قادر شێخ مەمی : لەهەڵمەتی ئەمجارەدا كچانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ هێرشی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند

قادر شێخ مەمی : لەهەڵمەتی ئەمجارەدا كچانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ هێرشی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند
لەشكری رۆژ ئەو لەشكرەی پێشمەرگەی كوردستانەو لەكچان و كوڕانی كوردانی باكوورو باشوورو رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستان پێكهاتووە. ئەم لەشكرە لە2012ـەوە دامەزراوەو لە رەبیعەو شنگال تا دەگاتە سنووری سووریا جێگیركراوەو لەسەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ بەشداریی هەموو شەڕەكانیان كردووە، لەم دواییەشدا بەشدارییەكی بوێرانەو بەرچاویان لە شەڕەكانی میحوەری خازرو باشیكدا كرد. ئەوان بەئومێدی ئەوەن رۆژێك بگەڕێنەوە رۆژئاوای كوردستان و بەرگری لە كوردانی رۆژئاوا بكەن، لەسەردانێكماندا بۆ لەشكری 1 و 2ی رۆژ چاومان بە قادر شێخ مەمی فەرماندەی هێزی 2ی لەشكری رۆژ كەوت و چەند پرسیارێكمان ئاراستە كرد كە لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
قادر شێخ مەمی فەرماندەی هێزی 2ی لەشكری رۆژ بۆ گوڵان:
لەهەڵمەتی ئەمجارەدا كچانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ هێرشی تیرۆریستانی داعشیان تێكشكاند


* لەشكری رۆژ واتە لەشكری ئازادیی كوردستان، ئایا ئەم لەشكرە بۆ ئازادی هەموو كوردستان، یان بۆ رزگاری یەك پارچەی كوردستان خەبات دەكات؟
- لەشكری رۆژ ئەو لەشكرەی پێشمەرگەیە كە سنوورە دەستكردەكانی شكاندووەو لەكوڕان و كچانی كوردانی رۆژئاواو باكوورو باشوورو رۆژئاوا و رۆژهەڵات پێكهاتووەو یەكەم شەهیدی لەشكرەكەمان نەقیب هەژیر خەڵكی رۆژهەڵات بووەو دواتر شەهید رەفعەت و شەهید ئەكرەم كە كوردانی باكوور بوون، لەشەڕەكانی ئەم دواییەشدا چەندین رۆڵەی كوردی رۆژئاوا شەهید بوون. ئەوەبوو بەخوێنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری دامەزراندنی لەشكرەكەی داو لەدەستپێكی دامەزراندنی لەشكرەكەشەوە پاڵپشتی و هاوكارییەكی زۆری كردووین، كە ئەمە وایكرد پێشمەرگەكانی لەشكری رۆژ لەشەڕەكانی دژ بەداعش نەبەردیی بێ وێنە تۆماربكەن بەڕادەیەك بووینە سەردێڕی هەواڵ و دەنگوباسی میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان، ئێمە بەفەرمانی سەرۆك بارزانی جووڵە دەكەین و هەر پارچەیەكی كوردستان پێویستی پێمان بێت بە فەرمانی بەڕێزیان بۆ ئەو شوێنە دەگوازرێینەوە.
* چۆن بوو ئێستا لەشەڕەكانی هەردوو میحوەری خازرو باشیك بەشداریتان كرد؟

- ئێمە لەشكری كوردستانین و لە هەر كوێ پێویست بوو، ئێمە لەوێن، هەر بۆیە لەسەرجەم شەڕەكاندا بەشدارییەكی بێ وێنەمان هەبووە، ئەوەبوو لەشەڕەكانی ئەم دواییەشدا لە هەردوو میحوەری خازرو باشیك رۆڵی باشمان هەبوو، سوپاس بۆ خوا توانیمان لەبەرەكانی شەڕدا زیانێكی گەورە بە دوژمن بگەیەنین و لاشەیەكی زۆری تیرۆریستان بكەوێتە دەستی پێشمەرگەوەو سەرجەم تونێل و خانووەكان پاككرانەوە لەبۆمب و تەقەمەنییەكان. لەو لاشەوە هێزەكانی 70 و 80 و زێریڤانی نەبەردییەكی بێ وێنەیان تۆمار كردبوو هەر لەخازرەوە تا دەگاتە رێگای گشتی نێوان باشیك و موسڵ، دواتریش لەگەڵ هەردوو فەرماندەیی هەڵگورد و سەفین و زێرەڤانی لەسەر چیای زەرتك جەنابی بارزانی لەگەڵ هێزەكان كۆبووەوەو پلانی سەربازی بۆ داناین و بڕیاردرا لەمیحوەری ناوەرانەوە بەرەو گوندی دەراویش و تیزخراپ پێشڕەوی كراو ناحیەی باشیكمان بەكەمترین زیان رزگاركردو لەم نەبەردییانەشدا كچانی پێشمەرگەی لەشكری رۆژ لەگەڵ برا پێشمەرگەكانیان لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ بەشدارییەكی باشیان كرد.

