ئەبوبەكر كاروانی: لە ماوەی دووساڵی رابردوو ئازاری راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان چەشت بۆیە دەبێت ئەو دەوڵەتە هەر رابگەیەنین
November 16, 2016
دیمانەی تایبەت
هەموو مەزندەكان بەو ئاراستەیەن هاوكات لەگەڵ شەڕی ئازادكردنی موسڵ و دوای ئەم پرۆسەیە گۆانكارییەكی گەورە هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە، كۆمەڵێك پرسیار هەر لە ئێستاوە بۆتە قسەو باسی نێوان رۆژنامەنووسان و سیاسەتمەداران، دیارە كوردستان لەناو ئەم گێژاوەدا جیا لەوەی وەك جوگرافیا بەشێكە لە هەمانكاتدا لەناو هاوكێشەكە توخمێكی سەرەكییەو رۆڵێكی كاریگەر دەگێڕێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و ئایندەی رەوشە سیاسییەكە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ نووسەر و سیاسەتمەدار ئەبوبەكر كاروانی ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.ئەبوبەكر كاروانی نووسەر و سیاسەتمەدار بۆ گوڵان:
لە ماوەی دووساڵی رابردوو ئازاری راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان چەشت بۆیە دەبێت ئەو دەوڵەتە هەر رابگەیەنین
* هەموو مەزەندەكان بەو ئاراستەیەن كە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ وەرچەرخانێكی گەورە لەسەر ئاستی ناوچەكە دروست دەبێت، چۆن سەیری ئەو وەرچەرخانە دەكەیت، ئایا ئەم وەرچەرخانە بەرەو سەقامگیری و ئاشتی دەبێت یاخود دۆخەكە بەرەو مەترسی و ئاڵۆزی زیاتر دەچێت؟
- دیارە پێش هەموو شتێك دەبێت لەسەر چەمكی وەرچەرخان ڕابوەستین، ئایا وەرچەرخانەكە ئەوەیە عێراق بەیەكگرتوویی نامێنێتەوە، ئەو كاتە دەبێت پرسیاری ئەوە بكەین ئایا پێگەی ئێمە لە دوای عێراق چی دەبێت؟ ئایا سوننەكان یا شیعەكان دەبنە هێزێكی چەكداری گەورە لەناوچەكە ئایا دەستێوەردانی وڵاتان بە چ جۆرێك دەبێت؟ ئایا نەخشەكان بەتەواوەتی گۆڕانكارییان بەسەردا دێت؟ كەواتە زۆر گرنگە پێش هەموو شتێك تێگەیشتنمان بۆ سروشت و قۆناغ و رەهەندەكانی وەرچەرخانەكە دیاری بكەین بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوون بین و بزانین چۆن رووبەرووی ببینەوە.
لەم روانگانەوە تێگەیشتنمان بۆ قۆناغی موسڵی دوای داعش پێویستە لەسەر بنچینەی زانیاری و تێگەیشتنی واقیعبینانەی دوور لە خەیاڵ پڵاوی بێت. ئەمە ئەگەر وەرچەرخانەكە رووبدات، چونكە دەبێت لەوە بڕوانین كە ئایا لە بەرژەوەندی ئێمە دەبێت یا دژی بەرژەوەندیەكانی ئێمە دەبێت یا بەشێكی لە قازانجی ئێمە دەبێت و بەشەكەی دیكەی زیانمان پێدەگەیەنێت. من پێم وایە ئەم ووردكردنەوەو تێگەیشتنە مەسەلەیەكی گرنگە بۆ ئەو ئاراستانەی لە دوای موسڵ دروست دەبن. ئا لێرەشدا دەبێت چەند ئاستێك لێكتر جوودا بكەینەوە، ئایا موسڵ وەكو پارێزگایەك دەمێنێتەوە یاخود دەبێت بە هەرێمێك ئایا هاوشێوەی هەرێمی كوردستان دەبێت یا فۆرمێكی تر لە دروستكردنی هەرێم لە موسڵەوە دەست پێدەكات. هەروەها ئایا مامەڵەكردنی عێراق و وڵاتانی ناوچەكە چۆن دەبێت لەگەڵ پارێزگای موسڵدا.
