باری بێردن: هەڵبژاردنی هیلاری كلینتۆن لە كۆمەڵگەی ئەمەریكیدا رەنگدانەوەی گۆڕانكارییەكی گرنگ دەبێت

باری بێردن: هەڵبژاردنی هیلاری كلینتۆن لە كۆمەڵگەی ئەمەریكیدا رەنگدانەوەی گۆڕانكارییەكی گرنگ دەبێت
دكتۆر باری بێردن، پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكانە لە زانكۆی ویسكۆنسین، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكانەو وانەبێژو توێژەری سیاسەتی ئەمەریكایە، لەگەڵ بایەخدان بە سیاسەتی هەڵبژاردنەكان و پرسی نوێنەرایەتی. بۆ تاوتوێكردن و شیكردنەوەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكانی ئەمەریكاو پێشبینییەكانی پەیوەست بە دەرئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنانەوە، گوڵان لەمیانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كردو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
باری بێردن پڕۆفیسۆری زانستە سیاسییەكان بۆ گوڵان:
هەڵبژاردنی هیلاری كلینتۆن لە كۆمەڵگەی ئەمەریكیدا رەنگدانەوەی گۆڕانكارییەكی گرنگ دەبێت


* هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا دەست پێدەكات، زۆر كەس پێیانوایە لەم هەڵبژاردنانەدا لەوانەیە موفاجەئە رووبدات و ئەوەی راپرسییەكان دەیڵێن وا دەرنەچن، دوای ئەوەی نزیكەی چەند مانگێكە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، ئایا رەوەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمساڵ چۆن دەخوێنیتەوەو ئایا دەشێت موفاجەئەی تێدا بێت؟
- هێشتا ئەگەرەكان لە بەرژەوەندی هیلاری كلینتۆندان بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەكان، چونكە بەپێی راپرسییەكان دەرئەنجامێكی باش بەدەست دەهێنێت، وا پێدەچێت دەنگی ئەوەندە ویلایەت بەدەست بێنێت كە بەس بێت بۆ بردنەوەی ئەوەی پێی دەوترێت “collage electoral”. هەرچەندە بۆی هەیە بارودۆخەكە لە هەفتەی داهاتوودا گۆڕانكاری بەسەردا بێت، بەڵام ئێمە كەلێن و جیاوازییەكی ئەوەندە گەورەمان نەبینیوە لە نێوان كاندیدەكاندا، ماوەیەكی كەمیشی بۆ هەڵبژاردنەكان ماوە، لەبەر ئەوە زۆر رێی تێناچێت كە دۆناڵد ترەمپ جیاوازییەكە تێپەڕێنێت و هەڵبژاردنەكان بباتەوە.
* پێتوانییە راگەیاندنی ئێف بی ئای بە دۆزینەوەی ئیمەیلی نوێ كە ئەگەری ئەوە هەیە پێوەندی بە هیلاری كلینتۆنەوە هەبێت، هەڵلایەكی گەورە دروست بكات كە كاریگەری گەورەی لەسەر دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان هەبێت؟

