ئەماتزیا بارام : لەو بڕوایەدام دۆناڵد ترامپ دان بەسەربەخۆیی كوردستاندا دەنێت

ئەماتزیا بارام : لەو بڕوایەدام دۆناڵد ترامپ دان بەسەربەخۆیی كوردستاندا دەنێت
پرۆفیسۆر ئەماتزیا بارام ئێستا ئوستادی فەخریيە لە بەشی دیراساتی مێژوو و بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی عێراقە لە زانكۆی حەیفا لە ئیسرائیل و پێشتریش یەكێك بووە لە توێژەرە باڵاكانی سەنتەری سابان لە ئامۆژگای بەناوبانگی برۆكینگز لە ئەمریكا، لە ماوەی خزمەتی سەربازیی لە ناو سوپای ئیسرائیلدا و لەگەڵ دەستپێكی شەڕی عێراق - ئێران، بەرپرسی دیسكی عێراق بووە بۆ شرۆڤە و هەواڵگریی سەربازی و هەر ئەم شارەزایيەشی بووە هۆكاری ئەوەی لەلایەن ئیدارەی جۆرج دەبليۆ بوشەوە بۆ شەڕی ئازادكردنی عێراق وەك راوێژكار دەست نیشان بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئاكامی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وەك سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا و ئەو گۆڕانكاریانەی لەسیاسەتی ئەمریكا لەناوچەكە روودەدەن و بایەخی كوردستان لە ئەجیندای سیاسەتی دەرەوەی داهاتووی ئەمریكا، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پرۆفیسۆر بارام ئەنجامداو بەمجۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخافتن.
ئەماتزیا بارام
بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی عێراق لە زانكۆی حەیفا بۆ گوڵان:
لەو بڕوایەدام دۆناڵد ترامپ دان بەسەربەخۆیی كوردستاندا دەنێت
پەیوەندیی ئێران لەگەڵ بەشێكی یەكێتی
رێگرە لە رێككەوتنی نێوان كوردستان و بەغدا




* ئاشكرایە دۆناڵد ترامپ هەڵبژاردنی بردەوە و بووە 45 ـەمین سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكا ئەمە وێڕای ئەوەی هەموو راپرسیەكان ئاماژەیان بەوە دەكرد كە هیلاری كلینتۆن هەڵبژاردنەكە دەباتەوە؟
- سەبارەت بە راپرسی دیارە هیچ كاتێك راپرسی لە هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیليشدا وەك خۆی دەرنەچووە، هەروەها ئەو راپرسیانەشی كە لە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا سەبارەت بە جیابوونەوەی بەریتانیا لەو یەكێتی ئەوروپا كرا راست دەرنەچوون، بۆیە ئەم رووداوانە پێمان دەڵێن كە راپرسیەكان و ئاكامی هەڵبژاردنەكان وەك یەك نین.

* باشە با بێينە سەر ئەوەی ئایا تۆ چۆن سەیری سیاسەتی سەرۆكی تازەی ئەمریكا دەكەیت؟
- ئەگەر باسی سیاسەتی سەرۆكی تازەی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا بكەین كە ئەمەیان گرنگترین گۆڕانكاری دەبن لە سیاسەتی سەرۆكی داهاتوودا، دیارە ئەو گۆڕانكاریيەش لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر سەنگافورا و ژاپۆن و كۆریای باشوور و رۆژهەڵات و باشووری ئاسیاش دەبێت، بەڵام ئەمەیان بابەتی موناقەشەی ئێمە نيیە، سەبارەت بە سیاسەتی داهاتووی ئەمریكا بەرامبەر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، دیارە ئێمە شتێكی زۆر سەبارەت بە بیركردنەوەی ترامپ نازانین و نازانین چۆن بیر دەكاتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەكرێت مەزندەی ئەوە بكەین چۆن بیر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكاتەوە، لەم رووەوە ئەگەر باسی هەڵوێستی ترامپ بكەین بەرامبەر رۆڵی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەوا گومانی تێدانیيە هەڵوێستی بەرامبەر رووسیا زۆر لە ئیدارەی ئۆباما یان ئەگەر هیلاری دەربچووبایە باشتر دەبێت، ئەمەش مانای ئەوەیە ترامپ ئامادە دەبێت قوربانی بە ئۆكرانیا بدات بۆ ئەوەی دووبارە دانوستاندن لەگەڵ فلادمێر پۆتین دەست پێبكاتەوە، لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستيش بە شێوەیەكی پراكتیكی هەمان هەڵوێستی ئۆبامای دەبێت و رێگە دەدات رووسیا لە تەرتوس و بەشێوەیەكی گشتی لە سوریا بمێنێتەوە. بەمەش دەتوانێت جۆرێك لە لێكتێگەیشتن لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە شەڕی دژی داعش درووست بكات، لەوانەیە بواری رووسیا بدات هێرشی زیاتر دژی گروپە ئیسلامیە رادیكاڵەكان بكات لەوانە بەرەی نوسرە، ئەمە لەگەڵ ئەوەی لە دیدی ئەمریكادا بەرەی نوسرە زۆر رادیكاڵ و توندڕەو نیيە، بەڵام لە دیدی رووسیاوە جۆرێكی دیكەیە.