* هەندێك دەڵێن دوای كۆتایی هاتنی شەڕی داعش شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننەو شیعە دەست پێدەكات، بێگومان ئەم شەڕەش لەنێوان ئێران و سعودیە دەبێت، مەزەندەی تۆ بۆ ئەم شەڕە چییە؟
- لە ڕاستیدا دەبێت لەهەر سێ بەشەكەی عێراقدا (خوارووی عێراق كە شیعەكان هەژموونیان هەیە- ناوەڕاستی عێراق كە نیشنگەی سوننەكانە- هەرێمی كوردستان) نیگەران بین لە سەرهەڵدانی ناسەقامگیری، با لە هەرێمی كوردستانەوە دەستپێبكەین؛ ئایا ئەگەر دوای ڕەوینەوەی مەترسی داعش، كێشە سیاسی و ئابوورییەكانی هەرێم بەم شێوەیە بەردەوام بێت كوردستان بە سەقامگیری دەمێنێتەوە؟ لەدوو بەشەكەی تری عێراقیشدا مەترسی راستەقینەی شەڕی شیعە و سوننە هەیە لەغیابی نەبوونی هیچ رێكەوتنێكی راستەقینەی نێوان ئەم دوو لایەنە، تاقە رێكەوتنێك هەبێت دەستووری عێراقە كە تەنانەت سوننەكان هەر دەنگیان نەداوە بەم دەستورەو شیعەكانیش لەگەڵ ئەوەی دەنگیان پێداوە، بەڵام زۆربەی ماددەكانیان هەر جێبەجێ نەكردووە، بۆ نموونە لەو دەستوورەدا یەكێك لە مافەكان دروستكردنی هەرێمە، كەچی 10 ساڵ سوننەكان هەوڵیاندا ئەم مافەیان هەبێت شیعەكان رێگریيان لێكردن هەمووشمان دەرئەنجامەكەی دەزانین كە بەهاتنی داعش و وێرانبوونی ناوچەكانیان و دەربەدەربوونیان كۆتایی هات. تەنانەت لەناوخۆی شیعەكانیشدا دید و تێڕوانینی هاوبەش لە ئارادا نیيە، بەڵام بۆ پاراستنی یەكگرتوویی نێو ماڵی شیعە، كورد و سوننە وەك دوژمنێكی دەرەكی و مەترسيیەكی هاوبەش وێنا دەكەن. خوێندنەوەكانمان بۆ ئەم سێ بەشە هەرچۆنێك بێت، ئەوا مەترسی (شەڕی سوننەو شیعە- سوننەو سوننە – شیعەو شیعە) هەیە. كەواتە عێراقی دوای داعش دەبێتە وڵاتێكی پڕ لە مەترسی بە پرۆژەی شەڕی دواخراوی ناوخۆی جۆراوجۆر.
