سەفا ئەلیاد : ئومێدمان زۆرە ناوچە كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگای شەشەمی هەرێمی كوردستان
November 11, 2016
دیمانەی تایبەت
دوای ئەوەی رووبەرێكی فراوانی ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە ئازادكران، ئێستا چەند فەوجێك لەپێكهاتەكانی كریستیان و ئێزیدی و شەبەك و كاكەیی لەناو هێزی دەشتی نەینەوا بەهاوكاری هێزی پێشمەرگە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئەم ناوچە كوردستانییانە دابین دەكەن. لەدیدارێكدا لەگەڵ سەفا ئەلیاد بەرپرسی هێزی دەشتی نەینەوا چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كردو لێردەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.سەفا ئەلیاد
بەرپرسی هێزی دەشتی نەینەوا سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە لەمیحوەری تلسقوف:
ئومێدمان زۆرە ناوچە كریستیانەكانی دەشتی نەینەوا ببێتە پارێزگای شەشەمی هەرێمی كوردستان
* هێزی پێشمەرگە تەواوی ناوچەكانی دەشتی نەینەوای ئازادكردۆتەوە، ئایا بۆ ئێوەی كریستیان تاچەند ئازادكردنی ئەم ناوچانە گرنگ بوو؟
- لەسەر فەرمانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەئەیلوولی ساڵی 2014 هێزی دەشتی نەینەوا بەشێوەی فەوج دامەزراو سەرجەم پێكهاتەكانی دەشتی نەینەوای لەخۆگرتووە. لەو كاتەوە هێزی دەشتی نەینەوا لەو ناوچانە لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەو زێرەڤانی بەتایبەتی هێزی فەرماندەیی سپیلك جێگیر كراو توانرا رووبەڕووی 8 هێرشی داعش ببینەوە، بەتایبەتی هێرشی بەربڵاوی ئەم دواییەی داعشەكان بۆ سەر تلسقوف لە ئایاری ئەمساڵ كە بە ئازایەتی و پاڵەوانێتی هێزەكانی پێشمەرگە توانرا داعش تیكبشكێندرێت و دوورخستنەوەی تیرۆرستان لەتەواوی دەوروبەری تلسقوف. ئەمڕۆش هێزەكانی دەشتی نەینەوا لەگەڵ هێزو فەرماندەییەكانی پێشمەرگەو زێرەڤانی لە پێشڕەویدان بۆ ئازادكردنی تەواوی ناوچەكانی دەشتی نەینەوا، بەتایبەتی ناوچەكانی سلماقیە و دێرمارۆهە و باتنایەو كانی شیرین و قیر ئیسحاق و حەسەن جەلادو دەیان گوندی كریستیاننشینی دیكە. سوپاس بۆ خوا كە توانیمان بە فەرماندەیی جەنابی سەرۆك بارزانی و هێزەكانی پێشمەرگە خاچ لەسەر كەنیسەكانی دێر مار ئۆرەهاو باتنایە بەرز بكەینەوە، دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دێرەكەیان وێران كردبوو، چەندین بۆمپ و تەقەمەنیان تێدا چاندبوو. بڕیاریشە هەموو ناوچەی دەشتی نەینەوا ئازادبكرێت.
* تا چەند گرنگە دوای ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە كریستیانەكان گەرەنتی سەلامەتییان بكرێت بۆ ئەوەی بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان؟
- بۆ ئێمەی كریستیانەكان هەر لەدامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە بەتایبەتی لەدوای رووخاندنی رژێمی بەعس كوردستان بووەتە ئەو پێگەیەكی كە كریستیانەكان پەنای بۆ دەبەن دوای ئەوەی لەناوچەكانیان لەدژی زوڵم و ستەم و رفاندن و كوشتن و تەقاندنەوەی ناوچە پیرۆزەكانیان ئاوارەبوون. ئێستاكەش دوای ئەوەی بەخوێنی شەهیدەكان توانرا ناوچەیەكی فراوانی كریستیاننشینەكان ئازاد بكرێت، رۆڵی ئێمە دێت لە پاراستن و كۆنتڕۆڵكردنەوەی نیشتمانەكەمان، بەو ئومێدەی رۆژێك لە رۆژان ئەم ناوچانەش بخرێنەوە سەر ئەو هەرێمی كوردستان كە نموونەیەكی جوان و قەشەنگە لەعێراق و ناوچەكەدا بۆ رێزگرتن و پاراستنی سەروماڵی كریستیانەكان، هێزی دەشتی نەینەوا لەچوارچێوەی هێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگە پاڵپشتییەكی باش دەكرێت، بەو پێیەی ئەم هێزانە بە پێشمەرگەی كوردستان دادەنرێن و سەربازو فەرماندەكانی كوردستانیین.
