رۆمیۆ هەكاری: پشتیوانیی سەرۆك بارزانی بۆ كریستیانەكان زامنی تەبایی و ئارامی و پێكەوەژیانە لە كوردستاندا

رۆمیۆ هەكاری: پشتیوانیی سەرۆك بارزانی  بۆ كریستیانەكان زامنی تەبایی و ئارامی و پێكەوەژیانە لە كوردستاندا
ئەو لایەنەی كە سەرنجی جیهانی بەلای خۆیدا راكێشاوە، بوونی لێبووردەیی و پێكەوەژیانە لە نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان و ئەو پێكەوە ژیان و برایەتییەی لە كوردستان بوونی هەیە لە تەواوی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوڵەتانی جیهانی ئیسلامی بوونی نییە، لەمەش زیاتر پێشمەرگەی كوردستان وەك پارێزەری سەرجەم نەتەوەو ئایین و پێكهاتە جیاوازەكان قوربانی داوە بۆ پاراستنی ئەم تەبایی و پێكەوەژیانە، هەروەها دەرگای واڵا كردووە بۆ ئەوەی لەو شوێنانەی دیكەش دەكەونە بەر هەڕەشە لە كوردستاندا بەئارامی بژین، بۆ قسەكردن لەسەر پرۆسەی ئازادكردنەوەی ناوچەی برا كریستیانەكان لە دەشتی نەینەواو ئایندەی ئەو ناوچانە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەڕێز رۆمیۆ هەكاری سكرتێری حزبی بەیت نەهرێن ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* لەگەڵ دەستپێكردنی شەڕی داعش و دوای ئەوەی كە كریستیانەكانی عێراق ئاوارە بوون و روویان لە كوردستان كرد، سەرۆك بارزانی بە برا كریستییانەكانی گوت: ئێرە وڵاتی خۆتانە و بەجێی مەهێڵن، یان پێكەوە بە ئاشتی دەژین یاخود لەپێناو ئازادیدا بەیەكەوە دەمرین، ئێستاش وا خەریكە داعش كۆتایی دێت، ئایا ئێوە لە ئێستادا دەربارەی ئەم قسەیەی سەرۆك بارزانی چی دەڵێن؟
- ئەگەر لەم قسەیەی جەنابی سەرۆك بارزانی وردبینەوەو بە واتا و ناوەڕۆكەكەی لێكی بدەینەوە، بە راستی قسەیەكی دڵخۆشكەر بوو بۆ سەرجەم كریستیانان، بەڕێزیان دڵنیایی و ئاسوودەیی بە ئێمە بەخشی، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە كە تیرۆریستانی داعش دوژمنی سەرسەختی هەموو نەتەوەو ئایینە جیاجیاكانە لە هەرێمی كوردستان بە كوردو ئاشووری و كلدان و توركمان و گشت نەتەوە و ئایینەكانی دیكە تەنانەت لە سەرتاسەری عێراقیش، ئێمەی كریستیان و خوشك و برایانی ئێزیدی لەسەر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش زیانێكی مەزنمان پێگەیشتووە و قوربانیی زۆرمان داوە، لەبری ئەوە داواكارین چ لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و چ لە حكومەتی عێراق و سەرجەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە بە هەموو توانایەكیانەوە پشتیوانیی لە ئێمە و پێكهات و ئایینەكانی دیكە بكەن بۆ ئەوەی دوای نەمانی داعش و رزگاركردنی دەشتی نەینەواو شاری موسڵ، بتوانین بە مافە رەواكانی خۆمان بگەین بەتایبەتیش داخوازیی ئێمە كە دەشتی نەینەوا بكرێتە پارێزگایەك و بە توانای رۆڵەكانی و پشتیوانیی هەموو لایەك جارێكی دیكە ئاوەدانی بكەینەوە، كە لە ئێستاداو بە هۆی ئەو شەڕە 80%ی شارو شارۆچكەو گوندەكانی دەشتی نەینەوا لەلایەن ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە وێران بووە، وێڕای ئاوارەبوونی پتر لە 200 هەزار هاووڵاتی دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 داعش هێرشی بۆ هێناین و هەموو پیرۆزیی و شوێنەوارە ئاینی و نەتەوەییەكانی خاپووركرد.
* مایەی شانازییە بۆ هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكانی كوردستان بیسەلمێنین كە توانیومانە لە كاتی شەڕی داعش پارێزگاریی لە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوانمان بكەین و روویەكی گەشی ئەو پێكەوەژیانە پیشانی جیهان بدەین، بە رای ئێوە چۆن دەكرێ ئەو پێكەوەژیان و برایەتییە دوای نەمانی داعش پتەوتربكەین و كوردستانی پێ جوانتر بكەین؟

- ئەو پێكەوەژیانەی نێوان نەتەوەو ئایینەكان كە لە كوردستاندا بوونی هەیە یەكێكە لە سیما جوانەكانی ئەم هەرێمە و لەمەدا هەنگاوی بەرچاومان هەڵگرتووە و باش چووەتە پێش، ئێمەی كریستیان و تەنانەت زۆربەی نەتەوە پێكهاتە ئایینییەكانی دەشتی نەینەوا ترسی ئایندەی ئەو دەڤەرەمان هەیە دوای نەمانی داعش كە قۆناغێكی دیكە دەست پێدەكات، بۆیە پابەندبوون بەم بەیەكەوەژیانە زۆر پێویستە لە قۆناغی داهاتوودا، ئەمەش بۆ ئەوەی هەموو مافەكانمان لە چوارچێوەی ئەم برایەتی و پێكەوەژیانە مسۆگەربكرێت و نەهێڵین ئەو تەباییەی نێوانمان درزی تێبكەوێت و لاوازبێت.
* لە پڕۆسەی ئەمجارەی ئازادكردنەوەی موسڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناوچەیەكی دیكەی فراوانیی كریستیاننشینی لە دەشتی نەینەوا ئازادكردەوە، دیارە دوای ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانەش بیر لەوە دەكرێتەوە كە ئاوەدان بكرێنەوەو خەڵكەكەی بۆ بگەڕێندرێتەوە، ئایا بیرتان لەم پرۆسەیە كردۆتەوە؟

