییەی نێوان دەسەڵات و پارە شەرعیە، واتە تۆ پارەت ھەیە دەسەڵاتیشت ھەیە بە پێچەوانەشەوە، یان لە ھەندێک شوێن پەیوەندییەکە تۆ پارەت ھەیە دەسەڵاتەکەت شاراوەیە، ھەر بۆ نموونە وەک لە ھەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بینیمان، سەرمایەداری وا ھەبوو چەکێکی بە بڕی سەدان ھەزار دۆلار بۆ ھەڵمەتی ھەڵبژاردنەکان پێشکەش دەکرد، ئەمەش بێگومان لە پێناوی ئەوەیە دەسەڵاتە شاراوەکەی خۆی بپارێزێت.
لایەنێکی دیکە کە باس دەکرێت، پەیوەندی دیاردەی تیرۆر بە پاراستنی مافی مرۆڤ و دیموکراتییەوە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا گەندەڵی لەم چوارچێوەیەدا پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەیە یان نە؟ وەڵام ئەم پرسیارە ئەگەر بە لۆژیک بیدەینەوە، بێگومان دەبێت پەیوەندییەک لەنێوان گەندەڵی و تیرۆردا ھەبێت، لەبەر ئەوەی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و چالاکیەکی ئابوری، بۆیە لەمە راستەوە ئەگەر ئێمە بەشێوەیەکی تەقلیدی پێناسەی گەندەڵی بکەین کە دەڵێت :(گەندەڵی واتە خراپ بەکارھێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی کەسی)، ئەوا ئێستا ئەم پێناسە تەقلیدیە بۆتە ئەوەی کە راشکاوانە دەڵێت: (گەندەڵی چالاکییەکی ئابورییە)، ئەگەر لەسەر ئەم پێناسەی دواییان قسە بکەین کە دەڵێت گەندەڵی چالاکیەکی ئابورییە، ئەوا لای ھەموان ئاشکرایە ھەموو چالاکییەکی ئابوری پێویستی بە بوونی سەرمایەیە، لەم حاڵەتەدا فەرمانبەر لە ھەر پلەیەکی وەزیفیدا بێت، پۆستەکەی کردووە بەسەرمایە و بەکاری دەھێنێت بۆ خۆدەوڵەمەند کردن، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر من ئەو پۆستە وەزیفیەم نەبێت ناتوانم ئەو گەندەڵییە بکەم. ئەمەش دەبێتە ھۆکاری دروستبوونی ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و رەخساندنی زەمینەیەک بۆ چەکەرە کردنی فیکری توندوتیژی.
ئەگەر سەیری پەیوەندی نێوان تیرۆر و دیموکراتی بکەین، دەبینین لە ئێستای جیھاندا ئەم پەیوەندییە یەک جۆر پەیوەندی نییە، ھەر بۆ نموونە لە ھەندێک وڵات پەیوەندییەکە راستەوانەیە بە چەمکی بیرکاری، واتە دیموکراتی لە لوتکەیە، بەڵام تیرۆر و گەندەڵیش لە لوتکەیە، لە ھەندێک شوێنیش ئەم پەیوەندییە پێچەوانەیە. ھۆکاری ئەمە چییە ؟ دەبێت بەپێی تایبەتمەندی وڵاتی خۆمان وەڵامی بدەینەوە.
بەداخەوە ئەگەر سەیری کوردستان بکەین، ھەست دەکەین ژینگەی دیموکراتی بۆتە ھۆکاری ئەوەی فیکری تیرۆریستی گەشە بکات، لەبەر ئەوەی حزبە سیاسییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان موجامەلەی ئیسلامی سیاسیان کردووە، کەواتە حزبە سیاسیەکانی ئێمە بوونە سەرچاوەی گەندەڵییەکی دیکە، کە ئەویش گەندەڵی سیاسییە، بۆتە ھۆکاری ئەوەی گەندەڵی دامەزراوەیی و کارگێڕیش بگرێتەوە، ئەمەش بۆمان دەردەخات کە گەندەڵی پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەیە.
بۆیە لەبەر چاوگرتنی ئەم واقیعە فەرزی دەکات لەسەرمان کە بەپێی تایبەتمەندی خۆمان چارەسەر بۆ دیاردەکە بدۆزینەوە و خۆمان لەگەڵ ئەو واقیعە بگونجێنێن، ئەمەش واتە دەبێت، پێناسەیەکی نیشتمانی کوردستانیانە بۆ دیاردەی تیرۆر بکەین و پاشان ستراتیژیەک دابڕێژین بۆ ئەوەی خۆمان بۆ ئەم رووبەڕوو بوونەوەیە ئامادە بکەین.