* ئەی سەبارەت بە ئێران كە ئەویش لە سوریا و عێراق بوونی هەیە و لە هەمان كاتدا هاوپەیمانی رووسیاشە؟
- سەبارەت بە ئێران، لەبەر ئەوەی ئێران و رووسیا پەیوەنديیەكی باش لە نێوانياندا هەیە، ئەوا لەوانەیە لەگەڵ ئێرانیش لەسەر پرسی سوریا بگەنە جۆرێك لە رێككەوتن ، بەڵام لەسەر عێراق ناگەنە رێككەوتن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە عێراق بارودۆخێكی سەد دەرسەد جیاوازی لە سوریا هەیە، رووسیا بە هیچ شێوەیەك لەناو عێراقدا لەسەر ئەرز دەستێوەردانی نەكردووە، تەنها ئەوە نەبێت بە ئاسمانی عێراقدا رۆكێتی تێپەڕیوە بۆ ئەوەی ئامانجەكانی لە ناو سوریادا بپێكێت،بۆیە لەوانەیە سەرۆكی تازەی ئەمریكاش بوار بە رووسیا بدات هێرشە ئاسمانیيەكانی بەردەوام بێت بۆ حەلەب و سوریا.

* هەر لەم هاوكێشەیەدا لایەنی كوردیش لە هەردوو لای سوریا و عێراق كاراكتەری سەرەكین لە شەڕی رەقە و موسڵ، ئایا هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر كورد چۆن دەبێت؟
- ئەگەر بەشێوەیەكی گشتی قسە بكەین، حاڵی حازر هەرێمی كوردستانی عێراق پەیوەندیەكی گەورەی لەگەڵ ئەمریكا هەیە، لە هەردوو بەرەی شەڕی موسڵ و رەقە كورد رۆڵێكی كاریگەری هەیە، بۆیە ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا بێت یان دۆناڵد ترامپ، خاڵی سەرەكی ئەوەیە ئەمریكا پێویستی بەكوردە، بۆیە بۆ كورد هیچ لە مەسەلەكە ناگۆرێت، لەم رووەوە ناكرێت مەترسیمان لە هیچ سیاسەتێكی ئەنتی كورد یان كەمكردنەوەی هاوكاری بۆ كوردستان هەبێت، بە بۆچوونی من دۆناڵد ترامپ زیاتر یارمەتی كورد دەدات ئەوجا چ لە عێراق بێت یان لەسوریا، بەڵام هێزی زەمینی بۆ هیچ كام لە عێراق و سوریا نانێرێت،لەوانەیە ژمارەی هێزی تایبەت یان كۆماندۆ لەوەی ئێستا زیاتر بكات، لەوانەیە هێرشە ئاسمانيیەكان زیاتر بكات، بەڵام ئەمیش زۆر زیاتر نەكات لەبەر ئەوەی مەترسی قوربانیی هاووڵاتیانی سڤیل زیاتر دەبێت.


* لایەنێكی دیكە كە وەك دەوڵەت لەناوچەكە هەم گرنگە و هەمیش بۆتە بەشێك لە شەڕی ناو سوریا، ئەویش توركیایە، ئایا توركیا لە سیاسەتی تازەی ئەمریكا چۆن دەبێت؟
- كێشەی گەورەی توركیا لەناوخۆی خۆیدایە، لەبەر ئەوەی ئەردۆگان ئێستا هەموو كەسێك لە توركیا دەستگیر دەكات، پۆلیس و سوپا دەستگیر دەكات، بۆ ئەمەیان ئەگەر هیلاری ببوایە بەسەرۆك، ئەوا هەوڵێكی زۆری دەخستە گەڕ بۆ ئەوەی ئەردۆگان ئەم هەڵمەتە رابگرێت، بەڵام لەوانەیە ئەمە لای ترامپ زۆر گرنگ نەبێت، ئەمەش جیگەی دڵخۆشی سەرۆك ئەردۆگانە، بەڵام ئەو كێشەیەی لەگەڵ سەرۆكی تازە رووبەڕووی ئەردۆگان دەبێتە، كێشەی كوردە لە سوریا و عێراق، سەبارەت بە عێراق، هەردوو لایەنی توركی و كوردی، پەیوەندیيەكی باشیان لەگەڵ یەكدی هەیە، بۆیە ئەردۆگان هیچ دەستێوەردانێك لە هەرێمی كوردستان یان موسڵ و رۆژئاوای موسڵ ناكات، بەڵام سەبارەت بە باكووری موسڵ و سنووری لەگەڵ سوریا ئەمە توركیای نیگەران كردووە و بەلایەوە گرنگە، بۆیە لەم راستەوە بۆ رێگەیەك دەگەڕێت خۆی لەمەترسی پەكەكە دووربخاتەوە، دیارە پەكەكەش بنكەی لەناو عێراق و سوریاشدا هەیە، بۆیە توركیا لە پرسەكەدا جەخت لەسەر پەكەكە دەكاتەوە و باسی پەیەدە ناكات و پەیەدە وەك پاشكۆی پەكەكە پێناسە دەكات، بۆیە لەم حاڵەتەدا توركیا دەیەوێت وای پیشانبدات كە ئەو كێشەی لەگەڵ كوردی سوریا نیيە و كێشەی لەگەڵ پەكەكەیە، لەم هاوكێشەیەدا كێشەی سوریاش بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا كێشەیەكی گەورەیە، لەم كێشە گەورەیەدا ترامپ پێویستی بە كوردی سوریا دەبێت بۆ ئەوەی لە شەڕی داعشدا بەشداری بكەن، لە بەرامبەریشدا ترامپ دیسان وەك هاوپەیمانێكی گرنگ سەیری دەوڵەتی توركیا دەكات، تەنها ئەوەی پێدەكرێت كە رێگە نەدات لە نێوان دوو دۆستی خۆیدا شەڕ رووبدات، بۆیە لەوانەیە هەمان سیاسەتی ئۆباما پیادە بكات، كە چۆن بە زۆر كوردی سوریای كێشایەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات بۆ ئەوەی لە هێزەكانی توركیا دوور بكەنەوە، دەبێت ترامپیش هەمان سیاسەت پیادە بكات بۆ ئەوەی كوردی سوریا و سوپای توركیا تێكەڵی یەكتری نەبن و شەڕی یەكتری نەكەن.سەبارەت بە هەرێمی كوردستانی عێراقیش سیاسەتی سەرۆكی تازەی ئەمریكا باشتر دەبێت خراپتر نابێت، لەشەڕی موسڵدا هاوكاریەكانی زیاتر دەكات، ژمارەی هێزی تایبەت و كۆماندۆ و راوێژكارەكانی كە ئێستا نزیكە 600 سەرباز دەبن لە عێراق لەوانەیە زیادی بكات بۆ دوو ئەوەندە.