* سەبارەت بەخاكە ئازادكراوەكانی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە تەواویی ناوچە كوردستانيیەكان بەگشتی ئازادكراونەتەوە، ئایا زامنی پاراستنی ئەم خاكە ئازادكراوە چییە بۆ ئەوەی جارێكی تر هاونیشتمانیانی ئەو ناوچانە نەكەونە بەر هەڕەشەی داعشێكی تر؟
- یەكەم زەمانەتی ئێمە ئەوەیە : لە كوردستاندا وەكو كوردستانی بیر بكەینەوە، بارودۆخی كوردستان بەم جۆرە نەمێنێتەوە. بەداخەوە ئێستا ئێمە ناتوانین وێنایەكی یەكگرتووانەی كوردستانیانەو تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر ئاستی سەرجەم هێزەكان گەڵاڵە بكەین بۆ بارودۆخەكە و بۆ قۆناغی داهاتوو. واتە هەستی هاوچارەنووسی و لایەنی كەمی سازانی نیشتمانی لە كوردستاندا بۆ رووبەرووبوونەوەی ئەو پێشهاتانە نییە. بێگومان زەمانەتی دووەمی سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە، ئەگەر ئێمە سەربەخۆ بووین و بووین بە ئەندامی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەو كات هەموو دەستدرێژیكردنێك بۆ سەرمان دەبێتە دەستدرێژیكردن بۆ سنوورە نێودەوڵەتیەكان، ئەو كات نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش ئەركێتی دەستێوەردان بكات و پارێزگاری لەو سنوورانە بكات كە لە چوارچێوەی یاساكانی نێودەوڵەتی بۆ كەس نییە دەستدرێژیان بكاتە سەر، خۆ ئەگەر نەمانتوانی سەربەخۆیی بەدەستبهێنین ئەوا ئامانجی سەرەكیمان گێڕانەوەی ئەو سنوورانە بێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەی سنوور لەگەڵ عێراقدا، واتا دانپێدانانی یاسایی لەعێراقەوە بۆ بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە دروست بێت واتا تەنیا پێشمەرگە لەرووی دیفاكتۆوە ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ نەكاتەوە بەڵكو عێراق بەرەسمی ماددەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكات و دانپێدانانی بەو واقیعە هەبێت ، ئێمە چیتر نابێت دانوستاندن لەگەڵ عێراقدا لە چوارچێوەی بوونی پێشمەرگە لەو ناوچانە بكەین، بەڵكو دانوستاندن و گفتوگۆ بۆ ئەوە بێت رەوایەتی یاسایی و دەستووری بدات بەو بوونە بەو سیفەتەی ئەمە چارەسەری كێشەی سنوورە لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان.
* بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ و تێكشكاندنی داعش رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستان زۆر پێویستە، بەتایبەتی ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەكی ئاشتیانە پرسی سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا باس بكەین، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ستراتیژییەتێكی كوردستان گوتاری خۆمان رێكبخەین و بەكێشەی لابەلا ئەم فرسەتە لەدەست نەدەین؟
- من دەڵێم دەبێت ئەو عەقڵیەتە تێپەڕێنین كە تاكو ئێستا مامەڵەمان لەگەڵ یەكتر پێ كردووە. واتە بوێری دەستپێشخەریی و رەخنە لە خۆگرتنمان هەبێت، بەستەڵەكی سیاسی نێوان سەركردەكان تێكبشكێنین، بەدەر لەمە ناتوانین ئەو كێشانە چارەسەر بكەین كە تا ئێستا بوونیان هەیە. ئەوەتا دوو ساڵ زیاترە لەقەیراندا دەژین كەچی عەقڵی سیاسی كورد دەستەوەستانە لە چارەسەرەكانیان، ئەگەر كێشە ئابوورییەكە كاتی دەوێت خۆ كێشە سیاسیەكان لە دەستی خۆیەتی پەیوەندی بە وڵاتانی دەوروبەر نییە، ئەمە پەیوەندی بە نەبوونی هەستكردن بەكێشەی قووڵی نەتەوایەتیەوە هەیە، بگرە هەست بە مەترسیەكانی ئەم قۆناغە و بەركەوتەكانی ناكەین، یا دەركی پێ دەكەین، بەڵام لاوازی ئیرادە وایلێكردووین ئێمە نەتوانین ئەو دەرككردنە بەرز بكەینەوە بۆ ئاستی سازانی نیشتمانی و تێپەڕاندنی كێشەكان. بۆیە دۆخەكە پێویستی بەدەستپێشخەری و قووڵكردنەوەی هەستی لێپرسراوێتی نیشتمانی و ئەخلاقی و نەتەوەیی هەیە، دەستپێشخەرییەكەش بەبڕوای من دەبێت لەلایەن (بارزانی) یەوە بێت. بۆچی روس و توركەكان لە كاتێكدا ئاڵۆزيەكانیان دەگاتە لوتكە كەچی لەشەوو رۆژێكدا دەتوانن هاوكێشەكان بەو شێوەیە هەڵگێڕنەوە. لەم ساتەوەختەدا ئێمە لەدۆخێكداین كە هەم هەڕەشەمان لەسەرە و هەم دەرفەتیشمان لەپێشە بۆ گەیشتن بە دەوڵەت، لەبەر ئەوە سەركردەو هێزە سیاسيیەكانمان لەبەردەم لێپرسراوێتی گەورەی مێژوویی و ئەخلاقیدان.