لایەنێکی دیکە پەیوەندی بە ھۆشیاری و دیراسەت و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەم دیاردەیە ھەیە، ھەروەھا پێویستی بەوە ھەیە دیاردەکان بەروانگەیەکی تازە بخوێنینەوە، ھەر بۆنموونە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ھۆکارانەی جۆرەکانی گەندەڵی دیاری دەکات، دیارە گەندەڵیش لە زەمانی قابیل و ھابیلەوە بوونی ھەیە، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەدەی رابردوو ھەتا نەوەدەکان، دەبینین گەندەڵی ھۆکارێکی سیاسی لە پشتە و لەنێوان رێکخراوەکان و دەوڵەتەکان بووە، واتە رێکخراوێک بۆ دەرھێنانی ئەڵماس لە باشوری ئەفریقیا بەرتیلی داوە بەرێکخراوێک بۆ ئەوەی مونۆپۆلی بکات بۆخۆی، دوای ئەوەش مەسەلەی دەرھێنانی نەوت ھاتە ئاراوە، بەڵام لەدوای نەوەدەکانەوە گەورەترین گەندەڵی بۆتە بانکەکان، ئێستا بانکەکان بوونەتە سەرچاوەی دابینکردنی داھات بۆ داعش، چونکە ھەر بانکە پارەکان ھەناردە دەکات، یان پارەی تەزویر دەخاتە بازاڕەوە، بۆیە ئەگەر ئێمە سیستمێکی بانکی تەندروستمان ھەبێت، ئەوا توانیمان رێگەیەکی سەرەکی لە تیرۆر بگرین، بۆیە دەبێت ببێتە ستراتیژ، ئەگەر تەنھا پشت بە یاسا ببەستین، دیارە یاسا ئەم دیاردەیە کەم دەکاتەوە، ئەمڕۆ داعش بە ریشەوە خۆیمان پیشاندەدات، سبەینێ بەشێوەیەکی دیکە و بێ ریش خۆیمان پیشاندەداتەوە، بۆیە بە بۆچوونی من لە ئێستادا گەندەڵی لە داعش ترسناکترە، ئەگەر گەندەڵی چارەسەر نەکەین، ئەمڕۆ داعش لەناوبەرین، سبەینێ بە چەندی جۆر و شێوازی دیکە داعش دروست دەبیتەوە.
د. کەمال سەعدی تایبەتمەند لە یاسای دەستوری:
یاسای سزادانی عێراقی بە ھەموو کەموکوڕیەکانییەوە
لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان پێشکەتووترە
دوای ئەوەی نەتوانرا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان درێژ بکرێتەوە، ئەنجوومەنی شورای ھەرێمی کوردستان، پێشنیاری داوە کە پەنا بۆ یاسای سزادانی عێراقی ببرێت، سەبارەت بەم پێشنیارەی ئەنجوومەنی شوراو پەیوەندی نێوان تیرۆر و مافەکانی مرۆڤ. د.کەمال سەعدی بەمجۆرە ھەڵسەنگاندی بۆ ئەم پرسە کرد.
سەبارەت بە یاسایی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان، پێش ئەوەی ئەم یاسایە لە ٢٠٠٦ دەربچێت، من رەشنووسی یاساکەم لە وەزارەتی ناوخۆ بینیووە، ھەر لە سەرەتاوە لەگەڵ شێوازی داڕشتنی ئەم یاسایە نەبووم، ئەوکات پێموابوو ئەگەر شتێک ناتوانن چاکی بکەن باشترە دەستکاری نەکەن بۆ ئەوەی خراپتری لێ نەیەت، لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە شتێک بکەم و پسپۆران و تایبەتمەندانی بواری یاسا دەزانن چی دەڵێم، ئێمە گەنجینەیەکی نیزامی یاساییمان لە دەوڵەتی عێراقەوە بۆ مابۆوە و نەمانتوانی سوودی لێ وەربگرین، ھۆکاری ئەمە ئەوەبوو، ئێمە پێمان وابوو ھەر شتێک پەیوەندی بە دەوڵەتی عێراقەوە ھەبێت خراپە و دەبێت بیگۆڕین، لەمەشدا لەزۆر بواردا زەرەرمان کرد، ھەر بۆ نموونە پەنابردن بۆ یاسای سزادانی عێراقی زۆر لەو یاسای تیرۆرە کرچ و کاڵەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەرمانکردووە پێشکەوتووترە، لانیکەم دادگاکان ئەو موعاناتەی بەدەستی یاسای تیرۆرەوە ھەیانە زۆر زیاترە لەو موعاناتەی لەیاسای سزادانی عێراقیدا ھاتووە.