* تۆ سەبارەت بە ئێران تەنها ئاماژەت بە شەڕی سوریا كرد، بەڵام ترامپ دەڵێت رێككەوتنی ئۆباما لەگەڵ ئێران هەڵدەوەشێنمەوە، ئایا تۆ لەمبارەوە چی دەڵێيت و دەتوانێت ئەو رێككەوتنە هەڵبوەشێنیتەوە؟
- سەبارەت بە هەڵوەشانەوەی رێككەوتنی ئەتومی نێوان ئێران و ئەمریكا، من پێموانیيە بتوانێت بە ئاسانی ئەم كارە بكات، لەبەر ئەوەی ئەم رێككەوتنەی نێوان ئەمریكاو ئێران بۆتە رێككەوتنێكی دامەزراوەیی لە ئیدارەی ئەمریكا، بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر ئێران توندتر دەكات و سنوورێك بۆ رەفتارەكانی ئێران لە ناوچەكە و لە دەریاكانی ئەو ناوچەیە زیاتر دەكات، هەر بۆ نموونە ئیدارەی ئۆباما ئامادەبوو ملیۆنەها دۆلار بداتە ئێران بۆ ئەوەی بەو بەندكراوانەی پێبگۆڕێتەوە كە لەلایەن ئێرانەوە دەستگیر دەكرا، بێگومانم ترامپ ئەمە ناكات، هەروەها لەناو ئاوی ناوچەكەدا، زۆر جاران هێزی دەریایی ئەمریكا دەكەوتنە بەر هەڕەشە و مەترسی هێزەكانی ئێران و یان هێزەكانی ئێران سەربازانی هێزی دەریای ئەمریكایان دەستگیردەكرد، بێگومان ترامپ نەك رێگە نادات ئێران ئەو مافە بەخۆی بدات سەربازی ئەمریكی دەستگیر بكات، بەڵكو رێگە نادات هێزی ئێرانی هەرەشە لەسەر هێزی دەریای ئەمریكا دروست بكات كارێكی لەو جۆرە رووبدات، ئەو وەك فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمان بە هێزەكانی دەدات، ئەو هێزەی ئێران كە دەبێتە هەڕەشە هەر لەئاوەكەدا نقومی بكەن، بۆیە من دڵنیام كە ترامپ بەرامبەر ئێران توند دەبێت، بەڵام تونديیەكەی سنوردار دەبێت.