* ئێمە بمانەوێت یا نەمانەوێت لەساڵی داهاتوو خۆمان بۆ هەڵبژاردنێكی داهاتوو ئامادە دەكەین، ئایا تاچەند گرنگە بۆ ئەو چەند مانگەی پێش هەڵبژاردن كێشە ناوخۆییەكان نەكەینە ئاستەنگ و لە پێناوی ئەم بارودۆخەدا هەموو لایەنە سیاسيیەكان نەرمی بنوێنن؟
- من نازانم هەڵبژاردن لەم دۆخەدا دەبێت یا نا؛ لەلایەكی ترەوە ئایا هەڵبژاردن چارەسەری قەیرانە، هێزگەلێك كە ئیرادەی پێكەوە ژیانیان لاواز بێت ئایا هەڵبژاردن پشێوی لێناكەوێتەوە ئایا بەرئەنجامەكان قبوڵ دەكەن ئایا گەورەترین ساختەكاری لەو هەڵبژاردنانەدا نابێت لەبەرئەوەی هێزەكان بە چارەنووسسازی دەزانن و بە رۆحیەتی دەركردنی ئەویتر لە گۆڕەپانی سیاسی ئەنجام دەدرێت. كەواتە پێش هەڵبژاردن دەبێت ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە كوردستان رووبدات بۆ ئەوەی وەكو دوژمن نەچینە پرۆسەكەو هەمووشمان دەزانین لەو ژینگەیەدا دۆخەكە بەرەو كوێمان دەبات، بەم رۆحیەتەی ئێستا بچینە هەڵبژاردن بۆ شكاندنی ئیرادەی یەكتر دەچینە ناو پرۆسەكە تەنانەت حكومەت و ئۆپۆزسیۆنی دوای هەڵبژاردنەكە نا سروشتی دەبێت. لەبەر ئەوە ئەگەر ئێمە هەڵبژاردن وەك میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان سەیر بكەین ئەوا دەبێت لە ئێستاوە ململانێ كەم بكەینەوە و بیكەین بەكێبركێ، بەدەر لەمە دەبێت بترسین هەڵبژاردنەكان نەك چارەسەری كێشەكانمان ناكەن، بەڵكو بەپێچەوانەوە زیاتر تووشی لێكترازان و لێكدابڕانمان دەكەن.
* دەست تێوەردانی ئیقلیمی لە ئێستاوە لە ناوخۆی كوردستان و عێراق دەستی پێكردووە لایەنی ئێرانی بە ئاشكرا هەڕەشە دەكات و هەوڵدەدات لە چوارچێوەی شەڕی بەوەكالەت ئارامی كوردستان بشێوێنێت، ئایا پێویستە چی بكەین بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئیقلیمی لەسەر كوردستان دوربخەینەوە؟
- دەبێت ئاشتبوونەوەی نیشتمانی لە كوردستانی بهێنینە دی بۆ ئەوەی هەڕەشەی ئیقلیمی لەسەر كوردستان دووربخەینەوە. ئەگەر بەدیدی نیشتمانی باشوری كوردستان مامەڵەمان كرد بەتەئكید هێزە هەرێمایەتی و دراوسێكانیشمان كەمترین دەرفەتیان بۆ دەستێوەردان دەبێت بۆ فشارخستنە سەر ئێمەو ڕێگرتن لەوەی بگەین بەئامانجەكانی خۆمان. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر وەلائەكان بۆ هێزە هەرێمایەتيیەكان لەسەر بنەمای ناوچەو حزب بوو، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەو كات ئێمە هیچ زەمانەتێكمان نامێنێت. كەواتە رێگا سروشتیەكە ئەوەیە جارێكی تر ئاوێزان بوونی نیشتمانی دروست بكەینەوە و سیاسەتێكی یەكگرتوویی نیشتمانی و بناغەیەكی نوێ بۆ كاری هاوبەش لەكوردستان دابڕێژین.