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە کوردستان گرێبدەینەوە بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە جیھاندا، ئەوا بابەت و پرسی تیرۆر بەشێوەیەک زەقکراوەتەوە کە من پێموایە ئەم زەقکردنەوەیە دەستی دەوڵەتە زلھێزەکانی لە پشتەوەیە، چونکە بەناوی دژایەتیکردنی تیرۆرەوە دەتوانن زۆر دۆسێی نھێنی خۆیان جێبەجێ بکەن، توانیووشیانە ئەم ئامانجە بپێکن.
دیاردەیەکی دیکە کە دەمەوێت لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی پێبکەم، ئەویش دیاردەی لەناوبردن و ھەڵتەکاندنی سیستمی دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە، سەبارەت بەم دیاردەیە دیارە ئەو نەتەوانەی وەک ئێمە بێ دەوڵەت بە دیدێکی باش و گەشبینانە سەیری دیاردەی نەمانی سنوور و ھەڵتەکاندنی دەوڵەتەکان دەکەن، بەڵام من لەوە دەترسم، نەخشەی ئەو دەوڵەتانە بۆ ئەوە بێت ھەموو گەل و نەتەوەکانی ناوچەکە وەک تیرۆریست سەیر بکەن و جیاوازی لە نێوانیاندا نەکەن، ئەگەر خوانەخواستە بەمجۆرە بێت بێگومان ئێمەش قازانج ناکەین.
کەواتە لێرەوە دێینە سەر ئەوەی ئایا دیاردەی تیرۆر تاچەند پەیوەندی بە مافەکانی مرۆڤەوە ھەیە؟، من پێموایە پەیوەندییەکی زۆریان پێکەوە ھەیە، بۆ نموونە کاتێک ئاسایشی کۆمەڵایەتی لەبەر چاو ناگیرێت و دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەوا ئاسایشی نیشتمانی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی نەبوو خۆمان بەدەستی خۆمان کۆمەڵگە لەسەر بنەمای نایەکسانی دابەش دەکەین، ئەمەش ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەکردنی فیکری تیرۆر و ھاتنی تیرۆریستان خۆش دەکات.
مەترسیەکی دیکە کە بەھۆی داعشەوە ھەستی پێدەکەم، ئەوەیە ئێستا لە کوردستان خەریکە شەعبێکی بەدیل دروست دەبێت، ئەمەش بەو مانایەی کوردستان ئەگەر بە ٤-٥ ملیۆن کەسیش لە قەڵەم بدرێت لەبەر ئەوەی ئامارێکی راستەقینەمان نییە، ئەوا نزیکەی ٣-٣.٥ ملیۆن بە کردەیی خەڵکی کوردستان لەم نیشتمانە دەژین و ئەو بەشەی دیکە لە ھەندەرانە، لە بەرامبەردا ئەگەر سەیر دەکەین، دەبینین نزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارە لەکوردستاندا بوونی ھەیە، ئەم ئاوارانەی کوردستان بەتایبەتی عەرەبەکان مووچەکانیان لەمووچەی خەڵکی کوردستان باشتر و زیاترە، بۆیە کە لە بازاڕ باسی ئەوە دەکرێت، ئاوارە عەرەبەکان دەگەڕێنەوە پێیان ناخۆشەو مەترسی ئەوە ھەی ئەو جوڵەی لە بازاردا ھەیە رابوەستێت، کەواتە ئەوەی جوڵەی بازاڕی دروستکردووە ئەو گەلە بەدیلە ئاوارەیەیە کە لە کوردستانە، کە ئەوان بوونە سەرچاوەی جوڵەی ئابوری، ئەمە مانای ئەوەیە ئەوان دەبنە خاوەن ماڵ و گەلە رەسەنەکە دەبێتە میوان.