- یەكێك لە ئەولەویاتی پێویست ئەم مژارەیە واتا ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانە، من وەك شایەدحاڵێك بە چاوی خۆم گوندی باتقایەم لە میحوەری تلسقۆف-تلكێف بینی كە لە 80%ی ئەم گوندە وێران بووە و خانووەكانی تەختكراون، بۆیە من دەڵێم ئەو ناوچەیەو شوێنەكانی دیكەش پێویستییان بە كۆمەكی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی ئاوەدانبكرێنەوە، ئێمە ستایشی هێزی پێشمەرگە دەكەین كە رۆڵی باڵاو بەرچاویان هەبوو لە رزگاركردنەوەی زۆربەی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، هەروەها سوپای عێراقیش بەشداری كردووە، هیوادارین ئەو سنوورە نوێیەی دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی دەشتی نەینەواو شاری موسڵ نەبێتە هێڵێك بۆ دابەشكردنی دەشتی نەینەوا بۆ دووبەش، واتا بەشێك بۆ هەرێمی كوردستان و بەشەكەی دیكەشی بۆ حكومەتی ناوەندیی عێراق، بەڵكو هیوادارین و داواكارین كە گەلی ئێمە لەم دەشتەدا بژیت و خاكەكەی ئەم دەشتە یەك پارچە بێت و نەكرێت دوو پارچە، بۆیە هیوادارم ئەو هێڵەی ئێستا دانراوە رێكەوتنێكی كاتی بێت لەنێوان بەغداو هەولێر كە سنووری پێشمەرگەو سنووری عێراقی لێ دیاریكراوە.

* باس لەوە دەكرێت كە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ پارێزگایەك بۆ كریستیانەكان لە دەشتی نەینەوا دروست بكرێت و دواتر بخرێتە سەر هەرێمی كوردستان، هاوكات دەگوترێت كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمریكاش بیرۆكەی ئەم پارێزگایەیان پێ باشە، ئایا ئێوە وەك كریستیان لای خۆتانەوە چۆن بەرنامەتان بۆ داڕشتووە؟
- ئێمە وەك كلدانی و ئاشووری و سریانی بە هەموو لایەنە سیاسییەكانەوە رێككەوتووین لەسەر ئەوەی كە دەبێت پارێزگای دەشتی نەینەوا بۆ گەلی ئێمە و برایانی ئێزیدی و شەبەك درووست بكرێت، چونكە كە پێشتریش ئاماژەم پێدا هەموومان لەو ناوچانە زیانێكی زۆرمان لەسەر دەستی داعش پێگەیشتووەو ئەمەش ئەوە دەخوازێت كە دەبێت خۆمان واتا خەڵكی دەشتی نەینەوا بڕیاری خۆی بدات و سیستەمی بەڕێوەبردنی خۆی هەڵبژێرێت، بەدەر لەمە من پێموایە ئەم پێكهاتنانەی دەشتی نەینەوا دوای رزگاركردنەوەی ناوچەكانیان بەمە زۆر دڵخۆش نابن، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كە لایەنە سیاسییەكانی گەلەكەمان و دەشتی نەینەوا چەند هێزێكی سەربازییان بۆ دوو كاری سەرەكی پێكهێناوە، یەكەمیان بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە رزگاركردنەوەی دەشتی نەینەوا بەشداربن، دووەمیشیان تاكو دوای داعش سەقامگیریی ناوچەكە بپارێزن.
* ئێستا ئێوە وەك كریستییانەكان هێزێكی خۆتان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان هەیە، تا چەند بەنیازن بە هەماهەنگیی هێزی پێشمەرگە ئەم هێزەتان فراوان بكەن و بتوانن خۆتان بەم هێزە ناوچەكانی خۆتان بپارێزن؟

- لە راستیدا ئێمە لە گفتوگۆداین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، تاكە ئەو هێزەی كە لە ئێستادا هەمانە بكەینە هێزێكی فراوان و گەورە و لە دواڕۆژدا گەلەمان و سەرجەم خاكی دەشتی نەینەوای پێ بپارێزین و سەقامگیری لەم دەڤەرە دابین بكەین، هاوكات پێمان باشە و داواكارین دوای رزگاركردنی سەرجەم ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و ئاوەدانكردنەوە و گەڕانەوەی خەڵكەكەی، ریفراندۆمێك ئەنجام بدرێت، دانیشتوانەكەی خۆیان بڕیار لەسەر ئەوە بدەن كە دەشتی نەینەوا بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان نەك بەتەنیا حزبە سیاسییەكان ئەو بڕیارە بدەن.

لە كۆتاییدا دەمەوێ ئاماژە بوە بكەم كە رۆڵی بەرچاو و باڵای بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە چارەسەركردنی كێشەو گرفتە ناوخۆییەكان و عێراق بەرزبنرخێنم، هاوكات رۆڵی دیارو حەكیمانەی جەنابیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بەرەو پێشبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان مایەی شانازیمانە، هەروەها پشتگیری و پاڵپشتیی بەردەوامی بەڕێزیان لە مافە ڕەواكانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان بەگشتی لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە دەشتی نەینەوا زامنی ئارامی و برایەتی و تەبایی و پێكەوەژیانە.
Top