* دیارە ئیسرائیلیش دەوڵەتێكی گرنگی ناوچەكەیە، هەست دەكرێت ترامپ وەك دۆستی ئیسرائیل دەردەكەوێت، ئایا سیاسەتی بەرامبەر ئیسرائیل چۆن دەبێت؟
- پێشتر ترامپ بەڵێنی داوە كە باڵيۆزخانەی ئەمریكا دەگوازێتەوە بۆ قودس وەك شارێك كە پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیلە، من پێموایە ئەمە دەكات، بەڵام سەبارەت بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێی( المستوطنات) زیاتر، ئەو دەڵێت من پشتگیری دەكەم، بەڵام ئەمەش دواتر دەكەوێتە سەر ئەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا چۆن دادەڕێژرێتەوە، لەبەر ئەوەی پەیوەندی عەرەبی و ئەمریكیش گرنگی خۆی هەیە، بۆیە سەبارەت بەمەیان دەبێت كار لەسەر ئەگەرەكان بكەین، لەوانەیە نەتانیاهۆ بە سەرۆكی ئەمریكا بڵێت ئێمە نیشتەجێبوون لەسەر خاكی جوو دەكەین بەتایبەتی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی قودس، ئەوا لە بەرامبەردا لەوانەیە سەرۆكی تازەی ئەمریكا بڵێت من چاوی لێ دەپۆشم و بێدەنگ دەبم لەسەری، بەڵام نابێت ئەم نیشتەجێكردنە فراوان بكرێت و هیچ بەشێكی كەناری رۆژئاوا بگرێتەوە، ئەگەر بیر لەوە كرایەوە ئیسرائیل خاكی خۆی فراوانتر بكات بۆ نموونە ئەو ناوچانەی كە دوای ساڵی 1967 داگیری كردوون، دیارە ئەمەیان دەكەوێتە سەر ئەوەی ئەبومازن رازی بێت كە ئیسرائیل ئەو خاكانە فراوان بكات، ئەو كاتە ئەمریكاش رازی دەبێت و دەتوانرێت 4-5 شوێنی نیشتەجێبوونی گەورە دروست بكرێت بە هاوشێوەی شارێك، بەڵام دەبێت لەناو خاكی ئیسرائیلدا بێت نەك لە دەرەوەی لەم حاڵەتەدا دەكرێت چاوی لێ بپۆشرێت. بۆیە من دڵنیام سیاسەتی ترامپ نەك هەر لە سیاسەتی ئۆباما جیاوازتر دەبێت، بەڵكو بەرامبەر ئیسرائیل زۆر نەرمتر دەبیت بەتایبەتیش بەرامبەر دەستپێكردنەوەی وتووێژەكانی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، ترامپ بە هیچ جۆرێك پەنا بۆ گوشار نابات بۆ ئەوەی هەردوولا دەست بە گفتوگۆ بكەنەوە، بەڵكو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كاتێك سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات گوشار دەبات، دیارە قسە لەسەر هەردوو لایەنی فەلەستینی و ئیسرائیلی دەكات و خۆشحاڵی خۆشی بۆ بەرەو پێشەوەچوونی گفتوگۆكان پیشاندەدات، واتە پێشنیاری كۆبوونەوەی ئارەزوومەندانە( غیر ملزم) بۆ هەردوولا دەكات، سەبارەت بە چارەسەر دوو دەوڵەتیش بۆ چارەسەری كێشەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل، ئەمریكا ناڵێت من بڕوام بەم چارەسەرە نیە، بەڵام ئەو داوا دەكات هەردوولا بگەنە رێككەوتن، ئەو كات چەند دەوڵەتێكی عەرەبی و دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپاش و ئەمریكاش هاوكاریتان دەكەن و هەموو لایەك حەزدەكات پرۆسەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەرەو پێشەوە بڕوات و چارەسەر بێت.
* بێگومان وەك ئاگادارن ترامپ لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا، هۆشداری دایە هاوپەیمانەكانی و پێی راگەیاندن، ئەگەر دەتانەوێت هاوكارتان بین بۆ پارێزگاریكردنتان ، ئەوا دەبێت پارە بدەن، ئایا ئەمە هیچ مەترسییەك لەسەر ئایندەی ناتۆ دروست ناكات؟
- سەرۆكی تازەی ئەمریكا سەركردەكانی دەوڵەتانی بەلتیك ئاگادار دەكاتەوە و پێیان دەڵێت ، ئەگەر دەتانەوێت پارێزراو بن دەبێت لە ئێستا زیاتر بەشداری بكەن و پارە بدەن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر رووسیا بیەوێت دەوڵەتانی بەلتیك بخاتەوە سەر رووسیا، ئەوا كارەسات روودەدات، ئەوجا بۆ ئەوەی كارەسات روونەدات ئەوا دەبێت هاوكاری بكەن، سەبارەت بە دەوڵەتانی دیكەی ناتۆش، بۆ نموونە پۆڵەندا، ئاشكرایە لە ئێستا رووسیا ناتوانێت پۆڵەندا داگیربكات، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو كارەی كرد دەبێتە كارەسات بۆ رووسیا، فلادمیر پۆتنیش سەرۆكێكی واقعيیە و ئەم راستیە دەزانێت و كاری لەو شێوەیە ناكات، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتانی بەلتیك بارودۆخەكە وەك پۆڵەندا نيیە، ئەگەر ئەمە رووبدات دەبێتە كارەسات بۆ ناتۆ، بۆیە دەبێت پۆڵەنداش بەشداری بكات و ئەوەی نەكات نابێتە ئەندامی ناتۆ، سەبارەت بەم پرسە سەرۆكی تازەی ئەمریكا بە دەوڵەتانی ئەندامی ناتۆ دەڵێت، ئێوە خۆتان دەزانن ئەمریكا لەبەردەمی چ كێشەیەكی گەورەی ئابوریدایە، دەزانن رۆژانە چەندین ملیۆن دۆلار بۆ پاراستنی ئێوە تەرخان دەكات، بۆیە ئەگەر ئێوە هاوكاری نەكەن بارەكە قورستر دەبێت و ئەگەریش هەموولایەك بەشداری بكات بۆ هەموو لایەك باشتر دەبێت.