دادوەر عەبدولباست فەرھادی تایبەتمەند لە دادگاییکردنی تیرۆریستان:
یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ھێندە کەموکوڕی ھەیە ئاستەنگی بۆ دادگا و دادوەران دروستکردووە
سەرچاوەی کاری تیرۆریستی ھەرچییەک بێت، سەرەنجام تیرۆریستان لەبەردەم دادوەرەکان پاساو بۆ کارەکانیان دێنەوە و ھەر لەدادگاکانیشدا بە ئاشکرا دادگایی دەکرێن و ئاشکراشە دادوەر و دادگاکان لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵە لەگەڵ تیرۆریستان دەکەن، سەبارەت بەم لایەنە ئایا یاساکەی کوردستان ئاستەنگی بۆ دادگا و دادوەران دروستکردووە یان ئاسانکاری؟ دادوەر عەبدولباست فەرھادی بەمجۆرە ئەزموونی خۆی لەم بوارە گێڕایەوە.
پرسی تیرۆر ھەرچۆنێک باسی لێوەبکرێت، سەرەنجام دەگەڕێتەوە بەردەستی دادگاکان، جا لەبەر ئەوەی منیش ئەزموونی ٣ ساڵم لە سەرۆکایەتی دادگای تاوانەکان ھەبووە، ئەوا دادگاییکردنی ئەو تاوانبارە تیرۆریستانە چ وەک تاک یان ئەندامی گروپە تیرۆریستیەکان دەھاتنەوە لای ئێمە بۆ دادگایی کردن.
دیارە ئێمە لەسەر بنەمای ئەو لێکۆڵینەوانە دادگاییمان دەکرد کە بەیاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدرابوون، بۆیە کە سەیرمان دەکرد کەموکوڕییەکی ھێجگار زۆر لەو یاسایەدا ھەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە کاتی لێکۆڵینەوە تەنیا پشت بەو کەسانە بەستراوە کە زانیارییان ھێناوە واتە (ھەواڵدەر-مخبر)، دیارە لە ماددە ٧ی ئەو یاسایەشدا ھاتووە کە یەکەم کەس زانیاری لەسەر ئەو تاوانبارە دەدات، ئەمە لە ماددەی ٤٧ی یاسای ئسوڵی دادگاییکردنی عێراق ھاتووە، کە دەڵێت ھەر تاوانێک تەنھا یەک موخبیر دەبێت، ئەوانەی دوای کەسی یەکەم زانیاری دێنن بە شاھید لە قەڵەم دەدرێن. بۆیە دەبوو لەم یاسایەدا وەک یاسای زۆربەی دەوڵەتانی دیکە ماددەیەک ھەبووایە بەناوی (پاراستنی شاھیدەکان) یان ئەگەر ئەم یاسایەی ئێستا ھەموار کرایەوە یاسایەک ھەبێت بۆ پاراستنی شاھیدەکان، لەبەر ئەوەی شاھید پێویستە ناوی خۆی بگۆڕێت، ناونیشانی خۆی بگۆڕێت یان ھەندێک جار پێویست دەکات شوێنی خۆشی بگۆڕێت.
بۆیە ئێمە زۆر جار کە لێکۆڵینەوەمان لەکەسی موخبیر دەکرد، سەیرمان دەکرد خۆی یەکێکە لە ئەندامانی گروپە تیرۆریستیەکە، یان لە شوێنێکی دیکە دەھات و شاھیدی لەسەر تاوانبارەکە دەدات، دیارە بەپێی یاسا تاوانبار ئەو مافەی ھەیە کە قسە لەگەڵ شاھید بکات، ئێمە ئەمەمان نەدەکرد، بەڵکو پەنامان بۆ داواکاری گشتی و پارێزەر دەبرد بۆ ئەوەی قسە لەگەڵ تاوانبارەکە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بڕیاری دادگا دەربکەین.