- لە راستیدا لە مانگی تشرینی یەكەمدا هەڵلای زۆر دروست بوو، وەك بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییەكەی دۆناڵد ترەمپ كە تێیدا قسەی نەشیاو لەبارەی ئافرەتانەوە دەكات، لەگەڵ راگەیاندنەكەی ئەم دواییەی ئێف بێ ئای و دەكرێت شتی دیكەش رووبدات. بەڵام باوەڕم وانییە كاریگەرییەكی زۆری لێبكەوێتەوە، لەبەر ئەوە دەنگدەران قەناعەتێكی بەهێزیان بۆ دروست بووە لەبارەی كاندیدەكانەوە، كەواتە لە ئێستادا هەواڵێكی لەو چەشنە نییە كە بەو رێژە زۆرە دەرئەنجامەكان بگۆڕێت.
* ئەوەی جێی سەرسووڕمانە ئێستا باس لەوە دەكرێت كە رووسیا بەتەواوەتی هاتۆتە ناو هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكاو بۆ بەرژەوەندی دۆناڵد ترەمپ كاردەكات، ئایا رووسیا ئەوەندە بەهێز بووە بتوانێت دەست لە كاروباری ناوخۆ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا وەربدات؟
- شتێكی زۆر نائاساییە كە وڵاتێكی دەرەكی لە هەڵبژاردنەكانەوە تێوەبگلێت، ئیدی یان كۆمێنیتان هەبێت لەبارەی كاندیدەكانەوە، یاخود دەستێوەردان لە تۆماری هەڵبژاردنەكاندا بكەن. پێموایە ئەمە مەسەلەیەكە كە حكومەتی ئەمەریكا بەدواداچوونی بۆ دەكات دوای هەڵبژاردنەكان بە چاوپۆشین لەوەی كێ براوە بووە، چونكە ئەمە مەسەلەیەكی جددییە.
* ڕات لەسەر ستایشكردنی پۆتین لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە چییە؟
- ئەو تێڕوانین و بۆچوونی جیاوازی هەیە لەبارەی پۆتینەوە، كە جیاوازە لە روانگەی ئیدارەی ئۆباماو رەنگە هیلاری كلینتۆنیش -ئەگەر ببێتە سەرۆك-. بەڕێز ترەمپ لێدوانی جیاواز لەیەكی دەربارەی رووسیا داوەو بەردەوام رەخنەی لێگیراوە لەبارەی ستایشكردنی پۆتینەوە، لە راستیدا ئەو ستایشی سەركردەی دیكەشی كردووە، وەك سەدام حوسێن.

* بەشی زۆری چاودێران مەزەندە دەكەن سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا خانمێك بێت، ئابا بوونی خانمێك بە سەرۆكی ئەمەریكا چ مانایەكی هەیە بۆ گەلی ئەمەریكاو ئایا هیلاری كلینتۆن هیچ جیاوازییەك لە سیاسەتی سەرۆكە پیاوەكانی ئیدارەی ئەمەریكا دروست دەكات؟
- ئەوە دەبێتە هەنگاوێكی دیارو بەرچاو و رەنگە بەرچاوتر بێت بە بەراورد بە هەڵبژاردنی یەكەم سەرۆكی ئەمەریكی بە رەچەڵەك ئەفریقی و لە راستیدا ئەمە رەنگدانەوەی گۆڕانكارییەكی گرنگ دەبێت لە نێو كۆمەڵگەدا، هەروەها كاریگەرییەكی دەروونی و گرنگیشی دەبێت. واتە بەهایەكی رەمزی زۆری دەبێت.

* لەسەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا بریتی بوو لە پشتگوێخستنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رووكردنە ئاسیا، بەڵام دەركەوت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت پشتگوێ بخرێت، ئایا تا چەند رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە جێگەی بایەخی سیاسەتی دەرەكی ئەمەریكا لە پۆستی سەرۆكی داهاتووی ئەمەریكا؟
- ئەوە پرسیارێكی باشە. لە راستیدا كلینتۆن و ترەمپ ئاماژەیان بەوە كردووە كە زیاتر لە ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا كار لەسەر قەیرانی سووریا دەكەن، رەنگە كاركردنەكە لە رووی سەربازیشەوە بێت، یاخود زیادكردنی هاوكارییەكان بێت بۆ موعارەزە كە لەسەر ئەرزی واقیع شەڕ دەكەن. بەڵام ئایا پرۆسەیەكی ئاشتی و بەرفراوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەخرێتەگەڕ، ئەوا ئەمە روون نییە.
* دیارە شەڕی داعش یەكێكە لە رووداوە گەورەكان، بەم دواییەش ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵی دەست پێكردووە بۆ رووخاندنی خەلافەتەكەی داعش، ئایا تا چەند رووخاندنی خەلافەتەكەی داعش دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی چانسی هیلاری كلینتۆن بۆ سەركەوتن زیاتر بێت؟
- من نازانم، پێموایە هەردوو كاندیدەكە، ترەمپ و كلینتۆن نیگەرانن لەبارەی داعشەوە و بە باوەڕی من كار و كۆششی سەختتر دەكەن بە بەراورد بەو كارانەی ئیدارەی ئۆباما تائێستا لە دژی داعش كردوونی. كەواتە دەكرێت داعش هەواڵێك بێت كە كاریگەری لەسەر راپرسییەكان و هەفتەی كۆتایی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن هەبێت.