* تۆ ئاماژەیەكت بە شەڕی موسڵ كرد، پرسیاری ئێمە ئەوەیە ئەگەر لەرووی سەربازییەوە داعش تێكبشكێنرێت، ئەمە تەنها دەبێتە سەركەوتنێكی سیمبولی سەربازی ، ئایا ئەگەر پرۆسەیەكی سەرتاپاگیر لە عێراقدا دەست پێنەكاتەوە، پێت وانییە شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە هەر بەردەوامی دەبێت؟
- ئەم پرسیارە زۆر گرنگە و كڕۆكی پرسەكەیە دوای تێكشكاندنی داعش لەرووی سەربازییەوە، بەڵام لە سەداسەدی ئەم پرسە دەكەوێتە سەر بەغدا، بۆ ئەم پرسەش ئەگەر بەغدا بیەوێت لە گەڵ كوردا بگاتە رێككەوتن دەبێت كۆمپرۆمایز بكات، كوردیش دەبێت كۆمپرۆمایز بكات، ئەمەش بەو مانایەی ئێوەی كوردیش نابێت چاوەڕێی ئەوەبن هەموو ئەو شتانەی مەبەستتانە بەدەستی دەهێنن، لەمەش زیاتر كورد دەبێت لەوە ئاگادار بێت رێككەوتن لەگەڵ بەغدا زۆر قورسترە لە رێككەوتن لەگەڵ سوننەی عەرەب.
سەبارەت بە موسڵ دوای داعش، بێگومان ئێوەش دەزانن موسڵ پرسێكی قورسە، بەشی زۆری دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننەن، زۆربەی ئەم خەڵكە لەناو شەڕەكەدا گیردەخۆن كە ژمارەیان لە ملیۆنێك زیاترە، بۆیە دەبێت رێگەیەكیان بۆ بكرێتەوە لەو گیرخواردیە رزگاریان بێت، ئەوجا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو بارودۆخە پێویستمان بەوەیە چەند هەنگاوێكی جدی هەڵبگیرێت، بۆ ئەمەش لەم یەكدوو مانگەی رابردوو، پەرلەمانی عێراق یاسای لێبووردنی پەسەند كرد، جێبەجێكردنی ئەم یاسایە هیچ مەترسیيەك لە خۆی ناگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەو عەرەبە سوننانەی بوونە چەكداری داعش و بەشداری شەڕەكانیان كردووە هیچ لێبووردنێك نایانگرێتەوە، بۆیە ئەمە بە هەنگاوێكی باش هەژمار دەكرێت، دوای ئەمە بەشی زۆری ئەو خەڵكە پێویستی بەوەیە دووبارە بگەڕێتەوە سەر شوێنی خۆی، بەشێكی زۆریان لە ناو دامودەزگاكانی حكومەتدا كاریان هەبووە و دەبێت بگەڕێنەوە سەر كارەكانی خۆیان، هەندێكی دیكە بێكارن و دەبێت كاریان بۆ بدۆزرێتەوە، ژمارەیەكیش لەو خەڵكانە چوونە دەرەوەی عێراق و دوای ئەم پرۆسەیە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەبێت رێگەیان بۆ خۆشبكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە وڵات و بۆ سەر كارەكانی خۆیان، ئەگەر ئەمانە بكرێن كارێكی باش دەبێت و لە كارەسات دوور دەكەونەوە.
پرسێكی دیكە مەسەلەی پێشمەرگەیە كە كوردستان دەپارێزێت، دیارە لەسەر ئەم پرسە دەبێت لەگەڵ حكومەتی عەبادی بگەنە رێككەوتن و هەتا ئەگەر كرا لەگەڵ ئایەتوڵا عەلی سیستانیش وەك مەرجەعی گەورەی شیعە، بەڵام ئەم پرسە بۆ پەرلەمانی عێراق ئاسان نیيە، لەبەر ئەوەی دەبێت رازی بێت لەسەر ئەوەی بۆ پارێزگاكانی عەرەبی سوننەش وەك موسڵ و ئەنبار و تكریت و دیالە ، گاردی نیشتمانی دروست بكرێت و هەر هێزێك پارێزگای خۆی بپارێزێت، دروستكردنی گاردی نیشتمانی بۆ عەرەبی سوننە ، بۆ كوردستان و بەغدا جێگەی مەترسی نابێت، لەبەر ئەوەی ئەم هێزە هەرگیز ئەو چەكەی نابێت كە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لەبەردەستی هەیە.
* ئەی سەبارەت بەڕێوەبردنی موسڵ لەدوای داعش ئەوەش پرسێكی دیكەی گرنگە، ئایا چۆن ئەو پرۆسەیە رێكدەخرێتەوە؟
- بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە هاوكاربێت بۆ ئیدارەی موسڵ لەلایەن عەرەبی سوننەوە لەسەر دوو ئاست، یەكەم، پێویستە هەوڵبدەن كە پەیوەنديیەكی فراوان لەگەڵ عەرەبی سوننە دروست بكەن، ئێوە خۆتان دەزانن قەت پەیوەندی زۆر باشتان لەگەڵ عەرەبی سوننە نەبووە، لانی كەم لە ماوەی 50 ساڵی رابروودا، خاڵی دووەمیان ئەوەیە، دیارە ئێوە خۆتان دەزانن كە بەشێكی زۆری عەرەبی موسڵ خوازیاری ئەوەن جۆرێك لە خۆبەڕێوەبەريیان هەبێت بە هاوشێوەی هەرێمی كوردستان، بۆیە گرنگە ئێوە فێریان بكەن چۆن خۆیان بەڕێوەبەرن، من دەزانم ئەزموونی هەرێمی كوردستان ئەو ئەزموونەیە كە عەرەبی سوننە ئومێدی بۆ دەخوازن، ئەگەر ئەم میكانیزمە بگیرێتە بەر مەترسيیەكان دوور دەكەونەوە، هیچ لایەك ناتوانێت ببێتە مەترسی بۆسەر لایەكەی دیكە.