دیارە ئێمە دوای راپەرین لەو بەڵگەنامانەی لە دائیرەی ئەمنی عێراق گیرابوون پاشتر ھەندێکیان ھێنران بۆ لای ئێمە، باس لەوە دەکەن ئەو کەسانەی لە دائیرەکانی ئەمنی بەعس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرا، پاشان کە ئەو لێکۆڵینەوەیە دەنێردرا بۆ مەحکەمەی سەورەی بەعس، زۆر لە گیراوەکان دەیانگوت، ئێمە لە ژێر زەبری ئەشکەنجە ئەو دانپێدانەمان کردووە، بۆیە لە یەکێک لەو بەڵگەنامانەدا ھاتووە، دواتر مەحکەمەی سەورە داوای کردووە دانپێدانانەکەی بە ڤیدیۆ تۆمار بکرێت بۆ ئەوەی لەکاتی دادگاییکردندا پیشانی بدرێتەوە، بۆیە ئێمەش دەکرێت لە ھەموارکردنەوەی یاسای تیرۆر ماددەیەک ھەبێت بۆ ئەوەی سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگیرێت بۆ لێکۆڵینەوە، تەکنەلۆژیا زۆر یارمەتیدەرە، ھەر بۆ نموونە ئێستا تاوانبارێک دزی دەکات و نکۆڵی لێدەکات، بەڵام زۆر لەو تاوانبارە دزانە، لەبەر ئەوەی بەرێگەی کامێرای چاودێریی ماڵان تۆمارکراوە، ئەوا نەیتوانیوە نکۆڵی لە تاوانەکەی بکات. بەڵام سەرنج دەدەین لە یاسای ئسوڵی دادگاییکردن بایەخ بەم لایەنە نەدراوە، بۆیە دەکرێت لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بایەخی پێبدرێت. ئەندامانی گروپە تیرۆریستییەکان بەشی ھەرە زۆریان لەسەر ئەو حاڵەتە مەشق و راھێنانیان پێکراوە، پاش ئەوەی گیران چۆن فێڵ لەدادگا دەکەن، یان چۆن لە کاتی دادگاییکردندا ھەوڵدەدات لە دانپێدانانەکەی پاشگەز بێتەوە، ئێمە حاڵەتی وامان زۆر بووە دەبینین لەبەردەم دادگای لێکۆڵینەوە دانی بەتاوانەکەی ناوە، بەڵام کاتێک دێتە بەردەم دادگای مەوزوع کە دادگایەکی ئاشکرایە و خەڵک دانیشتووە، دەبینین لە دانپێدانانەکەی پەشیمان دەبێتەوە، یان دەڵێت چاوم بەستراو بووە و من دادوەرم نەبینیوە ھەتا دان بە تاوانەکەمدا بنێم، بەڵام ئەوە درۆ و فرت و فێڵە لەبەر ئەوەی دادوەر سوێندی خواردووە دەبێت تاوانبار چاوی لێی بێت کە ئیمزا دەکات، ئەمەش مانای ئەوەیە بەشی زۆری تیرۆریستان پێش دەستگیرکردنیان خولی مەشق و راھێنانیان بۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی چۆن فێڵ بکەن و سەر لەدادگا بشێوێنن، بۆیە بایەخدان بە دادوەری لێکۆڵینەوە و کردنەوەی خولی مەشق و راھێنان دەکاتە پێویستییەکی گرنگ و لەسەر شێوازی تازە راھێنانیان پێکرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەگەر سەیری تیرۆریستان بکەین ھەست دەکەین زۆر سوودیان لە زانیاریی تازە وەرگرتووە و ئەگەر ئێمەش بەردەوام خۆمان بە زانیاری تازە ئەبدەیت نەکەینەوە ئەوا ناتوانرێت فێڵی تیرۆریستان بەتاڵ بکرێتەوە، ئەگەر ئەم توانایەی بۆ دروست نەبێت ناتوانێت لێکۆڵینەوە بکات و دانپێدانانی بەتاوانەکەی لێ وەربگرێت.
پێویستە ئێمە لەکاتی دادگاییکردن پەنا بۆ پسپۆری سیسولۆژی و دەروونی ببەین، واتە بەشێوەیەکی نھێنی بانگیان بکەین بۆ دادگاکان بۆ ئەوەی گوێیان لێ بێت کاتێک گەنجێک کە دەرچووی کۆلێژە بەڵام بۆتە تیرۆریست بۆ ئەوەی پاشان دیراسەتی لەسەر بکەن، ئایا ئەمە چ ئایدولۆژیەتێکە مێشکی ئەو گەنجانەی شووشتۆتەوە و گەیاندوویەتییە ئەوەی بگاتە ئەو ئاستەی کاری خۆکوژی و تەقاندنەوە ئەنجامبدات.