* ئەم بۆچوون و تێڕوانینانەت زیاتر بەستراوەتەوە بە ئۆپەراسیۆنەكەی ئازادكردنەوەی موسڵ؛ وەكو توێژەرێك ئایا تاچەند ئازادكردنی ئەو شارە سەقامگیری لێدەكەوێتەوە؟
- شەڕی موسڵ زۆر ناخایەنێت و 2بۆ 3 مانگی تر كۆتایی پێدێت، بەڵام ئەمە كۆتایی داعش نابێت لەعێراقدا. داعش لاواز دەبێت و شاری گەورەی لەبەردەستدا نابێت، بەڵام وەكو هێزێكی چەكداری زەبر وەشێن هەر دەمێنێت، واتا پەنابردن بۆ تیرۆرو ڕفاندن و كوشتن، بەمەش داعش وەكو سەرچاوەیەكی نیگەرانی لەعێراقدا هەر دەمێنێت بەو ئەندازەیەی كە نیگەرانیش دروست دەكات كاریگەری لەسەر داڕشتنەوەی سیاسەت لە عێراقدا دەكات. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا كێشەكان چارەسەرنەكراون.
هەرچۆنێك بێت عێراقی یەكگرتوو هەر وا ئاسان نابێت هەروەكو چۆن عێراقی نایەكگرتووش بەو ئاسانییە دروست نابێت، كۆنفیدراڵی بە دۆخێكی سروشتی دەزانم لەعێراقدا هەروەكو چۆن فیدراڵیەت یەكەمجار كورد داوای كردوو لەدەستووری عێراقدا دانراو هەرێمی كوردستانیش وەكو تاقانە هەرێمە فیدراڵیەكەی عێراق بوونی هەبوو گەرچی لە دواییدا سیستەم لەعێراق نەبووە فیدراڵی ئەوا رەنگە بۆ كۆنفیدراڵیش هەر وای لێبێت واتا كۆنفیدراڵیش تەنیا داخوازییەكی كورد دەبێت. چونكە تا ئێستا گوتاری سوننە نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی لە فیدراڵیەت بڕواتە سەرەوە تەنانەت لە فیدراڵیشدا لەسەر بنەمای هەموو سوننە داوای ناكەن بەڵكو لەسەر ئاستی پارێزگاكان داوای دەكەن. چونكە هێشتا خەونی گێڕانەوەی عێراقی یەكگرتوو لەناو نوخبەی عەرەبی سوننە كۆتایی پێ نەهاتووە. بەڵام بەبڕوای من ئەگەر ئێمە خۆمان هەبین دەتوانین كاریگەر بین و خۆمان بڕیار بدەین چۆن یەكەمجار فیدراڵیەت كە كەس لەگەڵی نەبوو توانیمان لەناو دەستووردا بیچەسپێنین هەرواش دەتوانین ئەگەر سەربەخۆیی تەواویش نەبێت كۆنفیدراڵی یا نیمچە سەربەخۆیی بچەسپێنین و بیكەین بەئەمری واقیع لە عێراقدا.
* لە سەرەتای قسەكانتدا باسی چەقبەستوویی سیاسەتت كرد؛ كە رەنگدانەوەی لەسەر ئەدای حكومەتیش هەیە ئایا بەكشانەوە لە حكومەت هەروەكو چۆن بزووتنەوەی گۆڕان ئیديعای دەكات یا بەزمانی زبری راگەیاندن لە چارەسەرەكان دوورمانناخاتەوە؟
- لە ڕاستیدا دەربازبوون لە چەقبەستوویی پێویستی بەدەستپێشخەرییەكی چۆنایەتی هەیە، دەستپێشخەرییەك بەجۆرێك هەموو ئەوەی خەڵكی وێنای دەكات و بۆتە سەرچاوەی نائومێدی رایماڵێت، ئەمە پێویستی بەعەقڵیەتی سەركردایەتی و بەئازایەتیەكی ڕابەرانە هەیە بۆ گۆڕینی دۆخە سیاسییەكە لەنێوان حزبەكاندا ئەمەش ئەركی (بارزانی) یە.