* ئایا تاچەند حكومەتی بەغدا هاوكار دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و بەغدا و سوننە لەسەر ئەم میكانیزمە رێكبخرێتەوە؟
- رێكخستنەوی پەیوەندی نێوان سوننە و بەغدا، دەبێت حكومەتی عێراق بیكات، بەڵام دەبێت كورد و سوننەش پێكەوە پەیوەندیان باش بێت، سەبارەت بە رێككەوتنی نێوان بەغداو هەولێر، دەبێت بەغدا داواكاریيەكانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی خاك و نەوت لەبەرچاو بگرێت، بۆیە چارەسەركردنی ئەم كێشانە پێویستی بە كۆمپرۆمایز هەیە لەلایەن هەردوولاوە، ئەگەر ئەم چارەسەر سەركەوتوو نەبێت، ئەوا مەترسییەكە ئەو كاتە دەست پێدەكات، من ئاگادارم زۆربەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەیانەوێت ئەمرۆ بڕیاری سەربەخۆیی بدەن نەك سبەینێ، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كوردستان پراگماتیكانە بیردەكاتەوە و دووربینانە سەیری ئایندە دەكات، لە ئێستادا ریككەوتن لەگەڵ بەغدا بەگرنگ دەزانن و بەغداش دەیەوێت كە كێشەكانی لەگەڵ كوردستان چارەسەر بكات و رێگە لە دابەشكردنی عێراق بگرێت.
* باشە كە هەردوولا ئەو نیەتەیان هەیە بۆچی ناگەنە رێككەوتن و كێشەكانی خۆیان چارەسەر ناكەن؟
- كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە ئێستا بەغدا لەژێر كاریگەریی ئێراندایە، ئێران بەلایەوە گرنگ نيیە هەولێر و بەغدا لیك نزیكببنەوە بگەنە رێككەوتن یان سوننە و شیعە بگەنە میكانیزمێك بۆ پێكەوە ژیان، بەپێچەوانەوە دەسەڵاتدارانی ئێران بەوە خۆشحاڵ دەبن كاتێك دەبینین لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا شەڕ و گرژی و ئاڵۆزی هەیە، لە ئێستا ئێران بۆیە بە تێكشكاندنی داعش خۆشحاڵن، لەبەر ئەوەی پەیوەندی نێوان عەرەبی شیعەو سوننە زۆر زۆر خراپە، پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی زۆرینەی شیعە لەبەغدا باش نيیە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێران لە عێراقدا كێشە و ئاڵۆزی هەبێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە ئێران وای دەبينێت ئەگەر كێشە لە عێراقدا هەبێت گوشارەكان لەسەر ئێران كەمتر دەبنەوە. ئەمەش مانای ئەوەیە بەشی هەرە زۆری ئاڵۆزی ئەم كێشانە دەكەوێتە سەر تاران.
* ئەی رۆڵی ئەمریكا لەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا چۆن دەبێت، ئایا پێتوانیيە سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە گوشاری ئەمریكا دەبێت؟
- بێگومان بەشێكی زۆری سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ئامادەبوون و گوشاری ئەمریكا هەیە، هەتا ئێستا نازانرێت ئایا دۆناڵد ترامپ ئەم گوشارە دەخاتە سەر بەغداو تاران؟ تائێستا ئەمە ئاشكرا نيیە، بەڵام ئەگەر هیلاری كلینتۆن ببوایە بە سەرۆك ئەوا من دڵنیابووم ئەو ئامادەبوون و گوشارەی ئیدارەی ئەمریكای دەخستە گەڕ بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان و بەغدا و سوننە و بەغدا بگەنە رێككەوتن، هەربۆیە ئەگەر ئەو لایەنانە نەگەنە رێككەوتن، بەتایبەتی شیعە و سوننە، ئەوا ئەمریكا دەگەڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەمەش لەبەر ئەوەی دوای تێكشكانی سەربازی داعش، هێشتا ژمارەیەكی زۆر توندڕۆ لە نێو سوننە بوونی دەبێت، لەوانەیە جارێكی دیكە ئەم توندڕۆیانە ببنەوە بە قاعیدە یان داعش، یان لەژێر هەر ناوێكی دیكەدا بێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەمریكا درووست دەكات و لەوانەیە بگەنە ئەمریكا هەروەك بەم دواییە چەند كارێك لە ئەمریكا بكەن، بۆیە ئەمریكا دەبێت لەم راستیە تێبگات و هەوڵبدات كە لە دوای تێكشكاندنی داعش بەغدا و كورد و سوننە بگەیەنێتە رێككەوتن.