زۆر جاران ماوەی لێکۆڵینەوە زۆر درێژە دەکێشێت، ھەر بۆ نموونە کابرایەک تۆمەتبار کراوە لەلایەن کەسێکی نزیکی خۆیەوە بە تیرۆر و بەڵام لەراستیدا تیرۆریست نەبووە، بەڵام ماوەی ٣ ساڵ لە لێکۆڵینەوە دەبێت، پاشان دەردەکەوێت کە بێ تاوانە، بۆیە ئەگەر ماوەی لێکۆڵینەوە کەمبکرێتەوە، ئەوا ئەو کەسە، ماوەی ٣ ساڵ بەبێ تاوان لە بەندیخانە و بۆ لێکۆڵینەوە نەدەمایەوە، باشترە ماوەی لێکۆلێنەوە کەم بکرێتەوە و بنرێتە دادگا بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
د. عەبدولمەلیک یونس محەمەد تایبەتمەند لە یاسای کارگێڕیی نێودەوڵەتی:
تیرۆر پێش ئەوەی ئەنجامدانی کارێک بێت پیادەکردنی فیکرێکە بۆیە دەبێت بە فیکر رووبەڕووی ببینەوە
تیرۆر لەرووی مێژووییەوە دیاردەیەکە بە درێژایی قۆناخەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بوونی ھەبووە، لە ھەموو قۆناخەکانیشدا ھەموو کارێکی تیرۆریستی فیکرێکی توندرۆیی لەپشتەوە بۆ قسەکردن لەسەر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە شێوازی فیکری، د.عەبدولەمەلیک یونس محەمەد تایبەتمەند لەبواری یاسای کارگێڕی نێودەوڵەتی بەمجۆرە باسی ئەم لایەنەی کرد.
من پێم باشە لەو خاڵەوە دەست پێبکەم، کە فیکر و تیرۆر پێکەوە گرێدەداتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تیرۆر پێش ئەوەی کارێکی تێکدەرانە بێت فیکرە، بۆیە لەرووی لۆژیکییەوە پێمان دەڵێت: فیکر بە فیکر رووبەڕووی دەبینەوە پێش ھەر شتێکی دیکە.
فیکری تیرۆر زۆر کۆنە و نوێ نییە، لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتییەوە ئەم فیکرە بوونی ھەبووە، بۆیە بەپێی قۆناخە جیاوازەکانی مێژوو پەرەی پێدراوە ھەتا گەیشتۆتە ئەمڕۆ.
کاتێک باسی تیرۆر دەکەین وەک فیکر لەسەدەی رابردوودا، سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ گروپێک لە فەلەستین کە گروپێکی جوو بوون بەناوی ( ئەلسکارین)، ئەم گروپە بیروباوەڕێکیان ھەبوو کە ئەویش ئەوەبوو دەیانگووت دەبێت ئێمە دژی ھەر ئاینێک بین کە لە ئایینەکەی ئێمە جیاواز بێت یان دژمان بێت، ئەوان بە چەقۆ کاری تیرۆریستیان ئەنجامدەدا ناویان لێنابوو (کوشتنی پاک یان القتل النقی) بەمەش پێیان وابوو کە ھەم دوژمنەکانیان لەناو دەبەن ھەمیش خۆیان پاداشت وەردەگرن.
دوای ئەمان گروپێکی دیکە پەیدا بوون کە خۆیان بەلایەنگری گروپی ئەلحەشاشین دەزانی لە پاکستانەوە دەستی پێکرد، ئەمانە بانگێشەی ئەوەیان دەکرد کە خۆیان لەسەر ئیسلام ھەژمار بکەن، بۆیە ئەوانیش بە شێوازی خۆیان دەستیان بەکاری تیرۆریستی کرد ھەموو ئامانجیان ئەوەبوو بوونی خۆیان بسەلمێنن و ئەو ھۆکارەشی پەنای بۆ دەبەن مەشروعە، ئێستاش جارێکی دیکە تیرۆریستانی داعش دەیانەوێت تیرۆر بە ئیسلامەوە بلکێنن، بەڵام تیرۆر پەیوەندی بە ئایینەوە نییە .
لە ئێستادا گەورەترین کێشە کە رووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەوەیە کە تیرۆر پێناسەیەکی دیاریکراوی نییە، ھەروەھا بە پێوەری جیاواز مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە دەکرێت، دیارە کە دەشڵێن تیرۆر پێناسەی نییە مەبەست ئەوەیە کە ھەر توێژ و نەتەوەو مەزھەبێک ھەوڵدەدات لەو گۆشە نیگایەوە پێناسەی