* ئایا دوای رزگاركردنەوەی ئەم ناوچانە، تاچەند دەتوانن پارێزگاری لە سەقامگیری و ئارامی ئەم دەڤەرە بكەن؟
- ئازادكردنی ناحیەكانی تلسقوف و قەرەقۆش و حەمدانییە و بەرتڵەو باتنایەو دەیان گوندی تری كریستیان بەخوێنی پێشمەرگە، بۆ ئێمە جێگای دڵخۆشییە، بەڵام داعشەكان ئەم ناوچانەیان وێران كردووە، هەربۆیە چاومان لە رۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆرە لە ئاوەدانكردنەوەی ئەم ناوچانەو گەڕانەوەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەو كارەباو خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان و بیناكردنەوەی خانووە رووخاوەكانیان. جێبەجێكردنی ئەم ئەركەش لەم دۆخە سەخت و ئاڵۆزە دارایی و ئابوورییەدا كارێكی ئاسان نییەو كاتی دەوێت، بەتایبەتی كە حكومەتی عێراقی نەك هەر ئێستا بەڵكو بە درێژایی مێژووی خۆی ئەم ناوچەیەی پەراوێز خستووە. من لێرەدا ناتوانم بەناوی هەموو كریستیانەكانەوە قسە بكەم، بەڵام ئێمە وەكو پێكهاتەی كریستیان لەوە باش تێدەگەین كە دۆسێی موسڵ زۆر ئاڵۆزو هەستیارەو لەهەمووشی مەترسیدارتر چاندنی تۆی دووبەرەكی و تائیفی و توندڕەوییە لەناو ئەو خەڵكەی دوو ساڵ زیاترە لەژێر دەستی داعشدایە، تەنانەت لەناوچەی دەشتی نەینەواش ماڵ و موڵكی كریستیانەكان وێران بووەو ژێرخانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش تێكدراوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە ئومێدمان زۆرە بەشێكی زۆری ئەم كێشانە چارەسەر بكرێت لەڕێگەی گفتوگۆو دانوستاندن لەگەڵ بەغدا، تەواوی ناوچەی دەشتی نەینەواش بگەڕێندرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان. ئومێدمان زۆرە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەئامادەبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ بەغدا بكەونە گفتوگۆیەكی جددیی و چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ كریستیانەكان بدۆزنەوە، ئەمەش تەنیا بەدامەزراندنی پارێزگای شەشەمی هەرێمی كوردستان بەناوی پارێزگای دەشتی نەینەوا دەكرێ.
* ئێوە وەك هێزی دەشتی نەینەوا هەموو كریستیانەكانتان لەخۆتان گرتووە، یان لەدەرەوەی ئێوەش چەكداری دیكە هەن؟
- لەهەردوو میحوەری تلسقوف و خازر جگە لەهێزی دەشتی نەینەوا هیچ هێزێكی تری كریستیان بوونی نییە، واتە هیچ هێزێكی دیكەی كریستیان جگە لەپێشمەرگەكانی هێزی دەشتی نەینەوا بەشداری شەڕیان نەكردووە. هێزی دەشتی نەینەوا ئەركی پاراستنی ئەم رووبەرە فراوانەی لەئەستۆیەو لەناو هێزی پێشمەرگەدایە كە هێزێكی نیزامی و پڕۆڤیشناڵەو لەسەربازگەكانی پێشمەرگەو راوێژكارە سەربازییەكانی ئەمەریكا توانای تەكتیكی و مەیدانیمان بەرزكراوەتەوەو مەشقمان لەسەر پووچەڵكردنەوەی مین و تەقەمەنی و شەڕی كۆڵان بە كۆڵان پێ دەكرێت و لەئازادكردنی سەرجەم ناوچەكانی دەشتی نەینەوا هاوكاری و یارمەتی پێشمەرگەمان داوە.