* تۆ باست لەوە كرد ئێران خوازیاری ئەوەیە لە عێراقدا سەقامگیری بوونی نەبێت و ئاژاوە بەردەوام بێت، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا ئێران خۆی رۆڵێكی سەرەكی تێكدەرانە ناگێڕێت بۆ ئەوەی ببێتە رێگر بۆ رێككەوتنی نێوان كوردستان و بەغدا یان بەغدا و سوننە؟
- هیچ گومانم نيیە ئێران هەوڵدەدات كە لە رێككەوتنی نێوان بەغداو سوننە رێگری بكات، هەتا ئەگەر بگەنە رێككەوتنیش تاران دژی دەبێت، ئەمە بۆ كوردستان بەغداش هەمان شێوەیە، لێرەدا حەزدەكەم ئاماژە بە چەند خاڵێك بكەم لەوانە:
یەكەم: ئاشكرایە یەكێتی نیشتمانی لەرێگەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد خێزانی جەلال تاڵەبانی و چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیيانەوە پەیوەندیەكی زۆر باشیان لەگەڵ ئێران هەیە، دەبوو ئەم پەیوەندیەی نێوان یەكێتی و ئێران ببوایە بە گوشارێكی دیبلۆماتی بۆ ئەوەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان كۆمپرۆمایز بكات، بەڵام ئەمە وایكردووە كە ئەو كۆمپرۆمایزە روونەدات، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر خۆی لە توركیا نزیك كردۆتەوە، ئامانجی ئێران لەم پەیوەندیەی لەگەڵ یەكێتی و رێگرتن لە كۆمپرۆمایزی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە هەرێمی كوردستان ناچار بێت خۆی لە ئێران نزیك بكاتەوە.
دووەم: من پێموایە دەبوو ئێران بە لۆژێكی دیكە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكات و دەبوو كارێكی بكردایە، پەیوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی بەغداو هەرێمی كوردستان بگەنە رێككەوتن، ئەوكات هەرێمی كوردستان ناچار نەدەبوو كە لە توركیا هێندە نزیك بێتەوە، نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان لە توركیا پارسەنگەكە بەلای توركیا دژی ئێران قورس دەكات، بۆ ئەوەی ئەمە روونەدات دەبوو ئێران پەیوەندیيەكی هاوسەنگی لەگەڵ بەغداو هەرێمی كوردستان هەبوایە، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستانیش لە نێوان ئێران و توركیا بێلایەن بوایە یان لانی كەم پەیوەنديیەكی هاوسەنگی لەگەڵ هەردوولا هەبوایە، لەم حاڵەتەشدا دەبوو ئێران ئەو زەمینەی بڕەخساندایە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان داوای یارمەتی لێبكات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن، ئەمەش جۆرێك لە بێلایەنی و هاوسەنگی دروست دەكرد.
* تۆ یەكێكی لەو تۆژەرانەی زیاتر لە 30 ساڵە لەسەر دۆسێی عێراق كاردەكەیت، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوەیە ئەو پرسیارە بكەین، كە بەم دواییە نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق هێرش دەكاتە سەر سەرۆك بارزانی و، دەڵێت كوردستان بۆتە پێگەیەك بۆ ئیسرائیل، ئایا سەبارەت بەم قسانەی مالیكی چی دەڵێت؟
- مالیكی زۆر ترسناكە، وەك سەدام حوسێن رەفتار دەكات، ئەو بۆ دژایەتیكردنی نێوان كورد و بەغدا پەنا بۆ هەموو رێگەیەك و پروپاگەندەیەك دەبات، بۆیە دەبێت ووریا بن مالیكی زۆر ترسناكە، گریمان كوردستان و ئیسرائیل پەیوەندیان هەیە، بەڵام ئەم پەیوەندییە بەر لە 10ساڵ پێش ئێستا چۆن بووە هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام مالیكی ئەمە دەكاتە پروپاگەندە بۆ ئەوەی رێگری بكات لەوەی هەولێر و بەغدا بگاتە رێككەوتن، ئەم رێگەی مالیكی ئێستا پەنای بۆ دەبات پێشتر سەدام حوسێن زۆر جار پەنای بۆ بردووە، من بەدەنگی تۆماركراوی سەدام حوسێن هەمە كە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەیگووت (خومەینی جاسووسی زایۆنیزمە)، من پرسیار لە ئێوە دەكەم ئایا خومەینی جاسووسی زایۆنیزمە؟ من دڵنیاتان دەكەمەوە بۆ مالیكی زۆر ئاساییە ئێستا بڵێت (عەبادی جاسووسی زایۆنیزمە) بۆیە كاتێك باسی مالیكی دەكرێت دەبێت لە بیرمان بێت ئەو وەك سەدام حوسێن بیردەكاتەوەو هەر بەوشێوەیەش رەفتار دەكات.