* هەموو چاودێران لەسەر ئەوە هاودەنگن كە ئەگەر هیلاری كلینتۆن دەربچێت گۆڕانكاری لەسیاسەتی ئەمەریكادا روونادات، بەڵام ئەگەر ترەمپ دەربچێت زۆر شت دەگۆڕێت، تەنانەت پێوەندی ئەمەریكا لەگەڵ ناتۆ و رووسیاش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا سەركەوتنی ترەمپ دەبێتە وەرچەرخانێكی گەورە لەسیاسەتی ئەمەریكا و سیستمی جیهانیدا؟

- پێموایە هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا دوچاری گێژاوێك دەكات، لەبەر ئەوەی هەڵوێستەكانی لەئاست چەند پرسێكی نێودەوڵەتیدا بە شێوەیەكی ریشەیی جیاوازتر دەبن لە هەڵوێستی بەرپرسە هەڵبژێردراوەكانی دیكەی نێو هەردوو پارتەكە. هەروەها بینیمان كە دۆناڵد ترەمپ سەرزەنشت كرا لەلایەن ژمارەیەك لە سەركردە سەربازییەكان و بەرپرسانی بواری سیاسەتی دەرەوە لە نێو هەردوو پارتەكەوە. دۆناڵد ترەمپ لێدوانی ناكۆك بەیەكی هەبوە لەبارەی بەكارهێنانی چەكی ناوكی و پێوەندی ئەمەریكا بە ناتۆو پێوەندییەكانی ئەمەریكا بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە، هەروەها لەبارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی بازرگانی. لەبەر ئەوە نادڵنیاییەكی زۆر لە ئەمەریكا و لە جیهان دروست دەبێت، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆك هەڵبژێردرا.
* بەم دواییە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ دەكات، ئەگەر هاتوو خۆی براوە بوو، پرسیارەكە ئەوەیە پێشبینی ئەوە دەكەیت كە دۆناڵد ترەمپ دەرئەنجامەكان رەتبكاتەوە لە كاتی شكستیداو ئایا ئەگەر ئەو دەرئەنجامانە قبوڵ نەكات، چی روودەدات؟

- ئێمە هەرگیز نازانین دۆناڵد ترەمپ چی دەكات، ئەو كەسایەتییەكی پێشبینینەكراوەو شانازیش بەم خەسڵەتەوە دەكات و بە خاڵی بەهێزی خۆی دەزانێت، لەبەر ئەوە نازانم كاردانەوەی چی دەبێت، ئەگەر لە هەڵبژاردنەكاندا شكست بێنێت. ئەگەر بە جیاوازییەكی گەورە بدۆڕێت ئەوا زۆر زەحمەت دەبێت بۆی كە بانگەشەی ئەوە بكات هەڵبژاردنەكان نادادپەروەرانە بوون، رەنگە بە شێوەیەك لە شێوەكان ناڕەزایی دەرببڕێت، بە هەمان شێوە رەنگە هەندێ لە پشتیوانەكانیشی ئەم كارە بكەن، رەنگە ئاماژە بە هەندێ كەموكوڕی لە هەڵبژاردنەكاندا بكات بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بكات كە شەرعی نین، ئەویش بۆ ئەوەی شەرعییەت نەدرێت بە كلینتۆن كاتێك كۆشكی سپی دەباتەوە. واتە رەنگە ئەمە دابڕانێكی گەورە بێت لە مێژووی ئەمەریكا ئەگەر كاندیدی یەكێك لە پارتە سەرەكییەكان ئامادەنەبێت دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان قبوڵ بكات، چونكە پێشتر ئێمە دووچاری حاڵەتێكی لەم چەشنە نەبووینەتەوە.
Top