* بەڵام ئایا كێشەی سەرەكی خەڵك چۆنیەتی دەربازبوون لە قەیرانەكە و باشبوونی باروگوزەرانیان نيیە، نەك چارەسەركردنی ململانێی حزبی و بەرژەوەندی كەسەكان؟
- دەربازبوون لەقەیرانی ئابووری وا ئاسان نییەو ئاسۆكانی چارەسەركردنیشی روون نییە، بەڵام هەنگاوی یەكەم بۆ كەمكردنەوەی شوێنەواری قەیرانەكە، دەبێت چارەسەری قەیرانە سیاسیەكە بكرێت، پێم وایە بەشێك لەهۆكاری قەیرانە ئابوورییەكە بۆ قەیرانە سیاسییەكە دەگەڕێتەوە ، ئەگەر ئەم قەیرانە سیاسییەمان نەبووایە و هەموومان وەكو یەك تیم لە كوردستان مامەڵەمان بكردایە ئەوا بە دڵنیاییەوە دەمانتوانی بەشێك لە ئازارەكانی خەڵكمان كەم بكردایەتەوە لایەنی كەم لەرووی مەعنەوییەوە خەڵك ئەوەندە ئازاری نەبێت. هاووڵاتیان كاتێك گیرفانیان بەتاڵە دەبینن هێزە سیاسییەكان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئازارەكانیاندا دەكەن ئەمە هاووڵاتیان ئەوەندەی تر نائومێد دەكات. لەبەر ئەوە مەسەلەی ئاشتبوونەوەی نیشتمانی و چارەسەری كێشە سیاسییەكان بە پلەی یەكەم دێت و مەسەلەی دووەم دەبێت گۆڕانكاری لە عەقڵیەتماندا دروست بكەین و دەبێت بڕوامان بەچاكسازییەكی راستەقینە هەبێت. من دڵنیام لەوەی ئەگەر ئەم دۆخە بەمجۆرە بڕوات ئەوا لە بەرژەوەندی كەس نابێت، چونكە كۆكردنەوەی سامان و داهات لەسەر بناغەیەك نەبێت دەرئەنجام بەسەریاندا دەرووخێت، دەبێت هەنگاوەكانمان بۆ كۆتایيهاتن بێت بە قۆرخكاری و ناشەفافییەتی سەرچاوەكانی داهات و مامەڵەكردنی نارەوا بە بەشێك لەو سەرچاوانە، ئەم چاكسازیی و گۆڕانكارییانەش ئاشتبوونەوەی نیشتمانی پێویستە و دەبێت لە موزایەدەی سیاسی رزگارمان بێت و چاكسازی ببێت بە پرۆژەیەكی نیشتمانی. لەداهاتووشدا ئەگەر پرۆژەیەكی نیشتمانی و ستراتیژییەتێكمان هەبێت دەبێت ئەم كەموكورییانە هەمووی لەناو چوارچێوەی ئەو پرۆژەیەدا چارەسەر بكرێت. سەرەتای بوون بەدەوڵەت رەنگە بەئازار بێت هەرچەندە من پێم وایە ئەگەر لەماوەی ئەم دووساڵەدا دەوڵەتیشمان رابگەیاندایە لەمە ئازارمان زیاتر نەدەبوو ئازاری دەوڵەتمان چێشت بەبێ بەدەستهێنانی دەوڵەت، ئەگەر دەوڵەتمان رابگەیاندایە وەكو قەوارەیەكی سیاسی ئەو كات دەمانتوانی لەگەڵ كۆمەڵێك رێكخراوی نێودەوڵەتی مامەڵەمان بكردایە.