* دیارە لەوانەیە هەتا سەرۆكی تازەی ئەمریكا دەست بەكار دەبێت، داعش لەرووی سەربازيیەوە كۆتایی هاتبێت، كوردستانیش ئومێدی ئەوەی هەیە سەربەخۆ بێت، ئایا سیاسەتی سەرۆكی تازەی ئەمریكا بەرامبەر كورد چۆن دەبێت و كورد دەبێت چ داوایەك لە سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا بكات؟
- سەبارەت بە راگەیاندنی سەربەخۆيی و بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی، من حەزدەكەم شتێكتان پێ بڵێم، دیارە زۆر جار كە باسی سەربەخۆیی دێتە پێشەوە، بەراوردی كورد بە جوو دەكەن چۆن دەوڵەتی خۆیان دامەزراندووە، ئێوەش نەتەوەیەكن، بەڵام نیشتمانی سەربەخۆیی خۆتان نيیە، بۆیە ئێوە ئەگەر زیرەكانە هەنگاو هەڵبگرن دەتوانن دەست بەجێ دانپێدانان بەدەست بهێنن، بەڵام ئەگەر وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ دانتانپێدانرا، ئایا ئێوە دەتوانن رووبەرووی ئەركە قورسەكان ببنەوە؟ دیارە من لێرەدا باسی دانپێدانانی دیپلۆماتی و دیفاكتۆ دەكەم، ئەگەر مەبەستتان ئەم دانپێدانانەیە، من دەڵێم لەبەر ئەوەی سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا ترامپە ئەوا لەوانەیە دان بەسەربەخۆیی كوردستان بنێت، بەڵام ئەگەر هیلاری بوایە ئەمە رووینەدەدا، بەڵام ئەگەر پرسیاری ئەوەم لێ بكەیت ئایا ئەم دانپێدانانەی ترامپ مانای ئەوەیە ئەمریكا ئامادەیە هێزی خۆی بنێرێتە كوردستان بۆ ئەوەی ئەم دەوڵەتە لە هەموو دوژمنەكانی بپارێزێت؟ من دەڵێم زەحمەتە ئەمەیان ناكەن، سەبارەت بە توركیا، من دڵنیام توركیا نە تیشكی سەوزتان بۆ هەڵدەكات بۆ ئەوەی بڕیاری سەربەخۆيی بدەن، نە تیشكی سوریشتان پیشاندەدات بۆ ئەوەی رێگریتان لێ بكات، بەڵكو تیشكی زەردتان پیشاندەدا، سەبارەت بە ئێران، ئەمەش گومانی تێدا نیيە بە تەواوی دژی سەربەخۆيی كوردستان دەبێت و بەغداش بە هەمان شێوە، بەڵام ئەگەر ئەم پرسە بوو بە ئەمری واقیع لەوانەیە ئەم گریمانانە هەمووی وەك خۆی دەرنەچێت و گۆڕانكاری بەسەردا بێت، هەر بۆ نموونە هەموو دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا دژی جیابوونەوەی بەریتانیا بوون لە یەكێتی ئەوروپا، بەڵام دوای ئەوەی گەلی بەریتانیا بڕیاریدا هەڵوێستەكان بووە شتێكی دیكە، بۆیە من مەزندە دەكەم ئەگەر ئەمڕۆ سەربەخۆیی رابگەیەنن لەوانەیە 10 دەوڵەت یان زیاتر دان بەو دەوڵەتەدا بنێت، بەڵام بەشی زۆری دەوڵەتان بەفەرمی دانی پێدانانین، بۆیە گەلی كوردستان ئازادە خۆی چ بڕیارێك دەدات، بەڵام دەبێت تەحەمولی ئاكامی بڕیاردانەكەی خۆشی بكات.
* بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە ئاسانتربێت، ئایا بە رای تۆ كورد دەبێت داواكاری بۆ سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا چی بێت؟
- دەبێت زۆر راشكاوانە هەوڵبدەن ئەوەی مەبەستانە و دەتانەوێت لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمریكا باسی بكەن و ئەوان بگەیەننە قەناعەت لەوانە:
1. دەبێت راشكاوانە لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمریكا باسی ئەوە بكەن، كە ئێمە پێویستمان بە چەكی زیاتر و مەشق و راهێنانی زیاتری پێشمەرگە هەیە، بۆ ئەوەی دوای داعش ئامادەیی بۆ شەڕ هەبێت و بتوانێت رووبەڕووی هەر هەرەشەیەكی دیكە ببێتەوە.
2. دەبێت ئیدارەی تازەی ئەمریكا بگەیەننە قەناعەت كە هەناردەكرنی نەوتی كوردستان یاسایيە و ئیدارەی ئۆباما قبوڵی كردووە، ئەمەش بۆ ئەوەیە هەناردەكردنی نەوت رانەوەستێت تا لەگەڵ بەغدا دەگەنە رێككەوتن.
3. ئێوە كێشەی خاكتان لەگەڵ عێراق هەیە بەتایبەتی مەسەلەی گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەرهەرێمی كوردستان، بۆ ئەمە دەبێت راشكاوانە بە ئیدارەی تازەی ئەمریكا بڵێن، ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ بەغدا لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كەركوك و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا بگەینە رێككەوتن بەو میكانیزمەی لە دەستوری عێراقدا هاتووە، ئەگەر توانیتان ئیدارەی داهاتوو بگەیەننە قەناعەت، ئەوا ئەمە چانسێكی باش دەبێت بۆ ئەوەی كەركوك و ئەو ناوچانە بەراپرسی بگەڕێنەوە سەرهەرێمی كوردستان.
سەبارەت بەم خاڵانە كە دەتانەوێت لەگەڵ ئیدارەی تازەی ئەمریكا باسی بكەن، من دەڵێم ئیدارەی تازەی ئەمریكا زۆر كراوە دەبێت بۆ گوێگرتن لەهەموو ئەم پرسانە بە بەراورد لەگەڵ ئیدارەی باراك ئۆبامادا.
Top