* ئاشكرایە سەرۆك بارزانی رۆڵێكی گەورەو دووربینانەی هەیە لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەدا، ئایا تا چەند ئەم دووربینییەی سەرۆك بارزانی بۆتە ئومێد بۆ هەموو كوردستان؟
- من وەكو فەرماندەیەكی لەشكری رۆژ لەژیانی پێشمەرگایەتیم سەرۆكێكی وەكو سەرۆك بارزانی-م نەبینیوە لەشەڕەكاندا والێهاتووبێت و پێشبینی ورد بكات، لەبواری سەربازیدا پلاندانەرو ئاگاداری فرتوفێڵ و مەرامی دوژمنە، ئێمە وەكو فەرماندەكان دوو سێ رۆژ پلان و بەرنامەی سەربازیمان دانا، كاتێك چووینە خزمەتی لەچیای زەرتك سەرۆك بارزانی تەماشای پلانە سەربازییەكەمانی كردو دوای تێبینییەكی زۆر فەرمانی دا، ئەو پلانە بگۆڕدرێت بەپلانێكی دیكە كە خۆی داینابوو، هەر ئەو پلانەش بووە هۆكاری ئەوەی بەكەمترین زیان و ماوەیەكی كەم سەركەوتنێكی بێ وێنەمان تۆمار كرد.

* وەك سەرنج دەدرێت لەناو ریزەكانی ئەم لەشكرە كچانی كوردستان هاوشانی برا پێشمەرگەكانیان چەكیان لەشانەو بەشداری شەڕەكان دەكەن، ئایا تاچەند كچانی كوردستان لەناو لەشكری پێشمەرگەدا رۆڵی كاریگەریان هەبووە؟
- كاتێك سەرۆك بارزانی لەخنس سەردانی ئێمەی كرد، پێش دروستكردنی بەتالیۆنی یەكەم، پێی گوتین: كوڕان و كچانی گەنجی رۆژئاوا لەعەسكەرتارییەتی بەشار ئەسەد بێزارن و هەستی نەتەوایەتیان بەرزەو داوامان لێدەكەن لە ریزەكانی پێشمەرگەدا ببنە پارێزەری خاك و نەتەوەی كورد، ئیتر ئێمە رایدەگەیەنین لەو گەنجانە لەشكرێكی نەتەوەیی دروست دەكەین و كەی رۆژئاوای كوردستان پێویستی پێی هەبوو، ئامادەین بۆ یارمەتی و پارێزگاریكردنی كوردانی رۆژئاوا. ئێستاكەش ئەگەر كێشەی بودجەو توانای دارایی نەبێت، ژمارەی كچانی پێشمەرگە لەریزەكانی لەشكری رۆژ بە زۆر زیاددەكات، لەشەڕەكانیشدا كچەكان وەكو خۆبەخش هاتنە پێشەوەی سەنگەرەكان و لەچەند فەسیڵێكدا رێكخران و 120 كچە پێشمەرگە ئامادەكران و بگرە كچی پێشمەرگەی لێهاتوو هەبوو كە توانای بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیكردنی هەبوو، چونكە هەبوو پێشتر لەشاخ بوون و فێری شەڕو بەرخودان و خاوەنی ئەزموونی پێشتر بوون، ئەوەتا لەبازگەو سەنگەرەكانی پێشەوەو سەرجەم بوارەكاندا بەشدارن لەگەڵ برا پێشمەرگەكانیان، تەنانەت لەشەڕی دووەمی خازر كە داعشەكان هێرشیان كردە سەر رەبایەكەیان، كچەكان زیاتر لەكوڕەكان شەڕیان كردو رووبەڕووی داعشە خۆكوژەكانیش بوونەوە.
Top