بەدەل بەندی : بەرنامەو پلانی سەربازیی سەرۆك بارزانی وایكرد بە كەمترین زیان سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەین

بەدەل بەندی : بەرنامەو پلانی سەربازیی سەرۆك بارزانی وایكرد بە كەمترین زیان سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەین
سەبارەت بەشەڕەكانی ئەم دواییەی لەشكری رۆژ و نەبەردییەكانی كچان و كوڕانی كوردانی رۆژئاوا لەمیحوەری باشیك و سووكایەتیكردنی ئەوكەسانەی لەناوخۆدا بەپێشمەرگە دەڵێن میلیشیا، چاومان بە بەدەل بەندی فەرماندەی هێزی 1 ی لەشكری رۆژ كەوت و چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد كە لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* لەگەڵ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ هەردوو لیوای 1و 2ی لەشكری رۆژ لەهەردوو میحوەری خازرو باشیك بەشداریی شەڕەكانی كرد، ئایا ئێستا دۆخەكەی بەرەكانی شەڕ چۆنەو بڕیارە پێشڕەویی زیاتر بكەن؟
- دوای سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی كوردستان بۆ بەغداو گفتوگۆكردن و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی ناوەندی ئەوجا بڕیاری دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ درا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو بێ هاوكاری و بەشداریكردنی پێشمەرگە مومكین نەبوو ئەو سەركەوتنانە تۆمار بكرێت، ئەوەبوو هێزی 1 و 2ی لەشكری رۆژ لەسەر بڕیاری جەنابی سەرۆك و لەژێر سەرپەرشتی فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی زێڕەڤانی كوردستان بەشداری لەو شەڕانەی ئەو سنوورە كرد كە بۆی دیاریكرابوو. بۆ ئێمەی كورد جێی شانازییە كە لەو ناوچانەی هێزەكانی لەشكری رۆژ ئازادی كردبوون و ئاڵای كوردستانی لێ شەكاوە بوو، رێگەمان بە یەكەكانی سوپای عێراق دا، بەرەو شاری موسڵ تێپەڕن، ئەمەش وایكرد پلان و ستراتیژیەتی ئۆپەراسیۆنەكەو سنوورەكە هەر خۆمان بین بەسەركردایەتی جەنابی سەرۆك بارزانی. سوپاس بۆ خوا لەشەڕێكی وا گەورەو لە رووبەرێكی وا فراوان بەرامبەر دڕندەترین دوژمن توانرا كەمترین زیانمان بەركەوێت، ئەمەش بۆ پلان و خەمخۆریی جەنابی بارزانی دەگەڕێتەوە كە پێشمەرگایەتی لەهەموو پۆست و پایەیەك لا پیرۆزترە، ئەوەی من پێی سەرسام بووم خەمخۆریی جەنابیان بوو بۆ سەلامەتی پێشمەرگەكان و پاراستنی گیانیان، لەكۆبوونەوەیەكدا پێی وتین كاتێك شەڕ دەبێت، چاوێكم لەكەیفدا فرمێسكی لێدێت و چاوێكی دیكەم لە خەمدا دەگریێت، ئێمە دەمانزانی مەبەستی چییە، بەڵام ژەنەراڵێكی ئەمەریكی پێی وت مەبەستت چییە؟ جەنابیان بۆی روون كردەو كە گریانی خۆشی بۆ پێشڕەوی و ئازادكردنی ناوچەكانی كوردستانەو سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیەو فرمێسكی خەمیش ئەوكاتەیە كە دەڵێن فڵان پێشمەرگە شەهید بوو، سەرۆك بارزانی پێی دەوتین خوێنی پێشمەرگە زۆر پیرۆزەو نابێت لەسەر موزایەدەو پەلەكردن و غروور بڕێژرێت و ئەوە جێگای قبووڵكردن نییە.
* لەكاتێكدا سەرۆك بارزانی بەو چاوەوە رێز لەپێشمەرگە دەگرێت و خەمخۆری خەبات و گیانفیداییەكانیانە، كەچی لەناوخۆی كوردستان كەسانێك سووكایەتییان بە پێشمەرگەوە كردو بە میلیشیا ناوی دەبەن،ـ ئایا ئێوە كاتێك لەبەرەكانی شەڕن، چۆن دەڕواننە ئەو كەسانە؟

- كەسانێك لەپێشمەرگە تێدەگەن كە وەكو بارزانی هەموو ژیانی لەناو پێشمەرگەدا بێت، پێشمەرگە لای جەنابیان هێزی كوردستانە بۆ پاراستنی خاك و نەتەوەی كوردو ئەو ئازادییەی ئەوان تێیدا دەژین، سووكایەتیكردن بەهێزێك كە جیهانی پێشكەوتوو پێی سەرسامەو هەموو نەتەوەو ئایینزاكان هانای بۆ دەبەن، سوكایەتیكردنە بە مرۆڤایەتی و ئەو بەهایانەی ئەوان ئیدعای بۆ دەكەن، لەمەشدا ئیرەیی و خۆپەرستی و بێ ئەمەگی دەردەكەوێت، ئەوان چاویان هەڵنایەت بەسەركەوتنەكانی پێشمەرگەو گەڕانەوەی ئیعتیبار بۆ گەلی كورد، باشە كاتێك باسی یەكڕیزی دەكەن، ئێ ئەوەتا لەناو ریزەكانی پێشمەرگە ئەو یەكڕیزیی و تەباییە هەیە، ئەمە دەیسەلمێنێت ئەوان نایانەوێت گەلی كورد لەهیچ شتێكدا یەكڕیز بێت. ئێمە گوێ لەقسەی كەسانێك ناگرین كە لەماوەی ئەم سێ ساڵەی دژی داعش لەشەڕداین رۆژێك سەردانی پێشمەرگەیان نەكردووە، كەسانی دەوروبەریشیان قەترەیەك خوێنیان بۆ میللەتەكەیان و خاكەكەیان نەڕشتووە، لەهەر وڵاتێكی تردا بوایە ئەو كەسانە بەتۆمەتی خیانەتكردن دادگایی دەكران، چونكە قسەو هەنگاوەكانیان خزمەت بەدوژمنە دڕندەكانی نەتەوەی كورد دەكات و یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كورد تێكدەدات.
* ئاماژەت بەوە كرد تەواوی خاكی كوردستان ئازادكراوە، ئایا ئەو شوێنانەی پێشمەرگە ئازادی كردوون، لێیان ناكشێنەوە؟
ئێمە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی جووڵە بەهێزەكانمان دەكەین و كشانەوەو مانەوە لەو ناوچانەشدا هەر لەسەر بڕیاری جەنابیانە، بۆیە هەركاتێك سەرۆك بارزانی وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان پێمان بڵێت، پێشڕەوی بكەین، پێشڕەوی دەكەین و فەرمانیش بدات بگەڕێینەوە، دەگەڕێینەوە، لەهەموو دنیاشدا كاری سەربازی هەر وایە.
Top